“گۆڕانی ستڕاکچەرەکانی هێز لە ئێراق”
حاڵەتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن میکانیزمە نەریتییەکانی حوکمڕانی گەشەیان کردووە، یان شکستیان هێناوە لە گەشەکردن، لەهەمبەر ئالێنگارییە هاوچەرخەکاندا. ئەم وتارە، بە وەرگرتنی چوارچێوەی چەمکی “هێزی کۆن” بەرامبەر “هێزی نوێ”، دەکۆڵێتەوە لەوەی کە چۆن ئەم داینامیکیانە بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ خۆیان دەنوێنن، ئەوە بخەینەڕوو کە وا چۆن سیستەمی ناوەندگەرا و نوخبەوە کۆنترۆڵکراوەکان بەردەوامیان هەیە، وە ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی شێوازی سەردەمیانەی بەشداری سیاسی و بەرەو پێشوەچوونی پرۆسەی سیاسیی لە ئێراقدا چین ئاشکرا دەکات. هەروەک دیارە، سیستەمی سیاسیی ئێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ نموونەی زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی هێزی کۆنە لە ڕێگەی سیستەمی پشکپشکێنەی تائیفی دامەزراوەییەوە کە بە “المحاصصە الگائفیە” ناسراوە. ئەم سیستەمە وەک دراوێکی هێز کار دەکات، کە بە تووندی لەلایەن نوخبە سیاسییەکانەوە قۆرخکراوە بۆ پاراستنی هەژموونی خۆیان لە ڕێگەی تۆڕەکانی چاودێری(Patronage Networks)، و دابەشکردنی سەرچاوەکانی داهاتەوە بەکاری دەهێنن. سیستەمی پشکپشکێن، وەزارەتەکان و داهاتی نەوت بەسەر گرووپە سیاسییەکانی وڵاتدا بەپێی پشکی ئیتنی-تایەفی دابەش دەکات، کە ئەمەش ئەوە بەرهەمدێنێت کە زانایان بە “بازاڕی سیاسی” وەسفی دەکەن، کە تێیدا هێز بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەیوەندی کڕیارگەراییەوە (Clientelistic Relationships) دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت. ئەم پێکهاتە نەریتییەی هێز لە ڕێگەی چەندین میکانیزمی سەرەکییەوە خۆی دەنوێنێت. یەکەم، لە ڕێگەی تۆڕە داخراو و هەرەمییەکانەوە کار دەکات کە تێیدا پارتە سیاسییەکان وەک دەروازەی تایبەت بۆ سەرچاوەکانی دەوڵەت کار دەکەن. سەرکردەی پارتەکان نامەی پاکانەکردن “تزکیە” بۆ لایەنگرانیان دەردەکەن، کە دامەزراندن لە حکومەت تەنها بۆ ئەو کەسانە مسۆگەر دەکات کە دڵسۆزیی خۆیان بۆ پارتە سیاسییە دیاریکراوەکان ڕادەگەیەنن. دووەم، سیستەمەکە هێز لە ڕێگەی سیستەمی وەکالەت دەگرێت و دایدەبەزێنێت، کە تێیدا نزیکەی ٥٠٠ پۆستی باڵای خزمەتگوزاریی شارستانی لەنێوان نوخبەی پارتەکاندا وەک بەشێک لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت دابەش دەکرێن. ئەم بەڕێوەبەرە گشتیانە، کە لەسەر بنەمای تۆڕی چاودێری حیزب دادەمەزرێن نەک لێهاتوویی، دڵنیایی دەدەن کە گەندەڵیی گرێبەستەکان سەرانسەری هەموو وەزارەتەکانی گرتۆتەوە بە سپۆنسەری پارتە سیاسییە دەستڕۆشتووەکان.
لەڕاستیدا، گەر تۆزێ بگەڕێینەوە دواوە، دەبینین، کەوا هەوڵەکانی ئێراق بۆ لامەرکەزییەت لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە نیشاندەری ئەو ڕاستییەن، کە چۆن پێکهاتەکانی هێزی کۆن بەرگری لە گۆڕانکاری دەکەن. دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، ئێراقی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی دامەزراند و یاسای دەسەڵاتی پارێزگاکانی ساڵی ٢٠٠٨ ڕۆڵی دەستە خۆجێییە هەڵبژێردراوەکانی دیاری کرد. بەڵام، ئەم پرۆسەی لامەرکەزییەتە بەهۆی چەندین هۆکاری ڕەگ داکوتاو لە داینامیکی هێزی نەریتیدا لەباربرا. هەوڵی لامەرکەزییەت “تەنها حوکمڕانیی خراپی تۆکمەتر دەکرد” لەبری باشترکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. حکومەتە خۆجێیەکان شکستیان هێنا لە بەکارهێنانی کارایانەی دەسەڵاتە نوێکانیان، کە وایکرد پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٨دا زۆربەی پرۆسەی لامەرکەزییەتەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی فیدراڵی بەسەر وەزارەتە سەرەکییەکانی وەک پەروەردە و تەندروستیدا لەخۆگرتبوو، کە نیشاندەری ئەوە بوو چۆن پێکهاتە ناوەندگەراکان(مەرکەزیەکان) کاتێک هەژموونیان ڕووبەڕووی ئالێنگاری دەبێتەوە، خۆیان دووبارە دەسەپێننەوە.
سەرباری ئەوەش، پرۆسەی لامەرکەزییەت کەلێنی مەترسیداری دروستکرد کە لەلایەن میلیشیاکان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی ترەوە قۆسترانەوە. کاتێک داهاتی نەوت لە دوای ساڵی ٢٠١٤ دابەزی، “میلیشیاکانی وەک حەشدی شەعبی و هێزەکانی تر کەلێنەکانی پرۆسەی لامەرکەزییەت-یان قۆستەوە بۆ دەرهێنانی داهات بە نا یاسایی لە ڕێگەی ترەوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئەجێندا تووندوتیژ و سنووربەزێنەکانەوە”. ئەمە ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن سیستەمەکانی هێزی کۆن، کاتێک بە کەمیی سەرچاوە هەڕەشەیان لێدەکرێت، زۆرجار ڕوو لە شێوازی زۆرەملێ و مافیاگەری دەکەنەوە بۆ پاراستنی هەژموون و هێز، ئایا لە ژینگەیەکی لەم جۆرە هیچ مانایەک دەمێنێتەوە بۆ سەرهەڵدانی هێزی نوێ و بەشداری کارای هاووڵاتیان لە پڕۆسەی سیاسی؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، توێژینەوەکان ئاماژەی مەترسیدار دەخەنە ڕوو، باس لە بەربەستی بەرچاو دەکەن لەبەردەم بەشداریی ماناداری هاووڵاتیان لە ئێراقدا، سەلماندوویانە کە “بەشداریی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر لاوازە”، ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی حکومەتە خۆجێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندی نێوان حکومەت و هاووڵاتیان نەبووەتە هۆی زیادبوونی بەشداریی مەدەنیانە. هەڵسەنگاندنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، (UN-Habitat) ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا لامەرکەزییەت لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانێت “دەرفەتی زیاتر بۆ گرووپ، کۆمەڵگە و پرەنسیپەکانی بڕەخسێنێت بۆ لۆبیکردن بەرەو دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە خزمەتگوزارییەکان،” ئەم توانایە لە چوارچێوەی ئێراقدا تا ڕادەیەکی زۆر بەدی نەهاتووە و سنووردارکراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای زاڵبوونی پێکهاتە نەریتییەکانی هێز، نیشانەکانی سەرهەڵدانی داینامیکی هێزی نوێ هەیە، خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئێراق تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوە تۆڕبەستوو و بەشداری پێکراوەکانیان نیشاندا کە دژایەتی سیستەمی “محاصصە”ی دامەزراویان کرد. ئەم خۆپیشاندانانە شێوازی نوێی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییان دروستکرد کە پێیان دەوترا “تەنسیقیات” (یەکەکانی هەماهەنگی) کە “لە کۆتایی تشرینی یەکەم و سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا پێکهێنران” و نوێنەرایەتی “شێوازێکی نوێی کۆمەڵگەی مەدەنییان” دەکرد بەشێوەیەکی جیاواز لە ڕێکخراوە ناحکومییە نەریتییەکان. بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکان تایبەتمەندییەکانی هێزی نوێی لە ڕێگەی ڕێکخستنی لامەرکەزی و جەختکردنەوە لەسەر بەشداریی هاووڵاتیانەوە نیشاندا. تەنسیقیاتەکان “ئاسانکارییان بۆ گەشەپێدان و قووڵکردنەوەی هاوڕێیەتی لەنێوان چالاکوانان لە سەرانسەری پارێزگاکاندا کرد” و تۆڕیان دروستکرد کە سنوورە نەریتییە تایەفییەکانیان تێپەڕاند. ئەم یەکانەی هەماهەنگی لە ڕێگەی پێکهاتەی ئاسۆییەوە کاریان دەکرد نەک هەرەمی، کە ئەمەش بەرجەستەی سرووشتی هێزێکی نوێی دەکرد. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێراقدا هەندێک تایبەتمەندی هێزی نوێ نیشان دەدەن. یەکێ لەو توێژینەوانەی بەم دواییە، کە لێکۆڵینەوەی کردووە سەبارەت بە زیاتر لە ٤٠٠٠ ڕێکخراو لە ١٥ پارێزگادا، بۆی دەرکەوتووە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێراق لە ڕێگەی “حەوت ڕێڕەوی سەرەکییەوە” کار دەکات ئەمانیش بریتین لە؛ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ، هۆشیارکردنەوە، بوونیادنانی توانا، پاراستنی گرووپ، کەمپەینی داکۆکیکردن، چاودێریکردنی حکومەت، و بەشداریکردن لە بڕیارداندا. بەڵام، ئەم هەروەک توێژینەوەکە باسی لێوەدەکات، ئەم ڕێکخراوانە ڕووبەڕووی کۆتوبەندی بەرچاو بوونەتەوە لەلایەن ئەم سیستەمی پشکپشکێنە(محاصصە)ی کە زۆر بەکارامەیی کاردەکات لەسەر سەرکوتکردن و دروستکردنی بەربەست بۆ وەرچەرخانی مەدەنیەت لە وڵاتی ئێراقدا.
جێگەی ئاماژەپێدانە؛ هەندێ جار کۆتوبەندە تەکنەلۆژییەکان ڕۆڵ دەگێڕن لەگواستنەوە بۆ هێزی نوێ و کۆتوبەند کردنی، بەهۆی سنووردارێتی ژێرخانی تەکنەلۆژییەوە. لە کاتێکدا هێزی نوێ بە شێوەیەکی ئاسایی لە ژینگە دیجیتاڵییە پەیوەندیدارەکان گەشە دەکات، وە ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی خێرای زانیاری وهێنانەدی هەماهەنگی دەکەن، بەڵام ئێراق لەم بوارەدا ڕووبەڕووی ئالێنگاری بەرچاو بۆتەوە. هەرچەندە لەم وتارە دەرفەت نابێت بە ووردی باسی ژێرخانی دیجیتاڵی بکەین لەئێراق، بەڵام بەردەوامی تۆڕە نەریتییەکانی چاودێری، ئەوە پیشان دەدات کە ئامرازە تەکنەلۆژییەکانی هێزی نوێ هێشتا بە باشی گەشەیان نەکردووە یان کەم بەکاردەهێنرێن. یەکێکی تر لە ڕەهەندە گرنگەکانی پەیوەست بەم بابەتە بریتییە لە سرووشتی ژێرخانە ئابوورییەکانی هێز لە ئێراق، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش وادەکات کە سرووشتی هێز لە دامەزراوە ناوەندییەکاندا چڕ ببێتەوە، بۆ ئەوەی توانای بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوانەیان هەبێت. ئەم “نەفرەتی سەرچاوەیە” هاندەرێکی سەرسەختە بۆ پاراستنی سیستەمەکانی هێزی کۆن، چونکە نوخبە سیاسییەکان سوود لە کۆنترۆڵکردنی دابەشکردنی سامانی نەوت لە ڕێگەی تۆڕەکانی چاودێریەوە(Patronage Networks) وەردەگرن. دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵانی ٢٠١٤-٢٠٢٠ ئەوەی دروستکرد کە توێژەران بە “بێکاربۆنکردنی زەبرئامێز”((traumatic decarbonization ناوی دەبەن کە “بە شێوەیەکی بنەڕەتی ڕێکخستن و چڕبوونەوەی هێزی سیاسی لە ئێراقدا گۆڕی”. بەڵام، لەبری ئەوەی ببێتە هۆی حوکمڕانییەک زیاتر هاووڵاتی تیایدا بەشداری پێبکرێت، ئەم قەیرانە بە شێوەیەکی سەرەکی بووە هۆی زیادبوونی کێبڕکێ لەنێوان نوخبە نەریتییەکان و هەڵکشانی ئەکتەرە جێگرەوەکانی دەوڵەت وەک میلیشیاکان.
چەسپاندنی ئەم سیاسەتەی ناسنامەی تایەفەگەری بەربەستی زیاتری لەبەردەم سەرهەڵدانی هێزی نوێدا دروست کردووە. سیستەمی پشکپشکێنی تایەفەگەری بەئەندازەیەک ڕەگی داکوتاوە” کە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن گەر هەبێت، وە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش “ڕێکخستنی کاریگەری خۆیان لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە ئیتنی-تایەفیە نزیک لە مەحاڵ بینیوە”. ئەم لۆژیکە تایەفیە وەک شێوازێک لە تووندوتیژیی هێمایی کار دەکات، کە ئەکتەرە سیاسییەکان دیسیپلین دەکات و ڕێگری لە سەرهەڵدانی هاوپەیمانییەتیەک دەکات کە ئەم سنوورە تایەفیگەرییە ببەزێنێت، کە بەیەکێ لە تایبەتمەندییەکانی هێزی نوێ هەژمار دەکرێت.
“پوختە”
شیکاریی داینامیکی هێز لە ئێراق دەرخەری گواستنەوەیەکی ناتەواو و ناتەندروستە لە نێوان پارادایمەکانی هێزی کۆن و نوێ. لە کاتێکدا سیستەمە نەریتییە نوخبەگەراکان بە تووندی لە ڕێگەی پشکپشکێنەی تایەفی، تۆڕەکانی چاودێریکردن، و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات خۆیان جێگیرکردووە، بەڵام بە سیمایەکی حوکمڕانیی بەشداریپێکراو و ڕێکخستنێکی پتەوی سیاسی ڕووپۆشکراون. ئەم بەردەوامییەی پێکهاتەکانی هێزی کۆن، هەم چەسپاندنی دامەزراوەیی و هەمدیسان توانای خۆگونجاندنیان لە بەرامبەر ئالێنگارییەکاندا نیشان دەدات. سیستەمی پشکپشکێن (محاصصە)تا ئێستا خۆڕاگرییەکی بەرچاوی نیشانداوە، و بە سەرکەوتوویی توانیویەتی بزووتنەوە ناڕازییەکانی سەرکوت بکات، لە کاتێکدا کۆدەنگیی نوخبەی حوکمڕانی لەسەر دابەشکردنی سەرچاوەکان، وە ڕێککەوتنی بنەڕەتیی و ژێربەژێری دابەشکردنی هێزیان پاراستووە. بەڵام، سەرهەڵدانی شێوازی نوێی ڕێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، و بەشداریی هاووڵاتیان ئەوە پیشان دەدات کە ئاماژەکانی داینامیکی هێزی نوێ دەستیان بە ڕەگداکوتان کردووە، بەتایبەتی دوای بێهێز دەرکەوتنی پاڵپشتییە دەرەکییەکانی پشت مانەوەی ئەم پاڕادایمە، ئەگەرچی ئێستاشی لەگەڵدابێت بەشێوەیەکی سنوردارو کۆتوبەندکراو دەردەکەون، بەڵام ئومێدێک هەیە بۆ ئێراقی نوێ لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی کە بتوانێت ئەم وزە بەشداریپێکراوانەی کە سەرهەڵدەدەن لەدەرەوەی پاڕادایمی نەریتیی، بەڵکو بتوانێت هەم پارێزگاری لەسەقامگیری ئێراقی فرە نەتەوە بکات، لەهەمان کاتدا وەڵامی ئەو نیگەرانییە ئەمنییە ڕەوایانە بداتەوە کە لە مێژوودا پاساویان بۆ پێکهاتەی ناوەندگەرایی(مەرکەزیەت)هێناوەتەوە.