“گۆڕینی چەمکی ئیرادەی هێز: چۆن نازییەکان فەلسەفەی نیچەیان بۆ ئایدیۆلۆژیای خۆيان بەکارهێنا”
چەمکی ئيرادەی هێز لای فریدریک نیچە یەکێکە لە گرنگترین و ئاڵۆزترین چەمکەکانی فەلسەفەکەی، ئەم چەمکەش لەلایەن سیستمی نازییەوە لە ئەڵمانیا بەشێوەیەک گۆڕانکاری تێداکراوە، کە بۆ خزمەتکردنی ئایدیۆلۆژیا ڕەگەزپەرستی و فراوانخوازییەکانیان بەکاریان هێناوە، لەکاتێکدا کە خودی نیچە ئەو مەبەستەی نەبووە، بەڵکو دژی نەتەوەپەرستی توندهاژۆیی و پرەنسیپی دژایەتیکردنی سامیەت(Anti-(Samitism بووە.
ئیرادەی هێز لای نیچە: ناوەڕۆکی بیرۆکە
نیچە وا دەبینێت کە ئیرادەی هێز تەنها خواستی مانەوە یان دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکو ئەو هێزە پاڵنەرە سەرەکییەیە کە هەموو بوونەوەرە زیندووەکانی جوڵاندوە، مەیلێکی بەردەوامە بۆ گەشەکردن، باڵادەست بوون، داهێنان، و خۆسەپاندن. ئەم ویستە لە هەموو کردەوەیەکی مرۆڤدا دەردەکەوێت، جا لە هونەردا بێت یان لە بیرکردنەوەدا یان لە ژیانی پڕاکتیکیدا، بەمانایەکی تر دەربڕینێکە لە وزەی ژیانەوە کە مرۆڤ پاڵ دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە “مرۆڤی باڵاتر” کە بەسەر بەهاکانی نەریتیدا تێدەپەڕێت و بەهاکانی خۆی دروست دەکات.
نیچە جیاوازی لە نێوان دوو جۆری هێزدا دەکات:
- کرافت (هێز یان زۆرداری): ئەو هێزە خاوەیە کە هەر بوونەوەرێک هەیەتی.
- ماخت (وزە یان توانا): ئەو هێزە ئاگادارە ڕێبەرکراوەیە کە لە باڵابوون و خودسەپێنی و داهێناندا دەردەکەوێت.
ئیرادەی هێز بەم واتایە بانگەشە بۆ توندوتیژی یان زاڵبوونی کوێرانە نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە خۆ کۆنتڕۆڵکردن و داهێنان، و نوێبوونەوەی بەردەوام لەخۆدەگرێت. نیچە وا دەبینێت کە هێز دەکرێت بە شێوەیەک بەکاربهێنرێت کە سوودی بۆ خەڵک ھەبێت نەک تەنها لە ڕێگەی زیان یان دڵڕەقییەوە.
چۆن نازییەکان چەمکی ئيرادەی هێزیان بەکارهێنا؟
لەگەڵ هەڵکشانی ئایدیۆلۆژیای نازیسم، چەمکی ئیرادەی هێز گۆڕانی زۆری بەسەردا هات، ئەم چەمکە بە ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرست و خۆسەپێنەکان بەسترایەوە، کە دوور بوون لە فەلسەفەی ڕەسەنی نیچە. ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕێگەی چەند هۆکارێکەوە ڕوویدا:
- ڕۆڵی ئێلیزابێت فۆرستەر-نیچە: خوشکەکەی نیچە کە نەتەوەپەرستێکی ئەڵمانی توندهاژۆ بوو، پاش مردنی نیچە دەستی کرد بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی دەفتەر و کارەکانی نیچە، لەگەڵ دەستکاریکردنی دەقەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بەئایدیۆلۆژیای نازییەکان بکات، بەتایبەتی کتێبی “ئیرادەی هێز” کە نیچە خۆی بە شێوەی فەرمی بڵاوی نەکردبووەوە.
- پەیوەندی ئیڕادەی هێز بە هەژموونی ڕەگەزی: نازییەکان بیرۆکەی مرۆڤی باڵایان گۆڕی بۆ وێنەی ڕەگەزی ئاری هەژموونگەرا، و ویستی هێزیان وەک بیانوویەک بۆ زاڵبوونی ڕەگەزی و سیاسی بەکارهێنا، لە کاتێکدا نیچە پەیوەندیی بە هەژموونی تاکەکەسی و تێپەڕاندنی خۆیەکی دەکرد، نەک بە ڕەگەز یان نەتەوەپەرستی.
- پاساو هێنانەوە بۆ توندوتیژی و خۆسەپێنی: نازییەکان ویستی هێزیان وەک پاساوێک بۆ سیاسەتە هێرشبەر وفراوانخوازیەکانیان بەکارهێنا، و پێیان وابوو کە هێز و زاڵبوون مافێکی سروشتییە بۆ بەهێزەکان، ئەمەش لێکدانەوەیەکی تەواو دوور بوو لە واتا فەلسەفییەکە کە ڕەهەندی ئاکاری و هزری تێدایە.
- بەکارهێنانی ئیرادەی هێز لە پڕۆپاگەندە و پەروەردەدا: فەلسەفەی نیچە بووە بەشێک لە وانە هزرییەکان کە لە زانکۆ و قوتابخانە نازییەکاندا بۆ پتەوکردنی دڵسۆزی بۆ سیستمەکە و هاندانی بیرۆکەی باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنرا.
“جیاوازی لە نێوان فەلسەفەی نیچە و نازیێتی”
سەرەڕای ئەم بەکارهێنانانە، جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان فەلسەفەی نیچە و ئایدیۆلۆژیای نازییەکان هەیە:
- نیچە ڕەخنەگرێکی توند بوو لە نەتەوەپەرستی توندهاژۆ و دژی سامیتیزم، و ئایدیۆلۆژیاکانی ڕەتکردەوە کە ڕق و جیاکاری جێگیر دەکرد.
- مرۆڤی باڵاتر لای نیچە پڕۆژەیەکی تاکەکەسی، ڕۆحی و ئاکارییە، کە بۆ تێپەڕاندنی خۆیەکی هەوڵ دەدات، نەک بۆ زاڵبوون بەسەر خەڵکان یان گەلانی تردا.
- نیچە ئاکاری مەسیحیەتی نەریتی ڕەت دەکاتەوە کە لەسەر قوربانیدان و خۆبەکەمزانی بونیادنرابوو، بەڵام بانگەشە بۆ لەناوبردنی ئەوانی تر ناکات، بەڵکو بۆ شەڕی هزری و ئاکاری ناخ هەوڵەدات.
- ئەو شەڕەی کە نیچە باسی کردووە شەڕی ئاوەزە دژی بەها نەریتییەکان، نەک بانگەشە بۆ شەڕی ڕەگەزی یان کۆلۆنیالیزم.
“دەرەنجامەکانی گۆڕانکاری نازیسم لە فەلسەفەی نیچە”
بەکارهێنانی نازییەکان بۆ فەلسەفەی نیچە بووە هۆی شێواندنی وێنەکەی و بەستنەوەی ناوەکەی بە ئایدیۆلۆژیا وەحشیەتگەرییەکان، سەرەڕای ئەوەی فەیلەسوفی ناوبراو دژی ئەو ئایدیۆلۆژیانە بوو. پاش جەنگی جیهانی دووەم، زۆر لە فەیلەسوف و مێژووناسان هەوڵیان دا نیچە بە شێوەی دروست بخوێننەوە، و ئەو دەستکارییەیان ئاشکرا کرد کە خوشکەکەی و نازییەکان ئەنجامیان دابوو.
لە دەرئەنجامدا نازییەکان چەمکی ئيرادەی هێزیان دەستکاری كرد و گۆڕییان بۆ ئەوەی خزمەت بەئامانجە زۆردار و ڕەگەزپەرستەکانیان بکات، لە کاتێکدا چەمکی ڕەسەن لای نیچە دەربڕینێکە لە وزەی ژیانەوە بۆ گەشەکردن و باڵادەستی خۆیەکی، نەک بیانوویەک بۆ زاڵبوون یان توندوتیژی.
تێگەیشتن لە ویستی هێز بە شێوەی دروست پێویستی بە خوێندنەوەی فەلسەفەی نیچە لە کۆنتێکستی تەواوی خۆیدا هەیە، دوور لە بەکارهێنانە سیاسییەکان کە گؤڕانکاری بەسەرداهاتووەو، کراوە بە ئامرازێک بە دەست ئایدیۆلۆژیا توندهاژۆکان.