“پێشەکی”
شۆڕشەکان وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، گۆڕانی گەورە لە پێکهاتەکانی دەسەڵات، یاسا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵدایە. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە نەتەنیا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری، بەڵکوو لەسەر ئاستی دەروونیش کاریگەریی قووڵیان هەیە. دەروونناسیی شۆڕش لەم کاریگەرییانە و پرۆسە دەروونییەکانی بەشدار لە شۆڕشەکاندا دەکۆڵێتەوە و ئەو پاڵنەر، هەست و ڕەفتارە بەکۆمەڵانە شی دەکاتەوە کە لەم قۆناغانەدا دەردەکەون. بەگشتی شۆڕشەکان لە وهڵامی هەستکردن بە ناڕەزایەتی، سەرکوت، ستەم، نادادپەروەری و هەستکردن بە بێدەسەڵاتیی خەڵک لەمەڕ دۆخی هەنووکەیییان ڕوو دەدەن. لەم بەشەدا بەکورتی دەپەرژێینە سەر ئەم پرۆسانە و کاریگەرییە دەروونییەکانی شۆڕشەکان لەسەر تاک و گرووپەکان و هەروەها ئەو پاڵنەرە دەروونییانەی کە تاکەکان بەرەو بەشداریکردن لە شۆڕشەکاندا دەبەن.
“پێناسەی دەروونناسیی شۆڕش”
دەروونناسیی شۆڕش، لقێکی دەروونناسیی کۆمەڵایەتییە کە لە پرۆسە دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە سەردەمی شۆڕشەکاندا دەکۆڵێتەوە. ئەم بوارە شیکاری بۆ ڕەفتاری بەکۆمەڵ، پاڵنەرەکان، پێویستییەکان و کاردانەوەی دەروونیی مرۆڤەکان لە بارودۆخی قەیراناویدا دەکات و تێدەگات کە چۆن هەستی گرووپی، ناسنامەی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ئابووری و سیاسی دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە کۆمەڵگەیەکدا. دەروونناسیی شۆڕش هەوڵ دەدات لەو پرۆسە دەروونییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵانە تێبگات کە گۆڕانکاری و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە (Gurr, 1970).
– پێناسەی شۆڕش لە ڕوانگەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە؛ شۆڕش دیاردەیەکی بەکۆمەڵە کە هەستکردن بە ناڕەزاییی گشتی، تووڕەیی، نادادپەروەری و هەستکردن بە بێبەشیی ڕێژەیی، دەبێتە هۆی ویستی دەروونیی تاکەکان دژی نەزمی هەبوو. ئەم پێناسەیە لەسەر چەمکی “بێبەشبوونی ڕێژەیی” جەخت دەکاتەوە؛ واتە کاتێک تاکەکان هەست دەکەن ئەوەی هەیانە کەمترە لەوەی کە دەبێ هەیانبێت، لەڕووی دەروونییەوە بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا ئامادە دەبن.
– پێناسەی شۆڕش لە ڕوانگەی دەروونناسیی مەعریفییەوە؛ شۆڕش کاتێک ڕوودەدات کە پاڕادایمە دەروونییەکانی تاکەکان سەبارەت بە ڕەواییی دەسەڵاتی حاکم، بەکۆمەڵ بگۆڕدرێن و تێگەیشتنێکی نوێ لە ئەگەری گۆڕینی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- سیاسی پێک بهێنرێت. ئەم پێناسەیە لەسەر “داڕشتنەوەی مەعریفی” و گۆڕانکاری لە تێگەیشتن لە ڕەوایی، جەخت دەکاتەوە.
– پێناسەی شۆڕش لە ڕوانگەی دەروونناسیی سیاسییەوە؛ شۆڕش بەرهەمی گۆڕانی ڕوانگە، سۆز و ناسنامەی سیاسیی بەکۆمەڵە کە دەبێتە هۆی نافەرمانیی بەربڵاو بە نەزمی هەبوو و پێکهێنانی ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی هەست و سۆزەکانی وەک تووڕەیی، هیوا، ترس و هەستکردن بە ناسنامەی بەکۆمەڵ زۆر گرنگە.
– پێناسەی شۆڕش لە ڕوانگەی دەروونناسیی گەشەسەندنەوە؛ دەکرێت شۆڕش وەک قۆناغێک لە پێگەیشتنی دەروونیی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک سەیر بکرێت، لەو قۆناغەدا کۆمەڵگە لە پشتبەستن بە نەزمی کۆن تێدەپەڕێت و هەوڵ بۆ بنیاتنانی ناسنامەیەکی نوێ دەدات. ئەم پێناسەیە لەسەر پرۆسەی “گواستنەوە” و گەشەی ناسنامەیی جەخت دەکاتەوە.
– پێناسەی شۆڕش لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە؛ شۆڕش جۆرێکە لە ڕەنگدانەوەی نائاگاییی بەکۆمەڵ کە تێیدا ئارەزووی سەرکوتکراو و تووڕەییی کەڵەکەبوو بەرانبەر بە دەسەڵاتی باوکایەتی (باوک وەک هێمای دەوڵەت) لە شێوەی یاخیبوونی سیاسیدا دەردەبڕدرێت. بەپێی ئەم بۆچوونە (بۆ نموونە هی ئێریک فرۆم یان فرۆید)، دەکرێت شۆڕش وەک فۆرمێک لە “یاخیبوونی منداڵ” لە دژی “باوکی دەسەڵاتخواز” لێک بدرێتەوە.
“پاڵنەرە دەروونییەکان لە شۆڕشدا”
– ناڕازیبوونی بەکۆمەڵ؛ یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی شۆڕش، ناڕەزاییی گشتییە لە دۆخی هەنووکەیی. ڕەنگە مرۆڤەکان کاتێک لە بەرانبەر کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکاندا هەست بە بێدەسەڵاتی بکەن، بە شێوەیەکی گشتی پەنا بۆ شۆڕش ببەن. ئەم ناڕازیبوونە بەتایبەتی کاتێک توند دەبێت کە جیاوازیی چینایەتی، هەڵاواردن و گەندەڵی بەربڵاو بێت. ناڕازیبوونی بەکۆمەڵ کاتێک سەرهەڵدەدات کە مرۆڤەکان لەنێوان چاوەڕوانییەکانیان و ئەو واقیعەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، هەست بە ناهاوسەنگی بکەن (Tilly, 1978).
– هەستکردن بە نادادپەروەری؛ یەکێک لە هۆکارە دەروونییە گرنگەکانی بەشداریکردن لە شۆڕشدا، هەستکردنە بە نادادپەروەری. کاتێک مرۆڤەکان هەست دەکەن لە بەرانبەر ستەم، هەڵاواردن و نادادپەروەریدان، ئەگەری ئەوە هەیە ناڕەزایەتی دەرببڕن و بەدوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بگەڕێن.
– ناسنامەی بەکۆمەڵ و یەکگرتوویی؛ لە کاتی شۆڕشدا، ناسنامەیەکی بەکۆمەڵی بەهێز لەنێو خەڵکدا دروست دەبێت. ئەم ناسنامە بەکۆمەڵە دەتوانێت لە شێوەی ئایدیۆلۆجیای شۆڕشگێڕانە، ئامانجی هاوبەش یان ناسنامەی ئەتنیکی و نەتەوەیی دەربکەوێت. ئەم یەکگرتوویییە گرووپییە دەتوانێت هێزە تاکەکەسییەکان یەک بخات و بەرەو کردەی بەکۆمەڵیان ببات.
“کاریگەرییە دەروونییەکانی شۆڕش لەسەر تاک”
– پرۆسەی دەروونیی بەکۆمەڵ؛ لە سەردەمی شۆڕشدا، تاکەکان بەزۆری لەژێر کاریگەریی پرۆسەی دەروونیی بەکۆمەڵدا دەبن. ئەم پرۆسانە بریتین لە بەهێزبوونی هەستەکان، بیروباوەڕەکان و ڕەفتارە گرووپییەکان کە ڕەنگە تووندوتیژی، ترس یان هیوا لەنێو خەڵکی لێ بکەوێتەوە.
– هەستکردن بە هێز و توانایی؛ شۆڕشەکان دەتوانن هەستی هێز و توانایی بە خەڵک ببەخشن، بەتایبەتی کاتێک کە لە دەسەڵاتی بەکۆمەڵی خۆیان تێدەگەن و بەشداری لە پرۆسەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدا دەکەن. ئەم هەستکردنە بە دەسەڵات دەتوانێت یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە خەڵک بۆ بەشداریکردن لە شۆڕش هان دەدات.
– ترۆمای بەکۆمەڵ و زیانە دەروونییەکان؛ شۆڕشەکان زۆرجار تووندوتیژی، سەرکوت و جەنگی نێوخۆییی لەگەڵدایە کە ڕەنگە کاریگەریی دەروونیی توند و درێژخایەن لەسەر تاک و کۆمەڵگە بەجێ بهێڵێت. ئەم زیانانە دەتوانن بریتی بن لە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، PTSD و ترۆمای بەکۆمەڵ کە تا نەوەکانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
“پرۆسە دەروونییەکان لە گرووپە شۆڕشگێڕەکاندا”
– ڕادیکاڵبوون؛ لە بارودۆخی شۆڕشدا، ڕەنگە تاکەکان وردەوردە لە ڕێبازی ئاشتیخوازانەوە بەرەو ڕێبازە ڕادیکاڵترەکان بڕۆن. ئەم پرۆسەیە بەتایبەتی کاتێک ڕوودەدات کە خەڵک هەست دەکەن کە بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیییان هیچ ڕێگەیەکی تر نییە.
– تووندوتیژی و سەرکوتی دەروونی؛ شۆڕشەکان زۆرجار تووندوتیژی و سەرکوتی توندی لەگەڵدایە. ئەم تووندوتیژییە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی دەروونیی لەسەر تاک و گرووپەکان هەبێت. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە تاکەکان بەرانبەر بە تووندوتیژی و سەرکوتکردنی سەربازی، کاردانەوەی توندیان هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەفتاری توندوتیژانەی زیاتر لە داهاتوودا.
تووندوتیژی لە کاتی شۆڕشەکاندا زۆرجار دەبێتە سەرکوتکردن و تووندوتیژیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، چونکە گرووپەکان هەوڵ دەدەن هێز و دەسەڵاتی خۆیان بچەسپێنن (Arendt, 1963).
– هاوکاریی گرووپی و گوشاری کۆمەڵایەتی؛ یەکێک لە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی گرووپە شۆڕشگێڕەکان، هاوکاریی گرووپییە. تاکەکانی نێو ئەو گرووپانە لەژێر کاریگەریی گوشاری کۆمەڵایەتی، هاوکاریی هەستەکان و ڕەفتاری بەکۆمەڵدان کە دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بڕیار و کردەی شۆڕشگێڕانە.
“کاریگەرییە دەروونییەکانی شۆڕش لەسەر کۆمەڵگە”
– گۆڕانکاری لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیدا؛ شۆڕشەکان دەبنە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکاندا. لە ڕەوتی شۆڕشەکاندا، تاکەکان بە شێوەیەکی تایبەت ناسنامەی نوێ دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگەدا پێناسە بکەنەوە. ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن هەستکردن بە ناسنامەی بەکۆمەڵ بەهێز بکەن یان لە هەندێک حاڵەتدا ببنە هۆی لەدەستدانی ناسنامەی کۆمەڵایەتی.
– کاریگەریدانان لەسەر دامەزراوە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان؛ شۆڕشەکان بەزۆری دەبنە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە دامەزراوە کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکاندا. ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن کاریگەریی دەروونیی بەرچاویان لەسەر مرۆڤەکان هەبێت، بەتایبەتی کاتێک قەیرانی ئابووری یان کۆمەڵایەتیی لەگەڵدا بێت.
– کاریگەریی درێژخایەن لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان؛ کاریگەرییە دەروونییەکانی شۆڕشەکان بەزۆری کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی کێشەی وەک زەبروزەنگی دەروونیی بەکۆمەڵ، بێمتمانەییی کۆمەڵایەتی و نائارامیی سیاسی ببنەوە.
“ئاوڕدانەوەیەکی دەروونناسانە لە خاڵە لاوازەکانی شۆڕشەکانی کورد”
خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، سەرەڕای ئازایەتی و قوربانیدانی زۆر، هێشتا نەبووەتە هۆی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ! ئەمەش ناکرێت تەنیا بۆ هۆکاری سیاسی و جیۆپۆلەتیکی بگەڕێندرێتەوە. ڕەهەندی دەروونی، بەتایبەت لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە شیکردنەوەی خاڵە لاوازەکانی ئەم شۆڕشانە دەگێڕێت.
– ناسنامەی بەکۆمەڵی ئەتۆمیزەکراو؛ لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا، ناسنامەی بەکۆمەڵ و یەکگرتووییی دەروونیی نێوان گرووپەکان بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوە سیاسییەکان، پێویستن. لە خەباتی کورددا، کەلێنە زمانی، ناوچەیی، خێڵەکی، ئایدۆلۆجی و حزبییەکان ئەم یەکگرتوویییەی لاواز کردووە.
– سێبەری دەروونیی سەرکوت (ترۆمای سەرکوت)؛ ئەزموونی بەردەوامی سەرکوتکردن، لەسێدارەدان، دەربەدەری، زیندانیکردن و تیرۆری سەرکردەکان، جۆرێک لە “ترۆمای مێژوویی”ی لە نائاگاییی بەکۆمەڵی کورددا خوڵقاندووە، کە لەبری ئەوەی ببێتە هێزێک بۆ بەرخۆدان، هەندێکجار دەبێتە هۆی جۆرێک لە پاسیڤییەت یان دووبارەبوونەوەی شکست.
– ڕێبەرایەتیی کاریزماتیک و لاوازیی دامەزراوەیی؛ لە زۆرێک لە بزووتنەوە کوردییەکان، کەسایەتییە کاریزماتیکەکان جێگەی دامەزراوە سەقامگیرەکانیان گرتووەتەوە. لەڕووی دەروونناسیی سیاسییەوە، ئەمە وا دەکات کۆمەڵگە وابەستەی “باوکی ڕەمزی” بێت و دوای نەمانی ڕێبەر، تووشی داڕمانی دەروونی-ڕێکخراوەیی بێت.
– نەبوونی پەروەردەی سیاسی- دەروونی؛ بزووتنەوەکان پێویستیان بە پەروەردەی دەروونی هەیە بۆ قبووڵکردنی سەختی، پاراستنی یەکگرتوویی، تەحەمولکردنی ڕەخنە و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان. لە شۆڕشەکانی کورددا لاوازی لە پەروەردەی دەروونی و ڕێکخراوەییدا بووەتە هۆی ڕەفتاری کاردانەوەیی، هەستەکی و هەندێکجاریش خۆتێکدەرانە.
– ناتەباییی نێوان نەریت و مۆدێڕنیتە؛ لە دەروونی بەکۆمەڵی کورددا دوو مەیلی دژبەیەک هەیە:- “ڕێزگرتن لە نەریتی خێڵەکی و خواستی مۆدێڕنیتە و دێموکراسی.” ئەم ململانێیە هەندێکجار ڕێگریی لە بڕیاردانی ڕوون و ستراتیجیک کردووە.
– هەستکردن بە قوربانیبوون؛ ئەزموونی مێژووییی ستەم، تووندوتیژی و نکۆڵیکردن، جۆرێک لە “ناسنامەی قوربانی”ی لە نائاگاییی نەتەوەییی کورددا خوڵقاندووە. هەرچەندە ئەم ناسنامەیە ڕەوایە، بەڵام ئەگەر ببێتە درێژخایەن، ڕێگری لە بەهێزبوون و کردەوەی چالاکانە دەکات.
“ئەنجام”
دەروونناسیی شۆڕش دەپەرژێتە سەر پاڵنەرەکان، پرۆسەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانی بەشدار لە شۆڕشەکاندا. ئەم دیاردانانە نەتەنیا لەسەر ئاستی تاک بەڵکوو لەسەر ئاستی گرووپ و کۆمەڵایەتیش کاریگەریی قووڵیان هەیە. شۆڕش لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دەروونی لە تاک و کۆمەڵگەدا، لەوانە:- هەستکردن بە دەسەڵات و هێز، تووندوتیژی و ڕادیکاڵبوون. هەروەها دەکرێت شۆڕشەکان کاریگەرییە دەروونییە درێژخایەنەکانی وەک ترۆمای بەکۆمەڵ و زیانی کۆمەڵایەتیی لەگەڵدا بێت. بۆیە مرۆڤ بۆ تێگەیشتنێکی تەواو لە دەروونناسیی شۆڕش، پێویستە گرنگی بە هەردوو لایەنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بدات.
هەروەها شانبەشانی فاکتەرە سیاسی، سەربازی و نێودەوڵەتییەکان، پشکنینی دەروونی لە خاڵە لاوازەکانی شۆڕشەکانی کورد، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چاکسازیی دەروونی و کولتووری لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و سەرکردەکان، پێشمەرجی سەرکەوتنی درێژخایەنە. بەهێزکردنی ناسنامەی بەکۆمەڵ، بنیاتنانی دامەزراوە، پەروەردەی دەروونی و تێپەڕین لە ناسنامەی قوربانیبوون، هەنگاوی چارەنووسساز لە ڕێبازی داهاتووی خەباتی کورددایە.
سەرچاوەکان؛
– Gurr, T. R. (1970). Why Men Rebel. Princeton University Press.
– Tilly, C. (1978). From Mobilization to Revolution. Addison-Wesley.
– Melucci, A. (1996). The Playing Self: Person and Meaning in the Generalized Social Field. Cambridge University Press.
– Volkan, V. D. (1997). Bloodlines: From Ethnic Pride to Ethnic Terrorism. Basic Books.
– Arendt, H. (1963). On Revolution. Viking Press.