“ستراتیژی ئیسرائیل ڕەنگە تەنها خۆپارێزیی ئەمنی تێپەڕێنێت”
بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیان ساڵدا، ڕێگە بە درووزەکانی سوریا درا بچنە ناو ئیسرائیلەوە، پاسەکان بەرەو مەزاری شێخ ئەمین تەریف، ڕێبەری ڕۆحیی تایفەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٢٨ و ١٩٩٣، کەوتنەڕێ. لە پێشوازییاندا ئەندامانی تایفەی درووز لە بەرزاییەکانی جۆلان کە ئیسرائیل داگیری کردوون، وەستابوون. سەردانەکە بە جۆش و خرۆشێکی دیارەوە دەورە درابوو، لە کاتێکدا ئاڵا درووزییەکان لە هەردوو لای ڕێگەکە دەشەکانەوە. دوو کۆمەڵە لە یەک تایفە، کە سنوور و دوژمنایەتیی نێوان دوو وڵات لێکیان دابڕیبوون، جارێکی تر بەیەک شاد بوونەوە. بەڵام لە کاتێکدا ئەم ساتەوەختە دەرفەتی نوێ لە بەردەم تایفەکەدا دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا مەترسیی گەورەشی بۆ ئەو تایفەیە تێدایە کە بەسەر سێ وڵاتدا دابەش بووە: ئیسرائیل، سوریا و لوبنان. سەرۆکی شاندی درووزە سەردانکەرەکان لە وتارەکەیدا دانی بەوەدا نا و ئەم ساتەی بە “هەستیار” وەسف کرد. ئەمە نوێترین بەڵگە بوو لەسەر هەوڵە بەرچاوەکانی ئیسرائیل بۆ کاریگەری دانان لەسەر درووزەکانی سوریا. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل هەوڵ دەدات خۆی وەک بەرگریکاری کەمینەکان نیشان بدات، جا درووز بن یان کورد، یان تەنانەت عەلەوی و مەسیحییەکانیش. درووزەکانی سوریا لە دڵی ئەم هەوڵانەدان، چونکە لە لایەکەوە لە ڕووی جوگرافییەوە نزیکترینن لە ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە پارێزگارییان لێ دەکات. وەک بەشێک لەم هەوڵانە، ئیسرائیل یارمەتیی بەسەر کۆمەڵگە درووزییەکان لە باشووری سوریادا دابەش کردووە و چەند مانگێک لەمەوبەر بەڵێنی داوە مافی کارکردن لە ئیسرائیل بە درووزەکانی سوریا بدات. گرنگتر لەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل بەڵێنیان داوە بەرگری لە درووزەکان بکەن لەگەڵ هەڵگیرسانی پێکدادانەکان لە نێوان دانیشتووانی شاری جەرمانای درووزنشین لە باشووری دیمەشق و چەکدارانی سەر بە حكومهتە نوێیەکەی سوریا. ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە ڕێگە نادات هێزەکانی سەر بە حكومهتە نوێیەکە بچنە ناو شارەکەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز فەرمانی بە سوپاکەی کرد “ئامادە بن بۆ بەرگریکردن” لە شارەکە و جەختی کردەوە کە حكومهتەکەی “ڕێگە نادات ڕژێمی ئیسلامیی تووندڕەو لە سوریا زیان بە درووزەکان بگەیەنێت. ئەگەر بیکات، ئێمە لێی دەدەین.” تەنانەت فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەسەر زۆرێک لە ناوچە درووزنشینەکاندا سووڕانەوە، وەک نمایشکردنی هێز، هەرچەندە هێزەکانی حكومهتی سوریا لە کۆتاییدا بەبێ تووندوتیژی و هیچ ئاماژەیەک بە دەستێوەردانی ئیسرائیل چوونە ناو جەرماناوە. کاتێک چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پێکدادانەکان لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سوریا سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوە، ئیسرائیل بەپەلە جارێکی تر دەستێوەردانی کرد. تووندوتیژییەکە لە نێوان چەکدارانی هۆزە بەدەوییەکان و ئەندامانی تایفەی درووز دەستی پێکرد، لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕفاندنی یەکێک لە گەنجانی درووز لەسەر ڕێگای دیمەشق، دواتر تۆمەتبارکردنی کۆمەڵگەی بەدەوی. بەڵام حكومهتی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع ئەم قەیرانەی بە دەرفەتێک زانی بۆ پتەوکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا. لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەم پێکدادانانە کێشەیەکی فراوانتر دەردەخەن، کە بریتییە لە بۆشایی دەسەڵات لە باشووری سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە. بەڵام ئیسرائیل دیدێکی جیاوازی هەیە، چونکە پێی وایە هێشتنەوەی حكومهتێکی ناوەندیی تا ڕادەیەک لاواز، بەتایبەتی لە باشوور، لەگەڵ درووزەکان بۆ پاراستنی ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەری، گەرەنتییەکە دژی گۆڕانی سوریای نوێ بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەری. لەم سۆنگەیەوە، ئیسرائیل بەردەوام بوو لە جووڵەکانی بۆ پاراستنی تایفەی درووز و ڕێگریکردن لە پێشڕەویی هێزەکانی حكومهت، گورزی چڕی ئاراستەی ئەو یەکانەی ڕژێم کرد کە بۆ باشووری سوریا نێردرابوون.
لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم شیکارییەدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر دەروازەی چوونە ژوورەوەی کۆمەڵگەی ئەرکانی گشتیی سەر بە دەسەڵاتدارانی سوریا لە دیمەشقی پایتەخت، لە کاتێکدا پێکدادانەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە شاری سوەیدا نوێ بوونەوە. دوو سەرچاوەی ئهمنی سووری بە “ڕۆیتەرز”یان ڕاگەیاندووە کە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل وەزارەتی بەرگریی لە پایتەخت کردووەتە ئامانج. هەروەها هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر هێزەکانی حكومهتی سوریا لە سوەیدا. لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتزەوە دەرچووە، هاتووە: “پێویستە ڕژێمی سوریا واز لە درووزەکان لە سوەیدا بهێنێت و هێزەکانی لەوێ بکشێنێتەوە.” کاتز زیادی کرد:- “وەک پێشتر ڕوونمان کردووەتەوە و هۆشداریمان داوە… ئیسرائیل واز لە درووزەکان لە سوریا ناهێنێت، و ئەو سیاسەتەی چەکداماڵینە کە بڕیارمان لەسەر داوە، جێبەجێی دەکات.”
“درووزەکانی سوریا و ڕژێمی نوێ”
واقیعەکە ئەوەیە کە درووزەکانی سوریا خۆیان لە نێوان دوو مەترسیدا دەبیننەوە. لە لایەکەوە، هەندێکیان باسی نیگەرانییەکانیان لە دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع دەکەن. تایفەی درووز لە بیریانە کە “بەرەی نوسرە” کە خودی ئەحمەد ئەلشەرع سەرکردایەتی دەکرد، هێرشی دژی تایفەی درووز ئەنجام داوە. لە بیریشیان ناچێت کە یەکێک لە خراپترین هێرشەکان کە کرایە سەریان لەلایەن ڕێکخراوی “داعش”ەوە بوو کە کۆمەڵکوژییەکی لە شاری سوەیدا ئەنجام دا و دەیان کەسی وەک بارمتە گرت. بێ گومان ڕووداوی ڕفاندنەکەی ئەم دواییە ئەو ترسانەی زیندوو کردەوە، و هەوڵە پێشووەکانی بۆ دڵنیاکردنەوەی کەمینەکان لە ناوچەکەدا تێکدا. ئەوەش نیگەرانییان کەم ناکاتەوە کە ئەلشەرع و “داعش” دوو دوژمنی سەرسەختن و ساڵانێکە شەڕی یەکتریان کردووە. ئەلشەرع هەوڵی داوە تایفەی درووز دڵنیا بکاتەوە، بەڵام درووزەکانی سوریا هێشتا نیگەرانن لە پەراوێزخستن یان ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی سەرەڕای بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بۆ پاراستنی کەمینەکان. ئەو تووندوتیژییانەی لە سەرەتای ئەمساڵدا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕوویان دا، ئەم نیگەرانییانەیان زیاتر کرد. پێکدادانەکان لەلایەن شانە لایەنگرەکانی ئەسەدەوە هەڵگیرسان کە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حكومهت. سەرەڕای دڵنیاییەکانی دیمەشق، یاخیبووەکانی پێشووی سوریا تایفەی عەلەوییان کردە ئامانجی تووندوتیژییەک کە خودی ئەلشەرع دواتر ئیدانەی کرد. پێدەچێت شانە لایەنگرەکانی ئەسەد ویستبێتیان کاردانەوەیەکی تائیفیی تووند دروست بکەن، بەڵام هەندێک لایەنی شۆڕشگێڕان ئەمەیان بە دەرفەت زانی بۆ دەستێوەردان و وەڵامدانەوە، ئەمەش دەریدەخات کە حكومهتی ناوەندیی نوێ کۆنترۆڵی بەسەر هەموو شۆڕشگێڕانی پێشوودا نییە. لە چوارچێوەی ئەم دۆخەدا، بەڵێنەکانی ئیسرائیل بۆ “پاراستنی درووزەکان” ڕەنگە هەندێک دڵنیایی بە درووزەکانی سوریا ببەخشێت، بەڵام مەترسیی گەورەشی تێدایە. بە نیشاندانی خۆی وەک پارێزەری درووزەکان، ئیسرائیل بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت، کۆمەڵگەی درووزی خستووەتە بازنەی ئامانجەوە، چونکە گومانی ئەوەی دروست کردووە کە هەندێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە ڕەنگە لایەنگریی ئیسرائیل بکەن لەسەر حیسابی دڵسۆزییان بۆ سوریا. ساڵانی شەڕی ناوخۆ و داڕمانی دەسەڵاتی ناوەندی وای لە درووزەکان کردووە پشت بە خۆیان ببەستن، کە لە ڕاستیدا بووەتە هۆی دروستبوونی ناوچەیەکی نیمچە-سەربەخۆ. هەرچەندە ئەم کۆمەڵگەیە هیچ ئارەزوویەکی بۆ سەربەخۆیی نیشان نەداوە، بەڵام ئەم شێوازە لە خۆبەڕێوەبەری نیگەرانیی ئەوەی دروست کردووە کە ڕەنگە هەوڵ بدەن بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی جیاواز. سەرکردە درووزەکان بەردەوام ئەم بانگەشانەیان ڕەت کردووەتەوە و جەختیان لەسەر ڕەتکردنەوەی تەواوی هەر هەوڵێک بۆ دابەشکردنی سوریا و پابەندبوونیان بە یەکپارچەیی خاکی وڵات کردووەتەوە. لە سەرتاسەری ناوچەکەدا – جا لە ئیسرائیل، لوبنان، یان سوریا بێت – درووزەکان هاووڵاتی دڵسۆزی نیشتمانەکانیان بوون. تەنانەت شێخ تەریف، سەرکردەی ڕۆحیی دیاری درووزەکانی ئیسرائیل، لە کاتی پێشوازیکردنی لە شاندی درووزەکانی سوریا، جەختی لەسەر پشتیوانیی خۆی بۆ یەکپارچەیی سوریا کردەوە.
تووڕەیی جەماوەری لە پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترە لە باشووری سوریا لە زیادبووندایە، بەهۆی بەردەوامیی بوونی ئیسرائیل لە گوندە سنوورییەکان. ناوچەکە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی بەخۆیەوە بینیوە، وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانی میزاجی گشتی. بێ گومان ئیسرائیل بەشێکی بەرچاو لەو هاوسۆزییەی لەدەست داوە کە لە ساڵانی شەڕدا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی “دراوسێی باش”ەوە کۆی کردبووەوە، کە تێیدا بریندارە سوورییەکانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانەکانی. بە بانگەشەی پاراستنی تایفەی درووز، ئیسرائیل تایفەی درووزی بەستووەتەوە بەوەی کە زۆرێک لە سوریا بە هەوڵێکی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی بەشی نوێی وڵاتەکەی دەزانن. لە هەفتەکانی دوای ڕووخانی ئەسەد، ئیسرائیل چووە ناو باشووری سوریا و کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەی دابڕکەری نێوان دوو وڵاتی کرد و چەند کیلۆمەترێکیش لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە پێشڕەوی کرد. ئیسرائیل بە ڕوونی خەریکی دروستکردنی هێڵی بەرگریی نوێیە کە هیچ نیشانەیەکی کاتیبوونیان پێوە دیار نییە، و بەرپرسانی ئیسرائیل خۆیان گومانەکانی سوورییەکانیان پشتڕاست کردەوە کاتێک وتیان ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی نادیار لەو ناوچانەدا دەمێنێتەوە کە لەناو سوریادا دەستی بەسەردا گرتوون.
“ئامانجی ئیسرائیل”
ئیسرائیل نیازەکانی خۆی بە ڕوونی دەرنابڕێت. هەندێک لە جووڵەکانی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان دەکرێت بەو بیرکردنەوە ئهمنیە تووندە لێک بدرێتەوە کە دوای کۆمەڵکوژییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە زاڵ بووە. حیزبوڵڵا ماوەیەکی زۆرە ژێرخانێکی سەربازیی لەسەر سنوور دامەزراندووە، دیارترینیان تۆڕی شانە هەڵبژاردەکانە کە بە “دۆسیەی جۆلان” ناسراوە، و ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە، چونکە ڕەنگە “حیزب” ئەو پشێوییە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش. هەروەها نیگەرانییەکان لە بوونی توخمە تووندڕەوەکان لەناو ڕیزەکانی هێزەکانی سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع، بیانوویەکی زیاتر دەداتە دەست ئیسرائیل بۆ پاساودانی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە ڕێبازێکی ئهمنی خۆپارێزانە وەسفی دەکەن. بەڵام، بەردەوامیی ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە قووڵایی سوریادا، ڕەتکردنەوەی تەواوی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕژێمی نوێی سوریا – تەنانەت لە ڕێگەی کەناڵی نافەرمییشەوە – و هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی کەمینەکانی سوریا، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ستراتیژییەکەی ڕەنگە تەنها خۆپارێزیی ئەمنی تێپەڕێنێت. لە ڕاستیدا، لەنێو شیکارەوانانی ئیسرائیلیدا کەسانێک هەن کە لە سەرەتای ئەمساڵدا پێیان وابوو ئیسرائیل دەترسێت ڕژێمی نوێی سوریا ببێتە پاشکۆیەکی ڕاستەقینەی تورکیا، بە پشتبەستن بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەلشەرع و ئەنقەرە. دوا هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کە بنکەیەکی ئاسمانیی لە گوندەواری حومس کردە ئامانج، لە کاتێکدا بوو کە بانگەشەی ئەوە دەکرا تورکیا لەوانەیە بەم زووانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەمان بنکەدا جێگیر بکات. بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، ئەم هێرشە “پەیامێکی” ڕاستەوخۆی بۆ ئەنقەرە هەڵگرتبوو، وەک هەوڵێکی سەرەتایی بۆ سنووردارکردنی دەستێوەردانی تورکیا لە سوریا، هاوشێوەی ئەوەی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی ئێراندا کردوویەتی.
بەڵام ئەم تێڕوانینە کە دەڵێت سوریا بە ناچاری دەبێتە “پاشکۆ”ی تورکیا، سادەکردنەوەیەکی زۆرە بۆ واقیعە ئاڵۆزەکە. ئەم تێڕوانینە ئەو گرژییانە پشتگوێ دەخات کە پێش ڕووخانی ئەسەد لەنێوان هەردوو لادا هەبوون، هەروەها هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەلشەرع بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە مەبەستی هاوسەنگکردنی کاریگەریی تورکیا. جێی سەرسوڕمانە، پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی دوژمنکارانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر بە دیمەشق، ڕەنگە ئەنجامێکی پێچەوانەی ئەوەی لێ بکەوێتەوە کە هەوڵی بۆ دەدات؛ لەوانەیە ئەلشەرع ناچار بکات زیاتر خۆی بخاتە باوەشی تورکیاوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا هەوڵ دەدات توانای سەربازیی سوریا دووبارە بنیات بنێتەوە. لەبری کەمکردنەوەی کاریگەریی تورکیا لە سوریا، سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەوانەیە ببێتە هۆی زیاتر پشت بەستنی سەرکردایەتیی نوێی دیمەشق بە ئەنقەرە. ڕەنگە ئامانجی ئیسرائیل مسۆگەرکردنی هەژموون بێت بەسەر حكومهتی نوێی سوریادا. بە نیشاندانی خۆی وەک “پارێزەری کەمینەکان”، وا دیارە ئامانجی ئەوەیە دڵنیا بێت لە توانای خۆی بۆ کاریگەری دانان لەسەر داهاتووی سوریا. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریادا، ئیسرائیل تا ڕادەیەکی زۆر بێلایەنی هەڵبژارد و وازی لە ململانێکە هێنا بەبێ دەستێوەردان، سەرەڕای ئەو بانگەوازانەی ئەو کاتە بۆ دەستێوەردان دەکرا، بەتایبەتی لە ڕێگەی بێکاریگەرکردنی هێزی ئاسمانیی ئەسەد کە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگی بەرفراوان تۆمەتبار دەکرا. بەڵام ئەم هەڵوێستە زوو بووە شتێکی نەگونجاو، چونکە ئیسرائیل تێگەیشت کە نزیکیی جوگرافی شتێک نییە پشتگوێ بخرێت، و بۆشایی دەسەڵات ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت. ئێران و حیزبوڵڵا بە پەلە پشێوییەکەیان قۆستەوە، دەستێوەردانیان کرد بۆ پشتیوانیکردنی ئەسەد، و ڕێڕەوێکی وشکانییان لە ئێرانەوە تا لوبنان دامەزراند. لە ئەنجامدا، ئیسرائیل ناچار بوو “لە کاتی زیادکراودا یاری بکات”، سەدان هێرشی ئاسمانیی لەناو سوریادا ئەنجام دا، و سیاسەتی کاردانەوەی بەپێی بنەمای “لێدانی خێرا و گەڕۆک” پەیڕەو کرد. هەروەها بەرنامەی “دراوسێیەتیی باش”ی دەستپێکرد، کە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە جۆلانی سوریا، وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر خاکەکەی.
لەوانەیە ئیسرائیل، لە ڕێگەی ئەم ئەزموونەوە، گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە چیتر بەشدارینەکردن بژاردەیەکی گونجاو نییە. وەک ئەوەی ئەمڕۆ گرەو لەسەر پشتیوانیکردنی کەمینەکان دەکات بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەندیی دیمەشق و بێکاریگەرکردنی سوریا وەک هەڕەشەیەکی داهاتوو. ئەم ڕەوتە هەروەها فراوانکردنی ئەوەی ئیسرائیل بە “گەرهنتیی ئەمنی” ناوی دەبات بۆ کەمینەی کوردیش ڕوون دەکاتەوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکەن، پێگەیەکی تایبەتیان هەیە کە وایان لێدەکات ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەریی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، بەتایبەتی کە ئەو خاکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵی دەکەن، وەک قەوارەیەکی نیمچە-سەربەخۆ کار دەکات. ڕەنگە هەسەدە ئاواتی دامەزراندنی “هەرێمێکی کوردیی سووری” بێت، هاوشێوەی هەرێمی سەربەخۆی کوردستان لە عێراق. هەسەدە بۆ ئیسرائیل گرنگییەکی دوولایەنەی هەیە، هەم هاوبەشێکی ئەگەرییە لە لاوازکردنی دیمەشق، و هەم هێزێکی هاوسەنگکەرەوەیە بەرامبەر بە کاریگەریی تورکیا لە ناوچەکەدا.
“هەڵچنینی بژاردەکانی ئیسرائیل”
پێویستە ئیسرائیل وانە لە شەڕی ناوخۆی سوریا وەربگرێت، بەڵام وا دیارە وانە هەڵەکان فێر دەبێت، کە تێگەیشتنێکی سنووردار بۆ واقیعی سوریا ئاشکرا دەکات. دوای زیاتر لە دەیەیەک لە ململانێی خوێناوی، چیتر سوورییەکان ئارەزووی نوێبوونەوەی تووندوتیژییان نییە. هەرچەندە کەمینەکان نیگەرانن لەبارەی پێگەیان لە سوریای داهاتوودا، و لەمەدا حەقیانە، بەڵام هیچ نیازێکیان بۆ دامەزراندنی قەوارەی سەربەخۆ نیشان نادەن. ئەوان بە تەواوی دەزانن کە هەر هەنگاوێک لەم ئاراستەیەدا، بە ئەگەری زۆرەوە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەکی نوێ. بۆ نموونە، هەسەدە دەزانێت کە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی ڕەنگە ببێتە هۆی دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی تورکیا – ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە وتمان ستراتیژییەکەی ئیسرائیل لەوانەیە ئەنجامی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە، چونکە کاریگەریی تورکیا لە سوریا بەهێزتر دەکات لەبری سنووردارکردنی. لەم چوارچێوەیەدا، پرسیاری جددی لەبارەی باوەڕپێکراویی ئەوەی ئیسرائیل بە “گەرهنتیی ئەمنی” وەسفی دەکات، دروست دەبێت. سەرەڕای نیشاندانی خۆی وەک پارێزەری کەمینەکان، پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا بەڕاستی ئامادەیە سنوورەکانی وتار تێپەڕێنێت، و بچێتە ناو ململانێیەکی سەربازییەوە بۆ بەرگریکردن لە درووز یان کورد یان عەلەوی یان مەسیحییەکان؟ تا ئێستا، ئەم گەرەنتییانە نەبوونەتە ڕێوشوێنی بەرجەستە و بەردەوام. ئیسرائیل لە جووڵەکانیدا تەرکیزی لەسەر کردنەئامانجی بنکە سەربازییەکان بووە، بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی کەمینەکان بنێت. سەرەڕای بوونی هاوسۆزیی جەماوەری لەناو ئیسرائیلدا لەگەڵ ئازارەکانی ئەو گرووپانە، نیشانەکانی ئامادەیی ئیسرائیلییەکان بۆ پێشکەشکردنی قوربانیی ڕاستەقینە – بەتایبەتی دوای زیاتر لە ساڵێک لە بەشداریکردن لە شەڕی فرەبەرەییدا – نزیکە لە سفرەوە. بۆیە، هەر کەمینەیەک پشت بە ئیسرائیل ببەستێت بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی لە ماوەی دوورمەودادا، ڕەنگە ڕووبەڕووی نائومێدییەکی حەتمی ببێتەوە.
لە ئەنجامدا، کەمینەکان تا ڕادەیەکی زۆر ڕەتیان کردووەتەوە لەگەڵ ئیسرائیل تێکەڵ بن. هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە سەرکردایەتیی کوردەکان، ڕێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆ کردووە کە ئامانجی دانانی بناغەکانی دەوڵەتێکی داهاتووە کە یەکگرتوو بمێنێتەوە و دان بە مافی کەمینەکاندا بنێت. ئەم هێزانە شاندیان ناردووە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئارەزووی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان گرووپە کوردییەکە و حكومهتە نوێیەکەدا نیشان داوە. تایفەی درووزیش لە باشووری سوریا ئەمساڵ بەدوای ڕێککەوتنی هاوشێوەدا لەگەڵ دیمەشق گەڕاون. تەنانەت لەگەڵ نوێبوونەوەی پێکدادانەکان، هەندێک لە گرووپە درووزەکان ئاماژەیان داوە بە ئەگەری قبوڵکردنی بڵاوبوونەوەیەکی سنوورداری حكومهت لە باشووری وڵاتدا. ئەقڵییەتی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل، حكومهت بەرەو پەیڕەوکردنی ستراتیژێکی ئهمنی زۆر بەرتەسک پاڵ دەنێت، کە دەرگاکان دادەخات لە بەردەم ڕێبازێکی گشتگیرتر کە دەیتوانی دیپلۆماسییەت بەکاربهێنێت بۆ گەڕان بەدوای ڕێڕەوی جێگرەوەدا، لەوانەش ئەگەری ئاساییکردنەوەی وریایانە لەگەڵ ڕژێمی سوریا، و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنی دیمەشقە ناو بازنەی کاریگەریی تورکیاوە. سەرەڕای ئەوەی وا دیارە ئیسرائیل گرنگی بە هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوە بەرامبەر سوریا دەدات، بەتایبەتی دوای بڕیاری سەرۆک ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکان و لەباوەشگرتنی سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع، بەڵام هێشتا لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە کار دەکات کە ڕژێمی نوێ ڕێڕەوێکی دوژمنکارانە دەگرێتەبەر.
سەرەڕای بوونی هۆکار بۆ پاساودانی گومانەکانی ئیسرائیل، جیاوازیی گەورە لە هاوسەنگیی هێزدا ڕێگە بۆ پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی کەمتر پێکداداناوی خۆش دەکات، کە هەوڵدان بۆ سەپاندنی شێوەیەک لە “ناوچەی داماڵراو لە چەک” لە باشووری سوریا لەخۆ نەگرێت، چونکە مەترسییەکی گەورە هەیە – لە ڕاستیدا – لەوەی کە ناوچەیەکی لەم شێوەیە ببێتە هۆی ڕاکێشانی ئەو لایەنانەی کە ئیسرائیل لە بنەڕەتدا هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدا لە سنوورەکانی، لەوانەش حیزبوڵڵا و ئێران. تەنانەت ئیسرائیل دەتوانێت هەوڵەکانی بۆ نزیکبوونەوە لە کەمینەکانی سوریا تێک بدات بە نیشاندانی خۆی وەک هێزێک کە هەوڵی پارچەپارچەکردنی یەکپارچەیی وڵاتەکە دەدات. ئەم ڕێبازە ڕاستییەکی بنەڕەتی پشتگوێ دەخات، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی پێکهاتەکانی کەمینەکان لە سوریا هێشتا خۆیان بە بەشێک لە قەوارە نیشتمانییە گەورەکە دەزانن، و ساڵانی دابەشبوون و ململانێ هیلاکی کردوون. ڕاستە کە پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی گشتگیر کە پشت بە دیپلۆماسییەت ببەستێت، ڕەنگە بێ گرفت نەبێت و ئەنجامی سنوورداریشی هەبێت، بەڵام، لانیکەم، پەراوێزێک بۆ بنیاتنانی متمانە و بەدەستهێنانی ئاستێک لە سەقامگیریی بەردەوام دەکاتەوە. بەڵام ڕێبازە بەرتەسکەکەی ئیسرائیل کە لەسەر بنەمای بەرچاوگرتنی ئەمنی دامەزراوە، نەک تەنها جێی گومانە، بەڵکو شکستی حەتمی مسۆگەر دەکات لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی کە بانگەشەی بۆ دهكات.
ئامادهكردنی؛ سهركۆ یونس
ئاژانسی فرانس پرێس
نووسینی: مایکڵ هۆرۆڤیتز