“پێشەکی”
لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و توانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی چەند دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەناوچەکەدا، کورد سەرەڕای پەرتەوازەیی داگیرکردنی و دابەشبوونی بەسەر وڵاتاندا، بەڵام دەروازەیەکی گرنگی بەسەرداکرایەوە لەڕێی چاپخانە و ڕۆژنامەگەریی بزووتنهوهی وەرگێڕان و گەشتكردن بەرەو دونیای دەرەوە و بە تایبەتیش خۆرئاوا، هۆکارێک بوون بۆ کرانەوە و تێگەیشتن لەسەردەمی نوێ و پێویستییەکانی. وەک یەکەم هەنگاویش لە بواری نووسین و ئەدەبدا نوێکردنەوە لە فۆرم و تەکنیکدا لە بواری شیعردا هاتە ئەنجامدان. شاعیران و نووسەرانی ئێمە دەمێک بوو لە بازنەيەکی دیاریکراودا دەخولانەوە.
ئەو کات تەنها شیعر بڵاوبوو و لە مەیدانەکەدا بوو، بۆیە شیعر لە سەرەتای کلاسیکەوە چۆن هاتبوو هەر ئاوا دووبارە دەکرایەوە لەسەر کێشی شیعری عەرەبی. ئەمەش نەنگى نەبوو چونكه تەواوى شيعر و ئەدەبياتى كلاسيكى فارسى و توركى و كوردى هەر لەسەر كێشى شيعرى عەرەبى بوون. کاریگەریی شیعر وئەدەبیاتی نوێی تورکی لەسەر شاعیران و ئەدیبانی ئەو سەردەمەى كورد ڕەنگیدابووەوە، خوێندەوارانی ئەوکات زمانى تورکییان بە باشی دەزانی میراتی كولتووریی دەوڵەتی عوسمانیش ئەوەندە زۆر بوو کە توانای تێگەیشتن و فەرهەنگی مرۆڤ بباتە ئاستێکی بەرزتر. هاوکات قوتابخانە ئەدەبییەکانی عەرەبيش كاريان لەسەر نوێکردنەوەی شيعر و ئەدەبيات دەكرد، ئەمانەکە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدی بیستدا دامەزران و کاریان لەسەر نوێکردنەوەی شیعر و ئەدەبیات دەکرد، بە شێک لە شاعیرانی ئێمەش کەوتنە ژێر کاریگەری بیری نوێکردنەوەو و وەک سەرەتایەک بۆ دەستبەرداربوونی کلاسیک هاتنە مەیدان.
“سەرەتای نوێکردنەوە”
دەستنیشانکردنی سەرهەڵدان و کۆتایی هەر قوتابخانەیەکی ئەدەبی ئاسان نییە، چونکە دروستبوون و گەشەکردنی چەندین قۆناغی پێویست بووە و دەیان نووسەر کاریان تیاکردووە، بۆ کۆتایی و لەناوچوونیش هەروەها. ئەگەر چاوێک بە ئەدەبیاتى كوردیدا بخشێنین دەبینین دوای کۆتایی هاتنی کلاسیک و پاش جەنگی یەکەمی جیهانی بزاڤێکی نوێخوازیی لە شیعردا سەریهەڵدا “ئەوەبوو مۆرکی یاخیبوون لە شێوازی تەقلیدی شیعر و گواستنەوە بۆ فۆڕم و ناوەڕۆکی نوێ، بەسەر بەرهەمی شاعیراندا دەرکەوت، کۆمەڵە شاعیرێک کە لە ئەزموونی نوێی شیعردا یەکیان دەگرتەوە، ئامادەی پیادەکردنی ئەو بزاڤە نوێخوازەبوون” ١ “مەبەستمان لە نوێکردنەوەی شیعر و نووسینی کوردی ئەو ماوەیەیە کە لە ۱۹۲۰ ەوە دەست پێدەکات بە دەرچوونی ڕۆژنامەی “پێشکەوتن” کە شێخ نوری شێخ ساڵەح سەرپەرشتی دەکرد، لەم ڕووەوە گۆران دەڵێت:- ڕەنگە ڕەفیق حلمی پێش نوری شێخ ساڵەح کەوتبێت، بە کوردی و تورکی شیعری بڵاوکردووەتەوە، تەنانەت شاعیرێکی تر “عەبدولرەحمان بەگی نفوس” لەسەرەتای ژیانی شاعیرێتی دا زۆر گەرموگوڕ دەستی دایە تازەکردنەوەی هەڵبەست، لە شێخ نوریش کۆنترە،بەڵام ئەو شیعرەکانی بڵاونەئەکردەوە، ئەگەرچی عەبدولڕەحمان بەگ لە دواییدا پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەبینی لە هەڵبەستدا. م.گۆران زۆر بە وردی ئەو قۆناغانە و شاعیرەکان دەستنیشان دەکات، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دواتر هەریەک لە ڕەفیق حيلمی و ڕەشید نەجیب دەستبەرداری بووکی شیعر بوون، لە بواری دیکەدا نوسیویانە وەک ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان، کە ئەمەش کارێکی گەورەبوو و بووە بناغەی رەخنەی نوێی و کاری وەرگێڕان)2
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی شاعیرانی نوێخوازی کوردی کە پشتیان لە کلاسیک کرد بەرەو ڕۆمانتیک و نوێگەريی کرد هەریەکە لە “شێخ نوری شێخ ساڵەح ـ گۆران ـ ڕەشید نەجیب ــ ئەورەحمان بەگی نفوس و ڕەفیق حيلمی بوون، ئەمانە بۆ ڕزگارکردنی ئەو چەقبەستوویەی کە ئەدەبیاتی کوردی تێی کەوتبوو کە بە بیروباوەڕێکی نوێوە هاتنە مەیدان و خامەکانیان بە بیر و هزری نوێ پاراو ببوو. ئاخر “ماوەیەکی دورودرێژ بوو کە ئەدەبی کلاسیک وەک گۆمێکی مەنگ وەستابوو، وایلێهاتبوو هیچ جۆرە تازەگەریی و داهێنانێکی تیابەدی نەدەکرا”3 کلاسیک پڕبوو لە کۆت و بەند، شاعیر نهیدەتوانی برەو بە توانای نوێی بدات، بۆیە هەموو بابەتەکان لەسەر ڕەوتێکی خۆ دووبارە کردنەوە بوون، لە چوارچێوەیەکی نەخشە بۆ کێشراوی کلاسیكدا بابەتەکان دووبارە دەکرایەوه. بەڵام ئەدیبانی نوێخوازی کورد، هەوڵی ئەوەیاندا لەسەر ڕێبازێکی نوێی شیعری توانا و دەنگی شیعریی خۆیان تاقی بکەنەوە، ئەمانە خوێندەواری سەردەمی خۆیان بوون درکیان بەو دیارە کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسی و ئابووریانە کردبوو، کە کوردستان و ناوچەکەی گرتبووەوە، هەروەها شارەزاییەکی باشیان لە ئەدەبیاتی نوێی عەرەبی و تورکی و ئەوروپی دا هەبوو، ژینگەیەکی لەباریش هەبوو تا لەدەرگایەکی نوێی ئەدەبییەوە بێنەوە ناو کۆمەڵی کوردەوارییەوە.
“جیاوازییەکی فراوان کەوتبووە نێوان بیروباوەڕی پەیڕەوکەرانی ئەدەبی کلاسیک و ئەم دەستە نوێخوازە، هەر ئەمەش وایکرد کە ئەم ئەدەبە نوێیە ڕۆژ بە ڕۆژ جێگای بە ئەدەبی کلاسیک لەق دەکرد و ڕێگای خۆی خۆشدەکرد، توانی بە تەواویی جێگا بۆ خۆی داگیربکات لە بیروهۆشی ڕۆشنبیریی ئەو سەردەمە نوێیەدا ئەم ڕێبازە نوێخوازەش بە ڕێبازی ڕۆمانتیک ناسرا”4 ململانێ بۆ مانەوە و پارێزگاریی لە خۆ کارێکی سرووشتییه هەر گروپ و دەسته و ڕێبازێک لەبەرامبەر ئەوانی دیکەدا ئەنجامی دەدات لەنێوان کلاسیک و ڕۆمانتیکیشدا ئەمە سرووشتی و ئاسایی بوو، هەرچەند بە سرووشتیش شتی تازە لای کەم کەس قبوڵکراودەبێت و تا ئەو کاتەی ئیدی بەتەوای جێی خۆی دەکاتەوە و وجودی ئەوانی تر دەخاتە بەردەم پرسیارەوە. “ڕێبازی ڕۆمانتیک وەک تەوژمێکی ئەدەبی بە تین سنگی دەنا بەرەو پێشەوە و دەیویست ئەدەبی کلاسیکی بە یەکجاری بڕوخێنێت، کە تا ئەو کاتە وەک گۆمێکی مەنگ وەستابوو، بەهۆی كێش و سەروا و وشەکارییەوە ئەوەندەی تر ئاڵۆزی کردبوو، سەرهەڵدانی ئەدەبی ڕۆمانتیک لەرووى ئەدەبييەوە گۆڕانی میللەتی کورده لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە ، بووه دیاردەیەکی مێژوويی و خۆی چەسپاند بەسەر ئەدەبی کوردی دا”5
“هۆیەکانی تازەگەری و ڕۆمانتیک”
لەلای کورد ساڵانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی بە سەرەتای دەرکەوتنی ئەدەبیاتی ڕۆمانتیک دادەنرێت، چەند هۆیەکی سەرەکی هەبوو بۆ دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ئەو ڕێبازە ئەدەبییە، ئەوانیش:-
۱ـ گۆڕانی دۆخی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردەواریی، هۆیەک بوو بۆ نووسینی شیعر بە شێوازێکی سەردەمییانە.
۲ـ گەیشتنی چاپخانە بە کوردستان و چاپکردنی کتێب و گۆڤار ڕۆژنامە، ئەمەش هۆیەکی گرنگ بوو بۆ پەرەسەندنی بزاوتنی ڕوناکبیریی.
۳ـ فێربوونی زمانانی بێگانە، هەرچەند لەم قۆناغە و لە پێشتریشدا خوێندەوارانی کورد لەپاڵ زمانی عەرەبی دا فارسی و تورکیان زانیووە،بەڵام لەم قۆناغەوە هەندێک لە خوێندەواران دەستیان گەیشت بە فێربوونی زمانی ئینگلیزیش.
٤ـ وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی و كولتووریی جۆراوجۆر بۆ سەر زمانی کوردی.
٥ـ نزیکبوونەوەی بابەتەکانی ئەدەبیاتی ناوچەکە لە یەکتر، وەکو ئەدەبیاتی عەرەبی و تورکی و فارسی، کوردیش هاوشانی ئەوان ئەسپی خۆی تاودەدا لە مەیدانی ئەدەبدا.
ئەم بزووتنهوه نوێخوازییەش کە سەریانهەڵدا و لە بیستەکانی سەدەی بیستدا کاریان بۆ نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردی دەکرد”یەکسەر و وکتوپڕ نەبووە هۆی گۆڕینی ئەدەبی کلاسیکی، بەڵکو بە چەند ناوەندێکدا تێپەڕی و چەند هەنگاوێکی نا ئینجا بە تەواوی ئەو نوێخوازییەی لە ئەدەبدا بەرجەستەکرد”6 هەنگاوی یەکەمی ئەو نوێخوازییەش پاککردنەوەی ئەدەبی کوردی بوو لە خەوش و وشەی بێگانە، کە تا ئەو کات بەکارهێنانی وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی لە ناو شیعر و ئەدەبیاتدا کارێکی سرووشتی بوو، ڕۆمانتیکەکانی کورد پەنایان بۆ وشەی ڕەسەن و پەتیی کوردی برد، وشەی کوردییان هێنایە ناو ئەدەبیاتەوە و بەکاربردنی وشەی بێگانەیان وەک خەوشێک دەبینی، لە پاڵ ئەو ناوانەی کە ناومانبردن بۆ نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردی نابێت ڕۆڵی گەورەی پیرەمێر لە بیربکرێت “پیرەمێرد بۆ پاککردنەوەی زمانی شیعر پەنای بۆ فۆلکلۆر و وشە کوردییەکان دەبرد، لە جیاتی وشەی بێگانە بەکاریدەهێنا، دیارە ئەوەش دیاردەیەکی دەگمەن بوو لە شیعری کوردی دا”7
کورد نەتەوەیەکى دەوڵەمەندە بە کەلەپور و فۆلکلۆر، لەکۆنەوە فۆلکلۆر هەبووە، بەڵام لەناو کلاسیکدا جێی نابووەوە و لە دیدی کلاسیکەوە فۆلکلۆر ئەدەبیات نەبوو، بەڵام هاتنی ڕۆمانتیک و تازەگەریی شیعریی توانرا سوود لەو پاشخانە دەوڵەمەندە وەربگیرێت، بەتایبەتی بەشی فۆلکلۆر “لە فۆلکلۆردا سامانێکی گەورە لە وشە و زاراوە و دەربڕین بەرچاودەکەوێت کە تا ئەو سەردەمە بەکارنەهێنرابوون”8 شاعیرانی تازەگەر یەکێک لەو گۆڕانکارییە گرنگانەی کردیان ئەوەبوو وشەیان بە مانای خۆی بەکاردەهێنا،واتای ڕون و بێ پێچ و پەنای دەدا، بە پێچەوانەی شاعیرانی کلاسیکەوە کە وشەیەکیان بۆ چەندین مانا و مەبەست بەکاردەهێنا و خوێنەر زۆرجار لە مانای دێر و وشەکان نەدەگەیشت و پێویستی بە شیکردنەوە هەبوو لەلایەن کەسی زاناوە، وەلێ جارهەبووە زاناکەش پەی بە مانای وشەکە نەبردووە و مەگەر هەر شاعیرەکە خۆی لە مەبەستەکەی گەیشتبێت.
ئەم بزاڤە نوێخوازەی کورد هاوشێوەی بزاڤی تازەگەریی جیهانی یەکێتی بابەتیان لا گرنگ بوو نەک یەکێتی دێڕەکان. واتا تەواوی بیروبۆچوونی شیعرەکە لەسەر یەک بابەت گەڵاڵە دەکران و کۆی دێڕەکان لە خزمەت ئەو بیرەدابوون، بەڵام هەرچی کلاسیک و یەکێتی دێڕەکان ، ئەوا دێڕە شیعرەکان هەریەکە و مانای سەربەخۆی خۆی هەیە و تەنها دوو نيوه دێڕى شیعر بۆخۆی مانا و مەبەستی تایبەتی هەیە. بۆیە شیعری نوێ شیعرێکی ناسک وسازە لەگەڵ دەروندا، بەڵام شیعری کلاسیک زۆرتر کار لەسەر فیکر و ئەقڵانیەت دەکات. هەنگاو و کودەتایەکی تری ڕۆمانتیک ئەوەبوو چوار چێوەو و کێش و سەروای هۆنراوەی کوردییان گۆڕی، ئیتر پەیڕەوەی کێشی عەرەبییان نەکرد کە خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی دایهێنابوو،ئەوەی تائێستا ڕون بێت و بە لێکۆڵینەوەی زانستی دا پێیگەیشتبین” کە ڕەحیمی هەکاری یەکەم شاعیری کورد بوو کە پەنای بۆ کێشی خۆماڵی کوردی بردووە”9
بەکارهێنانی کێشی خۆماڵی لادان لە کێش و سەروای عەرەبى مەسەلەیەکه لێکۆلەران لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرەتا هەر لەسەر ئەو کێشه بەردەوام بوونە بەڵام بە بیرو ئەندێشەی نوێوە و زمان و دەربڕینی کوردانە و نوێ، دواتر کێشی خۆماڵی دۆزرایەوە یان کاریان پێکرد.
مامۆستا گۆران لەوبارەیەوە دەدوێت كه تازەکردنەوەکان لەمانە پێکهاتبوون:-
١- یەکێتی بابەت”وحدة الموضوع”یان هێنایە ناو شیعرەوە.
۲ـ ڕێکخستنی سەرواکان گۆڕانیان بەسەرداهات.
۳ـ شیعر هەر لەسەر کێشی عەرەبی دەهۆنرایەوە، بەڵام شێوازێكى تايبەتى كوردانەشيان تيابەكاردەهات
گۆران ڕابەڕێکی گەورەی نوێکردنەوەی شیعری کوردییە، بەهۆی لێهاتووی و ئەدەبە بەرزەکەیەوە، بەڵام بەر لە گۆران وەک دەستپێک کەسانی تر هەبوون کە لەنوێکردنەوەی شیعری،کوردییدا دەسپێشخەر بوون ” وەکو ڕەحیمی هەکاری و مامەند کەرکوکی کە ناوەڕۆک و ڕوخساری شیعریان گۆڕی، گۆران تا ساڵی ۱۹۳۰ ـ ۱۹۳۳ هەر پەنای بۆ بەکارهێنانی كێشى عەرەبی بردووە ، گەرچی دەقاودەق بەکاری نەهێناوەتە و گۆڕانکاری لە کێشی شیعردا کردووە” 10 یەکێک لەو داهێنانانەی گۆڕان لە بواری کێشی شیعردا کردی دانان و چێکردنی کێشی پەنجە بوو، کێشەی پەنجەی خۆماڵی گۆران داهێنەر و گەشەپێدەرێتی، کێشەکان شەش بڕگەیی و هەشت و دە و دوانزە برگەیی بوون، بەشێوازی جۆربەجۆر بەکاریهێناوە و سەرواکانیشی دەستکاری دەکرد، نمونەی ئەم نوێگەرییه لە شیعرەکانی “پایز پایز ــ خۆزگەم بە پار ــ دەمی ڕاپەڕینە ــ دواسەرنج ــ قالەمرد” گەیشتۆتە چڵەپۆپە .
ڕووخسارى شیعری نوێ، ڕووخسارێکی جیاوازبوو لە کلاسیک لە شیعری نوێدا دوو دێڕی یا سێ یا چوار و پێنج شەش …هتد کە سەواکان دوو نیوەدێر بە جیا بۆ خۆی سەروای سەربەخۆی هەبوو، نەک وەک شیعری کلاسیک کە دەبووایە لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەسەر یەک سەروا بڕوات بە تایبەت بۆ بابەتی غەزەل و قەسیدە، ئەمەش پێی دەگوترا سەروای یەکگرتوو. بۆیە شاعیرانی نوێ دەستیان بە جۆربەجۆرکردنی سەرواکرد” لە تاک سەرواوە بەرەو جووت سەروا هەنگاونرا، سەروای هەمەڕەنگ بەکارهێنرا، سەروا بیر و هەست و سۆزی شاعیر بەند ناکات هیچ دەستور و مەرجێک نییە بۆ سەروا هێنانەوه، لای هەندێک شاعیری نوێ سەروا ملکەچی شاعیر بووە نەک شاعیر ملکەچی سەروا بێت”11 .
سهرچاوهكان؛
۱ـ نوێگەری لە شیعری کوردی دا / د.ئازاد عبدالواحید ، دەزگەی ئاراس ۲۰۰٥ ل ۱۷ .
2- بڕوانە کتێبی : ڕەشید نەجیب، ژیان و بەرهەمەکانی / ئومێد ئاشنا ، دەزگای ئاراس ۲۰۰۱ ل ل ۱٤ ــ ۱٥
3ـ بزووتنهوهی ڕوانگە و شیعری نوێی کوردی / شادمان قادر حەسەن ، سەردەم ، ۲۰۰۱ ، ل ٨
4- هـ . چ . پ ل ۹
5- ڕێبازی ڕۆمانتیک لە ئەدەبی کوردی دا/ خورشید ڕەشید ئەحمد ،بەغداد ۱۹٨۹ ل ٥ ـ ٦ .
6- بزووتنهوهی ڕوانگە و شیعری نوێی کوردی ، شادمان قاد حەسەن ، ل ۱۲
7- نوێگەری لە شیعری کوردی دا / د.ئازاد عبدالواحید ، ل ۳٨
8- ڕێبازی ڕۆمانتیک لە ئەدەبی کوردی دا/ خورشید ڕەشید ئەحمد، ل ۱٥۹
9- نوێگەری لە شیعری کوردی دا / د.ئازاد عبدالواحید ، ل ٣٩
۱0ـ نوێگەری لە شیعری کوردی دا / د.ئازاد عبدالواحید ، بڕوانە لاپەڕەکانی ۳۹ ـ ٤۰
۱1 ـ کاریگەری ڕوانگە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردی دا / د.عەلی تاهیر بەرزنجی ل۲٤.