“لیۆ پالد فان زاخار-مازۆخ”
“لیۆ پالد فان زاخار-مازۆخ” (لەدایکبووی ٢٧ی ژانڤییەی ١٨٣٦ لە لامبێرگ- کۆچکردوو لە ٩ی مارسی ١٩٨٥ لە لیندهایم). زاخار مازۆخ زیاتر وەکوو نووسەری ڕٶمانی “ڤێنووسی کوڵکپۆش” ناوی دەرکردووە کە سەبارەت بە پەیوەندیی مازۆخیستیی نێوان سورین فان کوزیمێسکی؛ گەنجێکی تەڕپۆش و خۆشمرخ، لەگەڵ ڤاندا فان دوناژۆ، بێوەژنێکی جوان و ئازادئەندێش، ژنێک کە سورین دەبێت بە کۆیلەی. ئەم ڕۆمانە بەپێی ڕووداوە واقیعییەکانی ژیانی نووسەر نووسراوە، بەشێوەیەک کە دوکتۆر “ڕیچارد فان کرافت-ئێبینگ”یش لە ڕوونکردنەوەکەی لەبارەی وشەی مازۆخیسم ئاماژەی دەداتێ. “لیۆ پالد فان زاخار-مازۆخ” لە ساڵی ١٨٣٦ لە شاری لامبێرگ لە گالیسیا لەدایک بوو. ئەو تێکەڵەیەک لە نەژادەکانی سپانیۆلی، ئاڵمانی و ئسلاڤی بوو. دەوترێت کە بناغەدانەری بنەماڵەکەیان بە ئەگەری زۆر سپانییەکی گەنج و نەجیبزادە بە ناوی ماتیاس زاخار بووە کە لە سەدەی شازدەیەم لە شاری پراگ نیشتەجێ بووە. باوکی لیۆ پالد کە سەرۆکی پۆلیسی شاری لامبێرگ بوو لەگەڵ شارلۆت فان مازۆخ، کچێکی بەگزادە و بە ڕەچەڵەک ڕووسی ژیانی هاوسەری پێکهێنا. لیۆ پالد کە مناڵی گەورەی بنەماڵەکە بوو نۆ ساڵ پاش ئەم هاوسەرگیرییە لەدایک بوو و لە منداڵیدا بە ڕادەیەک کز و لاواز بوو کە وای بۆ دەچوون گیان دەرنەبات. بەڵام کاتێک دایکی ڕادەستی دایەنێکی جووتیار و بەخۆوەبووی ڕووسی کرد تاکوو شیری بداتێ، وردەوردە گیانی وەبەر هاتەوە و بەهێزتر بوو، بە شێوەیەک کە دواتر خۆی لەم بارەیەوە وتی نەک تەنها تەندروستی بەڵکوو “ڕۆحیشی” لە دایەنە شیردەرەکەی وەرگرتووە. لیۆ پالد ئەفسانە سەیر و سەمەرە و خەمناکەکانی وڵاتی ڕووسیا و خۆشویستنی خەڵکی ئەو وڵاتەی لە دایەنەکەیەوە فێر بوو. زاخار مازۆخ بە منداڵی شایەتحاڵی کۆمەڵێک دیمەنی شۆڕشگێڕانەی خوێناوی بوو کە لە ساڵی ١٨٤٨دا گەیشتنە چڵەپۆپەی خۆیان. کاتێک ١٢ساڵی تەمەن بوو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە پراگ نیشتەجێ بوو و بەو هۆیەش منداڵێکی زوو هەڵکشاو بوو، زمانی ئاڵمانی بە باشی فێر بوو. لیۆ پالد لە دەمەدەمی مێرمنداڵیدا کەش و ژینگە و تەنانەت هەندێ لەو توخمە سەرەکییانەی کە تایبەتمەندیی بەرهەمەکانیان دیاری دەکرد، دۆزیبوویەوە.
شوێنپێگرتنی توخمە بنەڕەتییەکانی ئەم تایبەتمەندیانە کە لەسەر خەیاڵکردنە سێکسییەکانی کاریگەریی زۆریان هەبوو، جێگەی سەرنجە. لیۆ پالد بە منداڵی بەنیسبەت ئەوەی ڕەفتاری ستەمکارانە و ملهوڕانە بنوێنێتەوە خواست و ئارەزوویەکی خەست و توندی هەبوو؛ لە بینینی وێنەکانی لە سێدارەدان چێژی وەردەگرت، خوێندنەوەی ئەو ئەفسانانەی کە لەبارەی شەهیدە ئاینییەکانەوە بوون لا گرنگ بوو و کاتێ گەیشتە تەمەنی باڵقبوون زۆر کات خۆی لە خەودا دەبینییەوە کە کۆت و بەند کراوە و بووە بە کۆیلەی ژنێکی ستەمکار کە ئەشکەنجەی دەدا. نووسەرێکی نەزانراو نووسیویەتی کە ژنانی گالیسیا (یەکێک لە ناوچەکانی ئیمپراتۆریی نەمسای ئەو کات) یا بە تەواوەتی بەسەر مێردەکانیاندا زاڵ بوون یا خۆیان دەبوون بە بەدبەختترین کۆیلەکانی بەردەستی مێردەکانیان. بەپێی گێڕانەوەی ئیشتریچ ترۆل، لیۆ پالد لە تەمەنی دە ساڵاندا شایەتحاڵی دیمەنێک بوو کە کاریگەرییەکی قووڵ و جێگیری لەسەر دانا. کێنتس زێنوبیا ئیکس، یەکێک لە خزمانی باوکیی بوو کە ژنێکی جوان بەڵام غەدار و ملهوڕ بوو و لیۆ پالد کە مەفتوونی جوانی و جلوبەرگی ئاڵاوئاڵای بووبوو بە تەواوەتی شێت و شەیدای بوو. کێنتسیش ئەوینداری و خزمەتە بچوکەکانی ئەم منداڵەی قبووڵ کردبوو و هەندێ جار بواری دەدا لە کاتی جل گۆڕینەوەدا ئەویش ئامادە بێت؛ جارێکیان کاتێک لە بەرامبەر کێنتسدا دانەویبووە تاکوو قەیتانی پێڵاوە چەرمییەکانی ببەستێ، قاچی ماچ کرد.
کێنتس بزەیەکی کرد و شەقێکی لێدا و ئەمەش بوو بەهۆی چێژێکی زۆری لیۆ پال، ماوەیەک دواتر شتێک ڕووی دا کە لەسەر هێزی خەیاڵکردنی لیۆ پالد کاریگەرییەکی زۆری دانا. لەکاتی چاوەشارکێ لەگەڵ خوشکەکانیدا لە پشت جلەکانی کێنتس لە ناو دۆڵابی جلەکان لە ژووری نوستنەکەیدا خۆی شاردبوویەوە کە لە پڕێکدا کێنتس لەگەڵ پیاوێک هاتە ژوورەوە. لیۆ پالد کە نەیدەوێرا لە شوێنەکەی خۆی بجووڵێت، شایەتحاڵی ڕامووسان و تێکەڵبوونیان بوو. چەند خولەک دواتر مێردی کێنتس لەگەڵ دوو هاوڕێی هاتە ناو ژوورەکەوە، بەڵام پێش ئەوەی مێردەکەی وە خۆی کەوێت کێنتس هەستایەوە و کێشای بە دەمیدا، بە شێوەیەک کە مێردەکەی بە پشتا کەوت و خوێن لە دەمولوتی پژا و دواتر کێنتس قامچییەکەی هەڵگرت و هەر سێ پیاوەکەی کردە دەرەوە، بەشێوەیەک کە ماشقەکەیشی لەو هەراهۆریایەدا هەڵهات. لە جەنگەی ئەم ڕووداوانەدا جلەکانی ناو دۆڵاب کەوتن و منداڵەکە کە بەشێوەیەکی نەخوازراو شایەتحاڵی ڕووداوەکان بوو کەوتە بەر چاوی کێنتس. کێنتسی تووڕەش بازی دایە سەر سینگی و ئەژنۆکانی نووساند بە شانەکانییەوە و دەستی کرد بە لێدانێکی بێوچان. لیۆ پالدی دە ساڵان ئازارێکی زۆری بەر کەوت، بەڵام هەستی بە چێژێکی سەیر و سەمەرەش کرد، لە کاتی ئەم لێدانەدا مێردەکەی گەڕایەوە ژوورەکە. ئیدی تووڕەش نەبوو بەڵکوو وەکوو کۆیلەیەکی ملکەچ لە بەرامبەریدا چۆکی دادابوو و بە پاڕانەوەیەکی زۆرەوە داوای لێبوردنی دەکرد. منداڵەکە لە کاتی هەڵهاتندا چاوی لێ بوو کە کێنتس لەقەیەکی کێشا بە مێردەکەیدا. زۆر حەزی دەکرد جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ژوورەکە بەڵام نەدەکرا؛ دەرگاکە داخرابوو و نەیدەتوانی شتێک ببینێت، بەڵام دەنگی قامچی و ئاهـ و ناڵەکانی “کێنێت”ی مێردی لە ژێر لێدانەکانی ژنەکەی دەبیسترا.
بەڕوونی دەبینرێت کە ئەم دیمەنە و کاریگەریی لەسەر منداڵێک بە ڕۆحییەتێکی هەستیار و تایبەتەوە دەرگای تێڕوانینێکی هەستئامێزی تایبەتە بەسەر بەرهەمەکانی زاخار-مازۆخدا بۆیە بە وتەی ژیاننامەنووسەکەی مازۆخ تا ماوەیەکی زۆر لە ژیاندا ژنی بە بوونەوەرێکی خۆشەویست و هاوکات ڕقلێبوو دەبینی؛ بوونەوەرێک کە بەهۆی جوانی و هاوکات تایبەتمەندیی غەدارانەیەوە هەر کاتێک بیویستایە سواری ملی پیاوان دەبوو. پاڵەوانی یەکەمین ڕۆمانی گرینگی واتە “نێردراو” کە لەبارەی شۆڕشی پۆڵۆنیا بوو دیسان ژنێکە لە فۆرمی کەسایەتیی کێنتس زێنوبیا. تەنانەت قامچی و جلوبەرگە ئاڵاوئاڵاکانی، ڕەمز و نیشانە هەستەکییە جێسەرنجەکانی ساخار-مازۆخیش لە ڕێگەی هەمان ڕووداوی ئاماژەپێدراوی سەردەمی منداڵییەوە پاساوهەڵگر و ڕوونکەرەوە دەبن. مازۆخ لەبارەی ژنانی جوانەوە دەیوت : “حەز دەکەم لە جلی کۆڵکندا بیبینم” و لەبارەی ژنانی ناشیرینیشەوە دەیوت: “ناتوانم بیهێنمە پێش چاوی خۆم کە جلی کۆڵکنیان لەبەردا بێت” سەردەمێک ئەو کاغەزانەی کە لەسەری دەینووسین بە کۆمەڵێک وێنەی بچووکی ژنێک بە جلی ڕوسییەوە کە پاڵتۆیەکی کوڵکنی لەبەردا بوو و پێستی نەرم و ناسکی دادەپۆشی و قامچییەکی لە دەستدا بوو ، ڕازاندبووەوە. حەزی دەکرد بەسەر دیوارەکانی ماڵەکەیدا وێنەی ژنان بە جلوبەرگی کۆڵکدار و تووکنەوە هەڵواسرا بێت، لەو جۆرەی کە نموونە بەشکۆکەی لە تابلۆی بەرهەمی ڕۆبێنس لە مۆزەخانەی شاری مۆنیخدا دەبینرا.
زاخار- مازۆخی مێرمنداڵ لە تەمەنی سیانزە ساڵاندا، لە کاتی شۆڕشی ساڵی ١٨٤٨دا لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەریی تێکەڵ دەبێت و لە بەرگریی لە سەنگەرەکاندا هاوکاری کرد، لە کاتێکدا کە کچە گەنجێکی خزمیان هاوڕێ و هاوشانی بوو. بەو شێوەیەی کە دواتر لیۆ پال دەیگێڕێتەوە کچە دلێر و جەنگاوەر بوو، بەڵام ئەمە شتێکی کورتخایەن و کەمتەمەن بوو و لیۆ پال دواتر خوێندنی خۆی بەشێوەیەکی درەوشاوە درێژە دەداتێ. باوکی پیاوێکی هونەردۆست بوو و بانگهێشتی ئەکتەرانی تازەکاری بۆ ڕۆڵگێڕان لە شانۆنەمەکاندا دەکرد. تەنانەت شانۆنامە جیدییەکانی گۆتە و گوگولیش هەر لەو ماڵەی باوکیدا نومایش دەکران و یارمەتیی تێگەیشتن و چەشەی هونەریی لیۆپالدی مێرمنداڵیان دەدا. بەڵام لە تەمەنی شانزە ساڵیدا لە پڕێکدا خوشکە ئازیزەکەی لە کیس دا و لەوە بەدواوە بوو بە گەنجێکی بێدەنگ و جیدی، تا شوێنێک کە دەتوانین ئەم ڕووداوە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانیدا بزانین. لیۆ پال لە زانکۆکانی پراگ و گراس بە وەها جیدییەتێکەوە لە خوێندن بەردەوام بوو کە لە تەمەنی ١٩ ساڵاندا دۆکتۆرای لە بواری مافدا وەرگرت و دواتر لە زانکۆی گراسدا دەستی کرد بە وانەوتنەوەی مێژووی ئاڵمان. بەڵام هەر زوو ملکەچی ڕاکێشەرییەکانی دنیای ئەدەب بوو و وازی لە وانەوتنەوە هێنا. بەم حاڵەشەوە لە شەڕی سێلفینۆ لە ساڵی ١٨٦٦ لە ئیتالیدا بەشداری کرد و لە سوپاسالارێکی ئیتالیایی مەدالیای بوێریی وەرگرت، ئەگەرچی ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ژیانی ئەدەبی نەبوو بەڵام چیرۆکەکانی وردەوردە لە ئەورووپادا ناویان دەرکرد.
ئەوەی وا گرینگ بوو پەیوەندییە ئاشقانەکانی زاخر-مازۆخ بوو. بە وتەی هاوسەرەکەی ئەو بەردەوام هەوڵی داوە حاڵەتێکی ڕٶمانسی و نومایشیی بدات بە ژیانی، بە شێوەیەک کە جارێک لەگەڵ خانمە شازادەیەکی ڕووس بەرەو شاری فلۆرانس هەڵهات و ماوەیەکیش بوو بە سکرتێری. بەزۆری پەیوەندییە ئاشقانەکانی بە خەم و خەمۆکی کۆتاییان دەهات. سەرەتا لە زانکۆی گراس لەگەڵ کچێکی میهرەبان دەزگیرانیی کرد. بەڵام دواتر لەگەڵ ژنێکی گەنج بەناوی لۆرا ڕۆلمین ئاشنایی پەیدا کرد کە دەسکێشی دەدووری و لەگەڵ دایکدا ژیانێکی سادەیان دەبردە سەر. لۆرا کە لەو کاتەدا ٢٧ ساڵی بوو، ئەگەرچی بنەماڵەیەکی هەژار و نەخوێندەاری هەبوو بەڵام خۆی زۆر زیرەک بوو و هەر زوو پەیوەندییەکی ڕازاویی لەگەڵ لیۆپال دەست پێ کرد. سەرەتا نامەیەکی بۆ نووسی کە تێیدا ناوی خوازراوی فان دێناژۆ (پاڵەوانی ڕۆمانی زاخار-مازۆخ)ی هەڵبژارد. کە تێیدا نووسرا بوو دەیەوێت ئەو نامانەی کە هاوڕێیەک تەنها بۆ گاڵتە بۆ لیۆ پالدی ناردووە وەرگرێتەوە. سازار-مازۆخ لەسەر ئەمە پێداگر بوو کە زیاتر لە هەر شتێک نووسەری نامەکە ببینێت و بە خەیاڵ و خەون وای دانبوو کە ئەو ژنێکی مێرددار و بەگزادەیە-بە ئەگەری زۆر کۆنتس-ە کە بۆ ڕێگه وێڵکردن جلوبەرگی سادە لەبەر دەکات. لۆرا کە نەیدەویست واقیعی ژیانی خۆی ئاشکرا کات، وێنا و خەیاڵبازییەکانی وەکوو خۆی هێشتنەوە. ئەگەرچی لۆرا تا ماوەیەک سیمای ڕازاوییانەی خۆی پاراست بەڵام لە ئەنجامدا هەر دووکیان زۆر هۆگری یەکدی بوون و لە ساڵی ١٨٩٣دا هاوسەرگیریییان کرد. بەڵام هێندەی پێنەچوو کە هەر دووکیان تووشی زوقم بوون.
لۆرا زەینی خەیاڵپڵاو و خەمگینی ئەو و مەودایەک کە لەگەڵ واقیعدا هەیبوو لە لا ئاشکرا بوو و لیۆ پالدیش تێگەیشت کە ژنەکەی نەک تەنها بەگزادە نەبووە بەڵکوو لەمانەش گرینگتر لەگەڵ پاڵەوانی دەسەڵاتخوازی خەونەکانی ئەودا زۆر مەودای هەبووە. ماوەیەک دوای هاوسەرگیریی داوای لە ژنەکەی کرد تاکوو بە قامچی لێی بدات. بەڵام لۆرا قبووڵی نەکرد، بەڵام لیۆ پال وتی دەی کەواتە بە خزمەتکارەکەمان دەڵێم. ئەگەرچی لۆرا قسەکەی بەهەند وەرنەگرت، بەڵام خزمەتکارەکە بە هەموو گوڕ و تینییەوە دەستی کرد بە قامچی لێدانی و لیۆ پال لەم قامچی لێدانە زۆر ڕەزامەند بوو. ناچار بوون خزمەتکارەکە دەربکەن، بەڵام زاخار-مازۆخ بەردەوام لەوەی کە هاوسەرەکەی بەدناو و دۆخەکەی ئاڵۆز بکات چێژی وەردەگرت، لە حاڵێکدا کەسایەتیی لۆرا لەوە سرووشتیتر بوو کە ڕازی بێت بەم جۆرە پەیوەندییە و هەر ئەمەش بوو بەهۆی خەم و پەژارەیەکی زۆر لە ماڵەوەدا. لیۆ پال هانی هاوسەرەکەی دابوو تاکوو ڕۆژانە بە قامچی لێی بدات،؛ بەو قامچیانەی کە خۆی بزمارڕێژی کردبوون. ئەمەی بە ختووکەدەرێک بۆ کاری ئەدەبیی خۆی هەژمار دەکرد و دەیتوانی لە پاڵەوانە ئامادەکان واتە ئەو ژنانەی کە بە شێوەی بەردەوام پیاوان ملکەچ و کۆیلە بکەن، چاوپۆشی بکات، چونکە بە هەمان شێوە کە بە هاوسەرەکەی وتبوو کاتێک لە ژیانی ڕاستەقینەدا بە پێست و خوێن ئەمەی هەست پێ دەکرد ئەوا لە وێنا و خەیاڵ و خەونەکانیدا بەشێوەیەکی وەسواسانە لەگەڵ دیمەنە سوڵتەئامیزەکاندا ڕووبەڕوو نەدەبوویەوە. بەڵام زاخار-مازوخ بەمەش ڕازی نەدەبوو و بە شێوەیەکی بەردەوام داوای لە هاوسەرەکەی دەکرد کە خیانەتی لێ بکات. تەنانەت لە ڕۆژنامەیەکدا ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە بەم ناوەرۆک و ناونیشانەوە کە “ژنێکی جوان و گەنج خوازیاری ناسیاوەتی پیاوێکی بە توانا و وزەیە”. ئەگەرچی لۆرا دەیوسیت تا ڕادەیەک بەپێی ئارەزووەکانی مێردەکەی بجووڵێتەوە بەڵام نەک بەم ڕادەیەش. بۆیە لۆرا بەپێی ڕێکكەوتنیان ڕۆشت بۆ ئۆتێلێک تاکوو لەگەڵ ئەوە کەسەی وەڵامی ئاگادارییەکەی داوەتەوە دیدارێک بکات.
بەڵام کاتێک هەموو شتێکی بۆ کابرا گێڕایەوە کابرای جوامێر بە نەجابەتەوە تا دەرگای ماڵ بەڕێی کرد. ماوەیەکی پێچوو تاکوو زاخار-مازۆخ توانی هاوسەرەکەی خۆی پێملی خیانەتکردن بکات. لەو ڕۆژەدا خۆی هەموو ڕازاندنەوەکانی لۆرای ئەنجام دا و لە کاتی ماڵاوییشدا وتی:- “چەندە ئێرەیی دەبەم بەو پیاوە،” بەڵام ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی ئەوەی کە لۆرا هەست بە سووکایەتی بکات، بەشێوەیەک کە ئەوینی هاوسەرەکەی لە دڵیدا بوو بە نەفرەت. جیابوونەوەیان حاشاهەڵنەگر بوو. زاخار-مازۆخ لەگەڵ هۆڵدا میستێر کە وەکوو سکرتێر و وەرگێڕ لای ئەو ئیشی دەکرد هەندێک پەیوەندیی تاقی کردەوە، بەڵام لۆرا هۆگریی بە ڕۆزنتاڵ هەبوو. ڕۆزنتاڵ ڕۆژنامەنووسێکی زیرەک بوو کە لە دۆخی دژوار و پڕئازاری لۆرا تێگەیشتبوو و ئەویندار بوو. دوای ئەمە لۆرا لەگەڵ ڕٶزنتاڵ بۆ نیشتەجێبوون بەرەو پاریس ڕۆشت، زاخار-مازۆخ بەڵگەی جیابوونەوەی وەرگرت و لەگەڵ هۆڵدا هاوسەرگیریی کرد، ژنێک کە بەپێی قسەی ڕۆژنامەنووسان کەسێکی میهرەبان و خوێندەوار بوو و منداڵەکانی زۆر خۆش دەویست. یەکێک لە نووسەرە ژنەکانی ئەوکاتی نەمسا ئاوای نووسی: زاخار -مازۆخ جیا لە خواستە ناباوە سێکسییەکانی، پیاوێکی سادە و لەبەردڵان بوو کە هۆگریی بە منداڵەکانی مرۆڤی دڵخۆش و شاگەشکە دەکرد، حەوجێکانی کەم و کورت بوون، مەشرووبی نەدەخواردەوە، جگەرەی نەدەکێشا و لەگەڵ ئەوەدا کە حەزی دەکرد هاوسەرەکەی جلوبەرگی ئاڵاوواڵا و تووکن لە بەر بکات، خۆی لەوپەڕی سادەییدا جلی لەبەر دەکرد. وەکوو یەکێک لە هاوڕێکانی لیۆ پال دەڵیت ئەو بە سادەیی منداڵێک و بە لاساریی مەیموونێک بوو،
سەرچاوە:
سایت والس، لیو پولد فون ساشر مازوخ، ترجمە خجستە کیهان
وەرگێڕان؛ موحسین عەلیڕەزایی