ناوچە کوردنشینەکانى قەفقازیا لە ڕووى جیۆپۆلۆتیکییەوە بە درێژایی ٤٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە، ناوچەیەکى گەمارۆدراوە لە باشووری قەفقازیا و باشووری رۆژهەڵاتى چیاکانى قەفقازیا، ناوچەیەکە لە ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەرمەنستان و لە باشوور لەگەڵ ئێران و لە باکوری رۆژهەڵات لەگەڵ باکوری ئازەربایجان هاوسنوورە. نیشتەجێبوونى کورد لە ناوچەکانى قەوقاز ڕێشەیەکى کۆنى هەیە، کە دهگهڕێتهوه بۆ 10 سهده پێش زاین، کە بەشێک بوون لە شارستانیەتى “مانا” دواتر بوونەتە بەشێک لە هەرێمى “ئۆراتو”ەکان کە دەسەڵاتەکەیان لە باشووری قەزوین تا باشووری ڕۆژئاواى دەریای سوور درێژ بۆتەوە، دواتر له ناوچهی باشووری ڕووباری ئاراس، کە بۆ ماوەى ٢٠٠ ساڵ و له نێوان ساڵانی 700-900 پ.ز، كورد ئیمپراتۆڕییهتێكی گهورهی ههبووه. دواتریش لە ٦٤٤ز ناوچە کوردییەکانى قەوقازیا کەوتە دەست هێزە موسوڵمانەکان، پاشتر له ساڵانی 934- 938 زاینی توانیویانه دهوڵهتی حهمدانییهكان بڕووخێنن و دهوڵهتی شهدادییهكان دامهزرێنن كه ناوچهكهی له نێوان ئازهربهیجان و ئهرمینیایه و بنهچهی سهڵاحهدینی ئهیووبیش بهپێی بۆچوونی ههندێك له مێژوونووسان بۆ ئهوێ دهگهڕێتهوه. هەر لەسەردەمى میرنشینى شەدادییەکان ناوچەکانى ئەرمینیاى دەگرتەوە کە پایتەختەکەى “دوین” بوو، هەر بۆیە شەداددیەکان لە ساڵی ٩٦٧ز ەوە فەرمانڕەوایی ناوچەکانى ئاران و گەنجەیان کردووە، کە پێشتر لە ژێر ئیدارەى والی عەرەبی ویلایەتى ئەرمیانیا بوو، لە ساڵی ١٠٧٢، دانیشتوانى ئەوم ناوچەیە بوونە بوونە پاشکۆی ئانیسییەکان کە بە هاوبەشی دانیشتوانى کورد لەم ناوچەیە ئیمارەتى ئانیستیان لە سەدەى پێنجەمدا دروستکردووە، هەر بۆیە لە ژێر فەرمانڕەوایی سالارییەکان گەنجە بووە پایتەختى شەدادییە کوردییەکان، لەم قۆناغەدا شەدادییەکان قەڵاو شوێنى حەوانەیان بۆ خۆیان لەم ناوچەیەدا دروستکرد و سکەى دراویان تایبەت بەخۆیان لێداوە، لەمەشەوە گەنجە بۆتە ناوەندێکى بەهێزو گەورە، ڕووبەرەکەشی فراوان بووە و گەڕەکى بازرگانى و پیشەسازى تیادا دروستکراوە، ئاوریشم و پیشەی رستن و چنین سەرنجى دانیشتوانى ناوچەکەو دەورەبەرى ڕاکێشاوە، بەم شێوەیە فەرمانڕەوایی شەدادییەکان نزیکەى هەموو ناوچەکانى قەفقازیاى گرتۆتەوە و بۆ ماوەى ١١٣ ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەشدا فەرمانڕەوای زۆربەى ناوچە کوردیەکانى قەفقازیایان کردووە، کە ناوچەکانى “ئاران، نەخیتشقان، گەنجە، بارد، دوبەیل، بەیلکان”ی دەگرتەوە.
له سهدهی 17، كاتێك شا عەباسی سهفهوی هات، تهنیا 24 هۆزی كورد مابوونهوه، ئهوانیش بهشێكی زۆریان له ههرێمی خوراسان جێگیر بوون، شا عەباس بۆ جیاکردنەوەى سنووری دەوڵەتەکەى لەگەڵ عوسمانییەکان ژمارەیەک لەم هۆزانەى لە وێدان نیشتەجێکرد، دواتر 600 خانهواده له گڕباخ مانهوه. بە درێژای سەدەى هەژدە و نۆزدە، لە ئەنجامی جەنگەکاندا، جەنگی سەد ساڵەی قەوقاز، جەنگی ڕووسی و تورکەکان، جەنگی ڕووس و ئێران. لە سەر ئه و خاکەی کە کوردەکانی لەسەری دەژیان، لە ئەنجامی ئەم جەنگانەدا ملوێنێک ئەرمەنی، یۆنانی و ئاشووری و ئێزدی و تورکی و ئێرانی لە تورکیا و ئێرانەوە گوزرانەوە بۆ ئەم ناوچەیە و نیشتەجێ کران، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٨١٣ز لە پاش پەیمانى “گوڵستان” لە نێوان ئێران و ڕووسیادا هەندێک مەڵبەندى کوردستان بەر ڕووسیا کەوت، دانیشتوانى کورد لە ناوچەکانى ئەلیزابیت پول دەژیان، دواتر بە پێی پەیمانى تورکمانجاى لە ١٨٢٨ز بەشێک لە ناوچە کوردییەکانى ویلایەتى ئیرەوان و قارس و ئەردەهان درا بە ڕووسیا.
ئەمەش لەسەر بیرۆکەی قەیسەری ڕووس نیکۆلای یەکەم و قەیسەرەکانی تریشکە بەدوای ئەودا هاتنەسەر حوکم تا دەگاته نیکۆلای دووەم درێژەی هەبوو. ئەم ڕاگوازراوانە کە بوونە نیشتەجێی ئەم ناوچانە، تەنها ئەرکیان پاراستنی هێزەکانی پشتیوانی سوپای ڕووسی نەبوو بەرامبەر کوردە موسوڵمانەکان، کە لە بەرهەڵستی ڕووسە داگیرکەرەکاندا بوون لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵکو لەسەریان بوو هەموو خواردن و ئالیکی سوپای ڕووسیا ئامادە بکەن، سەرباری ئەمانەش دەبوو وەک کرێکار کار بکەن لە ناوچەی دەرهێنانی نەوتی باکۆ وشیرڤان.
لەم نێوەندەدا کریستیانەکان ناوچە شاخاوییەکانیان بۆمایەوە، کە دەکاتە ئەرمینیای ئێستا، کەرەباخ و زەنگە زورە. لەگەڵ بەردەوامی هێرشی کورد لە ناوچەکە، لەبەر خۆپاراستنیش له و هێرشانە ڕوویان لەچیاکان کرد، بەشێکی زۆریشیان سەدان هەزار کەس دەبوون ناوچەکەیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەراست و ئەوروپا کرد، ئەو ئەرمینیانەی کەمانەوە بە هاوکاری روسە کازاخەکان، زیاتر خەریکی ڕاورووتکردن و دەسترێژکردنە سەر موسوڵمانەکانی ناوچەکەبوون تا دەگاتە سنووری باکۆ. لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ئەم ڕاوڕووتکردن و تاڵانکاریە زیاتر پەرەیسەند، بەتایبەتی پارتی “دەشناک” کە پارتێکی شۆرشگیڕی ئەرمەنی بەهێز بوو، ئەمان بارودۆخی ئەو سەردەمەی بەلشەفیکەکانیان بۆ خۆیان قۆستەوه و حکومەتی دەشناکی ئەرمینیان ڕاگەیاند، کە پاتیەختەکەی شاری گویمری بوو. هەر لەم ساڵەدا بە بیانووی پاراستنی موسوڵمانانەوه لەبەرامبەر دەستدرێژی ئەرمەنەکان، سوپای تورک هاتنەناو خواروی قەفقازەوە بۆ بە دامەزراوەکردنی تورکە ڕاگوازراوەکانی سەر خاکی کوردستان لە ناو خاکی تاڵیشی و لیزگین حکومەتێکی تورکیان لەژیر دەسەڵاتی “موساڤاتدا” بۆ موسڵمانەکان دامەزراندن.
لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە پێی پەیمانى نێوان یەکێتى سۆڤیەت و تورکیا لە ٢١ى مارسی ١٩٢١دا مەڵبەندى قارس وئەردەهان درانەوە بە تورکیا، هەرچی یەکێتى سۆڤیەتیش بوو لە چەند هەزار کوردێک مانەوە کە زۆربەیان لە کۆمارى ئەرمەنیستانى سۆڤیەتى بوون کە مەڵبەندەکانى تالین وئاڵاگۆزی دەگرت، هەرچەندە لە قۆناغی دروستبوونى یەکێتى سۆڤیەتدا، ئەرمینیا وئازەربایجان و نیکچان بوونە بەشێک لەو وڵاتە، بەڵام ئەم تاڵانکاروی وڕاو ڕووتکردنەی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی دەشناک، نەک نەتوانرا کۆتایی پێبهێنرێت بەڵکو هەر دڕێژەی هەبوو بۆسەر شارو شارۆچکەکانی ئازەربایجان، هەر بۆیە ئەم ناکۆکییە بەردەوامە لەگەڵ سەرکەوتنى لینیدا پێویست بوو بوەستێنرێت. لەم سۆنگەیەوە، بەسەرنجدان لە دۆخی ئەو بەشەی کورد لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیدا، بەرامبەر ڕێکەوتنی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٢ز، هەروەها ناکۆکیی و ململانێ گەورەکانى ئازەربایجان وئەرمینیا، لینین و لایەنگیرەکانی لەوانە کیرۆڤ، ناچاربوون حکومەتێک لە کوردستان دابمەزرێنن، کە دەکەوتە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە. تەنها ئەمکارە توانی کۆتایی بە ناکۆکی ئەرمەنەکان و ئازەربایجان بێنن. لیژنەک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی کورد لە ناوچەکانى قەفقازو ئازەربایجان، بە ئامانجى ئەوەى لە ناوچە کوردنشیەکاندا یەکەیەکی کارگێڕی دروستبکەن لە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەیمەنەی خۆیان، لەوکاتەدا هەردوو ناوچەی کوردنشینی “جوانشێر” کە ناوەندەکەی کڵبەجاڕ بوو، لەگەڵ ناوچەی “زەنگەزوو” کە ناوەندەکەی لاچین بوو، یەکیانگرت، لە ئاکامدا بە بڕیاری کۆمیتەی ١ی رێکخستنی پارتی کۆمۆنیست، لە ٧ى تەمووزی ١٩٢٣، حوکمی ئۆتۆنۆمی بەخشی بەو بەشە بچوکە، لەسەرەتای 1920 دا خودی لینین نامەیەک بۆ نەریمانۆڤ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان لە یەکێتی سۆڤێدا دەنوسێت، تیایدا داوای لێدەکات هەڵبسێت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی لاچین پاشان لە ١٦ى تەمووزی ١٩٢٣ بە بڕیاری سەرۆکایەتی کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی کۆماری ئازەربایجان، لەلایەن خودى “سێرکى کیرۆڤ” سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستى ئازەری، ئەم هەرێمە بڕیار لەسەر پێکهێنانى درا، ئەمە لە کاتێکدا دەبوایه ئەم سەرۆکایەتییە لە ماوەی ساڵێکدا لە ساڵی ١٩٢٢ وەوە چوار کۆبونەوە ئەنجام بدات، تا بڕیار لەسەر چارەنووسی هەرێمەکە بدات، دواتر بە فەرمی بریاردرا بە دامەزراندنی کۆمارێکی کوردیی، ئەمەش یەکەمین هەرێمی کوردستان بوو کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دانیپیانرا، لەسەر شێوازى حوکمى خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی ئەم بریارەش خۆی دان پێدانان بوو بە مافی نەتەوەی کورد لەو وڵاتە، ئەم هەنگاوەى یەکێتى سۆڤیەت بە هۆکارى زیاتر راکێشانی سۆزی کورد بوو لە تەواوى ناوچەکانى تردا، بە تایبەت لەو ناوچانەى کە کوردیان تێدایە، ئەم بڕیارەش هێندە ناوەڕۆکێکى تاکتیکى هەبوو، ئەوەندە ستراتیجى نەبوو، چونکە بە مەبەستى سوود وەرگرتن بوو لە کاتی پێویستدا.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەسەڵاتە خۆبەڕێوبەریە کوردییە، بە فەرمی ناونرا “کوردستانی سوور”، کە پێشتر پێیان دەوت قەزایی کوردستان بە ڕووسی “ئویەزد”، لەسەر بنەماى سیستمى کۆمارێکى نەتەوەیی، کە دواتر بە “کۆماى کوردستانى سوور” ناسرا، کە لە زمانى کوردیدا “کوردستانى سوور یان سۆر”ی پێدەوترێت، لە زمانى ئازەریدا بە “قیزیل کوردستان” و لە زمانى ڕووسیدا بە “کراسنایا” کوردستان ناسراوە، لە ھەمان ساڵدا “حەسەن حاجییف” کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێری کۆمارەکە. لەگەڵ ئەوەى هەریەک لە ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ساڵی ١٩٢٢ز بەشداری یەکێتی کۆمارەکانی سۆسیالیستی سۆڤیەتیان کردبوو، بەڵام هەرێمی قەرەباغ، کە لە نێوان هەردوو وڵات کێشەی لە سەر بوو، لە ساڵی ١٩٢٣ز لە لایەن یەکێتى سۆڤیەتەوە خرایە سەر کۆماری ئازەربایجان. ئەو بڕیارەی سۆڤیەت هیچ کات لە لایەن حکومەتی ئەرمینیا قبووڵ نەدەکرا، لەم قۆناغە ناکۆکیی و ململانێکاتنى نێوان هەردوو لا لەسەر کۆمارەکە پەرەیسەند، ئازەریەکان باسیان لەوە دەکرد کە لە مێژدا ئەو خاکانە لە ژێر کۆنترۆلی ئەواندایە و دەبێت خاکی ئەوان بێت، هەرچی ئەرمەنەکانیش بوو باسیان لەوە دەکرد کە هەموو کاتێک لە ناوچەکە ئەرمەنەکان ژیاون و بوونی حکومەتی ئازەری ناشەرعیە، ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە هیچ کام لەم دوو وڵاتە هیچ ڕەوایەتییەکیان بەو ڕاستیە نەئەدا کە ئەو ناوچەیە خاکى کوردستان و وڵاتى کوردانە.
لە ڕاستیدا بە بڕواى مێژوونووسان بۆچوونى جیاواز و دژ بە یەک هەن سەبارەت بە هۆکارەکانى دامەزراندنى کۆمارەکە، بەجۆرێک نووسەرانی ئەرمەنی ئەمە بە هەوڵی ئازەرییەکان دادەنێن بۆ دابڕاندنی ئەو ناوچانەى کە سەر بە هەرێمی نەگۆڕنە _قەرەباخ بوون لە سنووری ئەرمینیا، کە ئەمەشیان بە هەوڵێکی مۆسکۆ دادەنا بۆ لەنێو بردنی دوا پێگەی سەربەخۆیی گەلی ئەرمەن لە ناوچە چیاییەکانی باشووری قەفقاز، هەرچی ئازەرەکانیش بوو کۆمارەکەیان بە ئامڕازێک دەبینی بە دەست مۆسکۆوە بۆ فشارخستنە سەریان، تا ناچاریان بکات گوێڕایەڵ و ملکەچی مۆسکۆ بن بە تایبەت لە بوارەکانی نەوت و ووزە و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتى تورکیاى تازە دروستبوودا، چونکە لە ڕەچەڵەکدا بەشێکن لە نەتەوەی تورک و زمانەکەشیان لقێکە لە خێزانی زمانی تورکی، هەروەها ترسێکی تری ئازەریەکان سەرچاوەکانی ئاو بوون کە ٨٥% ی سەرچاوەکانی ئازەربایجان دەکەوتنە ئەم هەرێمە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بۆ مۆسکۆش ئەم هەرێمە وەک ڕێگرێک بوو لە بەریەککەوتنی ئازەری و ئەرمەنەکان، چونکە بە دامەزراندی ئەم کۆمارە نێوانی هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو کەرت دەبێت، بەم هۆکارەش تاڵانکاری “دەشناک”کەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر ئازەربایجان سنووردار دەکرا، هاوکات دەروازەیەکیش بوو بۆ گەیاندنی پەیامەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە لایەکی ترەوە یەکێتى سۆڤیەت لەبەرامبەر نیشاندانى نیازى شۆڕشەکەى لە پشتیوانیکردنى گەلانى ژێر دەست بە مەبەستى ڕاکێشانى سەرنجى ئەو نەتەوانە ئەم هەنگاوەى نا، لینین بۆ ئهوهی ئهم قسانهی خۆی بسهلمێنێت، داوا له سهركرده كوردهكان دهكات، حوكمڕانیی خۆیان لهژێر سێبهری یهكێتیی سۆڤێت ڕابگهیهنن و كۆماری كوردستانی سوور دادهمهزرێنن.
سەرچاوەكان:-
- د. ئەفراسیاو هەورامی: کوردستانى پشت قەفقاز “دۆسیەى تاوانەکانى ڕژێمی سۆڤیەت بەرامبەر بە کوردی ئەو وڵاتە”، چ١، بنەکى ژین، چاپخانەى شڤان، ٢٠٠٥ز.
- دکتۆر جەبار قادر: وتاری مستەفا وەکیل لەسەر دامەزراندنی کوردستان سوور، دیبلۆماتیک مەگەزین، ڕۆژنامەی رووپێل،
http://pukmedia.com/russi/images/stories/pdf/bookku.pdf
- Mller, Daniel :The Kurds and the Kurdish Language in Soviet Azerbaijan According to the All-Union Census of December 17, 1926. The Journal of Kurdish Studies, vol. 3.
- تأريخ الدول الكردية جمهورية كردستان الحمراء . 1923م – 1929م، https://www.facebook.com/709395009081218/posts/
- عەلی ئەسغەر فەریدی: کوردستانى سوور لە کێشمەکێشەکانى ئازەربایجان وئەرمەنستاندا، گۆڤارى فۆکس، ژ ١، ساڵی یەکەم، تەمووزی ٢٠١٦.
- لماذا غضب “ستالين” على الكورد وقضى على جمهوريتهم “كوردستان الحمراء” في “ناكورني كرباغ” عام ١٩٢٩، 2019/07/25، https://rumaf.net/?p=15884
- د.کەیوان ئازاد ئەنوەر: چەردەیەک لە مێژووى کورد، چ ٩، دەزگاى چاپ و پەخشی چوارچرا، ٢٠١٩.
- م.س. لازاریف و کۆمەڵێک نوسەر: مێژووى کوردستان، و.هۆشیار عبدالله سەنگاوى، چ٣، ٢٠١٢.
- د.عبدولڕەحمان قاسملوو: کوردستان و کورد، و.عبدالله حسن زادە، چ ٦، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ڕۆژهەڵات، ٢٠١٢ز.
- بێ ناوى نوسەر: خاکی کوردەکانی مسوڵمان لە نێوان دوو ئاگردا: کوردستانی سوور، ١ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٠.
- د. محمد الصويركي الكردي: الأكراد في أذربيجان، تأسيس أفتونومني كردستان عام 1930م، http://sotkurdistan.net
- د.عماد عبداللطیف سالم، اقلیات مصالح صراعات ارمینیا – اذربایجان – الاتحاد السوفیتى، شبکە النباء، https://annabaa.org/arabic/authorsarticles/24755
- عبد الله شكاكي: كردستان الحمراء، خريطة كردستان الحمراء “1929-1923”، ٩-٩-٢٠١٨، مرکز الفرات ، http://firatn.com/?p=944