وڵاتە هەرێمییەکان کورد سەرقاڵ دەکەن و کاتیان پێدەکوژن؛ گۆڕانکارییە جوگرافییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو بەدەر دەکەوێت، تا ئێستاش لەبەرژەوەندی کورد بووبن، بەڵام لە ژێرەوە، ئەوەی دەخوێندرێتەوە ئەوەیە، بەریەککەوتنی بەدوا دابێت و لە هەر چوار وڵاتە هەرێمییەکە زیاتر کات بە کورد دەکوژن تا ماوەیەک و هێوربوونەوەی دۆخەکە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کورد لەو نێوانە لە هەرچوار بەشەکەی کوردستان ژیرانە مامەڵە بکەن و بیر لە جۆرێک کۆبوونەوە و کۆنگرەی نەتەوەیی بکەنەوە.
کورد ئەوەندە ئەزموونی لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان هەیە ئەوە دەهێنێت چیدیکە متمانەیان پێ نەکات؛ دەگوترێت کورد لە سیاسەتکردن ئەوە دەدۆڕێنێت کە بە جەنگ دەستی کەتووە، دەرخەری ئەوەیە هێشتاش کورد لە رۆشنبیریی سیاسیی و ئاراستەکردنی مژارە نەتەوەیی و ستراتیژییە نیشتیمانییەکانی ناکامڵە و لە قەیراندایە. دواجار بە پشت بەستن بە مێژووی نزیکەی دوو هەزار ساڵ ژێردەستەیی بەشیەکی فارس، سێزدە سەدە لە ژێردەستەیی عەرەب و مشتومڕ و کێشمەکێشم و ژێردەستەیی شەش سەدەیی تورک ئەوە سەلمێندراوە ئەو پێکهاتە نەژادییانە وەکو پێکهاتەی نیشتیمانی و گشتگیر مامەڵەیان نەکردووە، بەڵکو زیاتر وەکو کۆیلە، لە باشترین دۆخ وەکو برای بچووک و پێڵاوریزکەری دیوەخانی سیاسی خۆیان لەقەڵەمیان داوە. روونیشە کورد نە ئەو پێڵاوڕیزکەرە و نە ئەو برا بچووکە نەبووە و بەردەوام لە بەرهەڵستی و جەنگ دابووە لە دژی داگیرکارەکانی، بەڵام دواجار ناکامڵ هزری پێکەوەژیان و تەبایی و یەکسانیی نەژادی لای ئەو سێ نەتەوە سەردەستە هیچ گومانی نەهێشتۆتەوە کە جێگەی متمانە نین.
حکومەتی بهغداد لە لاوازترین دۆخی خۆی ئاماددە نییە مووچە بنێرێت؛ لە هەرێمی کوردستان، باشوور، کورد بەرگەی زۆر فشار و دەردەسەری و کۆمەڵکوژیشی گرتووە، ئێستا بڕینی نان و قوتی هاووڵاتیانیشی سەربارە. سەرەڕای بوونی دەستوورێکی بەناو فیدڕاڵی، عەرەبی سەردەست، ئێستا دژە-مەزهەبیشە (لە ڕوانگەی خۆیان، چونکە کورد مەزهەبگەرا و دژە مەزهەب نەبووە و نابێت)، دوای پێنەدانی بودجە، مووچە، بڕینی مووچە و شکاندنی دەیان رێککەوتن و بەڵێن، هێشتاش لەو پەڕی لاوازی خۆی ئاماددە نییە کەمترین رێککەوتن جێبەجێ بکات، تەنیا ناردنی مووچە. لاوازی حکومەتەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەژێر تارمایی نوری مالیکی مێژووێکی ڕەش بەبیر دەهێننەوە، ئەویش دووبارە و چەند بارەکردنەوەی ناپاکیی و شکاندنی بەڵێن و رێککەوتن و بڕینی بودجە و لەشکرکێشی و جوڵاندنی میلیشیا و بڕینی بودجە، ئێستاش کە بەرەی موقاوەمە بۆتە موقاوەلە و جاشکوردیشی هەن، هێشتا ئاماددە نین رێککەوتنەکانیان لەگەڵ کورد جێ بەجێ بکەن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە، هیچ هیوایەک لە عێراقی شیعی بەدی ناکرێت، وەکو چۆن لە سێزدە سەددەیە سوننی بەدەست نەهات!
لە ئێران زمانی کوردی ڕێگەی پێنادرێت و بە زمانی جیاواز ناناسێندرێت؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتەی سیاسیی بەهۆی فشارەکانی ڕۆژئاوا و دۆخی ئابووری لە لاوازترین ئاستی مێژوویی خۆیەتی. هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو لە پەل و پۆ بوون، هاوپەیمانی شیعی حیزبوڵا و دواتریش داتەپینی ڕژێمی ئەسەدی عەلەوی، ئێستاش بۆمبارانکردنی یەمەنییە حوسییەکان، هێشتاش ئاماددە نییە نە کوردی بە زمان بناسێنێت، نە رێگە بدات زمانەکە بخوێندرێت لە کاتێک، وێڕای مێژووی هاوبەش، وڵاتەکە لەسەر ڕەگ و ڕیشەی کوردستان ئاواکراوە و کورد ڕۆڵی سەرەکی لە هەموو قۆناغەکانی وڵاتەکە هەبووە. کەواتا دوای دووهەزار و ئەوەندە ساڵەش، فارس نەیتوانیووە نە ئەو ئامۆزا زمانەوانییە بێت و نە ئەو هاوسێ باش و ئەرێنییە بێت هیوای بۆ بخوازیت. لەو دۆخە خراپەش، دوور نیە لەهەر ئەگەر و پێشهاتێک، بەشێکی هەرێم و تێکڕای عێراقیش بکاتە گۆڕەپانی جەنگ، یاخود دوایین بەرەی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ رۆژئاوا.
پرۆسەی ئاشتی باکوور و تورکیا سستە؛ نە ئاپۆ ئازادکراوە و نە دەستکەوتی دیکە، لەو نێوان ئەردوگان نەورۆزیشی بە تورک کرد؛ لە تورکیا مژاری ئاشتی گەرم بوو، ئێستا کەمتر. وێڕای ئەوە ئاماژە بە پرۆسەیەکی تێروتەسەل دەکرێت، بەڵام بە کرداریی هیچی وا نابیندرێت. وێڕای قاییڵ کردنی بەڕێز ئاپۆ، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە و دەرکردنی بڵاوکراوەیەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تورکیا هیچ پێنگاڤ نەهاتۆتە پێشەوە. وەکو سەرۆک بارزانی لە پەیامی نەورۆز ئاماژەی پێدابوو، کاتی هاتووە ئازادی بکەن و پرۆسەکە بچێتە قۆناغێکی دیکە و پێبگات، وەکو ئاماژەی پێداوە، کە رێگە دروستەکەیە و هەمووان قەتیسی مێژوو و جوگرافیای ناوچەکەیان، ئاشتی تاكە ڕێگەی ڕاست و دروستی تێپەڕاندنی كێشەكانە. بەداخیشەوە، سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەییب ئەردوگان لە ڕۆژی نەورۆز، گوایا بەشداری یەکەمیەتی بۆ جەژنەکە، دێت تورکزمانەکان کۆ دەکاتەوە و بە وتەی خۆی “نەڤرۆز” جەژنی خۆیانە و لەو لاشەوە کچۆلەی قیرقیز، ئازەر، کازاخ و تورک و توتوکەکانی بە بێ کورد کۆکردبوونەوە، بزاوتێکە زیاتر لە دزینی ئاشکرا و مانۆڕێکی سیاسیی فێڵبازانە دەچێت. لەو نێوانە تا ئەم کاتەش، کورد نە لە بەرهەمی ئاشتی خواردووە، نە بەڕێز ئاپۆ، (عەبدوڵا ئۆجەلان) ئازاد کراوە و ئەوەتا جەژنەکەشی بەڕۆژی رووناک کۆلۆنیالیانە و دەدزرێت و داگیر دەکرێت. ئاگرە نامۆ-بە-نەورۆزەکەی ئەردوگان هەوڵێک بوو بۆ بێ بەها کردنی نەورۆز ی کوردان، نەورۆزێک دەربڕی خەبات و ئازار و هەستی بەردەوامیی کورد بووە بە درێژایی هەزاران ساڵ بە تەیبەتمەندییەکی یەکجار جیاواز لە نەتەوەکانی دیکە یاد دەکرێتەوە و ڕامانی خۆی هەیە. ئەمەش دیسان ئاماژەی کات کوشتن دەدات لە لایەن ئەردوگان، چونکە ناوچەکە گۆرانی بەخۆیەوە بینیووە و نایەوێت هاوشێوەی سووریا، کورد لەو بەشەی کوردستانیش ڕاپەڕن یاخود دەستکەوتیان هەبێت.
شەرع لە دەستور بەسەر کورد هەڵگەڕاوەتەوە و بەهۆی شەرمەزارییەکەی لەگەڵ دروز و عەلەوییەکان لەم قۆناغە نایەوێت کورد لەدەست بدات؛ لە سوریا دۆخی ڕۆژئاڤا تا رادەیەک سەقامگیرە، بەڵام بە تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆم کاتییە. شەرع و حکومەتەکەی دوای رێککەوتن لە ڕێگەی پڕۆژەی دەستوور، بەسەر کورد هەڵگەڕایەوە. ئەو بەناو رێککەوتنەشی کە هەیە لە نێوان بەڕێز مەزڵوم عەبدی و بەڕێز ئەحمەد شەرع، کە خۆی بە میراتگری خەلیفەی شام، مەعاویەی کوڕی سوفیان دەزانێت و وەهاش لای شوێنکەوتە و ئیسلامییە سیاسییەکانی ناوچەکە تەماشا دەکرێت، لە ترسی ڕوودانی بەریەککەوتن، دوای شەرمەزارییەکەی کۆمەڵکوژییەکەی عەلەوی و بێ متمانەیی دروزەکان و ڕووکردنە ئیسرائیل، نەیدەویست وا دەربکەوێت کوردیشی لەدەست دەرچووە و دواجار حکومەتۆچکەی شەرع هەمان حکومەتە چەند شارەوانییەکەی پێش رووخانی رژێمەکەی ئەسەدە. شەرع هاوشێوەی سەرکردەکانی دیکەی ناوچەکە و سوریا بە تایبەت، هەرگیز ناتوانن دەستبەرداری خواستی ناوەندگەرایی خۆیان بن، کە دەرهاویشتەی كولتووری خۆیانە کە ئاوێزانە بە هەستی نەتەوەپەرستی و ئیسلامییچیەتی (نەک ئیسلام) بوونی دەسەڵاتێکی کراوە بە نەنگی دەزانن و دژی دەوەستنەوە. کەواتە شەرع-یش هاوشێوەی هاوتاکانی تەنیا کات دەکوژێت و دەیەویت کورد و رۆژئاواش (ئەمریکا و ئەوروپا) هەڵبخەڵەتێنێت کە ئەو تیرۆرستە نییە ئەوان دەیانبینی، بەڵکو پیاوی دەوڵەتە (رجل دولة).
بە کورتی، کورد مەحکومی مێژوو و جوگرافییەکی سیاسیی قەتیسکراوە. لەو سەردەمەی داگیرکاریی ڕۆژئاوا پێی خستە ناوچەکە بەهۆی بەگژداچوونیان، لە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و دەوڵەت بێبەش کرا. ئەمە وێڕای ئەوەی چەندین میرنشین و دەسەڵاتی خۆجێیی لەسەر دەستی دەسەڵاتە ئیسلامییە کۆلۆنیالییە عەرەبی و تورکی و فارسییەکان لە نێوبراون. مێژوو بەردەوام، بە داخەوە دووبارە بۆتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کورد بێجگە لە چیاکان هیچ هاوڕێیەکی نییە، چیاکانیش لەم سەردەمە، کە پێدەچێت سەردەمی یەکلاکردنەوە و چارەنووس بێت، تەنیا بە دۆستایەتی یەکتری و کۆنگرە و تەبایی نەتەوەیی لە نێوان بەشەکان دەتوانن خۆیان لەم سەردەمە هەستیارە بپارێزن و بە کەمترین زیان تێیبپەڕێنن. کەواتا کوردیش بێ دۆست و هاوڕێ نییە، تەنیا کورد خۆی دۆستی خۆیەتی. بۆیە درەنگیش هێزە کوردییەکان لە هەرچوار بەشەکە تێبگەن بوونیان لە لایەن سەردەستەکانەوە بە هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی و دەسەڵاتی ئەوان تەماشا دەکرێن، رۆژێک زیاتر و زووتر لە گەیشتن بە سەربەخۆیی و دەوڵەت نزیک دەبنەوە، ئەگینا لەم سەردەمە شکۆیەکی دیکە ڕووبدات، مێژوو نەفرەتمان لێدەکات و دوایین دەرفەتەکانیش لە کیس دەچن.