“پێشەکی”
لە ڕێککەوتی ٦/٧/٢٠٢٥، هەڤدەیەمین دانیشتنی لووتكهی ولاتانی ئەندامی بریکس بە ئامادەبوونی یازدە دەوڵەت “برازیل، ڕووسیا،هیند، چین و ئەفریقیای باشوور، ئێران، ئەسوپیا، ئیماراتی عەرەبی، ئەندونێزیا، میسر، سعودیا” لە شاری ریو دۆ ژانیێرۆ لە بەرازیل دەستیپێکردوو و کۆبوونەوەکان ماوەی دوو رۆژی خایاند. دروشمی سەرەکی ئەم ساڵی کۆبوونەوەکە بریتییبوو لە ”بەهێزکردنی هەماهەنگی کەرتی باشووری جیهان لەپێناو حوکمڕانییەکی لەخۆگرتر و بەردەوامتر” “Strengthening Global South Cooperation for More Inclusive and Sustainable Governance”. بۆ ئەم لووتكهیە ١٢٦ کۆمیتەی پێکهاتوو بۆ تا لە ماوەی دوو رۆژدا لەسەر پرسەکانی دارایی، تەندروستی، ژیری دەستکرد، گۆرانی کەشوهەوا و پرسە ستراتیژییەکانیتر وەک جەنگی غەزە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆدەبنەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئەم دروشمە. ئەم گوتارە تیشکدەخاتە سەر ئەوەی کە ئایا بریکس دەتوانێت ئەم دروشمەی جێبەجێ بکات؟
“کورتەیەک لەسەر بریکس”
بەپێی راپۆرتی وێبسایتی ”جیوپۆلیتیکال ئێکۆنۆمی” کە لە دێسەمبەری ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانی کە ئەندامن لە کلوپی بریکس سەرووی چوار ملیارد و نێوو کەسە؛ واتە نزیکەی ٥٦٪ دانیشتوانی جیهان و ٤١٪ کۆی بەرهەمی ناپوختەی جیهان “GDP” و ٣٦٪ رووبەری زەوی یاخود جوگرافیای جیهان پێکدێنن. چەمکی بریک، سەرەتا لەلایە دامەزراوەی ئابووری گۆڵدێنمەن ساکس و فەرمانبەری ئابووری ئەم دامەزراوەیە بەناوی جیم ئۆنیل، ئابووریناس و بانکدار، لە ساڵی ٢٠٠١ بەکارهات وەک ئاماژەپێدانێک بە پیتی سەرەتای چوار وڵاتی ڕووسیا، برازیل، هیند و چین و هەروەها وەک ئاماژەدانێک بە خشتی “Brick” دروستکردنی دیوار. بە بڕوای ئۆنێل ئەم ئابوورییەی کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ بەسەر جیهاندا حوکم دەکات، ئەگەری هەیە لەلایەن ئەم چوار وڵاتەوە رووبەرووی ئالنگاریی نوێ ببێتەوە. سەرۆکی وڵاتانی بریک لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی “پێشتر کۆبوونەوەیەک لە ٦١مین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە لە سالی ٢٠٠٦ بەستراوبوو” دەست بەکارەکانی کرد. دواتر لە ساڵی ٢٠١٠، ئەفریقیای باشوور بوو بە ئەندامی ئەم کلوپە تازەیە و بەمجۆرەش بریک بوو بە بریکس. بریکس لە کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، شەش وڵاتی نوێی وەک ئەندام وەرگرت کە بریتین لە ئێران، عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، میسر، ئەسیوبیا و ئەرژەنتین. بڕیاروایە دوای بە ئەندامبوونی ئەم شەش وڵاتە ناوی بریکس بگۆڕدڕێت بۆ بریکس پلاس. لە ئێستادا ١٦ وڵاتیتریش داوای ئەندامبوون لە بریکس پلاس دەکەن کە بریتین لە ئەلجەزایر، ئەندۆنۆزیا، بەحرێن، بلاڕووسیا، بەنگلادێش، بۆلۆڤیا، تایلەند، سەنگال، فەلەستن، قەزاقستان، کوبا، کوێت، نیجیریا، هیندوراس، ڤێنێزیوێلا، ڤیتنام، ئەگەرچی سعودیا لە کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵ بەشدارە بەڵام تا ئیستا داواکاریی بۆ بوون بە ئەندام لەم کلوپەدا بەرز نەکردووەتەوە.
“ئالنگارییەکانی بەردەم بریکس”
بریکس هەوڵدەدات کە وەک جێگرەوەی گرووپی هەفت “G7” یاخود گرووپی بیست “G20” خۆی نمایش بکات، ئەگەرچی هەندی وڵاتی ئەندام لە گرووپی بیست، هەمدیس ئەندامن لە کلوپی بریکس. دەتوانیین گەورەترین دەسکەوتی بریکس دامەزراندنی ”بانکی گەشەپێدانی نوێ” هەژمار بکەین کە لە ساڵی ٢١٠٤ ئەم بانکە لەلایەن وڵاتانی بریکس دامەزرا کە سەرمایەکەی نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلارە، ئەم بانکە بە مەبەستی یارمەتیدانی دارایی وڵاتانی بریکس لە کاتی قەیران و سەرمایەگوزاریی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دامەزرا. بانکی گەشەسەندنی نوێ لە بوارەکانی ژێرخان، گەشەسەندنی بەردەوام، یارمەتیدانی وڵاتانی باشوور و بەرنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کار دەکات. بەنگلادێش لە ساڵی ٢٠٢١ و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لە ساڵی ٢٠٢٣ بوونەتە ئەندامی ئەم بانکە و دواتر میسر و ئۆرۆگوایش بوونە ئەندام. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەم بانکە ببێتە جێگرەوەی بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو. بەڵام تا ئێستاش لە ناو دامەزراوەکانی بریکس، بانکی جیهانی سەرکەوتووترین دامەزراە بووە بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە ئیمارات ئەندامێتی تێدا وەرگرتووە. ئەگەرچی بانکی گەشەپێدانی نوێ، ٣٠٪ قەرزەکانی بە دراوی نیشتیمانی دەدات و ئەگەری زۆرە ببێتە بەهێزترین، کارتی بریکس پلاس. ئەوەی کە گرنگە ئەم بانکە لە رووی یاساییەوە پێویست ناکات کە پابەندی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتێک بێت. واتە بە پێچەوانەی بانکی جیهانی یاخود سندوقی نێودەوڵەتی دراو کە پێشینە/قەرز بە وڵاتێک نادات ئەگەر لە ژێر گەمارۆکانی ئەمریکادابێت، بانکی گەشەپێدانی نوێ دەوتوانێت بە گشت وڵاتان پێشینە/قەرز بدات. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، بریکس کۆمەڵێک ئالنگاریی لەبەردەمە کە ناتوانێت وەک پێویست گەشە بکات. لە خووارەوە ئاماژە بە هەندێ لەم ئالنگاریانە دەدەین:-
یەکەم:- لە کۆبوونەوەکانی ئەم ساڵدا سەرۆکی دوو دەوڵەتی دامەزرێنەر واتە ڤلادیمێر پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیا و شی جی پینگ، سەرۆککۆماری چین ئامادە نەبوون. کەچی لە کۆبوونەوەکانی وەک گرووپی هەفت و گرووپی بیست، گشت سەرۆکەکانی ئەم وڵاتانە ئامادە دەبن. بیانۆی ئامادەنەبووی پوتین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە هۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی لاهای فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پوتین دەرچووە، بۆیە هەر وڵاتێک کە رێککەوتننامەی لاهای واژوو کردبێت ناچارە پابەندی بڕیارەکانیشی بێت، برازیلیش رێککەوتنامەکەی واژوو کردووە و ئەگەر پوتین سەفەری برازیلی کردبایا بۆ ئامادەبوون لەم لووتكهیە، دەسەڵاتدارانی برازیل ناچاربوون کە پوتین دەستبەسەر بکەن، هەر ئەم هۆکارە وایکرد کە پوتین نەتوانێت لە دوو ساڵی رابردوو لە کۆبوونەوەکانی بریکس بەشدار بێت. هەرچی تایبەتە بە سەرۆککۆماری چین، کە گەورەترین ئابووری ناو وڵاتانی بریکسە، چین بە هۆی بارودۆخی جیهانی و ئەو کێشانەی کە لەگەڵ هیندوستان رووبەرووی بووەتەوە ئەم ساڵ ئامادە نەبوو لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بێت کە خودی ئەمەش گەورەترین گرفتە لەبەردەم پێشکەوتی ئەم کلوپە و سەرۆککۆماری چین نوێنەرەکی بۆ ئەم لووتكهیە نارد.
دووەم:- زۆری ژمارەی دانیشتووان، ڕاستە کە زۆری ژمارەی دانیشتووان بە ”هێزی کار” هەژماردەکرێت، بەڵام بەشێک لە وڵاتانی ئەندام خاوەن هێزی کاری شارەزا نین، زیاد لەمەش ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتانە بە ڕادهیەک زۆرە کە داهاتی ئەم وڵاتانە وەک پێویست بەشی ئەوە ناکات کە بتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دابین بکەن، هیند و برازیل نموونەی یەکەمن و خودی چین کە گەشەی ئابووریی سەرووی ٣.٥٪ی هەیە، بەڵام چین لە قۆناغەکانی سەرەتای گەشەسەندندایە. زیاد لەمەش گشت وڵاتانی ئەندام لەم کلوپە سەر بە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی یەکەم نین، بەڵکوو یان سەر بە وڵاتانی جیهانی دووەمن، یاخود وڵاتی دواکەتوو و سەر بە جیهانی سێیەمن وەک ئێران و میسر. بۆیە ناتوانن کاریگەرییەکی ئابووریی و سیاسیی بەهێز لەسەر ئاستی جیهانی دروست بکەن و ببنە هۆکاری گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان.
سێیەم:- ناکۆکی سیاسیی، زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ئەم کلوپە ناکۆکی سیاسییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. بۆ نموونە هیند و چین کە سەرووی ٥٠٪ دانیشتووانی ئەم کلوپە پێکدێنن، لەسەر هاوکێشە بازرگانی و ئابوورییەکان ناکۆکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، چین زۆرتر بە دوای ئابووریی سەربەخۆ دەکەوێت و لە رێگەی پرۆژەی ”یەک پشتێن، یەک رێگا” یاخود ”جادەی ئاوریشمی نوێ” هەوڵی ململانێکردن لەگەل رۆژئاوا دەدات، کەچی هیند زۆرتر خۆی و ئابوورییەکەی وابەستەی وڵاتانی رۆژئاواییە، بەتایبەتیش دوای راگەیاندنی کۆریدۆری ”هیند-رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا” کە چین ئەم پرۆژەیە وەک پەکخستنی پرۆژەی جادەی ئاوریشمی نوێ هەژمار دەکات. یاخود لەبارەی پرسە سیاسییەکان برازیل زۆرتر پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات تا ئێران، کەچی ئێران لە لووتكهکەدا بەشدار بوو و خودی لووتكهکەش لە برازیل گرێدرا. تەنانەت سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و جەنگی غەزە، کلوپەکە راگەیاندنێکی زۆر شەرمنانەیان بڵاو کردەوە و دیار نەبوو کە کام لایەن هێرشکار و تاوانبارە.
چووارەم:- نزیکەی هەشتا ساڵە کە دۆلار دراوێکی نێودەوڵەتییە. لە ساڵی ٢٠٢٢، نزیکەی ٥٤٪ بازرگانی جیهانی بە دۆلار بووە تەنانەت لە ناو خودی یەکێتی ئەروپا ٥٨٪ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە دۆلار ئەنجام دەدرێت. و ٣٢٪ بە یورۆ و یوانی چین تەنیا ٢٪ بازرگانی جیهانی پێوە ئەنجام دەدرێت.. زۆربەی زەخیرەی دارایی وڵاتان تا هەنۆکەش بە دۆلارە و سەقاگیرترین دراوی جیهانییە. ئەمریکا دەتوانێ گەمارۆ بەسەر وڵاتانی جیهاندا بسەپێنێت بە هۆی بەهێزی دراو و ئابوورییەکەی زیاد لەمەش تا ئێستا سیستەمی بانکی جیهانی “سوێفت” لەسەر بنەمای دۆلار کار دەکات. هەروەها تەنانەت بنەمای دراوە ئەلکترۆنییەکانیش بەرمەبنای دۆلار بەهایان پێدەدرێت. بەپێی داتاکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ بلاوکرایەوە، ٥٩٪ی زەخیرەی بانکی جیهانی بە دۆلار، ٢٠٪ یۆرۆ و یوان تەنیا ٥٪ە.
پێنجەم:- دژایەتی ئەمریکا: هاوکات لەگەڵ دەستپیکردنی دانیستنەکانی بریکس، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە تەعریفەی ١٠٪ی بەسەر کاڵای ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنیت کە هاورابن لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی بریکس و لە دژی ئەمریکا کاربکەن. هەروەها دواتر ترامپ رایگەیاند کە هەر وڵاتێکیتر ببیتە ئەندام لە کلوپی بریکس لەلایەن ئەمریکاوە ”عقوبە” دەدرێت. ئەمەش یەکێک لە گەورەترین کێشە ئابوورییەکانی بەردەم ئەم وڵاتانەیە کە نەتوانن وەک پێویست بڕیاری ئابووریی گرنگ دەربکەن و بەرنگاری نەزمی ئابووریی جیهانی ببنەوە کە وڵاتانی ئەروپای رۆژئاوا و ئەمریکا سەرکردایەتی دەکەن.
“کۆبەند”
لە ڕاستیدا، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە دەبنە ئەندام لە کلوپی بریکس، هۆکاری سەرەکیان، دەستگەیشتن بە بازاری وڵاتانی ئەندام لەم کلوپەیە کە بازارێکی بەرفراوانی خاوەن دانیشتووی زۆرە، بۆ ساغکردنەوەی کاڵای هەر یەک لە وڵاتانی ئەندامی کلوپەکە. بەڵام لە رووی سیاسییەوە بە هۆی ناکۆکی قووڵی نێوان ئەندامان و جیاوازیی ڕادهی بوژانەوەی ئابووریی هەر یەک لەم وڵاتانە و جیاوازی سەرچاوەکانی داهات “بۆ نموونە نەوت”، جیاوازی لە داهاتی تاکەکەسی، بۆیە ئەستەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم کلوپە پۆتانسێلی ئەوەی هەبێت کە بتوانێت کاریگەریی لە هاوکێشە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان دروست بکات و ببێتە رکابەریکی سەرەکری گرووپی هەفت یاخود گرووپی بیست. هەر ئەم فرەییە وایکردووە کە گەیشتن بە کۆدەنگی بۆ دەرکردنی بڕیارەکان لەم لووتكهیە سەخت بێت.