ڕیالیزم؛ چەمکێکی لێکدراوە، لە دوو وشە پێکھاتووە (ڕیاڵ/ Real) واتە واقیع، (یزم/ isme) واتە تەوژم. بەمەش ڕیالیزم واتە بینینی ژیان وەکو چۆن لە واقیعدا ھەیە و دوورکەوتنە لە هەموو خەیاڵڕێسییەک. ڕیالیزم وەکوو زاراوە بەرلەوەی لە سیاسەت و ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبییدا دەرکەوێت، لەناو فەلسەفەدا بڵاوبۆتەوە. ڕۆماننوس و چیرۆکنووسی گەورەی فەرەنسی، (شامفیلۆری/ Champ Fleury)، لە ساڵی ١٨٤٣ لە وتارێکییدا بە ناونیشانی (مانیفێستی ڕیالیزم)، ئەم زاراوەی بەکارھێناوە. ڕیالیزم، قوتابخانەیهكی گرنگە لەنێو بواری پهیوهندییە نێودهوڵهتییهكان، بە شێوهیهكی گشتی ئەم تیۆرە بهسهر دوو لقی سهرهكیدا دابهش دهبێت، ئەوانیش:- ڕیالیزمی كلاسیك و نوێ. بۆیە لە چوارچێوەی دووو تەوەردا، دەمانەوێت تیشک بخەینە سهر جەنگ و ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە گۆشەنیگای قوتابخانەى ڕیالیزم.
“تیۆری ڕیالیزمی کلاسیک (Classical Realist Theory)“
ڕەگ و ڕیشەی تێڕوانینەکانی تیۆری ڕیالیزمی كلاسیك، بۆ دیدگە هزرییەکانی هەر یەکە لە فەیلەسووف و مێژوونووسی ئەغریقی (ثيوسیدێدس/ Thucydides)، لە كتێبی (مێژووی جەنگی پیلۆپۆنیز/ History of the Peloponnesian War)، فەیلەسووفی ئیتاڵی (نیکۆلۆ مەکیاڤێلی/ Niccolò Machiavelli)، لە پەرتووکی (میر/ The Prince) و بیرمەندی سیاسی ئینگلیزی (تۆماس هۆبز/ Thomas Hobbes)، لە کتێبی (لیڤیاسان/ Leviathan) دەگەڕێتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی لە سەردەمی مۆدێرندا، بە دید و تێڕوانینی زیاترەوە، لە لایەن هەر یەکە لە مێژوونووسی ئەڵمانی (كارل كلاتزویتز/ Karl Clousewitz)، بیرمەندی سیاسی ئەمریکی (هانس مۆرگێنتاو/ Hans Morgenthau) لەگەڵ نووسەر و سیاسەتووانی ئەمریکی (هێنری كیسنجەر/ Henry Kissinger) درێژەی پێدراوە. ڕوانگەی ڕیالیزمی کلاسیک، لەسەر ئەو بنەمایە بنیاتنراوە، كە پێی وایە دەوڵەتان لە ڕێگەی مرۆڤەكانەوە ڕێبەرایەتی دەكرێن، ئەم مرۆڤانەش لە ناخی خۆیاندا شەڕەنگێزن و بەدوای بەدەستهێنانی زیاتری هێزەوەن، ئەمەش هۆكاری ململانێ و جەنگە. وە لەبەر ئەوەی هیچ هێزێكی باڵادەست لە ئاستی سەرووتر لە دەوڵەت بوونی نییە، بۆیە سیاسەتی جیهانی سیستەمێكە لەسەر بنەمای (هێز/ Power)، (بەرژەوەندی نەتەوەیی/ National Interest) و (پشت بە خۆبەستن/ Self-Help) دامەزراوە، كە تێیدا دەوڵەتان پشت بە هێزی لەشكری خۆیان دەبەستن، ئەمەش وا دەکات (دڵەراوكێی ئاسایشی/ Security Concern) و (نا دڵنیایی/ Unreliability) بەسەر ئەم ژینگە نێودەوڵەتی و جیهانییەدا زاڵ ببێت.
بەم جۆرە فەوزا، دەبێتە یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکی و هەمیشەییەکانی سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی. لێرەوە دەکرێت گرنگترین گریمانە تیۆرییەکانی ڕوانگەی ڕیالیزمی کلاسیک بۆ ئەم چەند خاڵە بگەڕێنینەوە، کە بریتین لە:-
- سرووشتی شهڕهنگێزی مرۆڤ:- بیرمەندانى تیۆری ڕیالیزمى كلاسیك پێیان وایە، مرۆڤ بە سرووشتی خۆی بوونەوهرێكى شهڕهنگێزە، حهز و ئارهزووى بۆ گەیشتن بە دهسهڵات هەیه. لە هەمان کاتدا هەموو مرۆڤێك بهپێى بهرژهوهندییهكانى خۆى ڕەفتار دهكات و بهرژهوهندییهكانى خۆى پێش بهرژهوهندی ئەوانی تر دەخات. لێرهوە بە هۆى بوونى بهرژهوهندى جیاوازهوە ململانێ دروست دهبێت. لەم گۆشەنیگایەوە تیۆرى ڕیالیزمى كلاسیك گریمانەى ئەوە دهكات هاوشێوهى تاكهكان دهوڵهتانیش هەوڵی بهدهستهێنانى بهرژهوهندییە نیشتمانییهكانیان دهدهن، كە زۆر بە سادهیی دهكرێت پێناسەی بهرژهوهندی نیشتمانی بكرێت لە هەوڵدان بۆ بهدهستهێنانى هێز لە پێناو مانەوهدا. بەم جۆرە تیۆری ڕیالیزمى كلاسیك لە ڕێگهى جهختكردنەوە لە سرووشتى مرۆڤ، ڕەفتارى دهوڵهتان لە سیستەمى نێودهوڵهتییدا شیکار دهكات.
- هێز وەک ئامرازی مانەوە:- لە ڕوانگەی ڕیالیستەکانەوە، هێز گونجاوترین ئامرازی مانەوەی دەوڵەتان و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیەتی. هانس مۆرگێنتاو لە کتێبی (سیاسەتی نێوان نەتەوەکان/ Politics Among Nations)، سیاسەتی نێودەوڵەتی بە کێبڕکێی هەتاهەتایی و سرووشتی بۆ بەدەستهێنان، پاراستن و پەرەپێدان بە هێز پێناسە دەکات. لە دیدی مۆرگێنتاوە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بریتییە لە سیاسەتی هێز. وە مۆرگێنتاو پێی وایە سەرچاوەی ڕەفتاری مرۆڤ هێزە، بە جۆرێک ئەگەر فەیلەسووفی ئەغریقی (ئەرستۆ/ Aristotle)، وەسفی مرۆڤی بەوە کردبێت کە ئاژەڵێکی سیاسییە، ئەوا مۆرگێنتاو وەسفی مرۆڤ دەکات بەوەی کە ئاژەڵێکە بە شوێن هێزدا دەگەڕێت. بۆیە هێزخوازی دیاردەیەکی سرووشتی و نەگۆڕە. دەوڵەتانیش هاوشێوەی مرۆڤەکان، هەوڵی بەدەستهێنانی هێز دەدەن. بەم جۆرە پێگەی دەوڵەتان لە شانۆی نێودەوڵەتییدا بەپێی هێزی بەردەستیان دەستنیشان دەکرێن. بەمەش تێکڕای ڕیالیستە نەریتییەکان، هێز بە فاکتەرێکی گرنگ دادەنێن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، پێیان وایە هێزخوازی بۆتە حەقیقەتی سیاسەتی جیهانی.
- فەوزا وەک تایبەتمەندی سیستەمی نێودەوڵەتی:- لە ڕوانگەی ڕیالیستە نەریتییەکانەوە ئەنارشیەت، سیمای سەرەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. بەو واتایەیی کە دەسەڵاتێکی باڵا لە سەرووی دەوڵەتان بوونی نییە. ڕاستە دەوڵەتەکان لە ڕووی سەروەرییەوە یەکسانن. بەڵام ئەوەی کە جیایان دەکاتەوە، ڕێژەی هێزی بەردەستیانە. لەم دۆخە ئەنارشیەدا شەڕ و ململانێ تایبەتمەندی هەمیشەیی سیستەمی نێودەوڵەتییە.
ئەم وێناکردنەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دۆخی فەوزا، بۆ فکرەکانی “تۆماس هۆبز” دەگەڕێتەوە. هۆبز لە کتێبی لیڤیاسان، باس لە ژیانی مرۆڤ لە قۆناغی پێش دامەزراندنی دەوڵەت دەکات، پێی وایە مرۆڤەکان لە دۆخی سرووشتی هیچ سنوورێک بۆ کردەوەکانیان نییە. لەم دۆخەدا ناوەڕۆکی ژیانی سیاسی بریتییە لە شەڕی هەمووان دژی هەمووان. هۆبز دەڵیت: مرۆڤەکان بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، گرێبەستێک لەنێوان خۆیان واژوو دەکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی باڵا دابمەزرێنن، لە پێناو دابین کردنی ئاسایشی هەمووان، ئەوەش دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی دەوڵەت یاخود دەسەڵاتی باڵا لە ناو کۆمەڵگادا. بەڵام لە ڕوانگەی هۆبزەوە، لە دەرەوەی کۆمەڵگاکان (لە شانۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان)، ئەوە ڕوو نادات، وە ئەستەمە هیچ جۆرە گرێبەستێک بێتە ئاراوە، بۆیە ئەو شانۆیە، فەوزا بەسەرییدا زاڵە. واتە دەسەڵاتێک لە سەرەوەی گەمەکەرەکان لە ئارادا نییە کە ئاسایشیان دابین بکات، ئەمەش وا دەکات ململانێ و شەڕ بەردەوام ڕووبدات.
- دەوڵەت وەک ئەکتەری سەرەکی: یەکێکی دیکە لە گریمانەکانی تیۆری ڕیالیزمی کلاسیک، ئەوەیە کە دەوڵەتان تاكە ئەكتەری نێو سیاسەتی جیهانین. لەم نێوەندەشدا ڕۆڵی هێزە گەورەكان گرنگترە. بۆیە ئەو دەوڵەتانە بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زاڵن کە ڕێژەیەکی زیاتر هێزیان لە بەردەستە. واتە بە بڕوای ڕیالیستە سونەتییەکان دەوڵەتان تاكە ئەكتەری گۆڕەپانی جیهانین كە بەدوای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیانەوەن.
“تیۆری ڕیالیزمی نوێ (Neo-Realism Theory)“
نیۆڕیالیزم، یان (ڕیالیزمی پێكهاتهیی/ Structural Realism)، هاوشێوهی تیۆری ڕیالیزمی کۆن، هێز بە گرنگترین فاكتهر لە پهیوهندییە نێودهوڵهتییهكان دادهنێت. ئەم تیۆرە بۆ یهكهمجار لە لایهن بیرمەندی ئەمریکی “كێنت واڵتز” لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “تیۆری سیاسهتی نێودهوڵهتی” باسی لێوەكراوه. واڵتز بۆ شرۆڤەکردنی ڕەفتاری وڵاتان، گرنگی بە (پێکهاتە/ Structure)ـى سیستەمی نێودەوڵەتی دەدات، لەبەر ئەوەی پێی وایە سرووشتی مرۆڤەکان ناتوانێت بنەمایەک بێت بۆ خوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بۆیە باس لە گرنگی پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی دەکات، کە هاوکار و یارمەتیدەرن بۆ شیکردنەوەی ڕەفتاری وڵاتان. لە دیدگەی کێنت واڵتزەوە پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی، پێکهاتەیەکی ئەنارشی و نائارامە. بەو واتایەیی کە دەسەڵاتێکی ناوەندی لە سەرەوەی دەوڵەتەکان بوونی نیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئانارشی و نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، ئەرک و هەوڵی سەرەکی دەوڵەتەکان دابین کردنی ئاسایشی خۆیانە. هەروەها واڵتز پێی وایە کە شێوازی دابەشبوونی هێز لەنێوان دەوڵەتەکاندا جیاوازە، چونکە تاکە فاکتەرێک کە دەبیتە هۆی جیاوازی لەنێوان دەوڵەتەکان، ڕێژەی هێزی بەردەستیانە.
کەوابێت شێوازی دابەشبوونی هێز ڕۆڵێکی سەرەکی لە تێگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەگێڕێت. لێرەوە دەکرێت گرنگترین گریمانە تیۆرییەکانی ڕوانگەی ڕیالیزمی نوێ بۆ ئەم چەند خاڵە بگەڕێنینەوە:-
- دهوڵهتان ئەكتهرى سهرهكی، یهكگرتوو، ڕێكخراو و عهقڵانین لە سیاسهتى جیهانییدا.
- ئەنارشیهتى نێودهوڵهتى بهشدارییهكى سهرهكى دهكات لە دروست كردنی ڕەفتار و دیاریكردنى هەڵسوكهوتى دهوڵهتاندا.
- دهوڵهتان لە دۆخی فەوزادا، بە كۆكردنەوهى زیاتری هێزەوە سهرقاڵن، چونکە لە ململانێ و كێبڕكێی بەردەوامدان، زۆر مەبەست و مهیلیان بۆ هاوكاری كردن لهگهڵ یهكتریدا نییه.
- هێز سەرچاوەی سەرەكی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، جەنگ و ململانێ ئەگەرێكی كراوەیە لە سیستەمی جیهانییدا، هاوسەنگی هێزیش تاکوو ئێستا بژاردەیەکی گونجاوە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی.
- ڕیالیزمە نوێیەکان پێیان وایە دامودهزگا نێودهوڵهتییهكان (ئەکتەری نادەوڵەتی)، ڕۆڵێكى لاوهكیان لە فهراهەمكردنى دهرفهتى هاریکاری و هەماهەنگی كردن لەنێوان دهوڵهتاندا هەیه. بهتایبهت لە پرسە سهربازی و ئەمنییهكاندا. بۆیە بە تێڕوانینی نیۆڕیالیستەکان ئەو دامهزراوە نێودهوڵهتییانە ڕهنگدانەوهى دابهش بوونى هێزن لەسهر ئاستى جیهان، كهمترین ڕۆڵ و كاریگهریشیان لەسهر چالاکی و ڕەفتارى دهوڵهتان هەیه.
بە گشتی دەکرێت بڵێین، نیۆڕیالیزم جەختی تهواوى لەسهر بوونیادى سیستەمى نێودهوڵهتییه. بهم هۆیهشەوە گریمانەى ئەوە دهكات ڕهفتارى دهوڵهتان بهرەنجامى بوونیادى سیستەمى نێودهوڵهتییە، نەك تایبهتمهندییە ناوخۆییهكانى دهوڵهت و سرووشتی مرۆڤەکان. لە خوێندنەوەمان بۆ هەر دوو ڕوانگەی ڕیالیزمی کۆن و نوێ، دەکرێت بڵێین یەکێک لە جیاوازییە سەرەكییەکانی نێوان هەر دوو تیۆرەکە ئەوەیە، كە ڕیالیزمى كلاسیكى ململانێ لەسەر هێز و دەسەڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ سرووشتى مرۆڤ، بەڵام ڕیالیزمى نوێ گریمانەى ئەوەدەكات، کە ململانێ لەسەر هێز بەرەنجامی بوونیادى سیستەمى نێودەوڵەتییە نەک سرووشتی خوودی مرۆڤ.