مەسەلەی کورد هەمیشە یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدرێژایی ١٠٠ ساڵەی ڕابردوو، بەهۆکاری نکۆڵیکردن لە بوون و ناسنامەی گەلی کورد لەلایەن وڵاتە داگیرکەرەکان، لەئێستادا ژمارەی کوردان بە ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، بەدرێژایی ئەو ماوەیە کورد بەردەوام هەوڵدەدات مافە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لەو وڵاتانەدا بەدەستبهێنن، کە تایبەتن بە تورکیا و ئێراق و ئێران و سوریا. ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە ئەمڕۆ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان. خەڵکی سوریا لە نەتەوە و ئایین و تائیفەی جیاواز پێکهاتوون، بەهۆی ڕووداو و ململانێکانی ئەم دواییانە، وڵاتەکەیان بە کاتێکی هەستیار و سەختدا تێدەپەڕێ، لەم ماوەیەدا چەند ڕووداو و هەنگاوێکی گرنگ هەبووە سەبارەت بە هاوکێشەی سووريا کە ئەگەر هەیە ببنە هۆکاری گۆڕانکاری و وەرچەرخان لەو هاوکێشەیەدا. ئەمانەش ڕاستەوخۆ پەيوەندی بە پرسی کورد و ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەیە.
سەرەتا پێويستە نەخشەی هەژموون و دابەشبوونی هێزەکان لە سووريا بزانين بۆ ئەوەی باشتر لە یەکێک لە ئاڵۆزترين هاوکێشە سياسييەکانی ناوچەکە، کە سووريایە، تێبگەين. لە ئێستادا سووريا تەنيا وەک ناو و نەخشەی فەرمی ماوەتەوە، لە واقعدا شتێکی ترە. لە ڕووی دابەشبوونی هێزە دەرەکييەکان، ئەوا سووريا دابەش دەبێتە سەر سێ ناوچە؛ ناوچەی هەژموونی دەوڵەتی سوریا کە خۆی لە دەسەڵاتی ئەحمەدشەرع و هاوپەیمانەکانیدا دەبینێتەوە، کە دانپێدانانێکی نێودهوڵهتیی لە پشتی دەسەڵاتەکەیانەوە هەیە و تورکیاش بە هەموو هێزێکیەوە پشتگیری لێدەکات. ناوچەی هەژموونی کوردەکان یاخوود ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەم ناوچەیەش خۆی لە هێزە كوردییهکاندا دەبینێتەوە و بە تایبەت هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکیەکان ئەژمار دەکرێت. ناوچەی دروزەکان کە لەلایەن ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاواوە داکۆکی لە مافیان دەکرێت. بە وردەکاری زیاترەوە، سووريا لەڕووی دابەشبوونی ناوخۆییەوە سێ ناوچە یان بەشە کە هەر یەکێکی لە لایەن گروپ یان حکومەتێکەوە بەڕێوەدەچێت بە پشتگيری دەوڵەتانی دەرەکی.
لە ئێستادا هیچ کام لە لایەنەکانی سوریا لەو دەسەڵات و هێزەدا نین کە بتوانن هەژموونی خۆیان بە تەواوی بەسەر خاکی سوریادا بسەپێنن ئەوەی کە گرنگە کوردانی ڕۆژئاوا لەم ململانێ سیاسی و سەربازیەی سوریادا بە چی ئاکامێک دەگەن؟ ئایا کوردەکان لە ئاست ئەو گۆڕانکاریە خێرایانەدان کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات؟ ئایا ئەو قوربانیانەی کورد بۆ ڕزگاری سوریا پێشکەشی کرد بەرهەمی دەبێت یاخوود تەنها بە پیاهەڵدانێک و سوپاسێک کۆتایی پێدێت؟ لێرەدا گرنگە ناساندنێکی کورت بۆ هێزە سەرەکیەکەی کورد بکەین لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە “ هێزەکانی سوریای دیموکرات” دا خۆی دەبینێتەوە، سەرەڕای بوونی چەندین لایەنی تری کوردی وەک “ئەنەکەسە”ش.
سەرەتا ئەنەکەسە؛ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد “ئەنەکەسە” بەرەیەکی سیاسی كوردییه کە لە چەندین پارت و ڕێکخراوی کوردی لە سوریا پێکهاتووە و لە دوای بەهاری عەرەبی یان شەڕی ناوخۆی سوریا دامەزراوە بە دیاریکراوی لە “٢٦ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١” لە شاری هەولێر و لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار “مەسعود بارزانی” دەستی بە کارەکانی کرد.
هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”؛ ناوی ئەم هێزانە پەیوەستە بە شەڕی ناوخۆی سوریاوە کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکردووە. بەڵام دامەزراندنی فەرمی لە پاییزی ساڵی ٢٠١٥ لە شاری قامیشلۆی سەر بە پارێزگای حەسەکە کە یەکێکە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریا کە زۆرینەیان کوردن، ڕاگەیەندرا. ئەم ناوچەیە گۆڕەپانی سەرەکی چالاکیی ئەو هێزانە بووە. هەر لە سەرەتاوە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی ناوخۆیی هاوپەیمانی نێودهوڵهتیی دژە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ناسێندرا. ئەم هاوپەیمانییە کە لە ئەیلوولی ٢٠١٤ پێکهێنرا، هەنگاوی بۆ پشتیوانی لە گروپەکان و هێزە چەکدارەکانی سوریا و ئێراق لە دژی داعش گرتەبەر. هێزەکانی سوریای دیموکرات لە یەکەمین بەیاننامەی خۆیاندا ڕایانگەیاند، هاوپەیمانییەکی سەربازی و نیشتمانین کە هەموو سوورییەکان لەخۆدەگرن، بە کورد، عەرەب، تورکمان و ئاشووریشەوە. ئامانجی سەرەکییان شکستپێهێنانی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو ئەو خاکانەیە کە ئەم گرووپە پێشڕەوی تێیدا کردووە. هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سەربازی هاوپەیمانی نێودهوڵهتیی دژ بە داعش توانیان ڕێگەی خۆیان لە بەرەکانی شەڕدا بکەنەوە. بەڵام پێکهێنانی ئەم هێزە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان و دەستکەوتەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە نزیکە لە سنوورەکانی باشووری تورکیا، کاردانەوەی نەرێنی حکومەتی ئەنکەرەی لێکەوتەوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکەوتوو بوون لە دەرکردنی داعش لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژی و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەیەکی فراوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە دیارترین شەڕەکانیان، دەکرێت باسی شەڕی کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٥ بکرێت.
ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی هەسەدە بوونەتەوە؛ هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی ناوخۆی سوریا و بەم شێوەیە توانیان پێگەی خۆیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن. دوای زنجیرەیەک سەرکەوتنی سەربازی، داعش لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ بە شکستخواردوو ڕاگەیەندرا. بەڵام لەبری ئەوەی پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهێزتر بکەن، نیگەران بوون لەوەی لە هەر ساتێکدا لە گۆڕەپانەکە دووربخرێنەوە. ئەم نیگەرانیانە زیاتر بوون کاتێک دۆناڵد ترەمپ، جگە لە ژمارەیەکی کەمی سەربازی بۆ ‘پاراستنی’ دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە کە یەدەگی گرنگی نەوت و گازی هەیە، هەموو هێزهکانی سەربازی ئەو وڵاتەی کشانەوە. کشانەوەکە وەک نیشانەیەک بۆ وازهێنان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات سەیر دەکرا، بەتایبەتی کە تورکیا خەریک بوو هێرشبکاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەم پرسە تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی نێودهوڵهتیی و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش هەبوو. هاوکاری ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکێکە لە خاڵی ناکۆکی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، ئەنقەرە کە ماوەیەکی درێژە لە ناوچە سنوورییەکانی خۆیدا چ لە سوریا و چ لە ئێراق شەڕ دژی چەکدارە کوردییەکان دەکات، ئەم هاوکارییە قبوڵ ناکات. کێشەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرکردە کوردەکانی تەنها لەگەڵ تورکیادا نییە. حکومەتی پیشووی سوریا هاوشێوەی ئەنقەرە ڕاگەیاندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن کوردەکانەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٦دا ئیدانە کرد.
تورکیا ئەو هێزانە بە لقی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دەزانێت کە وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” پۆلێنی کردووە و لە شەڕێکدا کە چوار دەیە بەردەوام بووە و زیاتر لە ٤٠ هەزار کوژراوی لێکەوتۆتەوە. سەرکەوتنە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دژی داعش بووە هۆی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانیان عەرەبن. هەروەها ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە کەمینە مەسیحییەکان تێیدا نیشتەجێن لەوانە ئاشووری و ئەرمەنی و سریانی و هەروەها پێکهاتەکانی ئێزیدی و تورکمان و چیچانی.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان؛ دوای نزیكەی 40 ساڵ لە پێكدادان و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو جارێكی دیكە، پرسی گفتۆگۆكانی ئاشتی هاتە ئاراوە. لە تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و کورد پەرەسەندنێکی جیاوازی بەخۆوە بینیوە، لەسەردەمی عوسمانییەکانەوە درێژە بە سیاسەتی چەوسانەوە سرینەوی کورد دراوە، شەری چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ لەگەڵ سەفەوییەکان و شەری ساڵی ١٨٠٠ بۆ ١٨٢٧ لەگەڵ روسەکان لەسەر خاکی کوردان بوە ، سیاسەتی عوسمانیەکان و تۆرانیەکان و سکۆلارەکان و ناسیۆنالیزمەکانی تورکیا یەک سیاسەتی نەگۆر بووە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەویش لە ناوبردن و سڕینەوەی کورد و ناسنامەی کوردبوونە. لە ساڵی 2013 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دەستپێکرد، بەڵام دەوڵەتی قول دژی پرۆسەی ئاشتی بوو پرۆسەکە لە بار برا ، لە ئێستادا دەوڵەت باخچەلی کە رێبەر ومیراتگرو نوێنەری بیرو ئایدیای تۆرانیەکانە بانگەوازی ئاشتی ڕاگەیاند و لەناو هۆڵی پەرلەمان پەیامی نارد ، پەیامی سەرۆکی پارتی مەهەپە پەیامی دەوڵەتی قوڵی تورکیایە ، ئەمەش وایکرد شەمەندەفەری ئاشتی جارێکیکە بکەوێتە جوڵە و جیاوازتر لە هەوڵەکانی پێشوو هەنگاوەکان گەورەترن لەئێستادا.
لە سوریا؛ لە دوای شەڕی ناوخۆ کورد توانیویەتی ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمی لە باکوری سوریا دابمەزرێنێ ، بەڵام ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی تورکیا و دەستێوەردانی سەربازی جۆراوجۆر دەبێتەوە و ئایندەیان ناسەقامگیر کردووە ، چارەسەری پرسی کوردان لە باکور پرۆسەی ئاشتی کە لە ئێستادا هەنگاوەکانی ئەرێنی بەرەو پێش دەڕوات کۆتایی بە شەرانگیزی تورکیا دێنێت بەرامبەر بە کوردان لە ڕۆژ ئاوا و بەجێهێشتنی چارەسەر بۆ خەڵک و حکومەتی سوریا کە بانگەوازی پێکەوەژیان و دیموکراتی دەکات لەو وڵاتەدا.
ڕێکەوتننامەی هەسەدە و حکومەتی سوریا؛ چەند مانگێک بەر لە ئێستا، سەرۆکایەتی سوریا هەواڵی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرۆکی کاتی سوریای بڵاوکردەوە، بەپێی بڵاوکراوەکە ڕێکەوتنەکە بەمەبەستی، یەکخستنی هەموو دامودەزگا لەشکری و سیڤلییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە، لەگەڵ دەزگاکانی حکومەتی سوریا. ئاژانسی هەواڵی سانای حکومەتی سوریا هەواڵەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر پاراستنی مافەکانی کورد و هەروەهایەکپارچەیی خاکی سوریا، جگە لە خۆشحاڵی بەشێک لە هاووڵاتیانی عەرەب و کورد لە شارەکانی سوریا، وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا و عەرەبیش پێشوازییان لەو ڕێککەوتنە کرد. لهم ڕێككهوتنه هیچ شتێک بهناوی ڕادهست بوون و ههڵوهشاندنهوهی ههدهسه نییه،بەڵکو “دەمج”بوونە، هێزەکانی هەسەدە وەک خۆیان دەمێننەوە. پێكهاتهكان ئهگهر نزیكی یهكتر ببنهوه ئهوا ههستیاریی نهتهوهیی ناهێڵێت چونكه كۆمهڵكوژی لهسهر بنهمای نهتهوهیی ڕوودهدات، بهڵام ئهگهر وترا كۆمهڵگه واته قبوڵكردنی پێكهاتهی نهتهوهیی ههیه بۆیه دهبێت مافی گهلی كورد لهدهستوری ئایندهی سوریادا گفتوگۆی لهسهر بكرێت ئهگهر له چوارچێوهی دهستوردا كۆمهڵگهی كوردیی یان گهلی كورد قبوڵ بكرێت ئهوه سوریا ناچاره ههموو پێكهاتهكان قبوڵ بكات و ههموو پێكهاتهكان ببنه هاوبهشی ئاوهدانكردنهوهی سوریا لهو ڕێككهوتندا هاتووه ههموو پێكهاتهكانی سوریا وهكو هاوبهشی ئایندهی سوریا دهبینرێن، دهبێت لیژنهیهک ههبێت بۆ جێبهجێكردنی بهندهكانی ڕێككهوتنامهكه لهسهر ئهرزی واقیع كه ههشت خاڵن.
دوا هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان؛ تۆم باراک نێردەری ترامپە بۆ سوریا، هەمانکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرە، هەژموونی ڕاستەوخۆیشی بەسەر لوبنانەوە هەیە. تۆم باراک سەرمایەدارێکی ملیاردێرە، نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر، بە هۆی بەرژەوەندی و سەرمایەگوزارییەوە، نزیکایەتیی لەگەڵ دۆناڵدترەمپ دروستکردووە دەسەڵاتێکی گەورەی لە کۆشکی سپییەوە پێ سپێردراوە. تۆم باراک لەسەر هەمان هێڵی دۆنالد ترەمپ، پاراستنی بەرژەوەندییە ئێستایی و ئایندەییەکانی ئیسرائیل، دەخاتە پێش هەر شتێکی ترەوە. باراک لەو دیدە ئیسرائیل دۆستییەوە، هەوڵ دەدات هێزەکانی سوریای دیموکرات تێکەڵ بە سوپای سوریا بکرێن، بە جۆرێک حکومەتی سوری شەرعییەتی زیاتری پێ ببەخشرێت، تا لە رێگەی دانوستاندن و رێکەوتنی نوێوە، سوریا تەنازولاتی زیاتر بۆ ئیسرائیل بکات. ڕوونە بە بێ دیارکردنی چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا بەدی نایەت! ئەو دوو پرسە دووانەی تەواوکەری یەکترن.
نێردەی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و دواتر ڕایگەیاند، فیدراڵی بۆ سووریا نابێت و پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات بچنە حکومەتەوە، هاوکات شەرع داوایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات لەژێر فەرمانی سوپادابن، ئەمەش کاردانەوەی توندی بەدواداهات و مەزڵوم عەبدی رایگەیاند”هێزەکانی سووریای دیموکرات بەمەرجێک دەچیتە سووپاوە کەلەژێر ئیدارەی ڕاستەوخۆی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری و هێزەکانی سووریای دیموکراتدابن، چونکە سالانێکە خاوەن دامەزراوە و هێزی ڕاهێنراون و ئەوە مافیکی نەتەوەیی کوردە لەو وڵاتە” ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت، دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە بیستوچوار کاتژمێر بەسەر کۆبوونەوە سەرنەکەوتووەکەی دیمەشق، تۆم باراک رایگەیاند؛ ئەمریکا لە سوریا ناکشێتەوە و هێزهکانی سوریا دیموکرات شەریکی سەرەکی ئەمریکان. کشانەوەی ئەمريکا لە هاوکێشەی سووريا مانای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی هەسەدەیە لەم کاتەدا کە هیچ گرنتیەکی نێودهوڵهتیی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بەردەست نیە و حکومەتی سوریاش خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها و بڕیاری سەربەخۆی خۆی نیە.
لە ئێستادا هاوکێشە نێودهوڵهتییەکان و جەمسەری بڕیاری نێودهوڵهتیی لە گۆڕانی خێرادان لە لایەک لاوازبوونی هەژموونی ئێران و باڵادەستی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و کشانەوەی هاوپەیمانەکانی ڕوسیا و بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی ئەمریکا هەروەها پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزموونەکەی، لێرەدا ئەوەی گرنگە تا چ ڕادەیەک سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن گرنتی نێو دەوڵەتی مسۆگەر بکەن بۆ مانەوە یاخود سەلماندنی مافی کورد و دەستەبەرکردنی مافەکانی کوردانی ڕۆژئاوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق؟ هەموو ئەمانە و چەندان پرسیار و ئەگەری تر لە ئایندە و گۆڕانکاریەکانی هاوکێشەکانی ناوچەکەدا دەردەکەون.