بەشێوەیەکى گشتى وڵاتانى جیهان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ دروستکردن یان کڕینى کەرەستەى سەربازى پێشکەوتوو، بە تایبەت کە لە سەردەمى ئێستادا “زیرەکى دەستکرد” بە ئاستێکى باڵا چۆتە ناو بوارى سەربازییەوە، زیندووترین نمونەش بۆ ئەمە دوایین جەنگى نێوان ئێران و ئیسرائیل بوو لە مانگى 6/2025، لەم نووسینەدا هەوڵدەدەین پیشبرکێى خۆ پرچەککردن “ سباق التسلح” و رەهەندەکانى بەشێوەیەکى گشتى شی بکەینیەوە:- کێبڕکێی چەک دیاردەیەکی “سەربازی، سیاسی، پیشەسازی و بازرگانییە” کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و سەرهەڵدانی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن لەم بوارەدا چڕتر بووەتەوە. چڕبوونەوەی ململانێکان و تەشەنەکردنی لە نێوان دەوڵەتان بۆتە هۆی زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دا. دەکرێت پێشبڕکێی چەک بەم شێوەیە پێناسە بکرێت:- پەیوەندییەکی کێبڕکێ و دوژمنایەتی کە لە نێوان دوو وڵات یان کۆمەڵێک وڵاتدا هەیە بە ئامانجی زیادکردنی بڕی چەک “ڕەگەزی چەندایەتی” و هەروەها کوالێتی “ڕەگەزی چۆنایەتی”.
“شێوازەکانى پێشبرکێى خۆ پڕچەککردن”
- لەڕووى ژمارەى لایەنەکانەوە “ تاک لایەن-دوولایەن-فرەلایەن”:- واتە دەکرێت تەنها یەک دەوڵەت بەم کارە هەڵبسێت لە چوارچێوەى پلان و بەرنامەى وەزارەتى بەرگرى یان دامەزراوە سەربازى و ئاسایشییەکانى، هەندێکجار دەکرێت دوو دەوڵەت لە چوارچێوەى ڕێکەوتنێکدا ئەم کارە ئەنجام دەدەن، هەندێک کاتى تر فرە لایەنە واتە زیاتر لە دوو دەوڵەت، لە بوارى پڕاکتیکدا زیاتر ڕەهەندى تاک لایەنەکە زاڵە و هەستى پێدەکرێت و پڕۆسەکە وەک بەشێک لە ئاسایشى نیشتمانى وڵات سەیردەکرێت.
- لەرووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە:- واتە تەنها ژمارەى کەرەستە سەبازییەکان گرنگ نین لە پێشبڕکێى خۆ پڕچەککردندا، دەبێت هاوشان لەگەڵ ژمارەى کەلوپەل و کەرەستە سەربازییەکان کوالێتى یان بەرزبێت بە تایبەت کە لە سەردەمى ئێستادا زیرەکى دەستکرد و تەکنەلۆجیا چوتە ناو هەموو بوارەکانى ژیانەوە، واتە گرنگە بۆ دەوڵەتان و کۆمپانیاکانى دروستکردنى بوارى چەک هەم چەکەکان پێشکەوتووبن و هەم ژمارەیان زۆربێت.
- لە ڕووى سرووشتى لایەنەکانەوە:- بە پێى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان تەنها دەوڵەتان دەتوانن چەک و پێداویستى سەربازى بەرهەم بهێنن یان بیکڕن، مەبەست لەمە بریتییە لەوەى چەک تەنها لە دەستى دامەزراوەکانى دەوڵەت بێت، بەڵام لەسەر ئەرزى واقع بە تایبەت ئەو وڵاتانەى سیستەمى سیاسی تەندروست و پێشکەوتوویان نییە و بنەکانى دیموکراسى تێیدا نەچەسپیوە، دەبینین هێزەکانى دەرەوەى حکومەت چەکیان هەیە و میلیشیا بوونى هەیە، واتە حزب و گروپى جیاواز لە دەرەوەى دەوڵەت چەکیان هەیە، نمونەش بۆ ئەمە زۆرە لەسەر ئاستى ولاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەوانە “ حزب اللە لە لوبنان، حەماس لە فەلەستین…..ھتد”.
- لەڕووى خەرجییەوە “ لە تێکراى داهاتى وڵات چەند تەرخان دەکرێ”:- بە پێى سرووشتى و سیستەمى سیاسى و پێگەیان لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتى ئەمە جیاوازە، بەشێک لە وڵاتان بە تایبەت وڵاتانى نادیموکراسى بەشى زۆر لە خەرجى بۆ بوارى سەربازى تەرخان دەکەن، زۆرجار ئەمەش لەسەر حسابی سێکتەرەکانى ترە لە وڵاتدا، تەنانەت لە ئێستادا لە بەشى زۆرى وڵاتان بەرزترین بودجەى وەزارەتەکان لە وەزارەتى بەرگرى دا خۆى دەبینێتەوە و زیتدووترین نمونەش بۆ ئەمە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە کە بودجەى وەزارەتى بەرگرى ٣ بەرانبەرى وەزارەتى خزمەتگوزاریەکانە و بگرە زیاتریش.
- لە ڕووى قۆناغەکانى “هەستکردن بە مەترسى-بەزیادکردنى هەرەشەکان قۆناغەکان دەگۆڕێن”:- ئەمە بۆ تەواوى ولاتانى جیهان دروستە، بەڵام زیاتر ئەو ولاتانەى کە ململانێى مێژوویان هەیە لەگەڵ وڵاتێکى دیاریکراو یان وڵاتى هاو سنووریان زیاتر مەبەست لەوانە، بە نمونە هەریەک لە هندستان و پاکستان، پەیوەندییەکان هەڵبەز و دابەزى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە
“هۆکار و پاڵنەرەکانى پێشبرکێى نوێى چەک”
هەرچەندە بەر لە دروستبوونى دەوڵەت، ئمپراتۆرییەکان و پێشتریش دەوڵەتە شارەکان بەردەوام هەوڵیان داوە تواناى سەربازى خۆیان پێشبخەن، بە مەبەستى پاراستنى خۆیان و هێرش کردنە سەر نەیارەکانیان، لەگەڵ دروستبوونى دەوڵەتى نەتەوەیش دەوڵەتان بەردەوام هەوڵیان داوە تواناى سەربازى خۆیان بەرز بکەنەوە سوود لە تەکنەلۆجیا ببینین بەمەبەستى پێشختنى توانا سەربازییەکانى خۆیان، بەگشتى سرووشتى دەوڵەتان و مرۆڤایەتى وایە کە هەوڵى خۆ بەهێزکردن و پاراستنى خۆیان دەدەن، بەڵام لە چەند سالى ڕابردوو لە دواى کۆتایی هاتنى جەنگى سارد و بەتایبەتتر دواى ڕووداوەکانى 11ى سێبتەمبەر ئەمە پەرەسەندنى زیاترى بەخۆیەو بینیوە، هەرچەندە شتێکى دیارکراو نییە وەک بنەماى سەرەکى بۆ خۆ پڕچەککردن سەیر بکرێت، بەڵام چەند نا ئارامى و ڕووداو لەسەر ئاستى جیهان هەن کە کاریگەریان هەبووە لەسەر هەڵکشانى پیشبڕکێى خۆ پڕچەککردن کە لە خوارەوە ئاماژە بە بەشێکیان دەکەین.
یەکەم:- جەنگى ڕووسیا – ئوکراینا؛ شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئاسایشی ئەوروپادا بەدوای خۆیدا هێناوە، شەڕەکە کەموکوڕیەکانی ڕێکخستنە ئەمنییەکانی ئەوروپای ئاشکرا کرد و دەریخست کە یەکێتی ئەوروپا تەنها ڕێکخەری سیاسەتە ئەمنییەکانە، نەک بتوانێت چەترێکی ئەمنی بۆ ئەو وڵاتانە دابین بکات لە بەرانبەر هەڕەشە ئاسایشییەکان. بۆیە شەڕەکە بووەتە هۆکارێک بۆئەوەى وڵاتان زیاتر پەنا ببەنە بەر زیادکردنى خەرجییە سەربازییەکانیان بەهۆی ترس لەوەى ڕووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات ئەگەر نەتوانێت سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی سەربازی لە کیێڤ بەدەستبهێنێت. ڕووسەکان پێیان وایە هەوڵێک هەیە بە پشتیوانى وڵاتانى ڕۆژئاوا بۆ گەمارۆدانى ڕووسیا، ئەمە سەربارى ئەوەى بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانى بوارى چەک بە تایبەت لە ئەمریکا و وڵاتانى ترسوودمەندى یەکەمى جەنگن و ملیارەها دۆلاریان دەست خست، هەورەها لە چەکى کۆنیش رزگاریان بوو.
دووەم:- پەرەسەندنى سەربازى چین؛ هەرچەندە چین جێگەی ئەمریکای نەگرتۆتەوە، بەڵام لە سەروەری ناوچەیی و سەرکردایەتی جیهانیدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە؛ فراوانبوونی چین لە ناوچەکانی وەک ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای باشوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی کراوە، ئەمە سەبارى بەردەوامى گرژى و ئاڵۆزییەکانى نێوان تایوان و چین.
سێیەم: هەڕەشەکانى کۆریاى باکوور؛ کۆریای باکوور لەم ساڵانەدا چەندین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەند و دوور. نیگەرانی ژاپۆن و لە لایەکی دیکەشەوە کاریگەری لەسەر سرووشتی کارلێکەکانی ناوچەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش هەبوو.-ژاپۆن هەوڵدەدات خاوەنی نوێترین چەکی بەرگری بێت، لەوانەش مووشەک، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە ستراتیژییەکانی کۆریای باکوور، هاوکات لەگەڵ ئەمریکا و کۆریای باشوور کاردەکات بۆ بەردەوامبوون لە فشارخستنە سەر کۆریای باکوور بە سەپاندنی سزا ئابوورییەکان.
چوارەم:-جیاوازى دیدگاى ئەمریکا و ئەوروپییەکان؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی چەتری ناتۆوە ڕۆڵێکی ناوەندی لە ئاسایشی ئەوروپادا هەیە، بەڵام ئەم ڕۆڵە لەم چەند ساڵەی دواییدا بووەتە جێی پرسیار، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە گەورەکانی ئەمریکا بەرەو ئاسیا، بە تایبەت لە سەردەمى سەرۆکایەتى ترمپ نیگەرانى ئەوروپییەکان سەبارەت بە مامەڵەى ترامپ بەرانبەر بە ناتۆ و ئاسایشى ئەوروپا زیاتر بووە، بە ئاشکرا ئەمەش بە لێدوانەکانى دۆناڵد ترەمپەوە بەدیکراوە. بەشێوەیەکى گشتى پەرەسەندنە نا ئەمنییەکان لەسەر ئاستى جیهان بە گشتى، بە تایبەت لە بە شێکى ئاسیا و ئەوروپا و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، هۆکار و هاندەرى زیاترن بۆ ئەوەى دەوڵەتان زیاتر بیر لە بەهێزکردنى توانا سەربازییەکانى خۆیان بکەنەوە.
“لێکەوتەکانى پێشبڕکێى خۆ پڕچەککردن”
- بارگرانى ئابوورى لەسەر دەوڵەتان.
- پەراوێزخستنى کەرتەکانى تر و گرنگیدانى زیاتر بە کەرتى سەربازى.
- وەرگرتنى قەزر لەلایەن دەوڵەتانەوە بۆ ئەم بابەتە، ئەمە سەربارى ئەوەى دەبێتە هۆى فشارى زۆر لەسەر سێکتەرى ئابوورى، هەندێکجار ئەمە دەبێتە هۆى ئەوەى سوویەکى زۆر بچیتە سەر وڵاتان لە کاتى وەرگرتنى قەرزەکە.
- هەڵاوسانى ئابوورى و گرانى کەلوپەل و بەرزبوونەوەى نرخ.
ئەوەى پەیوەستە بە چەکى ئەتۆمى کە زۆرترین نیگەرانى هەیە بەرانبەر بەم چەکە، بەپێى “دامەزراوەى نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی SIPRI”، ئەم 9 وڵاتە خاوەن چەکى ئەتۆمین: “ڕوسیا، ئەمریکا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، پاکستان، هندستان، ئیسرائیل، کۆریاى باکوور”.
“مەترسییەکانى جەنگى ئەتۆمى”
بێگۆمان لە ئەگەرى بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمى، چەندین لێکەوتەى جۆراوجۆرى دەبێت کە هەوڵ دەدەین لە خوارەوەدا ئاماژە بە بەشێکیان بکەین:-
- ژمارەى قوربانیان بە ئاستێکى زۆر بەرز دەبێت “هەرچەندە بە پێى شوێن و شێوازى بەکارهێنانەکەى دەگۆرێت” بەڵام دوورنییە ژمارەى قوربانییەکان ملیۆنان کەس بن.
- کەش و هەوا گۆرانى بەسەردا دێت “نەگەیشتنى تیشکى خۆر بۆ سەر زەوى” هاتنى زستانى ئەتۆمى.
- برسییەتى و هەژارى و بڵاوبونەوەى نەخۆشى ترسناک.
- ئامێرەکانى پەیوەندى لەکار دەکەون، نزیکبوونەوەى لە کۆتایی هاتنى ژیان.
ئەنتۆنیۆ گۆتێریز سکرتێرى گشتى UNوەکو گەورەترین ڕێکخراوى نێودەوڵەتى دەڵێت “با ئەو چەکانە لەناو ببەین بەر لەوەى لەناومان ببەن، ناتوانین ڕێگە بدەین ئەو چەکە ئەتۆمییەى مشتێک وڵات خاوەندارییەتى دەکەن، ژیان لەسەر هەسارەکەمان بخەنە مەترسییەوە، دەرگاى ڕۆژى قیامەت بکەنەوە“. بەڵام سەربارى ئەمانەى کە ئاماژەى پێدرا، ئەتۆم لە زۆر بوارى ئاشتى دا بەکاردێت و بەشێک لە وڵاتان سوودى لێ دەبینن وەک ئەمانەى خوارەوە:-
یەکەم:- بەرهەمهێنانى کارەبا، “ 10% کارەباى جیهان بە وزەى ئەتۆم کاردەکات”، یارمەتى گۆڕانى کەشوهەوا دەدات بە دەردانى گازى گەرمخایەن.
دووەم:- زانستى پزیشکى “دەستنیشانکردن و چارەسەرى نەخۆشییەکان”، وێنەگرتنى ئەندامەکانى ناوەوەى جەستە، چارەسەرى تیشکى شێرپەنجە، یۆد و دەرمانى چارەسەرى غودەى دەرەقى.
سێیەم:- کشتوکاڵ و پیشەسازى خۆراک، پرۆسەى هەڵگرتن و پاراستنى خۆراک لە ڕێگەى تیشکى تیشکدەرەکانەوە.
چوارەم:- بوارى پیشەسازى، وزەى ئەتۆم “پێوانەکردنى ئەستورى ماددەکان، درز و کەموکوڕى ناوەوەى پارچەکانى ناوەوەى فڕۆکە، ژێر دەریایی و کەشتیە سەربازییەکان و دابینکردنى وزە بۆیان بۆ ماوەیەکى درێژ”.