پێشەکی؛ جیۆگرافیای سیاسی بەشێکە لە جیۆگرافیایی مرۆیی، کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکات بۆ پەیوەندی نێوان سیاسەت و جیۆگرافیا، بە جۆرێک تیشک دەخاتە سەر تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوونی سنوورە سیاسییهكان و چۆنیەتی دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر خاکەکاندا، چۆن ئەم هۆکارانە کاریگەریان لە داینامیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هەر کیانێک و هەرێمێک هەیە.
1-2چەمکی جیۆگرافیای سیاسی؛ هەروەک لە پێشەکیش ئاماژەمان پێدا، جیۆگرافیایی سیاسی لقێکە لە لقەکانی جیۆگرافیایی مرۆیی، کە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوەی نێوان جیۆگرافیای و سیاسەتدا، جیۆگرافیا لقێکی کۆنی زانستی جیۆگرافیایە “ئەرستۆ و ئەفلاتوون” لەسەر ئەم بابەتەیان نووسیوە، بەڵام “کاردینال ڕیشیلیۆ“ بەیەکەم کەس هەژمار دەکرێت کە سیاسەتی بەستۆتەوە بە هۆکارە جیۆگرافییهكانی وەک سنووری سرووشتی نێوان وڵاتانی جیهان، جیۆگرافیای سیاسی بە نوێترین و پربایەخ ترین زانستی مرۆیی هەژمار دەکرێت، چونکە پەیوەندیە سیاسییهكانی نێوان دەوڵەتان و ژینگە سرووشتییەکان دەکۆڵێتەوە کە بەهۆی ڕەگەزە سرووشتییەکانەوە دەبن بە سەرچاوەی زانیاری جیۆگرافیا.” احمد، ٢٠٢٢ “
1-3جیۆگرافیایی سیاسی لە ڕوانگەی زانا و بیرمەندانی ڕۆژئاوا دا؛ جیۆگرافیای سیاسی بەگشتی جیۆگرافیایی سیاسی خاوەنی مێژوویەکی دێرینە بۆیە زانایانی ڕۆژئاوا و رۆژهەڵات بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشیانکردووە، بۆیە ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین بەپێی قۆناغە جیاوازەکاندا، باسیان بکەین چەند بیرمەندێک وەربگرین.
1-4جیۆگرافیای سیاسی لە چاخە کۆنەکاندا؛ جیۆگرافیای سیاسی زانستێکی کۆنە، مێژووەکەی دەگڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، هەرچەندە دەرکەوتنی وەک لقێکی خاوەن خەسڵەت و میتۆدی تایبەت بە خۆی دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، ئەم زانستە لە تێکستەکانی بەشێک لە بیرتیژ و بیرمەندانی دێرینی وەک هیرۆدۆت، هیبۆکرات، ئەفڵاتوون و ئەرستۆدا بەڕوونی دەردەکەوێت کاتێ کە لە پەیوەندی نێوان دیاردە سرووشتیەکان و هەڵسوکەوتی سیاسی مرۆڤیان دەکۆڵیەوە. “عەتەوی، ٢٠١١، ١٦”
- هیرۆدۆت؛ مێژوونووسی یۆنانی هیرۆدۆت “٤٨٥-٤٢٥“پ.ز ئاماژەی کردووە بە ڕۆڵی هۆکارە جیۆگرافییهكان لە سەرهەڵدانی چینە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمە سیاسییهكاندا ئەو وای بۆ دەچوو کە ناوچە تەختانی و دەشتەکان پیاوانی لاواز پەروەردە دەکەن، بەڵگەشی بەمە دەهێناوە کە فارسەکان ناوچە کوڕ و سەختەکانیان کردۆتە نیشتیمانی خۆیان، بۆیە بونەتە نەتەوەی باڵادەست، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە لە ناوچە تەختانیەکان و لە دەشتەکاندا نیشتەجێن و کشتوکاڵ دەکەن، دواتر بوونەتە ژێر دەستە، بەجۆرێک بەهێزی و لاوازی بە ئاو و هەواوە بەستۆتەوە، لە وتەیەکدا دەڵێت “کورشی پاشای فارسەکان ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە سەرکردایەتی گەلەکەی بکات بۆ داگیرکردنی زەویەکی بە پیت و ئاو و هەوا لە بارە چونکە پێی وابوو ئەو بارودۆخە پیاوەکانی دەکاتە مرۆڤێکی لاواز و بێ توانا، ئەوە خاوەنی ئەم وتە بەناوبانگەیە کە دەڵێ “میسر خەڵاتی نیلە“ ئەم ووتەیە جەختکردنێکی ئاشکرایە بۆ کاریگەری ژینگەی نیل لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی میسر و گونجانی ئەو ڕەوشە لەگەڵ بارودۆخی ژینگەکەدا. “ عەتەوی، ٢٠١١، ١٦”
- ئەرستۆ تاڵیس؛ فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ، باس لە بناغەی جیۆگرافیای دەوڵەت دەکات، کاتێک هێزی دەوڵەتی بە شوێنەکەیەوە گرێ داوە” بۆ دەوڵەت زەویەکەی وا باشتر کە بەدەریا گەیشتبێت چ بۆ ئاسایشی خودی خۆی یان بۆ دابینکردنی پێویستیە سەرەکیەکانی ژیانی،”بەڵام لەوەدا باش بۆی نەچووە کاتێک هێزی دەوڵەتی گرێداوە بە ئاو و هەواکەیەوە، “ئەو نەتەوانەی لە هەرێمە ساردەکاندا نیشتەجێن، یان گەلانی نیشتەجێی ئەروپا، ئازا و بەتوانان بەڵام لە پیشەسازیدا دواکەوتوون، سیستەمی سیاسیان نیە و ناتوانن بیپارێزن“ بەڵام گەلانی ئاسیا خاوەن بیر و هۆشن، وردکار و بە سەلیقەن لە هونەر و پیشەکانیاندا گەرچی لەسەر خۆ نین و جڵەوگیریی کارەکانیان ناکەن بۆیە هێشتا مل کەچ و کۆیلەن. “عەتەوی، ٢٠١١، ١٨ “
“چاخەکانی ناوەند”
- ئیبن خهلدون “١٣٣٢ – ١٤٠٦ز” زۆری لەسەر زانستە مرۆڤایەتییەکان نووسیوە دەروازە و دەرەچەیەکی نەهێشتۆتەوە لێی نەدابێت، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “مقدمە ابن خلدون“ زۆری نووسیوە ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین ئەوەی پەیوەندیدارە بە جیۆگرافیا و سیاسەتەوە بیخەینە ڕوو، ئیبن خەلدون زەوەی دابەشکردووە بەسەر حەوت هەرێمەوە” کە لە باکوورەوە بۆ باشوور، بەهەر بەشێکی وتووە هەرێم، واتا بەشە ئاوەدانەکەی زەوی دابەشکردووە بەسەر حەوت هەرێم کە هەریەکەیان درێژ دەبنەوە لە خۆرئاوا بۆ خۆرهەڵات “ هەروەها هەرێمە چوارەمینەکەی کردۆتە هەرێمی مامناوەند. “ عەتەوی، ٢٠١١، ١٩ “ ئیبن خەلدون هەڵسوکەوت و لەش و لار و ڕەنگی پێست، و کار و پیشەی کۆمەڵە مرۆڤەکانی بەستۆتەوە بە ژینگە سرووشتیەکەوە، بەتایبەت ئاووهەوا. “ عەتەوی، ٢٠١١، ١٩ “ ئیبن خەلدون کە لەنێو عەرەبەکانەوە سەریهەڵداوە کاتێک لە پێشەکییەکەیدا مامەڵەی لەگەڵ بابەتە پەیوەندیدارەکان بە جیۆگرافیای سیاسی کردووە، کە تێیدا ئاماژەی بە هۆز و دەوڵەت و ململانێی نێوان بەدەوییەکان و شارنشینەکان کردووە، هەروەها باسی سەرهەڵدانی دەوڵەت و هۆکارەکانی داڕمانی و کاریگەرییەکانی شانشینی لەسەر پێکهاتنی دەوڵەت. “ عبدالسلام، ٢٠٢١ “ بەجۆرێک بەبڕوای ئیبن خەلدون ڕۆلی ژینگە جیاوازە لەسەر هەڵوسکەوتی مرۆڤ لە نێوان گوند نشین و شارنشیندا” بە جۆرێک کە باسی دەکات دەڵێت گوند نشینەکان زیاتر حەزیان بەکاری چاکەیە بەبەراورد بە شارنشینەکان، چونکە شارنشیەکان زیاتر حەز بەخۆشگوزەرانی و خۆشبەختی دەکەن ئەمەش بەتەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە وایکردووە زیاتر مەیلی خراپەیان هەبێت نەک چاکە. “عەتەوی، ٢٠١١، ٢٠“
ئیبن خەلدون باسی دەوڵەتی کردووە، لە ڕوانگەی ئیبن خەلدون دەوڵەت وەک یەکەیەکی سیاسی خاوەن سنوور “ئەو پێی وایە گەر دەوڵەت زێدەڕۆیی کرد زۆرتر لەوەی کە لەبەردەستی دایە، ئەوە بێ پارێزگاری دەمێنێتەوە، ئەو سا دوژمن و دراوسێکانی چاوی تێدەبڕن و هەڵ دەگەڕینەوە لێی ئۆباڵەکەشی لەملی دەوڵەتە“، هەروەها پێی وایە بێهێزی دەوڵەت لە دەمارگیری و کەلەڕەقی دایە، ئەوەش بەهۆی جیاوازی ئارەز و بیروبۆچوونەکانە، چونکە لە پشت هەر ڕاو بۆچوونێک ئارەزویەکی دەمارگیری هەیە، ئەویش کاریگەری دەبێت لەسەر لەسەر دەوڵەت. “ عەتەوی، ٢٠١١، ٢٠ “ هەروەها ئیبن خەلدون تەمەنی دەوڵەت بە سێ نەوە دابەشکردووە، ئەم سێ نەوەیەش لە ١٢٠ ساڵ تێپەر نابێت، هەروەها ئەم سێ نەوەشی بەسەر پێنج قۆناغ دابەشکردووە:- “ عەتەوی، ٢٠١١، ٢٠-٢١ “
- سەربازی و دەستگرتنە بەسەر دەوڵەتدا.
- زۆرداری و تاکڕەویە لە فەرمانڕەوایەتی.
- نەرم ونیانی و چنینەوەی بەری دەوڵەتەکە.
- شەر و بروا و قەناعەت هێنان و دژە شەڕییە.
- دەست بڵاوی و زێدەڕۆییە، لەم قۆناغەدا دەوڵەت ئەوە بەفیرۆ دەدا کە پێشینان کۆیانکردۆتەوە.
بەگشتی هێزی دەوڵەت بەلای ئیبن خەلدونەوە لە دوو سەرچاوەی سەرەکی بناغە دادەڕێژێت، ئەوانیش بریتین لە سێ خاڵ کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:- “عەتەوی، ٢٠١١، ٢١ “
- هێز و دەسەڵات کە لەسەربازەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەدیار دەکەوێت.
- ئابووری و داراییەکی بەهێز و سەقامگیر، کە بڕبرە و بزوێنەری ئەو هێزە سەربازیانەیە.
- ئایین هێزی دەوڵەت زیاد دەکات، بە بڕوای ئیبن خەلدون دەوڵەتی سەرکەوتوو و بەهێز ئەو دەوڵەتەیە کە ئایینیش بداتە پاڵ خۆی وەک هێزێک.
“چاخی نوێ”
- کانت، ١٧٢٤-١٨٠٣؛ زانای ئەڵمانی کانت، بە باوکی جیۆگرافیای سیاسی دادەندرێت، کانت یەکەمجار زاراوەی جیۆگرافیای سیاسی بەکار هێنا لە کاتی وانەوتنەوە لەسەر بابەتی جواگرافیای سرووشتی و ئاماژەشی کرد بۆ بنەغەکانی جیۆگرافیای سیاسی کانت پێی وابوو جیۆگرافیای کاریگەرییەکی سەرەکی هەیە لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان، جیۆگرافیای سیاسیش بە لقێک لە لقەکانی جیۆگرافیا داناوە جەختیشی کردۆتە سەر ڕۆڵی جیۆگرافیای سیاسی لەسەر ڕووداوە سیاسیە جیهانییەکان، بەڵام بیروبۆچوونەکانی زۆر دەنگی نەداوەتەوە، تەنها لە ناوەڕاستی ئەوروپا و ئەڵمانیادا نەبێت، لەو خوێندکارانەی کانت کە لەسەر ئەم بابەتانە ووسیویانە” کارڵ ریتەر و فرەدیک ڕاتزڵ بوون.” عەتەوی، ٢٠١١، ٢٣-٢٣ “
لیستی سەرچاوەکان؛
- کتێبەکان
- عەتەوی، عەبدوڵلا، ٢٠١١، دەوڵەت و کێشە نێودەوڵەتییەکان، و/ د. جەزا تۆفیق طالب. ئەحمەد لی ئەحمەد، ژ چ سێیەم، شوێنی چاپ سلێمانی، چاپخانەی گەنج.
- ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکان
- عبدلسلام، محمد، ٢٠٢١، نشأة وتطور الجغرافيا السياسية – المرحلة الاولى، ان النور یکشف الحجب ولکنە قد یکون حجابا اذ انشغل بە العبد عن مصدرە
https://mail.almerja.com/reading.php?idm=161884
Last visit: 5-12-2023/ 11:45pm
- محازەرات
- احمد، سەنگەر، ٢٠٢٢، جیۆگرافیای سیاسی، کۆلێژی پەروەردی بنەڕەتی بەشی کۆمەڵایەتی، زانکۆی صەڵاحەدین.
ئامادەکردنی؛ مستەفا مهقسود شێخ محمد