يهكێك له ئهنجامهكانى ڕێككهوتنامهى سايكس بيكۆى”16/5/1916”ى نێوان بهريتانيا[1] وفهڕهنسا[2]دروستكردنى كۆمهڵێك دهوڵهت بوو، بێ گوێدانه خواست و ويستى نهتهوه و كهمه نهتهوه و ئايين و ئايينزاكانى ئهم ناوچهيه، شایەنی باسە ڕێككهوتننامەی سایكس – بیكۆ باسی لە كۆنفدراسۆنی چەند دەوڵەتی عەرەبی یاخود دەوڵەتێكی عەرەبی كردبوو، هەروەها قسەی لە جیاكردنەوەی شوێنە پیرۆزەكانی ئیسلام و عەرەبستان لە توركیا و دانانی لەژێر حوكمێكی ئیسلامی سەربەخۆدا كردبوو، بەڵام ئەوانە هەرگیز لەگەڵ ئەو بەڵێنانە نەدەگونجان، كە ماكماهۆن لەباتی حكومەتی بەڕیتانیا دابووی بە شەریف حوسێن[3] و لەگەڵ ئەم كەین و بەینە نهێنیانەدا بیلفۆری وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بەڵێنێكی ژێر بە ژێری دابوو بە ڕێكخراوی جیهانی سەهیۆنی سەبارەت بە پشتگیری كردنی دەوڵەتەكەی لە دروستكردنی نیشتیمانێكی نەتەوەیی بۆ جولەكە لە فەڵەستین، مەسەلەیەكی وا، كە بە پراكتیزەكردنی بووە گەورەترین كێشەی گەلانی عەرەب[4].
بەهەرحاڵ پاش چوار ساڵ ئاگری جەنگ دامركایەوە و هاوپەیمانەكان سەركەوتنیان بەدەست هێنا، دەوڵەتی عوسمانی شكستخواردوو لە 31 ی تشرینی یەكەمی 1918 دا بە پێی ڕێككهوتنی مۆدۆرۆس خۆی بەدەستەوەدا، لە ساڵانی جەنگ دا ناوچە عەرەبیەكانی بەسڕە، بەغداد و بەشی زۆری ویلایەتی موسڵ، سوریا و فەڵەستین لەلایەن بەریتانیاوە گیرابوون، پاش شۆڕشی ئۆكتۆبەری ساڵی 1917 ڕوسیا پاشەكشەی لە جەنگ كردبوو بە گرفتی نێوخۆییەوە خەریك بوو، فەڕەنسیەكانیش ناوچەكانی باشووری ئەنادۆڵیان كۆنتڕۆڵكردبوو، ئەمەریكییەكان كە لە دوا ساڵەكانی جەنگدا لە پاڵ هاوپەیمانەكان بەشدارییان كرد هێزێكیان لە ناوچە عەرەبیەكان نەبوو، ئەو 14 بەندەی سەرۆك “ویلسن”ی وڵاتە یەكگرتووەكان بڵاوكردبوونەوە ئومێدی سەربەخۆیی سیاسيی لەلای گەلانی غەیرە توركی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دروستكردبوو، بە تایبەتی بەندی 12 كە ئاماژەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ مەسەلەیەكی وا دەكات. ئهوهبوو لهپاش كۆنفرانسى ئاشتى له پاريس”1919” و كۆنفرانسى”سانڕيمۆ1920”، ڕێگهيان خۆشكرد بۆ وهديهێنانى خواست و ويستى بهرژوهندييهكانى بهريتانيا له ناوچهكه، ئهو خواستهى پێچهوانهى خواستى نهتهوهيى كورد بوو…
“لە ناوچەكانی باشووری كوردستان”
بەریتانیا چەند ڕۆژێك بە سەر شەڕەكەدا تێ نەپەڕیبوو، كە ناوچەكانی باشووری ئێراقی[5] داگیر كرد و لە یەكەم پەلاماردانیدا “فاو”ـی داگیر كرد، دواتر بەسرە و كوت و عەممارە، لەو كاتەدا “شێخ مەحموود” یش بەشداریی شەڕی دژی بەریتانییەكان كرد لە ناوچەی “شوعەیبە”، هەرچەند بەریتانییەكان لە “كوت” تووشی شكست هاتن، بەڵام دوای ڕێكخستنەوەی هێزەكانیان توانیا پێشڕەوی بكەن، لە ئازاری ١٩١٧دا بەغدادیشیان داگیر كرد. بەریتانیا لە بەغدا خۆی وەك ڕزگاركەر نیشان دەدا بۆ ڕاكێشانی هەستی خەڵك بە لای خۆیدا، هەروەها گۆڤارێكیان بە ناوی “تێگەیشتنی ڕاستی[6]“ بە هەر دوو زمانی فارسی و عەرەبی دەركرد، ئەم بڵاوكراوەیە هەوڵی دەدا بۆ جوانكردنی سیاسەتی هاوپەیمانان و ناشرینكردنی سیاسەتی عوسمانی و ئەڵمانییەكان.
بەریتانییەكان بەرەو كفری چوون لەوێ دەسەڵاتێكی نێوچەیییان دروست كرد، و دواتر بەرەو كەلار و دوزخورماتوو هێزەكانی پێشڕەوییان كرد و پلانی داگیركردنی كەركووكیان كێشا و جاسووسیان ناردە ناوچەكە بۆ دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ سەرانی كورد، بەم شێوەیە بەریتانیا بۆ داگیركردنی كوردستان جێپێی خۆی قاییم كرد، پاشان بەرەو ناوچەی كەركووك چوو، چونكە كەركووك نێوەندێكی بازرگانی، هەم نێوەندێكی ستراتیژی بوو بۆ بەستنەوەی ناوچەكانی كوردستانی باشوور، ئەوە بوو پاش دانانی پلانێكی سەربازی كەركووكیان داگیر كرد، بەڵام تەنها ١٨ تا-٢٠ ڕۆژێك تێیدا مانەوە و كشانەوە، ئەمەیش لەبەر پێویستبوونی دەسەڵاتی ئینگلیز بۆ ناوچەكانی ئێران، بۆ ئەوەی ئەو بۆشایییە سەربازییەی لە ئەنجامی كشانەوەی ڕووسەكان، بە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆكتۆبەرەوە لەو ناوچەیەدا دروست بووبوو، پڕ بكەنەوە و بتوانن سەر بكەون بە سەر بەرەی نێوەنددا، هەروەها بە هۆی دروستبوونی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی لە ئەنجامی پەلاماردانی هێزەكانی بەریتانیا كە لە كەركووكدا دروست بووبوو، ئەم كشانەوەی لە كەركووك گەڕانەوەی عوسمانییەكانی بە دوادا هات، بەڵام دواتر بەریتانییەكان داگیریان كردەوە بەم شێوەیە پڕۆسەی داگیركردن كۆتایی هات. لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا كوردستان زەرەروزیانێكی زۆری بەر كەوت لەوانە؛ تێكچوونی ئابووری كە خۆی لە لەناوچوونی مەڕوماڵاتێكی زۆر دەبینیەوە، و كوژران و مردنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری كوردەكان لەبەر ئەوەی كوردستان مەیدانی جەنگەكە بوو، هەروەها بە هۆی بەشداریكردنی كورد لەبەر چەند هۆكارێكی وەك هۆكاری ئایینی، چونكە سوڵتانی عوسمانی هەر لە سەرەتای جەنگەوە فەتوای جیهادی دەركردبوو، كوردیش بە حوكمی موسوڵمانێتی و پابەندبوونیان بە ئایینی ئیسلامەوە بەشدارییان كرد، بێ جگە لەوەی كە پاڵپشتێكی تر نەبوو بۆ كورد بە شێوەی عوسمانییەكان، هەروەها نەزانینی ئەنجامی شەڕەكە كە بە چ لایەكدا دەكەوێت و لاوازیی كەسایەتیی سیاسیی كورد، وایان كرد كە نزیكەی قەبارەی زیانە مادی و گیانییەكانی كورد لە دەرئەنجامی ئەو شەڕەدا زۆر ببن، هەروەها تێكچوونی باری كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لە ساڵانی شەڕەكەدا.
هەر وەك یەكێك لە نووسەرە دیارەكان دەنووسێ؛ “یەكەم تەقەی جەنگی جیهانیی یەكەم لە خۆرهەڵاتی نزیكدا لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی كوردستاندا بوو”. لە ساڵانی دوای جەنگەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە لایەن كەسایەتییە ئایینی و شێخ و ناودارەكانی تەریقەتەكانەوە بەڕێوە دەبرا، هەر لەم چوارچێوەیەدا شۆڕشەكەی شێخ مەحموود نموونەی هەرە دیاری ئەم قۆناغەی دوای جەنگ بوو. “شێخ مەحموود كوڕی شێخ سەعید كوڕی شێخ محەمەد كوڕی حاجی كاك ئەحمەدی شێخ”ـە لە ساڵی ١٨٨٣ز لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەكی ئایینی لە دایكبووە، شێخ مەحموود لە دوای كوژرانی باوكی “شێخ سەعید” بووەتە گەورە دەسەڵاتداری بنەماڵەكە. هەروەها شێخ لە بوواری زمانزانیدا عەرەبی و فارسی و توركی زانیوە و لە شاری سلێمانی لە مزگەوتی گەورە خوێندوویەتی. شێخ هەر لە سەرەتای ساڵانی یەكەمی جەنگی جیهانییەوە لە ژێر بانگەشەی “جیهاد” دا بە سەركردایەتیی ٣٠٠٠ جەنگاوەری كوردەوە بەشداریی جەنگی كرد لە شەڕی “شوعەیبیە” لە باشووری بەسرە دژی ئینگلیزەكان، بەڵام دوای شكستی عوسمانییەكان و گەڕانەوەی شێخ بۆ سلێمانی بەرەنگاری ڕووسەكان بووەوە، بەڵام دوای ئەوەی عوسمانییەكان لە پشتەوە كوشتاری دەكەن و ناوچە كوردییەكان تاڵان دەكەن، هەر بۆیە شێخ مەحموود لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا دەڵێ؛ چاوتان لێ بوو تورك چ ناپیاوییەكی لەگەڵ كوردا كرد بەسیەتی بووەیە لەوە زیاتر خۆم بۆ ناگیرێت پێویستە كورد لە سەرشۆڕی ڕزگار بكەین و سەربەخۆی بۆ كورد دەستەبەر بكەین.
دوای ئەوەی ئینگلیزەكان یەكەم جار كەركووكیان گرت شێخ “٢” نامەی بە “موحسین ئاغای كفری” و دانەیەكی تریشیان بە “عەبدوڵلا سافی یەعقووبی” نارد، بەڵام بە هۆی كشانەوەی ئینگلیزەكان لە كەركووك ئەو نامانە نەگەییشتنە شوێنی خۆی و نامەكان دەكەونە دەست عوسمانییەكان، لەو كاتەدا عوسمانییەكان هێزێك دەنێرن و شێخ دەگرن و لە دادگایەكی تایبەتدا “جەمال پاشای موسڵ” بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەكەن، بەڵام دواتر ئەم بڕیارە جێبەجێ ناكەن، كە گۆڕینی “جەمال پاشا” بۆ “ئیحسان پاشا” یەكێك بوو لەو هۆكارانە، هەروەها یەكێكی تر لە هۆكارەكان ئەوە بوو كە بارودۆخی ناوچەكانی باشووری كوردستان ئاڵۆز بوو پێویستیان بە كەسایەتییەكی وەك شێخ هەبوو كارەكانیان بۆ بە ڕێوە بە ڕێت، هەر بۆیە كردیانە موتەسەریف و “٥٠٠٠” لیرەیان پێ دا، هەروەها بڕیاریان دا چەك و تەقەمەنی بدەنە هێزەكانی. بەڵام دوای ئەوەی ئینگلیزەكان دێنەوە بۆ جاری دووهم كەركووك دەگرنەوە لە ٢٦ی تشرینی دووهمی ١٩١٧دیسان شێخ نوێنەری نارد و دووبارە داوای لە ئینگلیز دەكاتەوە كە گوایە باس لە زوڵموزۆری عوسمانییەكان دەكات، لە ڕێگەی ئێوەوە بگەینە مافەكان، ئینگلزەكان دوای پەیمانی “مۆدۆرس” موسڵیش دەگرن و ئەو هێزەی عوسمانی كە لە سلێمانی مابوونەوە شێخ لە ڕێگەی كۆیە و هەولێرەوە دەریان دەكات. دواتر ئینگلیزەكان بڕیار دەدەن نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ سلێمانی كە ناوی “مێجەر نۆئیل”ـە لە ١٦تشرینی یەكەمی ١٩١٩دا لە پێشوازییەكی گەورەدا هاتە سلێمانی، شێخ خۆشی لە داریكەلی دەبێت و بە یەكەوە دێنە سلێمانی. لە ڕۆژی ١٧/-١١/١٩١٩لە كۆبوونەوەیەكی گەورەدا هەر یەكە لە مێجەر نوئێل و شێخ وتار دەدەن، نۆئیل بە زمانی فارسی وتارێك دەدات و دەسەڵاتی “حوكمدار”[7] دەدات بە شێخ، لەم قۆناغەدا بۆ یەكەمین جار بوو كاروباری خۆجێیەتیی كوردی ڕێكخرا و زمانی كوردیی كردە زمانی فەرمی حوكوومەتەكەی، بەڵام لێرەدا بە هۆی هەڵەی كوردەكان و سیاسەتی ئینگلیزەكانەوە وردەوردە ئەو پێوەندییە دۆستایەتییە نەما و بەرەو خراپی ڕۆیشت، توێژەران نەرمیی سیاسەتی ئینگلیز لە سەرەتادا بۆ چەند فاكتەرێك دەگێڕنەوە، لەوانە؛ سیاسەتی خۆگونجاندن و كەمیی هێز لە سەرەتادا، هەروەها هەندێكی تر پێیان وایە سیاسەتی كەسێتیی مێجەر نۆئیل كە دۆستی كورد بووە.
لە گرینگترین ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی تێكچوونی ئەم پێوەندییە بریتی بوون لە:-
- كوردستانی باشوور لە ڕێكکەوتننامەی “سایكس بیكۆ” دا درابووە فەڕەنسا، بەڵام بەریتانیا لە بەرانبەر بەخشینی بڕێكی نەوتی ناوچەكە بە فەڕەنسا بۆ خۆی هێشتبووەوە، لێرە بە دواوە لەم ناوچەیەدا كەس نەبوو دژایەتیی بەریتانیا بكات، تەنها دەسەڵاتەكەی شێخ مەحموود نەبێت، كە دەیانویست دەسەڵاتەكەی بچووك بكەنەوە.
- گۆڕینی مێجەر نۆئیل بۆ “مێجەر سۆن” دوو كەسایەتی جیاواز بوون لە بەرانبەر شێخدا، بەڵام سۆن سیاسەتی زۆر خراپ بوو بەرانبەر بە شێخ.
- سەرهەڵدانی كێشەی ویلایەتی موسڵ لە نێوان بەریتانیا و توركیا مەترسی بوو لە نزیكبوونەوەی دۆستایەتیی تورك و دەسەڵاتەكەی شێخ مەحموود.
- ئەمە جگە لەوەی بەریتانیا لە بەرنامەیدا بوو بۆ ڕاستی بەڵێنەكانی بەرانبەر بە بنەماڵەی “شەریف حسێن”، یەكێك لە كوڕەكانی بكاتە سەرۆكی ئەو دەوڵەتە نوێیەی بە نیاز بوو بە ناوی دەوڵەتی ئێراق دای بمەزرێنێت، كە ئەم ناوچەیە بەشێك بوو لێی.
ئەم هۆكارانە وایانكرد كە پێوەندیی نێوان شێخ و ئینگلیز تێك بچێت[8]، شێخ مەحموود دوا لە “مەحموود خانی دزڵی” دەكات كە بێتە ناو شارەوە، هەر بۆیە “میجەرسۆن” دەڵێ نابێت بێتە ناو شارەوە، بەڵام سۆن بە ناوی پێشوازی دەچێتە بەسرە، جێگرێك بۆ خۆی دادەنێت، بەڵام لە ٢١/٥ هێزەكانی مەحموود خانی دزڵی دێنە ناو شار و دەكەونە لێدانی هێزەكەی ئینگلیز بە سەركردایەتیی ڕەزا بەگ و جەلال عیرفان، لە ماوەی چەند سەعاتێكدا شار كۆنترۆڵ دەكەن و تەلەگراف دەپچڕێت، بۆیە بەریتانیا بە سەركردایەتیی “فریزەر” هێزێك دەنێرن و شەڕ لە نێوان هەر دوو لادا ڕوو دەدات، بەڵام فڕۆكەكانی ئینگلیز بۆردومانی ناوچەكە دەكەن و دواتر لە شەڕی دەربەندی بازیان هێزەكانی ئینگلیز شێخ بە دیل دەگرن و بۆ دادگاییكردن ڕەوانەی بەغدادیان كرد، یەكەم جار فرمانی لەسێدارەدانی درا بەڵام دواتر حوكمەكەی دەگۆڕن بۆ دوورخستنەوە بۆ هیندستان بۆ دوورگەی “ئەندامان” دوور خرایەوە.
بەم شێوەیە یەكەمین حوكوومەتی شێخ ڕووخا و هێزەكانی ئینگلیز لە ٢٣/٦/١٩١٩ هاتنەوە نێو سلێمانی و كەوتنە گرتنی ئەو كەسانەی كە هاوكاریی شێخیان كردبوو، كەسوكاری شێخ ڕەویان كرد بۆ لای سمكۆی شكاك لە خۆرهەڵاتی كوردستان، لە ١٣ی ئابدا “سۆن” ڕای گەیاند كە سلێمانی ئارام بووەتەوە و “برادفۆرد” كرایە سەرۆكی پۆلیس و “كاپتن هۆڵد” یش كرایە یاریدەدەری حاكمی سەربازی، “سدیق مەزهەر” حاكمی شار بوو، “غەفوور ئاغا” ش كرایە بەرپرسیاری گەنجینە، دواتر ئینگلیزەكان چاپخانەیان هێنایە سلێمانی و لە ٢٩/٤/١٩٢٠ یەكەم ژمارەی “پێشكەوتن[9]“ دەرچوو.
لەو ماوەیەدا تاوەكوو هێنانەوەی شێخ مەحموودی نەمر دەسەڵاتی “ئەنجوومەنی میللی” دروست دەكەن و ئاڵای شێخ هەڵدەكەن تا هاتنەوەی شێخ كاری باشی كراوە، پێش ئەوەی شێخ بهێننەوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری بارودۆخی ناوچەكەی شڵەژاندبوو، وەك سەرهەڵدانی شۆڕشی بیست لە ئێراق، لە لایەكی ترەوە ئەو ناڕەزایی و پەشێوییەی كە لە ناوچەكانی كوردستان دژی ئینگلیزەكان دروست بووبوو، هاتنە سەر ئەوەی كە شێخ بگێڕنەوە، ئەوە بوو شێخ مەحموودیان هێنایەوە بۆ كوردستان و لە ١٩/١١/١٩٢٢وەك حوكمداری كوردستان ناساندیان، لەم گۆڕانگاریانەدا كابینەی وەزارەت پێك هات و زمانی كوردی كرا بە زمانی ڕەسمی دەوڵەت و ئاڵای كوردستان هەڵكرا، پاش ماوەیەك بارودۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات، لەم كاتەدا دوو بیروبۆچوون لە نێو ڕۆشنبیران و دەوروپشتەكەی شێخ دروست بوو، یەكێكیان پێی وا بوو پاڵ بدەنەوە بە لای ئینگلیزەكان، بۆچوونێكی تر كە “توركخواكان” بوون پێیان وا بوو، كە دەبێت پاڵ بدەنە توركەكان، دوای ماوەیەك لە دەرئەنجامی بۆمبارانكردنی شاری سلێمانی لە لایەن ئینگلیزەكانەوە و دژایەتیكردنیان بۆ شێخ حوكوومەتەكەیان ڕووخاند، كە مەبەستی بەریتانیا لەم كارە ساغكردنەوەی ویلایەتی موسڵ بوو بە لای خۆی و گرێدانی بە دەوڵەتی ئێراقەوە، دوای پێكدادانی هێزەكانی شێخ و ئینگلیز شێخ مەحموود شار چۆڵ دەكات، دوای ماوەیەك لە كشانەوەی هێزەكانی ئینگلیز لە شار، شێخ دەگەڕێتەوە و ٢٦/٦/١٩٢٣ كابینەی سێیەم دروست دەكاتەوە بە كەمێك گۆڕانكارییەوە.
دوای ماوەیەك بە هۆی هەندێك هۆكارەوە ئەم حوكوومەتەیش دەڕووخێت و بەم شێوەیە كۆتایی بەم شۆڕشە دێت.
“سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر بە كورد”
لە ساڵانی پێش جەنگ و لە ساڵانی جەنگدا بەریتانییەكان گرینگییەكی زۆریان دەدا بە كوردستان، ئەمەیش زیاتر بە هۆی هەڵكەوتەی شوێنی ستراتیجیی كوردستان و بوونی كانزای ژێر زەوی دەگەڕێتەوە، لەم ناوچەیەدا بە تایبەتی دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت كە ناوچەی كەركووك نەوتێكی زۆری تێدایە، هەر بۆیە دەبینین “لۆرد كیرزۆن” سەبارەت بە ناوچەكانی باشوور ڕای گەیاند؛ پێویستە بەریتانیا ئەم ناوچەیە داگیر بكات، ئەمە ئەوەیش دەردەخات كە ناوچەكانی باشووری كوردستان كە درابوو بە فەرەنسا تەكتیكی بووە نەك ستراتیجی، چونكە لە سەرەتای جەنگی یەكەمی جهانییەوە بە پێی ڕێكکەوتننامەی سایكس بیكۆ درابووە فەرەنسا، بەڵام دوای داگیركردنی ناوچەكانی باشووری كوردستان لە لایەن بەریتانیاوە تاوەكوو پەیمانی “مۆدۆرس” سیاسەتی ئینگلیز بەرانبەر بە ناوچەكانی كوردستان نادیار بووە و جێگیر نەبووە، باشترین بەڵگەیش ئەوەیە كە بەریتانیا هیچ بەرنامەیەكی دیاریكراوی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی داوایان لە “ئارنۆڵد وڵسن” حاكمی ئینگلیز لە بەغداد كرد كە ڕاپرسییەك لە ناوچەكانی باشووری كوردستان ئەنجام بدات، پاشان دەوڵەتی بەریتانیا لە ئەنجامی ڕاپرسییەكە ئاگادار بكاتەوە، لێرەدا “ئارنوڵد” ڕاپرسییەك ئەنجام دەدات و كۆمەڵێك خاڵ دیاری دەكات كە لە پڕۆسەی ڕاپرسییەكەدا هاتبوو:-
– ئایا پێت باشە دەوڵەتی ئێراق دابمەزرێ لە هەر سێ ویلایەتی بەصرە و بەغداد و موسڵ و دەوڵەتەكە عەرەبی بێت!؟
– ئەگەر خاڵی سەرەوەت پێ باشە، پێت باشە عەرەبێك ببێتە سەرۆك؟
– ئەگەر خاڵی “١و ٢” ت پێ باشە، كێت پێ باشە ببێتە سەرۆك؟
بەڵام دەڵێن سەرەتا نەگەییشتوونەتە قەناعەتێك، هەروەها باس لەوە دەكەن كە وەڵامی كوردەكان خۆی لە چوار خاڵی سەرەكیدا بینیوەتەوە:-
- هەندێك لە كوردەكان داوای كیانێكی سەربەخۆیان دەكرد.
- هەندێكی تر داوای دروستكردنی ئیدارەیەكی كوردیان دەركرد لە ژێر سەرپەرشتیی ئینگلیزدا.
- هەندێكی تر داوای لكاندنی باشووری كوردستانیان بەو دەوڵەتەوە دەكرد كە چاوەڕوان دەكرا لە هەر سێ ویلایەتەكە دروست ببێت واتە “ئێراق”.
- بەشێكیان ڕازی نین بە دەسەڵاتێكی عەرەبی كە حوكمیان بكات.
لێرەدا چەند خاڵێكی نادیار سەبارەت بە لایەنی كوردی و چ لە لایەنی ئینگلیز دەردەكەوێت، ئینگلیزەكان سیاسەتێكی نادیاریان هەبووە، هەروەها كوردەكانیش بە هەمان شێوە بۆچوونێكی نادیاریان هەبووە، لە سەر ئەوەی كە ئایا مافەكە چۆن بێت؟ “ئۆتۆنۆمی بێت یان فیدڕاڵی یان سەربەخۆی تەواو” ئەمە نادیار بووە لە بۆچوونی هەر دوو لایاندا، هەروەها لەوەیشدا كە ئایا ئەم مافە لە كوێی كوردستاندا جێبەجێ بكرێت؟ واتە لە چ ناوچەیەكدا، جگە لەوەی ڕازیبوونێكی گشتی نەبوو لە سەر ئەوەی كە كێ لە كوردەكان نوێنەرایەتیی كورد بكات؟ لەگەڵ ئەوەدا یەكێكی تر لە سیاسەتەكانی ئیتگلیز ئەوەیە، كە كاتێك مافی “ئینتداب” ماندات دانرا لە ٥-٣-١٩٢٠ئەم ناوچەیە خرایە ژێر مانداتی بەریتانیا، بە گوێرەی ئەم مافی مانداتە سیاسەتی بەریتانیا هەر نادیار بوو، هەر چەند لە دەقی لائیحەی بەریتانیادا هاتبوو[نابێ هیچ بەندێك لە بەندەكانی لائیحەی بەریتانی لە ئێراق ڕێگر بێت لە دامەزراندنی كیانێكی كوردی ئەگەر بەریتانیا مەبەستی بێت]. تا ئێرە بۆچوونەكان لە نێو كەسایەتییەكانی بەریتانیا دوو گرووپ بوون، یەكێكیان پێی وا بوو؛ كە پێویستە دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ لە ژێر چاودێریی ئینگلیزدا دروست بكرێت، كە بریتی بوون لە هەر یەك لە “لۆرد و میجەر نوئێل” لەم بۆچوونەیشیاندا پشتیان بە كۆمەڵێك بیانگە بەستبوو:_
- بۆ زیادكردنی نفوزی ئینگلیز لە قەفقاسدا، كە ئەو كاتە سنووریان لەگەڵ یەكێتیی سۆڤییهت بوو.
- بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر عەرەبەكان بۆ ئەوەی پێویستیان بە ئینگلیز هەبێت.
- بۆ ئەوەی ئینگلیزەكان بتوانن پشتگیریی كورد بە دەست بهێنن دژی كەمالییەكان، كە لەو كاتەدا دژایەتیی ئینگلیزیان دەكرد.
- دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیجی ناوچەكانی كوردستان، بەمە ئینگلیز دەست كراوەتر دەبێت بۆ بردنی قازانجی ئەم ناوچەیە. ئەم بۆچوونانە پەیمانی سیڤەری لێ دروست بوو لە بەندەكانی “٦٢و-٦٣-و٦٤” ئەگەر بهاتایە و جێبەجێ بكرایە بۆ كورد.
گرووپی دووهم لە سیاسییەكانی ئینگلیز پێیان وا بوو كە باشووری كوردستان پێویستە بلكێنرێت بە ئێراقی عەرەبییەوە، ئەوانیش بریتی بوون لە؛ هەر یەك لە “میجەرسۆن و سیربرسی كوكس و مس بێڵ و ئارنوڵد” کە بۆ سەلماندنی بۆچوونەكانیان پشتیان بە چەند خاڵێك دەبەست لەوانە:-
- هۆكاری توركی، لە ویلایەتی موسڵ مەسەلەی كورد زۆر گرینگ بوو نەوەكوو كوردەكان پاڵ بدەنە توركەكان دژی ئینگلیز.
- هەندێكیان پێیان وا بوو ئەگەر ئەم سیاسەتە جێبەجێ بكرێت لەوانەیە ئەم دەوڵەتە كوردییە پاڵ بداتە سۆڤییهت تەرازووی هێز لە ناوچەكەدا دەگۆڕێت.
- هەندێكی تر وایان دەبینی كە لكاندی ئەم بەشەی كوردستان بە عەرەبەوە دەبێتە هۆی زیاتر كەمەندكێشكردنی عەرەبەكان بە لای خۆیاندا.
- لە لایەكی ترەوە بۆ ئەوەیش دەیانخەنە سەر ناوچە عەرەبییەكان بۆ دژایەتیكردنی عەرەب و بۆ هاوسەنگیی هێز، چونكە عەرەبی شیعە زۆرتر بوون بۆ ئەوەی پارسەنگی سوننەكان بن.
ئینگلیزەكان لەو خاڵانەدا سەركەوتن كە دەیانویست ئارامی لە ناوچەكەدا دروست نەبێت، بۆ بەرژەوەندی و هێنانەدی مەرامی خۆیان لە ناوچەكەدا. یەكێكی تر لە خاڵەكان ئەوە بوو كە پێیان وا بوو بەریتانیا كەسێكی باوەڕپێكراوی لە ناو كورددا نییە، تا باوەڕی پێ بكات. ئەمە و جگە لەوەی بەرژەوەندیی داگیركەری بەریتانییەكان وای كرد كە ئەم بۆچوونانە بەهێزتر بن بۆ لكاندنی باشووری كوردستان بە ئێراقی عەرەبییەوە، كە ئەمەیش لە ئاییندەدا هاتە دی.
“بە گشتی سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر بە كوردستان بەم شێوەیە بووە”
كێشەی ویلایەتی موسڵ؛ ڕەگوڕیشەی مێژووی كێشەی موسڵ دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری جەنگی یەكەمی جیهانی، هەر چەند هەندێك پێیان وایە ئەم كێشەیە ڕەهەندێكی قووڵتری لە مێژوودا هەیە و بەر لە چوار سەدە ئەم كێشەیە سەری هەڵداوە، بەڵام تاوەكوو ساڵی ١٩٢٥ كۆتایی نەهاتووه، لە سەرەتاكانی سەدەی ١٦ی زاییندا ویلایەتی موسڵ و زۆربەی خاكی ئێراق و باشوور و خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی “ئاق قۆینلۆی” توركمانیدا بوو، بەڵام دوای دروستبوونی دەوڵەتی سەفەوی لە ساڵی ١٥٠١ز شا ئیسماعیلی سەفەوی زۆربەی ئەم ناوچەیەی داگیر كرد و لە ساڵی ١٥٠٨ز توانیی ویلایەتی موسڵیش بگرێت، دوای شەڕی چاڵدێران “١٥١٤ز” سوڵتان سەلیمی یەكەم توانی موسڵ و دیاربەكر بگرێت و بیكات بە پێگەیەك بۆ هێرشكردنە سەر سنوورەكانی لە ئێراقدا، هەر چەند لە ساڵی ١٦٢٣ز سەفەوییەكان توانییان موسڵ بگرنەوە، بەڵام زۆری نەخایاند دووبارە كەوتە دەست عوسمانییەكان و دواتر توانییان ئێراق داگیر بكەن، هەر چەند لە ساڵی “١٨٦٤ز” یاسای تەنزیماتی ئیداری عوسمانی دەرچوو، بەڵام ئەم یاسایە تاوەكوو سەردەمی والێتیی “مەدحەت پاشا” وەك والیی ئێراق “١٨٦٩-١٨٧٢ز” جێبەجێ نەكرا، بەڵام ئەم توانیی جێبەجێی بكات و ئێراقی كرد بە سێ ویلایەتەوە “بەغداد و موسڵ و بەسرە” ئەوەی پێوەندیی بە ویلایەتی موسڵەوە هەیە، ئەوا سنوورەكەی بریتی بوو لە ویلایەتی دیاربەكر و وان لە باكوور و میرنشینی فارس لە خۆرهەڵات و سنجەقی “دیرالزور” لە خۆرئاوا ویلایەتی بەغداد لە باشووردا، ساڵی ١٨٧٩زدا تەشكیلاتی ویلایەتی موسڵ بەم شێوەیە بوو:-
لیوای موسڵ؛ ئەم شار و شارۆچكانەی لە خۆ دەگرت؛ “ئامێدی، دهۆك، سنجار، ئاكرێ، زاخۆ”
لیوای كەركووك؛ ئەم شار و شارۆچكانەی لە خۆ گرتبوو “هەولێر، ڕەواندز، كۆیە، ڕانیە”
لیوای سلێمانی؛ ئەم شوێنانەی لە خۆگرتبوو “بازیان، شارباژێر، دۆڵی جافایەتی، مەرگە، شارەزوور”
بەم شێوەیە ویلایەتی موسڵ لە ژێر دەستی عوسمانیدا مایەوە، تا سەردەمی جەنگی یەكەمی جیهانی و ڕووخانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی. لە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانیدا بە گوێرەی پەیمانی “سایكس بیكۆ” ویلایەتی موسڵ دەكەوتە نێو ناوچەی فەڕەنساوە، بەڵام لە كۆتاییی جەنگدا بەریتانیا پێی وا بوو كە دەبێت دەستكاریی بەندەكانی ئەو پەیماننامەیە بكەن، ئەویش لە ڕێگەی دووبارە دابەشكردنەوەی ناوچەی دەسەڵاتی لەگەڵ فەرەنسادا ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك بوو لەوانە؛ ئەو دەرئەنجام و ئاكامانەی لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر كەوتنەوە وای كرد یەكێتیی سۆڤییهت ببێتە مەترسییەك بۆ سەر دەسەڵاتی بەریتانیا و موڵكەكانی. چاوتێبڕینی بەریتانیا لەو نەوتەی كە لە ناوچەكەدا هەبوو، كە لە و سەردەمەدا نەوت كۆڵەكەی پیشەسازیی ئابووری پێك دەهێنا. بێ جگە لەوەی بەریتانیا ئەوەی بە حەقی خۆی دەزانی كە ئەم ناوچەیە بۆ خۆی بێت، چونكە ئەم ناوچەیە خۆی گرتبووی بێ هیچ یارمەتییەكی سەربازیی فەرەنسا. ئەفسەری هەواڵگریی بەریتانیا و پسپۆڕی كاروباری هۆزەكان “ليچمان” لە ڕێكەوتی ٢/١١/١٩١٨دا هاتە موسڵ، كاتیك گەییشتە موسڵ، داوای لە فەرماندەی توركی عوسمانی “عەلی ئیحسان پاشا” كرد كە وا موسڵ چۆڵ بكات، چونكە نێوبراو فەرمانی پێ درابوو لە لایەن فەرماندەی باڵای سوپای بەریتانیاوە كە خاكی ویلایەتی موسڵ داگیر بكات، ئەوە بوو فەرماندەی هێزەكانی بەریتانیا داوای لە سوپای عوسمانی كرد كە دەستبەجێ خاكی ویلایەتی موسڵ جێ بهێڵن، لەم داوایەدا پشتی بە هەر دوو بەندی “١٧، ١٦”ـی هودنەی “مودۆرۆس” بەستبوو، بەریتانییەكان لە ڕێكەوتی “٥/١١/١٩١٨” دا، دوای ئەو ڕۆژە دیاریكراوە بە حەوت ڕۆژ سەرهەنگ “ليچمان” داوای لە جێگری والیی عوسمانی كرد كە “موسڵ” جێ بهێڵێت، ئەوە بوو جێگری والی لە “١٣/١١/١٩١٨” دا ئەو فەرمانەی جێبەجێ كرد و موسڵی بە جێ هێشت، بەم شێوەیە موسڵ داگیر كرا.
بە گوێرەی ڕێككەوتننامە نهێنییەكانی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیا ئەم ناوچەیە درابووە فەرەنسا، بەڵام لەبەر گرینگیی ستراتیژی ناوچەكە و دەوڵەمەندیی بە نەوت، وای كرد بەریتانیا چاو ببڕێتە ویلایەتەكە. ئەوە بوو بەریتانییەكان هەلی سەردانەكەی “جۆرج مكنسۆ”ـی سەرەك وەزیرانی فەرەنسایان بۆ “لەندەن” قۆستەوە، كە لە مانگی دێسەمبەری “١٩١٨” كردبووی تاوەكوو لە بارەی دووبارە داڕشتنەوەی “پەیماننامەی سایكس بیكۆ” قسەی لەگەڵدا بكەن، ئەوە بوو دانوستانێك لە نێوانیاندا ڕووی دا و ئاكامەكەی بریتی بوو لە ڕازیبوونی جۆرج مكنسۆ بەوەی ویلایەتی موسڵ بكەوێتە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی بەریتانیا، بەرانبەر بەوەی فەرەنسا ڕێژەی لە “٢٦%” لە نەوتی ویلایەتی موسڵ وەربگرێت، بەم شێوەیە ویلایەتی موسڵ كەوتە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی بەریتانیا. پرسی دواڕۆژی كوردەكان، بابەتێكی تایبەت بوو لە بابەتەكانی ڕێككهوتنی نێوان هاوپەیمانەكان و دەوڵەتی عوسمانی، كە تەنها كوردەكانی ئێران لەم وتوێژانەدا بێبەش بوون و ئەوانی نەدەگرتەوە، ئەم دانوستانەی نێوان هاوپەیمانان و دەوڵەتی عوسمانی لە ١٠/٨/١٩٢٠ كۆتایی هات بە مۆركردنی پەیمانی سیڤەر، كە هەر سێ بەندەكانی “٦٢، ٦٣، ٦٤” باسیان لەوە كرد، كە لە ماوەی ساڵێكدا دوای مۆركردنی پەیمانەكە پلانی حوكمێكی زاتی “ئۆتۆنۆمی” بۆ ئەو نێوچانە دابڕێژێت كە كوردان تێیدا نیشتەجێ بوون و زۆرینەی تێدا پێك دەهێنن، ئەو نێوچانەیشیان بە خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات و باشووری سنووری ئەرمینیا و باكووری سنووری توركیا و سووریا، توركیا، ئێراق دەست نیشان كرد، بەڵام ئەم پەیمانە هەر لە سەرەتاوە بە ئیفلیجی لە دایك بوو، چونكە ئەم پەیمانە سوڵتانی عوسمانی مۆری كرد، زۆری نەبرد زۆربەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵی لە دەست دەرچوو، بۆیە ئەنجوومەنی گەورەی توركیا كە لە ئەنقەرە كۆ دەبووەوە و ئەو حوكوومەتەیش كە ئەتاتورك سەرۆكایەتیی دەركرد لە لایەن هەمان ئەنجوومەنەوە دەست نیشان كرابوو، ئەو پەیمانەیان ڕەت كردەوە و ئامادە نەبوون دانی پێدا بنێن.
دەوڵەتی تازەدروستبووی كەمالی پێی وا بوو كە وا مانەوەی كوردەكانی ویلایەتی موسڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی توركیا، دەبێتە ڕێگەخۆشكەرێك بۆ كوردەكانی نێو چوارچێوەی سنووری توركیا، كە وا ئەوانیش داوای دۆزی نەتەوایەتیی خۆیان بوورووژێنن و داوای مافەكانی خۆیان بكەن، بۆیە داوای ئەوەی دەكرد كە ویلایەتی موسڵ بخرێتە پاڵ حوكوومەتی تازە دامەزراوی توركیا، ئەوە بوو لە دانوستانێكدا ساڵی ١٩٢٤ لەگەڵ بەریتانییەكاندا ئەوەیان باس كردبوو كە كورد و تورك و ڕۆڵەی یەك نیشتمانن و ئەستەمە لە نیشتمانی خۆیان داببڕێن، بۆ ئەوەی پاسا و بۆ ئەم داواكارییەیان بهێننەوە، باسی ئەوەیان كردبوو كە كوردەكان لە نێو پەرلەماندا ئەندامیان هەیە و خۆیان پاڵاوتووه و كوردەكان لەگەڵ توركدا ساڵانێكی زۆر بێ هیچ گرفتێك شانبەشانی یەكتر ژیاون. هەروەها نوێنەری حوكوومەتی توركیا بەم شێوەیە گوزارشتی لە مەسەلەكە كرد و گوتی؛ كوردەكان تەنها لە توركیا و ئێراندا هەن، هیچ كوردێك لە ویلایەتی موسڵدا بوونی نییە و زۆرینەی دانیشتوانی ئێراق شیعەن بە هەمان شێوەی دانیشتوانی ئێران، دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ وەك دانیشتوانی توركیا وان، بۆیە وای بە پێویست زانی كە وا ئەو زەوییانەی كێشەیان لە سەر هەیە بدرێن بە توركیا، هەروەها نوێنەری حوكوومەتی توركیا جەختی لە سەر تاقیكردنەوە و ئارەزووی دانیشتوانی نێوچەكە كرد و داوای ئەنجامدانی ڕاپرسییەكی كرد لەو ویلایەتی موسڵدا، تاوەكوو خەڵكی بە سەربەستی گوزارشت لە ئارەزوەكانی خۆیان بكەن، جەختیشی لە سەر ئەوە كردەوە كە كورد و تورك زۆرینەی دانیشتوانی ئەو نێوچەیە پێك دەهێنێ و زۆر خۆشحاڵن بەوەی لە نێو چوارچێوەی توركیادا بژین. پێشتر كەمال ئەتاتورك ئەوەی بۆ كوردان ڕوون كردەوە كە پێویستە مەسەلەی داواكاری و كێشەكەیان دوا بخەن تا ئەو كاتەی خاكی توركیا لە داگیركەران پاك دەكرێتەوە، كە مەبەستی لە هێزەكانی “بەریتانیا، ئیتاڵیا، یۆنان” بوو، كۆنگرەی گشتی ئاشتی دەبەسترێت، ئەوەیش بە یەكگرتنی كورد و تورك نەبێت بە هیچ شتێك وەدی نایەت، لەم بارەیەوە كۆمەڵێك وادە و بەڵێنی پێ دان كە حوكوومەتی توركیا دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا دەنێت، تەنانەت ڕووبەرێكی لەوە گەورەتر و فراوانتر لەوەی لە پەیمانی سیڤەر دا هاتووه.
بەم شێوەیە كوردەكان بە گفت و بەڵێنەكانی ئەتاتورك فریویان خواردوو چاكترین خزمەتیان پێشكەش بە بزاوتەكانی تورك كرد، ئەوە بوو كاتێك پەیمانی لۆزان لە “٢٤/تەمموز/١٩٢٣” دا مۆر كرا بە پێی ئەو پەیمانە زەوییەكانی خۆی بە تەواوەتی وەرگرتەوە و بە هیچ شێوەیەكیش ناوی كورد نەهات و باس نەكرا لە پەیمانەكەدا، هێندە نەبێت كە باس لە پارێزگاری و ڕێزگرتن لە مافە كولتووری و ئایینییەكان دووپات كردەوە بۆ كەمایەتییە نەتەوەیییەكان.
“ڕۆڵی كۆمەڵەی گەلان لە كێشەی ویلایەتی موسڵ”
– چارەسەركردنی كێشەی موسڵ لە نێوان بەریتانیا و توركیادا ئەستەم بوو، بۆیە كۆمەڵەی گەلان لە “٣٠/٩/١٩٢٤” دا بڕیاری دا كە وا ئەو كێشەیە لە سەر ئەرزی واقیع چارەسەر بكات، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری دا لیژنەیەك پێك بێت بۆ لێكۆڵینەوەی كێشەكە، ئەوە بوو لیژنەیەك پێك هات لە “كومس تیلكی” كە یاساناس و جوگرافیناسێكی بەنێوبانگ بوو هەروەها سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەنگاریا بوو، هەروەها “A. F. FIRSON” ڤیرسی كە وەزیری ڕێپێدراوی سویدی بوو لە بووخارست، سەرۆكی لیژنەكە بوو، “پاولس I. PULIS” بووكە سەرهەنگێكی خانەنشینكراوی سوپای بەلجیكا بوو. لیژنەكە لە ڕێكەوتی “٢٧/١/١٩٢٥” دا گەییشتە موسڵ و دەستی كرد بە پرس و ڕاكردن لەگەڵ دانیشتواندا سەبارەت بە ویست و ئارەزوویان بۆ دواڕۆژ، لیژنەكە هەوڵی دەدا دڵنیا بێت لە ئارەزوەكانی دانیشتوان لە ویلایەتی “موسڵ” دا بە تایبەت كوردەكان، ئەوە بوو لە هەر لیوایەكدا بە جیاواز كەوتە وەرگرتنی بیر و ڕایان.
لیــوای موسڵ؛ ئەم لیوایە زیاتر تێكەڵبوونێكی دانیشتوانی پێوە دیار بوو.
بیروڕای كوردەكان لە لیوای موسڵ دا؛ كارێكی ئەستەم بوو لیژنەكە بتوانێت بە تەواوی لە بیر و ڕای كوردەكان دڵنیا بێت لە لیوای “موسڵ” دا. كە دەشێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا هۆیەكانی چڕ بكەینەوە:- ڕۆڵی خراپ و تۆقێنەری ئەو هەڵمەتی پڕوپاگەندە و بانگەشەیەی كە عەرەبە ناسۆنالیست و شۆفێنییەكان پێی هەڵسان، بە تایبەتی ئەندامانی پارتی “استقڵال”، هەروەها ئەو كات هەستی نەتەوایەتیی كوردەكانی لیوای موسڵ لە چاو ناوچەكانی باشووری ویلایەتەكەدا كەمتر بوو، ئیفق لیژنەكە ئەنجامی دەنگدانەكەی بەم شێوەیە دایەوە.
- لە هەندێك شوێن دا زۆرینەی لایەنگری توركیا بوون.
- لە هەندێك شوێنی دوورەدەستدا لیژنەكە نەیتوانی بگاتە ئەنجامی تەواو.
- ژمارەیەك لایەنگیری ئێراق بوون.
ئێزیدییەكان بە شێوەیەكی گشتی لایەنگیری ئێراق بوون، بەڵام ئێراقێك لە ژێرئینتدابی ئەورووپیدا بێت، بەڵام هەندێك لە دەستڕۆیشتووهكان دەیانگوت حوكوومەتێكی توركیمان لە حوكوومەتێكی عەرەبی پێ باشترە كە لە ژێر ئینتدابدا نەبێت، بەڵام مەسیحییەكان و جوولەكەكان لایەنگیری پەیوەستیان بە ئێراقەوە دەكرد، بەڵام وایان بە چاك دەزانی كە ئێراقێك بێت لە ژێر سایەی ئینتیدابدا. لیژنەكە ئاماژەی بەوە كرد كە لە چەند ناوچەیەكدا نەیتوانیوە پرس و ڕای خەڵكی وەربگرێت، بە تایبەت ئەو ناوچەیەی دەكەوێتە نێوان هێڵی “بروكسل” و ئەو هێڵەی حوكوومەتی بەریتانیا لە نێوان موسڵ و توركیا دا دیاریی كردبوو، ئەوەیش لەبەر سەختیی ناوچەكە و نەگەییشتنی هیچ جۆرە هۆیەكی گواستنەوە بۆ ئەو ناوچانە، هەروەها لە ناوچەی سلێمانیشدا چەند شوێنێك بە هۆی جوڵانەوەكەی شێخ مەحموودەوە ئیدارەی تێدا نەبوو. بەڵام شارۆچكەی كۆیە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی “٦٠” هەزار كەس دەبوو، بە هەموو شێوەیەك هەمان بیروڕای خەڵكی سلێمانییان هەبوو، بەڵام “ڕەواندز” كە تەنها كوردی لێ دەژیا، ئەوا بەشی زۆریان لایەنگیری گەڕانەوە بوون بۆ پاڵ ئێراق، هەر چەند ئەو شارۆچكەیە مەڵبەندی “ئۆزدەمیر” بوو، لە كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانییەوە تا ماوەیەكی كەم بەر لە هاتنی لیژنەكە.
“ڕاپۆرتی لیژنەكە بۆ كۆمەڵەی گەلان و بڕگەكانی تایبەت بە كورد“
لیژنەكە ڕاپۆرتی خۆی لە ڕێكەوتی ١٦/١/١٩٢٥بەرز كردەوە بۆ كۆمەڵەی گەلان و ئەم خاڵانەی تێدا بوو كە تایبەت بوون بە كورد.
- لیژنەكە دەڵێت؛ لە هەشت بەشدا پێنج بەشی دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ كوردەكان پێكی دەهێنن، ئەمانە نە تورك و نە عەرەبن، چەنكە ئەمانە لە توركەكان جیاوازن لە خوونەریتدا، بە تایبەت مەسەلەی شوێن و پایەی ژن لای كوردەكان، تەنانەت لە شێوەی جەسەدیشدا لەگەڵ توركەكاندا جیاوازن، زیاتر لە كوردەكانی ئێرانەوە نزیكن، بەڵام ئێرانی نین، بە زمانێكە ئاری قسە دەكەن.
- ئێراقی عەرەبی لە “هیت” یان “حەمرین” بترازێت درێژبوونەوەی نییە.
لە سەرجەم سەرچاوە جوگرافییەكاندا هەر لە ڕۆژگاری هاتنی عەرەب و ئیسلام بۆ ئەم ناوچانە بە هیچ شێوەیەك، تا ساڵی ١٩٢٥ئەم زەوییانەی ململانێیان لە سەر بووە و وەك بەشێك لە خاكی ئێراق تەماشا نەكراوە، تەنانەت لە ڕابردوودا نیوەی ئێراق لای دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ لە بنەڕەتدا ناوێكی باو نەبووە و نەبیستراوە، هەروەها شاری “كەركووك”یش بە دەستی كوردان بنیاد نراوە و ئەو نێوچەیە نیشتمانی “گۆتییەكان” بووە. سەبارەت بەو بیانوەی توركیا، كە گوایە ویلایەتی موسڵ بەشێكە لە “ئەنادۆڵ” ئەوا لیژنەكە پێی وا بوو كە ئەم مەسەلەیە ڕاست نییە، چونكە ئەو شوێنەیەكە كوردستان و بەشەكەی سووریای كوردستان لێكیان دادەبڕێت.
پێشنیاز و بڕیارەكانی لیژنەكە سەبارەت بە كورد؛ لیژنەكە وا پێشنیازی كرد، كە وا لە حاڵەتی لێكدانەوەی لایەنەكانی ڕەچەڵەك ئەوا وا بە چاك دەزانێت كە دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆ دروست بكرێت، بەڵام لە حاڵەتی لێكدانەوەی لایەنە ئابوورییەكان، لیژنەكە پێشنیاری ئەوەی كرد كە ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر ئێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم خاڵانەی لە بەرچاو بگیرێـت:-
١- ئێراق لە ژێر سایەی ئینتدابی بەریتانیا بمێنێت.
٢- ڕەچاوی ئارەزووی كوردان بكرێت لەوەدا، كە بە ئارەزووی خۆیان فەرمانبەر دەستنیشان بكرێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەیان، هەروەها زمانی كوردی ڕەسمی بێت، لە لایەكی ترەوە لیژنەكە ئەو ڕاستییەی خستە ڕوو كە دوای “٤” چوار ساڵ چاودێریی كۆمەڵەی گەلان لە سەر ڕێككهوتنی ئێراقی – بەریتانی لاببرێت، بەڵام مافی كوردەكان بدرێت. هەروەها لیژنەكە بڕیاری دا كە وا لە گۆشەنیگای لێكدانەوەی لایەنی ئابوورییەوە باشترین چارەسەر لكاندنی ویلایەتی “موسڵ”ـە بە ئێراقەوە، چونكە زۆر ئەستەمە، كەركووك و كۆیە و سلێمانی لە بەغداد دابڕێن، هەروەها لیژنەكە بە چاكی زانی كۆیە و تەقتەق و ڕانیە لە نێو چوارچێوەی ئێراقدا بمێننەوە، دیالەیش بە هەمان شێوە سەر بە ئێراق بێت. بهریتانیا كە لە ئێراقدا باڵادەست بوو لە بیرخەرەوەیەكیشدا بۆ كۆمەڵەی گەلان باسی بەشداریی كوردەكانی لە وەزارەتەكان و سوپا و پۆلیسدا كردبوو، هەروەها باسی لەوە كردبوو كە پێویستە كوردەكان مافی خۆیان پێ بدرێت و زمانی كوردی زمانی ڕەسمی خۆیان بێت.
سەرچاوە:
[1] له پێش جهنگى يهكهمى جيهانى(1914-1918) و لهكاتى جهنگهكهش، كرۆكی سیاسەتی بەریتانیا لە ئاست (میسۆپۆتامیا-Mesopotamia ) بریتی بوو لە داگیركردنی ناوچەكە، بەڵام سەبارەت بە پیادەكردنی باشترین شێواز بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە لە نێو سیاسەتمەدارانی بەریتانیا بۆچونی جیاواز هەبوو. لێرە بەدواوە بابەتی دەسبەسەراگرتی سێ ویلایەتەكەی عێراق لە ناوەندە سیاسیە باڵاكانی بەریتانیا پانتاییەكی فراوانی داگیر كرد، چونكە عێراق بایەخێكی گەورەی ستراتیژی بۆ بەریتانیا لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو.تەنانەت گەورە سەركردەی ئەڵمانی (پسمارك-Otto von Bismarck) وتوویەتی :” بەریتانیا بۆ پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتی خۆی لە هیندستان پێویستیەكی گەورەی بە سێ ویلایەتەكەی عێراق هەبوو.” لەم قۆناغەداو هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانی لە (هاوینی/ 1914)دا هەلێكی گەورە بوو بۆ بەریتانیا بۆ داگیركردنی سێ ویلایەتەكەی عێراق.
دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی میحوەر ، لێرە بەدواوە بەریتانیا جەنگی دژ بە دەوڵەتی عوسمانی ڕاگەیاند و هێزێكی گەورەی بەریتانیا بەسەركردایەتی (ژەنەراڵ دیلامینDilamin-) لە هیندستانەوە بەرەو كەنارەكانی كەندا و كشاو لە ڕێكەوتی (6/11/1914) هێزەكانی بەریتانیا توانیان شارۆچكەی فاو بگرن. لە هەمان ساڵدا بەریتانیا بە هەزاران ئەفسەر و سەربازەوە بەرەو قوڵایی میسۆپۆتامیا لەپێشڕەویدا بوو، پاشان لە (3/حوزەیرانی/1915) بەسرە گیرا و هێزەكانی بەریتانیا ئاڵای بەریتانیان لەر موتەسەرفیەتی شارەكە هەڵكرد، دوابەدوای بەسرە سەرجەم شوێن و ناوچەكانی دیكەی سەر بە ویلایەتەكە گیران، بەجۆرێك لە ساڵی (1915)دا سەرجەمی ویلایەتی بەسرە لە لایەن سوپای بەریتانیەوە كۆنترۆڵ كرا.
بەڵام پێشڕەویەكانی بەریتانیا لە شارۆچكەی (كوت) توشی وەستان بوو، چونكە سوپای بەریتانی لە لایەن سوپای عوسمانیەوە گەمارۆ درا و بەریتانیاش توانای شكاندنی گەمارۆكەی نەبوو، داواكردنی یارمەتی خێرایش لە هیندستان و یەكەكانی دیكەی سوپای بەریتانی لە ناوچەكانی دیكە كرا بەڵام سودیان نەبوو، بڕێكی زۆریش پارە درا بە كاربەدەستانی باڵای عوسمانی بۆ شكاندنی گەمارۆكە بەڵام ئەم هەوڵەیش سەركەوتوونەبوو، لەبەر ئەوە لە (29/نیسانی/1916) ژەنەڕال (تاوزەند)ی فەرماندەی ئەو سوپایە بە (13309) سەربازەوە خۆی ڕادەستی هێزەكانی سوپای عوسمانی كرد.
بەڵام پاش گەیشتنی هێزێكی دیكەی بەریتانیا بە سەركردایەتی ژەنەراڵ (ستانلی مۆدStanley Mod-) جارێكی دیكە پێشڕەویەكانی بەریتانیا دەستی پێكردەوە و دوای دەسبەسەرداگرتنی شارۆچكەی (كوت)، شاڵاوێكی گەورە بەرەو شاری بەغداد دەستی پێكرد و لە (11/ئازاری/1917) هێزەكانی بەریتانیا توانیان بچنە نێو شاری بەغدادەوە و دەستی بەسەردا بگرن ، دوای گەیشتنی هێزەكانی بەریتانیا بە بەغداد ژەنەراڵ (ستانلی مۆدStanley Mod-) بانگەوازێكی بۆ خەڵكی بەغداد بڵاوكردەوە و لەو بانگەوازەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە :” ئەوان وەك داگیركەر ڕوویان لەم وڵاتە نەكردووە ، بەڵكو وەك ڕزگاركەرێك بەهانای گەلانی ژێردەستی دەوڵەتی عوسمانیەوە هاتوون.” بەڵام هێزەكانی بەریتانیا هەروا بە ئاسانی نەیانتوانی بگەنە شاری بەغداد، چونكە دوای (98000) قوربانی توانیان كۆنترۆڵی ویلایەتەكانی بەسرە وبەغداد بكەن .
دوای ویلایەتی بەغداد پێشڕەوی هێزەكانی بەریتانیا بەرەو ویلایەتی موسڵ و ناوچە كوردیەكانی ویلایەتەكە دەستی پێكرد، ئەوە بوو لە ڕێكەوتی (7/مایسی/1918) سوپای بەریتانی بە سەركردایەتی جەنەراڵ (سێر ولیەم مارشاڵ-Sir William Marshal ) توانیان كەركوك داگیر بكەن، بەڵام لە سەرەتاوە هێزەكانی بەریتانیا كەركوكیان چۆڵكرد و جارێكی دیكە سوپای عوسمانی هاتەوە نێو شارەكە، هێزەكانی بەریتانیاش بۆجاری دووەم و لە ڕێكەوتی (25/تشرینی یەكەمی/1918) شاری كەركوكیان كۆنترۆڵ كردەوە و پاشان بەرە و شاری موسڵ پێشڕەویان كرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەكانی بەریتانیا بگەنە نێو شاری موسڵ ئاگربەستی (مۆدرۆس) لە نێوان هێزەكانی بەریتانیا و دەوڵەتی عوسمانی واژۆ كرا، بە پێی ماددەی (7)ی ئاگربەستەكەش :” هەر مەترسیەك لە هەر شوێنێك ڕووبكاتە هاوپەیمانان دەتوانن ئەو شوێنە بگرن.” لێرە بەدواوە بەریتانیا سوربوو لە سەر داگیركردنی تەواوی ویلایەتی موسڵ و تەواوی ئەو شار و ناوچە كوردیانەی كەماون.
[2] له ڕاستيدا ڕێككهوتنامهى سايكس-بيكۆ-سازانۆڤه، واته لهنێوان بهريتانيا و فهڕهنساو ڕووسياش، بهڵام بههۆى ئهوهى له ڕووسيادا شۆڕشى ئۆكتۆبهر له 1917 ههڵگيرسا، هێزهكانى ڕووسيا لهبهرهكانى جهنگ كشانهوه و ئهم ڕێككهوتنهشيان وهكوو كارێكى قێزهوهنى داگيركارى و ئيمپرياليستى ئاشكراكرد، چونكه بهكارى قهيسهرى ڕووسيايان دادهنا، ههربۆيه ئێمه لێرهدا نووسيومانه سايكس بيكۆ چونكه ههردوو دهوڵهتى بهريتانيا و فهڕهنسا وهكوو دووبراوهى جهنگ مانهوه و ههر ئهوانيش كاريگهرييان لهسهر نهخشهى سياسيى و سهربازيى ناوچهكه ههبوو.
[3] كاتێك جەنگەكە قەوما سەركردایەتی تورك گومانی لە دڵسۆزی عەرەبی هاودین نەبوو ، كەچی لەگەرمەی شەڕدا شتی چاوەڕواننەكراو ڕویاندا ئەویش هەڵگیرساندنی شۆڕشی عەرەبیە لە حیجاز لە 5 ی حوزەیرانی 1916 بە ڕێبەرایەتی شەریف حوسێنی مەككە و بە پلانی هەردوو ڕێكخراوی كۆمەڵەی عەرەبە لاوەكان و پەیمانی عەرەبی ، شەریف حوسێن كە لە هەر لە ساڵی 1915 ەوە بە هۆی عبدللە ی كوڕییەوە پەیوەندی بە لۆرد كبچینەری بەریتانی لە قاهیرە كردبوو ، ڕایگەیاندبوو كە ئامادەیە هاوكاری بەریتانیا بكات و دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕاپەڕێت بەرامبەر ڕزگاری عەرەب و بەدیهێنانی ئاواتەكانی ، بەڵام دوای هاتنی سێر هێنری مەكماهونی نوێنەری بەریتانیا لە قاهیرە پەیوەندیەكان تینیان تێكەوت و چۆنێتی هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینی عەرەب دژی دەوڵەتی عوسمانی گەڵاڵە كراو خرایە قاڵبی جێ بە جێكردنەوە ، دیارە هەرچەندە شەریف حوسێن لە بەرامبەر ئەو پشتگیرییەی بەریتانیا داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی عەرەبی دەكرد لە ناوچە عەرەبنشینەكانی ئاسیا (ئەم داوایەی شەریف حوسێن ناوچە كوردنشینەكانیشی بە عەرەبستان ژماردبوو )، بەڵام ئینگلیزەكان بەڵێنێكی تەواو و ڕوونیان پێ نەدا.( بڕوانه: د.ياسين سهردهشتيى، كۆلۆنیالیزم و هوروژمی دەوڵەتە سەرمایەدارەكان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له ئينتهرنێتهوه).
[4] توێژهران پێيان وايه: ناخۆشى و ناكۆكى جوو و عهرهبى فهلهستين له دهستپێكردنى داواى (زايۆنييهكان) بۆ دامهزراندنى ئيسرائيل دروستبوو، ئهم ڕووداوه بهدواى پابهندبوونى بهريتانيا به دامهزراندنى دهوڵهتى ئيسرائيل له فهلهستين هات. (د.ئهوان و. ئهندرسن-د.خهليل، ڕهشيديان، عێراق و بهردهواميى قهيرانى خۆرههڵاتى ناوهڕاست، وهرگێڕانى له ئينگليزييهوه: فوئادى تاهير سادق، سلێمانى، 2004، ل35-36).
[5] يهكێك له ههڵهكانى نووسين له دواى هاتنهسهركارى ئاڕاستهى عروبييهت له ئێراق برينيى بووه له بهعهرهبكردنى مێژوويى گهلانى ناوچهكه و دواتريش دۆزينهوهى ڕهگ وڕيشهى مێژوويى( دێرين و دواتريش ئيسلاميى ونوێ) بۆ دهوڵهتى تازه دروستكراوى ئێراق، بۆئهوهى هيچ نهبێت لهڕێگهى پهروهرده و چاپهمهنييهوه ئهو بيرۆكهيه بچێنن ودواتريش گهشهى پێ بدهن، كه دهوڵهتى نوێى ئێراق ڕيشهيهكى مێژوويى دێرينيى ههيه و ئهوه داگيركهران و ئيمپرياليزم و دوژمنانى عهرهبن لهت لهتيان كردووه و مێژووهكهى دهشێوێنن، ئهوهيان لهبيرچووهتهوه كه ئهو دهوڵهته هيچ بنهمايهكى نهبوو، بهريتانيا به خواستى بهرژهوهندييهكانى خۆى وهك لهمهدوا باسى دهكهين پێكيهێنا..! بهداخهوه ئهم ئاڕاستهيه لهناو ههندێك له نووسهر و ئهديبان و ههتا ئهكاديميانى كورديشدا برهى سهند و كتێب و نووسينى زۆر بهم ناونيشانه قهبانه ههيه( عێراق لهسهردهمى سۆمهرى و ئهكهدى..!!، عێراق لهسهردهمى ساسانى و بيزهنتى ، لهسهردهمى ئيسلام، شارستانييهتى عهرهبى ئيسلاميى له عێراق، عێراق لهسهردهمى عوسمانى، عێراق لهسهردهمى مهماليك، عێراق له سهردهمى جهنگى يهكهمى جيهانى، و….هتد) ئهمه نهنگييهكى زانستيى و ئهكاديمييه و ههرگيز پێش ساڵى 1921 دهوڵهتێك لهم ناوچهيهدا نهبووه ناوى (عێراق) بێت، بهڵكوو ئهوهى ناوى هاتووه: ويلايهتى بهسره، ويلايهتى بهغدا، مووسڵ، شارهزوور، كه بهگوێرهى سهردهم و فهرمانڕهواو چهندێتى وجۆرێتى و دهستكاريكردنى سنوورى ويلايهتهكان گۆڕانكارى بهسهردا هاتووه، زاراوهى (عێراقى عهرهبى و عێراقى عهجهمى)ههبوو، كه مهبهست پێى جياكردنهوهى ناوچه كوردييه شاخاوييهكان بوو له ناوچه دهشتيى و بيابانهكان…!!
[6] لە١/١/١٩١٨ تاوەكوو ٢/١/١٩١٩ لە شاری بەغداد بە زمانی كوردی بە ڕێنووسی فارسی بە حەرفی عەرەبی چوار لاپەڕە بوە.
هەمووی ٦٧ ژمارەی لێ دەرچوە. مێجەرسۆن سەرپەشتیی كردوە، شوكری فەزڵی هاوكاریی كردوە.
[7] له ڕاستيدا يهكێك له ئيشكالياتهكانى ئهم زاراوهى حوكمداره ئهوهبوو، هيچ واتايهكى وهكوو سهرۆك كۆمار، يان سهرۆك وهزيران، يان پادشا و سوڵتان و ئيمپراتۆرى نهدهگرتهوه.
[8] بهريتانييهكان لهو سهردهم و دواتريش ئاڕاستهيهكى دهبڵ مۆڕاڵيان له بهرانبهر شێخ گرتبووهبهر، لهلايهك ماوهيهك پێشتر وهك حوكمدار ناسانديان، دواتر چهندين دهسهڵاتى خۆجێى خێڵهكيى و بنهماڵهيى و ميروئاغاى جۆراوجۆريان له بهرانبهريدا قووتكردهوه و هاوكارى بوون دژى حوكم و دهسهڵاتهكهى، نهبوونى ستراتيژێكى ڕوون و ئاشكرا لاى سهركرده و پياوماقوڵان و ڕۆشنبيرانى كورد و يهكنهگرتوويى و نزمى ئاستى هۆشيارى تاكى كورد و چهندين هۆكارى ترى دهرهكى و ناوخۆيى ئهم ههلهيان له كيش كورددا…!
[9] ئهم ڕۆژنامهيه ژمارە (١) لە ٢٩/٩/١٩٢٠ دەرچوە، ژمارە (١١٨) كە دوا ژمارەی بووە لە ٢٧/٧/١٩٢٢دهركراوه.
ئامادهكردنى؛ د.ژيلوان عهبدولڵا ههڵهدنى