“پێشەکی”
سینەما لە بنچینەدا ڕێگایەکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان بە بەکارهێنانی وێنەی جوڵاو، واتە سینەما ئەو فۆڕمە هونەرییە یە کە لە ڕێگەی وێنەی جوڵاوەوە چیرۆک دەگێرێتەوە. دیمەنەکان و تێکەڵکردنی لەگەڵ دەنگ و دیالۆگ و مۆسیقا و ڕووناکی و نواندن و کایەکانی تری سینەما، توانای جوڵاندنی هەست و سۆز و فیکری مرۆڤی هەیە، بۆیە سینەماکاران لە ڕێگەی ئەو وێنە جوڵاوانەی کە فیلمێکی پێ درووست دەکرێت، دەتوانن دیدگای هونەری خۆیان دەرببڕن و بینەر سەرقاڵ بکەن بەوەی کە بیر و لە بابەتە هونەری و کلتوری و کۆمەڵایەتی و هەروەها سیاسیەکانیش بکەنەوە.
“سەرەتایەک بۆ ناسین و جیاکردنەوەی فیلمی کلاسیک و فیلمی مۆدێرن”
پێش ئەوەی باس لە فیلمی کلاسیک و فیلمی مۆدێرن بکەین، دەبێت بزانین فیلم لە سەرەتاوە چۆن دروست بووە، بۆیە لێرەدا بە کورتی باسێك لە سەرەتاکانی دروستبوونی فیلم دەکەین.
یەکەم هەنگاو بۆ دروستنکردنی فیلم کە بە سەرەتای سەرەتا ناو دەبرێت، لە ساڵانی ١٨٩٠کاندا بوو، سینەما بە وێنەی جوڵاوی سادە دەستی پێکرد، فیلمەکانی ئەو سەردەمە کە لە لایەن برایانی لۆمێرەوە دروست دەکران، فیلمی کورت و بێدەنگ بوون و تەنها نشاندانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بوون. دواتر سەردەمی فیلمی بێدەنگ دێت، کە لە ساڵانی ١٩١٠-١٩٢٠دا بوون، فیلمی بێدەنگ لەو سەردەمەدا ببووە جێگای بایەخ، چیرۆکەکان دەگێڕدرانەوە لە ڕێگەی نواندنی بێدەنگەوە. فیلم لەو سەردەمەدا بە تەواوی ڕۆچوو بووە ناو بینەرانەوە و بینەر هاوسۆزی خۆی لەگەڵ دیمەنەکاندا دەخستە ڕوو. لە دوای سەردەمی فیلمی بێدەنگ، فیلم لەگەڵ دەنگدا بەرهەم دەهێنێت. هاتنە ناوەوەی دەنگ لە سینەمادا لە کۆتاییەکانی بیستەکان بوو کە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لەو سەردەمەدا داهێنانێکی گەورە بوو، لەگەڵ ئەوەی هەندێک دژی ئەم داهێنانە دەوەستانەوە بەڵام نەدەکرا ئەو ڕاستییە بگۆڕدرێت کە هاتنە ناوەوەی دەنگ بۆ سینەما وای کرد چیرۆکەکان لە رێگەی کارەکتەرەکانەوە بە شێوەیەکی دینامیکیتر بگێڕدرێتەوە.
لە ساڵانی ١٩٣٠-١٩٥٠دا، سەردەمی زێڕینی هۆڵیوود دەست پێدەکات. فیلمە کلاسیکییەکان و ئەستێرەکانی فیلمی کلاسیکی هۆڵیوود لەم سەردەمەدا دروست دەبێت. چیرۆکەکان زیاتر دەچوونە ناو خەڵکەوە و ڕەنگدانەوەی بەها و خەباتی کۆمەڵایەتی بوون، زۆرینەی فیلمە لەبرنەکراوەکان و ئەو فیلمانەی کە توانای داهێنان لە چیرۆکدا هەیە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا بوون. سەردەمی سینەمای مۆدێرن؛ لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا تا ئێستا، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا سینمای مۆدێرن هاتە کایەوە و فیلمەکانیش شان بە شانی تەکنەلۆژیا پێشکەوتن، ژانرای جیاواز بەکاردەهێنرا، وە بەکارهێنانی CGI، ستراکچەری جیاواز، چیرۆکی جیاواز، بەو هۆکارەی چیتر ترسیان نەبوو لەوەی کە دەرهێنەران چییان بوێت ئەتوانن لە فیلمەکانیاندا بەکاری بهێنن، وە ئێستادا ئێمە لە سەردەمی سینەمای پۆست مۆدێرندا دەژین کە تەکنەلۆژیا گەیشتۆتە ڕادەیەک بۆ فیلمە سینەماییەکان هیچ تەکنیکێک قورس یان مەحاڵ نییە.
“فیلمی کلاسیکی هۆڵیوود”
پەرەسەرندی فیلمی کلاسیکی دوای گواستنەوەی دەنگ لە سینەمادا دەستی پێکرد، ئەو گۆرانکارییە سەرەتاییانەی کە لە فیلمی ئەمریکیدا هەبوون لە لە خودی شۆڕشی فلیمسازیدا سەریهەڵدا. دروست بوونی ستۆدیۆ لەو سەردەمدا دووبارە ڕێگایەکی تری سەرکەوتووی بەرهەمهێنانی فیلم بوو، سیستەمی بە ئەستێرە بوون دروست بوو کە ئەمەش دووبارە لە ڕێگەی هەندێک لە ستۆدیۆی بەرهەمهینانی فیلمەوە سەریهەڵدا. زۆرینەی ئەو دەرهێنەر و ئەکتەرانەی سەربەخۆ کاریان دەکرد، ناچاربوون ببن بە بەشێک لەو سیستەمە نوێیە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارکردن. یەکیک لەو فیلمانەی کە لەو سەردەمەدا بەرهەمهێندا فیلمی “ستیزن کەین” بوو لە دەرهێنانی “ئۆرسن وێلز” کە وەک یەکێک لە گەورەتین فیلمی مێژووی سینەما دادەنرێت، دوا بە دوای ئەویش چەندین دەرهێنەری تر کاریان کرد و بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کلاسیکی، کە تەنانەت لە ئێستاشدا ئەو سەردەمە گرنگترین سەردەم بووە بۆ ئەو فیلمانەی لە ئێستادا بەرهەمدێن و زۆرێک لە سینەماکاران کاریگەری فیلمەکانی ئەو سەردەمەیان پێوە دیارە، لە دووبارەکردنەوەی هەندێک لە چیرۆکەکانیان و گرتەکان و شێوازی کامێرا و مۆسیقادا.
“فیلمی مۆدێرنیزم”
سەرەتای فیلمی مۆدێرن لە سەرەتاکانی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا پێگەیشت، تایبەتمەدییەکانی لە مۆنتاژ و وێنەسازی هێمادار پێکهاتبوو، ژانرای فیلمەکان لە نێوان ئێکسپرێشزم و سوریالیزمدا بوو. نووسهر خاوەنی بیرۆکە و تیۆری خۆی بوو بۆ دروستکردنی بەرهەمێک، واتە نووسهر لە دیدگای تاکە کەسی خۆیەوە توانی بە شێوازێکی مۆدێرنانە نووسینەکانی بنوسێت و دواتر کاری دەرهێنانی بۆ بکرێت هەر بەو شێوازە نوویسنە مۆدێرنەی کە نووسهر نووسیویەتی. فیلمی مۆدێرن زیاتر بڕوای بە نووسهر و دەستڕاگەیشتن بە خودی واقیعەوە هەیە. لە فیلمی مۆدێرندا چیرۆکی نا هێڵی دێتە ئاراوە، واتە بەشێکی زۆری فیلمە مۆدێرنەکان خۆیان لە کرۆنۆلۆژی بە دوور دەگرن، ڕووداوەکان لە دەرەوەی رێک و پێکی نیشان دەدەن و ئاوێنەیەکی ئاڵۆزی یادەوەری و تێگەشتن نیشانی بینەرەکان دەدەن. فیلمە مۆدێرنیستەکان بەدواداچوون بۆ گەشتە قووڵ و کەسییەکان دەکەن، پرسیارکردن لەوەی کە ئێمە کێین و شوێنی ئێمە لە جیهاندا چییە؟. دەرهێنەرەکان یاری بە گۆشەکانی کامێرا و ڕووناکی و مۆنتاژ دەکەن،هەموو شتێک ڕیگە پێدراوە و دەتوانرێت بکرێت، زۆرجار کۆتاییەکا لە فیلمە مۆدێرنەکاندا کراوەن، ناڕوون، یان سەیرن، بینەر بەجێدەهێڵن کە بڕیار بدەن هەموو ئەمانە چیین و مانایان چییە؟. پێچەوانەی فیلمی کلاسیک کە هەمیشە پاڵەوانەکە سەردەکەێت و چیرۆکەکە بەو جۆرە کۆتای پێدێت کە بینەر دەیەوێت.
“جیاوازی فیلمی کلاسیک و فیلمی مۆدێرن”
فیلمی کلاسیک
شێوازی بینین:
سینەمای ڕەش و سپی:- بەشی زۆری فیلمە کلاسیکییەکان بە تایبەت پێش پەنجاکان ڕەنگی ڕەش و سپی بوون.
فرەیم و کۆمپۆزشن:- لە فیلمی کلاسیکدا فرەیم و کۆمپۆزشن وەک تابلۆیەک وابوو وە جێگیر بوو، وە فۆکسی قوڵیان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی چاوی بینەر کوێی بوێت سێری ئەوێ بکات.
گرتەی درێژ و بەکارهێنانی کامێرا بە شێوەیەکی نەرم و لەسەرخۆ:- فیلمە کلاسیکییەکان لەبری مۆنتاژی خێرا، گرتەی درێژ و جووڵهی نەرمی کامێرایان بەکاردەهێنا.
شێوازی نواندن:
دەربرینی شانۆییانە:- لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ئەکتەرەکان لە شانۆوە هاتبوون، دەربڕینەکانیان گەورەتر و فەرمیانەتر بوو وەک لەوەی سروشتی بن. بە تایبەت لە فیلمە بێدەنگەکاندا کە دەبوو بێ دیالۆگ هەست و سۆزیان نیشان بدەن.
دیالۆگ و سیناریۆ:
دیالۆگی ئاڵۆز و تیژ:- لە فیلمە کلاسیککەیاندا ژیرانە یاری بە وشەکان کراوە، زۆر قووڵ دەچونە هەست و سۆزی بینەرەوە.
گرینگیدان بە چیرۆکگێڕانەوە:- هێڵە پڵۆتییەکان لە فیلمە کلاسیکییەکاندا پاک و بەهێز بوون، چاکە بەرامبەر خراپە، خۆشەویستی بەرامبەر لەدەستدان، خەون بەرامبەر واقیع، بابەتگەلێکی سادە بەڵام بەهێز.
مۆسیقا و دەنگ:
ئۆرکێستراییەکان:- لەبری ئەو تراکانەی لە فیلمی ئەمڕۆدا هەیە، بە پێچەوانەوە لە فیلمە کلاسیکەکاندا ئۆرکێسترا هەبوو کە هەستی بینەریان بەرز دەکردەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی دەنگ بە وردی:- دەنگەکان زۆر بەرز نین لە فیلمی کلاسیکدا، هەموو دەنگێک هەستێکی ڕوون و جوانت پێدەبەخشێت بە مەبەستەوە.
بابەت و ژانرا باوەکان لە سینەمای کلاسیکدا:
ڕۆمانسی:- ژانرای ڕۆمانسی لە فیکمی کلاسیکدا زۆر باو بوو، نمونەی فیلمی
“GONE WITH THE WIND BY ROMAN HOLIDAY”
فیلم لە ژانرای میوزیکاڵ و هەروەها فیلمی داستانی.
فیلمە کلاسیکییەکان تەنها فیلم نەبوون، خەون بوون و بە کامێرا وێنە گیراون. ئەو فیلمانەن کە باسی جوانی وسادەیی و ڕەنگینی دەکەن و هەستی بەهێزبوون دەبەخشن کە هەمیشە لەگەڵتدا دەمێننەوە.
“فیلمی مۆدێرن”
شێوازی بینین:
سینەمای ڕەنگدار:- ڕەنگ لە فیلمی مۆدێرندا ئامڕازێکە بۆ چیرۆکگێرانەوە، ڕەنگ بووە بە هێڵێکی سەرەکی لە فیلەکەندا. بە جۆرێک کە لەڕێی ڕەنگ و موودی فیلمەکەوە ژانرای فیلمەکەمان بۆ دەردەکەوێت.
جووڵهی دینامیکی لە کامێرادا:- فیلمەکان لە ئێستادا جووڵهی زۆر شێتانە بەکاردەهێنن، بە جۆرێک ستایلی کامێرا بەکاردەهێنریت کە بینەر توشی شۆک دەکات لەگەڵ خۆیدا وزەیەکی زۆر لە جووڵهی کامیرادا هەیە کە کاریگەری لەسەر تەواوی فیلمەکە دروستدەکات.
شێوازی نواندن:
نواندنی سرووشتی:- نواندن لە سینەمای مۆدێرندا زیاتر وردتر و چڕتر و واقیعیترە، وە زیاتر پەیواندی بە کارەکتەرەکانەوە هەیە لە ڕووی شێوازی نووسینەوە کە داوای کارەکتەرێکی سرووشتی دەکات.
هەمەجۆری و ئاڵۆزی:- کارەکتەرەکان لە فیلمی ئێستادا زیاتر هەمەچەشنن، لە ڕووی ڕەگەز و پاشخان و ململانێکانەوە، وە تەنها یەک جۆر پاڵەوانمان نییە.
“دیالۆگ و سیناریۆ”
گفتوگۆی واقیعی:- گفتوگۆکان وەک ژیانی ڕاستەقینە وان، دوو مرۆڤی ئاسایی لە کاتی گفتوگۆدا چۆنن و هەستەکانیان چۆنە ئاواش بۆ بینەر دەگوازرێتەوە.
چیرۆکگێڕانەوە بە شێوازی ناهێڵی:- بازدان هەیە لە نێوان چیرۆکەکاندا کە بەشێکی پەیوەندی بە شێوازی مۆنتاژکردنەوە هەیە، بڕوا بە بینەریش دەهینن کە بەو شێوازە ببینرێت کە هەیە.
مۆسیقا و دەنگ
بەکارهێنانی دەنگی جۆراوجۆر:- فیلمە مۆدێرنەکان هەموو کەرەستەیەک بەکاردەهینن، گۆرانی پۆپ، مۆسیقای کلاسیک و تێکەڵکردنی لەگەل مۆدێرندا، زۆرجار کاریگەری مۆسیقاکە لەگەڵ موودی فیلمەکە زیاتر کاریگەری لەسەر بینەر دادەنێت.
دیزانکردنی دەنگ:- لە ڕێگەی دیزانکردنی دەنگەوە دەتوانین گوێمان لە لە دەنگە وردەکان بێت، چرپە، هانگاوەکان، دەنگی شەپۆلی دوور مەودا، هەموو ئەمانە هۆکاری دروستکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی هەست بە فیلمەکە بکەیت.
بابەت و ژانراکان
ناسنامە و دەروونی کارەکتەر:- فیلمە مۆدیرنەکان بەدواداچوون بۆ ململانێ قووڵ و دەروونییەکان دەکەن، پرسیاری ئەوە دەخوڵقینن ئایا من کێم؟ بۆ لەم ژیانەدا بوونم هەیە؟ ئایا بە تەنها من بەسم؟.
فەنتازیا:- لە فیلمە مۆدێرنەکاندا ئەو ترس و خەونانەی کە کارەکتەرەکە هەیەتی دەیگەینێتە جیهانێکی فەنتازی گەورە بۆ گەڕان بەدوای خۆیدا.
پرسە کۆمەڵایەتییەکان:- بەشێکی زۆر لە فیلمەکانی ئێستا باس لە ڕەگەزپەرستی، فێمینیزم، گۆڕانی زەوی و کەش و هەوا و کاریگەرییە کۆمەڵاییەتەکان بەسەر مرۆڤەوە دەکەن.
گومانی تێدا نییە داهێنانە گەورەکان لە سینەمادا لە ئێستادا ڕوودەدەن، سینەماکاری سەربەخۆ هەیە کە ئەوەی بیانەوێت بیگەیەنن بێ ترس لە هیچ لایەنیک دەیخەنە پێش بینەر، ڕەخنەی توند لە سیستەمی سەرمایەداری و سیاسەت دەگرن، وە فیلمەکانی ئەم سەردەمە هەموو کات کۆتاییەکی خۆشت نیشان نادەن. بەڵکو لە پاڵ جوانیدا ئازارەکانێش بە ڕاستگۆییەوە نیشاندەدەن. لەوە ناترسن سروشتی نارێک و ئاڵٶزی ژیان بخەنە بەردەم بینەر، چونکە لە دواجاردا ئەوە ژیانە و هەموومان وەک یەک هەلی ژیانکردنمان پێدراوە و بە خۆشی و ئازارەکانییەوە دەبێت بیبینین.
“نمونەی فیلمێکی کلاسیک و فیلمێکی مۆدێرن”
فیلمی CASABLANCA -1942
فیلمی LA LA LAND 2016
“کازابلانکا” شێوازی کلاسیکی سینەما نیشاندەدات، دیمەنەکان ڕەش و سپین، شێوازی چیرۆکگێڕانەوەکەی سۆزدارییانە و بەهێزە. نواندنێکی ڕەسەن و دیالۆگی قووڵ، تیشکدەخاتە سەر خۆشەویستی و قوربانیدان و نیشتیمان پەروەری لە کاتێکی سەختدا. لە بەرامبەریدا فیلمی “لالا لاند” تەواو مۆدێرنە، ڕەنگی زیندوو، مۆسیقا و نواندنێکی سروشتی. خەیاڵ و واقیع تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە چۆن خەونەکان دەتوانێت هەم بەختەوەری و هەم دڵشکان بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە فیلمی کازابکانکادا زەمینەی مێژووەکەی بەو شێوەیەیە کە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا دروستکراوە، ئەو کاتەی کە جیهان پڕبووە لە نا دڵنیایی و ترس. فیلمەکە بەشێکی پڕوپاگەندە بوو، بهڵام لە هەمان کاتدا ئیلهامبەخش بوو بۆ خەڵک تا بڕوایان بە قوربانیدان هەبێت بۆ چاکەیەکی گەورەتر. فیلمەکە تەواو ڕەش و سپییە نەک تەنها لەبەر تەکنەلۆژیای ئەو سەردەمە بەڵکو زیاتر لەگەڵ موودەکەدا دەهاتەوە یەک، سێبەر و ڕووناکی کاکتەرەکان نیشان دەدرێت بە شێوەیەکی ئاڵۆز، هەروەها ئەم فیلمە لە ستۆدیۆی وارنەر برۆس وێنە گیراوە، ئەمەش وای لە فیلمەکە کردووە دیمەنێکی شانۆیی و کۆنترۆڵکراوی هەبیت.
بە شیوەیەکی نەرم کاری مۆنتاژی بۆ کراوە بە جۆرێک کە بینەر هەست بە بڕینەکانی نێوان دیمەنەکان نەکات، بینەر بە تەواوی سەرنجی لەسەر ئەوە بیت کە چی ڕوودەدات. کارەکتەرە سەرەکییەکان کە “ڕیک بلەین” خاوەنی یانەیەکی شەوانەیە کە کینی دڵی شکاوی خۆی لە پشت هەڵوێستێکی سەخت و دابڕاوەوە دەشارێتەوە، “ئیلسا لوند” ژنێک کە لە نێوان خۆشەویستی و ئەرکدا ماوەتەوە، ژیانی هەم پڕە لە نیعمەت هەم ئازار و ململانێ لە ناوەوە. “ڤیکتۆر لاسلۆ” هاوسەری ئیلسا کە هێمایەکە بۆ بەرخۆدان و خەبات بۆ ئازادی. بابەتەکانی فیلمەکە بە ڕوونی لەسەر ئەوە دەڕوات کە خۆشبەختی کەسی و ئەنجامدانی کارێکی دروست، ئاوێنەیەکی جیهانی ساڵی چلەکان نیشاندەدات، فیلمەکە بە تەواوی ئەوەمان پێدەڵێت کە خۆشەویستی ڕاستەقینە بریتییە لە وازهێنان. لە کۆتایدا ڕیک ئەرک هەڵدەبژێرێت لەبری خۆشەویستی، کردەیەکی دڵتەزێت بهڵام قارەمانانە. لە فیلمە کلاسیکە هۆڵیوودییەکاندا سەرکەوتنی ئەخلاقی بالادەستتر بوو وەک لە بەختەوەری تاکە کەسی. زەمینەی مێژووی فیلمی “لالا لاند” لە سەردەمێکدا بڵاوکرایەوە کە هۆڵیوود زیندووکردنەوەی ژانرە کۆنەکانی وەک میوزیکاڵ بهڵام بە شێوازێکی مۆدێرن و واقیعی كەوتبووەوە باوەش. ڕاستەوخۆ بە بینەری ئێستاوە دەیبەستێتەوە، کە پێماندەڵیت دەتوانین بگەیت بە خەونەکەت، بەڵام تێچووەکەی قورسە. هەڵبژاردنی هەر ڕەنگ و ڕووناکییەک لەو فیلمەدا ئاماژە و مانایە بۆ شتێک. لە هەندێکدا هیوا و خەونەکان نیشاندەدات، لە هەندێکی تریشدا واقیع. گرتەی درێژ بەکارهاتووە تایبەتتر کاتی سەماکان بۆ دروستکردنی هەستێکی نوقمکەر و ئەفسوناوی. فیلمەکە تێکەڵەیەکە لە فەنتازیا و واقیع، یاساکانی فیزیا تێکدەشکێت و کارەکتەرەکان لەناو ئەستێرەکاندا سەما دەکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن خۆشەویستی دەتوانێت هەست بە ناڕاستەقینی و ئەفسوناوی بکات. کارەکتەرە سەرەکییەکان کە “میا دۆڵان” خەونی بوون بە ئەکتەری هەیە لە کاتێکدا وەک بارێستا کاردەکات بەڵام خەونەکەی لە هەموو شتێک زیاتر گرنگترە بۆی، “سباستیان وڵدەر” مۆسیقاژەنێکی بەسۆزی جازە کە خەونی کردنەوەی یانەیەکی تایبەت بە خۆی دەبینێت بۆ پاراستنی میوزیکی جازی نەریتی. بابەتەکنی فیلمەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ڕابکەن بەدوای خەونەکانتاندا، بەڵام لەکاتێکدا خۆشەویستی بوونی هەبێت، فیلمەکە دەریدەخات کە هەندێکجار خۆشەویستی قووڵیش بەس نییە بۆ ئەوەی دوو کەس بەیەکەوە بهێڵێتەوە ئەگەر خەونەکانیان بە ئاڕاستەی جیاوازدا ڕایانبکێشن. فیلمەکە پێمان دەڵێت کە ژیان هەمیشە بەو شێوەیە دەرناچێت کە هیوای بۆ دەخوازین، بەڵام یادەوەرییەکان و خەونەکان هێشتا گرنگن بۆ ژیانمان. لە کۆتایدا میا و سباستیان بەیەک ناگەن، بەڵام بە زەردەخەنەوە سێری یەک دەکەن و دان بەوەدا دەنین کە چەندە گەشەیان بەیەک داوە. فیلمە مۆدێرنەکان ئامادەن بەوەی کە بینەر بە فرمێسکەوە بەجێبهێڵن نەک بە بەختەوەی.
“بەستنەوەی ئەم دوو فیلمە و باسکردنی لە ڕوانگەی ژیل دۆڵۆز ەوە”
ژیل “دۆڵۆز” فەیلەسوفێکی فەڕەنسییە لەبارەی سینەماوە دوو کتێبی هەیە،
سینەمای یەکەم:- جووڵه وێنە ١٩٨٣
سینەمای دووەم:- کاتە وێنە ١٩٨٥
بیرۆکەی سەرەکی “دۆڵۆز” ئەوە بوو کە پێی وابوو سینەما تەنها گێڕانەوەی چیرۆک نییە، بەڵکو سینەما شێوازێکی نوێیە بۆ بینین و بیرکردنەوە و هەستکردن، باس لە جووڵهو کات دەکات وە دواتر چۆن وێنەکان وامان لێدەکان جیهان ئەزموون بکەین بەو شێوەیەی کە هەیە. “دۆڵۆز” پێی وانەبوو سینەما تەنها کات بەسەربردنە، بەڵکو پێی وابوو سینەما ئامرێزێکی فەلسەفەیە، ڕێگایەکە بۆ بیرکردنەوە لە جیهان بە شێوەیەکەی جیاواز. ئاماژەی بەوەش کردووە فیلمەکان وێنەی جووڵه و وێنەی کات دروست دەکەن، کە چۆنێتی تێگەشتنمان لە خودی ژیان دەگۆڕێت.
جووڵه وێنە لە سینەمای کلاسیکدا:- لە فیلمە کۆنە کلاسیککیەکاندا، وەک کازابلانکا، وێنەکان بەهۆی لۆژیکی کردار و هۆکار و کاریگەرییەوە دەجوڵێن. وە کارەکتەرەکان بەرەو ئامانجی ڕوون دەڕۆن وەک چۆن کارەکتەری ڕێک دەبێت لە نێوان خۆشەویستی و ئەرکدا یەکێکیان هەڵبژێرێت. کات لەم فیلمانەدا ڕێکخراوە، بە شێوەیەکی لۆژیکی لە سەرەتاوە بۆ ناوەراست و دواتر کۆتایی دەجوڵێت. واقیع ڕوونە، کارەکتەرەکان کێشەیەک دەبینن، کردار، و دواتر دەرئەنجامەکان ڕوودەدەن. وە لە کۆتایدا پاڵەوانەکان بەو کارە پێناسە دەکرێن کە دەیکەن. “دۆڵۆز” دەڵێت:- لە وێنە جووڵهدا کات ژێردەستەی جووڵهیە، ئێمە تەنها لە ڕێگەی گۆڕانکارییەوە هەست بە کات دەکەین.
کاتە وێنە لە سینەمای مۆدێرندا:- لە فیلمە مۆدێرنەکاندا واقیع دەبینین، کە تیایدا خەون و یادەوەری و هەستەکان هەموو شتێک کاڵ دەکەنەوە. هیچ هۆکار و کاریگەرییەکی ڕوون نییە، کارەکتەرەکان دوودڵ دەبن، خەون دەبینن، پەشیمان دەبنەوە، ئایندەی جیاواز خەیاڵ دەکەن. کات خۆی دەبێتە کەرەستەیەکی دیار، ئێمە دەبینین و هەستی پێدەکەین کە کات تێدەپەڕێت. لە کاتە وێنەدا جووڵه ملکەچی زەمەنە، کات ڕاستوخۆ خۆی ئاشکرا دەکات و سەربەخۆیە لە جووڵه. فیلمی لالا لاند خۆی کاتمان پێدەبەخشێت، نەک لە ڕێگەی کردارەوە بەڵکو لە ڕێگەی یادەوەری و خەیاڵ و پەشیماننیەوە. ڕەنگدانەوەی جیهانێکە کە خەونەکان لە قاڵبمان دەدەن تەنانەت کاتێک واقیع بەدوایدا نایەت. کاتێک لە ڕێگەی تیۆری ژیل “دۆڵۆز”ەوە سەیری کازابلانکا و لالا لاند دەکەین، دوو ڕوانگەی تەواو جیاواز بۆ ژیان دەبینین. کازابلانکا سەبارەت بە کردار و ئەرک و دڵنیایی ئەخلاقییە، ڕەنگدانەوەی جووڵه وێنەی “دۆڵۆز”ە، کە هەموو هەڵبژاردنێک جیهان بەرەو پێشەوە دەبات. “لالا لاند” باس لە خەون و پەشیمانی و تێپەڕبوونی کات دەکات، سەر بە کاتە وێنەیە، کە هەست و یادەوەرییەکان واقیع لە قاڵب دەدەن. ئەم دوو فیلمە پێکەوە ئەوەمان نیشان دەدەن کە چۆن سینەما لە چارەسەرکردنی کێشەکانەوە پەرەی سەندووە بۆ گەڕان بەدوای جوانی و ئازارەکانی ژیان.
سەرچاوەکان؛
General Cinema History:-
- Cook, David A. A History of Narrative Film. W. W. Norton & Company, 2004.
- Bordwell, David, and Kristin Thompson. Film Art:- An Introduction. McGraw-Hill Education, 2017.
- Britannica. “History of the Motion Picture.” Encyclopedia Britannica, 2024.
- Mast, Gerald. A Short History of the Movies. Pearson Education, 2008.
Classic Cinema Style “for Casablanca”:-
- Ebert, Roger. “Casablanca Movie Review “1942”.” RogerEbert.com, 1996.
- Britannica. “Casablanca – Film by Michael Curtiz.” Encyclopedia Britannica, 2024.
- Monaco, James. How to Read a Film:- Movies, Media, and Beyond. Oxford University Press, 2009.
Modern Cinema Style “for La La Land”:-
- Gleiberman, Owen. “‘La La Land’ Review:- A Sumptuous Modern Classic.” Variety, 2016.
- Britannica. “La La Land – Film by Damien Chazelle.” Encyclopedia Britannica, 2024.
- Debruge, Peter. “Film Review:- ‘La La Land’.” Variety, 2016.
Gilles Deleuze and Cinema Philosophy:-
- Deleuze, Gilles. Cinema 1:- The Movement-Image. University of Minnesota Press, 1986.
- Deleuze, Gilles. Cinema 2:- The Time-Image. University of Minnesota Press, 1989.