کێشەی ئێراق ئەوەیە لەناو دەیان جۆری پیشەسازیی و سەرچاوەکانی وزەدا تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت. داهاتی ئەم دەوڵەتە (٩٦٪)ی هەر پشت بە نەوت دەبەستێت؛ بۆ هەناردەکردنی ئەم نەوتەیش هەر بەتەنها پشت بە (بەسرە) دەبەستێت لەسەر کەنداوی عەرەبی، لە بەسرەش نیزیکەی (٩) نۆ مینا هەیە؛ هەریەکەی گرووپێکی سیاسیی و سەربازیی لە ئێراقدا کاریگەریی بەسەریدا هەیە! ئەی ئەگەر ئێستا سەرکردەیەکی میلیشیاکانی کە تەواو بە ئێرانەوە وابەستەیە دەمارەکانی گرژبوو، دوو گووللەی بەئاڕاستەی ئیسرائیل تەقاند! ئیسرائیل یان هەر شوێنێکی دیکە بە دوو درۆن میناکانی بەسرەیان تێک و پێک شکاند!
گەرووی هورمز، تەنگەبەرێکی ئاوییە لە نێوان ئێران و سەڵتەنەتی عومان دا، نەوتی ئێراق و سعودییەو ئیمارات و کوەیت و وڵاتانی کەنداو بەگشتی پێدا تێپەڕ دەبێت! ئەی ئەگەر ئێران گەرووی هورمزی داخست ئێراق چی دەکات؟! هەرچەندە قوورسە ئێران وا بکات، بەڵام پێش ئەوەی ئەمە ڕوون بکەمەوە، یادەوەرییەک هەیە باسی دەکەم:
لە ساڵی (٢٠١٧) عەبادی هەموو فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانی بەسەر هەرێمی کوردستاندا داخستبوو، ئیتر هەزارەها جار و هەزارەها وتار لە سەر کوردو نەوتەکەی دەوتران؛ فشارەکان و گوتارەکان لەسەر کوردو نەوتەکەی لە ٢٠١٨ ەوە گەیشتە ئاستێکی بێزارکەر. لووتکەی وزەی ئێراقی (Iraq Energy Forum) لە نیسانی ٢٠١٨ هۆتێل ڕەشید لە نیسانی ڕێکخرا. سەرۆکی ئۆپیک و وەزیرانی وزەی جیهان و بەرپرسان و نوخبەی ئێراق و ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر لە فیگەرە دیبلۆماسییەکان لەوێبوون (وەک لەوێنەکە دیارە), بەهۆی ڕیفراندۆم و نەوتەوە زۆر قسە بە کورد وترا؛ ئیتر خۆ- ڕیفراندۆمێک بوو کرا، سەرنج و تێبینییەکانیشمان لەکاتی خۆیدا بڵاوکردەوەو، دەنگیشمان پێدا. لای من کوردایەتی و کوردبوونی ڕاستەقینە ئەوەیە دامەزراوە درووست بکرێ، پیشەسازیی سەر پێ بخرێ، ژێرخانی کەلتوری و ئابوریی و زانستی بەرز ڕابگیرێت، دوور لە گیانی حیزبی و دەنگە-دەنگ دەستپێشخەریی نیشتیمانیی بێتە ئاراوە، لەوە زیاتر موزایەدەیەو شاعیر وتەنی هەر قسەی بەلاشەو ناچێتە گیرفانەوە. لەوێ لە عەبادییەوە تا لوعەیبی وتیان دەبێت یاسای نەوت و گاز بە بێ کورد دەربکرێ و، دەست بەسەر کێڵگەکانی هەرێمدا بگیرێ و، چەند جارێک دووپاتیان کردەوە کە دەبێت “کورد نەوتەکەی تەسلیم بکات”.
لە ڕیزی چوارەم دەستم هەڵبڕی نەموت کوردم؛ وتم من لە زانکۆی قوبرسی نێودەوڵەتییەوە هاتووم و خوێندکاری دکتۆرام و بەڕێوەبەری فوڵان سەنتەری توێژینەوەم.. من پێموایە دەبێت بەغدا نەوتەکەی تەسلیمی هەرێمی کوردستان بکات! ڕیزەکانی پێشەوە زۆربەیان ئاوڕیان دایەوە! غەڵبە-غەڵبێکی زۆر! قوربان؛ ئێوە ئێستا خەریکن لە ڕقی کورد هێڵێکی بۆڕی ڕادەکێشن لە کەرکوکەوە بۆ خانەقین و لەوێشەوە بۆ ئێران و بەندەر عەباس! هێڵی بۆڕی کەرکوک- جەیهان کە بۆ دەریای ناوەڕاستە و لە کۆتایی حەفتاکانەوە بیناتان کردوە، داعش تەقاندویەتیەوە و چاکتان نەکردۆتەوە، ئێستا بەو بۆڕییەی کوردستاندا نەوت دەنێرنە دەرەوە کە لە پاریس سکاڵاتان لەسەر تۆمارکردوەو، پێتان وایە نا-یاساییە؛ ئەوەی هەیە تەنها بەسرەیە، سبەی گرفتێک لە بەسرە ڕووبدات، ئێوە نەوت لە کوێوە هەناردە دەکەن و مووچەی (١٤) ملیۆن کەس چۆن دابین دەکەن! بۆیە پێویستە ڕێگاکانی هەناردەکردنتان هەمەچەشن بکەن، بۆ ئەوەش بەشێکی زۆری نەوتی ئێراق لە ڕێگەی ئەو بۆڕییەی هەرێمی کوردستان تاوەکو فیشخابوور بونیادی ناوە هەناردە بکەن، لەوێشەوە لوولەکە ئامادەیە بە (٦٨٠ کم) دەچێتە جەیهانی تورکی بۆ سەر دەریای ناوەڕاست، ئەمەش وا دەکات پرسەکەتان لەناکۆکی و جەنگەوە لەگەڵ کورد بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندی هاوبەش و پێکەوەیی زیاتر.. ئیتر زۆر سوپاس.
سێ مانگ پێش ئەوەی بەشار ئەسەد لەکۆتایی (٢٠٢٤) هەڵ بێت، سەرۆکوەزیرانی ئێراق سەردانی دیمەشقی کرد بۆ ئەوەی لوولەیەک لە ئێراقەوە بۆ بانیاس و بۆ دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە) ڕابکێشن، چوونکە ترسی هەبوو ئیسرائیل پەلاماری بەسرە بدات! هەر بۆ هەمان مەبەستیش سەردانی هەولێرو سولەیمانی کرد و، سودانی خۆی پرۆژە- یاسایەکی ناردبوو بۆ پەرلەمان تا بەپەلە نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەریای ناوەڕاست هەناردە بکرێتەوە. بەڵام دواتر کە تۆزێک وایانزانی ئێراقیان لە ئاگری شەڕەکەی غەزەو ئیسرائیل پەڕاندۆتەوە، دیسان دەستیان کردەوە بە دژایەتی پرۆسە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان!
ئێستا کە هەمان ترس لە بەغدا هەیە، ڕەنگە زوو- بگەنە هەرێمی کوردستان و دەستپێشخەرییەکی تر ڕابگەیەنن.
بێینەوە سەر “گەرووی هورمز”، ئەمە بۆ ئێران هەروا ئاسان نییە دابخرێت و، کارتێكی بەهێزیش نییە، چوونکە:
– ئەگەر ئێران دای بخات زیان لە وڵاتانی کەنداو دەدات، کە هەموویان بەیاننامەیان دژی پەلاماردانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەرکردوە. ئێران لێرەدا بەرەیەکی دیکە بۆ خۆی زیاد دەکات، لە دۆخێکدا نییە وا بکات و، ترامپ بێتە سەر هێڵ بڵێ؛ ڕۆژێک حووسییەکان کێشە بۆ کەشتییە نەوتییەکان درووست دەکەن و، ڕۆژێک ئێران خۆی.
– نیزیکەی (٣٨٪ تا ٤٠٪) نەک هەر نەوت و سووتەمەنی بەڵکو کاڵاو شتومەک بەگشتی لە ئاسیاوە بەرەو خۆرئاوا (بە پێچەوانەشەوە) هەر بەم گەروەدا تێدەپەڕێت.
– چین گەورەترین کڕیاری نەوتی کەنداوە، تەنانەت ماوەی چوار ساڵە (٤٠٪) ی نەوتی ئێراق چین دەیکڕێت، لەکاتێکدا چین هەڵوێستێکی زۆر گەورەی دژی ئیسرائیل نواندوەو، پاڵپشتی بۆ ئێران دووپات کردۆتەوە.
بەگشتی گەرووی هورمز کەنداو پەیوەست دەکات نەک هەر بە دەریای عەرەبی و هیندو چین و یابان و مالیزیاو تایلەندو سەنگافوراو..تادوایی بەڵکو لەوێشەوە بە تەنیشت کەنداوی عومان و ئەو ئاوانەوە دەسوڕێتەوە بۆ دەریای سوور و وڵاتانی ئەفریکا. ئێران هەڵەیەکی وا بکات، دووبارە عەرەبستان مەسەلەی خوزستان زیندوو دەکاتەوە، کە ستراتیژیترین و پڕ نەوتترین ناوچەی ئێرانەو، زۆرینەی عەرەبن و، ئێران داگیری کردوە (وەک ئەوان دەڵێن ئێران داگیری کردوە). ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئیماراتی عەرەبیش دێتە ناوەوە کێشە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان یەکلادەکاتەوە لەگەڵ ئێران کە سێ دوورگەن (توینبی گەورە، توینبی بچووک، ئەبو موسا). ئەگەر ئێران وابکات ئەوا دۆستێکی سەرەکی خۆی کە عومانە لە دەست دەدات، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سعودییە تێک دەچێتەوە. بۆیە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ڕوونادات(میدیاو شیکەرەوەکان ئەمە دەوروژێنن)، بەتایبەت بەپێی میدیای ئێران موحەمەد بن سەلمان لە تەلەفۆندا بە پزیشکیانی وتوە؛ لەهاوکاریکردنی براکانمان لە ئێران درێغی ناکەین.
گەرووی هورمز دابخرێ نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە ( ٢٥٠ دۆلار)، زیان بەئابوریی ئەوروپاو زۆربەی جیهان دەگەیەنێت. وزە بە سرووشتی خۆی زەمینیەیەکی هاوبەشە لەنێوان گەلاندا.