کۆمەڵگای کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگا فرە چەن و دەوڵەمەندانەی کە جۆرەھا ھونەر و داب و نەریتی جیاواز و جۆراوجۆری لەخۆی گرتووە. ھەموو نەتەوەکانی دونیا ھونەرێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە یەکێک لە ھونەرە ھەرە گرنگەکانی کورد کە بەدرێژایی مێژوو پەیوەست بووە پێیەوە و بەردەوام گرنگی پێ داوە ھەوڵی داوە لەگۆشەنیگای جیاواز پێشی بخات ھونەری گۆرانی وتن و مۆسیقا بووە. کورد بەگشتی بەشێوەیەکی زۆر توند دەستی بەم ھونەرە وەگرتووە ھەستە خۆش و ناخۆشەکانی خۆی لە ڕێی ٸەو ھونەرەوە بەرجەستە کردووە.
دەمانەوێت لێرە سەرنج بخەینە سەر ھونەری مۆسیقا و گۆرانی لەسەردەمی عوسمانیەکان بەھۆی ناسکی ھەست و سۆزی کورد حەزێکی ڕەھای بۆ ھونەر دەربڕیووە . لەسەردەمی ٸیمپڕاتۆریەتی عوسمانی کوردەکان گۆرانیان گوتووە و مۆسیقای ٸەوسەردەمیان ژەنیووە لەگرنگترین ٸامێرەکانی ٸەو سەردەم ڕوباب ،تەپڵ و دەھۆڵ و زوڕنا ،زیروبەم ، سەمتوور، چەنگ ، تارنای ،کەمانچە ،تەنبور بوون.زۆرینەی مێژووی كوردستان و كورد لەسەردەمی عوسمانیەكان جگە لەئەرشیفی عوسمانیەكان، لە گەشتی گەڕیدەكان وپیاوانی جۆراوجۆر سەردانی كوردستانینان كردووە هەریەكە و بەمەبەستێك. یەكێك لەگەڕیدە هەرە گرنگەكان بەناوی (ئەولیا چەلەبیە) لە سیاحەتنامەكەی خۆی لە ساڵی(١٦٣٠) سەردانی جزیرە ومیرنشینی بۆتان دەكات لەوێ چاوی بە (عەڤداڵ خانی میری) بۆتان كەوتووە دەڵێت یەكێكە لە هەرە باشترین گۆرانی بێژەكان . لەسەر گەشتەكەی بەردەوام دەبێت. دواتر سەردانی مەڵاتیە دەكات لەوێ دیمەنی جیاوازتر دەبینێ لەبارەی ئەوانەوە دەڵێت:- دەنگ خۆش و مۆسیقاژەنەكان هەریەك و لەلایەكە كۆڕ و مەجلیسی خۆیان گەرم دەكەن و ئاسمان دەخەنە سەما.
لە كاتی گەڕانی بەنێو ئەو شارەدا دەبینی پیشەوەركان بەدەم كاری خۆیانەوە گۆڕانی دەڵێن ئاسنگەرەكان ئاواز دەژەنن و گۆرانی سێگا، حوسینی دەڵێنەوە. هەركەس كەگوێ بیستی بێت پێ ڕۆیشتنی نامێنێت. وەک لەپێشتر باسمان کرد لەکاتی خۆشی و ناخۆشی پەیامی خۆیان لەڕێی گۆرانی دەربڕیووە بەتایبەت لەکاتی کارکردنی ھەرەوەزی زۆرجار گۆرانی و بەیتۆک و بالۆرەیان گوتووە.
مستەر ریچ(١٧٨٦-١٨٢١) کۆنسولی بەریتانیا لەبەغداد لەگەڵ ژنەکەی گەشێتک دەکات بۆ کوردستان بەگشتی بە تایبەت بۆشاری سلێمانی و سەرانی میرنشینی بابان. کاتێک دەگاتە کۆشک و دیوەخانی سەرانی بابان . دەلێت ٸەم ٸێوارەیە لەگەڵ وسمان بەگ مان بردە سەر کە بەشایەکی بچکۆلەی موزیکی حازرکردبوو بۆ کەیف خۆشکردنی من . دواتر سەرنج دەخاتە سەر گۆرانی کوردی دەلێت دوو بلوێرژەنی کورد پێکەوە و لەسەرخۆ و خەمگین بەٸاوازێکی دڵتەزێن بلوێرەکەیان لێ ٸەدا. جگە لەوەش کۆپلەیەک لەگۆرانی بۆ تۆمارکردووین کە ناوبانگی ٸێجگار زۆر بووە. ( ٸەزدەنالم. مەمکوژە بەناز. مەلەکێ جان. ٸازیزێ). باشترین ٸاواز لای خۆی گۆرانیەک بوو بەنێوی ( لەیلێ گیان) بوو. لەکاتێکدا گۆرانیەکە بەلوورە لوور دەچوێنێ.
لە 19 ی تەمووزی 1820ز خەلکی شارەزوور لەکاتی دروێنە بەیتی شیرین و فەرھادیان بەشێوازی ستران دەربڕی . کوردەکان لەکاتە دەست بەتاڵەكانیش ھەمان شتیان کردووە لەشوێنە گشتیەکان وەک قاوەخانەکان و چاخانە و کاروان سەرا دانیشتوون و و گوێیان لەبەیتبێژە و چیرۆکخوانەکان گرتووە . جگە لەمەش مرۆڤ لەکاتە بەتاڵەکان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش گۆرانی وتووە و مۆسیقای ژەنیوە . لەدەشت و کێوەکان بەھۆی تێکەڵ بوون لەگەڵ سروشت شوانەکان گۆرانیان وتووە شمشاڵیان ژەنیووە تەراوگەی تەنیای خۆیان ڕەواندووە . گەڕیدەیەک گوێی لەگۆرانیەک دەبێت لەباکووری کوردستان . دیارە گۆرانیەکەی زۆر کاریگەری لەسەر ھەست و سۆزی داناوە ھەر لەبەرخۆی دا گۆرانیەکەی دووبارە کردووەتەوە.
لەبۆنە دیاریکراوەکان کوردەکان ٸاھەنگ و زەماوەندی گەورەیان سازکردووە بەتایبەت لە کاتی ژنھێنان دا. لە 2تشرینی یەكەمی (1820) مستەر ریچ كاتێك سلێمانی بووە بەشەو چووە بۆ سەیرکردنی زەماوەندێکی لەمجۆرە کە شایی و ھەڵپەڕکێ بووە . بەبینی دیمەنەکان زۆر سەرسام بووە لەھەمووی گرنگتر ٸافرەتی کوردی ھەلپەڕکێی کردووە. مستر ریچ لەساڵی (1814-1815) ز سەفەرێكی بۆ كوردستانی باكوور كردووە وێنەی گۆرانی بێژێكی نابیانی یەزیدی كێشاوە بە ئامێری تەموور سەرقاڵی گۆرانی وتنە.
لە بیرەوەریەكی تری لە 28/12/1820ز دەڵێت شەوێكی تەواوی لەتەك ئەم سترانبێژە و تەموور ژنە و هونەرمەندە بەسەر بردووە كە ناوی (لاسۆ) بووە ودەیان سترانی شیریینی بۆ چڕیوە… لەناویاندا سترانی(لێڵێ عەزاڵێ)ی ریچ دەڵێت هەرگیز لەیادم ناچێتەوە.
ئۆژین ئۆبین(١٩٠٦-١٩٠٧). ناوبراو باڵوێزی فەڕەنسا بووە لە ئیران،سەردانی شاری مهابادی كردووە لەوێ شەوێك میوانی حاكمی شاری مهاباد بووە نەناوی ڕەشید و لمولكی. لە یاداشتەكانی خۆی دا دەڵێیت (( سەرو مڕی كورد.لەسەر بنچینەی خۆڕهەڵاتیانەی خۆیان. هەست وسۆزی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ مۆسیقا وشیعرهەیە ))گۆرانی بێژی كورد هەریەكە و بەند وباوی شاعیریانەی خۆیان بە مۆسیقا لە ماڵێك دەبەنە ماڵێك. بەڕۆژ سەرقاڵی كارن، هەركە شەو داهات ڕاستەوخۆ دەست دەكەن بەژەنینی مۆسیقا و گۆڕانی وتن. کوردیش وەک یۆنان و ڕۆمانیەکان ھونەری تایبەتی خۆی ھەبووە زۆر بەتوندی دەستی پێوەگرتووە و پێشی خستووە. بەھۆی دڵ ناسکی کورد ھەمیشە پەنای بۆگۆرانی وتن بردووە ٸەمە یەکێکە لە ھونەرە ھەرە گرنگەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو کە بەبەردەوامی بەرەو پێش دەچێت و بایەخی پێدەدرێت، وێرای ژینۆسایدی نەتەوەی و كڵتوری و ئیتنتیكی و جڤاكی بەڵام كورد هەرگیز دەست بەرداری هونەری خۆی نەبووە، وەهەمیشە هەوڵی پێش خستنی داوە بۆیە دەتوانین بڵێین میللەتی كورد بە هونەر و مۆسیقا دەناسرێتەوە.
لیستی سەرچاوەکان .
١- گەشتنامەی مستەر ریچ بۆ کوردستان وەرگێرانی محمد حەمە باقی.
٢-ناسیۆنالیزم و موزیک. نزار سابیر.2011 .
٣- کوردستانی سەردەمی عوسمانیەکان د. سعدی عوسمان ھەروتی .چاپی دووەم،2023.
4- مێژووی مۆسیقای كوردی،محمەد حەمە باقی،بڵاوكراوەی دەزگای ئاراس.2002.