لەدواى لێدانە ئاسمانییە توندەکانى ئیسرائیلەوە لەئێران لە ١٢ى مانگى حوزەیراندا، ململانێ و دژایەتییەکانى نێوان هەردوو وڵات زیاتر بووەوە. بەردەوامبوونى شەڕ و تۆڵەسەندنەوەى یەکدى، بووەتە مایەى مەترسى پەلکێشانى ناوچەکە بۆ شەڕێکى فراوانتر.
لێرەوە دەبێ بپرسین پەیوەندییەکانى هەردوولا لەڕابردوودا چۆن بووە و ڕیشەى دووژمنایەتیى توندى نێوانیان لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
نزیکەى دوو ساڵە شەڕ لە غەزەدا بەردەوامە، بزووتنەوەى (حەماس) بە کۆمەکیى و دەستگیرۆیى ئێران شەڕى دەستپێکرد و ئاگرێکى هەڵکردووە کە وا خەریکە پریشکەکەى ئێرانیش دەسوتێنێت. شەڕ تەنها بە کەرتى غەزەوە نەماوەتەوە.
لە ٣١ى مانگى تەمموزى ڕابردوودا (ئیسماعیل هەنیە)ى سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى (حەماس) لەناو تاراندا کوژرا. لە ٢٧ى ئەیلولى ڕابردوویشدا (حەسەن نەسروڵا)ى ڕابەرى (حیزبوڵا)ى لوبنانى لە پەلامارێکى ئیسرائیلدا لە بەیروت کوژرا… لەو دەمەوە، چاودێریى وەڵامدانەوەى ئێران دەکرێت. چۆن و کەى سەرکردایەتیى سەربازیى تاران وەڵام دەداتەوە؟
سەرەتاى مانگى ئۆکتۆبەر سوپاى پاسدارانى ئێران، (ئیسرائیل)ى موشەک باران کرد و تەلەفزیۆنى ڕەسمیى ئێران ڕایگەیاند کە تۆڵەى هەنییە و نەسروڵا کراوەتەوە. بەڵام، زۆرى نەخایاند، لە ٢٢ى هەمان مانگدا (هاشم سەفیەدین)ى جێگرەوەى نەسروڵا لە پەلامارێکى ترى ئیسرائیلدا لە بەیروت کوژرا.
لەکۆتایی ساڵانى حەفتاکانى سەدەى ڕابردووەوە ڕق و دووژمنایەتیى نێوان هەردوو دەوڵەت زیاتر پەرەى سەند. لەکاتێکدا کە ئێران بەردەوام بانگەشەى سڕینەوەى (ئیسرائیل)ى لەسەر نەخشە کردووە، ئیسرائیلیش (تاران)ى وەک سەرى مار و دووژمنە سەرسەختەى خۆى زانیوە.
ئێران و ئیسرائیل کەى هاوپەیمان بوون؟
پێش هەڵگیرسانى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران ساڵى ١٩٧٩ (شۆڕشى ئیمام خومەینى)، هەردوو وڵات دوو هاوپەیمانى باش بوون. لەگەڵ دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیلدا ساڵى ١٩٤٨، ئێران لەیەکەمینى ئەو وڵاتانە بوو کە دانى بەو دەوڵەتەدا نا. هەردولایان ئەویتریان بە هاوپەیمانێکى باڵا دەزانى لە بەرەوڕوو وەستانەوەى دەوڵەتە عەرەبییەکانى ناوچەکەدا و بەمەش بەیەکەوە هاوسەنگیى ناوچەکە دەستدەخەن.
ئیسرائیل وەک دووپاتکردنەوەى ئەو هاوپەیمانێتییە ڕاهێنانى بەسەدان شارەزاى بوارى کشتوکاڵى ئێرانى کرد و ڕۆڵى هەبوو لە پێکهێنانى هێزى چەکداریى ئێران و ڕاهێنانیان لەسەر چەکى پێشکەوتووى ئەو کاتە. بەرامبەر بەوە، وەک پێزانینێک شاى ئێران دەیان بارهەڵگر نەوتى دەبەخشى بە ئیسرائیل.
هەر لەو سەردەمەدا، ئێران دووەم گەورەترین پەناگەى جولەکە بوو لەدەرەوەى ئیسرائیلدا. ئەوانەى کە لەدواى شۆڕشى ئیسلامیى ناچار بە کۆچکردن لەو وڵاتە بوون و تا ئێستاش ژمارەیەکیان ماوەتەوە.
هاوکێشەى هاوپەیمانێتییەکە کەى گۆڕا؟
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران، هەموو ڕێککەوتنەکانى لەگەڵ ئیسرائیدا هەڵوەشاندەوە و ڕابەرى شۆڕشیش کۆمەڵە تانەیەکى ئاراستەى ئەو وڵاتە کرد بەهۆکارى داگیرکاریى خاکى فەلەستین. بەتێپەڕینى کاتیش، ئێران بوو بەهەڵگرى زمانێکى تەواو توند و شەڕانگێز دژى ئیسرائیل. لەپێناو بەدەستهێنانى متمانەى هاووڵاتیانى خۆى و پشتیوانیى وڵاتانى عەرەبیى ناوچەکەدا و پتەوکردنى پێگەى خۆى، بە بەکارهێنانى دروشمى ئایینى و پێداگیرییەکانى لەسەر پاراستنى کەرامەتى موسڵمانان و خاکى وڵاتانى موسڵمان، تا دەهات توندتر هەڕەشەى لە ئیسرائیل دەکرد.
ئەم گوتارە توندەى هەردوولا چاوەڕێى دەرفەتێک بوو بۆ بە کردار کردنى. کاتێک ساڵى ١٩٨٢ ئیسرائیل هێزێک دەنێرێتە باشورى لوبنان و دەیەوێت قسەى لە شەڕى نێوخۆى ئەو وڵاتەدا هەبێت؛ ڕێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێرانیش هێزێک لە پاسدارانى وڵاتەکەى دەنێرێتە بەیروت و پاڵپشتیى چەکدارە شیعەکانى پێدەکات. دەرکەوتنى چەکدارانەى (حیزبوڵا) بەرى ئەو پشتیوانییەى ئێرانە.
ئێران لە دژە وەستانەوەى ئیسرائیلدا هەمیشە پشتى بە ئەو هێزانە بەستووە کە لەناو وڵاتانى دەوروبەردا دروستى کردوون. پاڵپشتیى سەرەکى (حیزبوڵا)ى لوبنان، (حەماس)ى غەزە، (حوسی)ى یەمەن و (بەرەى موقاوەمە) و چەند گروپێکى ترى (حەشدى شەعبى)ى ئێراق بووە.
پەرەسەندنى ناکۆکییەکان
ناکۆکى و ململانێکانى ئێران و ئیسرائیل ڕیشەى کۆنى هەیە؛ ٤٦ ساڵە ئەم دوو وڵاتە دانویان بەیەکەوە نەکوڵاوە. ساڵانى هەشتا و نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو ئیتر مەترسییەکانى ئیسرائیل لەئێران پەرەى سەند و ناکۆکییەکانیش چوونە دۆخى توندترەوە. لەو کاتەوە کە ئێران لەلایەکەوە دەستى بەدروستکردن و پشتیوانیکردنى گروپە چەکدارەکانى نمونەى (حەماس) و (حیزبوڵا) کرد و خۆیشى بەرنامەى ئەتۆمى گەشە پێدا، ئیتر مەترسییەکان لەلاى ئیسرائیل چوونە قۆناغێکى ترەوە.
لەپاڵ ئەو هۆکارانەشدا، فاکتەرى جیۆ-سیاسیش ڕۆڵى لە پەرەسەندنى ناکۆکى نێوان هەردوو وڵاتدا بینیوە. بەو پێیەى ململانێى هەردولا لەسەر فراوانکردنى هەژمونیان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەسکەلاکردنى وڵاتانى عەرەبى و پشتیوانیکردنى گروپ و دەستەى چەکدارى و چاندنى تۆڕى هەواڵگرى بەیەکەوە فاکتەرى پەرەسەندنى ناکۆکییەکانیان بوون.
تەقینەوەى ئاگرەکە
لەگەڵ ئەو ململانێ و کێشمەکێشانەى نێوان هەردوو وڵاتدا کە نزیکەى چوار دەیە بەردەوامى هەبووە. نەگەیشتوەتە ئاستێک پریشکى ئاگرى شەڕى گەورە و ڕاستەوخۆیان بگاتە ناوخۆى یەکدى. تیرۆرکردنى زانا ئەتۆمییەکانى ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە و (جار جار) موشەک هاویشتنى دووراودوور بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکان بەهێزترین هەڕەشە بوون. لەولاشەوە، ئێران لەرێگاى گروپە چەکدارییە دەسکەلاکانى خۆیەوە وەڵامى هەڕەشە و (دەستدرێژییەکانى) ئیسرائیلى داوەتەوە. بەڵام، دوو ساڵە (٢٠٢٤-٢٠٢٥) ئیتر ئاگرەکە تەقیوەتەوە و گەیشتوەتە نێو ماڵى هەردوولا. بەپێى مێژووى ناکۆکى هەردوو دەوڵەت، بەم شێوەیەى ئێستا شەڕیان گەرم نەکردووە.
ئەوسەرى تونێلەکە
ناکۆکییەکانى نێوان ئێران-ئیسرائیل لە ٤٦ ساڵى ڕابردوودا نەگەیشتوەتە ئەم ئاستەى ئێستا ڕوو دەدات. بۆیە، ئەوسەرى تونێلەکە ڕوون نییە و هێشتا دوکەڵ دایپۆشیوە.
بەپێى خوێندنەوەى شەڕى ئێستاى نێوان ئەم دوو وڵاتە، گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزى گفتوگۆ دوور نابێت. هەم لەلایەکەوە لەبەر ئەوەى ئەمەریکا و وڵاتانى ناوچەیى و نێودەوڵەتیش دەیانەوێت کۆتایى شەڕەکە خستنى لایەک لەسەر حسابى لایەکەى تر نەبێت، هەم هەردولا تواناى جەنگى، هەواڵگرى، سەربازى، ئابورى، تەکنەلۆجى و سیاسى یەکدییان تاقیکردەوە و ئەزانن پێ بە گوێرەى بەڕە ڕابکێشن.
ڕۆژانى داهاتوو ڕوون بوونەوەى ئەوسەرى تونێلەکە دەردەخات…