“ماکس پیكارد” (١٨٨٨-١٩٦٥) وەک فەیلەسوفێکی سویسری-ئەڵمانی، چەمکی بێدەنگی کردە تەوەری سەرەکی بۆچوونە فەلسەفییەکانی. بێدەنگی لای “پیكارد” مەسەلەیەکی لاوەکی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی بنچینەییە کە پێش هەموو بوونێک هەبووە. لە کتێبی بەناوبانگی «جیهانی بێدەنگی» لە (١٩٤٨)دا نووسیویەتی، “پیكارد” تیۆرێکی ڕادیکاڵ لەبارەی چییەتی بێدەنگی و پێگەی لە ئەزموونی مرۆیی و میتافیزیکدا پێشکەش دەکات. “پیكارد” تا ئێستاش بۆ دۆخی ئەمڕۆ و هەنوکەی کۆمەڵگایی مرۆڤایەتی گرنگ و پێویستە، چوون ئێستا جیهان و مرۆڤ لەناو جەنجاڵی قەرەباڵغییەکی پڕ لە دەنگ و بێسنوور ژیان دەکات، ئەمەش لە زۆربەی ڕووەکانەوە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ دادەنێ و ناتوانێ بە وردی خاوەنی بیرکردنەوەی خۆی بێت. بۆیە ماکس پێشنیاری «بێدەنگی» دەکات وەک ناوەندێک بۆ مرۆڤ کە فیکر دەکاتەوە و دەتوانێ ماتەوزەی نوێ دروست بکات.
لە قووڵایی فەلسەفەی “ماکس پیكارد”دا، بێدەنگی دیاردەیەکی سەرەتایی و بنەڕەتییە کە پێش زمان هەبووە و زیاتر لە تەنها نەبوونی دەنگ دەگرێتەوە. بێدەنگی لای “پیكارد” مەڵبەندی سەرەکی بوونە، ئەو جەوهەرەی کە هەموو شتێکی دیکە لێیەوە سەرهەڵدەدات. زمان وەک دیاردەیەکی دووەم، هەمیشە لە ناوەندی بێدەنگییەوە دێتە دەرەوە، هەر وەک چۆن گوڵێک لە خاکەوە سەرهەڵدەدات. لە دیدی “پیكارد”ەوە، وشەکان لە ڕاستییدا جەوهەری بێدەنگی هەڵدەگرن و هێزی خۆیان لەو بێدەنگییەوە وەردەگرن کە سەرچاوەیانە. ئەمەش وادەکات دەکات بێدەنگی وەک شتێکی نەرێنی نەبینین، بەڵکو وەک ئەو هێزە ئەرێنییە تەماشای بکەین کە توانای داهێنان و خولقاندنی هەیە. کاتێک وشەکان دەگەڕێنەوە بۆ بێدەنگی، لە ڕاستییدا بەرەو سەرچاوەی بوونی خۆیان دەگەڕێنەوە، وەک ئەوەی ئاوێک بڕژێتەوە ناو دەریا و لەوێدا دوبارە تێکەڵ بە گشتی گەورەتر ببێتەوە. بێدەنگی بەو شێوەیەی “پیكارد” ڕاڤەی دەکات، بەستێنی هەموو مەعریفەیەکی ڕاستەقینەیە. هەر بۆیە، کاتێک مرۆڤ لە جیهانی شڵەژاوی مۆدێرندا خۆی بە بێدەنگییەوە دەبەستێتەوە، دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ مەعریفەیەکی قووڵتر و ڕەسەنتر بەهێز بکات. لە بێدەنگییدا، پێگەیەکی مەعریفی تایبەت دروست دەبێت کە تیایدا هۆشیاری بە شێوەیەکی جیاواز کار دەکات، وەک ئەوەی گوێگرتن لە بێدەنگی توانای گوێگرتنێکی نوێ و قووڵتر بە هۆشیاریمان ببەخشێت. ئەم هۆشیارییە قووڵە، جیاوازە لەو هۆشیارییەی کە لە ناوەڕاستی ژاوەژاو و دەنگەدەنگی ژیانی ڕۆژانەدا هەمانە. لێرەدا، مرۆڤ دەتوانێت جیهان بە شێوەیەکی دیکە ببینێت، شێوازێک کە تیایدا واتای شتەکان خۆیان دەردەخەن، نەک ئەوەی ئێمە واتایان بە سەردا بسەپێنین. لە دیدی “پیكارد”ەوە، بێدەنگی وەک ئەو تیشکە وایە کە سەرلەنوێ پەیوەندیمان بە سەرچاوەی بنەڕەتی واتاکان دەداتەوە و مەعریفەیەکی فیکری قووڵتر و ڕەسەنتر لە دەروونماندا دروست دەکات کە لە سنووری وشەکان تێدەپەڕێت و دەگاتە ئەو لایەنانەی بوون کە تەنها لە بێدەنگییدا دەکرێت ببیندرێن و هەست پێ بکرێن.
ئەم دیالێکتیکەی نێوان زمان و بێدەنگی، هاوکات ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مەعریفەی ڕاستەقینە تەنها لە وشەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کاریگەرییە قووڵەکانی بێدەنگییشەوە سەرچاوە دەگرێت. لە بێدەنگییدا، ئێمە ناچار نین هەموو شتێک وەک لۆژیکێکی ڕەق و زمانێکی وشک ڕاڤە بکەین، بەڵکو دەتوانین بوار بۆ جۆرێک لە مەعریفە بکەینەوە کە پەیوەندی لەگەڵ قووڵایی ڕۆح و نهێنییەکانی بووندا هەیە. “پیكارد” پێی وایە کە بێدەنگی ئامرازێکە بۆ پاراستنی «نهێنی» لە جیهاندا، چونکە کاتێک هەموو شتێک بە وشە و دەنگ دەپێچرێتەوە، ئەو کات جیهان بەتاڵ دەبێت لە نهێنی و ڕەسەنایەتی و جوانی. بەڵام لە ناخی بێدەنگییدا، ئەو نهێنییانە پارێزراو دەمێننەوە و دەبنە سەرچاوەی مەعریفەیەکی قووڵتر و تێگەیشتنێکی فیکری پڕ ماناتر کە توانای هەیە لەسەر جەوهەری شتەکان و نەک تەنها ڕووکەشەکانیان بوەستێت. لە ژێست-ئۆنتۆلۆژیای “پیكارد”یدا، «داخران» ئاماژەیە بۆ ئەو ساتەوەختەی کە تێیدا زمان لە دەربڕینی وشەکاندا کۆتایی پێدێت و دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی، جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە. لە تێڕوانینە مەعریفی-ئۆنتۆلۆژییەکەی “پیكارد”دا، بێدەنگی وەک ژێستێکی زمانی بنەڕەتی، تەنها نەفیکردنی دەنگ نییە، بەڵکو خۆی دەربڕینێکی سەرەتاییە کە پێش زمان هەیە و لە پشت هەموو زمانێکەوە هەناسە دەدات وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ. ئەمەش وا دەکات بێدەنگی ببێتە زمانێکی جیاواز، یان با بڵێین پێش-زمانێک کە لە قووڵایی نهێنییەکانی بووندا، لە ڕێگای ژێستەکانی خۆیەوە (وەک شێوە، سێبەر، تەماوی، و جووڵە نادیارەکان) دەدوێت و هەزاران واتای نەگوتراو بەیان دەکات کە وشەکان توانای دەربڕینیان نییە. لەم دیالێکتیکە فیکرییەدا، کاتێک زمان بەرەو بێدەنگی «دەکرێت»، واتە دادەخرێت و دەوەستێت، لە ڕاستییدا بەرەو مەعریفەیەکی قووڵتر «دەکرێتەوە» کە تێیدا دیوارەکانی لۆژیکی دەربڕین دەڕووخێن و مەودای نوێی ژیان-مەعریفە دەردەکەون.
لێرەدا، بێدەنگی وەک ژێستێکی زمانی (کە خۆی لە ژێردەستی زماندا نییە، بەڵکو سەرچاوەی زمانە)، هاوکات هەڵگری مەعریفەیەکی ڕادیکاڵیشە کە پێمان دەڵێت مەعریفەی ڕاستەقینە هەمیشە نادەربڕراوە، ئەو مەعریفەیەی کە لە ئاستی هۆشیاری ڕاستەوخۆدا و پێش لێکدانەوە و پێناسەکردندا، خۆی بە مرۆڤ دەناسێنێت، کە لەمەشدا بێدەنگی وەک ژێستێکی ڕەسەن لە دژی تۆتالیتاریەتی زمان هەڵدەستێت، ئەو تۆتالیتاریەتەی کە دەیەوێت هەموو شتێک لە دەروازەی وشەکاندا بە دیل بگرێت و کۆتوبەندی بکات. کەواتە، بێدەنگی وەک ژێستی زمانی، مانیفێستۆی تێڕامانی قووڵە بەرامبەر زمانی لاوەکی، گەڕانەوەی جەوهەرییە بەرامبەر دەربڕینی کاتی، ئامادەبوونی ڕەهایە بەرامبەر نیشانەی سنوورداری وشەکان؛ ئەو خاڵەی کە تێیدا نەگوتراوەکان لە نەبینراوەکاندا و شاراوەکان لە ئاشکراکاندا، بەیەکەوە گۆرانی ژیان و مەعریفە دەچڕن. یەکێک لە تیۆرە بنەڕەتییەکانی “پیكارد” ئەوەیە کە بێدەنگی بوونێکی سەربەخۆی هەیە، واتە «دیاردەیەکی ئۆنتۆلۆژی»یە. ئەو دەڵێت؛ «بێدەنگی هەروەک ئاو، هەروەک بەرد، هەروەک ڕووەک، بوونێکی تایبەت بە خۆی هەیە». لێرەدا “پیكارد” بەتەواوی لە تێگەیشتنی باو جیا دەبێتەوە کە بێدەنگی تەنها بە نەبوونی دەنگ پێناسە دەکات. بەپێچەوانەوە، لە دیدی ئەوەوە، بێدەنگی جەوهەرێکی سەربەخۆیە کە پێش هەموو شتێک هەیە و بنەڕەتی هەموو بوونێکە. بە مانایەکی دیکە؛ “پیكارد”، جوانتر و دڵنشینتر، بێدەنگییمان بۆ ڕاڤە دەکات و دەڵێ؛ «کاتێک دوو کەس پێکەوە قسە دەکەن، هەمیشە کەسی سێیەم هەیە کە گوێ دەگرێ، ئەو سێیەمین کەسەش بێدەنگییە». واتا بێدەنگی هاوڕێ و هاوپشتی تەنگانە و تەنهاییەکانی هەموو مرۆڤێکە.
بێدەنگی لای “پیكارد” دیاردەیەکی «سەرەتایی-بنچینەیی»ـە، واتە لە بنچینەدا هەبووە و کۆنترە لە هەموو دیاردەکانی تر. بەم پێیە، دەنگ و قسە لە بێدەنگییەوە سەرهەڵدەدەن، نەک بە پێچەوانەوە. ئەم بۆچوونە دەمانباتە ناو تێگەیشتنێکی میتافیزیکی و ئۆنتۆلۆژی قووڵی چەمکی بێدەنگی لە فەلسەفەی “پیكارد”دا. “پیكارد” چەمکی بێدەنگی لە ڕوانگەیەکی فێنۆمێنۆلۆجیشەوە شیدەکاتەوە. لای ئەو، بێدەنگی تەنها بابەتێکی دەرەکی نییە، بەڵکو لە ناوەڕۆکی ئەزموونی مرۆییدا هەیە. ئەو دەنووسێت؛ «بێدەنگی لەناو ئێمەدا هەڵگیراوە، بەشێکە لە پێکهاتەی ناوەوەی بوونمان». بەم شێوەیە، بێدەنگی دەبێتە ڕەهەندێکی بنەڕەتی ئەزموونی هۆشیاری.
بەپێی ئەم دیدگایە، هەرکاتێک مرۆڤ بە قووڵی ئەزموونی بێدەنگی دەکات، لە ڕاستییدا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ڕەسەنی بوونی خۆی. “پیكارد” پێیوایە کە بێدەنگی دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە مرۆڤ پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بووندا هەبێت، بێ ناوبژیوانی وشە و چەمکەکان. لێرەدا بێدەنگی دەبێتە «فەزایەک» کە تیایدا مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەسەن و پێش-زارەکی ڕووبەڕووی بوون ببێتەوە. یەکێک لە چەمکە قووڵەکانی تیۆری “پیكارد” پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان «بێدەنگی» و «وشە»یە. لای ئەو، بێدەنگی و وشە دژبەری یەکتر نین، بەڵکو لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی ئاڵۆزدان. ئەو دەنووسێت؛ «وشە لەناو بێدەنگییدا لەدایک دەبێت، و لە کۆتاییدا دیسان دەچێتەوە ناو بێدەنگی. بێدەنگی هەم سەرچاوەی وشەیە، هەم مەنزڵگای کۆتایی». بەپێی ئەم تێگەیشتنە، وشەی ڕاستەقینە و پڕمانا ئەو وشەیەیە کە لە بێدەنگییەوە دێت و پەیوەندی لەگەڵ بێدەنگیدا دەپارێزێت. وشەکان ئەوکاتە پڕ واتا دەبن کە پەیوەندییان لەگەڵ بێدەنگیدا هەبێت. بە پێچەوانەشەوە، ئەو وشانەی پەیوەندییان لەگەڵ بێدەنگیدا نییە و تەنها لە ژاوەژاوەوە دێن، هەژار و بێ واتان. یەکێک لە لایەنە هەرە قووڵەکانی تیۆری “پیكارد” بریتییە لە شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان بێدەنگی و ئەزموونی کات و شوێن. لە جیهانی بێدەنگییدا، کات و شوێن بە شێوەیەکی جیاواز لە ژیانی ڕۆژانە ئەزموون دەکرێن. “پیكارد” دەڵێت؛ «لە بێدەنگیدا، تێپەڕبوونی خێرای کات دەوەستێت و شوێن ڕەهەندێکی قووڵتر وەردەگرێت».
بەپێی ئەم تێگەیشتنە، بێدەنگی دەبێتە فەزایەک کە تیایدا کاتی خەتی دەگۆڕێت بۆ کاتێکی قووڵتر و تێکچڕژاو. لە ئەزموونی بێدەنگیدا، ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو لە یەک ساتی قووڵدا یەکدەگرنەوە. هەروەها شوێنیش تەنها پێوانەیەکی فیزیکی نامێنێت، بەڵکو دەبێتە «قووڵاییەک» کە ڕەهەندی ڕۆحی هەیە. “پیكارد”، بەهۆی پێشخانی ئاینی و میتافیزیکییەوە، پەیوەندی نێوان بێدەنگی و خودا بە قووڵی شیدەکاتەوە. لای ئەو، بێدەنگی «زمانی خودا»یە. ئەو دەنووسێت؛ «لە سەرەتادا بێدەنگی هەبوو، پاشان وشە هات». ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ «یۆحەننا»، بەڵام لێرەدا “پیكارد” ڕستەکە بە شێوەیەکی نوێ دەخوێنێتەوە و پێیوایە پێش وشە، بێدەنگی هەبووە. بەپێی ئەم تێگەیشتنە میتافیزیکییە، بێدەنگی بوونی خودایی تیایە و ئەزموونی بێدەنگی دەبێتە ڕێگایەک بۆ نزیکبوونەوە لە خودا. لە هەمان کاتدا، “پیكارد” پێیوایە کە بێدەنگی گەواهی لەسەر نەمری دەدات و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێتە بەشێک لە نەگۆڕی و هەتاهەتایی. بۆچوونەکانی “پیكارد” تەنها لە ئاستی میتافیزیکیدا نامێننەوە، بەڵکو دەبنە بنەمایەک بۆ ڕەخنەیەکی قووڵ لە کۆمەڵگا و کولتووری مۆدێرن. ئەو پێیوایە دونیای مۆدێرن گرفتاری «دیکتاتۆریەتی دەنگ» بووە و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی بێدەنگییدا لەدەستداوە. ئەمڕۆ مرۆڤ لەناو زەبر و زریانێکی بێوچانی دەنگدا دەژی و ئەمە بووەتە هۆی دابڕانی لە ڕەگی بوونی خۆی.
“پیكارد” ئەم دۆخە وەک «نەخۆشی» و «قەیران» وەسف دەکات. ئەو دەڵێت؛ کە لەدەستدانی بێدەنگی بووەتە هۆی لەدەستدانی «قووڵایی» و «واتا» لە ژیاندا. لە دیدی ئەوەوە، تاکەکان و کۆمەڵگا ناتوانن بە ڕاستی هەست بە بوونی خۆیان بکەن چونکە ئەوان لە بێدەنگی دابڕاون کە سەرچاوەی ڕەسەنی هەموو بوون و هەستکردنێکە. ماکس تیۆرێکی قووڵی لەبارەی پەیوەندی نێوان بێدەنگی و زمان پێشکەش دەکات. لای ئەو، زمانی ڕاستەقینە هەمیشە لە بێدەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت و پەیوەندی لەگەڵ بێدەنگییدا هەیە. بەپێچەوانەوە، لە جیهانی مۆدێرندا زمان جۆرێک لە «هەڵاوسان»ـی بەسەرداهاتووە، وشەکان زۆر و زیاد بوون، بەڵام واتا و قووڵاییان لەدەستداوە. ئەو دەنووسێت؛ «لە جیهانی ئەمڕۆدا، وشەکان بەبێ بێدەنگی دێن و دەڕۆن، وەک پەڵە هەوری بێ باران». بەپێی ئەم تێگەیشتنە، زمانێک کە پەیوەندی لەگەڵ بێدەنگییدا نەبێت، ناتوانێت ببێتە هەڵگری واتای قووڵ و ڕاستەقینە. لە ئاکامدا، “پیكارد” پێشنیاری «گەڕانەوە بۆ بێدەنگی» دەکات وەک ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانی مرۆڤی مۆدێرن کە تێیکەوتووە. ئەم گەڕانەوەیە لای ئەو ڕەهەندی ئاکار و ڕۆحی هەیە. گەڕانەوە بۆ بێدەنگی واتا گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و بنچینەی بوون. ئەو کەسەی ئەزموون و تاسەی بێدەنگی دەکات، پەیوەندی لەگەڵ بنەماکانی بووندا دروست دەکاتەوە. لە بێدەنگیدا، مرۆڤ پەیوەندی لەگەڵ ئەبەدیەت و بەردەوامییدا دروست دەکات. بەم شێوەیە، گەڕانەوە بۆ بێدەنگی دەبێتە پرۆژەیەکی ڕۆحی و ئەخلاقی کە تیایدا مرۆڤ دەتوانێت ڕەسەنایەتی بوونی خۆی بدۆزێتەوە. تیۆری “پیكارد” دەربارەی بێدەنگی، سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی حەفتا ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، هێشتا بۆ جیهانی ئەمڕۆ گرنگی و بایەخی هەیە. لە سەردەمێکدا کە ژاوەژاو و دەنگی بێوچان زیاتر لە هەر کاتێک زاڵە، بۆچوونەکانی “پیكارد” دەمانبەنەوە بۆ ئەو ڕاستییە بنەڕەتییە کە مرۆڤ پێویستی بە بێدەنگییە بۆ ئەوەی بتوانێت بەتەواوی هەست بە بوونی خۆی بکات و بە قووڵی ژیان بکات. “پیكارد” وەک بانگەوازکارێکی بێدەنگی، بەردەوام یادمان دەخاتەوە کە بێدەنگی بەها و نرخی خۆی هەیە و ئەرکی ئێمەیە کە پەیوەندیی لەگەڵدا دروست بکەین. ئەو دەیڵێت؛ «بێدەنگی قووڵترە لە هەموو ئەو وشانەی کە مرۆڤ تا ئێستا بیری لێ کردوونەتەوە». ڕستەیەک کە زۆر قورس و هەڵگری ڕەهەندی چوونیەک و دژبەیەکە لەگەڵ بیرمەندانی تر کە دوایی “پیكارد” هاتوون و قسەیان لەسەر بێدەنگی کردوە، ئەم ڕستەیە پوختەی بیرکردنەوەی “پیكارد”ە دەربارەی جیهانی بێدەنگی.
تێڕوانینەکانی “پیكارد” لە سەردەمی ئێستادا، کە تەواو داگیرکراوە بە دەنگی میدیای کۆمەڵایەتی و هەراوهۆریای دیجیتاڵی، ڕەنگدانەوەیەکی گرنگتری هەیە. لە جیهانێکدا کە هەر چرکەیەک ملیۆنان پەیام و دەنگ و وێنە دەگۆڕدرێنەوە، تێگەیشتنی “پیكارد” بۆ بێدەنگی وەک پەناگەیەکی ڕۆحی، گرنگی زیاتری وەرگرتووە. هەر وەک “پیكارد” دەیبینێت، تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ، بە تایبەت ئامرازەکانی پەیوەندیکردن، بە شێوەیەکی ڕیشەیی پەیوەندی مرۆڤیان گۆڕیوە، تاکەکانی لە «دنیای ڕاستەقینە» دابڕیوە و پەیوەندییەکی ساختەیان لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا دروستکردووە. ئەو باوەڕی وابوو کە بێدەنگی، لە ئاستێکی قووڵدا، دەکرێت ببێتە ئامرازێکی بەرگری دژی کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنۆلۆژیا. کاتێک کە مرۆڤ بەرەو بێدەنگی دەچێت، هۆشیاری خۆی بەرەو قووڵایی بوون دەبات و دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەقینەتر ئەزموونی ژیان بکات. بێدەنگی، لەم ڕوانگەیەوە، تەنها دۆخێکی فیزیکی نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی بوون و دەربازبوون لە کاریگەرییە ڕووکەشەکانی جیهانی دەرەوە. “پیكارد” چەمکێکی تایبەتی پێشکەش دەکات کە زۆر کەم باسکراوە؛ بێدەنگی لە ڕوانگەی ئەوەوە «ناوەڕاست» ـی هەموو هەڵسوکەوتێکە. هەر وەک خوێن لەناو جەستەدا دەڕوات و سەرچاوەی ژیانە، بێدەنگیش بەو شێوەیە لەناو جیهانی زمان و پەیوەندیدا دەڕوات. ئەم دیدگایە، کە بە تەواوی جیاوازە لە تێگەیشتنی باو بۆ بێدەنگی، بێدەنگی لە چوارچێوەی «نەبوون»ـەوە دەگوازێتەوە بۆ «بوون»ێکی قووڵتر. لە ڕاستییدا، بێدەنگی ئەو هێزە ڕێکخەرەوەیە کە بە وشە و بیرکردنەوەکانمان واتا دەبەخشێت. بێدەنگی تەنها ئامرازێک نییە بۆ ڕاڤەکردن و گەیشتن بە واتایەکی قووڵتر، بەڵکو خۆی سەرچاوەی واتایە. پێش ئەوەی وشە هەبێت، بێدەنگی هەبووە، و بێ بێدەنگی، وشە ناتوانێت بوونی هەبێت. لە دیدی فەلسەفەی زماندا، ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە بەپێی ئەم تێڕوانینە، ئێمە وەک مرۆڤ لە ڕێگەی بێدەنگییەوە دەگەینە قووڵترین ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاری.
کاریگەری فەلسەفەی بێدەنگی “پیكارد” لەسەر بیرمەندانی دوای خۆی، بەتایبەت فەیلەسوفانی فێنۆمێنۆلۆژی و هێرمێنیۆتیک، گرنگ و بەرچاو بووە. هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە، بەردەوامییان بە بیرکردنەوەی “پیكارد” داوە سەبارەت بە پێگەی بێدەنگی لە بوون و زمان و تێگەیشتندا. بەتایبەت، لە دەنگی بێدەنگی بووندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن بێدەنگی لە قووڵترین ئاستدا پەیوەندی بە «بوون»ـەوە هەیە و دەرگای تێگەیشتن دەکاتەوە. بەم شێوەیە، “پیكارد” نەک تەنها وەک فەیلەسوفێکی بێدەنگی، بەڵکو وەک بیرمەندێک کە ڕێچکەی نوێی لە فەلسەفەی زمان و بووندا کردۆتەوە، دەتوانین بیناسین. میراتی فەلسەفی “پیكارد” ئەوەیە کە بێدەنگی، بە شێوەیەکی ناکۆکئامێز، کاراترین فۆرمی زمانە، زمانێک کە نەک تەنها بۆ گواستنەوەی واتا، بەڵکو بۆ خولقاندنی واتا گرنگە. بێدەنگییەکە کە بەشێوەیەکی ڕەها، لەگەڵمان دەدوێت.