“پێشەکی”
دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بە جەنگی ١٢ رۆژە ناسرا، سێ بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران “فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان” لەلایەن ئەمریکاوە بە ئامانج گیران و تێکدران. “دۆناڵد ترامپ”، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم سێ بنکەیە بە تەواوەتی لەکار کەتوون، ئەگەرچی هەندێ زانیاریی هەواڵگریی باس لەوە دەکات کە بنکە بە ئامانجگیراوەکان بە تەواوەتی تێکنەدراون. ئەم هێرشە و بەیاننامەی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم سەبارەت بەوەی کە ئێران وەک پێویست پابەندی ریککەوتنەکە نەبووە، بووە هۆکارێک کە ئێران ئەندامێتی خۆی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم IAEA هەڵپەسێرێت بە بیانۆی ئەوەی کە ئاژانس و خودی سەرۆکەکەی، رافاءیل گرۆسی، هۆکار بوونە لە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران. لەم گوتارەدا شڕۆڤەی هۆکار و لێکەوتەکانی ئەم بڕیارەی تاران دەکەین.
“هۆکارەکانی هەڵپەساردنی ئەندامێتی”
هەر وەک لە سەرەوە باسمان کرد، هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران، هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارەی تاران بوو، هەر بۆیەش لە رێکەوتی ٢/٧/٢٠٢٥، “مەسعود پزیشکیان”، سەرۆککۆماری ئێران، واژووی لەسەر بڕیاری پابەندکەرانەی ”ناچارکردنی حکومەت بە هەڵپەساردنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم” کرد. ئەم بڕیارە دوو رۆژ پێشتر لە لایەن پەرلەمانی ئیران بە پێی مادەی ١٢٣لە دەستوری ئێران دەنگی لەسەر درا و پەرلەمان یاساکەی بۆ ”شورای نگەهبانان” “ئەنجوومەنی پاسەوانان” بەرزکردەوە. ئەنجوومەنی پاسەوانانیش ئەم یاسایەی پەرلەمانی پەسەند کرد، هەر بۆیەش پزیشکیان یاساکەی واژوو کرد و دامەزراوەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی دەرەوەی راسپارد کە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن. بەمجۆرەش بڕیارەکە چووە واری جێبەجێکردن. مادەی ١٢٣ی یاسای بنەڕەتی ئێران، سەرۆککۆمار پابەند دەکات کە یاسا پەسەندکراوەکانی پەرلەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرێت تا پابەندی جێبەجێکردنەکەی بن. ئەم یاساییە لەلایەن ٢١٠ ئەندام، دەنگی بەڵی هێنا و ٢ دەنگ لە دژی وەستانەوە ٥ پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا لە کۆی ٢١٩ پەرلەمانتاری ئامادەبوو لە دانیشتنەکەدا. ئەگەرچی یاساکە باس لە ”هەڵپەساردن” دەکات نەک دەرچوونی تەواوەتی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەڵام دەکرێ لێرەدا ئاماژە بە چەند هۆکارێک بدەین کە بووەتە هۆی ئەوەی کە تاران ئەم بڕیارە دەربکات.
یەکەم:- دوای بۆردمانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، تاران سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ئەم جەنگەیە، تا ئێستا بە فەرمی دیار نەبووە کە زیانەکانی ئەم بنکە ئەتۆمیانە چەندن و چۆنن؟ بۆیە ئەگەر تاران رێگە بە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەولەتی وزە بدات کە بێن و ئەم بنکانە بپشکنن، راستییەکان بۆ رای گشتی دەردەکەوێت. زیاد لەمەش ئەگەر بێتوو ئەم بنکانە زیانیان وەبەرکەوتبێت، ئێران لە ماوەی هەڵپساردنی ئەندامێتی لە ئاژانسی نیودەوڵەتی وزە، کاتی ئەوەی دەبێت کە دووبارە رێکخستنەوەی پێویست بۆ ئەم بنکانە بکات، بۆ نموونە پاککردنەوەی یورانیۆمی پیتێنراوی بڵاوبووەکە بە هۆی بۆردمانەکان.
دووەم:- ئەم کردەیەی ئێران وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هەژماردەکرێت. چونکە تاران ئەم ئاژانسە بە هاوکاریکردنی رۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە وەک پێویست و بێلایەنە کارەکانی ئەنجام نەداوە. لەم رێگەیەوە ئێران هەم دەیەوێت کات بکڕێت بۆ ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەسەر دۆسێی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و لەگەڵ خودی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هەمیش هەوڵدەدات تا رادەیەک ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پابەندی داواکارییەکانی خۆی بکات. چونکە لە خودی یاساکەدا هاتووە کە رێگە نادرێت بە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم بێتە ناو خاکی ئێران، یاخود ئەندامانی ئەم ئاژانسە هیچ راپۆرتێک لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ سەرووی خۆیان بەرز بکەنەوە. هەر بۆیەش لە رۆژی هەینی رێکەوتی ٤/٧/٢٠٢٥، ئەندامانی ئاژانس خاکی ئێرانیان بەجێهێشت، ئەگەرچی ئاژانس هۆکاری ئەم جێهێشتنە بۆ پاساوی ئاسایشیی دەگەڕینێتەوە. تاران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە پشتی بە مادەی ٦٠ی کۆنڤانسیۆنی ڤییەنا بۆ ساڵی ١٩٦٠ بەستووە کە تێدا هەر دوو لایەنی پەیماننامەکە ناچار دەکات کە پابەندی رێککەوتنەکان بن. ئێران ئاژانس بەوە تۆمەتبار دەکات کە پابەندی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئاژانس نەبووە.
سێیەم:- ئەم هەنگاوی ئێران دەبیتە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتیش سعودیا، ئیماراتی عەرەبی و قەتەر، گوشار بخەنە سەر ئەمریکا و وڵاتانی تروئیکا بۆ ئەوەی کە گوشارەکانیان لەسەر تاران کەم بکەن. چونکە گشت ئەم وڵاتانە بەرنامەی درێژخایەنی گەشەسەندن و بوژانەوەی ئابوریی بۆ وڵاتەکانیان راگەیاندووە کە بە پلانی ٢٠٣٠ ناونراوە. هەروەها لە ئیستادا ئەم وڵاتانە پەیوەندییەکانیان لەگەل ئێران ئاسایی کردوەتەوە و خوازیاریی دوبارە دروستبوونەوەی بارگرژیی لە ناوچەکەدا نین، ئەمەش لە پێناو بوژانەوەی ئابوریی و هەروەها گەرەنتیکردنی سەڵامەتی رێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت، پێویستیان بە سەقامگیریی ناوچەیی هەیە. تاران وەها هزر دەکات کە لە رێگەی ئەم بڕیارەوە دەتوانێت پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی، چین و رووسیا بەدەستبهێنێت.
چووارەم:- لە ئاستی ناوخۆیی، حکومەتی ئێران بەتایبەتیش لەلایەن باڵی پارێزگارانەوە “ئوسولگەرایان” رووبەرووی رەخنە و گوشاریی تووند بووەتەوە بۆ ئەوەی تاران هەڵوێستی تووند لە دژی ئاژانس و ئەمریکا وەرگرێت، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە چەند کەسایەتییەکی مەراجیعی تەقلید لە قوم فەتوا دەربکەن و کوشتنی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، رافائێل گرۆسی و “دۆناڵد ترامپ” بە رێگەپێدراو دابنێن. دەکرێ ئەمە داواکاریی ناراستەوخۆی عەلی خامنەی، رابەری شۆڕش، بێت، چونکە هەر لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا خامنەیی بە راستەوخۆ لەسەر شاشەکانی تەلفزیۆن و تەنانەت بۆ بۆنەکانی یەکەم رۆژی عاشوراش لە مزگەوتی ئیمام خومەینی حازر نەبووە و تا ئێستا وەدەرنەکەوتووە. تەنانەت پێش کۆبوونەوەکانی ئێران و ئەمریکا، خامنەیی چەندین جار رایگەیاندووە کە بڕوای بەم دانوستاندنانە و ئیدارەی “دۆناڵد ترامپ” نییە و جێگەی متمانە نین.
“لێکەوتەکانی بڕیارەکە”
ئەم بڕیارە کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین:-
یەکەم:- ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گومانی زۆرتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران بکرێت بەوەی کە هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەتایبەتیش لە ئێستادا کە تاران توانیوویەتی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیێنێتە ئاستی سەرووی ٦٠٪. زیاد لەمەش، بە هۆی جەنگی ١٢ رۆژەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێران بە تەواوەتی لە ناو چووە و ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئارادایە، چونکە ئەمەی ئێستا هەیە ئاگربەستە نەک ئاشتی و پێکهاتن. تاران هزر لەوە دەکاتەوە کە بۆ رووبەرووبوونەوەی تەلئەڤیڤ پێویستی بە چەکی ئەتۆمی هەتە تەنانەت ئەگەر زۆر پێشکەوتووش نەبێت. خودی ئەمەش داواکاریی بەشێک لە نوخبەی دەستڕۆشتووی ئێرانە کە تاران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
دووەم:- مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، کۆتا وادەیە بۆ گەڕانەوەی مکانیزمی پەلاپیتکە “snapback”. ئەم مکانیزمە واتە دووبارە گەڕاندنەوەی گشت ئەو سزایانەی کە پێش رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی ٥+١ لە ساڵی ٢٠١٥ بەسەر ئێراندا سەپێنرابوو. وڵاتانی تروئیکا “بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەلمانیا” دەتوانن پێش ئەم وادەیە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەم مکانیزمە دووبارە کارا بکەنەوە و گشت سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، لەم حاڵەتەدا نە چین و نە رووسیا ناتوانن ڤیتۆی ئەم بڕیارە بکەن، چونکە ئەمە بەشێک بووە لە رێکەوتنی ساڵی ٢٠٢٥. واتە ئەم وڵاتانی ٥+١ “ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەلمانیا، چین، رووسیا” دەتوانن دووبارە دۆسێی ئەتۆمی ئێران بۆ گفتوگۆ ببنە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەگەر رێکککەوتن نەکرا دووبارە سزاکان کارا بکەنەوە. دوای بڕیاری تاران بە هەڵمەساردنی هەماهەنگی لەگەل ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئیسرائیل داوا لە وڵاتانی تروئیکا کرد کە مکانیزمی پەلاپیتکە کارا بکەنەوە. بەڵام تا ئێستا ئەم وڵاتانە چاوەڕوانی دەرەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان واشنتۆن و تارانن.
سێیەم:- ئەم بڕیارە ئەگەر بەردەوام بێت دەبێتە هۆی زۆرتر پەراوێزخستنی ئێران هەم لە ئاستی هەرێمایەتی و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە لە راستیدا سەختە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی گۆڕینی سیاسەتی “دۆناڵد ترامپ” و وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە بریتین لە ٣١ وڵات لە هەمبەر ئێران. تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی خۆی بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە و داوای لە تاران کردووە کە بەردەوامی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس بدات. ئەگەرچی عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانس بۆ پاساوی سەلامەتی و ئەمنی گەڕاندوەتەوە، هەر بۆیەش دەکرێ خوێندنەوەی ئەم گوتەیە بەوە بکەین کە ئەگەری هەیە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دوای بۆردمانەکان بە ناوچەکەدا بڵاو بووبێتەوە.
چوارەم:- ئەگەری سەپاندنی سزای زۆرتر بەسەر ئێران. تاران بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پشتیوانی کرد لە میلێسیا چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەکە و بەرنامەی چەکی باڵیستی بۆ ماوەی سێ دەیەیە کە لە ژێر گەمارۆی نێودەوڵەتیدایە، بۆیە هاوکاری نەکردنی ئاژانس دەبێتە هۆی سەپاندنی سزا و گەمارۆی زۆرتر بەسەر ئێران، ئەمەش وادەکات کە دۆخی ئابوریی ئێران لاوازتر بێت و رێگە بۆ خۆپێشاندنای ناوخۆیی و تەنانەت گۆڕینی رژێمیش لێبکەوێتەوە کە ئێستا داواکاریی سەرەکی بەسێک لە خەڵکی ئێرانە.
“کۆبەند”
هەڵپەساردنی ئەندامێتی و هاوکارینەکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە دوورمەودا زۆرتر بە زیانی ئێران دەشکێتەوە تا بە سوودیی. چونکە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی زۆرتر پەراوێزخستنی ئێران لە کۆمەڵگایی نیودەوڵەتی و نامتمانەیی بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتی کەم دەکاتەوە. ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی زۆرتر داتەپینی کەرتی ئابوریی و دارایی ئێران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێران بۆ پاراستنی پێگە و کەرامەتی خۆی لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا ناچار بوو ئەم بڕیارە دەربکات.