“پێشەکی”
گرووپی هەفەت (Group of Seven/G7) ئەمساڵ پەنجا و یەکەمین دانیشتنی خۆی گرێدا. ئەمە لە کاتێکدابوو کە جەنگی “ڕووسیا-ئۆکراین، جەنگی ئیسرائیل-حەماس، ئیسرائیل-حزبولای لوبنان، ئیسرائیل-حوسییەکان”ی یەمەن بەردەوامە و ئێستاش جەنگی ئیسرائیل و ئێرانی هاتووەتە سەر. سەرەڕای ئەمەش ئەم ساڵ ئەم لوتکەیە لە کاتێکدا دەکرێت کە “ترامپ” دووبارە گەڕاوەتە سەر دەسەڵات و باچ و گومروکی لەسەر کۆمەڵێک دەوڵەت سەپاندووە کە ئەندامن لە گرووپی هەفت؛ بۆ نموونە کەنەدا، کە ئەمساڵ خانەخۆی ئەم لوتکەیە دەخات. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینەسەر لێکەوتە و ئالنگارییەکانی بەردەم لوتکەی گرووپی هەفت لە سالی ٢٠٢٢٥.
“مێژوو و هۆکاری دامەزراندن”
گرووپی هەفت، کە لە ناوی دیارە لە هەفت وڵاتی پیشەسازیی پێشکەوتوویی دیموکراسیی پێکهاتووە کە بریتین لە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەلمانیا، ئیتالیا و ژاپۆن”. لە وێنە گەورەکەدا وا دیارە کە ئەم بلۆکە زۆرتر بلۆکەکی رۆژئاواییە ئەگەر ژاپۆنی لێدەرکەین. سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٥٠ وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن، شانشینی یەکگرتوو و ئەلمانیای رۆژئاوا، ئەم بلۆکەیان دامەزراند وەک بەرپەرچدانەوەیەک بوو بۆ گوشارە ئابوورییەکانی بلۆکی کۆمۆنیستی بە سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤییەت. سەرەڕای فاکتەری سەرەوە، بیرۆکەی دامەزراندنەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی ئەو کاتی فەڕەنسا، والری ژیسکار دیستۆن و راوێژکاری ئەڵمانیا، هێلمێت شمیس بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە وڵاتانی عەرەبی خوڵقاندبوویان بە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزکردنەوەی نرخی نەوت وەک پەرچەکردارێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بەسەر وڵاتانی عەرەبی، کە ئەمەش بووە هۆی داکشانی (recession) ئابووری لە وڵاتانی بلۆکی سەرمایەداریی بەتایبەتیش ئەلمانیای رۆژئاوا، فەڕەنسا و بەریتانیا.
زیاد لەمەش ئەم قەیرانە وایکرد کە سیستەمی ئابووری بریتون وودز کە بنەمای ئابووری جیهانی سەرمایەداریی بوو تووشی ئالنگاریی ببێتەوە و تەنانەت کار گەیشتە ئاستێک کە ئەمریکا پاڵپشتی زێری بۆ دۆلاری ئەمریکی کشاندەوە. بەرەنگاربوونەوەی ئەم رووداوانە تەنیا لە توانای دەوڵەتیکدا نەبوو و پێویستی بە کردەی دەستەجەمعی بوو (collective action)، ئەوە بوو بە پێشنیاری ئەم دوو کەسایەتیە ئەم گروپە سەرەتا لە شەش وڵات پێکهات (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، ئەمریکا، ئیتالیا و بەریتانیا) و یەکەم جار بە گرووپی شەش ناوی دەرکرد و لە ساڵی ١٩٧٥ یەکەم دانیشتنی خۆی لە فەرەنسا گرێدا. دواتر لە ساڵی ١٩٧٦ کەنەدا چووە پاڵ ئەم بلۆکە و بوو بە گرووپی هەفت. لە دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەت، ڕووسیا وەک میراتگریی ئەم یەکێتییە داوای چوونە ناو ئەم گروپەی کرد و لە ساڵی ١٩٩٨ دوای نۆ ساڵ چاوەڕوانی، بوو بە ئەندامی ئەم گروپە ئابوورییە-سیاسییە و ناوەکەی بۆ گرووپی هەشت گۆڕدرا، بەڵام دواتر بە هۆی دەستدرێژییە سنورییەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەروپای رۆژهەڵات و داگیرکردنی دورگەی کرایمیا لەلایەن ڕووسیاوە لە ساڵی ٢٠١٥ بە دواوە ئەندامێتی ڕووسیا لەم گروپە هەڵپەسێردرا و ناوی جارانی واتە گرووپی هەفت درایە پاڵ.
بۆ ئەم ساڵە واتە ساڵی ٢٠٢٥، سەرانی گرووپی هەفت لە کەنەدا کۆبوونەوە. چونکە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکان هەر ساڵێک لە ئەستۆی وڵاتێکدایە وڵاتی خانەخۆ ئەجندای کار دیار دەکات. شوێنی گریدانی کۆبوونەوەی ئەم ساڵ ناوچەی ئەلبرتایە. ئەوەی سەرنجراکێشە، هەم کەنەدا کێشەی لەگەڵ “ترامپ” هەیە، بەو هۆیەوە کە لە کاتی دەستبەکاربوونی “ترامپ”، ئەو رایگەیاند کە خوازیارە کەنەدا ببێتە پەنجاو یەکەمین ویلایەتی ئەمریکا، دواتر باجی گومروکی بە رێژەویی ٤٥٪ لەسەر کۆمەڵێک کەرتی پیشەسازیی کەنەدا سەپاند. لەلایەکیترەوە، خودی هەرێمی ئەلبرتا، بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦، گشتپرسییەک ئەنجامبدات بۆ مانەوە لەگەڵ کەنەدا یاخود سەربەخۆیی وەرگرتن. ئەم ساڵە سەرەڕای ئەم هەفت وڵاتە، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەوروپا تێدا بەشدار دەبێت، هەروەها سەرۆکی ئۆکراین لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە لەگەڵ دۆناڵد “ترامپ” چاوپێکەوتنیان هەبوو.
“ئالنگارییەکانی بەردەم گرووپی هەفت”
ئەجندای ئەم ساڵی کۆبوونەوەکانی گرووپی هەفت لە شەش خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو:-
– داهاتووی ئابووریی جیهان.
– بوژانەوەی ئابووریی، ئاسایش و بەردەوامێتی (resilience).
– ئاسایشی زۆتر بۆ کۆمەڵگەکان (safer communities).
– جیهانێکی پر لە ئاسایش.
– ئۆکراینێکی بەهێز و خاوەن سەروەریی.
– داهاتووی ئاسایشی وزە.
بەڵام ئەگەر بێتوو سەیری واقیعی جیهانی و ئەجێندا کاری ئەم ساڵی گرووپی هەفت بکەین دەبینین کە ئەم گرووپە رووبەرووی کۆمەلێک ئالنگاریی سەرەکی دەبێتەوە کە لە خووارەوە بە کوری باسیان دەکەین:-
یەکەم:- کێشە لە نێوان “ترامپ” و سەرکردەکانی وڵاتانی ئەروپی بەشدار لەم کۆبوونەوەیە و هەروەها کەنەدا لە ئارادایە. ئەگەرچی ئەم لوتکەیە زۆرتر لوتکەیەکی ئابووریی و داراییە، بەڵام خودی “ترامپ” کۆمەڵێک باجی لەسەر کاڵاکانی هەناردەکراوی ئەم وڵاتانە بۆ ئەمریکا سەپاندووە. ئەمەش رێگر دەبێت لەهەمبەر گەیشتن بە سیاسەتێکی روون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەلنگارییە ئابووریی و سیاسییەکان لە ئاستی جیهان. بەرجەستەترین نموونەش، دژایەتی “ترامپ” بوو لەسەر یەکەم رەشنووسی ئەم کۆبوونەوەیە و هەڵوێستیان لەبارەی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە “ترامپ” رایگەیاند پێویستە رەشنووسەکە بگۆڕدرێت و زمانێکی نەرمتر لەهەمبەر ئیسرائیل تێدا بەکاربهێنرێت. هەر بۆیەش لە دوایین بەیاننامەی ئەم گروپە چەمکی ”پاڵپشتکردنی/پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل”بەکار هات و واژوو کرا.
دووەم:- ئەم لوتکەیە لە کاتێکدا گرێدەدرێت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی ناسەقامگیرە. وڵاتانی وەک ئێراق، سوریا، فەڵەستن، یەمەن، لوبنان و ئێران لەگەڵ ئیسرائیل بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە جەنگدان. ئەمەو سەرەڕای بەردەوامبوونی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین. ئەمەش وایکرد کە گەیشتن بە بڕیارێکی ئابووریی-سیاسیی لە نێوان ئەم وڵاتانە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەل ئەم دۆسێیە قورس بێت. بۆ نموونە، لە نێوان ئەم وڵاتانەدا ژاپۆن هاوردەکارێکی سەرەکی وزەیە لە ئێران. بۆیە ژاپۆن ناتوانێت هاوشێوەی ئەمریکا لە دژی ئێران بوەستێتەوە، چونکە ئەم کارە بە زیانی ئابووریی ژاپۆن تەواو دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە کۆبوونەوەی گرووپی هەفت بە زارەکی لەگەڵ ئەم وڵاتانە هاورا بێت بەڵام بە کرداری ناچارە بێلایەنی لەهەمبەر ئەم جەنگە هەڵبژێرێت.
سێیەم:- لەم لوتکەیەدا خاڵێکی هاوبەش لە نێوان گشت وڵاتەکاندا هەبوو، ئەویش بریتیبوو لە چۆنییەتی بەرنگاربوونەوەی مەترسییەکانی چین بۆ سەر ئەم وڵاتانە و ئابووریی جیهانی. لە دانیشتنەکەدا زۆرتر باس لە پارتی کۆمۆنیستی چین کرا تا خودی ”دەوڵەتی چین”. هەر بۆیەش گشت وڵاتەکان هاوڕابوون لەسەر پشتگیریی کردنی تایوان لەهەمبەر دەستدرێژییەکانی چین. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تایوان یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی بەرهەمهێنەری باتری کارەبایی و چیپسەکانی تایبەت بە زیرەکی دەستکردە. دەستڕانەگەیشتی ئەم هەفت دەوڵەتە پیشەسازییە بەم کەرەستانە دەبێتە هۆی پەکخستنی ئابووریی ئەم وڵاتانە یاخود رازیبوون بە داواکارییە ئابوورییەکانی چین لە ئاستی جیهاندا.
چووارەم:- کێشەی ئۆکراین تا ئێستا بەردەوامە وتەنانەت “دۆناڵد ترامپ” لە سەرەتای دەستبەکاربوونی هیندەی کە بە ناراستەوخۆ پشتیوانی ڕووسیای کرد و ئۆکراین و سەرۆکەیەکەی بە تاوانباری بەردەوامی جەنگەکە ناساند، هیندە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی نەداوە لە کاتێکدا کە دروشمی ئەم ساڵی کۆبوونەی گرووپی هەفت بریتیبوو لە چارەسەری دەستەجەمعی (common solutions). ئەم هەڵوێستەی “ترامپ” تەنانەت نارەزایەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە. زیاد لەمەش لە خودی کۆبوونەوەی گرووپی هەفت و تەنانەت لە پەراویزی کۆبوونەوەکە کە “ترامپ” و زلێنسکی پێکەوە کۆبوونەوە، بەڵام هەمدیس “ترامپ” ئامادەنەبوو کە لێدوانی توند لە دژی ڕووسیا سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراین بدات و رۆژێک پێشتریش کۆبوونەوەکانی گرووپی هەفتی بە جێهێشت و بە بیانۆی کاری لەناکاوی ئەمنی گەرایەوە واشنتۆن.
پێنجەم:- ئەجندای کار، باس لە بوژانەوەی ئابووریی و هێنانەدی ئاسایشی جیهانی دەکات کەچی لەهەمانکاتدا داوای بەرنگاربوونەوەی ئالنگارییە ئابوورییەکانی چین و دەستدرێژییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین دەکات. بەڵام ئەم دوو دەوڵەتە لە ئێستادا زلهێزی ئابووریی جیهانن، بە تایبەتیش چین کە دووەم گەورە ئابووریی جیهانە لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ هەر بۆیە سەختە ئەم وڵاتانە بتوانن بوژانەی ئابووری و دابینکردنی ئاسایش لە ئاستی جیهاندا بێننە کایەوە. بە تایبەتیش ئەگەر بێتوو رەچاوی هەڵسوکەوتەکانی دۆناڵد “ترامپ” بکەین. بۆ نموونە “ترامپ” لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکەکەی لە کەنەدا بە پاڵتۆ و شەبقەیەکی سپی دابەزی کە هێمایە بۆ دروشمەکەی واتە (دووبارە ئەمریکا گەورە بکەینەوە) (Make America Great Again/MAGA). هەر بۆیەش ئەم سیاسەتەی ئەمریکا سەختە لەگەڵ سیاسەتی هاوبەشی هەر شەش وڵاتەکەیتر بگونجێت. بەتایبەتیش دوای سەپاندنی باج لەلایەن ئەمریکاوە لەسەر کاڵاکانی ئەم وڵاتانە. لە گەڵ ئەمەشدا ئەمریکا قسەی یەکلاکەرەوە لەم گروپە دەکات. چونکە لە ساڵی ٢٠٢٤ هاوبەشی ئابووریی (share of economy) ئەمریکا لەم گروپەدا ٥٢٪ بوو واتە پتر لە هەر شەش وڵاتەکەیتر. هەروەها لە کۆی هەفت وڵاتەکە، ئەمریکا بەتەنیا ٤٣٪ دانیشتووانی ئەم گروپە پێکدێنێت، ئەمەش ئەو واتایە دەدات کە ئەمریکا خاوەن بازارێکی گەورەیە بۆ ساغکردنەوەی کاڵای ئەم وڵاتانە. زیاد لەمەش بوژانەوەی ئابووریی ناوخۆیی ئەم هەفتە گروپە بۆ ساڵی ٢٠٢٤، لە ئەمریکا سەرووی ٢٠ ترلیۆن دۆلار بوو، کەچی هیچ یەک لە وڵاتانیتر نەگەیشتنە پێنج ترلیۆن دۆلار. ئەمریکا ١٧/٢٩، بەریتانیا ٥٩/٣، ژاپۆن ٠٧/٤، ئیتالیا ٣٨/٢، ئەڵمانیا ٧١/٤، فەڕەنسا ١٧/٣، کەنەدا ٢١/٢ ترلیۆن دۆلار لە یەک ساڵ).
بە کورتی، لوتکەی گرووپی هەفت دەسکەوتەکانی تەنیا تایبەتە بەم گرووپە، ئەگەرچی لە رووی زارەکییەوە ئاماژە بە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هەژاری لە وڵاتانی دواکەوتوو و یارمەتیدانیان بۆ بوژانەوەی ئابووریی گەشەسەندن دەکەن، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەم گوتارانە نەبوونەتە کردار.
“کۆبەند”
ئەگەرچی وڵاتانی گرووپی هەفت سەرووی ٤٠٪ ئابووریی جیهانی پێکدێنن و کۆمەڵێک وڵاتی زلهێزیی، پیشەسازیی، تەکنۆلۆژیی و سەربازین، بەڵام ئەم کۆمەڵەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن هێزی جێبەجێکار نییە و ئەو بڕایارنەشی کە دەردەکات تایبەتن بەو هەفت وڵاتانە و خەسڵەتی پابەندکەرەوەیان نییە. زیاد لەمەش، بۆ لوتکەی ٢٠٢٥، ناکۆکی نێوان ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە بە هۆی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردارەکانی دۆناڵد “ترامپ” لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەدای ئەم کۆمەڵەیە لە ئاستی جیهاندا دروست دەکات. هەروها ئەم گروپە لایەنگریی لە بڕیارەکانیدا پێوە دیارە، ئەگەرچی ئەم هەفت وڵاتە، دەوڵەتی دیموکراسین، بەڵام وەک پێویست پاڵپشتکاری هێنانەدی سیستەمی دیموکراسی بۆ وڵاتانیتر لە ئاستی جیهاندا نین بەتایبەتیش لە ئەمریکای لاتین، ئەفریقیا و رۆژهەلاتی ناوەڕاست.