گفتوگۆی “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان” لەگەڵ حكومەتی ئێراق
“دەسپێكی گفتوگۆ”
بەو پێیەی بڕیاردان لەسەر گفتوگۆ، پێش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێویستی بە ڕەزامەندی حكومەتی ئێراق و سەرۆكەكەی “سەدام حوسێن” هەبوو، چونكە دواجار دەبوا هێزێكی سیاسی بۆ لای حكومەت بگەڕێتەوەو سەرۆكی وڵات بڕیاری لەسەر بدات، بۆیە دەبوا رێوشوێنەكان و شێوازی گفتوگۆ لەلایەن حكومەتی ئێراقەوە دیاری بكرێن. بۆ ئەو مەبەستە و دوای ڕەزامەندی “سەدام حوسێن”، بڕیار لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیی درا. لەلایەن “سەدام حوسێن”یشەوە “عیزەت دووری” جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بەعسی سۆشیالیستی ئێراق، بە سەرۆكی شاندی حكومەتی ئێراق دیاریكرا. دوای ڕاوێژ لەگەڵ “عەبدولڕەحمان قاسملۆ”ش، ڕێوشوێنەكانی زەمینەسازی گفتوگۆ دیاریكران. ئەمەو دوای گەیشتنی پەیامەكەش بە لایەنی یەكێتیی، لەلایەن “مام جەلال”و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی “فەریدون عەبدولقادر” وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دیاریكرا، تا نوێنەرایەتی “مام جەلال”و پارتەكەی بكات لەو كارەدا. بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی “پێنجشەممە” بەرواری “15ی ئەیلولی1983ز” سەردانی “بەغداد”ی كرد. سەردانەكەش لە رێگای هیلیكۆپتەرێكی سەربازییەوە رێكخرا، كە ئەویان بە یاوەری فەرماندەی لیوای دووی فەیلەقی یەك، گەیاندە شاری “بەغداد”. بە گەیشتنی ناوبراوبش بۆ ئەوێ و گواستنەوەی بۆ شوێنی حەوانەوەی، پرۆسەكە گەیشتە ئەنجام. دیارە بەر لەوەشی ناوبراو بگاتە شوێنی حەوانەوەی، چەند یەكەیەكی هێزی ئەمنی حكومەتی ئێراق، ناوچەكەیان خستبووە ژێر چاودێرییەكی توندەوە، تا بە ووردی ئاگاداری هەر جموجوڵێكی نوێنەرەكەی یەكێتیی و میوانەكانی بن.
دیارە نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، كە دیاریكردنی “فەریدون عەبدولقادر” بۆ نوێنەرایەتی یەكێتیی، بە حكومەتی ئێراق نامۆ نەبوو، چونكە ناوبراو، لای ئەوان ناسراو ئاگاداری ژیان و هەڵوێست و بۆچوونەكانی بوون. هەربۆیە دەسپێكی گفتوگۆكانیان بردە لای “بەرزان تكریتی” زڕبرای “سەدام حوسێن”و سەرۆكی “دەزگای هەواڵگری ئێراق”. بۆ لایەنی یەكێتیی و نوێنەرەكەشی ئەوە گرنگ بوو، كە سەرۆكی ئێراق، زڕبراكەی بۆ یەكەمین دیدار دیاری كردبێت. لەكاتێكدا ئەوە پیلان بوو نەك پلان. “دوو” ڕؤژ دواتریش “تاریق عەزیز” وەزیری دەرەوەی ئێراق، پێشوازی لە “فەریدون عەبدولقادر” كرد، تا لەلایەن ئەویشەوە دیدگای نوێنەرەكەی یەكێتیی بزانێت. سەرەتای دیدارەكەش، وەك هەریەك لە “فەریدون عەبدولقادر” لە بیرەوەرییەكانی خۆی و “نەوشیروان مستەفا ئەمین” لە كتێبی “خولانەوە لە بازنەدا” باسیان كردووە، دوای سڵاو بەخێرهێنان، “تاریق عەزیز” دەستی بە قسە كرد و بە هەڕەشە دەستی پێكرد، كاتێك بە لایەنی بەرامبەری ووت ’’ئێمە ناڕووخێن، دونیا لەبەرامبەر ئێراندا پشتیوانیمان لێدەكات. ڕؤژێكیش دێت ئەم جەنگە تەواو ئەبێت. ئەگەر ئێستاش بێن و لەگەڵمان پیك بێن، چاكەیەكی گەورەمان لەگەڵ ئەكەن و هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە.خۆ ئەگەر شەڕ درێژە پێبدەن، ئەوا دوای تەواوبوونی جەنگی ئێران، ئەو سوپا گەورەییەی بۆ جەنگی ئێران دروستمان كردووە، ئەیهێنینە سەر ئێوە. خۆ ئەگەر بە ساڵێك شەڕ “سەد هەزار” كوژراو بدرێت، بەڵام خاكتان بە توركە ئەبێژین و تەفروتوناتان ئەكەین‘‘. خودی ئەو ووتانە لە یەكەمین گەڕی دانوستان و پێشوازی لە لایەنی بەرامبەر و لە میواندارییەكدا، نەك هەر لە ئەدەبی میوانداری نەدەوەشایەوە، بەڵكو دووریش بوو لە رێوڕەسمی دیپلۆماسی و دانوستان. هەربۆیە ئەوە جگە لە لەخۆباییبوونی سەرانی ئێراق و بێباكیان بۆ دانوستان و رێكەوتن لەگەڵ یەكێتیی هیچی دیكە نەبوو، بۆیە دەبوا هەر ئەو كات، كۆتایی بە دانوستان بێت و نوێنەرەكەی یەكێتیی بگاتە ئەوەی، كە هەر زوو خۆی بگەیەنێتەوە لای هەڤاڵەكانی و هەموو شتێك كۆتایی پێ بهێتت. كەچی دانوستان درێژەی كیشاو “فەریدون عەبدولقادر” لە وەڵامی ئەو هەڕەشانەدا بە “تاریق عەزیز”ی ووتبوو ’’ئەم هەڕەشانە ئێمە ناترسێنێت. كاتێك دەستمان دایە چەك بۆ خەبات، ژمارەمان ئەوەندەی پەنجەكانی دەست بوون، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو توندوتێژییەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە دژمان بەكارتان هێنا، بووین بە هەزاران و ئەوەتا ناچار بوون لەسەر مێزی گفتوگۆ، لەگەڵمان دابنیشن‘‘. ئەو ووتانەی ناوبراو ئەگەرچی وەڵامێكی پڕاوپڕ و هێزی یەكێتیی بوون بۆ “تاریق عەزیز”، بەڵام بەو سەرەتاییەوە دیار بووە، كە ئەنجامی گفتوگۆكان دەگاتە بنبەست.
دواتر “فەریدون عەبدولقادر” دوای گەیاندنی سڵاوی سكرتێری گشتی یەكێتیی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و هەنگاونان بۆ گفتوگۆ، ئەوەی ڕاگەیاندووە، كە یەكێتیش بەوپەڕی نیازپاكی گەڕاوەتەوە بۆ لای حكومەتی ئێراق و دەخوازێت لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵدا بكاتەوە. ئەمەو دوای كۆمەڵە قسە و باسی تر، كە تا ئیستاش زۆربەیان بە نهێنی ماونەتەوە، كۆتایی بەو دانیشتنە هاتووەو نوێنەری یەكێتی گەراوەتەوە بۆ لای سەركردایەتی پارتەكەی لە ناوچەی خۆشناو و گوندی “دۆڵ ڕەقە”، كە بارەگای “مام جەلال”ی لێبووە. دوای گەیاندنی پەیامی حكومەتی ئێراق و قسەكانی “بەرزان تكریتی و تاریق عەزیز” بە سكرتێری گشتی یەكێتیی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، بڕیار لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆ درا. ئەوەش كەوتە ڕۆژی “شەممە” بەرواری “19ی تشرینی دووەمی1983ز”. بەرهەمی یەكەمین دیدارو بڕیار لەسەر دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئیڕاق، لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە، ڕاگرتنی شەڕ بوو لەگەڵ كۆی هێزە چەكدار و دامەزراوە ئەمنییەكانی حكومەتی ئێراق. بڕیارەكەش ئاراستەی كۆی ئۆرگان و مەڵبەند و یەكەكانی هێزی پێشمەرگە كراو لە “1ی كانوونی یەكەمی1983ز” چووە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەش بۆ ئەوەی زەمینەی زنجیرەیەك گفتوگۆ و سەردانی شاندنی یەكێتیی بۆ شاری “بەغداد” ئاسان بكات، بەڵام بەو حاڵەوەش حكومەتی ئێراق، لە فشارهێنان بۆ یەكێتیی و شەڕی لابەلا لەگەڵی دوورنەكەوتەوە.
دوای هەفتەیەك “دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ” لە ئەوروپاوە گەڕایەوە شاری “بەغداد”، تا رێ و شوێنی یەكەمین كۆبوونەوەی باڵای نێوان هەردوو شاندی حكومەتی ئێراق و یەكێتیی پێك بهێنێت. دواجار ناوی ئەندامانی شاندی یەكێتی درایە حكومەتی ئێراق، كە لە هەریەك لە “مام جەلال، نەوشیروان مستەفا ئەمین، فەریدون عەبدولقادر، فوئاد مەعسوم، مولازم عومەر، دكتۆر خدر مەعسوم، عومەر عەزیز” بوون. شاندی حكومەتی ئێراقیش لە “عیزەت دوری، تاریق عەزبز، هیشان سەباح فەخری، سەعدی مەهدی ساڵح، دكتۆر فازیڵ بەراك” پیكهاتبوون. چەقی گفتوگۆكانیش كەوتنە شاری “بەغداد”ی پایتەختی دەوڵەتی ئێراق.