بەکارهێنانی نادروستی ڕووناکی دەستکردی دەرەوە دەبێتە هۆی پیسبوونی بینین. ئەمەش لەكاتێدا دەبێت كە ڕووناکی دەستکردی ناسروشتی کە لە شەودا بەکاردەهێنرێت کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت و دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی ئاسودەیی و ئارامی و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت. پیسبوونی ڕووناکی وا پێناسە دەکرێت كە بریتیە لە گۆڕانکاری لە ئاستی ڕووناکی سروشتی کە مرۆڤ پێی ڕاهاتووە. كە ئەمەش بەهۆی بەكار هێنانی ڕووناکی بەهێز و بێزاركەر دروست دەبێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئاسمانی تاریکی نێودەوڵەتی کە ڕێکخراوێکە کە گرنگی بە پیسبوونی ڕووناکی و لێکەوتەکانی دەدات، چوار جۆری سەرەکی پیسبوونی ڕووناکی هەیە. یەكەمیان بریتییە لە هاوتەریب بوونی كۆمەڵێك ڕووناککردنەوەی یەکگرتوو كەوا دەكات درەوشانەوەیەكی ڕووناکی زۆری نەخوازراو کە دەبێتە هۆی ئازاردانی چاو. وەکو کاتێک شەوانە كەسێك ئۆتۆمبێل لێدەخوڕیت و شۆفێرێکی تر تیشکی بەرزی خۆی بەکاردەهێنێت. وە جۆری دوەم کاتێکە کە ڕووناکی ئەو شوێنانە ڕووناک بکاتەوە پەرش وبڵاوبێت، واتە ڕوناكیەكە دەچێتە دەرەوەی ئەو ناوچەیەی مەبەستیەتی ڕووناكی بكاتەوە. وەکو گڵۆپی شەقامەکان زۆرجار ڕۆناكیەكی بێزاركەری هەیە كاتێك ئاراستەكەی بەرەو شوێنی نیشتەجێێ ماڵان دەدرەوشێتەوە لە شەودا. جۆری سێیەمیان کاتێکە کە زۆرێک لە سەرچاوەی ڕووناکی کۆدەبنەوە و سەرلێشێواوی دروست دەکەن. وەجۆری چوارەمیان دروست دەبێت كاتێك ڕیزێک لە گڵۆپی شەقامەکان لە تەنیشت یەكەوە ئاژاوەی ڕووناکی دروست دەکەن ئەگەر هیچ شتێک نەبێت کە ڕووناکییەکە ئاراستەی خوارەوە بکات.
بەم پێیە، بە چاودێریکردنی ڕیکلامەکانی سەر ڕێگاوبانەکان، و لەسەر دیواری دوکان و ماڵەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هیچ بنەمایەکی زانستی لە دانانیاندا لەبەرچاو نەگیراوە، نە لە بڕی و نە لە قەبارەی ڕووناکی پێویستدا، بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوڵاتیان نەبێت. بۆیە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم ڕیکلامانە هیچ کاریگەریەکی زیانبەخشیان لێناکەوێتەوە، پێویستە دەزگایەکی تایبەتمەند پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنیان، بە دابینکردنی ڕووناکی لە هەر شوێنێک پێویست بێت و بە کەمترین ئاستی پێویست. هەروەها گرنگە ڕێگری بکرێت لە بڵاوبوونەوەی ڕووناکی بۆ دەرەوەی ئەو شوێنەی کە ڕووناک دەکرێتەوە، وە پلان دابندرێت بۆ دانانی کاتژمێرەکانی ڕووناکەروەكان لە کاتێکی دیاریکراو، بۆیە پێویستە تابلۆی زیرەک کە دەتوانرێت لە دوورەوە کۆنترۆڵ بکرێت لە ڕووی ڕووناکی و کاتیەوە دابنرێت، وە هەڵبسەنگێندرێت لەڕووی گونجاویان بۆ بنەما ژینگەییەكان.
لەم چوارچێوەیەدا ڕەنگە پیسبوونی بینین لە بانگەشەی هەڵبژاردن و لە هەموو ئەو شتانەدا ببینینەوە کە کاندیدێک لە چالاکیی و کردارەکانیدا بەکاری دەهێنێت لەسەرەوبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، کە لە کاتی سەیرکردنی پۆستەروبانگەشەكان زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و ناسروشتییە و لەگەڵ توخمەکانی دیکەی دەوروبەریدا ناکۆکە و ژینگەی دەوروبەری پیس دەکات.
لە دەرکەوتەکانی پیسبوونی بینین لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا بوونی پۆستەرەکانە کە لە شێوە و قەبارەدا یەکسان نین، ڕەنگی جیاواز بێ هاوئاهەنگی، بڵاوبوونەوەی زۆری وێنەکانی كاندیدان لەسەر دیواری دامودەزگا حكومیەكان و دوکان و باڵەخانەکان وهەروەها بوونی پاشماوە و کەڵەکەبوونی لە شەقامەکاندا لە ئەنجامی کەوتنی پۆستەرەكان هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە شوێنی خۆیان بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوای وەک باران و بای بەهێز یان دڕاندنی لەلایەن خەڵكی. هەروەها بڵاوبوونەوەی ستوون و وایەر لە ناو شەقام و پارکە گشتیەکان و فەرمانگە حکومییەکان و شوێنەکانی عیبادەت و دانانی ڕیکلام و پەیام لەسەر دیوار و درەختەكان و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا سیمایەكی ناشارستانی هەیە ڕۆڵی هەیە لە پیسبوونی بینین.
لەكۆتایدا پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت، هەرچەندە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٨ بۆ پاراستن و چاكردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق وە یاسای پاراستن و چاكردنی ژینگەی عێراقی ژمارە (27)ی ساڵی 2009 ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی بە گشتی دیاریکردووە، بەڵام پڕە لە کەلێن و کەموکوڕی کە بەرز نابێتەوە بۆ ئاستی مەترسی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییەی کە لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە. بۆیە پێویستە یاسایەکی ژینگەیی دەربکرێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسا مۆدێرنەکان و ڕێكاری نوێ بچەسپێنێ بۆ پاراستنی ژینگە بە گشتی و پیسبوونی ڕووناکی و بینین بەتایبەتی.