ژیاننامەی بەناوبانگترین خانمە هونەرمەندی مەکسیکی، “فریدا کاهلۆ” لە فیلمی فریدا”Frida” ساڵی “2002” لەلایەن دەرهێنەری ئەمریکی “جولی تایمۆر” کە سەرچاوەی گرتووە لە کتێبی فریدا؛ لەبارەی ژیانی “فریدا کاهلۆ” لە نووسینی هایدن هێرێرا. ئێمە ڕووبەڕووی یەکێک لە گرنگترین قۆناغە مێژووییەکانی مەکسیک دەبینەوە وەک پاشخانێک بۆ ژیانی یەکێک لە گرنگترین هونەرمەندەکانی بزوتنەوەی سوریالیستی لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا. هەرچەندە سینەمای مەکسیکی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و بەدیاریکراوی ساڵی “1983” فیلمێکی لەسەر ژیانی ئەم خانمە هونەرمەندە لەژێر ناوی فریدا ”Frida” بەرهەم هێنا کە دەرهێنەری مەکسیکی پۆڵ لیدوک کاری دەرهێنانی بۆ کرد، لێ بە فیلمەکەی “جولی تایمۆر” و دەقەکەی هایدن هێرێرا، ئێمە لەبەردەم ژیانێکدا وەستاوین کە شایەنی گێڕانەوەیە. ئەم ژیاننامەیە درێژ بووەتەوە بە چەندین شێوەی ململانێ لەگەڵ خود و ئەویتر، هەروەها لەگەڵ ئازار “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پاڵەوانە ڕاستەقینەکان بە خۆڕاگریی لە بەرابەر ئازاردا لەوانی تر جیادەکرێنەوە” ئەمە ئەوەیە کە دەرهێنەر هەوڵی داوە لە وێستگەکانی ژیانی “فریدا کاهلۆ” بوەستێت، بەڵام ئایا لەم هەوڵەی سەرکەوتوو بوو؟
هاوشێوەی فیلمە ژیاننامەییەکەی کلینت ئیستوود، جەی ئێدگار و فیلمە ژیاننامەییەکەی فیلیدا لۆید، ژنە پۆڵایینیەکە، فریداش کارەکتەری سەرەکییە واتە تەوەری فیلمەکە لە چوارچێوەی ژیانی فریدادا دەسوڕێتەوە، هاوکات پشتگوێخستنی ئاشکرای هەلومەرجی مێژوویی و کاریگەرییەکانی لەسەر داڕشتنی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتنی کارەکتەرەکانی تر بەڕوونی لەم فیلمەدا دەبینین. سەرەڕای نیشاندانی باشی یەکێک لە گرنگترین هونەرمەندەکانی سەدەی بیستەم، تا ئەو ڕادەیەی کە بابای هونەرمەندی کردە ئەفسانە، دەرهێنەر لە سەرقاڵی خۆی بە داڕشتنی جوانییەکانی ئەم ئەفسانەیە، چاوپوشی لە زۆر وردەکاری ژیانی کاهلۆ و ئەو ڕووداوانە کرد کە هاوڕێی چیرۆکی ژیانە تراژیدیاکەی بوون. بینەری پیتۆڵ لە خستنەژێر پرسیاری بەرهەم هێنانی فیلمێک لە هۆڵیوود لەمەڕ چیرۆکی ژیانی “فریدا کاهلۆ” بە دیوە بازرگانییەکەی، خۆی نابوێرێت و پرسیاری ڕژد دەکات، واتە بەرهەم هێنانی فیلمێک لەمەڕ ئەم خانمە هونەرمەندە ناودارە مەرجدارە و بەبێ ئەم مەرجانە ئەرکی بەرهەم هێنانەوەی ژیانی سینەماییانەی هونەرمەندێکی وەک “فریدا کاهلۆ” پێویستی بە ڕۆیشتن لە کێڵگەی میندا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە بەرچاوەکانی ئەو ڕووداوە مێژووییانەی کە پێ بەپێ لەگەڵ چیرۆکی ژیانی ناوبراودا ڕێ دەکەن. کاهلۆ بەهۆی نزیکی لە یەکێک لە ناودارترین وێنەکێشی دیواری جیهان هونەرمەندی مەکسیکی دیێگۆ ڕیڤێراوە، ناسرا کە هاوسەر و هاوژین بوون، هاوڕێ لەگەڵ سەرنجی ڕەخنەگرانی هونەر بۆ کارەکانی، ئەمە یەکەم دەستپێک بوو بۆ ئاشنابوون بە ژیاننامەی کاهلۆ، چونکە تابلۆ واقیعییەکانی لێوانلێون لە بەڵگەنامەکردن، واتە دۆکیۆمێنت کردنی ئازاری ژیانی خۆی کە چل ساڵی ڕەبەق پێوەی تلایەوە. گرنگیدان بە دەستکەوتە هونەرییەکەی هۆکارێک بوو کە وایکرد هەندێک کەس لەبارەی ژیاننامەی وی بزانن، هەڵبەتە بارودۆخی “فریدا کاهلۆ”ش وەک دۆخی هەریەکە لە ڤان کوخ و ئەمێدیۆ مۆدیگلیانی و هونەرمەندانی دیکەیە کە داهێنانەکانیان لە ماوەی ژیانیاندا لێوڕێژ بوون لە ئازار واتە کاتێک تەماشای کارە هونەرییەکانیان دەکەیت هەست بە بوونی ئازارێکی زۆر دەکەیت، لێ مخابن دوای مردنیان گرنگی بە ژیان و بەرهەمەکانیان درا .
بوونی سەلما هایک و نواندنە ناوازەکەی لە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی “فریدا کاهلۆ” کە ئەگەر تا کۆتایی ژیانی تەنها بەم بەرهەمەی ڕازی بوایە، بەس بوو بۆ بەدەستهێنانی شکۆمەندی لە نواندندا. من دەڵێم نواندنەوەی هایک بۆ کەسایەتی کاهلۆ وایکرد کە ئەرکی دەرهێنەر بە گرنگیدان بە خودی کەسایەتی هونەرمەندەکە ئاسان بکات و کارەکتەرەکان و ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو قوناغەی پشتگوێ خست، لەبەرئەوە کارەکتەرەکانی تر سەرەڕای گرنگی ڕۆڵ و پێگەیان لە فیلمەکەدا لە خولگەی کارەکتەرە سەرەکییەکەدا مەلەیان کرد و گرنگی مێژوویی خۆیان لەدەستدا. گومانی تێدا نییە ئەمە پەیوەندی بە چۆنییەتی بازاڕدۆزیی”مارکێتینگ”ی هۆڵیوودەوە هەیە واتە پابەندبوون بە مەرجەکانی بۆکس ئۆفیسی هۆڵیوود، تەنانەت تیشک خستنەسەر بەهرەی هونەری “فریدا کاهلۆ” و ئەو ئازار و ناسۆرییانەی کە چەشتوونی، هەروەها بەتاڵکردنەوەی زۆر تایبەتمەندی دیکە کە هۆکار بوون بۆ داڕشتنی شکۆمەندی و ناوبانگی وی و لێرەدا مەبەستم ئایدیۆلۆژیا و بەشداری چالاکانەیە لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە فیلمەکەدا نایبینین و هۆڵیوود هەموو ئەم زیمانەی لە فیلمەکەدا بە ئەنقەست وەلاناوە. لە ڕاستیدا فیلمەکە باس لە هاتنە ناوەوەی سەرکردەی مێژوویی ڕووسی، تروتسکی دەکات کە لەلایەن ستالینەوە ڕاوەدوو دەنرێت وەک کەسایەتییەک کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کاهلۆ هەیە ئەمەش بۆ وروژاندنی هەستی ئیرەیی ڕیڤێرای مێردی، ئەو مێردەی کە بە فرە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ناسرابوو، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندی هەریەکە لە تروتسکی و فریدا و ڕیڤێرا زۆر لەوە گەورەترە کە لەم ڕەهەندە ڕووکەشەدا پێناسە بکرێت، نیشاندانی تروتسکی وەک ئەوەی کە ئامانجی ستالینە و لەلایەن پیاوەکانی ستالینەوە ڕاوەدوو دەنرێت، ئەمە بەهانەیەکە بۆ داڕشتنی دیدێکی سیاسی دیاریکراو، دیدە سیاسییەکەش ئەوەیە کە تروتسکی هیچ نییە جگە لە بیانوویەک بۆ تیشک خستنەسەر دڕندەیی ستالین.
ڕەهەندێکی دیکەی گرنگ کە دروستکەرانی فیلمەکە پشتگوێیان خست و بەردی بناغەی ژیانی “فریدا کاهلۆ” پێکدەهێنێت، پەیوەندی کاهلۆیە بە بزوتنەوەی سوریالیزم، بزوتنەوەیەک کە لەو قۆناغەدا کە فیلمەکە دەیگێڕێتەوە لە لوتکەی گەشەکردنیدا بوو. پێشەنگی ئەم بزوتنەوەیە ئاندرێ بیرتۆن، سەرسام بوو بە کارەکانی کاهلۆ و لە سەردانێکی چەند مانگیدا بۆ مەکسیک، ئاندرێ بریتۆن لە نزیکەوە ئاگاداری بەرەوپێشچوونەکانی ناوبراو بوو. بۆیە ژیاننامەی کاهلۆ وەک ئەوەی لە فیلمەکەدا خراوەتەڕوو، ناتەواو بوو بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەروەها فیلمەکە دەچنە ژێر خانەی خوێندنەوەیەکی پەردەپۆشکارانەی ژیاننامەی کەسایەتییەکان یانژی خوێندنەوەیەکی هەڵبژێردراو، ئەگەر گوزارشتەکە ڕاست بێت. بەپێچەوانەی نیگارکێشی مەکسیکی “فریدا کاهلۆ”، کە تەنها لە یەک کتێبدا بە گشتی و هەمەلایەنانە باس لە ژیانی وی کراوە، ژیانی یەکێک لە ناودارترین هونەرمەندی سەدەی بیست-وەک ناوی لێنرا پێشەوای دیزاین- و خاوەنی گرانترین براندی جلوبەرگ، “کۆکۆ شانیل”، کە بەختیاوەری بوو لەوەی چەندین چیرۆکی ژیانی بکرێتە بەڵگەنامە و چەندین کتێب لەمەڕ ژیانی بنووسرێت هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی چەندین ڕۆمانی لەبارەوە نووسراوە، هاوکات یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەرەکان، ئەوەشمان بیرنەچێت کە چەندین ڕۆمانە فیلم و بەڵگە فیلم لەسەر ژیانی “کۆکۆ شانیل” بەرهەم هێنراوە، بەڵگەنامەکان باس لە چەند لایەنێکی ژیانی چەند براندێکی گرانبەهای پیشەسازی جلوبەرگ دەکەن کە شۆڕشێکی گەورەی لە پیشەسازی فاشن دروست کرد ئەویش بە شکاندنی یاسا تەقلیدییەکانی دیزاین و پەسەندکردنی سادەیی و گەڕانەوە بۆ بنچینەکان.
لە ماوەی یەک ساڵدا سینەماکانی ئەوروپا و ئەمریکا شایەتحاڵی نمایشکردنی دوو فیلمی تایبەت بە شانیل بوون. یەکەمیان فیلمی کۆکۆ پێش شانیل”Coco Before Chanel” ساڵی “2009” لە دەرهێنانی خانمە دەرهێنەری فەرەنسی ئان فۆنتاین، دووەمیشیان فیلمی “کۆکۆ شانیل” و ئیگۆر ستراڤنسکی”Coco Chanel & Igor Stravinsky” ساڵی “2009” لە دەرهێنانی دەرهێنەری هۆڵەندی جان کۆنین، لێ یەکەمین فیلم کە لەسەر چیرۆکی ژیانی “کۆکۆ شانیل” دروستکرا فیلمی شانیل سولیتێر”Chanel Solitaire” بوو ساڵی “1981” لە دەرهێنانی دەرهێنەری هەنگاری جۆرج کازندەر. چیرۆکی ژیانی شانیل ڕەهەندێکی دراماتیکی گەورەی هەیە کە بووەتە ژامێکی ناوازەی چیرۆکنووسان کە نزیکە لە چیرۆکە تەقلیدییەکان، ئەمەش وایکردووە نووسەری فیلمی “کۆکۆ شانیل” و ئیگۆر ستراڤنسکی بڵێت “چیرۆکی ژیانی ئەم ژنە، هەموو توخمەکانی سەندرێلایەکی هاوچەرخی تێدایە”. وەک چۆن کتێب و ڕۆمانەکانی ژیاننامەی شانیل، هەروەها ئەو فیلمانە لە دەوری تەوەری ژیانی ئەم خانمە دەسوڕێنەوە، بانگەشەی ئەوە ناکەن کە بە تەواوی چیرۆکی ژیانی ئەم خانمەیان گێڕابێتەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە گەورەکانی ژیانی کە کچێکە لە خانەی بێباوکان کە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێت بۆ یەکێک لە ناودارترین ژنە ڕاقییەکانی کۆمەڵگاکەی، کە بە زرنگی و ئیرادەی پۆڵایینی نەک هەر توانی شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت، بەڵکو ناوەکەی بنووسێت بە یەکێک لە بەناوبانگترین شۆڕشی جیهانی دیزاین و فاشنەوە. کچێک لە تەمەنێکی بچووکدا دایکی لەدەست دەدات، باوکێکی دڵڕەق ئەم کچە و خوشک و براکانی تری جێدەهێڵێت، ئەم کچە بچووکە چەندین ساڵ لە خانەی هەتیوان دەمێنێتەوە و لەوێ لەگەڵ ڕاهیبەکان فێرە دوورمان دەبێت، شکست دەهێنێت لە بوون بە گۆرانیبێژ، لێ چارەنووس دەیخاتە سەر لێواری سەرکەوتن و تەنانەت سەرکەوتنێکی زۆر گەورەش، ئەم ڕەهەندە پیشەییە بەشێکی زۆری ژیانی پێکدەهێنێت و گێڕانەوەی لە ژیانی ئەم خانمە هەر لە چوارچێوەی ئەم تەوەرەیەدا دەسوڕێتەوە.
لە فیلمی کۆکۆ پێش شانیلدا وەک لە ناونیشانەکەیدا دەردەکەوێت، فیلمەکە مژۆڵی شوێنپێهەڵگرنی چیرۆکی ژیانی “کۆکۆ شانیل”ە پێش ئەوەی بەناوبانگ بێت. کارە سەختەکەی لەدایکبوونی ئەستێرەیەکی دیراین و فاشن، بە هەموو پێوەرێک ئێمە وەک بینەرێک دەخاتە نێو چارەکی کۆتایی فیلمەکەوە، ئەمەش بە دیمەنە خێرا و یەک لەدوای یەکەکانی شانیل وەک یەکێک لە بەناوبانگترین ژن لە جیهانی فاشندا. فیلمی “کۆکۆ شانیل” و ئێگۆر ستراڤنسکی باس لە پەیوەندییە گوماناوییەکەی نێوان “کۆکۆ شانیل” و میوزیسیانی بەناوبانگی ڕووسی ئیگۆر ستراڤنسکی دەکات، پەیوەندییەک کە هەندێک لە مێژوونووسان گومان لە هەبوونی دەکەن. هەردوو فیلمەکەی سەرەوە تیشک دەخەنەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانی “کۆکۆ شانیل” و ڕۆڵی لە داڕشتنی کەسایەتییە ناوازەکەی. لە فیلمی کۆکۆ پێش شانیل، بەخت پیاوێکی دەوڵەمەندی ئینگلیزی دەخاتە سەر ڕێگای شانیل کە لە ڕێگایەوە شانیل دەچێتە نێو چینی بۆرژوازی کۆمەڵگاوە، فیلمی دووەمیش تیشکی خستووەتەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ مۆسیقاژەنە ناودارەکە. تەنانەت لەگەڵ بوونی سێ فیلم لەبارەی چیرۆکی ژیانی شانیل، لێ ڕەهەندە گرنگەکانی ژیانی وی هەر بە شاراوەیی ماوەتەوە. هۆکاری ئەوەی کە دەرهێنەری فیلمی کۆکۆ پێش شانیل، ئان فۆنتاین لە باسی ژیانی شانیل گەڕاوەتەوە یان با بڵێین تیشکی خستووەتەسەر قۆناغی سەرەتای ناوبانگی وی، دوورکەوتنەوە بوو لە باسکردنی هەر بابەتێکی هەستیار لە ژیانی شانیلدا کە قەشەنگی و سەرنجڕاکێشی وی لەکەدار بکەن وەک پەیوەندییەکەی بە نازییەکانەوە کە بووە هۆی ئەوەی فەرەنسای زێدی خۆی جێبهێڵێت و دواتر دادگایی بکرێت. هەروەها دەستوەردانی کەسایەتییەکی سیاسی دیاری وەک وینستن چەرچڵ لە لێبووردنەکەیدا.
لایەنێکی تری گرنگ هاتنە نێو جیهانی سینەمایە کە پشت ئەستوورە بە ئۆفەرێکی ساموێل گۆڵدوین، خاوەنی یەکێک کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئێم جی ئێم”MGM” بە ملیۆنان دۆلار. پێشتر بە شەمەندەفەرە سپییەکەی خۆی لە نیویۆڕکەوە بۆ کالیفۆڕنیا دەڕۆیشت… و چۆن ئەم جیهانە سینەماییە ئەفسوناوییەی جێهێشت تەنها لەبەرئەوەی ڕەتیکردەوە ببێتە پاشکۆی ئەستێرەکانی سینەما. چیرۆکی شانیل هاوشێوەی فریدا، وەک ئەوەی ئان فۆنتاینی دەرهێنەر خانمە ئەکتەر ئۆدری تاوتۆی هەڵبژارد بۆ ڕۆڵی شانیل کە زۆر لە تایبەتمەندییەکانی وی تێدابوو هەروەها ئەو بەهرە ناوازەیەی لە نواندندا کە کردییە ئەسێترەی سینەمای فەرەنسی بەتایبەتی دوای نواندنە قەشەنگەکە لە فیلمی ئێمیلی”Amélie” ساڵی “2001” کە جارێکی تر ناوی سینەمای فەرەنسی هێنایەوە نێو ناوان. ژیاننامەی “کۆکۆ شانیل” پێویستی بە سیناریۆیەکی باش هەیە کە باس لە گرنگترین ساتەکانی ژیانی وی بکات، بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئەو ژیانە چڕوپڕەی کە ژیاوە و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی هێناوە بگونجێت، ئەمەش وایکرد گرنگترین ئەستێرەکانی سینەما لەوانە “ئۆدری تاوتۆی، نیکۆڵ کیدمان، دینۆن” ڕێکابەری بکەن لە ڕیکلام بۆ بۆنی شانیل کە یەکێک لە ناودارترین براندی بۆنی فەرەنسی .
نووسینی: عەلاء ئەلمەفرەجی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد
ئەم وەگێڕانە؛ پێشکەشە بە ئارام سدیق