بۆ لەدایکبوونی ئەم ڕۆمانە قووڵە، “جۆیس” لە ساڵی ١٩٠٤ دەستیکرد بە نووسینی. وەکوو یەکێک لە کارە جەوهەرییەکانی ئەدەبی ڕۆژاوا، ڕێگاکەی کورت نەبوو. تیبینی ڕەخنەگرانی ئەوکات سەبارەت بە “وەسوەسەی زارەکی” و “بۆنی ناخۆشی زێرابەکان”[1]دەکرێت بەلای خوێنەرانی ئێستا نامۆ بێت. وێڕای کەسایەتی پاڵەوانەکە کە خودییە لە ڕۆمانەکە، بەڵام ئەو جەنگە دەروونییەی لە سەریدایە جێگەی تێڕامانە. بۆ ئێستای ئێمە کە ڕوون و بێ گرێیە، بۆ ئەوکات وانەبووە و ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا ڕوویدا پێشتر ڕووینەدابوو. وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕۆمانە بڵاوکراوەکانی ساڵی ١٩١٦، بەڵام ڕۆمانەکانی “جۆیس” خەسڵەتی زیندوێتی لە خۆ گرتوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەوڵیداوە شێوەیەکی نوێی گوزارشتکردن بوونیاد بنێت. لەو ساڵانەی کە “تاک چییە؟” ناونیشانی تاک بوو و گرنگترین دۆسییەش بوو، هەوڵیداوە بە زمانێکی واقعیانە کارەکتەری سەرەکی (ستیڤن دیداڵۆس) بگێڕێتەوە.
کاتێک بۆ یەکەمینجار ناوی جەیمس “جۆیس”م بەرگوێ کەوت، تەمەنم هەژدە ساڵبوو. ئەوکات لە ڕێکخراوێکی بچووکی باشووری نەرویجی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر بووم و لە هەمان کاتیشدا دەمویست ببمە نووسەر. ئەم نیازەم هاندەر بوو تا لە کاری ڕۆژنامەوانی ئەدەبی بەشداربم. لە یەکێک لە ژمارەکانی، زنجیرە وتارێکی تیدابوو سەبارەت بە مۆدێرنێت؛ ڕۆمانێکی جەیمس “جۆیس”یشـی بەناوی “ئۆلیس” تێدابوو کە شەش ساڵ دوای “وێنەی هونەرمەند” بڵاوی کردبۆوە. کاتێک سەرەتا وێنای شوێنی ئاکنجی ستیڤن دیداڵۆسم کرد؛ وێنای قەڵایەکی سەدەی ناوەڕاست لەگەڵ ترۆمبیل و فڕۆکەی بیستەکانی سەدەی بیستەمم کرد، لەگەڵ شوێنێکی تایبەت بە هەرزەکاران کە بە زمانی لاتینی و یۆنانی باسی کار دەکەن. بە واتایەکی تر؛ شوێنێک دوور لە شۆستە و بەلەمی ڕاوکردن و بەرزاییەکان و بەستەڵەک و ڕاوچی و کرێکاری کارگەکان و بەرنامەی تەلەفزیۆنی، شوێنێکی دوور لەو شوێنەی من تیایدا دەژیام. ویستم لەمە دووربکەومەوە و بنووسم. خۆمم بۆ خوێندنەوەی ئەم شاکارە تەرخانکرد، تاوەکوو ڕووناکییە پڕشنگدارەکەی لەسەرم ببینم. ئەدەب شوێنێکی جیاوازی لە ژیانمدا هەبوو. نیوەی ژیانم جیهانی خەیاڵپڵاوی بوو، ئەم جیهانەش بەلای منەوە ئەدەب بوو. وای بۆچووم ئەدەب شتێکە زۆر لە منەوە دوورە، هەر بۆیە پەیوەستمکرد بە فیکرێکی ترمەوە؛ هەرشتێک مانای هەبێت لە سەنتەردایە. ئەوەی گرنگ بێت تەنیا لە سەنتەردا ڕوودەدات و ئەوەی لە دەرەوە و ناوەوەی ڕوودەدات شایەنی ئەوە نییە شتی لەبارەوە بنووسی. سێ ساڵ دواتر لە کتێخانەی زانکۆی بێرژن بە زمانی ئینگلیزی خوێنەری ڕۆمانی”ئۆلیس”ی جەیمس “جۆیس” بووم. ئەو وەخت گەشتی ئەدەبی منداڵانە و هەرزەکارانەم تێپەڕاندبوو، چەکی گەوجانەم لەبارەی جەوهەری ئەدەبەوە پێگەشت بوو.
“ئۆلیس”م نەبەستبۆوە بە جیهانی تایبەتی خۆمەوە و ئەو گەنجانەشی کە لە کتێبخانە لە نزیکمەوەوە بوون (وێڕای ئەوەی دیمەنێکی تێدایە دەربارەی کتێبخانە و خوێندکارە گەنجەکان) ئیتر باسی شەقام و دەرگا و کۆڵانەکان و پەنجەرەی دوکانەکان و تابلۆکان و چەترەکان و پاڵتۆی دژە باران و زستان ناکەم. ئەمەش لەبەرئەوەنا کە ئۆلیس لە زماندا قسە دەکات، بەڵکوو ئەو واقیعەی لە ڕۆماندا باسی لێوە دەکات لە سەردەمی مۆدێرنیدا لە قووڵایی کیشوەری ئەدەبدا ڕوویداوە. وەکوو زانایەکی کۆن کە پەیکەرێکی کۆن هەڵدەکۆڵێت و پارچە پارچە توێژینەوەی لەسەر دەکات و لە تێکەڵەی ئەم پارچانە شتێکی لێ بوونیاد دەنێت ڕۆمانەکەم خوێندەوە. وەکوو گەمژەیەک وابووم لە شاری تەروادە کە هەوڵی دەدا بزانێـت لە پاشماوەکەی چی دۆزیوەتەوە. ئەرکێکی زانکۆم لەبارەی ڕۆمانی “ئۆلیس” هەبوو، هەر ئەمەش وایکرد یەکەم ڕۆمانی نووسەر بەناوی “وێنەی هونەرمەند لە گەنجیمدا” بخوێنمەوە. ئای خودایە چ ڕۆمانێکی جیاواز بوو! ئۆلیس پەرشوبڵاوی دەکات و وێنەی هونەرمەندیش کۆیدەکاتەوە. پۆلیس پەسنی یەک ڕۆژ لە یەک شاردا دەکات و وێنەی هونەرمەندیش پەسنی بیست ساڵ لە ژیانی کەسێک دەکات. دوای بیست و حەوت ساڵ لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، هێشتا دەمگەڕێنێتەوە بۆ؛ زەردەپەڕ و بینایە خووساوەکانی قوتابخانە لەکاتی باراندا، دەنگی منداڵەکانی ئەو چواردەورە، دەنگی کپکراوی پێ کاتێک بەر تۆپێک دەکەوێت، بازنەیی تۆپەکە لە هەوای پڕ مەینەت، بۆنی ساردی شەو لە کاتی نزا و پاڕانەوەدا، کۆبوونەوەی خێزان لە کاتی کریسمسدا و چاوەڕێکردنی شێو، خۆشکردنی ئاگردانەکە بە مۆمی سەرمێزەکە و بەریەککەوتن و ناکۆکی خەڵکی سەر مێزەکە، ئەو باوکەی هەموو شەوێک هەمان چیرۆک بۆ بێگانەکانی نێو باڕەکە دەگێڕێتەوە، کۆڵانە تەسک و باریکەکان کە سۆزانییەکان لێی ڕادەوەستن، گڵۆپە زەردەکان، بۆنی باران، دڵی لەرزۆکی ستیڤن دیداڵۆس، باڵندەکانی ئێوارە کە لەسەر کتێخانە کۆبوونەتەوە و جەستەی تاریک و ناڵەکانیان لەپشت ئاسمانی ترازاوی خۆڵەمێشی.
وێنەی هونەرمەند ڕۆمانێکی فاین ئاڕتە (تشکیلیة)، ڕۆمانێک سەبارەت بە تەمەنی پێگەشتن، لەوانەیە لە ئەدەبی ئینگلیزیدا لە جۆری خۆیدا تاک بێـت. ڕۆمانەکە چارەسەری بابەتی شوناس دەکات، بە واتایەکی ڕوونتر، ئەو شێوازەی کە شوناس و ڕووداوەکان کۆماندەکاتەوە و دەمانکات بەوەی کە هەین. بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم دۆخانە بۆ هەموان لەیەکدەچن، لە خێزانێکدا لەدایکدەبین و بەپشت ئەستووری ئەو شێوازەی کە خێزان مامەڵەمان لەگەڵ دەکات و پەیوەندیمان لەگەڵ دەبەستێت خۆمان بۆ خودی خۆمان و کەسانی تریش دەردەخەین. زمان فێردەبین، وێڕای ئەوەی کە زمان تەنیا سەر بە ئێمە نییە و دەگەڕێتەوە بۆ هەموو تاکێک، بەڵام لە ڕێگەیەوە گوزارشت دەکەین لە خۆمان و ئەوەی لە چواردەورمان ڕوودەدات . لەگەڵ زمانیشدا چ پێمان خۆشبێت یان نا، کولتوور لەگەڵیدا دێت و دەبینە بەشێک لێی. دەچینە قوتابخانە و زمان و کولتوور و کۆمەڵگە فێردەبین. شتێکی نوێ زیادە دەبێت بۆ خێزانەکەمان، کە ئەویش ناسنامەیە، بەمشێوەیە بازنەکە فراوانتر دەبێت و پڕۆسەی گەورەبوونمان فەرمی تر دەبێت. ستیڤن دیداڵۆس وەکوو کوڕێکی ئێرلەندی کاسۆلیکی دەردەکەوێت و لەناو خێزانێکی بۆرژوازی بچووک گەورە دەبێت تا لە نیوەی دووەمی ڕۆمانەکە دەچێت بە گژ هەموو ئەم خەسڵەتانە. گەلی ئیرلەندی و ئایینی کاسۆلیکی و چینی ناوەڕاست ڕەتدەکاتەوە و سوورە لەسەرئەوەی سەر بە هیچکام لەمانە نییە.
دیمەنی سەرەکی ڕۆمانەکە ئەو کاتەیە ستیڤن لەگەل کارنڵی هاوڕێیدا پیاسە دەکات، پێی دەڵێت سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی قوربانی پیرۆز لەگەڵ دایکیدا بە شەڕ هاتووە. بێگومان کارنڵی نەیدەزانی کێشەی ئەم بابەتە لەکوێدایە (بێشک وێڕای بێ باوەڕییەکەی دەیتوانی ئەمە بەخاتری دایکی بکات) بەڵام ستیڤن لەسەر بڕواکەی سوورە. ستیڤن دەڵێت: “خزمەت ناکەم.” “بەڵام بۆچی ؟” ئەمە گرنگترین پرسیاری نێو ڕۆمانەکەیە و وەڵامەکەش تەواوی ڕۆمانەکەیە. ئێمە تەنیا زمان و خێزان و ئایین و وڵات و کولتوورەکەمان و ئەو سەردەمی تیایدا دەژین نین، بەڵکوو زۆر لەم خەسڵەتانەش زیاترین. بەڵام ئەم تاکە چییە؟ سروشتی چییە؟ چۆن دەستی پێوە بگرین و پەسنی بکەین؟ کاتێک ئامرازەکانی ژێر دەستمان هەمان ئامرازەکانی سەردەمەکەمانە (زمان، ئایین، کولتوور) چۆن وێنای بکەین؟ “وێنەی هونەرمەند” لەم بەشەی شوناسمان کە زمانی نییە، سەرکەشییە. سەرکەشییەک لەنێوان ئەوەی تاک چی دەوێت و کۆمەڵگەش چی دەوێت بۆ ئێمە. گۆڕانکارییە فیکرییەکان و هەستەکان دەردەخات، ئەوەی بیری لێنەکراوەتەوە بیری لێدەکاتەوە. مرۆ ئامادەبوونێکی دیاری هەیە. ئەو بەشەی کاتێک دڵخۆش دەبین و دەردەکەوێـت، کاتێک دەترسین و دەردەکەوێـت؛ دەردەخات.
- کارڵ ئۆڤ کناوسگارد: لە ٦ی دیسەمبەری ١٩٦٨ لەدایکبووە و نووسەرێکی نەرویجییە. لە جیهاندا بە سەربووردەی “نەبەردی من” بەناوبانگە، کە خۆی دەبینێـتەوە لە شەش بەرگ. ئەم بەرهەمەی بە “باشترین هەستی ئەدەبی سەدەی بیست و یەک” لە قەڵەم دەدرێت.
سهرچاوه؛
https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=756348
[1] جۆیس لە ڕۆمانەکەدا بەبەردەوامی پەسنی بۆنی شوێنەکان دەکات. ئەو سەردەمە پەسنکردنی بۆنی پیسی شوێنەکان بابەتێکی ئەدەبی نەبووە، بۆیە ئەم ئارەزووە سەیرەی ئەدەبی جۆیس نەنگی بووە.
نووسینی؛ کارڵ ئۆڤ کناوسگارد
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد