لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حکومەتی فیدراڵی ئێراق بڕیارێکی شۆکێنەری دا بە ڕاگرتنی موچەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە ئەم هەنگاوە کێشەی موچە لە نێوان بەغداد و هەولێر گەیاندۆتە ئاستێکی نیگەرانکەر. ئەم بڕیارە نابەجێیەی حکومەتی بەغداد ڕۆژی پێنجشەممە (٢٨ی ئایار) ڕاگەیەندرا و دەستبەجێ کاریگەری دەستی کردووە بەسەر ژیانی ملیۆنەها کورد کە ئێستا لەبەردەم نەزانینێکی ترسناکی داراییدا ڕاوەستاون. دەستووری ئێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕوونی مافەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە، بەپێی مادەی ١٢١ی دەستوور، هەرێم مافی ئەوەی هەیە بودجەی تایبەت بە خۆی هەبێت و لە داهات و سامانە سروشتییەکان بەشدار بن.
ئەم مافە دەستوورییە نابێت بە هیچ بیانووێک پێشێل بکرێت، بەڵام حکومەتی فیدراڵی ئێراق بە بڕیارەکەی سەرپێچی لە دەستووری وڵات کردووە و مافەکانی بنەڕەتی گەلی کوردی پێشێل کردووە. ئەم کارە زیانی گەورەی بە بژێوی ژیانی نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەری هەرێم دەگەیەنێت و خزمەتگوزارییە گشتیەکان گرفتدار دەکەن. ئەو پاساوانەی حکومەتی بەغداد بۆ ئەم بڕیارە دەیهێنێتەوە هەموویان ناکۆک لەگەڵ یاسا و دەستوورن، لە وانەیان پاساوی دارایی کە ئەگەر قەیرانی دارایی ئاستەنگ بووبێت، ئەوا پێویست بوو لە هەموو ئێراق بە یەکسانی کەم بکرێتەوە، نەک تەنها لە کوردستان.هەروەها پاساوی یاساییان هەیە، بەڵام هیچ یاسایەک ناتوانێت بەسەر دەستوورەوە زاڵ بێت، کوردستان بەشێکی دامەزراوی ئێراقە و نابێت وەک هەرێمێکی بێگانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. زیاتر لەوەش، پاساوی سیاسیان هەیە کە بەکارهێنانی کارتی دارایی بۆ فشار لەسەر هەرێم دەستدرێژییەکە لەسەر ئۆتۆنۆمی کوردستان.
ئەم بڕیارە کاریگەری قووڵی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان هەبووە، بەتایبەتی لەسەر فەرمانبەران کە نەبوونی دڵنیایی دارایی بۆ خێزانەکان و کەمبوونەوەی توانای کڕین و زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکانیان زیاد دەکات.گەر ئێراق بە بڕیارەکەی دا نەچێتەوە لەسەر خزمەتگوزارییەکانیش کاریگەری نەرێنی دەبێت، کوالێتی پەروەردە و تەندروستی کەم دەبێتەوە، پرۆژە گەشەپێدانەکان ڕادەگیرێن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاد دەکەن.بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستە گەڕانەوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت کە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی هەرێم و دابینکردنی موچەکان بەپێی ڕێژەی دیاریکراو لە دەستوور دەگرێتەوە. هەر وەها دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیددی لە نێوان بەغداد و هەولێر و دامەزراندنی میکانیزمێک بۆ چارەسەری کێشەکان پێویستە.
ڕۆڵی نێودەوڵەتیش گرنگە لەم بارەیەوە، داوای یارمەتی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و دەستوورییەکان دەتوانێت فشارێک بۆ چارەسەری عادڵانەی کێشەکە دروست بکات.
بەبێ چارەسەری عادڵانەی ئەم کێشەیە، نەک تەنها گەلی کورد زیانی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو هەموو بنیاتی دیموکراسی و فیدراڵیزم لە ئێراق دێتە ژێر پرسیارەوە. لە کۆتاییدا ئەوە لەسەر حکومەتی بەغدادە کە بڕیارێکی وریا و یاسایی بدات و گەڕانەوەیەک بۆ ڕێگای دەستوور بکات، چونکە یەکێتی و سەقامگیری ئێراق پشت بە ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو بەشەکانی دەبەستێت. ئەم کێشەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەردوو لایەن بە شێوەیەکی مەعقوڵانە و لە چوارچێوەی دەستووردا کار بکەن و داهاتووی باشتر بۆ هەموو جومگەکانی ئێراق دروست بکەن.