“گفتوگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ئێراق”
ح. ڕەوتی گفتوگۆكان:
یەكەم گەڕی گفتوگۆی باڵا كەوتە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی (1983ز). ئەوەش دوای ئەوەی هێلیكۆپتەرێكی سەربازی، كە “دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ” و فەرماندەیەكی دەزگای هەواڵگری ئێراقی بەناوی “ئەبو سەرحان” هەڵگرتبوو گەیاندە گوندی (زیخان)ی ناوچەی خۆشناوەتی. “ئەبو سەرحان” پلەی (عەقید) و بەرپرسی فایلی پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێراق بوو لە دەزگای هەواڵگری. (زیخان)یش ئاواییەكی بچووكی ناوچەی خۆشناوەتی بوو، كە “مام جەلال” بۆ نزیكبوونەوە لە حكومەتی ئێراق و كارئاسانی ڕەوشی گفتوگۆكان، دوای گوندی (دۆڵە ڕەقە) كردبوویە بارەگای سەرەكی خۆی. لەكاتی گەیشتنی ئەو هیلیكۆپتەرەش، دیمەنێكی سەیر ڕوویدا، كاتێك ئەو پێشمەرگانەی لەسەر بەرزایی چایكان بۆ پارێزگاری لە بارەگای (مام جەلال)و میوانەكانی دانرابوو، بە هاتنی هیلیكۆپتەرەكە و نیشتنەوەی، لە بەرزایی چیاكان هاتنە خوارەوەو بە دەوری هیلكۆپتەرەكەدا سوڕاونەوە، وەك ئەوەی هیلكۆپتەریان لە نزیكەوە نەبینیبێت! ئەوەش دیمەنێكی ناشیرین و لاوازی هێزێكی كوردی پیشانی سەردنی بەغداد دا. هەرچۆن بێت دوای پێشوازی لێیان و پشوویەكی كورت، ئەوان و شاندی یەكێتی بەرەو شاری (كەركوك) بەرێكەوتن، تا لەوێوە بچنە شاری (بەغداد)و دەست بە گفتوگۆ فەڕمییەكان بكەن.
گفتوگۆكانی یەكێتیی و حكومەتی ئێراق لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی (1983ز) دەستیان پێكرد، كە تا (14ی تشرینی یەكەمی1984ز) بەردەوام بوو. چەقی گفتوگۆكانیش كەوتنە شاری (بەغداد)و شوێنی حەوانەی ئەندامانی یەكێتیی كەوتە یەكێك لە كۆشكەكانی سەرۆك كۆمار و (ئوتێل ڕەشید). لەو ماویەشدا چەندین گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا دەستیان پێكرد، كە (سەدام حوسێن) لە هیچ یەك لە كۆبوونەوەكاندا، نە سەرۆكایەتی كرد، نە بەشداریشی تێدا كرد، بەڵكو هەموو كارەكانی بە (عیزەت دووری) جێگری سپارد. ئەمەو گۆڕانگاری لە شاندی هەردوولاشدا كرا، وەك ئەوەی بۆ شلندی یەكێتیی (نەوشیروان مستەفا ئەمین، مەلا بەختیار) زیاد كران. بۆ شاندی حكومەتی ئێراقیش (تەها یاسین ڕەمەزان، دكتۆر موندزیر ئیبراهیم شاوی)و چەند بەرپرسێكی تر زیاد كران. بە درێژایی (دە) مانگی گفتوگۆش، “مام جەلال” بە تەنیا چاوی بە سەدام حوسێن كەوت. لەو بارەوەش هەفتەنامەی (ئەلف با)ی زمانحاڵی حكومەتی ئێراق لە دیمانەیەكی لەسەر ڕەوشی گفتوگۆكان و دیدگای سەرۆك كۆماری ئێراق بۆ گفتوگۆكان، لە (مام جەلال)یان پرسی، كە تێڕوانینی سەرۆك كۆماری ئێراق بۆ ئەو گفتوگۆیانە، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ناوبراو بە پەیامنێرەكەی ووتبوو، كە (كامل الشرقی) سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو، ’’(سەدام حوسێن) فەرمانڕەوایە نەوەك دادوەر‘‘. ئەوەش بەو مانەیەی، كە سەرۆك كۆماری ئێراقی بە سەرتر لە گفتوگۆكان دانابوو. ئەوەش دیدگای خودی (مام جەلال) بوو یان نا؟ یەكێتیی هیچ وەڵامێكی فەڕمی بۆی نەبوو.
بە درێژایی (دە) مانگی ڕابردوو، چەندین گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا بە ئەنجام گەیشت. كۆی گفتوگانیش وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، كەوتنە شاری (بەغداد). كۆی سەردانەكانی شاندی یەكێتیش بۆ (بەغداد) لەرێگای هیلیكۆپتەری سەربازی حكومەتی ئێراقیەوە بوو، كە لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای ئێراق و لە ژێر چاودێری توندی دەزگا ئەمنییەكانیدا بەرێوە برا. ئەمەو لەو ماوەیەدا لەسەر فهرمانی سەدام حوسێن، زۆرینەی سەرانی بەعس و دەوڵەتەكەی، ئەندامانی شاندی یەكێتیان بینی و لە شوێنی جیاجیای پایتەختەكەیان میواندارییان كردن. بەو حاڵەشەوە دەسەڵاتدارانی ئێراق، نەیانتوانی یەك ئەندامی شاندی یەكێتیی بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، بەڵام توانیان بگەنە كرۆكی كەسایەتی و تێڕوانین و بۆچوون و جیاوازی بەرامبەرەكەیان.
لە ماوەی (دە) مانگی گفتوگۆدا لەسەر چەندین تەوەر و باس قسە كراو و بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز هاتنە پێش. حكومەتی ئێراق بە زۆرینەی پێشنیارەكانی یەكێتیی ڕازی بوو، تەنیا (مەلەفی كەركوك) نەبێت. لەم بارەوە ووتەكەی سەدام حوسێن بە بەربڵاوی لێكدانەوەی بۆ كرا، كاتێك بە خودی “مام جەلال”ی وتبوو:- ’’جەلال تاڵەبانی”، من سەیری كۆی كۆنووسی كۆبوونەوەكانم كردووە. گفتوگۆكان جیدی بوون بە نیازی ڕێكەوتن. تەنانەت توڕەببوونەكانیشتان نیشانەی پێداگریتان بووە بۆ رێكەوتن. من لەسەر هەموو باسەكان ڕازی بووم، تەنیا پرسی كەركوك نەبێت. من ناڵێم كەركوك شارێكی كوردی نییە و ناڵێم شارێكی عەرەبیشە. تەنانەت ئەگەر دوای ڕاپرسیش دەركەوت زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن، ئەوا هەر دەلێم شارێكی ئێراقییە و دەبێت هەموو خەڵكی ئێراق سوود لە فرییی و پێكەوەی و داهاتەكەی وەربگرێت. دیارە بۆ ئەوەی كورد كەركوكی لەدەست نەچێت، خەباتی بۆ دەكات و بیر لە جیابوونەوە ناكاتەوە. عەرەبیش بۆ ئەوەی كورد ڕازی بكات و بۆ لای خۆی بیگێڕێتەوە، كار بۆ سەلماندنی مافەكانی ئەكات‘‘. بەو ووتانەی سەدام حوسێن یشدا دەركەوت، كە بۆ جارێكی تر و دوای بەیاننامەی (11ی ئازاری1974ز)، لەسەر پرسی كەركوك، گفتوگۆكانی كورد و حكومەتی ئێراق، نەگەیشتنە ئەنجام و رێگای شاخ هەڵبژێردرا. هەربۆیە گفتوگۆكانی ئەم قۆناغەش بە شكست كۆتایی پێهات.