“گۆته کێیە؟”
یۆهان ڤۆڵڤانگ “گۆته” لە خێزانێکی دەوڵەمەندی ئەڵمانی لەدایکبووە. بەهۆی دەوڵەمەندی خێزانەکەیەوە، پەروەرەدەیەکی باش و ژیانێکی باشی بەڕێکردووە. ڕێگەیان پێداوە هەموو بابەتێک بخوێنێت و شارەزای لە زمان و ئەدەبدا پەیدا بکات. “گۆته” لە ڵیبزۆگ یاسای خوێندەوە و دواتر وازی لێهێناوە تا لە ستراسبۆرگ درێژە بە خوێندنەکەی بدات. بوونی لە ستراسبۆرگ توانا ئەدەبی و فەلسەفییەکانی دەرخست، هەرکە یەکەم شانۆیی “گۆته” بەناوی “گۆتز ڤۆن بیرلیشینگن” دەرچوو، سەرکەوتنێکی بەرچاوی لە تەواوی ئەڵمانیا بەدەست هێنا. “گۆته” وەکوو شاعیرو ڕۆماننووس و زانا و ڕەخنەگرێک، بوو بوو بە پیاوی سەردەمی هەستانەوە. هەندێک کەس نازناوی “شکسپیرەکەی ئەڵمانیایان پێ بەخشیبوو” لە ژیانیدا چەندین کاری کردووە لەوانەش: ڕاوێژکاری تایبەتی بووە لە بڵاتە. وێنەکێش بووە و گرنگی بە زانستی ڕووەکی و توێکاری داوە. بۆماوەی ٢٦ ساڵ بەڕێوبەری شانۆ بووە. “گۆته” لەماوەی ژیانیدا دۆستی چەندین بیرمەند و فەیلەسووفی ئەوروپی بووە. کاتێک خوێندکار بوو، هاوڕێیەتی لەگەڵ گۆتفرید هێردەر دروستکردوە، کە خاوەنی تیۆر بوو لەبارەی جوانیناسی و بەتایبەت کارەکانی شکسپیر. ئەم پەیوەندییە زووتر لە کارەکانی “گۆته” ڕەنگی دایەوە. لەئەنجامی کاریگەری هێردەر لەسەر “گۆته”، بزووتنەوەی “sturm und drang”[1]لەدایکبوو. هاوڕێیەتییەکی پتەوی لەگەڵ فریدریش شیڵەری شاعیردا هەبوو، کە هەوڵیدەدا فەلسەفەی کانت تێکەڵ بە قوتابخانە ئەوروپییەکانی تر بکات.
بەرهەمەکان و نامەکانی “گۆته” خۆی لە ١٤٧ بەرگ دەبینـێتەوە. ڕۆمانی “خەمەکانی فیرتەر” کە لە ساڵی ١٧٧٤ تەواو بوو، بەجۆرێک کاریگەری لەسەر خەڵکی دانابوو کە چەندین کچ و کوڕی گەنج پەنایان بردە بەر خۆکوشتن و کتێبەکەیان لە تەنیشت تەرمەکانیان دۆزییەوە. دوان لە شانۆییەکانی بەناوی ئەفیگینیا لە تۆرۆس (١٧٨٧)، تۆرکواتۆ تاسۆ (١٧٩٠) بە شێوازە کلاسیکییەکەی بەناوبانگە. لەگەڵ ئەمانەشدا بەرهەمە نەمرەکەی “گۆته”؛ فاوستە کە بەدوای مانای بووندا دەگەڕێت. نووسینی فاوست شەست ساڵی ویست، کۆتا دەستنووسی فاوستی چەند مانگێک پێش مردنی لە ٢٢ ی مارسی ١٨٣٢تەواو کرد. شانۆییەکە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە هیچ سیستەمێکی فەلسەفی نییە بتوانێت ئەم جیهانە ڕوونبکاتەوە و مرۆڤ ناتوانێـت ڕۆبچێتە نێو چەمکە تاکەکانی خۆیەوە، دەکرێـت پێچەوانەی ژیان بێت. کتێبەکانی “گۆته” سەرچاوەی ئیلهامی زۆرێک لە شاعیران و فەیلەسووفەکان بووە، لەوانەش: نیچە، پێکێت، کافکا و چەندانی تر.
“شانۆییەکە”
شانۆیی فاوست بە یەکێک لە کارە گەورە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا دادەنرێت و فیکری “گۆته”ی زۆر لە خۆ گرتووە. “گۆته” کاتێک خوێندکاری یاسا بوو هێڵکاری شانۆییەکەی داڕشت و دوای شەست ساڵ و بەماوەیەکی کەم پێش مردنی تەواوی کرد. شانۆییەکەی “گۆته” لە ئەفسانەکانی سەدەی شانزە کە لەناو گەلی ئەوروپا بڵاو بوو سەرچاوەی گرتووە. توێژەران پێیانوایە فاوست دکتۆرێکی سەدەی شانزەیەم بووبێت لە ئەڵمانیا. لە ئەفسانەکەدا فاوست لەپێناو سەروەت و نهێنییەکانی جادوگەریدا ڕۆحی خۆی بە شەیتان دەفرۆشێت. سەرباری ئەمانە لەسەرتاوە ژیانی پڕ لە شکست بوو، کۆتاییەکەشی بوو بە قوربانی شەیتان. ژیانی بوو بە ئەفسانەیەک و لە هەموو شوێنێک دەگێڕدرایەوە و خەڵکیان لە کارەکانی شەیتان ئاگادار دەکردەوە. بەڵام “گۆته” فەلسەفەیەکی قووڵترمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەشێوەیەکی شاعیرانە بابەتی فەلسەفە و ئایین و کلتوور و سیاسەت لە سەردەمی نەفامیدا دەگێڕێتەوە. فاوست جادوگەر نییە، بەڵکوو بەشێوەیەکی ئەکادیمی گەشتوتە ئاستی مەعریفە. لەڕێگەی گرەوکردنی لەگەڵ شەیتاندا بەدوای ژیان و زانینی سروشت و قووڵایی گەردووندا دەگەڕێت. بەدوای وەڵامی گەردوون و ڕاستییە کە لە کتێبەکانیدا نەیدۆزیوەتەوە. شانۆییەکە لە دیمەنی پڕ خەم و پەژارەوە بەرەو دیمەنی گاڵتەجاڕانە باز دەدات. سنووری شێوەی ئەدەبی هاوچەرخ و پەسنکردنی دۆخی مرۆڤایەتی تاقی دەکاتەوە. شانۆییەکە بۆ خۆی کارەساتە و ئەم کارەساتەش لەڕێگەی پەیوەندی خۆشەویستی نێوان فاوست و گریشن ڕەنگ دەداتەوە. فاوست لەم شانۆییەدا ڕۆڵێکی ئاڵۆزی هەیە، هەر فاوستە کچێکی پاکیزە و بێتاوانی فریوداوە و لە هەموو بەها ئایینی و ئەخڵاقییەکان دووری خستووەتەوە و وایلێکردووە ژیانە سادەکەی بگۆڕێت. لەلایەکی دیکەشەوە فاوست درک بەوە دەکات کە ژیانە فانییەکەی لەگەڵ چەند ساتێکی کەمی خۆشەویستی نەمردا بەراورد ناکرێـت. بەڵام ئەمە ڕێگرنەبوو لە بەردوامبوونی گرەوەکەی. فاوست کە بەرجەستەی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات، هەمیشە خۆی دەخاتە نێو زبڵدانەوە.
“کورتەی شانۆییی فاوست”
چیرۆکی فاوست لە ئاسماندا دەست پێدەکات. بۆ ئەوکاتەی کە فریشتەکان لەپای ئافراندنی مرۆڤ خودا دەپەرستن. میفیستۆڤیڵیسـی شەیتان گازندەی لە دۆخی ئەم جیهانە هەیە و پێیوایە مرۆڤ خۆی بە سروشت گەندەڵە و خراپە دروست دەکات و چێژی لێ دەبینێت. شەیتان گرەو لەگەڵ خودا دەکات و پێی دەڵێت دەتوانێت یەکێک لە بەندەکانی گومڕا بکات. شانۆییەکە بە دانیشتنی فاوست لەنێو خەم و پەژارەکانیدا لە کتێبخانەکەی خۆی دەست پێدەکات. زانا و کیمیاگەر بوو و پێیوابوو گەشتووەتە هەموو سەرچاوەکانی مەعریفە. کتێب و کیمیا چیتر دڵیان خۆشنەدەکرد. بەدەم خەمەوە تێکەڵەیەکی ژەهری پێبوو، دەیویست بیخواتەوە و خۆی بکوژێت. لەهەمان ئانوساتی خواردنەوەی ژەهرەکە فریشتە بانگەڵای جەژنی هەستانەوە بەرزدەکاتەوە و ناهێڵێت لە کارەکەی بەردەوام بێت. فاوست لەگەڵ فاگنەری هاوکاری بەرەو دەرەوەی شار بەڕێدەکەون، ویستی زانینی سروشت و هەقیەقەتی ڕەها بۆ هاوڕێکەی باس دەکات، بەڵام هاوڕێکەی ناتوانێت لە قسەکانی تێ بگات. هەموو شار بەبۆنەی جەژنەوە ئاهەنگ دەگێڕن، وێڕای ئەوەی فاوست حەزەکات لەگەڵیاندا ئاهەنگ بگێڕێت، بەڵام بەهۆی دۆخی دەروونیەوە ناتوانێت لەگەڵیاندا بێت. دانیشتوانی شارەکە لە فاوست کۆدەبنەوە و هاواری بۆ دەکەن، چونکە لەکاتی تاعوندا خۆی و باوکی بە دەرمانەکانیان یارمەتی خەڵکیان دابوو. بەڵام فاوست هەستدەکات دەرمانەکانیان زیانی لە سوودەکەی زیاتر بووە. بۆ دۆزینەوەی ئیلهامێکی نوێ، پەنا دەباتە بەر ئینجیل. بە وەرگێڕدراوی دەست دەکات بە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز، بەڵام سەگە ڕەشەکە بە وەڕین ناهێڵێت لە خوێندن بەردەوام بێـت. لەپڕ سەگەکە دەگۆڕێت و میفیستۆڤیلیسـی شەیتان دەردەکەوێت. سەبارەت بە دۆخی ژیانی و تێنەگەشتن لە مانای ژیان لەگەڵ شەیتان دەستدەکەن بە گفتوگۆ. دواتر شەیتان شتێک لە توانای خۆی بۆ فاوست پیشان دەدات، کۆمەڵێک لەو ڕۆحانەی لەکاتی خەودا وڕێنەی لەبارەوە کردبوون دەهێنێـت، دواتر فاوست بەجێدێڵێت تا بزانێت چیان لەگەڵدا دەکات. کە فاوست بەخەبەر دێـتەوە، شەیتان بە بەڵگەوە دەگەڕێـتەوە. فاوست باسی نەتوانینی دۆزینەوەی توانای ڕەها دەکات، شەیتانیش پێشنیارێک دەخاتە بەردەمی. بەڵێنی پێدەدات هەمیشە لە خزمەتی فاوستدا بێـت و هەرچییەکی ویست بۆی بێنێتە دی، بە مەرجێک فاوست هەمیشە لە خزمەتی شەیتاندا بێـت. فاوست بە گرەوەکە ڕازی دەبـێت و ئاواتی هەمیشە گەنجی دەخوازێـت. دواتر شەیتان داوا لە فاوست دەکات گەشتێکی لەگەڵدا بکات. کاتێک فاوست خۆی بۆ ئەم گەشتە ئامادە دەکات، یەکێک لە خوێندکارانی فاوست دێ بۆ لای. شەیتان خۆی دەخاتە سەر شێوەی دکتۆر و پێی دەڵێت واز لە خوێندن بهێنێت و هیچ سوودێکی نییە و بڕوات لەگەڵ ژناندا ڕابوێرێت. سەرەتا شەیتان فاوست دەباتە مەیخانەیەک و هەوڵدەدات باوەڕی پێ بهێنێت ئەوانەی لێرەن گەشتوونەتە هەقیقەت، بەڵام فاوست ناتوانێت باوەڕ بەمە بکات.
دواتر فاوست و شەیتان دەڕۆن بۆ ئەشکەوتی جادوگەرەکە، لەوێ دوو مەیمون دەبینن کە پێکهاتەیەکی جادووی دەکوڵێنن. مەیموونەکان بەشێوەیەک خزمەتی شەیتان دەکەن وەکوو ئەوەی گەوەریان بێت. کاتێک جادوگەرەکە دەگەڕێتەوە، شەیتان ناناسێتەوە، بەڵام هەرزوو درک بەوە دەکات ئەمە گەورەیەتی. شەیتان داوا لە جادوگەر دەکات پێکهاتەیەکی جادووی پێشکەشی فاوست بکات، ئەویش پێی دەدات و دەیخواتەوە. کە دەچنە دەرەوە فاوست چاوی دەکەوێت بە کچێک و دەکەوێتە خۆشەویستی کچەوە. گریشن “مارگرێت” خۆی لێ دووردەخاتەوە، بەڵام ناتوانێت بیر لە خانەدانێک نەکاتەوە کە لەسەر ڕێگا بینیوویەتی. فاوست و شەیتان دزە دەکەنە ژوورەکەیەوە، درک بەوە دەکات هەستەکانی لەسەرووی ئارەزوویەکی سادەی سێکسییەوە، بەڵکوو هەستەکانی ئاڵۆزن و دەیەوێت لە نزیکییەوە بێت. کاتێک تەختەخەوەکەی دەبینێت، سوپاسگوزاری بۆ سرووشت دەردەبڕیت کە ئادەمیزادێکی وەهای ئافراندووە. کە کچە دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بەخێرایی لە ژوورەکە دەردەچن، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆن شەیتان سندوقێکی پڕ لە خشڵ لەدوای خۆیەوە بەجێدێڵێت. کە گریشن ئەم سندوقەکە دەبینێت بڕوا ناکات هی ئەوە، بەڵام ناشتوانێت بەخۆیەوە بکات. فاوست داوا لە شەیتان دەکات جارێکی تریش چاوی بە کچە بکەوێـت. کاتێک دایکی خشڵەکان دەبینێت، بێ یەک و دوو خشڵەکان دەبات بۆ لای قەشە تا بزانێت سەرچاوەی خراپە نییە. دواتر جارێکی تر سندوقێکی تر دەدۆزێتەوە، بەڵام مارسای دراوسێی ئامۆژگاری دەکات ئەمجارە بە دایکی نەڵێت. شەیتان خۆی دەکات بە ڕێبوار و دەدات لە دەرگای ماڵەکەیان. مارسا باسی مێردەکەی دەکات و پێی دەڵێت لە یەکێک لە گەشتە درێژەکانیدا کۆچی دوایی کردوە، تووڕە و خەمبار دەبێـت. دواتر داوای لێدەکات لەگەڵ یەکێکی تردا ببنە گەواهیدەری مردنی مێردەکەی. شەیتانیش بەمە ڕازی دەبێت، گەر گریشن لەوێ بێت. ئەو ئێوارە بۆ یەکەمینجار فاوست و گریشن لە باخچەکەی مارسا چاویان بەیەک دەکەوێـت. ژیانی دژواری خۆی بۆ فاوست دەگێڕێتەوە کە چۆن ئاگای لە خوشکە نەخۆشە ساواکەی بووە تا ئەوکاتەی مردووە. گریشن کەسی نییە جگە لە دایک و براکەی کە لە سەربازییە. شەیتان مارسا سەرقاڵ دەکات و فاوست خۆشەویستی خۆی بۆ گریشن دەردەبڕێت. گریشن گوڵێک لێدەکاتەوە و بەپەڕەکانی یاری “خۆشی دەوێم/ خۆش ناوێ” دەکات و لە کۆتایدا “خۆشی دەوێم”ی بۆ دەردەچێت و بەخێرایی دەگەرێتەوە بۆ ژوورەکەی و فاوستیش بەدوایدا دەڕوات و ماڵئاوایی لێدەکات. فاوست دەترسێت بە هەستەکانی کچە ناشرین بکات، هەر بۆیە ڕادەکات بەرەو دارستانەکە و ماوەیەک لە ئەشکەوتەکە دەژی. سوپاسی سروشت دەکات ئەم هەستانەی پێ بەخشیوە، چونکە لە سایەی ئەم هەستانە لە مانای ژیان تێدەگات و نایەوێت لەدەستی بدات.
شەیتان فاوست لە ئەشکەوتەکە دەبینێت و گاڵتە بەم ڕەفتارەی دەکات. دواتر بە فاوست دەڵێت کچە خۆی لە خواردن بێبەش کردوە و ڕۆژ بە ڕۆژ جەستەی لاوازتر دەبێت، پێویستە بچێت بۆ دیداری. دوای ئەوەی هەست و سۆز بەسەر فاوستدا زاڵدەبێت، بڕیاردەدات بڕوات و چاوی پێی بکەوێـت. لە یەکێک لە شەوەکاندا فاوست دەگەڕێتەوە و لە ژوورەکەی خۆیدا سەردانی دەکات، باسی ئایینی لەگەڵدا دەکات. گریشن مەسیحییەکی باوەڕدارە و باش دەزانێت نەخۆی نە خێزانەکەی ڕازی نابن هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بێ باوەڕدا بکات. فاوست هەوڵدەدات قایلی پێ بکات بڕوای بە خودا هەیە و دەشیپەرستێت، بەڵام بڕوایەکی تەواوی پێی نییە. فاوست قایلی دەکات دەرمانی خەولێخەر بدا بە دایکی و بەردەوامی بە پەیوەندییەکەیان بدەن. هەرزوو کچە بۆی دەردەکەوێت سکپڕە. ڕۆژێک کە ئاو لە کانیاوی شارۆچکەکە دەهێنێت، گوێی لە دەمەتەقەی کچانی سەر کانی دەبێت کە دەڵێن کچێکی تر دووگیان بووە و ناچار بووە منداڵەکەی لەباربەرێت. ئەمیش دەترسێـت هەمان چارەنووس بەرۆکی بگرێت، هەر لەبەر ئەمە لە مەریەمی پاکیزە دەپاڕێتەوە خودا لێی خۆشببێت. ڤاڵنتینی برای هەواڵی ئابڕووچوونی خوشکەکەی دەبیستێت و دێتەوە تۆڵە بکاتەوە. کاتێک فاوست و ڤاڵنتین چاویان دەکەوێـت بەیەک، دەبێـتە دەمەقڕەیان و فاوست خەنجەرێک دەچەقێنێتە دڵی ڤاڵنتینەوە. گریشن دێت بۆلای براکەی و دەبینێت گیانەڵایەتی، بەڵام وەکوو بێ ڕەوشتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. گریشنیش بۆ نوێژکردن ڕادەکات بەرەو کاتدرائییە و هەر لەوێ ڕۆحێکی ئەهریمەن دەچێـتە گیانییەوە و نەفرەتەکەی دڵنیا دەکاتەوە.
فاوست لەپێناو شەوی “بۆجیس” گریشن بەجێدێلێت (شەوێکە تەنیا یەکجار لە ساڵێکدا ڕوودەدات و هەموو ڕۆحە ئەهریمەنەکان و جادوگەرەکان لەسەر شاخی برۆکین کۆدەبنەوە). گریشن منداڵەکەی لەباردەبات و حووکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێـت، فاوستیش بەمە دەزانێت و هەموو لۆمەکە دەخاتە ئەستۆی شەیتان، شەیتانیش پێی دەڵێت هەڵەی خۆی بووە، چونکە ئەو ڕێکەوتنی لەگەڵدا کردوە. فاوست فەرمان بە شەیتان دەکات بیبات بۆ گرتووخانە تاوەکوو گریشن ڕزگار بکات. فاوست دزە دەکاتە نێو زیندانەکەوە و دەبینێت وا گریشن شێت بووە. فاوست ناناسێتەوە و پێیوایە جەلادییەتی، لەئەنجامی هەستکردن بە تاوان و ترس لە ژیانی دەرەوە، ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ فاوست هەڵبێت. فاوست و شەیتان لە ترسی گرتن ڕادەکەن و گریشنیش بەبێ وەستان لەدواوە بانگی دەکات.
سهرچاوه؛
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=756348
[1] جووڵەیەکی ئەدەبی ڕۆمانتیکی ئەڵمانی بوو، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست گەشەی سەند.
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد