“میدیا و ههقیقهت؛ فیلمی ژوور وەک نموونە”
ڕەنگە زۆرێکمان تەماشای فیلمی ژوور “2015؛ Room”مان کردبێت، فیلمەکە لە دەرهێنانی “لێنی ئەبڕاهامسن” و، نووسینی “ئێما داناهیۆ”یە و هەر یەک لە “بری لارسن، جەیکۆب تڕێمبڵی، جۆوان ئاڵن” نواندنیان تێدا کردووە. سیناریۆی فیلمەکە ئەوەیە، کە “جۆی” کچێکی گەنجە، حەوت ساڵ پێشووتر کاتێک تەمەنی “١٩” ساڵ بووە، لە خوێندنگا گەڕاوەتەوە و لەڕێگە پیاوێک داوای یارمەتی لێکردووە، گوایە سەگەکەی نەخۆشە و پێویستی بە یارمەتییە. لەو کاتەدا پیاوەکە جۆی دەڕفێنێت و لەناو کابینەیەکی “10” مەتریدا زیندانی دەکات و ناهێڵێت بێتە دەرەوە و دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر. کچە ڕفێندراوەکە، لە ساڵی دووەمی زیندانییەکەیدا دووگیان دەبێت و پاشان منداڵێکی دەبێت ناوی لێ دەنێت “جاک” کە تەمەنی پێنج ساڵە و هێشتا ژیانی دەرەوەی نەبینیوە. لەو ماوەیەدا پیاوەکە جار نا جار دێتە ژوورەکەوە بۆ هێنانی خواردن و دەستدرێژیکردنە سەر جۆی. لەفیلمەکەدا دایک و کوڕ هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن تاکوو لەو شوێنە ڕزگاریان ببێت و لەکۆتاییدا بەپلانێک کوڕە دەرباز دەکات و دواتریش هەردووکیان ڕزگاریان دەبێت[١]. ئەوەی لە فیلمەکەدا مایەی سەرنجە، ئەوەیە منداڵە پێنج ساڵانەکە، لە ژوورێکی بچووک لەگەڵ دایکی زیندانی کراوە، تاکە پەیوەندی ئەو بە جیهانی دەرەوەوە لەڕێگەی تەلەفیزیۆنەکەیانەوەیە. ئەم دیمەنە مێتافۆرێکی قووڵە بۆ بنیادەمی مۆدێرن و پەیوەندی بە جیهان و ههقیقهتەوە. ئەمە دەمانباتەوە بۆ بیرکردنەوەیەکی نوێ لە میتافۆری ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون.
فەلسەفەی ئەفلاتوون، گومانە دەربارەی وێنەکان و دژایەتی وێنەدەکات لەسەر ناوی کۆنسێپتەکان و بیرکردنەوە و لۆژیکی بوونیان. تێکستی ئەشکەوت، تێزێکی زیندووە و گرنگترین ئاماژەیە لە مێژووی فەلسەفەدا یان دەکرێت بێژم؛ ئەوە زیندووێتی و هێز و کارایی فەلسەفەیە، کە تێکستێک هەزاران ساڵ بەر لە دەرکەوتنی میدیا و فۆڕمە نوێییەکانی نووسراوە و هێشتا وەک تێکستێکی گرنگ دەلالەت لە دیاردەیەکی ئێستایی دەکات. لەبارەی فەلسەفەی ئەفلاتوونەوە فەیلەسووفی فەڕەنسی، ئالان بادیۆ دەبێژێت؛ کاتێک وەرگێڕانم بۆ تێکستێکی ئەفلاتوون کرد ناوی ئەشکەوتەکەم گۆڕی بۆ سینەمای ئەم چاخە. لە سینەمادا ئەوەی ڕوونبوو بوونی وێنەکان بوو لەجێگای ههقیقهتیان، هەروەک ئەشکەوتەکە بینینی چەند وێنەیەکە وا دەزانن ئەم وێنانە ههقیقهتن لە کاتێکدا تەنیا سێبەرن۲. ئەفلاتوون بەدوان لەسەر سیستەمی دووانەی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی، هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی دنیای شاشە و فەزای ڤێرچواڵ، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بەلێهاتوویی لاسایی ههقیقهتیان دەکردەوە و سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد، هەربۆیە لە کۆمارەکەیدا جێیەک نەبوو بۆ شاعیر و هونەرمەندان. ئەفلاتوون لە کتێبی حەوتەمی کۆماردا گریمانەی ئەشکەوتێک دەکات و دەنووسێت؛ وای دابنێ کۆمەڵێک کەس لەنێو ئەشکەوتێکدا دەژین، دەرگای ئەشکەوتە لەسەرەوەیە و لەوانەوە دوورە، دەرگاکەش هێندەی پانیی ئەشکەوتەکەیە و ڕووناکی لەوێوە بە نێو ئەشکەوتەکە دەگات. ئەو کۆمەڵە بنیادەمە لە منداڵییەوە لەوێ دانراون، مل و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە و ناتوانن ئاوڕ بدەنەوە. ڕوناکیش بۆ نێو ئەشکەوتەکە لە ئاگرێکەوە دێت کە لە پشتیانەوە هەڵکراوە. لەنێوان ئەوان و ئاگرەکەدا ڕاڕەوێکی درێژ هەیە. وای دابنێ لەبەردەم ئەو ڕاڕەوەدا، وەکوو چیغی بەردەم شانۆی بووکە شووشە بۆ هەڵسوڕانی بووکەڵەکان، دیوارێکی نزم هەڵچنراوە. هەندێک کەس لەودیو دیوارەکەوە پەیکەری بنیادەم یان ئاژەڵیان بەکۆڵەوەیە و لە بەرد و تەختە و شتی دیکە داتاشراون و هاتووچۆ دەکەن. هەندێکیان دەدوێن و هەندێکی دیکەیان بێدەنگن.
ئەوەی ئەفلاتوون باسی دەکات سەیرە، کەسانی نێو ئەشکەوتەکەش سەیرن، ئەوان لە ئێمە دەچن. ئایا بێجگە لە سێبەری خۆیان و ئەوانی دیکە، کە لە ڕووناکی ئاگرەکە لەسەر دیوارەکەی بەردەمیان دەریدەخات، هیچی دیکە دەبینن؟ ئەگەر نەتوانن ئاوڕبدەنەوە چۆن دەبینن؟ ئەی لەبارەی ئەو بابەتەوە، کە تەنیا سێبەرەکانیان دەردەکەون؟ ئەگەر لەگەڵ یەکدا دوان، لەم باوەڕەدا نیت تەنیا ناوی ئەو شتانە بزانن، کە لەسەر دیوار، سێبەرەکەی دەبینن؟ ئەگەر ئەشکەوتەکە دەنگ بداتەوە، لەو باوەڕەدانیت کە لەگەڵ دەنگدانەوەکەدا سێبەرێک ببینن، وا هەست دەکەن دەنگەکە لە سێبەرەکەوە دەرچووە؟ کەوابوو بۆ کەسانی نێو ئەشکەوتەکە ههقیقهت بێجگە لە سێبەرەکانی سەردیوارەکەی بەردەمیان هیچی دیکە نییە۳. ئەوانەی لە ئەشکەوتەکەدان تەنیا سێبەری ئۆبژێکتەکانیان دەبینین. ئەوان سێبەرەکانیان لێ بووەتە ههقیقهتی شتەکان. لێرەدا دەکرێت تەلەفیزیۆنەکە بە میتافۆری ئەشکەوت بچوێنین، دەرگیربوون بە فەزای ئەکچواڵ پشتکردن لە ههقیقهت و ڕووکردنە شاشە، هاوتای ڕووکردنە لە دیوارەکانی ناوەوەی ئەشکەوت. دنیای شاشە وەکوو دۆگمەکانی ئەشکەوت فریودەرە و هەمان تەکنیکی هەیە، سەرەتا وا هەست دەکەین ئەوەی دەیبینین ڕاستەقینەیە، ئەو دەنگانەی لە شتەکانەوە دەردەچن هەمان دەنگی وێنەکانە، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی دەیبنین سێبەری شتەکانە. پیشەسازی لەبەرگرتنەوە بەو شێوەیە واقیع لەقاڵبدەدات کە خۆی مەبەستێتی، ئەوەی بەریدەکەوین فۆڕمێکی بێ ناوەڕۆکە، کە لەبنەمادا جەوهەر و واقیعی شتێکی دیکەیە. هەروەک چۆن ئەفلاتوون پێی وابوو، لەبەرگرتنەوە ههقیقهت نییە و نابێتە ههقیقهتیش. لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، ناتوانین درەخت بناسین، ئەوانەی لە ئەشکەوتەکدا نیشتەجێن، تەنیا لەڕێگەی سێبەری درەختەوە، درەخت دەناسن، بەڵام درەخت شتێکی دیکەیە. چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە.
جاک لە فیلمەکەدا لە بارودۆخێکی هاوشێوەدایە، ئەو تەلەفیزیۆنەکە بە میدۆمێک دەبینێت بۆ دەرگیربوون لەتەک جیهانی ههقیقی، بەڵام ئایا ئەمە ههقیقهتە یان تەنیا شێوەیەکی نوێی سێبەرەکانی ئەفلاتوونە؟ تەلەفیزیۆن و میدیا، دەکرێت بە جیهانی لاساییکردنەوە و لێکچوواندن و کۆپیکردن ناودێر بکەین. وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی فەڕەنسی “ژان بۆدریار”بە “سیمۆلاکرا و سیمولەیشن / Simulacra and Simulation” ناودێریکردووە. هەردوو چەمکەکە گوزارشتە لە پیشەسازی لەبەرگرتنەوە و ئاماژەکردن بۆ جیهانێک کە مۆخی جەوهەری خاڵیکراوەتەوە لە مانا. بەدیدی بۆدریار، کۆمەڵگەی مۆدێرن بە ئەزموونی لاساییکردنەوە و پیشەسازی لەبەرگرتنەوە دەناسرێتەوە، کە جیاوازی نێوان واقیع و ڤێرچواڵ پەردەپۆش دەکات یان دەسڕێتەوە. بۆدریار دەبێژێت؛ لە جیهانی ڤێرچواڵدا نوێنەرایەتییەکان/ لەبەرگیراوەکان لە خودی واقیع زیاتر زیندووتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەون، بۆیە فەزای ڤێرچواڵ دەبێتە جیهانێکی کۆپیکردنەوە و لەبەرگرتنەوە، دەبێتە جیهانێک لە هەموو ڕەسەنایەتییەک داماڵێندراوە. بەپێی تێڕوانینەکانی بۆدریار ئەو جیهانە ساختەیەی لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا دەرگیری دەبین، بریتییە لە کۆپیکردنەوە و لاسایکردنەوەی واقیع، بەجۆرێک ساختەکارییەکان له ههقیقهتی شتەکان سەرەنجڕاکێشتر دەردەکەون. یان وەکوو ئەوەی فەیلەسووفی فەڕەنسی “پۆل ڤیرۆیۆ” دەڵێت؛ لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم جێگەی ناوەڕۆک و مانا و ئیستاتیکا دەگرێتەوە[٤]. بەمانایەکی دیکە، لە فەزای ڤێرچواڵدا فۆڕم نوێنەرایەتی ههقیقهت دەکات، فۆڕمێک کە ماهییەتی جەوهەری خاڵیکراوەتەوە.
نوها ئەشکەوتە نوێیەکە یان بێژم دوونیای ئەشکەوت گوزارشتە، لە “کۆمەڵگەی چاویلکە” وێنایە بۆ جیهانێک تەماشا میدۆم و ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان سوبێکت و ئۆبجێکتە. لێرەدا سەرنج دەخەمە سەر تێزەکەی “گی دیبۆرد/ Guy Debord” بیریار و تیۆریست و سینەماکاری فەڕەنسی. ئەو لە کتێبی “کۆمەڵگای چاویلکە/ The Society of the Spectacle” کە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمە تیۆریە کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی بیستەم، باس لەو گۆڕانکاریانە دەکات لەسایەی فۆڕمەکانی میدیای نوێوە هاتووەتە ئاراوە. بەدیدی”دیبۆرد”، میدیای نوێ ژیانی ڕاستەقینە لەناو دەبات و دەگۆڕێت بۆ تەماشا. تەماشا، لای دیبۆرد تەنها کۆمەڵێک وێنە نییە، بەڵکوو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیە لەنێوان کەسەکاندا لەڕێگەی میدیۆم و وێنەکانەوە[٥]. جاک لە حاڵەتێکی ئەوتۆدایە کە تەنیا لەڕێگەی تەماشاوە پەیوەندی بە جیهانەوە دەبەستێت، پەیوەندی نێوان ئەو و وێنە. فیلمی “ژوور” میتافۆڕێکی قووڵە بۆ دۆخی بنیادەمی مۆدێرن. جاک لە ژوورەکەیدا وەک بنیادەمە زیندانیکراوەکانی نێو ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون تەنیا سێبەرەکان دەبینێت و ئەوانە بە ههقیقهت دەزانێت. هەروەها تەلەفیزیۆنەکەی وەک تاکە ڕێگەیەک دەبینێت بۆ دەگیربوون بە جیهانی ههقیقی، بەڵام ئایا ئەو جیهانەی لە تەلەفیزیۆندا دەیبینێت ههقیقهتە یان تەنیا شێوەیەپێدانێکی نوێی سێبەرەکانی ئەفلاتوونە؟ کاتێک جاک لە کۆتایی فیلمەکەدا لە ژوورەکەی دەردێت و بە جیهانی ههقیقی دەگات، پەی بە گۆڕانکارییەک دەبات لە دۆخی پڕ لە سێبەرەوە بۆ دۆخی هەستکردن بە ههقیقهت. پرسیارەکە بۆ ئێمە ئەوەیە، ئایا لە سەردەمی تەلەفیزیۆن و میدیایی نوێیدا، لە جیهانی ههقیقیدا دەژین یان لە دۆخی تەماشا و ئەشکەوتێکی نوێدا؟ ئەمە پرسیارێکە کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت بۆ خۆی وەڵامی بداتەوە. تەنیا دڵنیایمان ئەوەیە کە لە سەردەمی میدیای نوێیدا، پەیوەندیمان بە ههقیقهتەوە زۆر ئاڵۆز بووە، تەنانەت شێوەی تێگەیشتنمان بۆ خودی ههقیقهتیش گۆڕاوە.
سەرچاوەکان؛
1. Room is a 2015 internationally co-produced survival psychological drama film directed by Lenny Abrahamson and written by Emma Donoghue, based on her 2010 novel.
2. Badiou and his interlocutors؛lectures, interviews and responses A. J. Bartlett, Justin Clemens, Bloomsbury Academic. London؛”2018
3. ئاراس سەعید؛ بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەکەم، ساڵی 2025 لا “66-68 “
4. Paul Verlow ؛The Art Of The Engin
5. Guy Debord , The Society of the, Spectacle 1960, DonaldNicholson-Smith “Translator