“شەڕ و ململانێى وڵاتان لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو”
لە چەند دەیەی ڕابردوودا؛ جیهان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوەی ململانێى نێوان وڵاتاندا بینیوە. ئیتر شەڕەکان تەنها لە مەیدانى شەڕ و بەکارهێنانى چەکی باودا سنووردار نین، بەڵکو شەڕە نوێیەکان لە بۆشایی سایبەری و ژوورەکانی هەواڵگری و تەکنەلۆژیا دیجیتاڵیەکاندا ئەنجام دەدرێن. زانیاری بووەتە چەک، و داتا بووەتە ئامانج. لەم چوارچێوەیەدا، وڵاتان زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا نوێ و دامەزراوە هەواڵگرییەکان دەبەستن بۆ ئەنجامدانی شەڕە شاراوەکانیان، بەڵام کاریگەریى ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و سەروەری نەتەوەیى هەیە.
“پاشخانی مێژوویی بەکارهێنانی هەواڵگرى و تەکنیک لە ناکۆکییەکاندا”
لە دێرزەمانەوە، هێزە گەورەکان “هەواڵگرى” یان وەک بەشێک لە پلانەکانى سەرکەوتنى شەڕ زانیوە. لە میسری کۆن و چین و ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، هەواڵگرى و کارى سیخوڕى بۆ چاودێریکردنی دوژمن و ئامادەکردنی پلانە پێشوەختەکان بەکارهێنراوە.
فەیلەسووفی چینی “سون تزو” لە کتێبى “هونەری شەڕ”دا ئاماژەی بەوە کردووە کە “هەموو شەڕەکان لەسەر فریودان بنیات دەنرێن”، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەیەکى تۆخى. لە سەردەمی نوێدا، شەڕی سارد “1947-1991”ى نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت گۆڕانکارییەکی جۆری لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە کارى سیخوڕی و بەرگریکردندا بەدى کرا. کارەکان بریتی بوون لە: گوێگرتن لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، بڵاوکردنەوەی تۆڕی سیخوڕان بەسەر کیشوەرەکاندا، و بەکارهێنانی شەڕی دەروونی و زانیاری چەواشەکارانە.
“نموونەی سەردەم لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و هەواڵگرى لە ناکۆکییەکاندا”
لە مێژووى هاوچەرخدا و بەردەوامیش بەپێى گۆڕانکارى و پێشکەوتنە خێراکانى جیهان و جیهانگەرى، شەڕى تەکنۆلۆژیا و هەواڵگرى پەرەى سەندووە و تەنانەت خەریکە بەتەواوى وڵاتە زلهێزەکان ئیتر بڕوایان وا دەبێت کە ئەوەى لەچەند ساڵى شەڕێکى گەورەى “باو”دا هەوڵى بەدەستهێنانیان دەدا “نمونەى شەڕە جیهانییەکان”، ئێستا دەتوانن لە چەند ڕۆژێکدا لەڕێگاى تەکنۆلۆژیا و پەرەپێدانى تۆڕى سیخوڕى و هەواڵگرییەوە تووندتر ئامانجەکە بپێکن. “چین و ئەمەریکا” نمونەى دوو وڵاتى شەڕکەرى پشتبەستوو بە کارى سیخوڕى و هەواڵگرین. شەڕ لە نێوان ئەمریکا و چیندا شێوازێکی زانیاری و ئابووری وەردەگرێت، بەو پێیەى بەردەوام پەکین لەلایەن واشنتۆنەوە بە هەوڵى پەلاماردانى سایبەرى بۆ دزینى تەکنۆلۆژیا تۆمەتبار دەکرێت. بۆ نمونە ساڵى ٢٠١٤ پێنج ئەفسەری سوپای چینی لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبار کران بە دزەکردنە ناو كۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارەکانی وزە و فڕۆکەوانیدا. هەروەها، ساڵى ٢٠٢٠یش ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمەریکی کە لەسەر گەشەپێدانی کوتان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریان دەکرد، لەلایەن چینییەکانەوە بە ئامانج کران. “ڕووسیا”یش بەردەوام کارى لەسەر ئەوە کردووە کە پەلامارە سایبەرییەکان وەک ڕێگاى سیاسى و هێرشکردن بەکاربهێنێت. یەکێکە لە بەرچاوترین ئەو وڵاتانەى کە پشت بە پەلامارى سایبەرى و کارى سیخوڕى دەبەستێت دژى نەیارەکانى.
بۆ نمونە ساڵى ٢٠١٦ لەگەرمەى هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکادا، پۆستەى پارتى دیموکراتەکان لەلایەن ڕووسیاوە هاک کرا و هەرچى زانیارى هەستیار و هەواڵگرى هەبوو دزرا؛ ئەمە کاریگەری لەسەر ڕاى گشتى دروستکرد. چیرۆکى شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش کە نزیکەى ٤٠ ساڵە بەردەوامە، پڕە لە ڕووداوى پەلامارى سایبەرى و هەواڵگرى. دوایەمین شەڕى نێوانیان “شەڕى دوانزە ڕۆژە” کە لەمانگى رابردوودا بوو، بەتەواوى ئەوەى سەلماند کە ئەوەى لەرێگاى تەکنۆلۆژیا و هەواڵگیرییەوە دەکرێت، کاریگەرترە لە جەنگێکى دوور و درێژى مەیدانیى باو. لەڕێگاى شەڕى هەواڵگرى و “درۆن”ەوە و لە تەنها ١٢ ڕۆژدا زیاتر لە ٦٥٠ کەس کوژران و دەیان فەرماندە و زاناى ئەتۆمى و سەرکردە کرانە ئامانج، ئەمە جگە لە زیانە ئابوورییەکەى هەردوولا کە بە ١٥ ملیار دۆلار زیاتر مەزەندە دەکرێت. پێکانى ئەم ئامانجانە لەو ماوە کورتەى شەڕدا و بەبێ ئەوەى سوپاى هەردولا نزیک ببنەوە، دەرخەرى ئەوەیە کە ئیتر شەڕى سایبەرى، تەکنۆلۆژیا و هەواڵگرى مایەى ترسى گەورەى نێو ململانێ سیاسى، سەربازییەکانى وڵاتانە.
ئێران و ئیسرائیل ئەزمونى مێژوویى تریشیان لەم جۆرەى شەڕدا هەیە. پەلامارەکەی “ستاکسنێت2010” یەکێکە لەوانەیە؛ کاتێک ڤایرۆسێک دیزاین کرا بۆ لەکارخستنی ئامێرەکانی خولاندنی ناوکی-ئەتۆمى ئێرانی. بوو بە هۆی تێکچوونی زیاتر لە 1000 ئامێر لە کارگەی “نەتەنز”، و بەرنامەی ئەتۆمیى ئێرانی بۆ چەندین ساڵ دواخست. دزەکردنە نێو وێستگەکانى سوتەمەنى ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە بەمەبەستى دزینى زانیاریى هەواڵگرى “٢٠٢١” و وەڵامدانەوەى ئیسرائیل بە دزەکردنە نێو کامێراکانى چاودێریى تاران و زیندانەکان، نمونەى بەردەوامیى ئەو شەڕەیە.
“داهاتووى شەڕەکان”
شەڕ و ململانێ تووندوتیژییەکانى نێوان وڵاتانى دژ، بەتەواوى فۆرمەکەى گۆڕاوە. لەگەڵ پێشکەوتنى تەکنۆلۆژیا و داهێنانە تەکنیکییەکانیشدا، ئەم شەڕانە دەچنە قۆناغى ترەوە. گەشەپێدانی سیستەمی چاودێری زیرەک “نموونە: چین-سکای نێت”، ڕۆبۆت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە دەتوانن بڕیاری شەڕی سەربەخۆ بدەن وەک Harpy ی ئیسرائیلی، ئاییندەى ململانێکان بەرەو دۆخێکى تر دەبات. بۆ داهاتوو، گەشەپێدانى تەکنیکەکانى شەڕى هەواڵگرى و تەکنۆلۆژیا بە بەکارهێنانى تواناى لێدان و دزەکردنە نێو تۆڕەکانى کارەبا، ئاو و سیستەمە بانکییەکان لە ساتێکدا، هەروەها، پەرەپێدانى پڕۆگرامە ئەلیکترۆنییەکانى باج وەک چەکى دیجیتاڵى ڕەنگە هۆکارى داتەپاندن و ڕووخاندنى ئابوورى وڵاتێکى لێبکەوێتەوە. بەدەر لەوانەش، ئەم جەنگە و پلانەکەکانى وڵاتان بەجۆرێکە ئیتر گەشەپێدانى پلاتفۆرمى ڕاهێنانى دیجیتاڵى ببنە شوێنگرەوەى مەیدانى شەڕ و تەنانەت فەرماندە سەربازییەکانیش ڕەنگە لە داهاتوودا بەتەواوى لە ژینگەى خەیاڵییەوە بەڕێوە ببرێن. لەسەدەى بیست و یەکەوە چەمکى جەنگ گۆڕاوە. لەکاتێکدا پێشتر هێز بە ژمارەى سەرباز و تانک و تۆپ دەپێورا، ئێستا ئیتر بە تواناى وڵاتان لە پاراستنى تۆڕەکانیان، بەرەنگاربوونەوەى پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان، وەبەرهێنانى زیرەکى دەستکرد لە ئاسایشى نیشتمانیدا و پاشانیش پەرەپێدانى سیستەمى هەواڵگرى دەپێورێت.
ئەم گۆڕانەى میکانیزم و پێوەرەى هێز، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانى ستراتیژى ململانێى وڵاتان پلانى شەڕەکانیش. ئەگەر پێشتر بیرکردنەوە و خواستى داگیرکاریى خاک و ئاو و فراوانکردنى سنوور بە ڕاستەوخۆیى لەلاى وڵاتان مەبەست بووبێت؛ ئێستا ئیتر ئەو فراوانخوازییە گۆڕاوە بۆ لێدان لە لاوازکردنى سیستەمى وڵاتى نەیار و کز و کوێرکردنى و فراوانکردنى هەژموونى وڵاتى باڵادەست بەسەر وڵاتاندا. بێگومان ئەمەش، لەرێگاى شەڕى تەکنۆلۆژیا و هەواڵگرییەوە زووتر و کەم زیان تر بەدەست دێت. چەمکی شەڕ لە سەدەی بیست و یەکەمدا گۆڕاوە. لەکاتێکدا هێز بە ژمارەی سەرباز و تانک دەپێورا، ئێستا بە توانای وڵاتان لە پاراستنی تۆڕەکانیان، بەرەنگاربوونەوەی پەلامارە ئەلیکترۆنییەکان، و وەبەرهێنانی زیرەکی دەستکرد لە خزمەتی ئاسایشی نیشتیمانیدا دەپێورێت. وڵاتانە ئەوانەی کە هاوشانی ئەم گەشەیە تەکنەلۆژیەیە نەبن، خۆیان بەبەردەم دوژمنانێک دەبینەوە کە نابینرێن، و مەترسیەکان کە ڕانەگەیەنرێن. لێرەوە، ئاسایشی سایبەری و زانیاری نهێنی دیجیتاڵی ئیتر هەڵبژاردە نین، بەڵکو بوونەتە کۆڵەکەی سەروەری نیشتیمانی.