بۆ ئەوەی باشتر لە سەردەمێکی دیاریکراو تێبگەین و تێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ بۆ مێژوو بەدەست بهێنین، کاتێک فێری یان با بڵێین ئاشنای ژیاننامەی کەسێک دەبین، ئاشنای تەواوی سەردەمەکە دەبین، بە دەربڕینێکی تر لەو قۆناغە تێدەگەین. نیچە سەبارەت بە گۆتە دەڵێت: “ئەو تەواوی شارستانییەتێکە”، گۆتە وەک هەموو پیاوە گەورەکانی مێژوو، بۆ ئێمە میتافۆڕێکە بۆ بینین – ئاشنابوون – و ئاڕاستەکردن. ژیاننامە زۆر جار هەمەلایەنەیە چونکە ژیان، بیرۆکە، کرۆکی کەسایەتی، هەموو لە یەک شوێن کۆبووەتەوە. وە ژیانی تاکەکەسی هەقیقەتە گەردونییەکان و بارودۆخ و هەلومەرجی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن. بێگومان ژیاننامە ئەفسانەیی کەسایەتی کەم دەکاتەوە واتە لە ئەفسانەیەتی دادەڕنێت و وا دەکات وەک مرۆڤ تەماشای ئەو کەسایەتییە بکەین و لەڕیزی مرۆیەکاندا دایبنێین هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی وا دەکات هەڵە و لاوازی و کەموکوڕییەکانی وەک خۆی ببینین.
ژیاننامە ڕێگەت پێ دەدات لەسەر شانی زەبەلاحەکان-ناوداران- بوەستیت. لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی شازدەدا ئیسحاق نیوتن لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێکەی نووسی: “ئەگەر بمەوێت زیاتر و دووتر ببینم، ئەوە لەسەر شانی زەبەلاحەکان دەوەستم”. ژیاننامە دیدگایەکی قووڵترت پێ دەبەخشێت سەبارەت بەوەی کە کەسایەتییەکان چییان بەدەست هێناوە. هەڵبەتە ناتوانرێت نکوڵی لەوە بکرێت کە هەموو ژیاننامەیەک دەربارەی “ناودارێکی گەورە” نییە، لێ زۆری چیرۆکی ژیاننامەکان باس لە کەسانێکی زۆر ناودار و توحفەی مێژوو دەکەن، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە سووکایەتی پێ بکرێت و شایەنی سەرسامی و ستایش نەبێت، بەڵام هێشتا زۆر وانە هەیە کە دەکرێت لە ژیاننامەی وییەوە فێری بین و کەڵکی لێ وەربگرین ژیاننامە، هانی خۆدۆزینەوە دەدات، تۆش لە ڕێگەی چیرۆک و ئەزموونی کەسانی دیکەوە بیرۆکە و ڕێبازەکان لە ژیانی خۆتدا دەدۆزیتەوە. هەر لە ڕێگەی ژیاننامەوە زیاتر دەربارەی هەڵوێستی مرۆڤەکان دەزانیت و لە پەرچەکرداریان لە ساتەوەختە ناخۆشەکاندا پتر ئیلهام وەردەگریت. ژیاننامە دەروازەت بۆ دەکاتەوە جیهان بە شێوازێکی نوێ ببینیت، جیاواز لە شێوازی تەماشاکردنی شتەکان و پێدراوەکان. ناسینی کەسێک لە پاشخانێکی جیاواز یان شوێنێکی جیاواز لە ئەزموونی کەسەکان لە قۆناغێکی جیاوازی ژیانەوە، دیدێکی نوێت پێ دەبەخشێت. ژیاننامە، گەڕانە بە دوای ئایدیاڵدا، یان بە دەربڕینی تارکۆڤسکی ” ئاوات بۆ ئایدیاڵ “. هەموو تاکێک پڕۆسەی خۆناسین ئەزموون دەکات و سوود لە کرۆکی مەعریفەی مرۆیی وەردەگرێت و هەموو تاکێک بە خواست و ئارەزووی یەکگرتن-گەیشتن- بە لەگەڵ ئایدیاڵ ماندوو دەبێت و وەک گوتراوە مەحاڵێتی گەیشتن بەم ئارەزووە -نەگەیشتن بەم یەکێتییە- و کەم توانایی ئیگۆ، سەرچاوەی هەمیشەیی هەستکردنە بە ئازار و ناڕازیبوونە لە خۆ.
ئەمەیە کە تیۆری ” کەمتەرخەمی و ئارەزووی باڵادەستی “ی زانای دەرووناس ” ئەلفرێد ئادلەر “ی لەسەر وەستاوە کە بە وتەی وی هێزی پاڵنەر لە ژیانی مرۆڤدا کاتێک دەست پێ دەکات کە لە قۆناغی منداڵیدا درک بە بوونی ئەوانی تر – دەوروبەر – دەکات کە توانایەکی باشتریان لەم هەیە بۆ ئەوەی ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا بگونجێنن. ژیاننامە، مێژووە و مێژووش وەک تیۆرسینی سینەما “کریستیان میتز” دەڵێت: ” گوتارێکی ماسکدارە، ماسکێک دەکاتە سەری ئاماژەکان -ئاماژە ڕوونکەرەوەکان- و بەرگی چیرۆکی لەبەردەکات، لە سینەمادا ئەمە بانگهێشتی وەڵامێکی سەیر و نامۆ دەکات نەک ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی تێڕوانینمان ببێتەوە. ئەمەش ڕێگەمان پێ دەدات نەک تەنها سەیر بکەین، بەڵکو بەشداری بکەین و ئامادە بین”. ئەم شێوەیە میتز بیرۆکەی “ئایدیۆلۆژیا” دەخاتە ڕوو فیلم و بینەران ئایدیۆلۆژیایەکی هاوبەشیان هەیە، ئەم هاوبەشیکردنە بناغەی سینەمایە و ئایدیۆلۆژیایەکە کە بونیادی بیرۆکەی تەماشاکردن دیاری دەکات، شتێکە کە لە دۆخێکی خۆپەرستانەی بێ پاساو، بەڵام چێژبەخش نزیکمان دەکاتەوە”.
لە فیلمەکانی تایبەت بە کاسایەتییە مێژووییەکان، گەورەیی پاڵەوانەکە لە بوونی ئیرادەیە بە وتەی ڕەخنەگری فەرەنسی ئەندرێ بازان، بەو مانایەی کە پەیوەندی بە هەڵدانەوەی مێژووەوە هەیە. ناوبراو پێی وایە ڕوانگەی ماتریالیستی دایالەکتیکی بەرگری لە ڕەهەندی مرۆیی پاڵەوان دەکات، بە پێچەوانەی ئایدیاڵی سەرمایەداریی کە ئەفسانەی ” ئەستێرە ” بە باشترین شێوە بەرجەستە دەکات. فیلمە ژیاننامەییەکانی ئەم دواییانە لەنێویاندا ئەو فیلمەی کە کلینت ئیستوود دەرهێنانی بۆ کردووە بە ناوی جەی ئێدگار(J. Edgar) کە تێیدا کەسایەتییەک نیشان دەدات کە بۆ ماوەی چوار دەیە وەک ئەستێرەیەک کاریگەری لەسەر مێژووی ئەمریکا هەبووە. بۆ نموونە فیلمەکە وەک پێویست باسی مەیلی هاوڕەگەزخوازی “ئێدگار هۆڤەر”ی نەکردووە وەک چۆن باسی ئەوەیشی نەکردووە کە ئیمپراتۆرییەتەکەی لەسەر سەرکوتی سێکسی بینا کردووە، بێلایەنییەکی سەیر لە فیلمەکەدا هەیە، وەک ئەوەی سیناریست و دەرهێنەر بەجۆرێک کەسایەتی هۆڤەریان داڕشتووە کە هەردووک سەرسامین، کاریگەری هۆڤەر لەسەر ئەمریکا لە فیلمەکە پشتگوێ خراوە کە ئەمریکا لەقۆناغی ئێدگار هۆڤەردا لە ترسناکترین و قێزەونترین مێژووی خۆیدا ژیاوە. بە هەمان شێوە لە فیلمی خانمی ئاسنین(The Iron Lady) لە دەرهێنانی فیلدا لوید، کە دەربارەی ” مارگرێت تاچەر “ە، ئێمە نەمانزانی چۆن تاچەر لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتیدا مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کردووە، هەروەک چۆن پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ هاوپەیمانیدا نەبینی کە بە سەرۆکایەتی کەسێک کە تایبەتمەندییەکانی زۆر دوور نەبوون لە سەردەمی تاچەر و لێرەدا مەبەستم ” ڕۆناڵد ڕیگان “ە و قۆناغی ڕیگانە.. لەوەش گرنگتر، سروشتی ململانێکان لە لوتکەی جەنگی سارددا کە بە کۆتایی دەسەڵاتدارێتی تاچەر کۆتاییهات.
هۆکارە دەرونییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە ڕاکێشانی بینەر بۆ ئەم جۆرە چیرۆکە و زۆرترین – ناچارکەرتین – سازوکار(میکانیزم) دەروونی کە سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ شوێنکەوتنی چیرۆکەکە، خواستی تەماهیکردنە یان هاوسۆزییە لەگەڵ پاڵەوانانی چیرۆکەکە. هاوسۆزی لەگەڵ کەسێک واتە ئێمە هاتووین لەگەڵ ئەو نیگەرانی و ئازار و خەون و ئامانج و ترس و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی لەگەڵدا بەش بکەین، بە واتایەکی کۆنکرێتی ئێمە هاتووین جێگەی ئەو بگرینەوە. بۆ نموونە ئەم کاریگەرییە لەو فیلمەدا بەڕوونی دیارە کە چیرۆکی ژیانی ئەدۆڵف هیتلەر دەگێڕێتەوە ئەویش درامای هیتلەر: سەرکەوتنی خراپە(Hitler: The Rise of Evil). هەرچەندە پاڵەوانەکە لە هەردوو وەرزەکەدا هەر یەک کەسە، لێ زۆرینەی ئەوانەی کە تەماشای هەردوو وەزرەکەیان کردووە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وەرزی یەکەمیان زیاتر بە دڵ بووە، ڕام وایە ئەمە لەبەرئەوەیە کە وەرزی یەکەم چیرۆکی ژیان و خەبات و نەهامەتی و باوەڕی ڕاستەقینەی هیلتەر بە دۆزی خۆی و خۆبەخشی بۆ بنەماکانی حیزب نیشان دەدات، ئەمەش حەماسەت و ڕاستگۆیی و بیرەوەرییەکانی ئەو ئازارانەی کە لەپێناو خەونە لەدەست چووەکانی ڕابردوو و داهاتووماندا ژیاوین دەوروژێنێت و کاریگەریی قۆڵمان لەسەر دادەنێت، کە وامان لێدەکات بە سانایی تەماهی لەگەڵ هیتلەر بکەین و هاوسۆزی بین. سەبارەت بە بەشی دووەمیشی دیوەکەی دیکەی ئەم کەسایەتییە ئاڵۆزە وێنا دەکات لە دڕندەیی، لادان، مەیل بۆ گۆمان و فێڵ و خیانەت لەپێناو وەهمە ڕەگەزپەرستییەکانیدا، ئەمەش وا دەکات هاوسۆزی بۆی سەخت بێت. چیرۆکێکی دی کە تیشک دەخاتە سەر پرسەکەمان، فیلمی ژیانی پای(Life of Pi)، فیلمەکە هاوڵاتییەکی هیندی نیشان دەدات کە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن بارودۆخ وای لێکردووە لەگەڵ پڵنگێکی دڕندەدا بە تەنها لە دەریادا بێت. لێرەدا پای لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکەوە ئەگەر دوو ڤێرژنی هەمان چیرۆکەکەمان پێ دەبەخشێت کە چۆن لە مردن ڕزگاری بووە، بەڵام ڤێرژنێکیان نوێنەرایەتی ناشرینی و بەدی ڕەگەزی مرۆڤ دەکات و ڤێرژنەکەی تر نوێنەرایەتی هیوا و ئیمان دەکات و باس لەوە دەکات کە چلۆن هیوا و ئیمان لە کۆتاییدا ڕزگاری دەکات. قەشەنگی چیرۆکی فیلمەکە لەوەدایە کە شێوازی گێڕانەوەکەی هیچ بوارێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە کە کام لەم دوو ڤێرژنە دەکرێت چیرۆکە ڕاستەقینەکە بێت، ئەگەر ڕوودانی هەردوو شێوازە گێڕانەوەکە هەیە و لەسەر بینەرە بڕیار بدات کامەیان لە ڕاستیدا ڕوویداوە. پڕ ئاشکرایە ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشێت چیرۆکی ململانێی ناوەکییە، هەردوو گێڕانەوەکە گوزارشت لە چیرۆکی ژیانێکی ئەگەری دەکەن، لێ یەکێکیان ژیانێک وێنا دەکات پووچ و بێ مانایە، لە کاتێکدا ئەوەی دیکەیان شاد و سەرسوڕهێنەرە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی مرۆڤ ئازار هەڵدەبژێرێت گەر بتوانێت بە سەلامەتی و ڕازی بە خۆی بژی، تەنانەت کاتێک بەڵگەی دروستی یان نادروستی ئەو شتەی کە بۆی دەژی بوونی نییە ؟ ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئێمە بۆلای پای ڕادەکێشێت، بەو پێیەی کە ئەو وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی بڕیاریداوە بە هیواوە بژی نەک ونبوون و بێ چارەنووسی هەڵبژێرێت.
وا دیارە ئەو ئاماژە نائاگایانەی کە چیرۆکە ژیاننامەییەکان پێشکەشی دەکەن، ئەوانەن کە زۆرترین سەرنجی خوێنەران ڕادەکێشن، چونکێ بەهۆی هێزی وشە و ڕووداوەکانەوە کە لە گەنجێتییەوە لە یاردەوەرییاندا هەڵکەندراوە هەستگەلێکی کاریگەریان تێدا دەوروژێنن. لێرەوە دژوازییەکان دەبنە سەرچاوەی سەرنج و خۆشی، ئەو شتەی کە لە ڕوواڵەتدا ترسناک دەردەکەوێت لە خوی خۆیدا ئەم ترسە هۆکاری بەردەوامی ژیانە، ئەمە ئەوەیە کە لە چیرۆکی پی دەیخوێنینەوە کە چارەنووس بە تەنها لەگەڵ پڵنگێکی دڕندەدا فڕێی داوەتە ناو بەلەمێکەوە. سەرەڕای ترسناکی دۆخەکە، سەرکەوتنی پای لە ڕامکردنیدا متمانەی پێ دەبەخشێت کە بە تەنها لە دەریادا ڕووبەڕووی مەترسی مردن ببێتەوە بەهۆی برسێتی و تینوێتییەوە. مادام توانای ڕامکردنی پڵنگێکی هەیە، توانای زاڵ بوون بەسەر مردندا هەیە.
ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە: ڕەوشت محەمەد
نووسینی: عەلاء ئەلمەفرەجی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد