لەناو جەرگەى چیاکانى هیمالایا، لەنێوان ئاسیای ناوەڕاست و باشووردا، بە تایبەتی لە باکووری ڕۆژئاوای نیمچە کیشوەری هیندى، هەرێمى کشمیر هەڵکەوتووە کە بە “تاجی هیندستان” یان “بەهەشتى سەر زەوی” ناسراوە. بەڵام ئەم هەرێمە بووەتە مەیدانى ململانێیەکى بەردەوام کە دەیان ساڵە چارەسەرنەکراوە. نزیکەی هەشت دەیەیە ژیان لەم ناوچە جوگرافییە سیحراوییەدا سەقامگیر نەبووە، بەڵکو بووەتە یەکێک لە ناوچە سەربازییەکانی جیهان و گۆڕەپانێک بۆ پێشبڕکێی چەک لەنێوان هیندستان و پاکستاندا. لە ساڵی (١٩٤٧)ەوە، کشمیر وەک ناوچەیەکى ململانێ لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەرکەوتوە، بەڵام ململانێکانى ئەم هەرێمە ریشەیەکى مێژوویى هەیە، ئەم راپۆرتە وردەکارى ئەو مێژوە دەخاتەڕوو.
“نەفرەتی جوگرافیا”
ناوچەی مشتومڕاوی کشمیر لەنێوان هیندستان و پاکستاندا، پێگەیەکى جوگرافی ستراتیژی لەنێوان ئاسیای ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا داگیرکردووە. سنوورەکانی لەگەڵ چوار وڵاتدا هاوبەشە، لەنێویاندا سێ وڵاتی زلهێزی ئەتۆمی هەیە کە بریتین لە هیندستان، پاکستان و چین، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی دەکەوێتە ناو ئەفغانستانەوە. کۆی ڕووبەرەکەی (٨٦) هەزار و (٢٣) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. لە هەرێمى کشمیر نزیکەی (١٣.٥) ملیۆن کەس دەژین، کە (٨.٥) ملیۆنیان لە بەشی ژێر کۆنترۆڵی هیندستان و (٢.٥) ملیۆنیان لە بەشی ژێر کۆنترۆڵی پاکستاندایە، (٢.٥) ملیۆن کەسی دیکەش لە هەردوو وڵاتەکە یان لە دەرەوەی وڵات دەژین. ئەو بەشەی کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت ڕووبەرەکەی (٥٣) هەزار و (٦٦٥) کیلۆمەترى چوارگۆشەیە، پێی دەوترێت جامو و کشمیر، ئەو بەشەی کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت کە بە ئازاد کشمیر یان کشمیری ئازاد ناسراوە، ڕووبەرەکەی (٣٢) هەزار و (٣٥٨) کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. بۆ هیندستان کە کەمینەیەکى گەورەی موسڵمان لەو وڵاتەدا دەژین، کشمیر نوێنەرایەتی هێمای عەلمانیزمی نەتەوەیی دەکات. تاکە ناوچەی زۆرینە موسڵمانە لە وڵاتێکدا کە زۆرینەی دانیشتوانەکەى هیندۆسین. هیندستان ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر هاتوو هەرێمى کشمیر سەربەخۆیى وەربگرێت، ئەوا زۆرێک لە ویلایەتەکانی دیکەش لەسەر بنەمای جیاوازی نەتەوەیی یان ئایینی، داواى سەربەخۆیى دەکەن و بەمەش وڵاتەکەشى تووشى پارچە پارچە بوون دەبێت و لە بەرانبەر هەردوو رکابەرە مێژووییەکەى: چین و پاکستان لاواز دەبێت.
هەرچى پاکستانە وەک بەشێکی سرووشتی لە کۆمارە ئیسلامیەکەى تەماشای کشمیر دەکات، هەروەها بە هێڵێکی سوورى دەزانێت کە ناتوانێت دەستبەرداری بێت یان فەرامۆشى بکات. چونکە ترسی ئەوەی هەیە کە کۆنترۆڵکردنی سێ ڕووباری کشتوکاڵی گرنگی هەرێمەکە لەلایەن هیندستانەوە، مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی وڵاتەکەی دروست بکات، جگەلەوەى ڕێگا بازرگانییە گرنگەکانى لەگەڵ تۆڕی هێڵی ئاسن لە سەرحەد و باکووری ڕۆژهەڵاتی پەنجاب، لەگەڵ کشمیردا هاوتەریبە. ئەو بەشەی کشمیر کە چین داگیری کردووە، بووەتە هۆى بتوانێت ڕێگایەک دروست بکات کە هەرێمى تبت بە هەرێمى شینجیانگ (تورکستانی ڕۆژهەڵات)ەوە ببەستێتەوە، ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوە جوداخوازەکان لە هەردوو هەرێمەکەدا.
“مێژوویەک لە گرژی”
چەند سەدەیەک پێش ململانێی سێ قۆڵی (پاکستان، هیندستان و چین)، کشمیر گۆڕەپانێکی ململانێی ئایینی و کۆمەڵایەتی و تائیفی بوو، کە زۆرجار بەهۆی جیاوازییە سیاسی یان ئایینییەکانەوە سەریهەڵدەدا، بەتایبەتی لەنێوان بوداییەکان و براهیمییەکاندا، کە نوێنەرایەتى چینى باڵایان لە سیستمى چینایەتى هیندۆسیدا دەکرد. بەدەر لە هەندێک ماوەی کورت کە بەشێک بوو لە دوو ئیمپراتۆریەتی بودایی: ماوریا لە سەردەمی ئیمپراتۆر ئاشۆکا (نزیکەی ٣٠٠ پێش زایین) و کوشان لە سەردەمی پاشا کانیشکا (نزیکەی ١٣٠ زایین)، ناوچەکە رێژەیەک لە سەربەخۆیی لەژێر زنجیرەیەک بنەماڵەی هەرێمیدا پاراست، لەوانە شانشینی کارکۆتای هیندۆسی کە لە بەرامبەر بوداییەکاندا لێبوردە بوو، هەروەها شا میری موسڵمان کە لە ساڵی (١٣٣٩ تا ١٥٦١) حوکمڕانی کشمیری کرد، کاریکرد بۆ بڵاوکردنەوەى ئیسلام و لە ساڵی (١٣٣٩) یەکەم میرنشینى موسڵمانی دامەزراند. چەندین سەدە کارلێکی ئاڵۆز لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی کشمیر و نیشتەجێکراوە ئاریاییەکان (هیندۆ ئێرانییەکان کە لە کیشوەری هیندستان نیشتەجێ بوون)، پاشان میسیۆنێرەکانی باشووری هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست و ئێران، بووە هۆی گۆڕینی بەکۆمەڵى ئایین بۆ ئایینی بودایى و شەیڤا (یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی ئایینی هیندۆسی). پێش ئەوەی لە سەدەی چواردەهەمدا وەرچەرخانى گەورەی ئایینی بەرەو ئایینی ئیسلام دەست پێبکات، دوای ئەوەی ڕینچان شا ناسراو بە سەدرەدین شا، ئاینى خۆى لە بوداییەوە بۆ ئیسلام گۆڕی، لەگەڵیدا ژمارەیەکی زۆر لە کشمیرییەکانیش موسڵمان بوون، ئەویش میرنشینى کشمیری دامەزراند.
ئیسلام بۆ ماوەی نزیکەی پێنج سەدە (١٣٢٠-١٨١٩) بوو بە ئایینی نوێی کشمیرییەکان. لەم ماوەیەدا دەسەڵاتی موسڵمانان بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا دابەش بوو: حوکمڕانی سوڵتانەکانی کشمیر (١٣٢٠-١٥٨٦)، دەسەڵاتی مەغۆلە موسڵمانەکان (١٥٨٦-١٧٥٣) و ماوەى حوکمڕانی ئەفغانییەکان (١٧٥٣-١٨١٩). لەم ماوە درێژخایەنەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا، کولتووری لێبوردەیی ئایینی و یەکسانی لەنێوان هاوڵاتیاندا بڵاوبوویەوە، بەتایبەتى لە سەردەمی سوڵتان زەین ئەلعابیدین (١٤٢٠-١٤٧٠). ناوچەکە سەرەڕای جیاوازییەکانیان، سەقامگیری و پێکەوەژیانى لەنێوان هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەیی و کولتوورییەکاندا بەخۆوە بینى. پیشەسازی و پیشە دەستییەکان گەشەیان کرد، دیارترینیان رستن و چنین بوو. دوای هاتنی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا بۆ نیمچە کیشوەری هیند، باردۆخەکە بە تەواوى گۆڕا. داگیرکەرە بەریتانیەکان لە ساڵی (١٨٤٦) کشمیریان فرۆشت، بە بنەماڵەی ڕاجپوت دۆگراى هیندۆسی بە بڕی (٧.٥) ملیۆن ڕوپیە. ئەو بنەماڵەیەش بۆ ماوەی نزیکەی سەد ساڵ کۆنترۆڵی دەسەڵاتى هەرێمەکەیان کرد. بە گوێرەى پەیماننامەی ئەمریتسار کە لە (٩ی ئاداری ١٨٤٦) واژۆ کرا، سیمایەکى فەرمى بە فرۆشتنى هەرێمەکە و دانیشتوانەکەى درا. ئەمەش وەک جۆرێک لە پاداشت بوو، بۆ گولاب سینگ لە بنەماڵەى دۆگرا، کە وەک فەرمانڕەوای جامو لە ئیمپراتۆریەتی سیخەکاندا کاری دەکرد، خیانەتی لە فەرمانڕەوا سیخەکانی کرد، چونکە لە شەڕەکانی نێوان ئینگلیز و سیخەکاندا لایەنگری ئینگلیزەکانی هەڵبژارد، شەڕەکەش لەنێوان کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی بەریتانی و ئیمپراتۆریەتی سیخەکان لە هیندستان لە ساڵانی (١٨٤٠)دا ڕوویدا.
ئەو پەیماننامەیە وای لە ئیمامەدین حاکمی موسڵمانی کشمیر کرد راپەرینێک بەرپا بکات، بەڵام راپەڕینەکەى لەلایەن دەسەڵاتدارانی هیندۆسەوە سەرکوت کرا. ئەوەش ڕێگەی بە سینگ دا کە لە بەرامبەر ڕێککەوتنەکەی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا، داوای نازناوی مەهاراجای ویلایەتى جامو و کشمیر بکات. رێککەوتنەکەى سینگ بە پلەی یەکەم دژی ڕووسیای تزاری بوو، هەروەها بۆ ناردنی سەربازانی کشمیرى بوو، تاوەکو لەکاتی پێویستدا بەشداری هەڵمەتەکانی بەریتانیا بکەن. دەسەڵاتی شانشینی دۆگرا بەکردارى بووە هۆی دامەزراندنی یەکەم دەوڵەتی هیندۆسی مۆدێرن لە کشمیردا، هەرچەندە زۆرینەى دانیشتووانەکەی موسڵمان بوون. فەرمانڕەوا هیندۆسەکانى هەرێمەکە دەسەڵاتێکى نیمچە تەواوەتیان بەسەر هەرێمەکەدا هەبوو، جگەلە ماوەی ساڵانی (١٨٨٩ تا ١٩٠٥) کە ئینگلیزەکان بەشێک لە دەسەڵاتەکانی شانشینی دۆگرایان کەمکردەوە. حوکمڕانی ئەوان بە ستەم و کاری زۆرەملێ و باجی قورس دەناسرێتەوە، چونکە بەزەبرى هێز ڕووبەڕووی چەندین ڕاپەڕینی پیشەکاران بوونەوە. مێژوونووسی هیندستانى خالید بەشیر لە کتێبی “کشمیر: ئاشکراکردنی ئەفسانەی پشت گێڕانەوەکان”دا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرهەڵدانی دۆگراکان هاوکات بووە لەگەڵ دانانی وێنە و بتە گرانبەهاکان لە پەرستگاکانی ئەو هەرێمەدا کە زۆرینەیان موسڵمان بوون. سینگەکان پاراستن و پێشخستنی ئایینی هیندۆسیان بە ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی خۆیان دەزانی. لە بەرانبەردا مزگەوتەکانى موسڵمانانیان وێران کرد، کە دیارترینیان مزگەوتی کشمیر بوو.
هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی سیخەکاندا لە کشمیر ڕوویدا، دەوڵەتی هیندۆسی دەستی بەسەر زەوی مزگەوت و مەزارگەکاندا گرت، لەکاتێکدا هەندێک لە مزگەوتەکان کرابوونە کۆگا و ئەمبارى گەنم و شوێنى بەخێوکردنى ئەسپ. موسڵمان بوون قەدەغەکرا، بەجۆرێک هەر کەسێک موسڵمان بوایە زیندانی دەکرا و ئەشکەنجەدەدرا و دەست بەسەر موڵک و ماڵیدا دەگیرا. لەکاتێکدا هەر جۆرە بانگەوازکردنێک بۆ موسڵمان بوون قەدەغە بوو، بەڵام بانگەوازکردن بۆ گۆڕینی ئایین بۆ هیندۆسی هیچ سزایەکى لەسەر نەبوو. بە گوتەی بەشیر، دەوڵەتی دۆگرا سەربڕینى مانگاى بە تاوان ناساند، هەروەها سزای جۆراوجۆری وەک سووتاندنی قژ، بڕینی لووت و گوێچکە و هەڵواسینی ئاشکراى سەپاند. یەکێک لە سزا باوەکان سووتاندنی خانووەکان بوو، لەکاتێکدا خێزانە موسڵمانەکان لەناویدا دەژیان. گومانکردن لە “نیەت”ی هەر موسڵمانێک بۆ زیانگەیاندن بە مانگایەک بە هەر شێوەیەک بێت، بەس بوو بۆ سزادانى، لەکاتێکدا زیانگەیاندنی ڕاستەقینە دەبووە هۆی زیندانیکردنی هەتاهەتایی. ڕانبیر سینگ، کە جێنشینی گوڵاب بوو، ڕێوشوێنی توندتری گرتەبەر و سزاکانى گەیاندە لەسێدارەدان.
لەگەڵ چەسپاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی دۆگرا لە کشمیر، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی کشمیر لە دەستی کەمینەیەکی براهیمی هیندۆسی کشمیردا چڕبوویەوە، کە بە پاندیتەکانی کشمیر ناسراون. ئەوان وەک هیندۆس ئیمتیازاتیان هەبوو، بەجۆرێک باڵادەستی خۆیان بەسەر موسڵمانانی کشمیردا بە مافێکی ئایینی خۆیان دەزانی. ئەوان هەموو پۆستە گرنگەکانیان لە ئیدارەی دەوڵەتدا هەبوو، بە بەشی بەڕێوەبردنى داهاتیشەوە. هیچ لایەنێکی ژیان بۆ موسڵمانانی کشمیر- لە خۆراکەوە تا چاودێری تەندروستی، هاوسەرگیری و تەنانەت جیابوونەوەش- لە سیستەمی باجی قورس ڕزگاری نەبوو. ئەو زەوییانەی موسڵمانان چاندیان، ئەو ئاژەڵانەی خاوەندارێتییان دەکرد یان بازرگانییان پێوە دەکرد و ئەو کاڵایانەی دەیانفرۆشت، هەموویان باجی زۆریان لەسەر بوو. ستەمی ئابووری هێندە توند بوو تەنانەت گۆڕهەڵکەنەکان لەسەر ناشتنی برا موسڵمانەکانیان باجیان لەسەر بوو. لەگەڵ داخستنی مزگەوتەکاندا، بانگدانیش قەدەغەکرا. موسڵمانان ناچاربوون بۆ پاراستنی پەرستگاکانی هیندۆسی و پشتگیریکردنی قەشە هیندۆسەکان، باج بدەن، ئەو باجانەش تەنها تایبەت بوون بە موسڵمانان. بە واتایەکی تر هیندۆسەکان لە پێدانی ئەو باجانە بەخشرابوون کە پاڵپشتی ژیانی ئایینییانى دەکرد، لەکاتێکدا موسڵمانان ناچار بوون پابەند بن. تەنانەت شێوازی داهێنەرانە بۆ ئەشکەنجەدان داڕێژرا، تاوەکو ناچاریان بکەن پارە بدەن.
“هەرێمێکی جێناکۆک”
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، بەریتانیا بە قووڵی لە قەرزدا نغرۆ بوو، بەڕادەیەک چیتر نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵی ئەو کۆلۆنییانە بکات کە لە کاتی فراوانبوونی ئیمپراتۆریەتەکەیدا داگیری کردبوو. بۆیە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی (١٩٤٧)دا ناچار بوو لە نیمچە کیشوەری هیند بکشێتەوە، ئەوەش دوای دابەشکردنى بوو لەسەر بنەماى ئاینى، بەسەر هیندستان کە زۆرینەی هیندۆس و بودایی بوو، هەروەها پاکستان کە زۆرینەی موسڵمان بوو. لەکاتى بەخێرایى دیاریکردنى سنوورەکان و گۆڕینى دەوڵەتەکە بۆ دوو دەوڵەت، فەرمانڕەوایانى ویلایەتەکان دەرفەتى ئەوەیان پێدرا لەنێوان ئەوەى سەر بە هیندستان یان پاکستان بن یەکێکیان هەڵبژیرن، ئەوەش لەسەر بنەماى یەکانگیرى جوگرافى و پێکهاتەى ئاینى دانیشتوان بوو. زۆرینەى فەرمانڕەواکان دەچوونە پاڵ ئەو وڵاتەی کە زۆرینەى دانیشتوانەکەی لە خۆیان بوو. واتە ئەو ویلایەتانەى زۆرینەی دانیشتوانەکەى هیندۆسی و بودایی بوون، چوونە ژێر دەسەڵاتى هیندستانەوە، ئەو ویلایەتانەشى زۆرینەى دانیشتوانەکەى موسڵمان بوون، چوونە سنورى قەڵەمڕەوى پاکستانەوە. سێ هەرێم بڕیاریان نەدا کە پەیوەندی بە هیچ کامیانەوە بکەن، ئەوانیش: حەیدەرئاباد و جوناگاد بوون کە هیندۆسەکان زۆرینەی دانیشتووانیان پێکدەهێنا، لەگەڵ کشمیر کە موسڵمانان زۆرینەی دانیشتوانیان پێکدەهێنا.
لە سەرەتادا فەرمانڕەوا موسڵمانەکەى حەیدەرئاباد سەربەخۆیی هەرێمەکەى دەویست، بەڵام دانیشتوانەکەى کە زۆرینەی هیندۆس بوون ناچاریان کرد پەیوەندی بە هیندستانەوە بکات. پاشان فەرمانڕەوا موسڵمانەکەی جوناگاد ویستی پەیوەندی بە پاکستانەوە بکات، بەڵام زۆرینەی هیندۆسەکانیش ڕەتیانکردەوە. بۆیە دوای ئەنجامدانى گشتپرسییەک پەیوەندی بە هیندستانەوە کرد. بەپێی ئەو لۆژیکى دابەشکردنە، دەبوو کشمیر بچێتە پاڵ پاکستان، بەو پێیەی نزیکەی (٧٧%) دانیشتوانی هەرێمەکە موسڵمانن. بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا. هەرچەندە فەرمانڕەوا هیندۆسەکەی ئەوکاتە هاری سینگ، بژاردەی ئەوەی هەبوو کە پەیوەندی بە هیندستان یان پاکستانەوە بکات، بەڵام هەڵوێستى خۆى یەکلانەکردەوە. لەگەڵ پاکستان ڕێککەوتنێکى هەڵپەساردنى کاتى مۆرکرد، پاشان خۆى لێ دزییەوە و ویستى وەکو فەرمانڕەوایەکى سەربەخۆ لە هەردوو دەوڵەتەکە بمێنێتەوە. لەگەڵ دەستپێکردنى شۆڕشى موسڵمانەکان لەترسى ئەوەى بچێتە پاڵ هیندستانى زۆرینە هیندۆسى، خەونەکانى مایەپووچ بوون. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی شۆڕشەکە لە ناوچەکەدا، هۆزە موسڵمانەکان لە پاکستانەوە بۆ شەڕکردن هاتن بۆ کشمیر. فەرمانڕەوا هیندۆسەکە بەخێرایی داوای هاوکاری لە هیندستان کرد، بەڵام نیودەلهی مەرجی ئەوە بوو کە دەبێت بەڵگەنامەیەکی پەیوەستبوون بە دەسەڵاتەکەیەوە واژۆ بکات، ئەویش بەبێ دڵنیابوونەوە لە ویستى دانیشتوانە موسڵمانەکانى ئەو کارەی کرد. لەم کاتەدا پاکستان کشمیری بە درێژکراوەی سرووشتی زۆرینە موسڵمانی دەزانی. پاکستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هیندستان سەرەتا هێرشی کردۆتە سەر ناوچەکە و مەهاراجا بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە کاتیەکە، شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە. هەرچى هیندستانە، بە بەشێک لە دەسەڵاتى خۆى دەزانى، بەو بەڵگەیەى فەرمانڕەواى هەرێمەکە دانى بە دەسەڵاتى هیندستاندا ناوە، جەختى لەوەش دەکردەوە کە بەر لە ناردنى هێزەکانیان، فەرمانڕەواکە واژوى لەسەر رێکەوتنامەکە کردوە، تەنها دوای دوو مانگ لە دامەزراندنی ئەو دوو دەوڵەتە، شەڕ لەنێوانیاندا هەڵگیرسا کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
“ململانێیەکی هەمیشەیى”
سەرەتاى شەڕەکە لە ساڵی (١٩٤٧)ەوە دەستی پێکرد، کاتێک شەڕێکی چەکداری لەنێوان کشمیرییەکان و هێزەکانی هیندستاندا سەریهەڵدا. زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بوو، هەزاران کەس کوژران، لە ئەنجامدا هیندستان دوو لەسەر سێی هەرێمەکەی داگیرکرد و پاکستانیش سێیەکی دیکەی کۆنترۆڵکرد. بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردانی کرد. ئەنجوومەنی ئاسایش لە (١٣ی ئابی ١٩٤٨) بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا داوای ئاگربەست و ئەنجامدانى ڕیفراندۆمی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکە کرد. لەو کاتەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وردە وردە بەو بڕوایە گەیشتبوو کە تاکە چارەسەر بۆ پرسی کشمیر، دابەشکردنی خاکەکەیەتی لەنێوان هیندستان و پاکستاندا. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری کرد ئەو بەشەی کشمیر کە زۆرینەی موسڵمانن و سنوورێکی هاوبەشی نزیکەی هەزار کیلۆمەتری لەگەڵ پاکستاندا هەیە، بخرێنە سەر پاکستان، لەکاتێکدا ئەو بەشەى کە زۆرینەی هیندۆسە و سنوورێکی هاوبەشى بە درێژایی (٣٠٠) کیلۆمەتر لەگەڵ هیندستاندا هەیە، بخرێنە سەر هیندستان. بەڵام ئەم بڕیارە هەر بە مەرەکەبى سەر کاغەز مایەوە و لەسەر زەوی جێبەجێ نەکرا. ساڵانی دواتر چەندین شەڕى خوێناوی لەنێوان هیندستان و پاکستاندا روویدا. چین لە ساڵی (١٩٦٢)دا هاتە ناو قەیرانەکەوە، کاتێک بە زۆر دەستی بەسەر بەشێک لە ناوچەکە (ئەکسای چین)دا گرت، کە لە کاتی شەڕی چین و هیندستاندا بە هی خۆی دەزانی. سەرەڕای خۆنیشاندانى وەک بێلایەن لە ململانێەکەدا، بەڵام بوونی چین، قەیرانەکەی بۆ ململانێیەکی ئاڵۆز لە کیشوەرى ئاسیادا گۆڕی. لە ساڵی (1965) گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەریهەڵدایەوە، پاکستان هەوڵیدا پشتیوانی لە شەڕڤانانی کشمیر بکات. بەڵام ڕووداوەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوون و بووە هۆی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیندستاندا، کە هیچ کام لە لایەنەکان لە یەکلاکردنەوەى لە بەرژەوەندى خۆیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای نیزامى هیندستان و پاکستان بەدرێژایی سنوورەکان لە لاهور، سیالکۆت، کشمیر و ڕاجستان درێژەى کێشا. ململانێ سەربازییەکە (١٧) ڕۆژی خایاند، پێش ئەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە پەیمانی ئاگربەست لەنێوان هەردوولادا کۆتایی پێبهێنرێت. لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دوای تۆمەتەکانی پاکستان کە هیندستانى تۆمەتبار دەکرد بەوەى پشتیوانی لە جیابوونەوەی ڕۆژهەڵاتی پاکستان دەکات، شەڕ لەنێوان ئەو دوو دراوسێیەدا دەستیپێکردەوە. هەردولایان دەستیانکرد بە کێبڕکێی خۆ پڕچەککردن، کە گرنگترین وێستگەى ڕاگەیاندنی بوونە خاوەنى چەکی ئەتۆمی بوو لەلایەن هەردوولاوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی شەڕی ساڵی (١٩٧١) بووە هۆی جیابوونەوەی پاکستانی ڕۆژهەڵات لە پاکستان کە بە دەوڵەتى بەنگلادیش دەناسرێت.
لەو ساڵەدا هەردوو وڵات دەستیانکرد بە دانوستانی ئاشتی، لە ئەنجامدا ڕێککەوتننامەیەک کە بە ڕێککەوتنی شیملا ناسراوە لە ساڵی (١٩٧٢) واژۆکرا، لەم ڕێککەوتنەدا هێڵی ئاگربەست کە لە (١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٧١) لەنێوان هیندستان و پاکستاندا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، کرا بە هێڵی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە هیندستان هەندێک خاکی پاکستانی هێشتەوە کە لە دوای شەڕی ساڵی (١٩٧١) لە کارگیل و تیثوال و پونچ دەستی بەسەردا گرتبوو، لەکاتێکدا پاکستان پارێزگارى لەو خاکانە کرد کە لە ناوچەی چەمب دەستی بەسەردا گرتبوو. ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی (١٩٩١) نەخشەی هاوپەیمانی نێوان هیندستان و پاکستانی گۆڕی. سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی یاخیبوونی ناوخۆیی لە هەرێمەکە و سەرهەڵدانی ڕێکخراوە چەکدارەکان کە داوای سەربەخۆیی هەرێمەکەیان لە هیندستان دەکرد، گرژییەکانی زیاتر پەرەپێدا و پێشبڕکێی ئەتۆمی نێوان نیودەلهی و ئیسلام ئابادیش پەرەی سەند. هەردوولا نەیانشاردەوە کە چەکە ئەتۆمییەکانیان پەیوەندى بە دۆخى کشمیرەوە هەیە.
لە ساڵی (١٩٩٩) دوای ئەوەی هەردوو وڵات بوون بە دوو هێزى ئەتۆمی، گەیشتنە لێواری شەڕ، ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە پاکستان هەوڵیدەدا دەست بەسەر ناوچەی کارگیلدا بگرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی هیندستاندا بوو. هەردوولا لە ساڵی (2002) گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هێڵی ئاگربەست پێشێل نەکەن، بەڵام هەرگیز بە تەواوەتى بەو ڕێککەوتنەوە پابەند نەبوون. لە مانگی ئابی (٢٠١٩) هیندستان کشمیرییەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد، کاتێک ماددەی (٣٧٠)ی دەستووری هەڵوەشاندەوە، کە پێگەیەکی تایبەتی هاوشێوەی ئۆتۆنۆمی بە هەرێمەکە بەخشیبوو، هەروەها قەدەغەى کردبوو کە هاوڵاتیانى دەرەوەى کشمیر لەوێ ببنە خاوەنی زەوی. لەبرى ئەوە، بەسەر دوو ناوچەدا دابەشیکرد کە راستەوخۆ لەژێر ئیدارەى خۆیدا بوون. هەروەها پلانێکى بۆ نیشتەجێکردنی هیندۆسەکان لە هەرێمەکەدا دەرکەوت، ئەمەش کارێک بوو کە پێشتر قەدەغەکرابوو. لەهەمانکاتدا ژمارەیەکى بێشومار سەرباز لە ناوچەکە مۆڵدرا، کە هەرێمەکەی بۆ زیندانێکی گەورە گۆڕی. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا نزیکەی (١٠٠) هەزار کشمیری بەهۆی بێبەشکردنیان لە مافی دیاریکردنى چارەنووسیان کوژراون. دە هەزار ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر، نزیکەی دە هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون، لەکاتێکدا حەوت هەزار کەس لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندا کوژراون.
* ئەم راپۆرتە بەشێکە لە راپۆرتێکى اسراء سید، بەناونیشانى: كشمير.. إرث الاستعمار البريطاني المتنازع عليه بين 3 قوى نووية، کە لە (7/6/2025) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بڵاوکراوەتەوە.
ئا: بارام سوبحى