“به‌بۆنه‌ی وه‌رگێڕانی چێشتی مجێوری هه‌ژار موکریانی بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی”
له‌سه‌ر وه‌رگێڕان زۆر وتراوه و هیشتاش ده‌وترێ و دواتریش ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه چاره‌نووسی شارستانییه‌ت و کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی وه‌رگێڕان له په‌یوه‌ندی و دانوستاندا بن واته وه‌رگێڕان نه‌ک هه‌ر له سه‌رده‌مانی کۆن “واته پاش ئه‌فسانه و ڕووداوی بورجی بابێل که چه‌شنی مرۆڤ سه‌دان و هه‌زارن زمانی به‌سه‌ردا بڕا و سه‌پێنرا” پێویستی و شاڕێگه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندی و پێکه‌وه‌هه‌ڵپێکرانی كولتوور و شارستانییه‌ته‌کان بوو، به‌ڵكو له سه‌رده‌می ئێستاشدا واته سه‌رده‌مێک که زیره‌کیی ده‌سکرد و ته‌کنه‌لۆژیای میدیایی به‌شێوازێک ئاسانکاریی بۆ په‌یوه‌ندیی كولتوور و زمانه جیاوازه‌کان کردووه‌ته‌وه و به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر ئێستاش بۆمان ده‌رکه‌وتووه که کۆمه‌ڵێک کێشه و ئالنگاریی جیدی له‌م پرۆسیه‌دا هه‌یه، هه‌ر ئه‌و پێگه و پله واڵایه‌ی خۆی پاراستووه و بگره ئاڵۆزتر و هاوکات ناسکتریس بووه‌ته‌وه، واته وه‌رگێڕان له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت شتێکی ڕۆبۆتیک و ناهونه‌ری و نامرۆیی نییه به‌ڵكو ڕێک ئه‌و هونه‌ره‌یه که له ڕێگه‌ی مرۆڤ و عه‌قڵ و هه‌ستی سرووشتی و ناده‌سکردییه‌وه دێته ئاراوه واته له ئاوه‌ها پێشه‌که‌وتنێکی شۆڕش ئاساشدا له بواری زیره‌کیی ده‌سکرد و وه‌رگێڕه ته‌کنه‌لۆژیکه‌کانی ئه‌په جیاوازه‌کاندا ئه‌مه وه‌رگێڕه ڕاسته‌قینه و مرۆییه‌که‌یه که ده‌توانێت بیر له داهێنان و وشه‌سازی بکاته‌وه و شتێک له ئه‌ده‌ب و جوانیناسی له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی مانا و وێنه‌کاندا له زمانێکه‌وه بگوازێته‌وه بۆ زمانێکی دیکه.
ئیمه به ڕۆژانه چه‌ندین نموونه له وه‌رگێڕانی ڕسته‌ی پۆستی تۆڕه‌کانی وه‌کوو فه‌یسبووک، ئینیستاگه‌رام و تویته‌ر، ده‌بینین و به ئاسانی ده‌توانین هه‌ڵه زه‌قه‌کان ببینینه‌وه، ئه‌مه ته‌نها له ئاستی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشدا نییه و ڕۆژانه ئه‌گه‌ر چاو له هه‌واڵه‌کانی که‌ناڵێکی ئێراقیی کوردی به ناوی “عراقیه” بکه‌ین به ئاسانی و به زه‌قی هه‌ڵه‌ی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان ده‌بینین. بۆ نموونه: “سه‌ید عه‌مار حه‌کیم و شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی جه‌خت له گرنگی پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نه ناوخۆییه‌کان کرده‌وه.” ئه‌مه ته‌نها له ئاستی وه‌رگێڕان و گواستنه‌وه‌ی مانای هه‌واڵێکه به شێوه‌ی ته‌کنیکی له زمانێکه‌وه بۆ زمانێکی دیکه‌یه”جیاواز له‌وه‌ی که‌ناڵێکی وه‌کوو عراقیه پێده‌چێت ئامانجی زمانشێوانه‌ی کۆلۆنیالیستی له پشته‌وه بێت یان نا” و به دڵنیاییه‌وه له ئاسته ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زانستییه‌کاندا ئه‌مه ده‌توانێت خه‌ساری گه‌وره به‌ر پرۆسه‌یه‌ک بخات که ئامانجی گه‌شه‌ی زانست و مه‌عریفه و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا و دانوستانی كولتوور و شارستانییه‌ته‌کانه.
وه‌رگێڕان وه‌کوو باسم کرد پێناسه‌ی جۆراوجۆر و جیاوازی بۆ کراوه و هه‌ر ڕێباز و تێڕوانینێکی فه‌لسه‌فی یان ئه‌ده‌بی و ته‌نانه‌ت زانستیش جۆره هه‌ڵوێسته و سه‌رنجێکی بۆ پێناسه‌کردنی وه‌رگێڕان و جۆره‌کانی هه‌بووه، ئه‌مه‌ش له بنه‌مادا ده‌لاله‌ته له هه‌بوونی دۆخی جیاوازی وه‌رگێڕان واته چرکه‌ساتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕێک له‌گه‌ڵ ده‌قێکدایه که بڕیاره وه‌ریبگێڕێته سه‌ر زمانی دووه‌م یان سێیه‌م. بۆیه لایه‌نگرانی بواری هێرمنۆتیک ده‌ڵێن وه‌رگێڕان به‌ر له هه‌ر شتێک خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌کردنێکی ده‌قه واته جۆرێک نووسینه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌قێکه به‌پێی تێگه‌یشتن و د‌رکی وه‌رگێڕ له ده‌قه سه‌ره‌کییه‌که، ئه‌م تێڕوانینه هه‌ر وه‌کوو ڕوونه ئازادی زیاتر بۆ وه‌رگێڕ داده‌نێت و تا ڕاده‌یه‌ک وه‌کوو نووسه‌رێک ده‌یبینێت که ده‌قه‌که له به زمانێکی دیکه ده‌نووسێته‌وه، هه‌ر چه‌ند ئه‌م تێڕوانینه هه‌موو ده‌قێک ناگرێته خۆی و تا ڕاده‌یه‌ک له ژێر کاریگه‌ریی ڕێبازی فه‌لسه‌فی هێرمنۆتیکی دایه و کۆی جیهان به خوێندنه‌وه و ڕاڤه‌یه‌ک ده‌بینێت و به گوێره‌ی ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ وشه و زمان و هه‌ر جۆره چالاکییه‌ک که له ناو زماندا ڕوو ده‌دات له‌وانه‌ش وه‌رگێڕان. بێگومان هیچ پێناسه‌یه‌ک ته‌واو و له‌جێی خۆیدا نییه و پێده‌چێت هه‌ر ده‌قێک جۆره ئه‌زموونێکی وه‌رگێڕان به ئێمه ببه‌خشێت که بارستایی و ڕه‌هه‌ندی پێناسه‌کان بگۆڕێت یان پووشێکێ زیاتر بخاته سه‌ر خه‌رمانیان، مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س له شوێنێکدا وتوویه‌تی وه‌رگێڕان وه‌کوو “ماچی ئه‌و به‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌یه” دیاره ئه‌م پێناسه ناسک و خه‌یاڵئامێزه زیاتر بۆ ده‌قه شیعرییه‌کان و به‌گشتی ئه‌ده‌ب و ئه‌و ئه‌زموونه ئه‌ده‌بیانه‌ن که زیاتر له فه‌زایه‌کی شاعیرانه‌دا هۆنراونه‌ته‌وه به ڕۆمان و چیرۆکیشه‌وه.
بێگومان کورد له ڕووی هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له‌م پێناسانه و تیۆرداڕێژی به ڕاده‌ی خۆی چالاک بووه و له ئاستێکی ڕێژه‌ییشدا له پانتای گووتاری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و هزری و ڕۆشنبیریدا توانیوێتی ڕێژه‌ییبوونی ئه‌م بابه‌ته باس بکات و بیگێڕێته‌وه به‌ڵام گرفته‌که ته‌نها ئه‌مه نییه به‌ڵكو پراکتیزه‌کردن و ڕه‌چاوکردنی ئه‌م پێناسه و ڕاڤه و تێگه‌یشتنانه‌یه له وه‌رگێڕان به‌پێی ده‌قێک که وه‌ریده‌گێڕین، ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێکی کورت و کۆتای له وه‌رگێڕاندا هه‌بێت ده‌زانێت له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانی هه‌ر ده‌قێکدا ئالنگاری و گرفتی چه‌ند ڕه‌هه‌ند دروست ده‌بن و وه‌رگێڕ ئه‌گه‌ر به‌م ڕێژه‌گه‌رێتی و کراوه‌ییه‌وه و به لۆژیکێکی زمانه‌وانی پته‌و و هاوکات زه‌ینێکی کراوه‌وه ڕووبه‌ڕووی ده‌قه‌که ببێته‌وه ئه‌وا وه‌رگێڕان خۆی ده‌بێت به داهێنانێک و ئه‌گه‌ر نه‌گاته ئاستی به‌رهه‌مه سه‌ره‌کییه‌که ئه‌وا ده‌کرێت هاوتای ئه‌و شوێنی بۆ دابنرێت. له کوردستاندا وه‌رگێڕان مێژوویه‌کی هه‌یه، جیا له‌وه‌ی درێژ بێت یان کورت ئێمه ده‌بینین وه‌رگێڕ و نووسه‌رانمان له‌گه‌ڵ ده‌قه ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فی، زانستییه‌کاندا ده‌سته‌ویه‌خه بوون، بێگومان له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی زۆر کاری وه‌رگێڕان به ڕێژه‌یه‌کی چه‌ند قاتیش کاری نیوه‌چڵ و ناپوخت و به‌لاڕێدابراو کراوه، ده‌زانین زۆربه‌ی وه‌رگێڕانه‌کان تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش له بواری ئه‌ده‌ب و ژانێره جۆراوجۆره‌کا‌نی بووه، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌م خه‌ساره نه‌بوونی شاره‌زایی و پسپۆڕی له‌و بواره‌یه‌دا که وه‌رگێڕ ده‌ستی ده‌داتێ، یه‌کێکی دیکه‌ش نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی پێویسته، چونکه ته‌نها زاڵبوون به سه‌ر زمانی سه‌ره‌کی و زمانی مه‌به‌ست وه‌رگێڕ سه‌رکه‌وتوو ناکات به‌ڵكو تێگه‌یشتن و جیهانبینی وه‌رگێڕ بۆ کۆی نووسین و دنیای وشه و زمان و مه‌عریفه ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن، به‌ڵام به‌هۆی لاوازیی ئه‌م پرۆسه‌یه له ڕووی هه‌ڵسه‌نگاندن و چاپکردن و به گشتی ڕه‌وته ئیدارییه‌که‌ی له باشووری کوردستان نووسه‌ران و وه‌رگێڕانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات قۆڵیان له زۆر کاری قه‌به و گرینگ هه‌ڵماڵی و زۆر کتێبیان له فارسی و عه‌ره‌بییه‌وه کرد به کوردی که نه‌ک ته‌نها شتێکی ئه‌وتۆی به مه‌عریفه‌ی خوێنه‌رانی کورد زیاد نه‌کرد به‌ڵكو زمانی کوردیشیان له هه‌مبه‌ر ئه‌و زمانانه ملکه‌چ کرد و ده‌ست و پێیان شکاند، بۆیه دوای دوو ده‌یه له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانی زۆر و زه‌به‌ند و سه‌رفکردنی سه‌رمایه‌یه‌کی زۆر بۆ پاداشتی وه‌رگێڕ و چاپی کتێبی وه‌رگێڕدراو به‌شێکی زۆریان هه‌ر وه‌کوو ڕێگایه‌کی پێواوی بێبایه‌خ هیچ ئاوڕێکیان لێ نه‌درایه‌وه و به ئاسانی فه‌رامۆش کران. دوای ئه‌م هه‌موو خه‌ساره‌ش ئێمه جیا له لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌شانخانه و ده‌زگاکانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه هیچ ئاڵقه‌یه‌کی پسپۆڕانه و شاره‌زایانه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی 1.کتێبی هه‌ڵبژێردراو بۆ وه‌رگێڕان2.شێوازی وه‌رگێران3.ئاستی پرشه‌ی زمان و داهێنان4. ئه‌زموونی وه‌رگێر، شک نابه‌ین. به‌داخه‌وه وه‌کوو زۆربه‌مان ده‌یزانین و باسی ناکه‌ین به‌شی زۆری ناوه‌نده‌کانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه یان بوون به شوێنێک بۆ بازرگانیکردن یان ڕایه‌ڵه‌یه‌ک له په‌یوه‌ندیی دۆستانه و مه‌به‌ستدار پرۆژه‌کان ڕاده‌په‌ڕینێت و ئه‌مه‌ش به‌شێکه له گه‌نده‌ڵیی كولتووری و ڕۆشنبیری. ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نها باس له وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی کوردی بوو، مێژووی وه‌رگێڕانی ده‌قه کوردییه‌کان بۆ زمانانی دیکه مێژوویه‌کی زۆر کورت و هاوکات پچڕپچڕه و باس و خواسێکی تێروته‌سه‌ل هه‌ڵده‌گرێت و دایده‌نێین بۆ کارتێکی دیکه. له‌م ڕۆژانه هه‌واڵی وه‌رگێڕانی چێشتی مجێوری هه‌ژار موکریانی بۆ زمانی ئینگلیزی بڵاو کرایه‌وه. چێشتی مجێوری هه‌ژار موکریانی له لایه‌ن خاتوونێک به‌ناوی شینێ محه‌مه‌د وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و به‌پێی قسه‌ی خۆی یه‌که‌م ئه‌زموونی وه‌رگێڕانێتی له بواری ئه‌ده‌بی کوردی بۆ ئینگلیزی ئه‌گه‌رچی ماڵپه‌ڕێک له ڕۆژهه‌ڵات وه‌کوو یه‌کێک له به‌تواناترین وه‌رگێڕه ئه‌ده‌بییه‌کان ناوی هێناوه و ئێمه‌ش تا ئێسته هیچ به‌رهه‌مێکمان لێ نه‌بینیوه.، من ناتوانم هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕانه و ناوه‌رۆک و ئاستی سه‌رکه‌توویی یان سه‌رنه‌که‌وتوویی کاره‌که بکه‌م هێنده‌ی هه‌یه هه‌ندێک له نیگه‌رانییه‌کانم ده‌رده‌بڕم:-
1.چێشتی مجێوری هه‌ژار موکریانی وه‌کوو یه‌کێک له کۆڵه‌که گرینگ و پته‌وه‌کانی نه‌سر و په‌خشانی کوردی هه‌ژمار ده‌کرێت و وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه بۆ سه‌ر هه‌ر زمانێکی دیکه پێویستی به شاره‌زایی نه‌ک ته‌نها له سه‌ر زمانی کۆن و گوندییانه‌ی کوردی هه‌یه به‌ڵكو پێویستی به ئاگاداربوونی ورد و چڕ له ڕووداوه‌کانی سه‌رده‌می هه‌ژار و ئاواره‌بوون و گووتاری شیوعیه‌ت و کۆماری کوردستان و ده‌یان ڕه‌هه‌ندی مێژوویی دیکه هه‌یه.
2.هه‌ژار موکریانی نه‌ک ته‌نها له‌م به‌رهه‌مه‌یدا به‌ڵكو له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیدا زمان و ده‌ربڕینێکی توێكڵداری ته‌وسئامێز و ته‌نزی هه‌بووه که له هه‌ندێ شوێندا ته‌نها به‌پێی سیاق و کۆنتێکستی ڕووداوه‌که لێی تێده‌گه‌ین، ئایا ئه‌مه کاری هه‌ر وه‌رگێڕێکه؟ یان با بپرسین وه‌رگێڕێک که شاره‌زایی ته‌واوی له شێوه‌ئاخافتنی موکری و هاوکات بن زاره‌کانی دیکه که هه‌ژار زۆر وشه و ده‌ربڕینی لێیانه‌وه قۆستۆته‌وه نه‌بێت و هاوکات له‌سه‌ر نه‌سری ئینگلیزی و مێژووی ئه‌و نه‌سره شاره‌زاییه‌کی باشی نه‌بێت ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م گواستنه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی سه‌رکه‌تووانه دێت؟ واته وه‌رگێڕانی وشه به وشه‌ی مانایی و له‌به‌رچاونه‌گرتنی ڕه‌هه‌نده زمانییه جیاوازه ژێره‌وانکی و نه‌به‌دییه‌کان ده‌ره‌قه‌تی چێشتی مجێورێک دێت که نیسک و نۆک و گۆشت و پڵاو ،تێکه‌ڵ ده‌بێت و هاوتای ئاواره‌یی هه‌ژار له پاڵ دۆستی خائین و دوژمنی داڵده‌ده‌ر و کات و زه‌مانی بزۆز و سڕۆکی ڕووداوه‌کانه که له په‌ره‌گرافێکدا له وڵاتی چیکه و له په‌ره‌گرافی دواتر دێته‌وه لوبنان و له دوو دێڕ دواتر له به‌غدایه؟ئه‌گه‌ر چێشتی مجێو‌ر وه‌کوو شێوه‌گێڕانه‌وه‌یه‌ک ببینین به‌هۆی سرووشتی ڕووداوه‌کان و ئاواره‌یی و جۆرێک فلانوێری و ماڵبه‌کۆڵیی هه‌ژار زۆر له ڕه‌وتی خوڕاوگه‌ی بیر یان ڕه‌وتی سه‌یالی زه‌ین به ئه‌زموونێکی زۆر کوردانه و خۆماڵی نزیکه. بۆیه بژارده‌کردنی به‌شێک له‌م کتێبه بۆ وه‌رگێڕان لێدانه له شێوه‌گێرانه‌وه‌ی تایبه‌تی هه‌ژار.
3.نه‌سری کۆن ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ده‌شێت له‌ڕیگه‌ی نه‌سرێکی کۆنه‌وه بیگوازرێته‌وه بۆ زمانێکی دیکه ئه‌وا ده‌توانین بڵێین نه‌سرێکی کۆن باشتر و شیاوتره بۆی، بۆ نموونه ئێمه هه‌رچی له چارلز دیکنزه‌وه دوور ده‌که‌وینه‌وه و به‌ره‌و نووسه‌رانی هاوچه‌رخی ئینگلیزی زمان وئینگلیزینووس دێین نه‌سره‌که زیاتر ئه‌مڕۆییتره و که‌متر هه‌ڵگری ئیدیۆم و ده‌ربڕینی کۆن و گوندیانه‌یه، ئه‌گه‌ر مێژووی نه‌سری کوردی به پارچه‌کانه‌وه نه‌به‌ستینه‌وه و وه‌کوو یه‌کپارچه چاوی لێ بکه‌ین نه‌سری هه‌ژار موکریانی هێنده‌ی ئیدیۆم و ده‌ربڕین و مه‌ته‌ڵ و ڕێکه‌وه‌ند ،ی کوردیی کۆن و گوندیانه‌ی تێدایه که هی به‌ختیار عه‌لی ده له سه‌دیشی تێدا نییه، هه‌ر وه‌کوو چۆن زۆر کردار و ئاوه‌ڵکرداریش که هه‌ژار به‌کاری هێناون ئێسته یان به‌کار ناهێنرێن یان له بیر کراون، بۆیه وه‌رگێڕانی کاره‌که‌ی هه‌ژار پێویستی به زاڵبوونێکی زیاتر و زۆرتر به سه‌ر هه‌وراز و نشێوی نه‌سر و نووسینی ئینگلیزیش هه‌یه تاوه‌کوو وه‌رگێڕانی کاره‌کانی به‌ختیار عه‌لی.
4.دیاره زۆر بابه‌ت و باس‌وخواس ده‌کرێت په‌یوه‌ست به‌م کاره‌وه بخرێته ڕوو و من ته‌نها سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه‌یه‌کم خستووه‌ته ڕوو، و به دڵنیاییشه‌وه وه‌کوو له سه‌ره‌وه وتم ئه‌مانه ته‌نها سه‌رنج و نیگه‌رانین نه‌ک هیچ جۆره داوه‌ریکردن و قسه‌کردنێک له‌سه‌ر هه‌وڵ و ماندووبوونی ئه‌و وه‌رگێڕه، ئه‌زموونه پێشوو‌ه‌کانی ئێمه له وه‌رگێڕاندا حه‌قی ئه‌و نیگه‌رانی ده‌ربڕین و دڵه‌ڕاوکێیه‌مان ده‌داتێ.
وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كه گرینگه ئه‌ده‌بی و گێڕانه‌وه‌ییه‌کانمان بۆ سه‌ر زمانه‌کانی دیکه به‌ر له‌وه‌ی وه‌کوو خه‌بات و ئه‌رکێکی نیشتیمانی ببینرێت ده‌بێت وه‌کوو هه‌وڵ و ماندووبوونێکی مه‌عریفی و زانستی چاوی لێ بکه‌ین، بۆیه لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو له ناساندنی زیاتری خۆمان به دنیای ده‌ره‌وه بگه‌یه‌نینه ئه‌نجام سه‌ره‌تا ده‌بێت ته‌یار بین به زانست و مه‌عریفه ئه‌وکات وه‌کوو ئه‌رکی نیشتیمانی بیناسێنین، واته خودی ته‌یاربوون به زانست خۆی باشترین ڕێگه‌یه بۆ ئه‌رکه نیشتمانییه‌کان، ئه‌م باسه‌ش بۆیه ده‌که‌م چون پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له ناو ئێمه‌ی کورددا زۆر جار به ناوی ئه‌رکی نیشتمانییه‌وه خه‌ساری گه‌وره‌ی به‌ر زمان و نیشتمان خستووه.