ڕۆژی ١ – ٨ – ٢٠٢٥ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئێراق بە فەرمی هەواڵی گرتنی عەجاجی ڕاگەیاند، کە بەدناوترین تاوانباری ئازار و ئەشکەنجەدانی قوربانییەکانی ئەنفال بوو لە زیندانی نوگرەسەلمان. هەواڵەکە سوکناییەکی بە دڵی خەڵکی کورد بەگشتی و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالدا هێنا. ئەوپەڕی دەستخۆشی و سوپاسگوزاریمان بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی بە دوای ئەم مەسەلەیەوە بوون تا بەئەنجامیان گەیاند، ئەگەرچی ٣٧ ساڵی بەسەردا ڕۆیشتووە. ئەمە بەرجەستەی ئەو ڕاستییە دەکات کەوا:-
- ماف ون نابێت ئەگەر داواکاری بە شوێنەوە بێت.
- بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی جینۆساید مافی بەدواداچوونی کەیسی جینۆساید کۆن نابێت و سزای لەسەرە چەندی ماوە بەسەردا تێپەڕێت.
- ئەم دەسگیرکردنە قەرەبوویەکی ڕۆحی و دەروونییە هەم بۆ قوربانییانی بەجێماوی ئەنفال بەگشتی و هەم بۆ ئەوانەش کە پاش ئەو سزا و ئەشکەنجە بێئامانەی نوگرەسەلمان بەردران و ڕزگاریان بوو.
- مایەی دڵخۆشییە کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە دۆخی پڕ لە ئاڵۆزیی ئێراقدا و پاش ئەم ماوە دوور و درێژەی دوای ئەنفال توانوێتی سۆراخی وردی ئەم تاوانبارە داواکراوە بکات و بیگرێت و دیارە هەوڵی کەسانی دڵسۆزی لەگەڵدا بووە، سەرباری ئەم هەموو بێباکی و کەمتەرخەمییەی دەسەڵاتدارانی کورد لە ئاست جینۆسایددا، کە تا ڕادەی داڵدەدان و پاراستنی بەشێک لە تاوانبارانی ئەو کەیسەش ڕۆیشتووە و کارەکە ترووسکاییەکی ئومێدبەخشی بۆ خەڵک گێڕایەوە.
عەجاج ئەحمەد حەردانی تکریتی، کە سەر بە تیرەی ئەلبوناسری دیکتاتۆری پێشووی ئێراقە، بە ئاشکرا دیارە پەروەدەی کولتوورێکی تەژی بووە لە ڕقئەستووری و تاوان بەرانبەر بە کورد و ڕەنگە بڵێم تەواوی مرۆڤایەتیش و ناوەکەشی زادەی کولتوورێکی دێرینی دەشتەکی و بەدووی عەرەبە (عەجاج بە واتای خۆڵ و تۆز دێت، کە ئەمە کولتوورێکی کۆنی عەرەبە و ناوی ناشیرینیان لە منداڵ دەنا بۆ ئەوەی جنۆکە و شەوە دەستی لێنەوەشێنن. ناوەکە حەجاج نییە وەک لای هەندێ خەڵکی کورد باوە و حەجاج کۆی ناوی حاجییە واتە ئەوانەی کە دەچنە حەج). ئەم عەجاجە، کە بەڕێوەبەری دەسەڵات ڕەهای زیندانی نوگرەسەلمان بووە و پلەی ڕائیدی ئەمنی تایبەت بووە و وەک تاوانبارەکانی تری ئەم دەزگا بەدناوە پەروەردە کراوە بۆ ئەشکەنجەدانی سەختی قوربانییانی دەستی ڕژێم بە کورد و ئەوانیترەوە. دیکتاتۆری ئێراق خۆی بە شەخسی سەرپەرشتیی ئەم دەزگایەی دەکرد و هەر لە تەمەنێکی گەنجیی زوویەوە دەستی لەگەڵ شەقاوەکانی جارانی بەغدادا تێکەڵ کردووە و بە پارە بووە بە کرێگرتەی ئەم و ئەو بۆ ئەنجامدانی تاوان و لە تەمەنی کەمتر لە چواردە ساڵیدا بە فیتی خاڵی لە تکریت خزمێکی خۆی کوشتووە کە بیر و باوەڕی کۆمۆنیستیی هەبووە، تا ئەو دەمەی بووە بە بریکاری هەواڵگریی میسری سەردەمی نەتەوەپەرستیی جەمال عەبدولناسر و هاوزەمانیش موخابەراتی ئەمریکی و تەقەکردنی لە عەبدولکەریم قاسم و دەربازکردنی بۆ میسر و دواتر زەمینەی بۆ خۆشکرا ببێتە حوکمڕانی ئێراق و هەر ئەو دەمەش ئەم دەزگا ئەمنییە تایبەتەی دامەزراند بە ناوی دەزگای “حەنین” و زۆربەی کۆنە هاوەڵە شەقاوە و سەرسەرییە تاوانبارەکانی جارانی خۆی کردە ئەندام و دەسەڵاتدار تێیدا، کە تێیدا سڵیان نەدەکردەوە لە ئەشکەنجەدانی نامرۆڤانەی نەیارە سیاسییەکانیان لە کورد و شیعە و کۆمۆنیست و خەڵکی نیشتمانپەروەری تر و تەنانەت ئەو بەعسییانەش کە ڕای جیاوازیان هەبوو. بێگومان هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە ئاگاداری تاوانەکانی ئەو ڕژێمەیە نەک هەر تەنها لە نوگرەسەلمان بەڵکو لە قەسری نیهایە و زیندانەکانی ئەبوغریب و ئەمنی گشتی و چەندین شوێنی نهێنی و ئاشکرای تر و ئەم عەجاجە دڕندەیەش پەروەردەی ئەو دەزگا و قوتابخانەیە بووە.
عەجاج و دارودەستەکەی لە ماوەی ئەو شەش حەوت مانگەی کەوا بەشێک لە گیراوانی ئەنفال ڕەوانەی زیندانی نوگرەسەلمان کران، پاش جیاکردنەوەیان لە سەربازگەی تۆپزاوا و نزارکێ و تکریت و شوێنانی ترەوە بە پێی توخم و تەمەن. ئەمانە زۆربەیان ژن و پیاوی بەتەمەن بوون بەڵام بەشێکی بەرچاوی ژنی گەنج و منداڵیشیان تێکەوت، چونکە لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی سالی ١٩٨٨دا پرۆسەی پرۆسێسەکردن و جیاکردنەوەی پیر و گەنج و منداڵیان بە گۆترەکاری و پەلەپەل ئەنجامدەدا و ئامانجی کۆتاییان لەناوبردنی هەمووان بوو. لێرە لە قەڵا یان زیندانی نوگرەسەلمان خەڵکە سڤیلە دەستبەسەرەکان بەر مامەڵەیەکی دڕندانەی وا کەوتن کە نموونەی مەگەر لە ئۆردووگا و سەنتەرەکانی بەندکردن و کوشتنی قوربانییانی هۆڵۆکۆستدا بووبێت لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵماندا. لەم زیندانەی ژێردەستی عەجاجدا بەشێکی مەمرە و مەژیی نان و ئاویان دەدانێ و لە گەرمای هاوینی تاقەتپڕووکێنی باشووری ئێراقدا (ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەنفال لە ٢٣ی شوبات تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ی خایاند) و لەو دۆخە سەختەی مامەڵەکردنی نامرۆڤانەی لە ئەقڵ بەدەرەدا، لە برسێتی و تینوێتی و خستنە ژێر دار و فەلاقە و لە ئەنجامی نەخۆشی و نەبوونی دەرمان و چاودێریی پزیشکیدا، ڕۆژانە ژمارەیەکیان لێدەمرد، بەتایبەتی بەساڵاچووان و منداڵانی شیرەخۆر و بچووک و بێبەزەییانە هەر بە زیندانییەکان خۆیان دەبرانە دەرەوە و کەمێک چاڵیان بۆ هەڵدەکەندن و بە تۆزێک لمی بیابان دادەپۆشران و هەر دوای “بەناو ناشتنیان” گەلە سەگێکی دڕندەی چەشەی گۆشتی لاشەی مرۆڤی مردوو پەلاماری “گۆڕەکانیان” دەدا و لاشەکانیان دەردەهێنان و دەیانخواردن. لە کۆی نزیکەی شەش هەزار زیندانی زیاد لە دوو هەزاریان بەو دەردە چوون و ئەوانەی کە هەرچۆنێک بوو لەو تالووکە و دۆزەخە دەرباز بوون چیرۆکی وایان دەگێڕایەوە لە ئەقڵی بنیادەم بەدەر بوو. هەر هەموو ئەمانە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە عەجاج چ دەردێکی داونەتێ و چۆن لە بەر خۆری بە تین و تاوشتی هاوین مرۆڤی زیندانیی بە کۆڵەکەیەکی ناوەڕاستی حەوشەی زیندانەکەوە بەستووە و تا گیانی دەرچووە دەستی لە فەلاقەکردنی هەڵنەگرتووە، بێئەوەی ڕەچاوی تەمەنیانی کردبێت.
دایکێکی ڕزگاربوو بەردەوام فرمێسکی هەڵدەوەراند و هەناسەی ساردی هەڵدەکێشا و دووپاتی دەکردەوە منداڵە دوو ساڵانەکەم بەردەوام لەبرسا تاسەی خەیاری دەکرد و منیش خەیار لەکوێ بێنم ناچار نەعلە لاستیکە ڕەنگ سەوزەکەی خۆیم دەخستە دەمی و دەمویست بەوە ژیری بکەمەوە کە خەیارە و ئەویش بە تام و کامەوە گازی لێدەگرت و دەیمژی بەو پێیەی کە خەیارە و تا لەبرسا گیانی سپارد نەعلەکەی لەدەمدا بوو. ڕەحمەتی حاجی حەمیدی سەیجەژنی و دادە زەینەبی خێزانی هەر ئاخیان هەڵدەکێشا و دەیانگوت عەجاج دەردێکی وای پێداوین خۆزگە نەمردینایە و هەواڵی گرتنی ئەو جانەوەرەمان ببیستایە و ئەوسا داخی ئەحمەد و کوڕە بێسەروشوێنەکانی ترمان لا ساڕێژ دەبوو، بەداخەوە حاجی حەمید مرد و ئەو ئاواتەی بردە ژێر گڵەوە و ڕەنگە ئێستا دادە زەینەب بەم تەمەنە هەڵکشاوەیەوە بە هەواڵی گرتنی ئەم جانەوەرە کەمێک سوکنایی دەروونی بۆ بێت. حاجی ساڵحی مەحموو مرادخانی سەنگاو تا ئەو ڕۆژەی چووە جێی هەقی خۆی خۆزگەی ئەوەی دەخواست عەجاجیان بگرتایە و بە بەرچاویەوە لەتوپەتیان و ئیتر خەفەتی بێسەروشوێنبوونی سەعید و جەباری کوڕی لەدڵدا نەدەما.
کاتێ پرسیاری ژن و کچە گەنجەکانم لە میمکە ئامین کرد پڕ بەدەست کێشای بە سینگی خۆیدا و بانگی لێبەرز بوو و وتی ڕۆڵە چیت پێبێژم ئەوەی نەشێ و ناخۆش بوو عەجاج و ئەمنەکان کردیان و خوا سەبەبکاریان بگرێت. هەڵبەت حیکایەتی عەجاج و تاقمەکەی و لە پشتی ئەوانەوە ڕژێمەکەیان هەرگیز نابڕێتەوە و ئەو کەمەی قوربانییە بەردراوەکان کە هێشتا لە ژیاندا ماون دەروونیان کەیلە لەو بەسەرهاتە تاڵانە و زۆرێکیشیان ئەو داخ و دەردەیان بردە ژێر گڵەوە. بێگومان بە گرتنی ئەم جانەوەرە تاوانبارە و دادگایی کردنی هەقی ئەنفال ناسەنرێت، ئەگەرچی دڵنەوایی و ئاسوودەییەکی ڕۆحی دەبەخشێتە خەڵک و قوربانییە دەربازبووەکان. گرنگ ئەوەیە دادگا بە سزای ڕەوای خۆیی بگەیەنێت و دادگاییەکی ئاشکرا بکرێت و لە لایەن کورد خۆی و سەرانی ڕژێمەکەی ئێستای ئێراقەوە سیاسییانە دەست وەرنەدرێتە ئەم کەیسە و بە دەردی تاوانبارەکانی تری جینۆساید نەبرێت کە چۆن بە تێکەوتنی ئەملا و ئەولا دەرباز کران و کێبەرکێ بوو لەسەر پاکانە بۆکردنیان و بێتاوان دەرکردنیان و دواتر لە وڵاتانی داڵدەدەریانەوە گاڵتەیان بە هەموو بەهاکان دەکرد و خۆیان بە قارەمانی کوشتوبڕەکانی کورد لەقەڵەم دەدا. گرنگ ئەوەیە دادگا، کە مەبەستم زیاتر دادگای باڵای تاوانەکانە، بۆ ئەمیش نەچێتە ژێر باری پاساوەکانی ئەوانیتر کە فەرمانیان لە سەرووی خۆیانەوە پێکراوە و ناچار بوون جێبەجێی بکەن. ئەم دادگایە و دادگاکانی تری ئێراق بە ڕەفتار و حوکمدانی تاوانبارانی جۆراوجۆر پرسیاری زۆریان خستووەتە سەر خۆیان و لە سزادانی کەیسە جیاجیاکانی جینۆسایدی کورددا ئەو ڕاستییەیان نەسەلماند کە شایستەی سزادانی تاوانبارانی لەم چەشنەن و زۆر نەرم و بێباکانە لەگەڵ ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆسایددا جووڵانەوە و قوربانییان و خەڵکی کوردیان نائومێد کرد لەم مەسەلەیەدا و تەنانەت نەیانتوانی کارێکی وا بکەن کە دەوڵەتی ئێراق، وەک دەوڵەتی میراتگری ڕژێمی پێش خۆی داوای لێبووردن لە خەڵکی کورد و قوربانییانی دەستی جینۆسایدیش بکات.
گرنگیی ئەم دەسگیرکردنە لەوەدایە کە بوو بە ڕچەشکێنی کردەوەیەک کەوا پێویستە لەمەودوا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و تاک و گرووپەکانی جیاجیاکانی گەل و نەتەوە ڕەچاوی بکات و بە لۆجیکی پەندە عەرەبییەکەی “عفا اللە عما سلف” مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانە سامناکانەدا نەکەین کە دەرهەق بە خەڵک و قوربانییەکانمان ئەنجامدراون لە مێژووی نزیکماندا. لێرەدا هەر وەک نموونەیەکی بیرخستنەوەی یادەوەریی تاڵ باس لەوە دەکەم کە ئەفسەرێکی تاوانباری وەک زەعیم سدیق مستەفا، کە لە ٩ی حوزێرانی ١٩٦٣دا کۆمەڵکوژییەکی سامناکی دژ بە خەڵکی شاری سلێمانی و دەوروبەری ئەنجامدا و دەیان کەسی لەو ڕۆژەدا کوشت یان زیندە بەچاڵی کردن و بۆخۆیشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو و لە ڕۆژگارێکی زۆر دواتردا بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل تێداچوو. بە هەمان شێوە ئەفسەرێکی تری تاوانباری وەک تەها شەکرچی لە گەرمیان و دەربەندیخان و گەلێ شوێنی تر کۆمەڵکوژیی دژ بە خەڵکی سڤیل و بێگوناه ئەنجامداوە و دواتر هەروا لەبیرکرا و هیچ حیزب و گرووپێکی کورد سۆراخی نەکرد. ئەفسەرێکی ئەمنی وەک مولازم موحسین لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا ستەمێکی بێئامانی لە شاری سلێمانی کرد و دەیان گەنجی ئەم شارەی کوشت یان گرتنی و ڕاپێچی زیندانەکانی ڕژێمی کردن و بەئیعدامکردنی دان و دەگوترێ ئێستا بۆخۆی لە بەغدا بازرگانی دەکات و کەسیش نەبوو پێی بڵێ پشتی جاوت برۆیە.
ئەمە و دەیان و بگرە سەدان تاوانباری دژ بە کورد و دیموکراتیخواز و نیشتمانپەروەرانی ئەم وڵاتە دەستیان سوورە بە خوێنی قوربانییان و دواتریش نەک هەر نەگیران و دادگایی نەکران، بەڵکو زۆرێکیشیان هەموو جار دەبوونە دەسکەلای دەسەلاتدارانی ڕۆژگار و لە جاران زیاتر دەستیان دەڕۆیشت و دەسەڵات و ئیمتیازاتی چەوریان بۆ خۆیان قۆرخ دەکرد و چاویش لە تاوانەکانیان پۆشرا. جا هەر لەبەر ئەمەشە کەوا لە مێژووی نوێی شەست حەفتا ساڵی ئەم وڵاتەدا ئەوەندە تاک و تاقمی هەلپەرست دروستبووە باوەڕ ناکەم لە مێژووی هیچ وڵاتیکدا نموونەی هەبێت و هەر هەڵە و تاوانێکی دژ بە خەڵک لە ڕۆژگارێکدا بەرپای دەکەن لە ڕۆژگارێکی دواتر و لە سایەی تاقم و ڕژێمێکی “نیشتمانیی” دواتردا هیچ لێپرسینەوەیەک نییە و بە ئاسانییش دەبنە خزمەتکار و دەسکەلای تاقمی نوێ و ئەوەی بۆ پێشتر کردوویانە بۆ دەستە و تاقمی نوێ باشتری دەکەن و نانیان لەسەر ئەم کەسابەتەیە و کارێک دەکەن کە تاوانی دوێنێیان بە خزمەت بۆ بژمێردرێت و لەم بەینەدا هەر خەڵکی هەژار و ستەملێکراو فەوتاوە و دەستەی بەکرێگیراویش هەمیشە ئاشیان لەگەڕدایە و بەتایبەتی لای بەشێکی بەرچاوی کوردیش بووەتە باو و تادێت پانتاییەکی زیاتر دەگرێتەوە، کەچی ئەم دیاردەیە لە مێژووی زۆربەی گەلاندا پەشم و نەفرەت لێکراوە و بە دەگمەن نەبێت تاوانباران لە سزای گەل دەرباز نەبوون. ئێمە لێرەدا دوو نموونە لە هەڵوێستی تاک و گرووپی نیشتمانپەروەری ئەو میللەتانە باس دەکەین کە لە مێژوودا ڕوویانداوە و تا ئێستاش مایەی شکۆ و شانازیی گەل و نەتەوەکانی خۆیان و ڕێز و ستایشی میللەتانی هاوشێوەی ئێمەشن و لاپەڕەیەکی پرشنگداریشیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار کردووە. نموونەی یەکەمیان ئەوەیە کەوا گەلی ئەرمەن لە ساڵی ١٩١٥ و ساڵانی دواتردا لە سەر دەستی تورکە عوسمانییەکان جینۆساید کرا و نزیکەی ملیۆن و نیوێکیان لێ کوژرا و هێندەشیان لێ دەربەدەری وڵاتانی جیهان کرا. هۆکار و ئەنجامدەری سەرەکیی ئەو جینۆسایدە سەرانی حیزبی حوکمڕانی “ئیتیحاد و تەرەقیی” حوکمڕان بوون بە ڕابەریی تەڵعەت پاشا ناوێک. لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و گۆڕانی بارودۆخی سیاسیی تورکیای عوسمانی ئەمانە لە وڵات هەڵهاتن و حیزب و گرووپ و تاکی جۆراوجۆری ئەرمەنەکان و بەتایبەتی پارتی نەتەوەیی تاشناک لێنەگەڕان ئەمانە لە ناو وڵات و دەرەوەشیدا دەرباز ببن و زۆربەیان بە سزای گەلی ئەرمەن گەیاندن.
لەم ڕووەشەوە جێی خۆیەتی باسی گەنجێکی ئەرمەنی بکرێت بە ناوی سوگۆمۆن تەهلیریان کە خەڵکی شاری ئەرزنجان بووە و لە خێزانێکی شەش کەسی تەنها ئەم بە برینداری لە کوشتن دەباز بووە و ڕووی کردووەتە گوندێکی کوردنشینی ئەو نزیکانە و پیرەژنێکی کورد لە ماڵەکەی خۆیدا ماوەی مانگیک داڵدەی دەدات و برینەکانی تیمار دەکات و دواجار هەر دەردەسەرییەک بووە لە تورکیا دەردەچێت و بە هاوکاریی گرووپە ئەرمەنییەکان چەند ساڵێک چاودێریی تەڵعەت پاشا دەکات، کە لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا پەنابەر دەبێت تا لە دەرفەتێدا بۆی هەڵدەکەوێت لە شەقامێکی سەرەکیی ناوەڕاستی بەرلیندا بەر گوللەی دەمانچەی دەدا و لە تۆڵەی خێزانەکەی و تەواوی ئەرمەندا دەیکوژێت و هەر لەو شوێنەشدا خۆی ڕادەستی پۆلیس دەکات و لەپاش دادگایی کردنێکی چەند مانگەش لە ئەڵمانیا بە بێتاوان بەردەدرێت و وردەکاریی ئەم دادگایی کردنەش هەموو جیهان لێی ئاگادارە. هەر بەم شێوەیەش تۆڵەیان لە زۆربەی سەرانی ئەنجامدەری تاوانی جینۆسایدەکەیان کردەوە و بە سزای گەلی ئەرمەنیان گەیاندن، لە بارودۆخێکی سیاسیی نێودەوڵەتیی وادا کە ئەوانە نەدرانە دادگا.
نموونەی دووەمی بیرهێنانەوە هۆڵۆکۆستی جووەکانە کە نزیکەی شەش ملیۆنیان لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا قڕکران و لە کوورەی گازدا سووتێنران و ئەو پرۆسەی کوشتنە لە پێش جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەردەوام بوو تا کۆتایی جەنگ لە ساڵی ١٩٤٥دا و شکستخواردنی نازییەکان و لە دەیان و بگرە سەدان سەنتەری گرتن و لەناوبردنی جوولەکەدا لە ناو ئەڵمانیا و دەرەوەیدا دۆزەخێکی سامناکیان بۆ داخستبوون. لە پاش شکستی ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگدا ژمارەیەک لە سەرانی تاوانبارانی نازییەکان لەوانەی کە جینۆسایدیان ئەنجامدابوو خۆیان شاردەوە و بەشێکیشیان بە ناوی نهێنی خۆیان گەیاندە وڵاتانی ئەمریکای لاتین. یەک لەوانەی کە سەرپەرشتیی ئۆردووگای گرتن و قڕکردنی جوولەکە و غەیرە جوولەکەی کەمپی ئاوشڤیتزی دەکرد لە پۆڵەندای ژێردەستی ئەڵمانیای نازی، کە نزیکەی یەک ملیۆن و سەد هەزار مرۆڤی تێدا کوژرابوو، ئەفسەرێکی نازی بوو بە ناوی ڕۆدۆڵف هیوس و لە گەرماوگەرمی شکستی نازییەکاندا ماوەی دوو ساڵ لە ناو وڵاتدا خۆی شاردەوە و دواتر لە ساڵی ١٩٤٧دا دۆزرایەوە و لە دادگای نۆرنبێرگ سزای مەرگ درا و لە بەردەمی کوورەی سووتاندنی ژمارە یەکی ئەو کەمپەدا هەڵیانواسی و دواتریش سووتێنرا (ئۆردووگای ئاوشڤیتز پێنج کوورەی سووتاندنی مرۆڤی تێدابوو). ئێستا هەر کەسێک سەردانی ئاوشڤیتز بکات ئەو سێدارەیە دەبینێت کە هیوسی بەڕێوەبەری ئەو زیندانە سامناکەی پێدا هەڵواسرا وەک هێمایەک بۆ لەبیرنەکردنی ئەو تاوانە. ئەفسەری سەرکردەی نازی، ئەدۆڵف ئێخمان، خاوەنی بیرۆکە و بەرنامەی “کۆتا چارەسەری مەسەلەی جوو Final solution”، لە کۆنفرانسی ساڵی ١٩٤٢ی حیزبی نازیی ئەڵمانیدا، کە بریتی بوو لە بەرنامەی کوشتنی تەواوی جووەکانی ئەوروپا، لەپاش جەنگی جیهانیی دووەم لەژێر ناوێکی نهێنیدا خۆی گەیاندە ئەرجەنتین و ماوەی پانزە ساڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بەدوایدا گەڕا و ساڵی ١٩٦٠ لە ئەرجەنتین دۆزییانەوە و بەبێ مۆڵەتی فەرمیی ئەو وڵاتە فڕاندیان بۆ ئیسرائیل و ماوەی دوو ساڵ دادگایی کرا و سزای مەرگ درا و لەپاش ئیعدامکردنی لاشەکەی سووتێنرا و نەیانهێشت تەنانەت خۆڵەمێشەکەیشی لە ناو ئەو وڵاتەدا بنێژرێت و بردیان لە دەرەوەی ئاوی هەرێمیی ئیسرائیل فڕێیاندایە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە، وەک هێمایەک بۆ ئەوەی کەوا گەلی جوو هیچ تاوانبارێکی هۆڵۆکۆست لەبیر ناکات و بە سزای ڕەوای خۆیی دەگەیەنێت.