“دەروازە”
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو ماوەی دواییدا شاهیدی شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان بووە، دوابەدوای ئەو سیاسەتە توندوتیژە نوێیانەی کە حکومەتی سەرۆک “دۆناڵد ترەمپ” بەرامبەر بە کۆچبەران و داواکارانی پەنابەری جێبەجێی دەکات. ئەم خۆپیشاندانانە چیتر تەنها بە یەک شار یان ویلایەتێک سنووردار نەبوون، بەڵکو پەرەیان سەند بۆ دەیان شاری ئەمریکی، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵایی دابەشبوون و دووبەرەکیی کۆمەڵایەتییە لەسەر بابەتی کۆچبەری لە وڵاتەکەدا. لەم وتارە شیکارییەدا تیشک دەخەینە سەر هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکان، تەشەنە سەندن و کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکانیان..
“پاشخانی ڕووداوەکان؛ هەڵکشانی بێ وێنەی سیاسەتەکانی کۆچبەری”
لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیەوە، سەرۆک ترەمپ بابەتی کۆچبەری کردە ناوەندی سەرەکی سیاسەتە ناوخۆییەکەی، بە بەڵێنی گرتنی ڕێکارە تووندەکان دژی کۆچبەرە نافەڕمیەکان. ئەمەش خۆی بەرجەستە دەکات لە کەمپینە فراوانەکانی ئاژانسی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری و گومرک کە ناوچە جیاجیاکانی شاری لۆس ئانجیلیسی گرتەوە، و ئەنجامی دەستگیرکردنی دەیان کۆچبەر بوو، لەوانە هەندێک هەڵگری نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بوون، کە ئەمەش بوو بە هۆی هەستانی شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری و هەڵکشانی خۆپیشاندانەکان تا ئەندازەی کێشمەکێش لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش.
“خۆپیشاندانەکان؛ لە لۆس ئانجیلیسەوە بۆ دەیان شاری ئەمریکی”
پڕیشکی خۆپیشاندانە گەورەکان لە شاری لۆس ئانجیلیس دەستی پێکرد، کە چەقەکەی ئەو گەرەک و ناوچانە بوو کە چڕی دانیشتوانەکانی بەڕەچەڵەک لاتینی و کۆچبەری بوون. ڕووداوەکان هەڵکشانی بەخۆیەوەبینی دوای دەستگیرکردنی 44 کەس لە ناوچەی پاراماونت، کە دواتر ڕووبەری خۆپیشاندانەکان فراوان بوون و ناوەندی شارەکەیان گرتەوە، پاشان گوازرانەوە بۆ شارەکانی تر وەک سان فرانسیسکۆ، داڵاس، ئۆستن، نیویۆرک، و سانتا ئانا، تا ژمارەی ئەو شارانەی خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینی گەیشتە زیاتر لە 20 شاری ئەمریکی. خۆپیشاندانەکان بە بەرفراوانی و توندو تیژی تایبەتمەندبوو، بەجۆرێک کە شاهیدی کێشمەکێش بوون لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش، کە تێیدا پۆلیس بەرگریکارە دەنگییەکان، گازی فرمێسک ڕێژ، کڵۆڵەی بیبەر و فیشەکی لاستیکی بەکارهێنا بۆ پەرتەوازەکردنی خۆپیشاندەران. هەروەها دەیان لە بەشداربووان دەستگیرکران، لەوانە ڕابەرانی سەندیکایی و چالاکوانی بەناوبانگ، کە ئەمەش شڵەژان و نائارامی لە شەقامی ئەمریکی زیاتر کرد.
“کاردانەوەی دەسەڵاتە فیدراڵی و خۆجێییەکان”
بەرامبەر بەم هەڵکشانە، سەرۆک ترەمپ فەرمانی دەرکرد بۆ جێگیرکردنی 2000 ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، هەڕەشەی کرد بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی حکومەتی فیدراڵ ئەگەر دەسەڵاتە خۆجێییەکان نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن. ئەم بڕیارە بووە جێگەی ڕەخنەگرتنی تووندی لای بەرپرسانی خۆجێیی لە لۆس ئانجیلیس و کالیفۆرنیا، کە وایان دانا دەستێوەردانی ک نیشتمانی قەیرانەکە خراپتر دەکات و شارەکە دەخاتە کێشمەکێشی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆشکی سپی. لە لایەکی ترەوە، هەندێک لە دامەزراوە فیدراڵییەکان هەوڵیان دا قەبارەی هێرشەکان کەم نیشان بدەن، کاتێک وتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ ڕایگەیاند کە ئەوەی لە پاراماونت ڕوویدا “هێرش” نەبوو بەڵکو کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆچبەری لە یەک لە ئۆفیسەکان بوو، بەڵام ئەم لێدوانە نەیتوانی تووڕەیی شەقامەکە دابمرکێنێتەوە.
“لایەنە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆپیشاندانەکان”
ئەو ڕێکارانەی لەلایەن حکومەتی ترەمپەوە گیرابوون جەدەلێکی یاسایی فراوانی لێکەوتەوە، کاتێک دژبەرەکان تۆمەتباریان کرد بە پێشێلکردنی دەستووری ئەمریکی لە ڕێگەی بڕیارەکانی سەبارەت بە جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی و بەکارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران. هەروەها سکاڵانامەی یاسایی دژی حکومەتی فیدراڵ پێشکەش کران، بەتایبەتی دوای ئەوەی کەمپینەکانی دەستگیرکردن هەندێک لە هەڵگرانی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان گرتەوە، کە ئەمەش وەک تێپەڕاندنی دەسەڵاتە یاساییەکانی ئاژانسی کۆچبەری دانرا. پسپۆڕانی یاسا وا دەبینن کە بەرزبوونەوەی خۆپیشاندانەکان ڕەنگە دادگاکانی فیدراڵ ناچار بە دەستێوەردان بکات،، بەتایبەتی ئەگەر پێشێلکردنەکە بسەلمێنرێت کە پلان بۆداڕێژراو بووە سەبارەت بە مافە دەستووریەکانی خۆپیشاندەران یان کۆچبەران. هەروەها بەردەوامبوونی کێشمەکێشەکان ڕەنگە ببێتە هۆی زیاتری پاڵنەرەکانی یاسایی دژی سیاسەتە تووندەکانی کۆچبەری لە ئەمریکا.
“کاریگەری سیاسی؛ جەمسەرگیریەکی تووند لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا”
ئەم خۆپیشاندانانە قوڵایی دابەشبوونی سیاسی لە ئەمریکا نیشاندا لە نێوان دوو کەمپی سەرەکی:-
کۆمارییەکان:- پشتگیری ڕێکارەکانی ترەمپ دەکەن وەک شتێکی پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان و سەروەری یاسا و، خۆپیشاندانەکان بە “یاخیبوون دژی یاساکانی ئەمریکا و سەروەری” ئەو وڵاتە دەزانن، وەک ستیڤن میلەر، یەکێک لە بەرپرسە بەرزەکانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند.
دیموکراتەکان:- ئەم ڕێکارانە سەرکۆنەدەکەن وەک شتی سەخت و نامرۆڤانە، و داوای چاکسازی گشتگیر بۆ سیاسەتەکانی کۆچبەری دەکەن کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی کۆچبەران لەبەرچاو بگرێت.
ئەم قوتابخانەیە خۆی دەبینێتەوە لە ڕاگەیاندنەکانی بەرپرسانی خۆجێیی لە لۆس ئانجلۆسو کالیفۆرنیا، کە ڕەتیان کردەوە کە پاسەوانی نیشتمانی دەستێواردانی کردبێت و وایان دانا سیاسەتەکانی کۆچبەری فیدراڵ زیان بە کۆمەڵگە خۆجێییەکان دەگەیەنێت و کەیسی ڕەگەزپەرستی زیاتر زەق دەکاتەوە.
“لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خۆپیشاندانەکان”
خۆپیشاندانەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کۆمەڵگە خۆجێییەکان هەبوو، بەتایبەتی لەو ناوچانەی چڕی دانیشتوانیان زۆرە. نیگەرانی لە نێوان خێزانەکاندا زیادکردووە لەترسی ئەگەری ڕوبەڕوو بونەوە لەگەڵئەندامانیان وە دەستگیرکردن یان دەرکردنیان، هەروەها هەندێک لە چاڵاکیە ئابوورییەکان هەڵوەشانەوە بەهۆی داخستنی ڕێگاکان و کێشمەکێش لەگەڵ پۆلیس. لە لایەکی ترەوە، چالاکوانان وا دەبینن کە ڕێکارە توندەکان دژی کۆچبەران زیان بە ڕاوی کۆمەڵایەتی ئەمریکی دەگەیەنێت، و جیاکاری و ڕق لە دژی کەمینەکان زیاد دەکات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی کاریگەری درێژخایەن لەسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
“کاریگەری خۆپیشاندانەکان لەسەر دیمەنی گشتی ئەمریکی”
زیادبوونی فشار لەسەر حکومەتی ترەمپ:- لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەری خۆپیشاندانەکان، فشار لەسەر حکومەتی ئەمریکی زیاد دەبێت بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو. ئەگەری بەرزبوونەوەی کێشمەکێشەکان: نیشانەکان ئاماژە بە ئەگەری بەرزبوونەوەی خۆپیشاندانەکان دەدەن لە ڕۆژانی داهاتوودا، بەتایبەتی لەگەڵ بانگەشەکان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندنی فراوان لەژێر ناوی ” نا بۆ پاشا سالاری”” لە ڕۆژی لەدایکبوونی ترەمپدا.
کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی داهاتوو: ئەم خۆپیشاندانانە ڕەنگە ببنە هۆی چاوخشاندنەوە بەهەندێک لە لایەنەکانی سیاسەتی کۆچبەری، یان بەلایەنی کەمەوە هەموارکردنەوەیان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
“پوختەو پێشبینیەکانی داهاتوو”
خۆپیشاندانەکانی ئێستا دژی سیاسەتەکانی پەنابەری و کۆچبەری لە ئەمریکا ئاماژەیە بۆ قووڵی ئەو قەیرانەی کە کۆمەڵگای ئەمریکی لە ژێر سێبەری جەمسەربەندییەکی تووندا پێیدا گوزەردەکات،. چاوەڕوان ناکرێت ئەم خۆپیشاندانانە لە ماوەی نزیکدا هێمن ببنەوە، بەڵکو ڕەنگە ڕووبەرەکەیان فراوان بێت لەگەڵ بەردەوامبوونی کەمپینە ئەمنییەکان و هەڵکشانی لێدوانە سیاسییە تووندەکان. لە بەرامبەردا، ئەم جوڵانەوانە ڕەنگە ببنە فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی ئەمریکی، جا لە ڕووی یاسایی یان سیاسییەوە بێت، کە ڕەنگە ئیدارەی تڕەمپ ناچاربکات چاوێک بخشێنێتەوە بە هەندێک سیاسەت یان پێشکەشکردنی سازشی سنووردار. هەروەها ئەنجامەکانی ئەم قەیرانە بێگومان ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دیمەنی هەڵبژاردنی داهاتوو، و دەبێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان لە گفتوگۆی گشتی سەبارەت بە داهاتووی ئەمریکا وەک وڵاتی کۆچبەران.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سود لە چەند ماڵپەڕ و پێگەیەكی ئەلیكترۆنی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگیراوە.