ئايا خەباتی چەکداری و شاخ تەنیا ڕێگەیە بۆ دەستەبەربوونی ماف و ئازادى؟
گۆشکردنی زیهنیەت بە تەنیا ڕێگایەک کە خەباتی چەکدارى و توندووتیژیە، ترسناک ترین جۆری ژیان و ئیمکان و ماناکانی ژیانی لێدەکەویتەوە، بەو واتایەی کە چەک وەک تاکە ئامرازی ڕزگاریی ببینین، وەک ئەوەی بەگشتی خەڵکی ئەم ناوچەیە تێیدا دەژین و بەردەوامی پێدەدەین، یەک ڕێگا وەک تاک و تەنیا ئامراز و مۆدیلێک لە زهنیەتماندا جێگیر بووە، ئەلتەرناتیڤی دووەم کە مەدەنی بوون و خەباتی دیکەی مۆدێرنە، لەدەرەوەی ئەم جۆرە لە زهینیەتی ئێمەیە وەک کۆ(گشت). بۆیە لە ساتێکدا کە چەک وەلا دەنرێت بەشێکی گەورە لە توندوتیژی ناو زهنیەتی ئێمە وەلا دەنرێت، بەری پێدەگیرێت و خەمگین دەبین، بە واتایەکی تر جۆرێک لە چەپاندن و ڕووکردنە مەدەنیەتە و هەنگاوێکی گرنگی چوونە ناو شارستانیەتە کە زهنیەتمان تەقەبولی ناکات، دەکرێت جێگای بکەینەوە لەژێر مانای تر کە لێدان لە جەنگاوەری و جوامێری و ئازایەتی کە پەیوەستە بە پیرۆز ڕاگرتنی دەسەڵاتی باوک و تاک سەرکردە و پەتریارک و ئەفسانەسازیەوە و توندووتیژییەوە.
بەدریژای زیاتر لە سەد ساڵ دیارترین ڕێگای خەبات کردن و بزوتنەوەی ڕزگاری، خەباتی چەکداری تەنیا شێواز بوو ئێمەی کورد پەنامان بۆ بردووە نەک خەباتی مەدەنی، کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی دی وەک تاکە مۆدێل بۆ خەبات دژی سەردەستەی و زوڵمی نەتەوە سەردەستەکان ئەم شێوازە خەباتەی کردۆتە مەشخەڵ و تەنیا ڕێگەی خۆی بۆ داکۆکی لە مانەوە و بەرگری و لەناونەچوونی، پەنابردن بۆ شاخ وەک ئایدیال و دروستکردنی مەفرەزەی چەکداری کە تەنیا ڕێگەو تەنیا مۆدیل کاری لەسەر کراوە و هەمیشە ئەم مۆدێلە برەو پێدارو بووە، ئەمە بەو واتایە نایە کە ناڕەوا بێت بگرە ڕەواویەتی زۆری هەبووە لە زۆر قۆناخدا دەکرێت لە ساتەوەختی تریشدا بەردەوام بێت، بەڵام ناکرێ تا ئەبەد ئەم جۆرە مۆدێلە وەک تەنیا ئایدیاڵ بمێنیێتەوە، لەبەر ئەوەی لە بەرامبەر ئەم مۆدیلە مەدەنی بوون خەباتێکی گرنگتر و مۆدێرن تر بۆ مانای لانی کەمی جیاوازی ژیان و ئازادی و بەهێمنی تێگەیشتن و پێکەوە بوون و ژیان و تاقیکردنەوەی تر دەخاتەر دەست کە توندووتیژی تێدا کەمتر بێت.
خەباتی مەدەنی و بڕوابوون بە ژیانێکی جیاوازتری بێ توندووتیژی گرنگە بۆ ئێمە وەک نەتەوەی کورد، چونکە هەمیشە قوربانی بووین تا بەم ساتەش دەگات و پێویستە لە ئاستێکی جیاوازتری کەلتوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بە پرۆژەیەکی جیاوازتر خۆمان بەرجەستە بکەین و نیشان بدەین.
خاڵێکی تر کە گرنگە زهنیەتی گەنج و لاوی ئەمڕۆیە کە زۆر جیاوازترە لە باوک و باپیرانی کە لە گوندەکان دەژیان، بارهێنان و ڕیکخستنیان ئاسنتر بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەستەمە لەپاڵ ژیانی شار و شارستانی و بەرکەوتن بە فەنتازیای جیاوازی ژیان بتوانرێت خەڵک ڕێک بخەیت و لە کۆمەڵێک مەفرەزەی چەکداری و بردنی بۆ شاخ خەباتی پێ بکەیت، دەکرێت خۆ ڕێکخستن لە ناو شارەکان و ڕێگا مەدەنیەکان ببێتە ئەفزەلیەتی کارکردن کە ئەمانە تاڕادەیەکی زۆر ئیماکنی کارکردن دەستەبەر بکات خەڵکیش بە جۆرێک بخاتە ژێر بەرپرسیارێتی کە کاری پێکەوەی و خەباتی پێکەوەی دەستەبەر بێت، کە هەم ڕێگایەکی ناتوندوتیژ و هەم ستراتیژی ترە و خاڵی گرنگ و ئیمکان دەخاتە بەردەست و کارکردن چیتر لەناو سەنتراڵیزمی شاخدا نابێت و دەکرێت ئیمکان بۆ هێزی نوێ بڕەخسێ و شار ببێتە سەنتەر بۆ ڕەنگی جیاواز، لەگەڵیدا بەرکەوتن بە ئەویتر زیاتر دەستەبەر بکات و ببێتە ڕێگایەک بۆ کەمبوونەی توندووتیژی نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە، لە بەرامبەردا مەجبورین وەک نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە کێشەکانی خۆمان ڕووبەڕووی خۆمان بکەینەوە و چارەبکەین و گرێبەستێکی کەلتووری و سیاسی و مەدەنی پێکەوەیی ببەستین کە بیرکردنەوەیەکی ئەخلاقی ئەقڵانی لە پشت بێت.
ئەو پرسیارە بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە هەڵبگرین کە لە نەبوونی چەکدا ئایا ئیمە دەتوانین دەستکاری ڕیشەیی ئەقڵانی ئەخلاقیەت بە هەموو ماناکانی بکەین، لەسەر ئاستی کەلتووری و پێکەوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی؟ لەگەڵیدا داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئاگایی و ئەخلاقی و زهنیەتی ئەویتر گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە لە بابەت دیموکراسی و داننان بە ماف و ڕیگە چارەی پەرلەمانی و ئازادی؟
خاڵی بنەڕەتی بۆ ئێستای ئێمە سەرباری ئەوەی کیشەی ئیمەی کورد بێ هیچ پێچ و پەنایەک ڕەوایە بەس ناکرێ تەنیا ئامرازێک بە رەوا بزانین و ببینین کە چەک و توندوتیژییە.
ئەوانەی بەرگری لە خەباتی چەکداری و مانەوەی چەک دەکەن دەکرێت دەرهاویشتەی بیرنەکردنەوە و تێفکرین بن، چونکە خەباتی چەکداری بیرکردنەوەی ناوی بۆیە هێندە قورسەبەلامانەوە ئەم جۆرە لە خەبات تێ بپەڕێنین، بەڵام خەباتێک لەدەرەوەی ئەم جۆرە لە خەبات دەیان و سەدان جار پێویستی بە پرۆژە و بیرکردنەوە و تێفکرین و تیۆریزەکردن هەیە، شێخ عوبێدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزای دەرسیم و شێخ مەحمود … دونیایەک قوربانی و تێکۆشان، بەڵام عاقیبەت هەر قوربانی بوونە گەر بیرنەکەینەوە و ڕێگە و ڕێچکەی مۆدێرن نەگرینە بەر.