بەورد بونەوە لەمێژوی هەژمون پارێزی ئەمریکا بۆ سەروەریەکانی خۆی و پاراستنی ئەم هەژمونە باڵادەستییەی، لەڕابوردودا لەنمونەی وەدەرنانی شای ئێران و پاشان هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێراق -ئێران، بەشێک لەئامانجەکانی ئەمریکا لە ئێستاشدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەژمونی چین و دانوستان لەگەڵ ئێران بەدی دەکرێت …
لەکۆتایی دەیەی 1970 کاتێک ئەمریکاو بەریتانیا پلانی وەدەرنانی شای ئێران دادەڕێژن و شۆڕشی اسلامی ئێران سەردەخەن ، بە چەند ئامانجێک ..
١- بە دیدی داڕێژەرانی سیاسەتی ئەوکات، ڕژێمێکی ئۆتۆکراتی تاک ئایدۆلۆژی و ئیسلام گەرا، باشترین ئامرازە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەژمونی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی و دەستڕانەگەشتنی بە سەرچاوەکانی ووزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٢- دانانی سنورێک بۆ خواستەنەگونجاوەکانی شای ئێران لەبابەتی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت ، بەتایبەت باوەڕی شا بەوەی کە پێویستە دانانی نرخ لەلایەن نەوت فرۆشانەوە بێت نەک کڕیارانی نەوت و کارکردنی بەم ئاراستەیە کە لەساڵی 1973 کاتێک بەهۆی جەنگی عەرەب – ئیسرائیلەوە ، عەرەب نەوتی بۆ ڕۆژئاوا ڕاگرت ، شا هەلەکەی قۆستەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 3 $ بۆ 12$ زیاد کرد .
٣- کەلەهەمویان گرنگترە کەمکردنەوەی نرخی نەوت بەئامانجی بڕینی سەرچاوەی داهاتی سەرەکی سۆڤیەت ، بەکار هێنانی ئەو داهاتە بۆ کڕینی شوناس ، یان ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆهەڵاتی ئەوروپا ، پەیوەستکردنیان بە بلۆکی سۆڤیەتەوە ..کاتێک سۆڤیەت بەم هەوڵەی ڕۆژئاوای زانی پەلاماری ئەفگانستانی دا تاکو دەستی بگات بە دەروازەیەکی تری مسەوگەر بۆ فرۆشتنی نەوت و بیگەیەنێت بە دەریا.
کاتێکیش کە چوە ئەفگانستان دوچاری چاڵاوی ئەو وڵاتە کراو دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بەهاوکاری جیهادیەکان و پشتیوانی نیمچەفەرمی سعودیەو پاکستان لەژێر ناوی پێویست بونی جیهاد دژی داگیرکەرێکی کافر ، سۆڤیەت دوچاری شکستێکی گەورە کرا کەسەرەتای کوژانەوەی هەژمونی بو وەک زلهیزێک ، تا لە کۆتاییەکانی دەیەی 1980 لە ئەفگانستان وەدەر نراو سەرئەنجام لە ساڵی 1991 بە ناوی پەیڕەوکردنی ( بیرسترۆیکا ) لەسەردەمی سەرۆکایەتی ( میخائیل گورباتشوڤ ) بەتەواوی هەڵوەشایەوە و کۆمارەکانی یەک لە دوای یەک سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و بلۆکی ڕۆژهەڵات کۆتایی هات.
لە ئێستادا هەمان ڕەوش بەمەترسیەکی گەورەترەوە بەرانبەر هەژمونی ئەمریکا ڕاست بوەتەوە، ئەویش بریتیە لە هەژمونی چین..
بەپێی توێژینەوەکان ئەژدیهای ئابوری چینی هەڕەشە و مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر بەردەوامی مانەوەی هەژمونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا ، بەڵام بەچەکی سارد کە بریتیە لە چەکی زاست و تەکنۆلۆجیا…
بەپێی پلانی ( چین+1 ) کە حکومەتی چین لە ساڵی 2015 دایڕشت بەئامانجی ( ئابوری بەهێز ، سیستەمی پەروەدەی پێشکەوتو ، خۆشگوزەرانی ) ، لەساڵی 2025 پلانەکە بەم ئەنجامانە گەشتوە:
١- بەرهەمەکانی هواوی لە نەوەی 5 فرۆشی بەڕێژەی 22% بە بەهای 118 ملیار $ بەراورد بەسالی 2024 زیادیکردوە .
٢- ڕێژەی بەکارهێنەرانی Deep seek لەناو خودی وڵاتەیەکگرتوە کانی ئەمریکا ChatGPT تێپەڕاندوە.
٣- کورتە ڤیدیۆکانی TikTok ڕۆژانە 197 ملیۆن بینەری هەیە ، بەرانبەر 17 ملیۆنی instagram .
٤- کۆمپانیانی ئۆتۆمبیلی BYD لەچارەکی یەکەمی 2025 یەک ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشتوە ، لەبەرانبەر 330 هەزاری Tesla .
٥- فڕۆکەی جۆری G10C بەرهەم هێناوە لەگەڵ موشەکی جۆری BL15 لەیەکەم بەکارهێنایدا فڕۆکەی ڕافالی فەرەنسی خستەخوارەوە کە 5 م گرانترین فڕۆکەی جەنگی جیهانە، .
٦- لەهەر 5 ئۆتۆمبێلی چین کە لە شەقامەکان دەسوڕێنەوە 3 یان کارەبایین ،
٧- لە 365 ڕۆژی ساڵدا 270 ڕۆژ هەوای پاکیان بەپێی ستانداردی جیهانی هەیە..
بەپێی پێشبینیەکان لە 2030 ئۆتۆمبێلەکارەباییەکانی چین نیوەی زیاتری جیهان داگیر دەکەن بەتایبەتی لە بازاڕەکانی ئەوروپا ، کەلەئێستادا70% بازاڕی ئەوروپایان داگیر کردوە ..ئەگەر ڕیژەی گەشەی ئابوری چین بەم ئاراستەیەی ئێستای بەردەوام بێت لە 2050 ئابوری ئەمریکا تێدەپەڕێنێتت.
ئەم پێشکەوتنانەی چین بەشێکی سەرەکی بەهۆدەستڕاگەشتنیەتی بە وزە ، بۆیە ئەمریکا و بەتایبەتی ئیدارەی ترەمپ بەنیازە لەڕیگەی دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی وەزەوە گەشەی خێرای ئابوری چین هیچ نەبێ کەمێک هێواش بکاتەوە،
لە ڕابوردودا بەهۆی گەمارۆ ئابوریەکانی سەر ئێرانەوە چین بڕێکی باش لەنەوتی خاوی هەرزانی
ئێرانی بە ڕێگەی قاچاخ دەست دەکەوێت ، ئەمریکا بۆئەوەی لەلایەک ئەم سەرچاوە نەوتە هەرزانەی چین ببڕێت ، لەلایەکی دیکەش لە ڕێگەی فشارو هەڕەشەکانیەوە ئێران ناچار بکات کە بەتەواوی داواکاریەکانی ئەمریکا و کەوتنە ژێر هەژمونیەوە ڕازی بێت.
ئێران دەرکی بەپێویستی زۆری ئەمریکا بۆ ڕێگری لەدەستڕاگەشتنی چین بەسەرچاوەکانی وزە کردوە ، بۆیە بە گوێرەی چەند پێگەیەکی هەواڵی عەرەبی لە خولی پێشوتری دانوستانەکاندا ئێران بەڵێنی 4 $ ترلیۆن سەرمایەگوزاری بە کۆمپانیا ئەمریکیەکان داوە لە ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکاندا ، لەبەرانبەریشدا ئاستی داواکاریەکانی خۆی بەرز کردوەتەوە ، بەتایبەت لەسەر ڕێژەی ڕێپێدراوی پیتاندنی یۆرانێۆم لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی ، بۆیە لەپاش ئەم بەڵێنەی ئێرانەوە جۆرێک لە خاوبونەوە لەهەڕەشەکانی ئەمریکا دژی ئێران بەدی دەکرێت و لێداونەکان زیاتر بە ئاراستەی ڕێکەوتنن نەک جەنگ.
ئیسرائیلیش بەوردی چاودێری بەڕێوە چونی دانوستانەکان دەکات و بەردەوام فشاردەکات کە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران بەبێ جێبەجێکردنی سێ داواکاریە سەرەکیەکە ، کە بریتین لە ( سفر بونەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ، نەمانی هەژمونی لەدەرەوەی سنوری خۆی ، نەمانی هیچ موشەکیک کە مەوداکەی زیاتر لە 150 کم ) ، تەنها هەڵپەساردنی کێشەکانە نەک چارەسەرکردنینان ، بۆیە ئیسرائیل بە هیچ ڕێکەوتنێک ڕازی نابێت جگە لە جێ بەجێکردنی ئەم داواکاریانە لەلایەن ئێرانەوە .. بەتایبەتی سەبارەت بە سفر بونەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ، کە لەئێستادا بەهۆی تێڕوانینی جیاوازی هەریەک لە ترەمپ و نەتانیا هۆ ناکۆکیی کەوتۆتەوەنێوانیان.
ئیسرائیل پێی وایە لەئێستادا ئێران بوەتە خاوەنی ژێرخانێکی تۆکمەی ئەتۆمی و لەئەگەری هەرگۆڕانکاریەکی جیۆسیاسی لەناوچەکە کە دژی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل بێت، دەکرێت ئەم ژێرخانە لەبواری سەربازی و دوستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنرێتەوە، بۆیە نایەوێت بارودۆخە گونجاوەکەی ئێستا بۆ وێرانکردنی ئەو ژێرخانە لەدەست بدات، وە لە تازەترین لێداوندا، لەئەگەری هەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێران کە ئیسرائیل بە ئەنجامەکەی ڕازی نەبێت، بەبێ گوێدانە هیچ لایەنێک بۆمبارانی پێگە ئەتۆمیەکانی ئێران دەکات، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیش ئیسرائیل ئامادەکاری تەواوی بۆ ئەم لێدانە کردوە و پلانەکە بۆ جێ بەجێکردن ئامادەیە…