یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنەرانى خانووبەرە، ساڵانێکى زۆرە هاوڕێى “دۆناڵد ترامپ”ە، لە ساڵی (١٩٩٤) ترامپى لە قەیرانێکى دارایى رزگارکرد، پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ میرەکانى کەنداو هەیە. وەکو راوێژکار و بریکارى وەزیر لە دوو ئیدارەى ئەمەریکادا کاریکردووە، بەبێ ئەوەى هیچ پاشخانێکى دیبلۆماسى هەبێت، ئێستا نوێنەرى تایبەتى سەرۆکى وڵاتەکەیەتى بۆ کاروبارى لوبنان و سوریا و بەفەرمیش باڵێوزى ئەمەریکایە لە تورکیا؛ تۆم باراك. “باراك” مەسیحیە و بە بنەچە لوبنانییە، چوار زمان دەزانێت، دکتۆراى لە یاسا هەیە، لەهەردوو کەمپینى هەڵبژاردنى ترامپدا رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە، بەدەق سیاسەتى سەرۆکەکەى جێبەجێ دەکات: ئابورى لە بەرانبەر پاراستن و مانەوەى دەسەڵاتدا.
“لە لوبنانەوە بۆ کالیفۆرنیا”
تۆماس جۆزێف باراك جونیۆر ناسراو بە تۆم “باراك” لە (٢٨ی نیسانی ١٩٤٧) لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە خێزانێکی کۆچبەر لەدایکبووە کە بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی زەحلەن لە پارێزگاى بیقاع لە لوبنان. لە خێزانێکی خاکەڕادا پەروەردە بووە؛ باوکی لە شاری کالڤەر خاوەنی دوکانێکی بەقاڵى بوو، دایکیشی وەک سکرتێر کاری دەکرد. “باراك” سەر بە نەوەی سێیەمی بنەماڵەکەیەتى کە لە سەرەتاى سەدەی بیستەمدا کۆچیان کردووە بۆ ئەمەریکا، بەدیاریکراوى لە ساڵی (١٩٠٠)، وەک بەشێک لە شەپۆلی کۆچی مەسیحییەکان لە لوبنانەوە بۆ ئەمەریکا. هەر زوو تێکەڵ بە ژیانی ئەکادیمی و وەرزشی بووە. لە ساڵی (١٩٦٩) “باراك” بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوودا لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا بەدەستهێناوە، هەروەها وەک یاریزانێکی ڕەگبی زانکۆ دەرکەوتوە. لەبوارى یاسادا درێژەى بە خوێندنی باڵا داوە و لە کۆلێژى یاساى هەمان زانکۆ خوێندویەتى. پێش ئەوەی لە ساڵی (١٩٧٢) بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای لە زانکۆی سان دیێگۆ وەربگرێت، وەک سەرنووسەری گۆڤارى (Southern California Law Review) کاری کردووە.
“باراك” خاوەنی توانایەکی زمانەوانی سەرنجڕاکێشە. بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئیسپانی و فەرەنسی و عەرەبی قسەدەکات، ئەمەش توانایەکی زیادەی پێبەخشی بۆ کارلێککردن لە ژینگە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و دواتر لە شوێنە دیپلۆماسییەکاندا. لەڕووی کەسییەوە “باراك” لە ساڵی (٢٠١٤) هاوسەرگیری لەگەڵ ڕاچێڵ ڕۆکسبۆرۆ کردووە و دوو منداڵی لێى هەیە.
“دیدارەکەى سعودییە؛ خاڵى وەرچەرخان”
مێژووى “باراك” لە رۆژهەڵاتى ناڤین تەنها بەهۆى ئەوەى نییە کە رەچەڵەکى لوبنانیە و زمانى عەرەبى دەزانێت، بەڵکو وەبەرهێنان و کۆمپانیا و گرێبەستەکان مێژوییەکى زیاتر لە چل ساڵەیان بۆ ناوبراو دروستكردووه. چیرۆکەکەى لە ساڵی (١٩٧٢)ەوە دەست پێدەکات، کاتێک وەک بەشێک لە شاندێکی کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێک بۆ دروستکردنی کارگەیەکى تایبەت بە بەرهەمهێنانى غازی شل گەشتێک بۆ سعودیە دەکات. ئەو گەنجە ئەمەریکییە نەیدەزانی کە دانیشتنێکی وەرزشی ئاسایی دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا. داوای لێکرا لەگەڵ سعودییەک یاری سکواش بکات، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت هاوبەشەکەی ئەندامی بنەماڵەی شاهانەی سعودییە. پەیوەندییەکە بەخێرایی پتەوتر بوو، “باراك”یش وەک خۆی دەڵێت، بوو بە “نوێنەری منداڵان لە ئەمەریکا”، واتە نوێنەری منداڵەکانی پاشاى سعودییە لە ئەمەریکا. “باراك” ژیانى پیشەیى وەک پارێزەر لە نووسینگەی هێربەرت کالمباخ ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕیچارد نیکسۆن دەستپێکرد. لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەم هەنگاوەکانی لە بازاڕی وەبەرهێنانی خانووبەرەدا دەستپێکرد، کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی کۆمپانیای “دان ئینتەرناشناڵ کۆرپۆرەیشن”ی گرتە ئەستۆ کە تایبەتمەند بوو لەبوارى دروستکردنی کۆمەڵگە پیشەسازییەکاندا.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئیدارەی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان وەک جێگری یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ دەستبەکاربوو، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمپانیای “ئۆکسفۆرد دیڤلۆپمێنت ڤینچەرز” لە کەنەدا. پاشتر وەک جێگری سەرۆکی باڵا لە کۆمپانیای (E.F.Hton) لە نیویۆرک دەستبەکاربوو. لە ساڵی (١٩٨٦) وەک هاوبەشێکی باڵا پەیوەندی بە گروپی وەبەرهێنانی “ڕۆبەرت ئێم باس”ەوە کردووە و تا ساڵی (١٩٩١) لەوێ مایەوە. ساڵی (١٩٩١) ساڵێکی گرنگ بوو بۆ ژیانی پیشەیی “باراك”، کاتێک کۆمپانیاى “کۆڵۆنی کاپیتاڵ”ی دامەزراند کە دواتر بە “دیجیتاڵ بریج” ناسرا، کە پەرەی سەند و بوو بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی خانووبەرەی تایبەت لە جیهاندا. کارەکەی فراوانتر بوو و سەروەت و سامانێکی بەرچاوی لەخۆگرت، وەک هۆتێلی بەناوبانگى پلازا لە شاری نیویۆرک و هاوینەهەواری نێڤەرلاند کە لەلایەن مایکل جاکسۆنەوە خاوەندارى دەکرا، جگە لە وەبەرهێنانەکانی لە کەرتی کات بەسەربردن لەڕێگەی کڕینی کۆمپانیای سینەمایى “میراماکس”ەوە. پیشەکەی تەنها لە جیهانی داراییدا سنووردار نەبوو. بەڵکو “باراك” بووە ئەندامى ئەنجومەنى بەرێوەبردنى دامەزراوە دارایى و گەشتیارییە بەناوبانگەکان، لەنێویاندا بانکى “فێرست ریپەبلیک” و گروپى هۆتێلەکانى “ئاکۆر” و گروپى “ڤێرمۆنت” و کۆمپانیاى “کیرزەنەر”ى تایبەت بە میواندارى.
“ناسین و هاوڕێیەتى ترامپ”
بەلاى ئەو کەسانەوە کە ئاشناى پاشخانی ئابووری و تۆڕی بەرفراوانی پەیوەندییەکانی “باراك”ن، سەرکەوتنى ناوبراو بۆ ناو بازنەى سیاسەتی ئەمەریکا شتێکی لەناکاو نەبوو. چونکە ئەو ئیمپراتۆریەتێکی لە بواری خانووبەرە و وەبەرهێناندا بنیاتناوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دیارترین کەسانى باڵادەستى ئابووری ئەمەریکادا دروستکردووە، لەسەروى هەموویانەوە “دۆناڵد ترامپ”، کە لەوەتەی هاتۆتە ناو کۆشکی سپییەوە، پێی باشتر بووە کەسانى وەکو “باراك” لەخۆى نزیک بکاتەوە، چونکە ئەزموونی دارایی و گرێبەستە گەورەکانیان هەیە. پەیوەندییەکانى نێوان “باراك” و ترامپ دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەکانى سەدەى رابردوو، کاتێک پشکێکی لە زنجیرە فرۆشگا گەورەکانی “ئەلێکساندەرز” پێ فرۆشت، هەروەها لە ساڵی (١٩٩٤) کاتێک ترامپ ڕووبەڕووی کێشەیەکی دارایی تووند بووەوە کە هەڕەشەی لە پڕۆژەکانی لە بوارى خانووبەرەدا دەکرد، “باراك” سوودى لە پەیوەندییە دێرینەکانى لەگەڵ بنەماڵەى شاهانەى سعودییە وەرگرت، ئەو پەیوەندییەى بۆ پشتگیریکردنی ژمارەیەک پڕۆژە بەکارهێنا، لەنێویاندا یارمەتیدانی ترامپ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکانی. ئەمەش دواى ئەوە هات کە بەرپرسێکی بانکی “چەییز مانهاتن” پەیوەندی بە “باراك”ەوە کرد، داوای هاوکاری لێکرد بۆ ڕزگارکردنی پڕۆژەیەکی کێشەدارى ترامپ لە مانهاتن. دواتر “باراك” گەشتێکی بۆ چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و بەڵێنی دارایی ڕاستەوخۆی لە هاوڕێ کۆنەکانی لە سعودیە وەرگرت، تاوەکو وەبەرهێنانەکانی ترامپ رزگار بکەن.
بەدرێژایى ساڵانى رابردوو پەیوەندییە ئابورییەکانى نێوان “باراك” و ترامپ بەردەوام بوو، بەڵام دواتر پەیوەندییەکە بەرەو دنیاى سیاسەت گۆڕانى بەسەرداهات. کاتێک لە ساڵی (٢٠١٦) “باراك” بووە ڕاوێژکاری بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپ، دواتر سەرۆکایەتی لیژنەى مەراسیمى دەستبەکاربوونی ترامپى وەکو (٤٥)هەمین سەرۆکی ئەمەریکا کرد. هەر بەهۆى پەیوەندییە نزیکەکانى لەگەڵ ترامپ، لە مانگی تەمموزی ساڵی (٢٠٢١)، “باراك” بە تۆمەتی کارکردن بۆ وڵاتێکی بیانی و هەوڵدان بۆ دروستکردنى کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا لە ڕێگەی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ، هەروەها بە پێدانی زانیاری ناڕاست بە (FBI) تۆمەتبارکرا. بەڵام دواجار لە مانگی نۆڤەمبەری (٢٠٢٢)دا لەو تۆمەتانە بێتاوان دەرچوو.
“پەیوەندى لەگەڵ میرەکانى کەنداو”
“باراك” مێژوویەکی دوور و درێژی هاوبەشی لەگەڵ میر و بازرگانەکانى کەنداودا هەیە. بەشداری لە دامەزراندنی چەندین کۆمپانیاى گەورەدا كردووه، وەکو کڕینى بەشێک لە پشکەکانى کۆمپانیاى سینەمایى میراماکس بە هاوبەشی لەگەڵ سندوقی سامانی سەروەری قەتەر. هەروەها هاوبەشی شازادە وەلید بن تەلال بووە لە کۆمپانیای “ڤێرمۆنت ئەند ڕافڵز” کە خاوەنی هۆتێلی گەورەیە لە مەککە و دوبەی و قاهیرە، ئەمە جگەلە هاوبەشییەکی گەورە لە زنجیرەی مارکێتە جیهانیەکانی کارفۆر شانبەشانی بێرنارد ئارنۆی بازرگانی فەرەنسی. کاتێک لە ساڵی (٢٠١٦) ترامپ بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد، رایگەیاند رێگە نادات موسڵمانان بچن ناو ئەمەریکاوە، ئەم لێدوانەش نیگەرانى لە ناوەندەکانى کەنداودا دروستکرد. بەڵام “باراك” هەوڵیدا ئەو نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکرد، یوسف ئەلعوتەیبە باڵیۆزی ئیمارات لە واشنتۆن پەیامێکی بۆ “باراك” ناردوە و تیایدا دەڵێت “نادڵنیاییەکى زۆر لە دەوری “دۆناڵد ترامپ”ی هاوڕێت هەیە”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوەش نیگەرانییەکى قووڵی لاى زۆر کەس دروستكردووه”. “باراك” لە وەڵامدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە ترامپ “لە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو تێدەگات” و “وەبەرهێنانی هاوبەشی لە ئیماراتدا هەیە”.
لەلایەکى دیکەوە “باراك” ڕۆڵێکی دیارى هەبوو لە برەودان بە جارید کوشنەرى زاوای ترامپ لەلاى بەرپرسانی کەنداو، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی (٢٠١٦) نامەیەکی بۆ ئەلعوتەیبە نووسیوەو تیایدا دەڵێت: “ئێوە خۆشتاندەوێت، ئەویش کارنامەکەمان پەسەند دەکات”. بەگوێرەى ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، “باراك” لە ساڵى (2017) رۆڵێکى دیارى لە لوتکەی ڕیازدا گێڕاوە. چونکە “باراك” بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە نزیک و دەیان ساڵەکانی، لەپشتى پەردەوە کاریكردووه بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی ترامپ لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداودا. بەم شێوەیە “باراك” تەنها بازرگانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پردێکی سیاسی و ئابووری بوو لەنێوان ئیدارەکانی ئەمەریکا و سەرکردەکانی کەنداودا، کاتێک پەیوەندییەکان ئاڵۆز دەبن یان دەرگای ههژموون دەکرێتەوە، ئەوا “باراك” بانگهێشت دەکرێت.
“ئاشتکردنەوەى دیمەشق و تەلئەبیب”
کاتێک ترامپ دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢٤) گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی، نیازی خۆی بۆ کاندیدکردنی تۆم “باراك” بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا ڕاگەیاند. کاندیدکردنەکە لە کۆتایی مانگی نیسانی (٢٠٢٥) لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکاوە پەسەندکرا، هەرچەندە “باراك” ئەزموونی پێشوەختەی دیپلۆماسی نەبوو. ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی دانانی هاوکارە بازرگانییە نزیکەکانی ترامپە بۆ پۆستە هەستیارەکان. بەدەر لە تورکیا، ئەو نوێنەرى سەرۆکى ئەمەریکایە لە سوریا و لوبنان، ئەرکی داڕشتنەوەی کاروبارەکانى ئەو ناوچەیەى پێ سپێردراوە، لەدواى ئەوەى لە سوریا دەسەڵاتى بەشار ئەسەد کۆتایى هات، لە لوبنانیش بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە ههژموونى حیزبوڵا و ئێران بەرەو لاوازى و پوکانەوە رۆیشتووە.
“باراك” لەم قۆناغەدا کار بۆ جێبەجێکردنى دیدگای نوێی “ترامپ” دەکات کە تێکەڵکردنى سیاسەتە لەگەڵ ئابووری لەگەڵ بەکارهێنانى تاکتیکى دیپلۆماسی. لە سوریادا خۆی وەک ناوبژیوانێکی گواستنەوەی ئاشتیانە نیشاندەدات، نەوەکو سپۆنسەری پڕۆژەیەک بۆ گۆڕانکاری بەزەبرى هێز. بۆیە بەشداریکرد لە مەراسیمی هەڵکردنی ئاڵای ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەی دیمەشق بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی (٢٠١٢)ەوە، هەروەها چەند جارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرعى سەرۆکى راگوزەرى سوریادا کۆبووەتەوە، جگەلەوەى ئەمەریکا لەم ماوەیەدا ژمارەى بنکە سەربازییەکانى لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە هەشت بنکەوە بۆ یەک بنکە کەمکردۆتەوە. پڕۆژەکەى “باراك” بۆ سوریا، دوو خاڵى جێگەى مشتومڕى لەخۆگرتوە کە تایبەتن بە پەیوەندى نێوان تەلئەبیب و دیمەشق. “باراك” داوا لە سوریا دەکات بەچاودێری ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل پەیمانى پەلامارنەدانى یەکتر واژۆ بکەن، ئەمەش وەکو هەنگاوى سەرەتایە بۆ “چونە ناوەوەى پلە بە پلە”ى سوریا بۆ ناو رێکەوتنەکانى ئەبراهام، هەرچەندە ئەمە “رەنگە کاتێکی زۆری بوێت”. بەدەر لە دۆخى سیاسى، “باراك” سپۆنسەری واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی گەورەی کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی وزەی سوریا لەنێوان حکومەتی دیمەشق و کۆمپانیا ئەمەریکی و قەتەری و تورکییەکاندا. ئەم ڕێککەوتنە کە بەهاکەی حەوت ملیار دۆلارە، بە ماناى گەڕانەوەی نەرمی ئەمەریکایە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە، نەوەکو لە ڕێگەی سەربازییەوە.
“ئاوەدانکردنەوەى لوبنان بەبێ چەک”
“باراك” تائێستا چەندجارێک سەردانى لوبنانى كردووه، لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتیەکەى لوبنان و پاتریارکی مارۆنی و سەرۆکی هێزەکانی لوبناندا کۆبووەتەوە. پرۆژەکەى “باراك” بۆ لوبنان جەختدەکاتە سەر دووانەی ئاسایش و سەروەری و سێ تەوەرى لەخۆگرتوە، کە پێکهاتوون لە: چەکداماڵینی حیزبوڵا و هێشتنەوەى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا، چاکسازی دارایی و ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی ئابووری نەختینەیی، هەروەها باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا و دیاریکردنی سنوورە وشکانی و دەریاییەکان. “باراك” جەخت لەوە دەکاتەوە کە جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە لە بەرانبەر پاڵپشتی کەنداوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی باشوور و ڕاستەوخۆ “سوود” بە کۆمەڵگەی شیعە دەگەیەنێت. “باراك” بەپێچەوانەى مۆرگان ئۆرتاگۆسى نوێنەری پێشووی ئەمەریکاوە، هەوڵدەدات بۆ هاوبەشیکردنى دەسەڵاتدارانى لوبنان نەوەکو وروژاندنیان، چونکە پشتیوانی ئەمەریکاى مەرجدار كردووه بە هاوسەنگى ناوخۆیى و سنووردارکردنی چەکەکانی حزبوڵڵا، واتە وەرگرتنی مۆدێلی “پارە لەبەرامبەر سەقامگیری”.
تێبینى: ئەم بابەتە بەشێکە لە راپۆرتێکى درێژى (احمد الطنانى) بەناونیشانى: توم باراك: مهندس الهيمنة الأميركية الناعمة في سوريا و لبنان، کە لە (7/ئاب/2025) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى