لە دوورەوە یەکدیمان دەناسی، بە تەلەفۆنیش قسەمان کردبوو، بەڵام رێکنەدەکەوت یەکدی ببینین، هەرچەندە وانەبوو هەر یەکەمان لە کیشوەرێک بین، ئەو لە هەولێر و من لە سلێمانی بووم. دەمزانی هاوڕێم شێرزاد هەینی کتێبێکی لەبارەیەوە نووسیوە، بۆیە وام بە باش زانی پێکەوە سەردانی بکەین. ماڵەکەی لە یەکێک لە کۆمەڵگە نوێیەکانی نێو شاری هەولێر بوو، ئەوانەی پێیان دەڵێن ستی، کەم لەو کۆمەڵگانە ناوەکانیان کوردییە.
کاتێک گەیشتینە بەردەم ماڵەکەی، خەریکی ئاودانی گوڵەکانی بوو، سەرحاڵ دیاربوو، بەردەوام خەندە لەسەر لێوەکانی بوو، بەڵام گۆپاڵەکەی لە خۆی دوور نەدەخستەوە. من دەمویست زۆرترین زانیاری لەسەر ژیانی سەردەمی پێشمەرگایەتی، شیعر و ژیانی ئاوارەیی لە هەندەران لێوەربگرم، ئاخر قسەمان لەسەر ئەوە کردبوو کە بەرنامەی (پەنجەمۆر)ی لەگەڵ دا تۆمار بکەم.
باسی کاک سەڵاح رواندزی شاعیر و پێشمەرگە دەکەم کە بەردەوام وشەی کورد و کوردستان لەسەر زاری بوو. پاش ئەوەندە ساڵ هێشتا کە باسی ناسینی خۆی و مامۆستا گیوی موکریانی دەکرد هەستم دەکرد هێشتا شەرمی لێدەکات، وەکو خۆی دەیگوت مامۆستا گیو نازناوی شاعیرێتی بۆ دانام (ماندوو)، وەکو خۆی دەیگوت بەڕاستی دواتر ژیان ماندووی کردم، بۆیە نازناوەکەی مامۆستا گیو جێگەی خۆی گرت. کاک سەڵاح دەیگوت بڕواناکەم کوردێکی دیکەی وەکو مامۆستا گیو لەدایک ببێتەوە.
ئەو یەکێک بوو لە هاوڕێ نزیکەکانی مامۆستا تایەر تۆفیق، دەیان بەسەرهاتی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کورد هەبوو، بە تایبەتی بەسەرهاتی شەونمی مەدهۆشی. هەروەها باسی سەردەمی پێشمەرگایەتیی هونەرمەند رەسووڵ گەردی دەکرد لە ساڵی 1974 دا، وەکو کاک سەڵاح دەیگوت مام رەسووڵ بەردەوام پۆشتە و پاکوخاوێن بوو، ئەگەرچی ئەو نەدەچووە شەڕ، بەڵام بە باشترین تفەنگی کڵاشینکۆف نەبووایە رازی نەدەبوو.
کاتێک باسی یەکەم پەیوەندی خۆی لەگەڵ دەزگای پاراستنی بۆ کردم، هەستم دەکرد زۆر بە وریاییەوە وشەکان ریز دەکات و نایەوێت لەبنی هەمانەکە بدات، ئاخر وەکو خۆی دەیگوت هەندێک شت هەیە دەبێتە لەگەڵ خۆم بیبەمە ژێر گڵەوە، هەرواشی کرد، ئەو دەیگوت بەڵێنم بە خۆم و خوا و کورد و کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی داوە کە هەندێک شت هەن بەنهێنی بیانهێڵمەوە و، “هەروەک چۆن یەکەم نازناوی نهێنیم لەنێو دەزگای پاراستن دا (بەرد) بوو، دەبێت هەر بە بەردێتی بمێنمەوە! کوڕە خۆ لەخۆمەوە وشەی بەردم هەڵنەبژاردبوو، حیسابی ئەوەم کردبوو ئەگەر رۆژێک لە رۆژان دەستگیربکرێم، سەیرێکی خۆم بکەم و بڵێم کو بەرد قسان دەکات، بۆیە لەو رۆژەوە بوومە بەرد و هەر بە بەردی دەمێنمەوە”.
بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بووە، سەردەمانێک باوکی زێڕنگەرێکی بەنێوبانگ بووە لە هەولێر. بە رێکەوت، بەڵام بە مەبەست دەبێت بە قەڵەمی ئەمین سڕی پارێزگای هەولێر کە جێگەیەکی زۆر هەستیار بووە، پارێزگاری ئەوکاتە خۆی لە خۆیدا سەرۆککۆمارێکی هەرێمی بوو و دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی تەواوی هەبووە، هیچ هێزێکی سەربازی بەبێ فەرمانی پارێزگار نەیدەتوانی بجووڵێت! کاک سەڵاح بە پێکەنینەوە دەیگوت “من کەمێک گێلۆکە خۆم نیشاندەدا و زمانم کەمێک دەیگرت، ئێ کوڕە دەوڵەمەندیش بووم، بۆیە جێگەی باوەڕی پارێزگار بووم، کەس گومانی لێ نەدەکردم”.
سەڵاح رواندزی لەپاڵ هۆنینەوەی شیعری ئەڤینداری و نیشتمانپەروەریدا، بەردەوام کۆد و راپۆرتە نهێنییەکانی حکومەت شیدەکاتەوە و رەوانەی سەرووی خۆی دەکات کە وەکو خۆی دەیگوت پەیوەندی راستەوخۆم بە کاک مەسعودەوە هەبوو.
بەداخەوە کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە پڕە لە خیانەت و ملشکاندنی یەکدی. کاک سەڵاح بە حەسرەتەوە باسی خیانەتی کوردی دەکرد. ساڵی 1969 کە شۆڕش لەوپەڕی بەهێزی خۆیدا بوو، یەکێک لە سەرلقەکانی شۆڕش لە دەڤەری دەربەندیخان بەناوی شێخ جەعفەر بەرزنجی کە دواتر بووە پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی بەعس دا، لەگەڵ حکومەت دەست تێکەڵاو دەکات و شاخی بەمۆ کە دەکەوێتە نزیک دەربەندیخان و شوێنێکی زۆر ستراتیژییە، دەداتە دەست حکومەت و، خۆیشی تەسلیم دەبێت. ئەم هەواڵە بۆ سەرکردایەتیی شۆڕش و بەتایبەتیش ژەنەراڵ بارزانی زۆر ناخۆش دەبێت، بۆیە بارزانی بڕیار دەدات و داوا دەکات کە دەبێت لە نزیکترین کاتدا پێشمەرگە دەست بەسەر شاخەکەدا بگرنەوە، تەنانەت هێندە تووڕە دەبێت دەڵێت ئەگەر بۆتان ناکرێت خۆم دێم ئەو کارە دەکەم. پێشمەرگە لەژێر سەرکردایەتیی فاخیر مێرگەسۆری، جوامێرانە ئەو شوێنە ستراتیژییە لە ماوەیەکی کەم دا دەگرنەوە. ئەوەی شاخی بەمۆی بەدەستەوەبێت دەتوانێ چاودێری شارەزوو و دەربەندیخان تاوەکو دەگاتە سەر سنووری رۆژهەڵات و بەرەو گەرمیان بکات.
سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕەکاندا لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان دا، وایکرد کە حکومەتی عێراق بیر لە دانوستاندن بکاتەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی کوردستان دا، دواتر رێککەوتننامەی 11 ئازاری ساڵی 1970ـی لێکەوتەوە و لە مێژوو دا تۆمارکرا. قۆناخێکی نوێ و سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات، بەڵام سەڵاح رواندزی لەسەر کارە نهێنییەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت، ساڵی 1972 بەیەکجاری دەبێتە پێشمەرگە، ئیدی ناوپردان دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوونی کە لە سەرکردایەتیی شۆڕشەوە نزیک دەبێت، بەتایبەتی لە سەرۆک مەسعود بارزانییەوە.
من لێرەدا نامەوێت ئەو چیرۆکانە بنووسمەوە کە لەگەڵ کاک سەڵاح رواندزی دا لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا تۆمارمان کردوون کە بایەخی مێژووییان هەیە.
بەڵام بەداخەوە دەبێت بڵێم لەکاتی خۆیدا نەمانتوانی بەرنامەکە بڵاوبکەینەوە کە کاک سەڵاح بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکرد، بەڵام هەموو جارێک پێم دەگوت کاک سەڵاح تۆ هێشتا گەنجی، پەلەمان لە بڵاوکردنەوەی نییە! ئەویش بە پێکەنینەوە دەیگوت دەبێت چەندی دیکەت بەم قسانە بەڕێکردبێت!
بەڵام کوا مردن ئەوە دەزانێت، بەداخەوە ساڵی رابردوو کاک سەڵاح لەپڕ کۆچی دواییکرد، ئێمەی دیارئاخری خۆی کرد و هەروەها خۆیشی بەرنامەکەی نەبینی.
ئێمە بۆ بیرهێنانەوەی ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر کۆچی دوایی کاک سەڵاحی پێشمەرگە و شاعیردا، وەکو ئەرشیفێکی گرنگ بۆ یەکەمین جار گفتوگۆکەمان شەوی چوارشەممەی داهاتوو، لەگەڵ کاک سەڵاح بڵاودەکەینەوە.
لێرەدا بە چەند کۆپلەیەک لەو شیعرەی کاک سەڵاح کە بەدەنگی خۆی لە بەرنامەکەدا خوێندیەوە، ئەو شیعرەی لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی غەریبایەتیدا لە شاری تۆرینتۆ لە کەنەدا بۆ کچێکی ئێرلەندی لەبەر دەخوێنێتەوە، کۆتایی بەم کورتە نووسینە دەهێنم و دەڵێم خوات لەگەڵ هاوڕێ، بەڵام لەو دنیا مەبە بە بەرد بەڵکو وەکو مام هەژار بە کوردی تێهەڵچۆرەوە و تووڕەیی کورد بگەیێنە، ئاخر بەڕاستی تۆ لەم دنیا بە کوردی ژیایت.
… باران بە گۆزە دێتە خوار
رەش و تاریکی لێ دیارە
منیش سەرقافڵەی خەمانم
بارم داگرت لەم هەوارە
دەزانی لە شوێنێک هاتووم
وڵاتێکە، گورگ سنووری خواردووە
بێ ئاڵایە، بێ سەردارە
ئەنفال کراو
ماڵ ومنداڵ لێ بەجێماو
هەڵاتووم لەژێر سێدارە …