هەندێک مۆتەکە کاتێک دەست پێ دەکەن، کە بەئاگا دێینەوە؛ وەک ئەو نەتەوەیەی خەون بە دیموکراسیەوە دەبینێت و لەنێو دیکتاتۆریەتێکدا خەبەری دەبێتەوە. چاوەکانی دەکاتەوە و دەبینێت دایناسۆر (دیکتاتۆر) هێشتا لێرەیە. ڕەنگە لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٥٠دا، کە ئۆگەستۆ مۆنتێرۆسۆ کورتەچیرۆکی “ئێل دینۆسۆریۆ” یان “دایناسۆر”ی دەنووسی؛ ئەم چیرۆکە چەند وشەییە بە کورتترین چیرۆکی جیهان دانرابێت.
“کاتێک خەبەری بوویەوە، دایناسۆرەکە هێشتا لەوێ بوو.”
مۆنتێرۆسۆ لە ساڵی ١٩٢١دا، لە شاری تێگوسیگالپای هندۆراس هاتووەتە دنیاوە و لە خێزانێکی ئەدەبدۆستدا پەروەردە بووە. ئۆگستۆی گەنج بە هۆی ژیانی سەرگەردانی و ماڵبەکۆڵی خێزانەکەیەوە لەنێوان هندۆراس و گواتیمالادا نەیتوانی قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکات. لە ساڵی ١٩٣٧دا لە قەسابخانەیەکدا دەستی دایە کارکردن، بەڵام ئەمە نەبووە ڕێگر لە هۆگربوونی بۆ ئەدەب و وێژە. لەو کەمەکە کاتە بەتاڵانەی هەیبوون، دەپەرژایە سەر خوێندنەوەی بەرهەمە کلاسیکییەکانی نووسەرانێکی وەک: لۆرد چێستەرفیڵد، مادام دی سۆڤینی، هۆراس، یوڤیناڵ و فایدرۆس (کە وەرگێڕی ئەفسانەکانی ئیسۆپە بۆ سەر زمانی لاتینی). ئەم خوێندنەوە بەرفراوانەی کردی بە خوێنەرێکی لێهاتوو و قاڵوقووڵ لە ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتیندا، بە ئاوایەک کە زاڵبوو بەسەر ئەدەبیاتی کلاسیک و مۆدێرنیشدا. کاتێک مۆنتێرۆسۆ چیرۆکە یەک ڕستەییەکەی (دایناسۆری) خستە سەر کاغەز، نیشتەجێی گواتیمالا بوو و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەشی وەرگرتبوو، چونکە بنەماڵەی باوکی خەڵکی ئەوێ بوون. لەو کاتەدا گواتیمالا بە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی پشێو و ئاڵۆزدا تێدەپەڕی. چەند ساڵ لەوەوبەر و لە ساڵی ١٩٤٤دا ڕاپەڕینەکان دژی خۆرخی ئۆبیکۆی دیکتاتۆری ئەوکاتەی گواتیمالا دەستی پێکردبوو و مۆنتێرۆسۆ ڕۆڵێکی کارای تێدا بینیبوو. هەروەها بە هاوکاریی هاورێیەکی ڕۆژنامەیەکی ڕەخنەیی بڵاوکردەوە و دەست بە دەست بەسەر خوێنەراندا دابەشی دەکرد. دواجار ئەم چالاکییە بووە هۆی ئەوەی بکەوێتە زیندان و پاشان دووربخریتەوە بۆ مەکسیک. هەر لەو ساڵەدا واتە ساڵی 1944 ئۆبیکۆی دیکتاتۆر ڕووخێنرا و چاکسازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەستیان پێ کرد، کەچی تەنیا دوای دە ساڵ و لە ساڵی ١٩٥٤دا شۆڕشی دیموکراسیی گواتیمالا تووشی چارەنووسێکی هاوشێوەی (بەهاری پراگ) بوو، بەڵام ئەم جارەیان کودەتایەکی سەربازی بە پاڵپشتی ئەمریکا شۆڕشەکەی کۆتایی پێ هێنا.
گواتیمالا هەڵگری ئەزموونێکی دوور و درێژی کۆلۆنیالیزم و دیکتاتۆرییە. لە سەدەی ١٦دا ئەم پارچەی ئەمریکای ناوەڕاست کەوتە دەستی ئیسپانییەکان. وێڕای ئەوەی گواتیمالا لە ساڵی ١٨٢١ لە ئیسپانیا جیابووە و سەربەخۆیی بەدەستهێنا، بەڵام تا چەند دەیەیەک لەمەوبەر دەسەڵاتدارە گواتیمالاییە بە رەچەڵەک ئیسپانییەکان چەندین جار دەستیان دایە کۆمەڵکوژی مایاکان، کە خاوەنە ڕەسەنەکانی ئەو خاکە بوون. بۆ نموونە لە بەرەکوژیی و جینۆسایدەکانی دەیەکانی ١٩٨٠و ١٩٩٠دا کە بە “هۆلۆکۆستی بێدەنگ”ی گواتیمالا ناسراوە، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بە دەستی هێزەکانی حکومەت کوژران، کە لەسەدا ٨٣یان بە ڕەچەڵەک مایایی بوون. لە ساڵی ١٩٩٩دا، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی دۆزەرەوی ڕاستییەکان، بیل کلینتون دانی نا بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە گوتیمالا و یارمەتیدانی سوپای ئەو وڵاتە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە تۆقێنەرانەدا و ڕایگەیاند ئەم سیاسەتە هەڵە بووە. بەم پێیە چیرۆکی “دایناسۆر”، لەگەڵ نموونەگەلێکی دیدا کە لەوانەیە هەبن، ڕەنگدانەوەی دیکتاتۆرییە درێژماوەکانی گواتیمالا بە تایبەت و ئەمریکای لاتینە بە گشتی. هەرچەندە مۆنتێرۆسۆ پێی وایە نابێت ئەدەبیات ئامرازێک بێت بۆ سیاسەت، کەچی هەندێک لە چیرۆکەکانی خۆی “دەنگدانەوە”ی سیاسییان هەیە. لە ڕاستیدا چیرۆکە بە ڕواڵەت سادەکانی مۆنترۆسۆ، کۆمەڵێک کۆدی کولتووری لەخۆدەگرن و هەر ئەم کۆدانەن پەردە لەسەر ڕەخنەکانی نووسەر هەڵدەماڵن دژی ئەو ستەم و چەوساندنەوانەی کە وەک مشەخۆرێک لەسەر لارەملی گەلانی ژێردەستە و چەساوە دەژین.
مەڕی ڕەش ئەفسانەیەکی ئیرۆنیی چوار ڕستەییە و باسی مەڕێکی ڕەش دەکات، کە بە سزای لەسێدارەدان حکووم دەدرێت. سەد ساڵ دوای ئەوە “ڕانەمەڕی پەشیمان” پەیکەرێکی بۆ دروست دەکەن، کە دەبێتە سەرمەشق و مۆدێلی پەیکەرسازی. سەرەڕای ئەمەش دواتر “هەر جارێک مەڕێکی ڕەش دەردەکەوت، یەکسەر لەسێدارە دەدرا تاکوو مەڕە ئاساییەکان لە دروستکردنی پەیکەردا ڕابهێنرێن” لێرەدا چیرۆکەکە بە وەرچەرخانێکی زۆر خێرا پەردە لەسەر دژیەکییەکی کۆمەڵایەتی هەڵدەماڵێت: جێبەجێکردنی کردارێکی مۆدێرن (دروستکردنی مۆنۆمێنتێک بۆ قوربانییەکان)، هێشتا پێویستی بە قوربانیی زیاترە، خێرایی وەرسووڕانەوەی گێڕانەوەکە بە ئەندازەیەکە خوێنەر تووشی شۆک دەکات، دیارە تایبەتمەندییە سوریالی و سەرسوڕهێنەر و خێراکانی کورتەچیرۆکەکان، باشتر لە ڕیالیزمی پەتی دەتوانن پەردە لەسەر لێکدژییە کۆمەڵایەتییەکان هەڵماڵن.
لە کورتە چیرۆکێکی دیکەدا بە ناوی سەمفۆنیای تەواوکراو مۆنتێرۆسۆ دەیخاتە ڕوو، کە چۆن “نەزانیی بەکۆمەڵ” لە بەرانبەر ئەو دۆزینەوە نوێیانەی گێڕانەوەی هەبوو پێشێل دەکەن، ڕادەوەستێت. مۆسیقارێک لە گواتیمالا، لە کڵێسەیەکی ناوخۆییدا، بەڕێکەوت کۆپییەکی کۆنی دوو مۆڤمێنتی کۆتایی سەمفۆنیاییەکی “تەواونەکراو”ی شوبێرت کە واژۆی خۆی لەسەرە، دەدۆزێتەوە. مۆسیقارەکە بە پەرۆشەوە ڕادەکاتە سەر شەقام تا دۆزینەوەکەی بۆ خەڵک باس بکات، بەڵام ئەوان بە ساختەکار و هەڵخەڵەتێنەر ناوی دەبەن و دەڵێن ئەقڵی لەدەستداوە. کەچی کۆڵنادات و تەواوی ژیانی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی ئەم هەقیقەتە نوێیە تەرخان دەکات. لە کۆتاییدا دارونەداری دەفرۆشێت و ملی ڕێی ڤییەنا دەگرێتەبەر. لەوێ سەرلەنوێ مۆتەکەکەی دەست پێ دەکات: ڤییەناییەکان دەبێژن پێویستیان بەوەنییە مۆسیقارێکی گەڕۆکی گواتیمالایی فێریان بکات چۆن بەرهەمە ونبووەکانیان بدۆزنەوە. ئەوان دەڵێن، شوبێرتناسەکان لێرە و لەوێ شارەکەدا دەژین، ئیتر چۆن ئەقڵ دەیبڕێت دوو مۆڤمێنتی شوبێرت لە گۆشەی کڵێسایەکی دوورەدەستی گواتیمالاوە دەربکەوێت، لە کۆتاییدا خێزانێکی “بە ساڵاچووی جوولەکەی ئیسپانی زمان”، بە سەرسووڕمانەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو ڕاست دەکات و مۆڤمێنتەکان هی شوبێرتن؛ بەڵام تەنانەت ئەو خێزانەش داوای لێ دەکەن ڕێز لە یادەوەریی کۆمەڵ بگرێت و ڕێگە بدات سەمفۆنیاکەی شوبێرت هەر بە “ناتەواو” بمێنێتەوە. ئەوان دەبێژن هەرچەندە ئەم مۆڤمێنتانە ناوازەن، بەڵام هیچ بەهایەک بۆ سەمفۆنیاکەی شوبێرت سەربار ناکەن؛ بەڵکو مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە بەهاشی کەم دەکەنەوە؛ “چونکە خەڵک بەو ئەفسانەیە ڕاهاتوون کە شوبێرت ئەم بەشانەی سڕیوەتەوە”
“هەقیقەت لە زۆر هەلومەرجدا لە ئاست کەتواری جێگرتوودا سەردادەنوێنێت”
دەتوانیت مەزەندە بکەیت، چیرۆکەکە بە شێوەیەکی تاڵ و کارەساتبار کۆتایی دێت. چیرۆکێک کە دەریدەخات هەقیقەت لە زۆر باردا لە بەرانبەر کەتوارە جێگرتووەکاندا سەردادەنوێنێت. بەڵام لەوەش خراپتر ئەوەیە کە لۆژیکی ڕۆژئاوا ڕاستییەکانی جیهانی سێیەم لەبەرچاو ناگرێت. لە کورتە چیرۆکی خۆرگیراندا، هەمان گرفتاری، واتە خۆبەزلزانینی زانستیی ڕۆژئاواییەکان بەرانبەر بە خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکای لاتین، تووشی دەردەسەرییان دەکات. ئەم چیرۆکە لە سەدەی شازدەدا ڕوودەدات. (ئەو کاتەی ئیسپانییەکان تازە گواتیمالایان داگیرکرد بوو و لە چنگی خاوەنە مێژوییەکەی واتا سوورپێستەکانی مایا دەریانهێنا) بارتولومە کە بانگخوازێکی ئایینی ئیسپانی بوو، لە جەنگەڵە چڕ و ژەمەنەکانی گواتیمالادا ون دەبێت. کاتێک بە خەبەردێت، خۆی لەنێو سوورپێستەکاندا دەبینێتەوە کە خەریکن خۆیان بۆ قوربانیکردنی ئامادە دەکەن. ترس بەرۆکی دەگرێت، بەڵام خۆی نادات بەدەستەوە و لەسەر بنەمای مەعریفەی فراوانی ئەرستۆیی، بیری دەکەوێتەوە کە ئەو ڕۆژە خۆرگیران ڕوودەدات. بۆیە بە سوورپێستەکان دەڵێت:- “ئەگەر من بکوژن، خۆردەگرم و ئاسمان تاریک دەکەم”.
پێشگریمانەی پیاوە ئیسپانییەکە وابوو، کە ڕەنگە مایاییە خورافی و نەزانەکان، پێیان وابێت کە ئەو وەها دەسەڵاتێکی هەیە. دوای دوو کاتژمێر لە کردنە قوربانی. هەر لەوێدا یەکێک لە سوورپێستەکان، بە هێمنی، لیستێکی بێکۆتایی ڕێکەوتەکانی خۆرگیران و مانگگیران دەژمێرێت. سەرچاوەکەی ئەو ئەرستۆ نییە، بەڵکو ساڵنامە کۆنەکانی ئەستێرەناسانی مایایە. پیاوە بەدبەختەکە نەیدەزانی کە زانیاریی مایاکان لە ئەستێرەناسیدا لە زانستی ئەوروپییەکان کۆنترە. لە چیرۆکی چۆن مەیموون نەبینی ساڵی ١٩٥٩دا، مۆنتێرۆسۆ دیسانەوە دەپەرژێتەسەر تێڕوانینی خۆبەزلزانانەی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە ئەمریکای لاتین و دەنووسێت، لە ئەمریکا و ئەوروپا بەم دواییانە جۆرێک لە “مەیموونەکانی ئەمریکای لاتین دۆزراونەتەوە، کە دەتوانن مەبەست و بیرۆکەکانیان بە نووسین دەرببڕن”، وەک ئەو مەیموونە ماندووێتینەناسەی کە بە لێدانی هەڕەمەکی لە کلیلەکانی ئامێری تایپکردن، لە کۆتاییدا دووبارە سۆنێتەکانی شکسپیری بەرهەم دەهێنایەوە، تەنانەت لە ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپاشدا ئەو کتێبانەی کە ئەم “مەیموونانە: دەینووسن، کڕیاریان هەیە، ڕەنگە مۆنتێرۆسۆ لێرەدا ئاماژە بەو نووسەرە تازە دەرکەوتووانەی ئەمریکای لاتین بکات، کە لە هەمان ئەو ساڵانەدا، واتا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، ڕیالیزمی ئەفسوناوییان بە جیهان ناساندبوو. ئەوانیش وەک پێشینانی خۆیان واتا مایاکان لە چیرۆکی خۆرگیراندا، تێڕوانینە خۆلەبەردانانە ئەوروپییەکانیان سەبارەت بە خەڵکی ئەمریکای لاتین خستبووە بێنەوبەردەوە.
وشەی “گواتیمالا” بە واتای شوێنکی پڕ دار و درەختە. زۆربەی پاڵەوانانی کورتەچیرۆکەکانی مۆنتێرۆسۆ وەک براد بارتۆمی خۆرگیران و بازرگانە ئەمریکییەکە لە بەڕێز تایلۆردیشدا، سەرەتا لەنێو جەنگەڵدا چاوەکانیان دەکەنەوە. جەنگەڵ هێمای کۆمەڵگەی ژێردەستە و سەرەتایی و دوور لە مۆدێرنیتەیە. لە چیرۆکەکانی مۆنتێرۆسۆدا، هەندێک جار ئاژەڵەکان لەجێی خەڵکی ئەمریکای لاتین دادەنرێن- کە داگیرکەرە ئەوروپییەکان یان بازرگانە ئەمریکییەکان لە دیدگای شارستانیەتی باڵادەستەوە سەیریان دەکەن، کە مۆدێرنیزم و دیموکراسییان بەدیاری بۆ هێناون، بەچاوێکی کەم و وەک نامرۆڤ لەم مرۆڤانە دەڕوانن. گواتیمالا لە دەیەکانی دواییدا، بەهۆی ڕاپەڕین و سەرهەڵدانە دیموکراسیخوازەکان، کەوتن و هەڵسانەوەکانەوە بە ئاڕاستەی دیموکراسی بەرەو پێش ڕۆیشتووە. هەرچۆنێک بێت و لەسەر بنەمای پێوەرەکانی گۆڕانکاریی بی تی ئای لە ساڵی ٢٠٢٤دا، گواتیمالا لەڕووی حوکمڕانییەوە لە نێوان ١٣٧ وڵاتی هەڵسەنگێندراودا، لە پلەی ١١١دایە و لە ڕووی دیموکراسیشەوە لە پلەی ٩١دایە. بەتایبەتی پشتیوانی ناتەواو لە کۆمەڵگە ڕەسەنەکان، یەکێک لە ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی حوکمڕانییە لە وڵاتەکەدا و ڕەوتی هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسا بە مەبەستی داننان بە مافەکانی ڕەسەنەکاندا، بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکان سەبارەت بە یەکێتیی نیشتمانی، ڕێگرییان لێکراوە. ئەم پرسە دیارخەری ئەو نایەکسانییە قووڵانەیە کە ڕێگری لە گەشەسەندنی هاوسەنگی گواتیمالا دەکەن و گرژییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هێڵە نەتەوەییەکان تووندتر دەکەن. لە ڕاستیدا، دیموکراسی و مۆدێرنیتە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی خەڵکی ڕەسەن – لەم بارەیەوە مایاکان کە نزیکەی ٤٠%ی دانیشتوانی گواتیمالا پێکدەهێنن – بە هیچ کوێیەکمان ناگەیەنێت و تەنیا لە ئاستی دیموکراسیەکی لەرزۆک و ناجێگیردا دەمێنێتەوە.
لەم نێوانەدا، چیرۆکەکانی مۆنتێرۆسۆ تولەڕێگەلێک بەرەو ڕابردووی کولتوووری و ئەزموونە مێژویییە هەمەجۆرەکانی ئەو وڵاتە دەکاتەوە. ئەوەی کە ڕابردووی کولتووری و دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە دەتوانێت داهاتوویەکیشی هەبێت، خاڵێکی گرنگە لە پاڵ پێشمەرج و فاکتەرەکانی دیکەدا، دەتوانێت ئەو وڵاتە بەرەو سەقامگیریی دیموکراسییەکی درێژمەودا و بەمۆدێرنبوونێکی ڕاستەقینە و ناوخۆیی ببات. گواتیمالاییەکان وەک وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین خوازیارن، ڕۆژێک لە خەو هەستن و چیتر دایناسۆرەکە لەوێ نەبێت.
نووسین: فریشتە قادری
وەرگێڕانی: مەهاباد حەسەن



































































