بوێریی بریتییە لە ملدان بە هەڵهاتن، لەباتی ژیانێکی ئارام و ڕیاکارانە لە پەناگا تڕکەڵەکەکان.
“ژیل دێلۆز و فیلیکس گاتاری” دژە ئۆدیپ
ئۆدیپ لە هەموو شوێنێکدا هەیە. وەکوو بڵێی نەک تەنها هەر ئەو، بەڵکوو هەر هەموومان لە چڕنووکی قەدەرێکی لێهەڵنەهاتوو گیرمان خواردووە: سەروەریی ئەبەدیی بنەماڵەخوازیی، پەروەردە و سنووردانان بۆ ئارەزوو لە یەک کاتدا، تەسلیمبوون و گەڕانەوەی ئەبەدیی بۆ ژێر سێبەری باوک (تەنانەت کاتێک کە وا بیر دەکەینەوە کوشتومانە). بەڵێ، ئۆدیپ تەنها ئەو کەسە نییە کە چاوانی خۆی لە کالان دێنێتە دەرەوە تاکوو ئازاری ویژدانی گوناهێک کە جاهیلانە ئەنجامی داوە، هێور کاتەوە. ئەو گەڕانەوەی ئەبەدیی بایەقووشێکی نەگریسە کە بە شێوەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە؛ لە هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییە ئۆدیپییەکان، لە ماڵەوە، لە خوێندنگە، لە زانکۆ، لە کۆمپانیا و لە ناخی دەوڵەتدا، لە ناو کۆڕی دۆستان و هاوڕێیاندا، لە بازنەی خۆشەویستییەکدا کە ناوی دەنێین وابەستەیی، لە دەروونی ئەو دەروونناسەی کە پێشنیاز دەکات “منداڵەکەی دەروونمان” لە ئامێز بگرین، لە زەینی ئەو ڕێبەرانەی کە سۆزی گەڕاندنەوەی “مەزنێتیی دووبارەی وڵات” دەدەن، لەو دیمەنەی فیلمی ناوداری زڕباوکدا (بەرهەمی ١٩٧٢ بە دەرهێنەریی فرانسیس فۆرد کاپۆلا) کە مایکل کورلێئۆنە سەرئەنجام لە ژێر سێبەری باوکدا دادەسکنێت، یان تەنانەت لەو چرکەساتەی کۆتایی فیلمی داگڤیل ( Dogville بە دەرهێنانی لارس فوون تێریە ساڵی ٢٠٠٣ و ڕۆڵگێڕانی نیکۆل کیدمەن لە ڕۆڵی گریس) دا کە گریس، شێواو و پەرێشان لە سووکی و چرووکییەکانی خەڵکی گوند وەڕەز دەبێت و بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی مافیایی باوکی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و هەمووان دەداتە بەر دەسڕێژ.
ئۆدیپ نەک سیما و فیگەرێکی ئوستوورەیی، بەڵکوو میکانیزمێکی دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ داخستن و کوێرکردنەوەی ئەگەرکانی ژیانی ئازاد و یەکسان و دوور لە هاوکێشەی بان و خوار بوون، دادانی فاتیحایەکە لە سەر مەزاری هەر جۆرە خەیاڵکردنێک بە مەبەستی دروستکردنی هەر جۆرە کەش و کاتێکی دیکە. ئەو نەخشەیەکی پێشوەخت داڕێژراوە بۆ شانۆیەک کە تێیدا ڕۆڵەکان زووتر لە کاتی خۆیان دیار و دیاریکراون:- باوک ڕۆح دەکاتە بەر جەستەی یاسا، دایک ئارەزوویەکی بڤەیە، و منداڵ –گیرخواردووی نێوان ئەم دووە-یان دەبێت مل بە شۆڕشێکی ئانوسات و لەناکاو بدات تاکوو دواجار سەرکوت بکرێت، یان ملکەچ و گوێڕایەڵ بێت و ببێت بە نوسخەیەکی مینیاتۆریی لە باوک، تەنانەت ئەگەر بەڕواڵەت دەمامکێکی شۆڕشگێڕانەش هەڵبەستبێت! لێرەدا ئیتر باس لە بێگەردیی و عەفەوییەتی منداڵانە نییە؛ ئەم منداڵە، سەربازێکی لەسەرپێیە لە ناو سوپای فاشیزمدا. چونکە بنەماڵەی ئۆدیپی تەنها و تەنها هەرێمێکی مەشقکردنە بۆ ئەو شتەی دواتر لە ئاستێکی بەرینتری کۆمەڵایەتیدا پراکتیزە دەبێت: ملکەچیی خۆویستانە و تەنانەت ئەویندارانە لە هەمبەر دەسەڵات، و ڕقلێبوون لە هەر شتێک کە دەبێتە هۆی تێکدانی نەزمی هێمایین. تەنها بەسە گوێ بدەینە ئەو قیڕە و هاوارانەی کە لە تووڕەیی و ڕقی سوپای خەمناکی بەئۆدیپی بووەکان لە دژی ڕووداوەکان دەیکەن: نەفرەتتان لێ بێت کە شۆڕشتان کرد.
بەئۆدیپی بووەکان نەک تەنها جارێک بۆ هەمیشە، بەڵکوو چرکەساتێکە دووپاتە، نەزمێکە کە هەر ڕۆژ دیسان خۆی جێگیر دەکاتەوە: لای ئەو سەرۆکە کاریزماییەی کە دەیەوێت گوایە لە پێگەی باوکێکی میهرەباندا بڕیار بدات کە چ شتانێک بۆ کارمەندەکانی باشترن؛ لای ئەو پیاوانەی کە لەوپەڕی “دەروونبەرزی” دا پشتگیریی لە ئازادیی ژنان دەکەن تاکوو خۆبەڕێوەبەرییان بە شێوەیەکی دیکە لە دەست بسێنن؛ لە دنیای ئەو ڕاهێنەرە سەرکەوتووەی کە باوکانە و لە ڕووی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە یاریزانەکان تەمبێ دەکات تاکوو تیپێکی سەرکەوتووتر دروست بکات؛ لای ئەو منداڵەی کە لە باتی دۆزینەوەی تواناییەکان، خواستەکان و ئەگەرەکانی بەردەمی لەڕێگەی یارییەکانەوە، لە پێناو کێبڕکێ، شانازی تۆمارکردن و وەرگرتنی پەسنی گەورەکان دایە و بابە، مامۆستاکان، ئەویدیی گەورە، خۆی قوربانی دەکات. بەڵێ! ئۆدیپ سەرچەشنێکی پەروەردەیی گشتگیرە. بەڵام تەنها هەر ئەمە نییە. ئۆدیپ فۆرمێکە لە ئێسەمبڵی(Assembly) (ئەم دەستەواژەیە بەواتەی پێکەوەنانی هونەرییانەی چەند شتی جیاوازە و بەگشتی دەتوانین وەکوو پێشنیارێکی سەرەتاییانە زاروەی “لێكهەڵپێکان”ی بۆ دانێین. و.کوردی). یان لێکهەڵپێکان و تێکئاوێزانکردنی ئارەزووە. ئارەزوویەک کە بە دەوروخولی نەبوون، خۆزگە و دەسەڵاتدا دەسووڕێتەوە. ئارەزوو بۆ دانیشتن لە پێگەی باوک، ئارەزوو بۆ هەبوونی دایک، ئارەزوو بۆ دانپێدانران، بینران، بژاردە بوون، ئارەزوو بۆ دیسانەوە کۆددانان لە سەر خود، خۆمانەیی بوون. ئەم ئارەزووە، کاتێک لە لێواری پەرداخی بنەماڵەوە سەرڕێژ بکات، لە ڕووکاری بوونی کۆمەڵایەتیدا جۆگەلە دەبەستێت؛ هەر لە دەروونپزیشکانەوە بگرە تاکوو ژەنەڕاڵەکان، هەر هەمووان بەڵێنی باوکی ڕاستەقینە بوون دەدەن؛ هەمان باوکی پشتگیر و بەهێز، هەمان ئەو باوکەی کە بەڕاستی شایستەی پێڕەوی لێ کردنە. لە دنیایەکی ناجێگیردا، باوک بەڵێنی جێگیرییە؛ لە دنیایەکی پڕ لە گومان و دوودڵیدا، باوک نوسخە و ڤێرژنیی کۆتایی حەقیقەتە. و ئا لێرەدایە کە تەختەی شانۆکە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتخوازی ئامادە دەبێت.
لایەنگرانی ترامپ، موسولینی یان تەنانەت هیتلەر، خۆ تەنها بەهۆی جەهل و نەزانیی مێژوویی یان سیاسییەوە ملکەچ و هۆگریان نابن. زۆرێکیان بەباشی دەزانن کە لەگەڵ کێ و لەگەڵ چیدا بەرەوڕوون. بەڵام ئەمە ئارەزوو بۆ توانەوە لە ناو هێزێکی گەورەتر، ئارەزوو بۆ سادەکردنەوە، بۆ ڕەهابوون و لێبڕاوێتی، بۆ فەرمانبەرێتی و هاوکات فەرمانڕەواییە لە سۆنگەی ئەرباب و خودان دایە کە ئۆدیپی بوون دەکات بە ئامانجێکی خوازراو-ئەمە هەمان ئەو ئارەزووە ئۆدیپییەیە کە لە دەرگای ماڵەوە، لە شاشەی تی ڤییەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فیچقە دەکات. ئۆپێنهایمێر، ڕەنگە یەکێک لە بەئازارترین گێڕانەوەکانی ئەم ئارەزووە بێت؛ چیرۆکی دوکتۆر فاوستوس؛ شامۆی سامناکی دروستکردنی یەکەمین بۆمبی ئەتۆمی. مرۆڤێکی ژیر، بەڵام گیرخواردوو لەناو پێکهاتەیەکی باوکسالار، فۆرمێک لە تەناهی، تەلبەندێکی ناسیونالیستی و لە دواجاردا فاشیستی، کە دەبێت بە داهێنەری مەرگی ڕەها، و لە کۆتاییشدا وەکوو خۆی دەڵێت؛ ئێمە جیهانمان لەناو برد. ئەم دانپێدانانەی ئەو نەک ئاماژە بۆ لەخەوڕاچەنین نییە بەڵکوو خاڵی کۆتایی دێڕێکی ئۆدیپییە: ئارەزوو بۆ داکۆکی لێکران، ئارەزوو بۆ خۆشەویستبوون لای باوک( دەوڵەت، نەتەوە، مێژوو) و دواجار سڕینەوەی جیاوازییەکان و پاشان داکەوتن بۆ ناو قووڵاییەکانی عەدەمێک کە خۆی هەڵیقەندووە.
زۆر سەیر نییە زۆربەی قوربانیانی تێڕوانینی ئۆدیپی ئەو کەسانەن کە لە دەرەوەی پێکهاتە فەرمییەکاندا، لە پەراوێزەکان، لە ژیانی ڕۆژانە، لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوکێشەی بان و خواربوون، لە یارییەکان، لە خەیاڵەکان، لە شێوەکانی دیکەی پێکەوەژیان، لە خرۆشەکانی سەر شەقام، لە جەستەی بێ یاسا، لە مۆسیقا، لە سەما و هەڵپەڕكێ، لە ناڕەزایەتی، لە هاروهاجی، لە پەیوەندییەک بە بێ خواستی موڵکدارانە، بەدوای دروستکردنی شێوەیەکی دیکە لە ئارەزوومەندیی دان؛ واتە ئارەزوویەک کە لە باتی خولخواردن بەدەوری نەبووندا، لە دڵی ئەرێنگەرێتی و فرەییدا هەڵدەقوڵێت. ئارەزوویەک کە نەک تەنها لە چنگی قەدەری ئۆدیپی هەڵدێت بەڵکوو ئۆدیپیش دەکێشێتە ناو ئاڵنگارییەوە. هەر بۆیەشە ئۆدیپ بەگومانەوە چاویان لێ دەکات. باوک هەمیشە نیگەرانە کە بۆچی کچەکەی گوێڕایەڵی نییە؟ بۆچی کوڕەکەی بەدوای ئیش و کارێکی ڕێک و پێک دا ناڕوات؟ بۆچی هاوژینەکەی زۆر پێدەکەنێت؟ بۆچی هاوڕێکەی هاوسەرگیریی نەکردووە؟ بۆچی زۆر کەس نەریتە پێشووەکانیان لا گرنگ نەماوە؟ بۆچی کرێکاران هێشتاش مان دەگرن؟ بۆچی خوێندکاران هێشتا پرسیار دەکەن؟ بۆچی هێشتا کەس ناڵێت نەخێر؟ بۆچی هێشتا کەسێک هەیە کە نایەوێت لە باوک بچێت؟
کەواتە دامودەزگا پشکنەر و ڕوونکردنەوەخوازەکان نەک تەنها لە ئاستی ڕێکخراوەییدا، بەڵکوو لە ئاستێکی بنەمایی تردا، لە ئاستی پێکەوەگرێدانی ئارەزوو، سەرقاڵی سووژەی دڵخواز و خوازراوی خۆیان دەبن. بەم شێوەیەیە کە ئۆدیپ بەشێوازە بەردەوام بانگمان دەکات. ئەوەش نەک تەنها لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی دەروونشیکاری، یان لە برەوسەندوویی و دڵخوازبوونی سامناکی پرۆسەی تراپی، بەڵکوو لە شێوازی ژیان، لە فۆرمی سیاسەت، لە فۆرمی ئیشق، لە فۆرمی پەروردە و فێرکاری و لە فۆرمی زمان. و ئەگەر وەڵامێکی دڵخواز نەدەینەوە، دیسانەوە لە هەموو لایەکەوە دەکەوینە بەر پشکنین و ڕوونکردنەوە دان. دووبارە و دووبارە و دووبارە. هەڵهاتن لە قەدەری ئۆدیپ کارێکی ئاسان نییە. چونکە ڕەگ و ڕیشەی لە ترس و نائارامییەکانی ئێمەدا داکوتاوە. لە ئارەزوومان بۆ دانپێدانران، بۆ گرنگبوون، بۆ خۆشویستران، بۆ هاندران و بۆ بەناوبانگ بوون. ئۆدیپ بەڵێن دەدات ئەگەر بێت و دوور بخرێینەوە ئەوا ڕزگار دەبین. بەڵام لەباتی ئەوە ئێمە دەکات بە سەرباز، بە بەڕێوەبەر، باوک یان ڕێبەر و بەم شێوەیە بە بێ ئەوەی کە خۆمان بمانەوێت هەموو ئارەزوومان بۆ داهێنان، بۆ یاریکردن، بۆ هەبوون و بۆ هەڵهاتن لە ژێر داروپەردووی ئەم پێکهاتەیەدا دەفن بووە.
منبع: تزهای آنتی فاشیستی: آنتی ادیپ: چگونە میتوان از چنگال تقدیر گریخت؟ فواد حبیبی و سروش سیدی، مجلە بارو. تهران ١٣٩١
نووسین: فواد حەبیبی و سروشی سەیدی
و: موحسین عەلیڕەزایی