وا چاوەڕوان دەكرێت ئێران بۆ جاری دووهم هێرشی سەربازی بكرێتە سەری لە لایەن ئیسرائیلەوە، بەڵام هێرشی سەربازی ئەمجارە بە شێوازێك و میكانیزمێكی نوێوە دەبێت، بەتایبەتی خاڵی بەهێز و لاوازی هەردوولا دەركەوت، بۆ نمونە خاڵی بەهێزی ئیسرائیل لە هێزی ئاسمانیدایە، بەڵام هێزی ئاسمانی ئێرانی زۆر لاوازە و نیمچە ئیفلیج بوو، بەڵام لەبەرامبەردا هێزی موشەكی ئێران زۆر بەهێز بوو وهێزی دژە موشەكی ئیسرائیل وەكو پێویست نەبوو .هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیە كە گەڕێكی دیكە لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل دووبارە دەبێتەوە، و هەردوولا خۆیان ئامادە دەكەن بۆ دووبارە هەلگیرسانەوەی جەنگ بەڵام ئەمجارە چارەنووساز دەبێت.
هۆكاری ڕاوەستانی گەڕی یەكەمی جەنگەكە لە لایەن ئەمریكاوە و سەپاندنی بەسەر ئیسرائیلدا، چونكە ئەمریكا پێ وابوو ڕەوتی جەنگەكە درێژخایەن دەبێت و لەبەرژەوندی ئیسرائیل نابێت، چونكە ئەمریكا و ترامپ پێیان وابوو كە ئاراستەی جەنگە بە ئاسانی یەكلا نابێتەوە بۆیە ئیسرائیل پێویستی بە دووبارە خۆڕێكخستنەوە هەیە بەتایبەتی سیستمە بەرگریە دژە موشەكەكانی ئیسرائیل كە دەتوانین بڵێن لە ئاست چاوەڕوانی ئەمریكا و ئیسرائیل نەبوو لە ڕێگریكردن لەسەر موشەكەكانی تاران، ڕاستە “بنیامین نەتهنیاهۆ” ئامادە نەبوو جەنگ رابگرێت و ترامپ لەجیاتی ئیسرائیلیش جەنگی ڕاگرت و هۆكاری ڕەتكردنەوەی ڕاگرتنی جەنگ لە لایەن نەتهنیاهوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێ وایە هێشتا ئیسرائیل ئامانجەكانی لە هێرشكردنە سەر ئێران بەدەستنەهێناوە و پێ وایە ئێران هێشتا سەرچاوەیەكە بۆ هەڕەشەكردن بۆ سەر ئیسرائیل وسەرچاوەیەكە بۆ پڕچەككردنی نەیارانی ئیسرائیل لە ناوچەكە. ڕاستە ئیسرائیل توانی هێز و تواناكانی ئێران سنووردار بكات، بەڵام نەیتوانی بنبڕی بكات بەشێویەكی كۆتایی، بەهەمان شێوەی هیچ زانیارییەكی دڵنیاكەرەوە نیە سەبارەت بە لەناوچوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەواوەتی تەنانەت زانیارییە گەشبینەكانی ئەمریكاش باس لە دواخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەكەن بۆ ماوەی دوو ساڵ واتە مەترسی ئێران وەكو خۆی ماوەتەوە، بۆیە بە ئەگەرێكی زۆرەوە چاوەڕوانی دەكرێت ئیسرائیل دوبارە هێرش بكاتەوە سەر ئێران، بەڵام بەشێواز وستراتیژیایەكی نوێ.
سەبارەت بە ئایندەی ئێران پاش جەنگەكە سێ ئاراستە وبۆچوون هەیە سەبارەت بە ئێران:-
بۆچوونی یەكەم بۆچوونی ئەمریكا ووڵاتانی كەنداو كە خوازیارن ئێران لاواز بكرێت و سیستمی حوكمڕانی ئێران وەكو خۆی بمێنێتەوە بە لاوازی، بەڵام هۆكارەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی كەنداو جیاوازن، ئەمریكا وخودی ترامپ لەگەڵ ئێرانیكی لاوازدایە كە ناچاری بكات دەستبەرداری بەرنامەی موشەكی و ئەتۆمی بهێنێت، و ئێران خۆی تەسلیم بكات دواتر هاوبەشیەكی ئابووری لە نێوان هەردوولا دروستبێت بەتایبەتی لە بواری ئاودانكردنەوە ووزە و چەندین جار ترامپ بە ئاشكرا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی كەنداو هەمان بۆچوونی ترامپیان هەیە سەبارەت بەمانەوەی سیستمی سیاسی ئێستای ئێران و سەرەرای ئەوی دوژمنایەتی گەورە هەیە لە نێوانیان، بەڵام هۆكارەكەیان جیاوازە، وڵاتانی كەنداو بەتایبەتی عەربستانی سعودی و ئیمارات و قەتەر پێیان وایە نەمانی دەسەڵاتێكی ناوەندی بەهێز لە وڵاتیكی فرە نەتەوە و فرە ئایین وەكو ئێران بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست سەختتر دەكات، و كۆمەڵێكی كێشمەكێشمی ئاڵۆز وسەخت لە ڕۆژهەڵاتی ناوراست دروستدەكات كە سەختتر و قوڕستر دەبێت لە ئێراقی پاش ڕووخانی سەدام حسین، بۆیە پێیان وایە ڕووخانی سەدام وحیزبی بەعس و ئەزموونی ئێراقی پاش سەدام وانەیەك بوو بۆ هەموو كەنداو كە نابیت دووبارەی بكەنەوە جارێكی دیكە. بۆچوونێكی دیكە هەیە كە بۆچوونی توركیا و پاكستانە كە دژی لاوازكردنی ئێرانن سەرەڕای ئەوەی هەردوو وڵات هاوپەیمانی ئێران نین، بەڵام پاكستان و توركیا پێیان وایە لەناوبردنی ئێران یان لاوازكردنی ڕێگا خۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لە داهاتوودا هەممان چارەنووسی ئێرانیان هەبێت بەتایبەتی توركیا كە پێ وایە پاش ئێران نۆرەی توركیا دێت، ئەمەش هاندەر دەبیت بۆ توركیا كە سوور بێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد بۆ ئەوەی ڕێگا بگرێت لە هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراو لە داهاتوودا .بەڵام ئیسرائیل بۆچوونیكی دیكە هەیە كە جیاوازە لە بوچونەكانی ترامپ وكەنداو، پێیان وایە سەردەمی وڵاتە گەورەكان بەسەر چووە و پێویستە وڵاتە گەورەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست پارچە پارچە بكرێن یان بەلانی كەمەوە لاواز بكرێن، بەمەبەستی پاراستنی پێشەنگی ئیسرائیل بەرامبەر بە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست كە زامنی مانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلە كە یەكێكە لە وڵاتە بچووكەكان لە ڕووی ڕووبەر و دانیشتوانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بۆیە تاكە چارەسەر بۆ زامن كردنی ئاسایش ئیسرائیل لاواز كردنی وڵاتە گەورەكانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست وەكو ئێران و توركیا و ئێراق و سوریا و عەربستانی سعودی و میسڕ بە پێچەوانەوە ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل مسۆگەر نابێت ولەژێر هەڕەشەی بەردەوامدا دەمێنێتەوە .
بەڵام هەردوولا كۆكن لەسەر یەك خال كە ئێران نابێت وەكو هێزێكی هەرێمایەتی بمینێتەوە وپێویست دەكات بەرنامەی ئێرانی ئەتۆمی و موشەكی لەناوببرێت وپێویست دەكات پرۆكسیەكانی ئێران لە ئێراق و یەمەن لەناوببرێن هاوشێوەی سوریا و لوبنان و حەماس و كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نیە بە ئاشتییانە ئەو كارانە ئەنجامبدات، تەنانەت پاش ڕاگرتنی جەنگ ئێران ڕایگەیاند كە بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی پیتاندانی یۆرانیۆم وبەرنامەی ئەتۆمیەكەی ،بۆیە هەردوولا پییان وایە پێویست دەكات ئەوە كارە بە زەبەری هێز ئەنجامبدرێت ئەوەی یەكێك لەم دوو سیناریۆیە یەكلادەكاتەوە تاچەند ئیسرائیل دەتوانێت فشار بخاتە سەر ئەمریكا وتەرامپ لە ڕێگای لۆبی جولەكە لە ناو ئەمریكا لەژێر ناونیشانی زامنكردنی سەقامگیری وئاسایشی ئیسرائیل كە ترامپ چەندین جار دووپاتیكردۆتەوە گە ئەمریكا هاوپەیمانی ئیسرائیلە. واتە ئەگرەكانی دووبارە دەستپێكردنەوەی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل لەگەل ئێران زیاترە لەئەگرەكانی ئاشتی تەنانەت ئێران بەردەوامی ئاگربەستی بەستۆتەوە بە دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا چونكە ئێران پێ وایە ئیسرائیل دووبارە هێرشدەكاتەوە سەر ئێران، بەڵام ئەمجارەش ئەگەری دەستێوەردانی ئەمریكا لە جەنگەكە بەدووردەزانرێت چونكە یەكەم ئەمریكا خوازیار نیە تێچوویەكی زۆری جەنگەكە بكەوێتە ئەستۆی، خاڵی دووهم بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریكا لەجەنگەكە ئەگەری بەشداریكردنی چین و ڕووسیا لە جەنگەكە زیاد دەكات بۆیە بەشداری ئەمریكا لەگەڕی دووهمی جەنگەكە بەهێز نیە وتەنها ئەگەر بنكەی سەبازییەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست بكرێنە ئامانج یان گەرووی هورمز دابخرێت ئاوا پێدەچێت ئەمریكا بەشدار بێت لەو جەنكە.
“ئێراق و جەنگەكە”
گەڕی دووهمی جەنگەكە بۆ ئێراق چارەنووساز دەبێت چونكە ئەگەر خواستەكانی ئەمریكا و كەنداو جێبەجێ بێت ئاوا پرۆكسیەكانی ئێران لە ئێراق دووچاری لە ناوبردن دەبنەوە و هەژموونی ئەمریكا دووبارە بەهێزدەبیتەوە لە ئێراق و ئێران پاشەكشێ دەكات، بەڵام ئەگەر خواستەكانی ئیسرائیل سەركەوتوو بێت ئاوا ئێراق دابەش دەكرێت بۆ سێ هەرێمی كۆنفدراڵی یان سێ دەوڵەت (دەوڵەتێكی كوردی ودەوڵەتێكی سوونی كە بەئەگەرێكی زۆرەوە بەعسیەكانی ڕۆڵیان هەبێت تەیایدا ودەوڵەتێكی شیعی بە ڕابەرایەتی موقتەدا سەدڕ یان شیعەیەكی عەلمانی) لە لایەكی دیكەوە ئەگەر ئێران كەروی هورمز دابخات ئاوا ئابووری ئێراق تووشی ئیفلیجبوون دەبێت بەهۆی ئەوەی 100% نەوتی ئێراق لەڕێگا كەنداوە وە هەناردە دەكرێت بۆیە حكومەتی سوودانی پلانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی وكەركوك هەیە لەڕێگای توركیاوە بەمەبەستی ڕزگاربوون لە لیكەوتەكانی ئەو جەنگە .
“هەرێمی كوردستان و جەنگ”
لەكاتی گەری یەكەمی جەنگەكە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی دوو ئاست هەبوون لە هەڵویست، هەڵوێستێكی فەرمی حكومی كە بێدەنگی هەڵبژارد وخۆی وەكوی هێزێكی بیلایەنی دەرخست، بەڵام هەڵویستی لایەنە سیاسیە كوردییەكان جیاواز بوون لە نێوان بێ دەنگیەكی بەئاگا كە چاوەڕوانی دەرئەنجامی جەنگ بوون و هەڵویستی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان كە هاوسۆز بوون لەگەڵ ئێران و وەكو جەنگێكی نێوان موسڵمان وجولەگە وێنا دەكرا. بەڵام گەڕی دووهمی جەنگەكە زۆر جیاواز دەبێت و بە ئەگەرێكی زۆرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتە كوردییەكان كە بی دەنگیان هەڵبژارد ئەگەر سیناریۆی ئەمریكی-كەنداو جێبەجێ بیت هەممان بۆچوونیان دەبێت، بەڵام ئەگەر سیناریۆی ئیسرائیلی جێبەجێ بێت ناچار دەبن دەستێوەردان ئەنجامبدەن لەڕۆژهەڵاتی كوردستان وڕێگا بەپارتە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات بدەن چالاكیەكانیان دەستپێبكەنەوە ،چونكە بەردەوامی بێ دەنگی كورد مافەكانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەخاتە ژێر مەترسیەوە .
لەسەر ئاستی ئێراق ئەگەر سیناریۆی ئەمریكی – كەنداو جیبەجێ بێت ئاوا كورد ڕۆڵێكی كارای دەبێت لە دووبارە بوونیادنانەوەی سیستمی سیاسی پاش لە ناوچوونی پرۆكسیەكانی ئێران، وئەگەر سیناریۆی ئیسرائیلی جێبەجێ بێت ئاوا بەدڵنیایەوە ئێراق دابەش دەبێت،وكورد سەربەخۆیی بەدەستدەهێنێت وئێراق وەكو دەوڵەت هەڵدەوشێتەوە .