“بێدەنگی میلیشیا ئێراقییەکان، ئایا کۆتایی نوێنەرایەتی ئێرانییە؟”
لە ساتێکی مێژوویی جیاکەرەودا، ئەو میلیشیا ئێراقییانەى کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێن دەرکەوتن وەک خێوێک لە ڕابردووی نزیکیانەوە. هەروەها جەنگی ئەم دواییانەى نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە پەراوێز مانەوە. ئەم دوورکەوتنەوە بەرچاوەش لە گۆڕەپانی ڕووبەڕوبوونەوە تەنها بڕیارێکی تاکتیکی نەبوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کەلێنێکی قووڵه لە پێکهاتەی کاریگەریی ئێران لە ناوخۆی ئێراق و، زيادبوونی کاریگەری فشارەکانی ئەمریکا کە بە وردی جێبەجێ دەکرێت لە خەزێنەی بانکەکانەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە ژوورەکانی دروستکردنی بڕیاری سیاسی وئاسايشی لە بهغداد. زیاتر لە دووسەد فڕۆکەی ئیسرائیلی و نزیکەی سێسەد مووشەکی بالیستیک بە ئاسمانی ئێراقدا تێپەڕین بۆ لێدانی ئامانجەکانیان لە ناوخۆی ئێران، لەگەڵ ئەمەشدا میلیشیا ئێراقییەکان وەڵامیان نەداوه بۆ بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکەیان. میلیشیای بچووکی حوسیی یەمەنی لە لێدانی کەشتییەکان و تەقاندنەوەی مووشەک بەسەر ئیسرائیلەوە نەوەستان لە دیمەنێکی سەیر کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد. بۆ چەندین دەیە دەچێت، میلیشیاکان یەکێک لە بەرچاوترین هاوپەيمانەکانی ئێران بوون لە ناوچەكەدا. ئەو گرووپانە لە میانەى داگیرکردنی ئێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە دوای ٢٠٠٣ەوە پەیدابوونو، لە ئەنجامی پارەداركردن و ڕاهێنانپێکردن و ڕێنماییەکانەوە پەرەیان سەند، بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاو ببینن لە ناکۆکییە هەرێمییەکاندا. شەڕەکانی سووریا و یەمەن و گۆڕەپانی خودی ئێراقیش، ئەو مەیدانانەى جەنگ بوون کە ئەو میلیشیایانە پاڵپشتی و دڵسۆزیی ڕەهایان بۆ “ولایەتی فەقیه” سەلماندووەو، بوونەتە توخمێکی سەرەکی لە “بەرەى بەرەنگاری”دا.
بەڵام خاڵی وەرچەرخان لەدوای هێرشەکەی “حەماس” بەسەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا ڕوویدا. لەو کاتەدا، میلیشیا ئێراقییەکان – تەنانەت “کەتائیبی حیزبوڵڵا” و “عەسائیبی ئەهلی حەق”یش – ڕایانگەیاند ئەگەر ئەمریکا بچێتە ناو جەنگەکەوە لە پاڵ ئیسرائیلەوە ئەوا کە بەشدارى سەربازییانە دەکەن. وە بە هەقیقی و بە شێوەیەکی کردارى، لەگەڵ دەستێوردانی واشنتۆن، ئەو میلیشیایانە دەستیان کرد بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام بەزوویی رووبەرووى وەڵامە ئەمریکییە چڕ و کوشندەکانیان بوونەوەکە سەرکردە و کۆگاکای چەکەکانیان کەوتنە بەر ئەم هێرشانە، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەی بەرچاوو ڕاگرتنی هێرشەکانیان لە دەوروبەرى مارسی ٢٠٢٤. سەرەڕای کەمبوونەوەی کاریگەریی هەرێمیی ئێرانی، کاریگەریی میلیشیاکان لە ئێراقدا “بە ئاسانی کەم نابێتەوە” بەڵکو ڕۆڵێکی کاریگەریان دەمێنێتەوە لە ساڵانی داهاتوودا.
“بێدەنگییەک دەدوێت”
لە جەنگی ئەم دواییانەدا؛ پێچەوانەی هەموو بۆچوون و تێڕوانینەکان، میلیشياكانی ئێراق جووڵەیان نەکرد. مووشەکیان نەهاویشت، پڕۆسەی تۆڵەسەندنەوەیان ئەنجام نەدا، بەڵکو تەنها لە ڕێگەى لێدوانە ئاگرینەکان کە تەنها چەند وشەیەک بوون ناڕازی بوونی خۆیان دەربڕی. ئەم پاشەکشەیە لە کەمی توانای سەربازییەوە نەبوو، بەڵکو لە دووبارە جێگیربوونەوەیەکی ناچارییەوە بوو کە گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەسەریان سەپاند بوون، لەسەروویانەوە زیادبوونی فشارە ئەمریکیە زیرەکەکان. لەلای خۆیەوە، “موحسین مەندەلاوی”، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “پاشەکشەی کاریگەریی ئێرانی زیان بە ئێراق ناگەیەنێت”، بەڵکو بهغداد هەوڵ دەدات سیاسەتێکی دەرەوەی سەربەخۆ دابڕێژێت و سنورێک بۆ گرووپە چەکدارەکان دابنێت، لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییە مێژوویی و جوگرافییەکانی لەگەڵ ئێران. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن دەوڵەتەوە کرد و چاوەڕوانی هەنگاوێکی درێژخایەن بوو بۆ دەرهێنانی چەک لە دەستی گرووپە نادەوڵەتيیەكان. هەروەها شیکارکارى هاوسۆز و نزیک لە میلیشیاکان “کازم فەرتووشی” وای وەسف کرد کە “منداڵەکان گەورە بوون”، ئەوەی فراکسیۆنە دڵسۆزەکانی ئێران ئێستا خاوەنی تۆڕە خۆماڵییەکان بوون و چیتر ژێردەستەی گوێڕایەڵی کوێرانەی تاران نین. لە بەرامبەردا، ئەنمار سەڕای مامۆستای زانستە سیاسییەکان، پێی وایە کە سەرەڕای کەمبوونەوەی کاریگەریی هەرێمیی ئێرانی، کاریگەریی میلیشیاکان لە ئێراقدا “بە ئاسانی کەم نابێتەوە” بەڵکو ڕۆڵێکی کاریگەریان دەمێنێتەوە لە ساڵانی داهاتوودا. سەرەڕای ئەوەی ئێران هێشتا خاوەنی تۆڕی کاریگەر و خاوەن هەژموونە لە ناوخۆی ئێراقدا، بەڵام توانای جووڵاندنی ئامرازە سەربازی و سیاسییەکانی بە ڕێژەیەکی ديار پاشەکشەی کردووە.
“ئامرازەکانی فشاری ئەمریکی”
هێزی واشنتۆن لەسەر زەوی ئێراقی بچووکە، بەڵام لە ستراتیژییە نوێکەیدا پشت بە تێکەڵەیەکی کاریگەر دەبەستێت لە ئامرازە بە ئازارەکان: سزای دارایی کە تۆڕەکانی قاچاغی نەوتی بە ئامانج دەگرێت کە میلیشیاکان پارەدار دەکات و، سنوورداری لەسەر گواستنەوە بانکییەکان کە بۆ کڕینی چەک بەکار دەهێنرێن، جگە لە لێدانی ورد و بە ئازارى سەرکردەکانی ڕیزی یەکەمی ئەم میلیشیایانە. فشارەکان لەسەر لایەنی سەربازی بەرتەسک نەبوونەوە، بەڵکو درێژبوونەوە بۆ جومگەکانی خودی دەوڵەتی ئێراقیش. لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، دادوەر “جاسم محەمەد عەبوود”، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پشتگیریکراو لەلایەن ئێرانەوە، ناچار کرا خانەنشین بکرێ بە بڕیارێک لە لیژنەیەکی دادوەریی نیشتیمانیی. ئەم ڕووداوە بێ پێشینەیە بە تەواوی شکستی دەهێنا لە ژێر کاریگەری پێشووی ئێراندا، بەڵام بە هێواشی جێبەجێکرا، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ هەژانی پێگەی ئێرانی لە ناوخۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێراقی. “حەمزە مستەفا”، لێکۆڵەری سیاسی، بۆچوونی خۆی دەربڕی کە بێدەنگی میلیشیا نزیکەکان لە ئێران لە کاتی ڕووبەڕوبوونەوەی کۆتاییدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانە لە هاوکێشەکانو، ڕەنگە ئاماژە بێت لەلایەن خودی تارانیشەوە کە دۆخەکە بەرەو حاڵەتێکی زیاتر لە ناکۆکی نەبات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت “ئەوەی سەلماندووە کە خاوەنی هەموو هێڵەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانە” و سیاسەتی دوورخستنەوەی خۆی پەسەند کردووە، ئەمەش بۆگۆڕپانێکی بێ پێشینەی پێداوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیران بەشێوەیەکی سەربەخۆ.
“گۆڕانی هەڵوێستی گەلی ئێراق”
سەرەڕای ئەو دابەشبوونە سیاسی و ئایینییانەى کە ئێراق دەلەرزێنن، زۆرێک لە ئێراقییەکان لەسەر داخوازییەکی ناوەندی یەکدەگن ئەویش: ڕەتکردنەوەی گۆڕینی ئێراق بۆ گۆڕەپانێک بۆ پاکتاوى حیسابات(تصفية الحسابات) ـی ئێران لەگەڵ دوژمنە نێودەوڵەتییەکانی. ئەم ئاڕاستەیە چیتر تەنها بۆچوونێکی گەلی نییە، بەڵکو بە هێواشی لە ڕەوت و ئاڕاستەکانی دروستکەرانی بڕیار لە بهغداد ڕەنگی داوەتەوە کە زیاتر و زیاتر بەرەو سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ و سەروەریی نیشتیمانی سەربەخۆی دەچن. سەرەڕای ئەوەى ئێران تا ئێستا خاوەندارێتی کۆمەڵێک تۆڕی هەژمووندار دەکات لە ناوەخۆى ئێراق، بەڵام تواناکانی بۆ جوڵاندنی ئامڕازە سەربازیی و سیاسییەکانی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە پاشەکشە دایە. وە لەگەڵ سەرکەوتنی واشنتۆن لە کۆتوبەندکردنی جوڵەی میلیشیاکان، لە قۆناغی داهاتوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە زیاتر جووڵەی ئەمریکی دەبیندرێت بۆ لاوازکردنی پاشماوەی کاریگەریی هەژموونی ئێرانی، بە تایبەتی لە کەرتەکانی نەوت و حوکمڕانی. شەرعيەتی ئامادەبوونی ئەمریکی لە هاوپەیمانیتی نێودەوڵەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش ڕێگا بە ئەمریکا دەدات بە فەرمی بمێنێتەوە و، شەرعيەت دەدات بە چالاکییە سەربازی وھەواڵگرييەکانی. بە بۆچوونی “لەتیف مەهداوی” “نەبوونی پشتگیریی ئێران دەبێتە هۆی پاشەکشەی کاریگەریی هەژموونی هاوپەیمانە سیاسی و ئەمنییەکانی لە ئێراق. ئەوانیش دروستکراوی تارانن”. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد ئەم ئەگەرە مانای کۆتایی هاتنی کاریگەریی تەواوى ئێران نییە، بەڵکو گۆڕانێکی جۆریە لە میکانیزمەکانیدا. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەنها “هێمنییەکی کاتی” نییە، بەڵکو ڕەنگە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بێت کە تێیدا پەیوەندی نێوان بهغداد و تاران دووبارە پێناسە دەکاتەوەو، تێیدا سنوورەکانی کاریگەری بە چەک و سەروەری و پارە دەکێشرێت و لەگەڵ بەرژەوەندییە ئێراقییە بەرزەکان دەگونجێت.
“ئامرازەکانی کاریگەریی ئەمریکا”
- دۆلار و بانکەکان و گواستنەوەکان؛ گەورەترین چەک یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکیە (Federal Reserve Bank of New York) کە داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت بە دۆلار تێیدا دەپارێزرێت. واشنتۆن دەسەڵاتی دواخستن یان ڕاگرتنی گواستنەوەی پارە بۆ بهغدادی هەیە، ئەمەش دەبێتە ئامرازێکی فشارى بەهێز لەسەر حکومەت.
- یاسای پەیڕەوکردنی باجی ئەمریک (FATCA)؛ چاودێری لەسەر گواستنەوە دارایییە نێودەوڵەتییەکان دەسەپێنێت و کاریگەری لەسەر کاری بانکە ئێراقییە پەیوەستەکان بە دۆلار دەبێت.
- چەکی کۆنتڕۆڵکردنی گواستنەوەکان لە ڕێگەی“SWIFT”؛ ئەمریکا ڕێگری کرد لە ناردنی پارە بۆ میلیشیایاکانی سەر بە ئێران لە ڕێگەی چاودێریکردنی گواستنەوەکان بە دۆلارەوە.
- قەدەغەکردنی بانکە هاوکارەکانی ئێران؛ لە ٢٠٢٣-٢٠٢٤داو،اشنتۆن کۆتوبەندی لەسەر ١٤ بانکی ئێراقی سەپاند، تۆمەتباری کردن بە قاچاغکردنی دۆلار بۆ ئێران و سووریا.
- چەکی سەربازی: چەک و بنکەکان؛ بنکەی عەینولئەسەد (ئەنبار)، ناوەندی ئۆپەراسیۆن و ئامادەبوونی هەمیشەیی هێزەکانی ئەمریکایە. لەلایەن ئەمریکاوە بەکار دەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی جووڵەی گرووپە پشتیوانیکەرەکانی ئێران. سیستەمەکانی بەرگری لە هەوا (پاتریۆت/ساد) هەن، لە بنکە ئەمریکیەکاندا بڵاو بوونەتەوە و وەک بەربەستێک ئەژمار دەکرێن بۆ هەر هەڕەشەیەک لە لایەن ئێرانەوە یان میلیشیاکانی.
- گورزە سەربازییەکان دژی میلیشیاکان؛ واشنتۆن چەندین گورزی سەربازی ئاسمانی وردی لە (٢٠٢٠-٢٠٢١-٢٠٢٣-٢٠٢٤) جێبەجێ کرد کە سەرکردە دیارە شیعیە پشتیوانیکەرەکانی لە لایەن تاران بە ئامانج گرت.
- ئایا ئێراق دەتوانێت ئەمریکییەکان دەربهێنێت؟ شەرعيەتی بوونی ئەمریکا لە هاوپەیمانیتی نێودەوڵەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش ڕێگا بە ئەمریکا دەدات بە فەرمی بمێنێتەوەو،شەرعيەت بدات بە چالاکییە سەربازی وھەواڵگرييەکانی.
سەرچاوە:
https://www.majalla.com/node/326754/%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8%A7%D9%84%D8%A8%D9%86%D9%88%D9%83-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D8%B7-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B2%D9%84%D8%A9-%D9%85%D9%81%D8%A7%D8%AA%D9%8A%D8%AD-%D9%88%D8%A7%D8%B4%D9%86%D8%B7%D9%86-%D9%84%D8%AE%D9%84%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%81%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A8%D8%BA%D8%AF%D8%A7%D8%AF
وەرگێڕان: شەڤین محەمەد