ئوستوورە دەستەواژەیەکە کە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا زۆر بەکار دەبرێت. ئەم دەستەواژەیە بەتایبەتی لە بواری ڕەخنەی مێژوویی ئەو ئوستوورانەی کە ئەدیبەکان بەکاریان بردووە و هەروەها لەو باسوخواسانەی کە ڕەخنە کۆنەچەشنتەوەرەکان (Archetype) لە شێوەی دووبارە دەرخستنەوەی وێنەکان، جۆرەکانی کەسایەتی و پلات(گەڵاڵە)ە گێڕانەوەییە باوەکان لە هەموو ئەدەبدا دەیخاتە ڕوو، کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. نۆرترۆپ فرای(١٩١٢-١٩٩١) ئوستوورە بە کۆڵەکەی پێکهاتەی ئەدەب دەزانێت و جۆرێک ڕیتۆریکی ئوستوورەناسانە دەخاتە ڕوو کە لە ڕێزمانی دەربڕینی ئەدەبیی تۆزۆتان تۆدۆرۆف(١٩٣٩-٢٠١٧) دەچێت. لە دەستەواژەی ئوستوورە لە بوارە غەیری ئەدەبییەکانیشدا کەڵکی زۆر وەرگیراوە کە ڕەنگە گرینگترینیان کەڵکوەرگرتنی کلۆد لیڤی شتراوس(١٩٠٨-٢٠٠٩) لەم چەمکە لە توێژینەوە پێکهاتەییەکانی خۆی لەبارەی ئوستوورەی سوورپێستەکانی ئەمریکا بێت.
ئوستوورە یان مێتۆلۆژی لە ئاساییترین و باوترین مانای خۆیدا چیرۆکێکە لەبارەی خودا یان بوونەوەرێکی بان سرووشتیی دیکە، هەندێکجار تەوەرەکەی مرۆڤێکی خودائاسا یان فەرمانڕەوایەکە کە ڕەگ و ڕەچەڵەکێکی ئاسمانی هەیە. کۆمەڵێک لە ئوستوورە نەرێتییەکانی كولتووررێکی تایبەت، ئوستوورەکانی ئەو كولتووررە پێک دێنن. ئەم ئوستوورانە کۆمەڵێک باس و ڕوونکردنەوە لەبارەی ئاخێزگەی جیهان دەخەنە ڕوو و بەشێوەی تایبەت بە خۆیان ڕوونی دەکەنەوە کە بۆچی جیهان وابووە و لەبەرچی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە چ هۆکارێک هەندێ ڕووداو ڕوویان داوە. هەر ئوستوورەیەک ئەرکی ڕوونکاریی و بەرچاوڕوونیبەخشیی خۆی بە گەڕانەوە بۆ خوداکان و بوونەوەرە سەرووسرووشتییەکانی دیکە ڕادەپەڕێنێت. مرۆڤەکانی ناو كولتووررێک یان جڤاکێکی تایبەت لە ڕێگەی چیرۆکەکانی باب و باپیران یان ئوستوورەکانەوە فێر دەبن کە چۆن بژین و چ مانایەک بدەنە ژیانیان. بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لە نووسەران لە بەرهەمەکانی خۆیاندا کەڵک لە چیرۆکە کۆنەکان یان ئوستوورە كولتووررییەکانی خۆیان یان ئوستوورە كولتووررییەکانی دیکە وەردەگرن، “ڕەخنە” هەوڵێکی سەرنجڕاکێش بۆ ناساندنی ئەم دیاردە دووپاتەکییانە و هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەی شێوەی بەکارهێنانیان لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا دەخاتە ڕوو. ئوستوورە هەندێ جار بەشێوەی چیرۆکێکی بەهێز و بەزایەڵە لە ئەدەبدا دەردەکەوێت، و هەندێ جاریش تەنها بۆ ڕازاندنەوە و جوانکارییە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا وەکوو لە ڕیشەی یۆنانیی وشەی ئوستوورە واتە Mythos دەردەکەوێت “بە مانای پلات، چیرۆک، گێڕانەوە” و دێت، ئوستوورە خۆی پێکهاتەی گێڕانەوەیی بەرهەمی ئەدەبییە.
لە ڕوانگەی ڕەخنەی کۆنەچەشن تەوەرەوە، ئوستوورەکان کۆڵەکەکانی پێکهاتەی ئەدەبن و پەیوەندیی کەلامیی گێڕانەوە و مانا دەگونجێنن. ڕەخنەی ئەدەبی بە کەڵکوەرگرتن لە سەرنجدانی مرۆڤناسانەی كولتوورری بە ئایین و ڕێوڕەسمەکان و هەروەها دەروونشیکاریی بە خەونەکان، ئوستوورەکان هەر بە یەکانگیریی ئایینەکان و خەونەکان لە چوارچێوەی کەلام و دەربڕیندا دەزانێت؛ ئەو ڕێوڕەسم و خەونانەی کە ئەگەر وا نەچێتە پێش، نایەنە سەر زمان و دەرنابڕدرێن. ڕێوڕەسم و ڕیچواڵ ناتوانێت بەتەنها خۆی ڕوون بکاتەوە و خەونیش کۆمەڵێک لە ئاماژە ڕەمزدارەکانی ژیانی خودی خەونبینە. کاتێک ئوستوورە دێتە چوارچێوەی کەلام و دەربڕین، مانا دەبەخشێتە ڕێوڕەسمەکان، بیچمێکی گێڕانەوەیی دەداتە خەون و بەم شێوەیە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی دەگونجێنێت. ئوستوورەکان وەکوو پێکهاتە گێڕانەوەییە گشتی-کۆمێدییەکان، چیرۆکە ئاشقانەکان، تراژیدیەکان، ئایرۆنی و گەپجاڕی- پێکهاتە بزۆز و گەڕۆکەکانی شێوەکانی خەیاڵکردنن. نووسەران خەزێنەیەک لە گەڵاڵە چیرۆکییەکان و ناواخنە دەرهەست و دانسقە ئەدەبییەکان لە جیهانی ئوستوورەدا دەبیننەوە کە لە ژێر کاریگەریی پێوەرە گونجاوە لۆژیکییەکان بە ئەزموونی ئاسایی و باوی مرۆییدا لەدایک نەبوون. ئوستوورە دنیایەکی پڕ لە خوازە دەخاتە بەردەستی نووسەران؛ دنیایەک کە تێیدا دەکرێت هەر شتێک لەگەڵ هەر شتێکی دیکە بە هاوسان بزانرێت. کاتێک نووسەر لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی ئوستوورە خۆی دەپارێزێت گونجاوێتییەکی زیاتری لەگەڵ ڕیالیسم دەبێت. “ڕۆلان بارت” تێگەیشتنێکی تەواو جیاوازی لە ئوستوورە هەیە. لە کتێبی “ئوستوورەکان (١٩٥٧)”، ئەو دەپەرژێتە سەر ئوستوورەکان یان دەسکردە کلتورییەکانی كولتوورری گشتیی فەرەنسە کە لەخۆگری نووسین، وەرزش، فیلم، بانگەشە و خۆراک دەبێت. بارت زمان بە هەڵگر و گەیەنەرێکی ڕوون بۆ پەیوەندیی نازانێت، بەڵکوو بە ئامرازێکی سەرکوتکارانەی دەبینێت کە لە دەستی بورژوازیی دایە و هەر بۆیە باوەڕی وایە زمان، ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەبووژێنێتەوە. بارت بە لێکۆڵینەوە لە دەقە جۆراوجۆرەکان، شێوەی خوێندنەوەی “دژوازینوێن” دەخاتە ڕوو، لەم شێوەیەدا خوێنەر دەبێت بەدوای مانایەکی ئوستوورەیی یان مانایەکی تازە لە دەقدا بگەڕێت کە لە هەمبەر لۆژیکی ڕووکەشانەی زمانەکەیدا دەوەستێتەوە. خوێنەر دەبێت بەها کۆمەڵایەتییە باوەکان کە “سرووشتی”دێنە بەرچاو فەرامۆش بکات و پێ بنێتە هەرێمێکی فرەڕەنگ و فرەلایەن.
“ئوستوورەسڕینەوە (Demythologizing)”
ماتریالیستە كولتووررییەکان کە لە ڕەوتی چەپی فەرەنسی و ڕێبازی فرانکفۆرتەوە هەڵقوڵاون، باوەڕیان وایە کە خواست و داگەڕانێک لە ناو کۆمەڵگادا هەیە کە بە پێداگرییەوە دەیەوێت هەموو شتێک بە زاتیانە، سرووشتی، “بەو جۆرەی کە هەیە” و لەسەر بنەمای تێگەیشتنی هاوبەش پێشان بدات، بە بێ ئەوەی کە قبووڵ بکات “بابەتی سرووشتی” لە ڕاستیدا بەرهەم یان دەرهاوێشتەی ئایدۆلۆژیای كولتوورری و پەیوەستە بە بەکارهێنانی کۆمەڵایەتییەوە. كولتوورر، بە هەر هۆکارێک، هەر شتێک یان کردەوەیەک یان دەرهاوێشتەیەک بە بابەتێکی سرووشتی دەزانێت نەک كولتوورری و بەم شێوەیە ڕازاوی و مەتەڵباری دەکات. (مارکسیستەکان یەکەمین کەسانێک بوون دەستەواژەی “مەتەڵباریی/رازپردازی”یان بەکار هێنا و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ نیازە سەرمایەدارییەکان). سەرباری ئەمەش ئەو شتەی وا مەتەڵبار و ڕازاوی دەکرێت، بەزۆری لەگەڵ ڕوانگە عەقڵانیی و مرۆڤباوەڕانەکان بە نیسبەت بەها ڕەهاکان، كولتووررە کامڵەکان، و خودە یەکانگیر و جێگیرەکان گونجاوە. ئەمە ئەو شتەیە کە ژاک دێریدا ناوی دەنێت “مەدلوولە بەرزەڕۆکان/ترانسێندێنتاڵ” و پۆل دوومان لە ژێر ناوی “ڕەمزە خۆ-ڕازاویکراوەکان بەپێی یەکانگیریی خودا، خود و وشە” ناوی دەبات. لە ڕاستیدا ئوستوورەکانی کتێبی پیرۆز لە یەکەمینەکانی ئەو مژارانە بوون کە توێژەری ئاڵمانی ڕۆدۆلف بولتمان لێکیانی دایەوە؛ ئەو بوو کە دەستەواژەی ئوستوورەسڕینەوەی بەکار هێنا و مەبەستی لەوەش پرۆسێسێکی هیرمینۆتیکی بوو کە لە ڕێگەیەوە دەکرێت لە چوارچیوەی وتەزا وجوودییەکان، ڕاڤە و تەفسیرە باوە مەسیحییەکان دووبارە دابڕێژرێنەوە. کەواتە یەکێک لە ئەرکەکانی مرۆڤناسان، نیشانەناسان و ماتریالیستە كولتووررییەکان دۆزینەوەی شێوازەکانی ڕێکخستن و خستنەڕووی مانا لە كولتووررێکی دیاریکراو دایە. هەروەها ئەوان دەبێت تێبگەن کە بە چ ڕێگا یان ڕێگاهایەک نیشانەکان بە هەموو لایەنەکانی ژیاندا دزەیان کردووە، و پێشانی بدەن کە چۆن دەتوانن نیشانەکان لە ئوستوورەکان و فێڵ و یارییە كولتووررییەکان جیا بکەنەوە و لە ئەنجامدا ئوستوورەسڕینەوە و مەتەڵهەڵهێنان بکەن.
زۆرێک لە بیرمەندان لەوانە کلۆد لیڤی-شتراوس پەرژاونەتە سەر چەمکە دووانەکانی وەکوو سرووشت-كولتوورر و ئوستوورەدروستکردن/ئوستوورەسڕینەوە کە بە ناسکی و ئاڵۆزییەوە لێک ئاڵاون. لیڤی شتراوس ئەمانە بە بەشێک لە پێکهاتەی پەیوەندیمەند یان سیستەمی جیاوازییەکان دەزانێت و دەپەرژێتە سەر بەها گشتییەکانیان، پۆلێنبەندییان دەکات و پەیوەندییە ڕەمزییەکانیان لە ناو سیستەمدا هەڵدەسەنگێنێت. ڕەنگە دیارترین ”مەتەڵهەڵهێنەر” یان “ئوستوورەسڕێنەر” ڕۆلان بارت بێت. ئەو زمان زیاتر وەکوو ئامرازێکی کۆمەڵایەتی لە دەستی بورژوازیدا دەبینێت بە مەبەستی سەرکوت و نامۆکردن نەک ئامێرێک بۆ دروستکردنی پەیوەندی و دەربڕینی قسەی ناخ و دەروون. “بارت” باوەڕی وایە کە زمان پێکهاتەی دەسەڵات لە قۆناغێکی زەمەنیی بێسنووردا دەپارێزێت و لە ئەنجامدا ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت دەبووژێنێتەوە؛ و ئەرکی شیکاری خستنەڕووی خوێندنەوەیەکە لە هەمبەر ڕەوتێکی گشتیی مێژوو و كولتوورر، و هەروەها ئاشکراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا، ڕەخنەکردنی ئوستوورە كولتووررییەکان، لەبیرکردنی بەها کۆمەڵایەتییە باوەکان و دامەزراندنی ئاسۆیەکی پلۆراڵ و فرەییخوازە. ئەگەرچی زۆربەی بەرهەمەکانی بەئاڕاستەی ئەم ئەرکەدا دەجووڵێنەوە، بەڵام دوو بەرهەمی سەرەتایی ئەو یەکسەر لەسەر ئەم مەبەستە لەنگەریان گرتووە: پلەی سیفری نووسراوە(١٩٥٣) و ئوستوورەکان (١٩٥٧). لە کتێبی یەکەمدا، ئەو لەبارەی نووسراوەی بورژوازی یان نووسینە کلاسیکییە فەرەنسییەکانی ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم باس دەکات. ئاساییبوونی شێوازی ئەم بەرهەمانە، خوێندن یان بە دەربڕینی بارت مەسرەفکردنیان ئاسان دەکات و بە “سرووشتی” پێشانیان دەدات. سرووشتیسڕینەوە لەم بەرهەمانە لە ڕێگەی هەڵکۆڵین لە شێوەی بەدیهاتنی شێواز(ستایل) لە هێز و سوڵتەیان کەم دەکاتەوە. لە کتێبی دووهەمدا، بارت سەرنجی خۆی دەخاتە سەر شێوەیەکی دیکەی ئوستوورە کۆمەڵایەتییەکان لە كولتوورری گشتیدا(کە نووسراوە بەشێکە لەو كولتووررە) تاکوو شێوەی بەکارهێنانیان لای ڕای گشتی ڕوون بکاتەوە و ڕازەکانیان بسڕێتەوە. ئوستوورەکان شتانێکی زۆر لەوانە وەرزش، سینەما، خۆراک، جلوبەرگ، بانگەشە، ترۆمبیل، و وێنەگریی لەخۆ دەگرن؛ ئەمانە تەنها بەرهەمە لاوەکییەکانی كولتوورری ئێمە نین، بەڵکوو ئەو شێوازانەن کە ئایدۆلۆژیای زاڵ لە ڕێگەیانەوە خۆی بەیان دەکات.
“ژاک دێریدا” بۆ مەتەڵهەڵهێنان یان پێکهاتەشکێنی باوەڕەکان و چالاکییە كولتووررییەکان، سیستەمەکانی زمان، لۆژیک و بەڵگەهێنانەوە لێک دەداتەوە. ئەو باوەڕی وایە کە باوەڕەکانی كولتووررە ڕۆژئاواییەکان تێکڕا بە دەوروخولی چەمکە بنەڕەتییە بەرزەڕۆکانی وەکوو دەربڕینی زارەکیی غایی، ئامادەیی، ناوەند، بنەمای نەگۆڕ، حەقیقەت، یان واقیع دروست بووە کە ئەو ئەمانە بە چەمکە کەلامتەوەرەکان ناو دەبات. بۆ مەتەڵهەڵهێنان و ڕازسڕینەوە لەم چەمکانە، ئەو دەپەرژێتە سەر لێکدانەوەی چەند دەقی گرنگ لەوانە فایدرۆسی ئەفلاتوون، خولی زمانناسیی گشتیی فێردینان دو سوسور و خام و پوختەی کلۆد لیڤی شتراوس، کە میتافیزیکیی ڕٶژئاوایان پێک هێناوە. دێریدا لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە گریمانە بەڕواڵەت پتەوەکان، پێکهاتە ڕێکوپێکەکان، بەها بنەماییەکانیان دەگات بە کۆمەڵێک چرکەساتی سەرلێشێواوانە؛ ئەو چرکەساتانەی کە دەقەکان لاوازی و کەمایەسییەکانی خۆیان دەردەخەن. بەم شێوەیە، دێریدا لێکهەڵوەشاوەییەکانی دەقەکان دەبینێت و دەلاقەی نوێیان بۆ تەفسیر و ڕاڤەکردن بۆ دەکاتەوە. ئەو باوەڕی وایە کە ئەم دەق و چەمکانە بەڕاستی یەکپارچە و یەکانگیر نین، بەڵکوو لەخۆگری کۆمەڵێک دژوازیی زاتی، ڕووبەڕووبوونەوەی نهێنی و گوزارەی لێکدژن. ئەو باوەڕی وایە هەر شتێک خۆ-ڕەتکەرەوە و خۆ-هەڵپەسێرەرە و لەم ڕووەوە هیچ کات ناگات بە ئەنجامێکی تاقانە و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە پاساوهەڵگر؛ مانایەکی غایی ئەگەر بوونی هەبێت ئەوا بەشێوەیەکی بەردەوام لە هەڵپەسێردراوی و دواخستن دایە.
“میشیل فۆکۆش” وەکوو بارت و دێریدا پێ دەنێتە سەرزەمینیی پڕمەترسیی زمان و کردەوە مانادارە کۆمەڵایەتییەکان تاکوو تێ بگات کە کۆڵەکەی زانست چییە، چ کەسێک بەسەریدا زاڵە، چۆناوچۆن کۆدڕێژ(ڕازئاژنگ) دەبێت، و ئایدۆلۆژیی لە نێوان گوتارەکان و چالاکییە گوتارییەکان لە کوێدا خۆی مەڵاس دەدا. ڕۆڵی ئەو و ئەوانەی وا پەیوەندیی نێوان زمان و ئایدۆلۆژی كولتوورری لێک دەدەنەوە، دۆزینەوەی ڕەچەڵەک”ڕیشەکان”، ئامانجەکان و بنەماکانی كولتووررێک و ناوەندسڕینەوەیانە؛ واتە ئەو ئامانج و بنەمایانەی کە لە زماندا هێلانەیان بەستووە. چونکە “دەسەڵات و ئارەزوو” پاڵیان بە گوتارەوە داوە، ڕازسڕینەوە لێیان دژوارە، بەڵام بە قبووڵکردنی ئارەزوومەندانەبوونی زمان و هەموو ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت تا ڕادەیەک بەسەر ئەم دژوارییانەدا زاڵ بین. هەموو شێوە گوتارییەکان، پێکهاتێکی كولتووررییان هەیە و لە چوارچێوەی كولتووررێکی تایبەت و خولێکی کاتیی دیاریکراودا، بیچمیان گرتووە و ڕێک خراون، و بایەخ(ئیپیستمە) و کارامەییەکانیان دیاری کراوە. ئەگەرچی “ژاک لاکان”ی بیرمهند و دەروونناس زیاتر بەهۆی ڕووکردنە “فرۆید” ناوبانگی دەرکردووە تاکوو دەربڕینەکانی لەمەڕ ڕازسڕینەوە، بەڵام شیکاریی ئەو لە گەشەی کەسایەتیی لەسەر بنەمای مانایەک لە “خود” ڕۆ نراوە کە بەپێی وێنەکانی ئەوانی دیکە دروست بووە. هەڵوێستی لاکان ئەمەیە کە ڕێک بە هەمان شێوە کە ئەم وێنانەش وەکوو كولتوورر دەگۆڕدرێن، “خود”یش گۆڕانی بەسەردا دێت. کاتێک منداڵ دەچێتە ناو قۆناغی پاش ئاوێنەیی و ملکەچی یاسای باوک دەبێت (نیشانە زمانی و کۆمەڵایەتییەکان کە كولتووررێکی دیاریکراو دروست دەکەن)، پێویستیی خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرج و پارادایمە بگۆڕەکان دەناسێت. کەواتە “خود” بەشێوەیەکی بەردەوام ناجێگیرە. لە ڕوانگەی لاکانەوە، مانای “خود”ی یەکپارچە و یەکانگیری بەرزەڕۆ، ئوستوورەیەکە: سووژە خود-لەتە/کەرتە، و لە نێوان ئارەزووی گشت(بابەتی خەیاڵی) و واقعی هەڵوەشانەوە(بابەتی ڕەمزی)دا لەت بووە و لە ئەنجامدا وەکوو هەموو نۆرم و بەها و دامەزراوە كولتووررییەکان لەسەر بنەمای ئارەزووە. كولتوورر لەسەر ڕوانگەی “خود”ێکی یەکپارچە، ڕێکوپێک و بەرزەڕۆ هەڵنیشتووە، و دەبێت ئاوەها ڕوانگەیەک ئوستورەی لێ بسڕینەوە.
کەواتە ئوستوورەکان هەموو لایەنەکانی وجوود لەوانە زمان، چەمکە دیارەکان لەبارەی “خود”، و سەرنموونە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆ دەگرێت. لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازان و پاش پێکهاتەخوازاندا هەموو ئەمانە دەبێت ڕازسڕێنەوە بکرێن و پێشان بدرێت کە لە سەر بنەمای ئارەزوو و بەهەوەسن و بەپێی هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵگایەک و لە کاتێکی دیاریکراودا دروست بوون. بەڵام هەندێک لە ڕەخنەگران، خودی چەمکی ئارەزوومەندانەبوونیش بە ئارەزوومەندانە دەزانن. لە ڕوانگەی ئەوانەی کە باوەڕیان بە بەها جێگیرەکان و پێویستیی یەکخستنی چەمکە كولتووررییەکان هەیە، ڕێژەبینیی شاراوە لە پرۆسەی ئوستوورەسڕینەوەدا نە سەرنجڕاکێشە و نە قبووڵکراویش.
سەرچاوە: ماکاریک، ایریا ریما (١٩٥١). دانش نامەی نظریەهای ادبی معاصر/ ترجمە مهران مهاجر، محمد نبوی، تهران: آگە، ١٣٨٣.
وەرگێڕان: حەمیدە حەسەن