دواى (42) تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمەریکاوە، لە ساڵی (١٩٥٧) ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دامەزرا، بە ئامانجى ئەوەى وزەى ئەتۆم بۆ بوارى ئاشتى نەوەکو سەربازى بەکاربهێنرێت، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا چەندین دەوڵەت بوونەتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى، پشکنەرانى ئەم رێکخراوەش لە هەندێک دەوڵەتدا بە سیخوڕ و رێگەخۆشگەر بۆ هەڵایسانى شەڕ تۆمەتبار کراون. لە ساڵی (١٩٥٣) لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەى گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، “دوایت ئایزنهاوەرى” سەرۆکی ئەمەریکا وتارێکی پێشکەشکرد کە دواتر بە وتارى “ئەتۆم لەپێناوى ئاشتی”دا ناسرا. لەو وتارەدا داوایکرد وزەى ئەتۆم بۆ مەبەستى ئاشتیانە و لە بوارەکانى کشتوکاڵ و دەرمان و بەرهەمهێنانی کارەبادا بەکاربهێنرێت، هەروەها رێگرى لە بەکارهێنانى بۆ مەبەستى سەربازى بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری دامەزراندنی دەزگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە وزەی ئەتۆمی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد.
وتارەکەی ناوبراو دوای ئەوە هات کە ئەمەریکا (٤٢) تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، لەنێویاندا بۆردومانکردنى شارەکانى هێرۆشیما و ناگازاکی لە ژاپۆن بە بۆمبى ئەتۆمى لەمانگى ئابى (1945)دا، کە لانیکەم بووە هۆى کوژرانى (140) هەزار کەس لە هێرۆشیما و هەشتا هەزار کەس لە ناگازاکى.
“پەیماننامەى ئاژانسەکە”
لە ساڵی (١٩٥٧) ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم وەکو ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا دامەزرا، بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی زانیاری ئەتۆمی “ئاشتیانە” و سنووردارکردنی بەکارهێنانی لەبوارى سەربازیدا لە ڕێگەی سیستمێکی چاودێری تووندەوە. لە سەرەتادا ئاژانسەکە تاڕادەیەک بە وریاییەوە ڕۆڵی چاودێری دەگێڕا، تاوەکو لە ساڵی (١٩٦٤) چین یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا. ئەمەریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و بەخێرایی هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و دەوڵەتانی دیکەی خاوەن چەکی ئەتۆمیدا کرد، بەمەبەستى داڕشتنی پەیماننامەیەک تاوەکو رێگا لەهەر دەوڵەتێکى دیکە بگرن کە ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى. لە ئاکامى ئەو هەوڵانەدا لە ساڵی (١٩٦٨) پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی (NPT) گەڵاڵەکرا و لە ساڵی (١٩٧٠) کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لێرەوە جیهان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو، ئەو دەوڵەتانەی رێگەیان پێدرابوو چەکى ئەتۆمییان هەبێت کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە (ئەمەریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین)، بەرەکەى دیکەش تەواوى دەوڵەتانى دیکەى جیهان بوون، کە پیتاندنى یۆرانیۆمیان بۆ مەبەستى سەربازى لێ قەدەغەکرا و بۆیان هەبوو تەنها لە بوارى ئاشتیانەدا وزەى ئەتۆم بەکاربهێنن. لەو کاتەوە بە پشتبەستن بەم پەیماننامەیە ئاژانسەکە بە فەرمی راسپێردراوە بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەو وڵاتانەی پەیمانەکەیان واژۆکردوە، هەروەها بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی تەکنیکی سەبارەت بە ئاستى پابەندبوونیان و دواتر ئاگادارکردنەوەى ئەنجومەنی ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتى بوونى گومان لەبارەى هەبوونى هەر سەرپێچیەک.
تا ساڵی (٢٠٢٤) ژمارەی واژۆکارانی پەیماننامەکە گەیشتە (١٧٨) دەوڵەت بەدەر لە ئیسرائیل، هیندستان و پاکستان. بەپێی مەرجەکانی پەیماننامەکەش، دەوڵەتان پابەندن بە کردنەوەی دامەزراوەکانیان بەڕووی پشکنەرانی ئاژانسەکەدا، ئەمەش مەرجێکە کۆریای باکور ڕەتیکردەوە، کاتێک لە ساڵی (١٩٩٤) لە ئاژانسەکە و دواتر لە ساڵی (٢٠٠٣) لە پەیماننامەکە کشایەوە.
“ئەتۆم لە ئاسیا”
تائێستا هەریەکە لە هیندستان و پاکستان بە ئاشکرا رایانگەیاندوە کە چەکى ئەتۆمییان هەیە. هەرچەندە ئیسرائیل ئاشکراى نەکردووە کە چەکى ئەتۆمى هەیە، بەڵام تائێستا پەیماننامەکەی واژۆ نەکردووە و تەنها بووەتە ئەندامى ئاژانسەکە. ئەوەش وادەکات دامەزراوەکانى نەپشکنرێن و پابەند نەکرێت بە ئاشکراکردنى توانا ئەتۆمیەکانى. هەموو ئەو دەوڵەتانەى پەیماننامەکەیان واژۆکردووە، جگە لە پێنج دەوڵەتە زلهێزەکە، ئاژانسەکە دەتوانێت پشکنەر بنێرێت بۆ پشکنینی دامەزراوەکانیان، تەنانەت ئەو دامەزراوانەشی کە سروشتی پزیشکی یان کشتوکاڵییان هەیە. ئاژانسەکە کامێرای چاودێری هەمیشەیی دادەنێت و نمونەی ژینگەیی لە شوێنە پیشەسازییەکان کۆدەکاتەوە. هەروەها “یارمەتی تەکنیکی” و دارایی ئەتۆمی وەک ئامرازی فشار بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی وڵاتان ڕازی بکات بچنە ناو پەیماننامەکەوە و دواتر بیانخەنە ژێر سیستەمی چاودێرییەوە. هەروەها ئاژانسەکە بەشێوەیەکى دەورى راپۆرت سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و چاودێریکردنی ئاستی پیتاندن و ژمارەی سەنتەرفیوژەکان بڵاودەکاتەوە.
هەرچى ئەو دەوڵەتانەیە کە پەیماننامەکەیان واژۆ نەکردوە، وەک ئەندامی ئاژانسەکە دەمێننەوە، بەڵام سوود لە هاوکارییە تەکنیکییەکانی وەرناگرن، کە خۆى لە راهێنانى زاناکانیان لە پەیمانگاکانى سەر بە ئاژانسەکە و بەدەستهێنانى یۆرانیۆمی کەم پیتێنراودا دەبینێتەوە، جگەلەوەى لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە فرەلایەنەکان دوور دەخرێنەوە. بەگوێرەى پەیماننامەکە، زلهێزەکان هانى دەوڵەتان دەدەن تاوەکو بێنە ریزى دەوڵەتانى واژۆکارەوە، هەر دەوڵەتێکى واژۆکاریش رێگە بە چاودێریکردن و پشکنینى دامەزراوەکانى نەدات، ئەوا دووچارى گەمارۆ و سزاى جۆراوجۆر دەبێتەوە.
“پشکنەران یان سیخوڕان؟”
هەرچەندە ئاژانسەکە لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاردەکات، بەڵام لەلایەن هەندێک لە دەوڵەتانەوە وەک رێکخراوێکى هەواڵگری ناودەبرێت، پشکنەرەکانیشى بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە کارمەندى دەزگا هەواڵگرییەکانن و لە بەرگى پشکنەردا خۆیان دەشارنەوە. بەگوێرەى شیکارییەک بۆ تەمەن و ئاستى زانستى پشکنەرانی ئاژانسەکە، دەرکەوتوە زۆرینەیان تەمەنیان لە سەرووی چل ساڵەوەیە، (٦٥%)یان پیاو و (٧٠%)یان خەڵکی ئەو وڵاتانەن کە زانیاری ئەتۆمییان هەیە. ئەو کەسانەش ئەندازیار و فیزیازان و کیمیازان بوون، بەڵام هەندێکیان هیچ پێشینەیەکی تەکنیکی و زانستی فەرمییان نەبووە و تەنها لەلایەن دەوڵەتەکانیانەوە هەڵبژێردراون. “محەمەد بەرادعى” کە لە (1997 – 2009) بەڕێوەبەرى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆم بووە، لە کتێبەکەیدا بەناونیشانى “سەردەمی فریودان؛ دیپلۆماسی ئەتۆمی لە سەردەمی خیانەتکاریدا”، باس لەوە دەکات دەوڵەتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی پابەندى بەڵێنەکانیان بۆ کەمکردنەوەی جبەخانەی ئەتۆمی نەبوون، تەنانەت سەربارى هەبوونى بەڵگەی ڕوون لەسەر چالاکییەکانیان، بەڵام چاوپۆشیان لە وڵاتانی وەکو کۆریای باشوور کردوە، لەبەرانبەردا فشارە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەسەر دەوڵەتانی دیکە چڕترکردۆتەوە. “بەرادعى” ڕاشکاوانە دەڵێت:- دەسەڵاتدارانى ڕۆژئاوایی ئاژانسەکە وەک رووپۆشێکى یاسایى بۆ تێپەڕاندنى بڕیارەکانیان بەکاردەهێنن، راپۆرتەکانی ئاژانسەکەش وەک بیانوویەک بۆ هێرشکردن بەکاردەهێنن، تەنانەت ئەگەر بوونی بەرنامەیەکی سەربازی ڕاستەقینەش نەسەلمنێت.
ئاژانسەکە لە ساڵی (١٩٩٧) پرۆتۆکۆڵێکی دیکەى بڵاوکردەوە کە دەوڵەتانی واژۆکار ناچار دەکات ڕێگە بە پشکنینی بێسنوور و بێ مۆڵەتى پێشوەختەى دامەزراوەکانیان بدەن. بەوتەى ئانا وایچلبراون توێژەر لە ئاژانسەکە، ئەو پرۆتۆکۆلە رێگەى بۆ کردنەوە تاوەکو تەنانەت چاودێرى زانکۆکان بکەن و سوود لە وێنەی ئاسمانی و مانگی دەستکرد و راپۆرتى هەواڵگرى وڵاتانى رۆژئاواش وەربگرن.
لەلایەن خۆیەوە سکۆت ڕیتەر کە یەکێکە لە پشکنەرانى ئاژانسەکە و لە سەردەمى رژێمى بەعسدا پشکنینى بۆ دامەزراوەکانى ئێراق کردووە، دەڵێت:- ژمارەیەک پشکنەر بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا کاریان کردووە. هەروەها دەڵێت: ئەو پشکنینانەی پێش پەلامارى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى لە (2003) ئەنجامدران، ئامانجیان چەکداماڵینی ئێراق نەبوو، بەڵکو ئامانجیان کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاری هەواڵگری بوو وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووخاندنی ڕژێم. هەروەها جۆرج گالۆوەی پەرلەمانتاری بەریتانیا دەڵێت:- لەنێو تیمى پشکنەرانى ئێراقدا چوار ئەفسەرى سەر بە دەزگاى هەواڵگرى مۆسادى ئیسرائیلى هەبوون.
“ئیسرائیل و ئەتۆم”
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هەر پێنج ساڵ جارێک کۆنفرانسێک بۆ پێداچوونەوە بە پەیماننامەکەیدا ساز دەکات. لە چەندین کۆنفرانسدا، وڵاتانی عەرەبی و ئێران و زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان داوا دەکەن ئیسرائیل پابەندی پەیماننامەکە بێت و دروشمی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خاڵى لە ئەتۆمی” بەرز دەکەنەوە، بەڵام داواکەیان بە با دەچێت. لە ساڵانی نەوەدەکاندا میسر دەستپێشخەرییەکی بە هەمان دروشمەوە پێشنیار کرد، داوایکرد هەموو وڵاتانی ناوچەکە ملکەچى پشکنینی ئاژانسەکە ببن. بەڵام ئیسرائیل بە هەنجەتى نەبوونی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا، ئەو داوایەى رەتکردەوە. لە ساڵی (٢٠١٤) جارێکى دیکە دەوڵەتانی عەرەبی ئەندامی ئاژانسەکە، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان پێشکەش کرد و داوایانکرد پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی (NPT) واژۆ بکات، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕەشنووسەکەیان ڕەتکردەوە. لە ساڵی (٢٠١٥) باراک ئۆباماى سەرۆکى ئەمەریکا لەکاتى دانوستانەکانى لەگەڵ ئێران لەسەر پرسى ئەتۆمى، داواى لە ئیسرائیل کرد پەیماننامەکە واژۆ بکات، بەڵام ئیسرائیل ڕەتیکردەوە. ئیسرائیل نەک هەر پەیماننامەکەى واژۆنەکردوە، بەڵکو لە ساڵی (١٩٨١) هێرشى کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانى ئێراق و لە (٢٠٠٧) پەلامارى بەرنامە ئەتۆمییەکانى سوریاى دا. بەڵام ئاژانسەکە سەرکۆنەى هیچ کام لەو هێرشانەى نەکرد.
هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمى رەتیدەکانەوە بۆمبى ئەتۆمى بەرهەم هێنابێت، بەڵام بەپێى زانیارییەکان بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئیسرائیل بە تەواوی سەربازییە و پشت بە ئاوی قورس دەبەستێت، بەهاوکارى فەرەنسا ئەوەندە پلۆتۆنیۆمی بەرهەمهێناوە کە دەتوانێت لانیکەم (٢٠٠) کڵاوەى ئەتۆمی دروست بکات، کەچى ئاژانسەکە چاوی لێ دەپۆشێت! بەدەر لەو چاوپۆشیە، هەریەکە لە ئامانۆ و گرۆسی کە دوابەدواى یەک بوونە بەڕێوەبەرى ئاژانسەکە، نەیانشاردۆتەوە کە پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، تەنانەت لەنێوان ساڵانی (٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣) چەندین دیداریان لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل هەبووە، هەروەها ستایشی هاوکارییەکانی ئیسرائیلیان لەگەڵ ئاژانسەکەدا لە بوارەکانی پزیشکی و وزەدا کردوە.
“بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران”
رۆژى (12/حوزەیران/2025)، واتە تەنها یەک ڕۆژ پێش هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئاژانسەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمى بۆ (٦٠%) بەرزکردووەتەوە، بەبێ ئەوەى هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ بخاتەڕوو کە بیسەلمێنێت ئێران نیازى دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە. هەروەها تارانی تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنى ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی بەهۆی “هاوکارینەکردنى تەواوەتی لەگەڵ پشکنەرەکانی ئاژانسەکە”دا. جگەلەوەى ئاماژەى بەوەدا کە شوێنەواری یۆرانیۆم لە سێ شوێنی ڕانەگەیەندراودا دۆزراوەتەوە. لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵى رابردودا، ئەو بەیاننامەیە بە یەکەم لێدوانی لەم جۆرە دادەنرێت کە لەبرى هەڵسەنگاندنێکی تەکنیکی، بەڕوونی حوکمێکی سیاسی بدات، بۆیە رەخنەگرانى ئاژانسەکە دەڵێن ئەو بەیاننامەیە بۆ دابینکردنى رووپۆشێکى نێودەوڵەتى بووە بۆ پەلامارەکانى ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران. هاوکات سەرچاوە ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن تیمەکانی پشکنینى سەر بە ئاژانسەکە لە ساڵی (٢٠١٠)ەوە ئەرکی خۆیان تێپەڕاندووە و داوای هەندێک زانیارییان کردووە کە پەیوەندی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانەوە نەبووە، تەنانەت زانیاری نهێنییان لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمیەکانى ئێرانەوە بۆ مۆساد دزەپێکردووە، هەر ئەوەش وایکرد لە ساڵى (2018) دەزگاى مۆساد ئەرشیفی ئەتۆمی ئێرانى بڵاوبکاتەوە و بە بەکارهێنانى ڤایرۆسی ستۆکسنێت هێرشێکی ئەلیکترۆنی لەدژى دامەزراوەی نەتەنز ئەنجام بدات. پاشان بەهۆى ئاشکراکردنى ناویان لە راپۆرتەکانى ئاژانسەکەدا و ئەنجامدانى چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا، ژمارەیەک زاناى ئێرانى تیرۆرکران وەک: مەجید شەهریاری، مستەفا ئەحمەدی ڕۆشان، مەسعوود عەلی محەمەدی، داریوش ڕەزایی و فەرەیدوون عەباسی.
“یوکیا ئامانۆی ژاپۆنی” کە لە ساڵی (2009 – 2019) پۆستى بەڕێوەبەرى ئاژانسەکەى وەرگرت، بایەخێکى بەرچاوى بە سەلماندن و بەدواداچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەدا. بۆیە هەریەکە لە ئێران و ڕووسیا و چین ناوبراویان بەوە تۆمەتبارکرد کە لە بەرژەوەندى وڵاتانى رۆژئاوا کاردەکات. پاشان ڕافایل گرۆسی ئەرژەنتینی شوێنی گرتەوە، گرۆسی هەر لە سەرەتاى دەستبەکاربوونیەوە لە ساڵى (2019) تائێستا، چەندین ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانەی لەسەر ئێران بڵاوکردۆتەوە، تارانى تۆمەتبار کردووە کە وەک پێویست هاوکارى ئاژانسەکەى ناکەن، هەرچەندە سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئێران، چەندینجار پشکنەرەکانى سەردانی لەناکاویان بۆ شوێنه سەربازییەکانی ئێران ئەنجامداوە. دواى هێرشى (12) رۆژەى ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران و تیرۆرکردنى چەندین زاناى ئەتۆمى، نە ئاژانسەکە و نە گرۆسی رەخنەیان لە ئیسرائیل نەگرت و هیچ بەیاننامەیەکیان بڵاونەکردەوە کە ئیسرائیل بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانبار بکات، بۆیە حکومەتى ئێران بڕیاریدا بە فەرمى هاوکارییەکانى لەگەڵ ئاژانسەکەدا رابگرێت. راگرتنى هاوکارییەکانى ئێران بۆ ئاژانسەکە لە ئەنجامى ئەوەیە کە ئێران پێیوایە سەربارى ملکەچ بوونى بۆ پشکنینەکانی ئاژانسەکە و قبوڵکردنی ڕاپۆرتەکانی، کەچى دامەزراوە ئەتۆمیەکانى نەپارێزران و هێرشیان کرایە سەر، هەروەها مافی ئێران بۆ پیتاندن و بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی گەرەنتی نەکرا.
تێبینى: زانیارییەکان لە راپۆرتێکى سجود عوايص وەرگیراوە کە لە رۆژى (28/6/2025) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بەناونیشانى (الوكالة الدولية للطاقة الذرية: عين التفتيش أم ذراع التجسس؟) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى



































































