“پوختە”
ئەم توێژینەوەیە باس لە ڕۆڵى ئەو ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسی و ڕۆژئاوایییانە دەکات، کە لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەهەم تاوەکوو ناوەڕاستى سەدەى بیستەم هاتوونەتە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان و دەستیان کردووە بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنى دەستنووسى ئەدەبى و بەرهەمى ئەدەبیى فۆلکلۆرى کوردى، پاشان ئەم بەرهەمانەیان لەلاى خۆیان و لە نامەخانەى وڵاتەکانیان پاراستووە و وەریان گێڕاونەتە سەر زمانى خۆیان و نەتەوەى دیکە و بەجیهانیان کردوون.ئەم لێکۆڵینەوەیە بەگشتى، پشتى بە ڕێبازى مێژوویی بەستووە، چونکە باس لە کۆکردنەوە و تۆمارکردنى بەرهەمى مێژوویی ئەدەبی ئەدەبی فۆلکلۆرى کوردى دەکات لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە .
“پێشەکی”
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ ناساندنی کار و چالاکی ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەی کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە هاتوونە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و کارەکانیان تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی دەستنووسی ئەدەبی و تۆمارکردنی بەرهەمی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، لەم پڕۆسەیەشدا مەلا و حیکایەتخوان بەیتبێژی کوردی هاوکارییان بوون. زۆربەی وڵاتانی وەکو ئینگلیز، ئیتالیا، ئەلمانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، ئەمریکا، ڕۆژهەڵاتناسەکانیان ناردۆتە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەنێو ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەدا، ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکان بێ مەبەست ڕۆلی بەرچاویتان هەبووە لە کۆکردنەوەی دەستنووسە ئەدەبییە کوردییەکان، لەنمونەی ڕۆژههڵاتناسەکان وەک “ئەلێکساندەر ژاپا، هارتمان، یۆربیلی، پیۆتر لێرخ، ئۆسکارمان” کە ناویان درەوشاوەیە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا. ئەم ڕۆژهەڵاتناسانە لەڕێگەی لێکۆڵینەوەکانیان خزمەتی گەورەیان بە کورد کردووە و توانیویانە ئەو دەستنووس و تۆمارانە لە فەوتان بپارێزن، کە بۆ ئەمڕۆ بونەتە خەزێنەیەکی بەنرخ و سەرچاوەی زانیاری بۆ نەوەی نوێ و بوونەتتە کەرەستەیەک بۆ ئەو ڕووناکبیر و لێکۆڵەڕانەی دەیانەوێت لەمێژووی ئەدەبی کوردی بکۆڵنەوە.
پێناسە و ناساندنێکی کورتی ڕۆژهەڵاتناسی؛ ڕۆژهەڵاتناسی وەک بواڕێکی مەعریفی، جۆرێکە لەدیراسەکردنی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕۆژئاواوە، ئەویش لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لە داب و نەریت و کولتوور و کەلەپووری میللەتانی ڕۆژهەڵات، لەلایەن لێکۆڵەرە ڕۆژئاواییەکانەوە ئەنجام دراون کە بە”ڕۆژهەڵاتناس”ناویان دەرکردووە. ڕۆژهەڵاتناسی، واتە ئەو دیسپلینانەی کە ئامانجیان لێکۆڵینەوەی شارستانییەتەکانی ڕۆژهەڵاتە، زاراوەی ڕۆژهەڵاتناسی بە عەرەبی استشراق و بە فارسی خاورشناسی….هتد، بەکارهاتووە بۆ دیاریکردنی ئەو زانستەی کە نوسەرە ڕۆژئاواییەکان لە ئاکامی گەشتەکانی خۆیان بەرەو ڕۆژهەڵات خۆیان پێوە خەریک کردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە میللەتانی رۆژهەڵات:نیشتیمانیان، زمانیان، مێژوویان ئەفسانەیان،ئەدەبیاتیان،داب و نەریتیان “پیرباڵ،11،2020”
“ڕۆژهەڵاتناسی”
لەبنچینەدا وەک زانستێکی سەربەخۆ لەلایەن وڵاتانی کۆلۆنیالیزمە ڕۆژئاواییەکانەوە دورست کراوە، بەمەبەستی دیراسەکردنی ڕۆژهەڵات، تاوەکوو لایەنە لاواز و شاراوەکانی وڵاتانی کۆلۆنییالیکراوی ڕۆژهەڵات دەستنیشان بکەن. “ئێدوار سەعید” ڕۆژهەڵاتناسی بە نەریتێکی ئیمپریالیستی دەبەستێتەوەو وەک ڕێگەخۆشکەر و بەشێک لە پەیامی داگیرکاری و شەرعیەت بە ئەوروپییەکان بۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵات دادەنێت و بەتوندی ڕەخنە لە کاری ڕۆژهەڵاتناسی دەگرێت و پێیوایە، ڕۆژهەڵاتناسی ڕێگا و میتۆدێکی زانستییەو توانییویەتی بەردەوام لەخزمەتکردنی ڕۆژئاوادا بێت، هەروەها ڕۆژهەڵاتناسی دەبەستێتەوە بە ئایدیۆلۆژی و سیاسەت و لۆژیکی دەسەڵاتی ڕۆژئاواوە، بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵات. بۆیە هەندێک لە لێکۆڵەران پێیانوایە، لەدوای شۆڕشی پیشەسازی بەشێک لەوڵاتە ئەوڕوپییەکان هاتنە ناوچەی ڕۆژهەڵات و بزوتنەوەی کۆلۆنیالیزمی و داگیرکردنی ئەم ناوچانە دەرکەوت، ئیدی وڵاتە کۆلۆنیالیزمیەکان کەوتنە خزمەتکردنی ئەو پڕۆسەیەوە. زۆربەی وڵاتانی کۆلۆنیالیزم لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە، کەوتنەتە لێکۆڵینەوە لەسەر لایەنی کولتوور و باوەڕ و داب و نەریت و ڕەوشت و سامانی گەڵانی ڕۆژهەڵات، بۆئەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم میللەتە بزانن.
“کورتەیەک لەدەرکەوتنی مێژووی ڕۆژهەڵاتناسی”
ڕۆژهەڵاتناسی وەک پسپۆڕێکی زانستی لە سەدەی هەڤدەهەم دەرکەوتووە، بەریتانیا پێشەنگی ئەم وڵاتانە بوو زوو گرنگی بەم لایەنەدا لە ساڵی”1640”زاینی ئارک بیشۆپ لۆد، دەستنووسە ڕۆژهەڵاتیەکانی کۆکردەوە و یەکەم کورسی خوێندنی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد دامەزراند، ئەمەش سەرەتایەک بووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستنووس و زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان، لە ساڵی 1774یشدا کۆلێژی شاهانە لە فەڕەنسا بەشێکی تایبەت بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی کردەوە و ژمارەیەک مامۆستای ڕۆژهەڵات و زمانزانی بۆ وتنەوەی ئەم زمانانە تەرخان کرد، پاشان لەساڵی 1795 قوتابخانەیەکی تایبەت بە زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان دامەزرا، بەناوی قوتابخانەی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان؛زمانی فارسی و تورکی و عەرەبی تێدا دەخوێنرا. ئەم هەوڵەی فەڕەنسا بە هەوڵێکی نوێتر دادەنرێت، چونکە دامەزراندنی و قوتابخانە و تایبەتکردنی مامۆستا بۆ وتنەوەی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان،لەسەدەی هەژدەم بەملاوە ڕووسەکانیش هەولیاندا بۆ فێربوون و دەرسگوتنەوەی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان لە ڕووسیا، چاپخانەکانیان بۆ یەکەمجار ئەلف و بای عەرەبیان تێکەوت و بەکاریان هێنا، هەنگاوی یەکەم بۆ دامەزراندنی ڕۆژهەڵاتناسی لەڕووسیا دەگەڕێتەوە بۆ چارەکی دووەمی سەدەی هەژدەهەم، ئیدی لەساڵی 1724بوو، کە ئەکادیمای زانستی لە پترسبۆرگبۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵات دامەزرا، لەساڵی 1818شدا ئەکادیمیای زانستی ئیمپراتۆڕیەتی ڕووسی بووە مەلبەندێکی گرنگی لێکۆڵینەوی ڕۆژهەڵاتناسی.
“کورد لە لێکۆڵینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکاندا”
گرنگیدان بەکورد لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە هەر لەسەدەی هەژدەهەم دەستی پێکردووە، هەرچەندە ئەم بایەخەی ڕۆژهەڵاتناسەکان زیاتر لەچوارچێوەی”توێژینەوەی زمانی کوردی و دیالێکتەکانی لەسەر بنەمای زمانی زیندووی میللی و کەرستەی فۆلکلۆر بووە “ بەڵام بەرهەمی ئەدەبی نوسراو نەکەوتووەتە بەر دیدە و نەبۆتە جێی بایەخی توێژەران. لەسەدەی هەژدەهەم لێکۆڵینەوە ڕۆژهەڵاتناسەکان زیاتر دەربارەی مێژوو و جیۆپۆلۆتیکی کوردستان ژیان و نەژاد و زمانی کوردی بوون، کەمتر بەلایەنی ئەدەبیدا ڕۆیشتوون. هەروەها بەرهەم و کتێبە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەشێوەیەکی گشتی تا سەدەی نۆزدەهەم بەشێکی دەگمەن و زۆر کەم تەرخان کراون بەکورد، هۆی ئەمەش دیارە کە کورد بە پێچەوانەی عەرەب و تورک و فارس، هەرگیز دەوڵەتێک یان قەوارەیەکی سەربەخۆی بەناوی خۆی نەبووە، هەمیشە لەچوارچێوەی چەند ویلایەتێکی جۆراوجۆری سەر بە ویلایەتی فارس و عەرەب و تورک ژێردەستە ژیاوە، یانیش سەر بەچەند میرنشینێکی سەر بەم وڵاتە غەیرە کوردانە دابەش کراون، لەژێر ناوی هۆز و عەشیرەت و گرووپی ئەتنیکی ناوی هاتووە، نەوەک نەتەوەی خاوەن وڵات. لەلایەکی تریشەوە، فرە دیالێکتی زمانی کوردی دووری ناوچەکان لەیەکترەوە، هۆکارێکی ترە کە ڕۆژهەڵاتناسەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست لێکۆڵینەوەی واقیعی و شایستە بە کورد پێشکەش بکەن. ڕۆژهەڵاتناسەکان نەیانتوانیووە وەک پێویست لێکۆڵینەوەی واقیعی و شایستە بە کورد پێشکەش بکەن، سەرچاوەکانی کوردناسی تاوەکوو سەدەی نۆزدەهەم؛ تەنیا بریتین لەو لاپەڕە دەگمەن و پەرش و بڵاوانەی لەکونجی هەندێک لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسان، کە لەبارەی ویلایەتەکانی سەر بە دەوڵەتی فارس و عەرەب و عوسمانی نوسیویانە، هیچ کتێبێکی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتناسەکانمان لەسەر کوردستان لەبەر دەستدا نییە، مەگەر تەنیا کتێبێکی دەگمەنی وەک کتێبی “ڕێزمان و موعەجەمی زمانی کوردی” قەشەی ئیتالی “گارزۆنی” نەبێت، لە ساڵی 1787دا لەڕۆما لەبارەی زمانی کوردی بڵاوی کردۆتەوە و کوردناسان پێی دەڵێن؛باوکی کوردناسی و دامەزرێنەری زانستی کوڕدۆلۆژی.
هەروەها لەنێوان ساڵانی 1851- 1861 میسیۆنێری ئەمریکی”ڕیا” لەناو کوردەکانی هەکاریدا ژیاوە، بەچاکی فێری زمانی کوردی بووە و لەساڵی 1870 دا کتێبی “دەستنووسی زمانی کوردی و فەرهەنگی هەرێمی هەکاری”داناوە، کە بەکارێکی بەنرختر هەژمار دەکرێت، لەچاو کارەکانی پێش خۆی، بەم جۆرە دەیان کوردناس لە ئیتالیا و ڕووسیا و ئینگلستان و ئەلمانیا و فەڕەنسا، توانیان تەکانێک بەزانستی کوردناسی بدەن و بەرەوپێشی ببەن. لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم ڕۆشنبیری ئەرمەنی “خاچاپۆر ئابۆڤیان”؛ دوو وتاری بەنرخ و گرنگی زانستی سەبارەت بە کورد نووسی، وتاری یەکەم بەناوی “کورد” بۆ یەکەمجار لەڕۆژنامەی “قەفقاس” لەساڵی 1848 بڵاوکراویەوە، وتاری دووەمی “یەزیدی” دیسانەوە هەر لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوکردەوە، لەم دوو وتارە تێبینی و ئەنجامی زانستی دەست دەکەوێت لە لایەنی نەژادی کورد و ئەدەب و فۆلکلۆری دەوڵەمەندی کورد و زمانی کوردی. ئاشان ئابۆڤیان بەشێوەیەکی فروانتر دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لەسەر کورد، بیروڕاکانی جێگای سەرنجی زانایانی ئەوروپی ڕاکێشاوە بۆئەوەی لەئەدەبی میللی کوردی بکۆڵنەوە، لەدوای لێکۆڵینەوەکانی ئابۆڤیان، لێکۆڵینەوە لەئەدەب و فۆلکلۆری کوردی بەشێوەیەکی قوول و فراوان لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسی و ئەورپییەکانەوە دەست پێدەکات.
“ئەدەبی کوردی لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسیدا”
ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکان بایەخی زۆریان بە کوردناسی داوە، تەنانەت یوسف بگارەڤیچ یۆربیلی پێی وایە؛ هیچ زانستێکی تری کوردناسی ئەوەندەی زانستی کوردناسی سۆڤیەتی، بایەخی بە کوردناسی نەداوە، چونکە زۆربەی ئەوانەی لە کوردییان کۆلیوەتەوە ڕووس بوون. ڕووسەکان بەدڵکراوەیی و بێ مەبەست لەزمان و کوولتورییان کۆڵیوەتەوە. لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە دا و نەریت و کولتوور و خووڕەوشتی کورد، دەوڵەتی ڕووسیا زانا و ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی دەناردە ناوچەکانی کوردستان و هەرێمەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەکارەکانیاندا زیاتر بایەخیان بە زمان و فۆلکلۆر و دەستنووسە ئەدەبیەکان داوە، لەلێکۆڵینەوەکانیان درکیان بەوە کردووە، کە میللەتی کورد دەستنووس و بەرهەمی زۆر و بەنرخی هەیە خاوەنی ئەدەبی سەربەخۆ و دەوڵەمەندی خۆیەتی. لێکۆڵینەوە لە کورد لەسەرەتای سەدەی بیستەم لەڕووسیا بەناوی زانای ڕووس مینۆرسکییەوە بەستراوەتەوە، ڕۆژهەڵاتناسی گەورە و بەناوبانگ، کارێکی گەورەی لە لێکۆڵینەوەی ئێرانناسی و تورکناسی و عەرەبناسی و کولتووری نەتەوەکانی قەفقاس کردووە، تا ئێستا بایەخی تەواوی داوەتە مەسەلی کورد و لێکۆڵینەوە لەمێژووی کولتووری کورد، بووە بە سوارچاکی مەیدانی کوردناسی، وەکو زانستێکی بەنرخ و کاری زانستی لەپاش بەجێ ماوە. مینۆرسکی ئەدەبی میللی کوردی بە ئەدەبێکی داستان ئامێزی گوزارشتەکەر لەداب و نەریتی نەتەوایەتی هەڵسەنگاندووە، هەروەها لەو گۆشەنیگایەوە دەیڕوانی کە ئەم داستانە کوردییانە ڕەگی واقیعییان هەیە و پەنجە بۆ شارەکەی “ئەحمەدی خانی” مەم و زین ڕاکێشاوە پێی وایە خانی بەرهەمی کۆنی کوردی و ناسنامەی نەتەوایەتی ڕاگەیاندووە، لەپێشەکیەکەیدا پارچەپارچە بوونی نەتەوەکەی دیاری کردووە و چارەسەری بۆ داناوە و ئەوەشی ڕونکردۆتەوە لەنێوان نەتەوەی کورددا هێز و توانستی ئەوتۆ هەیە، ئەگەر کەش و هەوای لەباری بۆ بەرپا بێت ڕادەپەڕێ. لێرە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر کورد کراون، لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکانەوە ئەنجام دراون.
“ئەنجام”
- ڕۆژهەڵاتناسی وەکو بوارێکی زانستی و مەعریفی بۆ خزمەت و بەرژەوەندی وڵاتانی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی داهێنراوە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە نەژاد و شارستانیەت و مێژووی و سنوری جوگرافی و داب و نەریت و زمان و ئاین و ئەدەب و کولتووری میللەتانی ڕۆژههڵاتی کۆلۆنیال کراو.
- زۆربەی ئەو وڵاتانەی هاتوونەتە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لەمێژوو نەژاد و زمان و داب و نەریت کەلەپوور و سنوری جوگرافیایان کۆڵیوەتەوە، بەشێکیان کارەکانیان تەرخان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی دەستنووسی ئەەبی و تۆمارکردنی بەرهەمی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی.
- ڕۆژههڵاتناسان لەڕێگەی مەلا و حیکایەتخوان و بەیتبێژی کوردەوە ئەو کەرەستەیان کۆکردۆتەوە. لەناو ڕۆژهەڵاتناسەکاندا زیاتر ڕۆلی ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکان بەرچاوە، لەناو ئەوانیشدا ئەلێکساندەر ژاپا، کە بە هاوکاری مەلا مەحممودی بایەزیدی ئەو کەرەستە و دەستنووسە ئەدەبی و تۆمارانەی کۆکردۆتەوە، لەدوای ڕووسەکانیش ڕۆژهەڵاتناسی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕۆلیان هەبووە لە لێکۆڵنەوەو تۆمارکردنی بەهەرمی ئەدەبی کوردی.
- کارەکانی ئەم ڕۆژهەڵاتناسانە بۆ نەتەوەی کورد زۆر جێگای بایەخن، چونکە لەلایەکەوە هەموو کەرەستە و دەستنووس و تۆمارە ئەدەبییانەیان لەلای خۆیان و لە نامەخانەکانی وڵاتەکەیان پاراستووە، بێگومان ئەگەر ئەو ڕۆژهەڵاتناسانە نەبوونایا، ئەوا ئەو کەرەستە و دەستنووس و تۆمارە ئەدەبییە مێژوویانە لەناو دەچوون، چونکە لەو قۆناغە مێژوویەی کورددا، واتە تا پێش سەدەی بیستەم، هیچ هۆکارێک نەبووە تاکو ئەو بەرهەمە مێژوویانە لە لەناوچوون و فەوتان رزگار بکات، لەلایەکی تریشەوە لەڕێگەی ئەو دەستنووس و بەرهەمە فۆلکلۆرییە کوردیانە بۆ سەر زمانی ڕووسی و رۆژئاواییەکان، ڕۆلی گەورەیان بینیووە لەناساندن و بەجیهانبوونی ئەدەبی فۆلکلۆری کورد لەزۆرێک لە وڵاتانی جیهان.
لیستی سەرچاوە؛
- سامان حوسێن، ڕۆژهەڵاتناسی، کتێبخانەی ڕۆمان، چاپ و بڵاوکردنەوەی، سلێمانی،2021
- فەرهاد پیربال، کوردلەدیدی ڕۆژهەڵاتناسانەوە،چاپی دووەم،چاپخانەی تاران،2020.
- مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی،چاپی یەکەم،بڵاوکراوەی ئاراس،هەولێر،2001.
- م.ب.ڕۆدینکۆ.وتارگەلی ئەدەبی کوردی سەدەی ناوەڕاست و پاشکۆیەک،و.ئەنوەر قادر محمەد،چاپخانەی تاران،سلێمانی،2020.
- ئێداور سەعید،ڕۆژهەڵاتناسی، و.موحسین ئەحمەد عومەر،چاپی یەکەم،بڵاوکراوەی مالی وەفایی، هەولێر،2021.
گۆڤار؛
- گۆڤاری ئەکادیمی کوردی/ ژمارە59”2024”/د.رێزان صالح.
- د.زاهیر ئیسماعیل/ گۆڤاری ئەکادیمی کوردی/ ژمارە59”2024”
ئامادەکردنی؛ نیهاد عوزێر سەعید