“خورخێ ماریۆ پێدرۆ بارگاس یۆسا” لە ٢٨ی مانگی مارسی ساڵی ١٩٣٦لە ئارێکیپا لە باشووری پیرۆ لەدایکبوو و بەشی زۆری سەردەمی منداڵیی خۆی لە شاری کوکابامبا لە بولیڤی لەگەڵ دایکی؛ دۆرا یووسا و باوهگەورە و دایەگورەی بەسەر برد. ئەوان بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە چینی ناوەڕاستیان پێک دەهێنا کە لەڕاستیدا دەگەڕانەوە سەری باوک بەڵام بەویان وتبوو: باوکت مردووە. دایە و بابەی چەند مانگ پێش لە دایکبوونی لێک جودا بووبوونەوە و باوکی؛ ئێرنێستۆ بارگاس کە بۆ کۆمپانیی هێڵی ئاسمانیی پاناگرا ئیشی دەکرد، دوای وەرگرتنی ئەرکێکی ئیداری لە دەرەوەی وڵات داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کرد. ئەوان کاتێک کوڕەکەیان تەمەنی گەیشتبووە ١٠ ساڵان دیسانەوە لە پیرۆ یەکیان گرتەوە. بەڵام بەو میتۆدە ڕەق و وشکەی دیسیپلینکاری لە لایەن باوکەوە، کوڕەی منداڵ هەر زوو بۆ ئەکادیمی سەربازیی لیما نێردرا. بارگاس یۆسا پاش ئەو ئەزموونە لەگەڵ زڕە میمکی کە ٢٩ ساڵ تەمەنی هەبوو هەڵهات.
ئەم هاوسەرگیرییە بشێوکە بوو و بنەماڵەکەی هەژاند و هانی دا تاکوو دواتر “میمکە جولیا و فیلمنامەنووس” بنووسێت. ئەم کتێبە کە لە ساڵی ١٩٧٧دا بڵاو کرایەوە یەکێک لە ناسراوترین ڕۆمانەکانێتی کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی. ڕۆمانەکە باس لە چەرمەسەرییە کۆمێدییەکانی ماریتۆ وارگیتس؛ خوێندکارێکی گەنجی بەشی یاسا و نووسەرێکی تامەزرۆ دەکات کە لە دووتوێی زنجیرەیەکی ڕادیۆییدا عاشقی میمکی دەبێت. خاتوو “ئورکیدی” بە بیرەوەرییەکی ڕەخنەکارانەی سەردەمی خۆی لەگەڵ “بارگاس یۆسا” و لە ژێر ناوی “ئەوەی وا وارگیتس نەیوت” وەڵامی ئەم کتێبەی دایەوە؛ وردەکاریگەلێک لەبارەی ساڵە پڕ گێرمەکێشەکانیان لە ئەورووپا. ئەوان لە ساڵی ١٩٦٤ لێک جودا بوونەوە و بارگاس یۆسا لەگەڵ ئامۆزای یەکەمی خۆی بەناوی پاتریشا یۆسا ئورکیدی هاوسەرگیری کرد و بوون بە خاوەنی سێ منداڵ. ئەوان لە ساڵی ٢٠١٥ پاش پەنجا ساڵ تێپەڕین لە هاوسەرگیرییان لێک جودا بوونەوە، واتە کاتێک کە یۆسا پەیوەندیی ئاشقانەی خۆی لەگەڵ ئیزابێل پریسلێر، هاوسەری پێشووی گۆرانیبێژ خولیۆ ئیگلێسیاس، پشتڕاست کردەوە. یۆسا و خاتوو پریسلێر کە لە فیلیپین لەدایک بووبوو و لە سپانیا بوو بە کەسێکی کۆمەڵایەتیی ناودار، لە ساڵی ٢٠٢٢ لێک جودا بوونەوە. یۆسا دوو کوڕ و کچێکی پاش خۆی بەجێ هێشتووە. کوڕەکان یەکیان بەناوی ئالوارۆ کە نووسەرە و ئەوی دیکەیان گۆنزالۆ، کە نوێنەرایەتیی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ پەنابەرانی لە ئەستۆ دایە. و کچەکەش ناوی مۆرگانا وارگاس یۆسایە و وێنەگرە.
یۆسا کە ڕیالیزمی ڕەق و تەقی لەگەڵ ئیرۆتیکای عیشوەکارانە و وێنەی خەبات بۆ ئازادیی تاکەکەسی لە ئامریکای لاتین پێکەوە هەڵپێکا و هاوکات کۆمەڵێک وتاریشی نووسی و کردی بە یەکێک لە کاریگەرترین شرۆڤەکارانی سیاسی لە دنیای سپانیزمانەکاندا، لە ساڵی ٢٠١٠ بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی. ئەو وەکوو نووسەرێکی گەنج لە ناو چەقی ڕوانینە ڕەشۆک و ڕزیوەکان بۆ گەندەڵی، سازشکارییە ئەخلاقییەکان و ستەمکاریی لە پیرۆ درەوشایەوە. ئەو پەیوەست بوو بە دەستەیەک لە نووسەرانی وەکوو گابریێل گارسیا مارکێز لە کۆلۆمبیا و خولیو کارتازار لە ئارژانتین، کە لە دەیەی ١٩٦٠ی زاینی وەکوو ئەندامانی “بەرەی بووژانەوە” ی ئەدەبیی ئەمریکای لاتین ناویان ڕۆشتبوو. وەڕەزیی یۆسا لە نۆرم و بەهاکانی کۆمەڵگایەکی متەقلێبڕاو لە پیرۆ، بوو بە سەرچاوەی ئیلهامی فراوان بۆی. یۆسا لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا پاش تۆمارکردنی ناوی خۆی لە ئەکادیمیای سەربازیی لێیانسیۆ لە لیما و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، ئەم ئەزموونەی کرد بە یەکەمین ڕۆمانی خۆی لە ژێر ناوی “سەردەمی قارەمان” کە گێڕانەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە ژیانی سەربازی و لە ساڵی ١٩٦٣دا بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە لە لایەن چەندین ژەنەراڵەوە شەرمەزار کرا لەوانە کەسێک کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم پرۆژەیە لە لایەن ئیکوادۆرەوە و بەمەبەستی لاوازکردنی سوپای پێرۆ پاڵپشتیی مادی کراوە-هەموو ئەمانە بوون بەهۆی سەرکەوتنی زوو بە زوو و دەمودەستی کتێبەکە. لەگەڵ ئەمەشدا یۆسا هەرگیز بەتەواوەتی مەفتوونی ڕیالیسمی جادوویی هاوسەردەمەکانی خۆی نەبوو. ئەو لە ئازار و ئەشکەنجەی دژبەران لە کووبا لە لایەن فیدێل کاسترۆ خەمبار و خەمۆک بوو و دواجار لەو ئایدۆلۆژیا چەپەی کە بۆ چەندین دەیە بەسەر زۆرێک لە نووسەرانی ئەمریکای لاتیندا زاڵ بوو، دابڕا.
ئەو ڕێگای خۆی زیاتر وەکوو بیرمەندێکی سیاسیی پارێزکار (Conservative) و هەروەها ڕۆماننووسێک دیاری کرد کە بەشانێک لە ژیانی تاکەکەسیی خۆی کرد بەو کتێبانەی کە ناو و ناوبانگیان زۆر سەرووتر لە سنووری وڵاتەکەی خۆی دەنگیان دایەوە. ئامادەیی ئەو لە پانتای سیاسەتدا لە دواجار بوو بەهۆی بەشداریی لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ساڵی ١٩٩٠. ئەم پێشبڕکێیە بواری پێ دا تاکوو پشتگیریی لە کەمپینەکانی بازاڕی ئازاد بکات، لەوانەش بەتایبەتیکردنی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان و دابەزاندنی هەڵاوسان لە ڕێگەی بڕینی تێچووەکانی دەوڵەت و دەرکردنی فەرمانبەرانی بەشی خزمەتگوزارییە لاوەکی و ناکارامە مەدەنییەکان. ئەو لە بەشێکی زۆری پێشبڕکێکاندا لە پێشەوە بوو، بەڵام بەشێوەی گشتی لە هەمبەر ئالبێرتۆ فوجیمۆری؛ جووتیارێکی کەمتر ناسراوی بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی شکستی خوارد، جووتیارێک کە دواتر پێڕەوی لە زۆرێک لە سیاسەتەکانی بارگاس یۆسا کرد. یۆسا هۆگریی بە چیرۆکنووسییەوە هەبوو بەڵام کاری خۆی بە ڕۆژنامەنووسییەوە دەست پێ کرد. ئەو لە قۆناغی مێرمنداڵیدا ڕاپۆرتنووسی شەوانەی “لا کرۆنیکا”-ڕۆژنامەیەک کە لە لیما دردەچوو-بوو، و چیرۆکی دنیای ژێرەوەی باڕەکانی مەلەوانی(غەواسی)، تاوان و لەشفرۆشیی بەوردی دەگێڕایەوە. توخمگەلێک لەو ئەزموونە لە ڕۆمانی ((هەڤپەیڤین لە کاتێدراڵ)) کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٩ باڵای کردووە، کە وێنەیەک لە داهێزراویی و لە پەلوپۆکەوتنی پیرۆ لە سەردەمی دیکتاتۆریی سەربازیی ژەنەراڵ مانوئێل ئۆدریاس لە درێژەی دەیەی ١٩٥٠دا دەخاتە ڕوو، و زیاتریش هەر ئەم کتێبە وەکوو شاکاری لە قەڵەم دەدرێت. ئەگەرچی یۆسا زیاتر بۆ ڕۆژنامەکانی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەینووسی، بەڵام لە دەیەی ١٩٩٠ دا وەکوو گۆشەنووسی ڕۆژنامەی “ئێڵ پێس” لە سپانیا، وڵاتێک کە مافی هاووڵاتیبوونی پێ بەخشی، دیسانەوە ئەزموونی ڕۆژنامەنووسیی وەکوو تێهەڵچوونەوەیەک دەست پێ کردەوە.
گۆشە دوو حەتوانەکەی ئەو، “پێیەدرۆ دێ تووک” یان “تاچ ستۆن” لە ڕۆژنامە سپانیی زمانەکانی هەموو ئەمەریکای لاتین و ویلایەتە یەکگرتووەکان بڵاو دەبوویەوە. ئەمە زەمینەیەکی بۆ کۆمەڵێک بابەتی وەکوو سەرهەڵدانەوەی پۆپۆلیسم لە ئاند، هونەری کلۆد مونێ و پاوڵ گوگێن و پاڵپشتیی پڕ هەراوهۆریای ئەو لە دەوڵەتی ئیسرائیل کە بابەتێکی چەندبارە بوو لە نووسینە سیاسییەکانیدا، خۆش کرد. گۆشەکان دەتوانن ژیاننامەیی بن یان لە ڕووداوە واقیعییەکانەوە ئیلهامیان وەرگرتبێت و بەزۆری بە بێ ئاوەڵناو، بەشێوەیەکی جوان بە شێوازێک نووسراوبوون کە بواری بە یۆسا دەدا تاکوو ئەو خوێنەرانە بقۆزێتەوە کە ڕەنگە تاقەتی تەواوکردنی خوێندنەوەی هەندێک لە ڕۆمانە ئاڵۆزکاو و درێژەکانی ئەویان نەبێت. “ئێمە ژمارەیەک گۆشەنووسی بەڕێزی ڕۆژنامەمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، بەڵام لە ناو ئەوانە کێ بەڕادەی یۆسای سەر بە شارستانییەتی سپانیادا باڵای کەڵەگەتە؟” ڕەخنەگری ئەدەبی؛ ئیلان ستیڤێنس لە ساڵی ٢٠٣٣ و لە شیکارییەکانی گۆشەکاندا نووسی:”ئەو پیاوێکە کە زیرەکیی خۆی بە نەرمونیانی هەڵدەگرێت، بە چاو و گوێچکەیەکی زیت و قوڵاخ بەرەو هەموو شوێنێک و دەنگێکی گەورە وەکوو هەورەتریشقە” ڕەنگە زیاتر لە هەر شتێک، گۆشەکان ئەو بوارەیان بۆ یۆسا ڕەخساندبێت تاکوو بیرۆکەکانی خۆی لەبارەی ئەمەی کە “چۆن ئازادییە تاکەکەسییەکان لەسەر بەهێزکردنی ئەو کۆمەڵگایانەی وا گرێدراون بە بازرگانیی ئازادەوە، ڕۆ نراون،” بەرەو پێشەوە ببات. ئەو بەزۆری بەهۆی ئەم بیرۆکە و بنەمایانەوە لە ئەمریکای لاتیندا گاڵتەی پێ دەکرا و لە ڕیزی دیارترین ڕەخنەگرانی دەوڵەتە چەپەکان لە ڤێنزیوڵا و کووبادا بوو.
بەڵام بیرۆکەی بازاڕی ئازاد بۆ ئەو زیاتر ڕاکێشەرییەکی ناوەکیی هەبوو. کاتێک کە مارگارێت تاچێر؛ سەرۆک وەزیرانی پارێزکاری بەریتانیا لە ١٩٩٠دا نووسینگەکەی خۆی بەجێهێشت، دەستەگوڵی لە دەستی بارگاس یۆسا وەرگرت. ئەو هەروەها یادداشتێکی ڕاپێچ کرد و تێیدا نووسی: “خاتوون؛ وشەی پێویست لە وشەدانەکاندا نییە کە بەهۆیەوە سپاستان بکەم، بۆ هەموو ئەو کارانەی لە پێناوی ئازادیدا ئەنجامتان داوە”. ئەگەرچی هەڵدانەوەی پەردە لەسەر ڕووداوەکان و دنیای ژێرەوەی پیرۆ بەسەر زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا زاڵ بوو، بەڵام یۆسا بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات ژیانی بردە سەر. لە دەیەی ١٩٦٠دا و لە پاریس، وەکوو وەرگێڕ و نووسەرەی بۆڵتەنەکانی هەواڵ ئیشی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسە کرد تاکوو بژێوی ژیانی دابین بکات. ئەو دواتر بەر لە گەڕانەوەی بۆ پیرۆ و لە دەیەی ١٩٧٠ لە بارسێلۆنا هاتە ناو جیهانی نووسین. لە حاڵێکدا کە ئەو وەکوو ڕۆماننووسێک ناوبانگێکی زیاتر دەستەبەر کرد، بەڵام کەمپینی سەرۆککۆماریی ئەو لە ساڵی ١٩٩٠ پاش نووسینی وتارێک بە بۆچوونی دیاریکراو بۆ شەرمەزارکردنی بەرنامەی سەرۆککۆمار؛ ئالان گارسیا بۆ بەنەتەوەییکردنی بانکەکان وەکوو ڕووداوێکی هەژێنەر بوو. بەهۆی ئەوەی کە پیرۆییەکان لەگەڵ هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و هەروەها کەمپینی بۆمبڕێژکاریی کە لە لایەن گرووپی گەریلا مائۆئیستەکانەوە ئەنجام درا، دەستەویەخە بوون، وارگاس یۆسا بەشێوەیەکی کاتی نووسینی چیرۆکی ڕاگرت و حیزبی ڕاستڕەوی بە ڕێبەرایەتیی خۆی بەناوی “جووڵانەوەی ئازادی” دامەزراند. بەربژێربوونەکەی بە ئیلهام وەرگرتن لە فیلسووفە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکای باکوور و ئەورووپا و ڕواڵەتەکەی بە پێستێکی ڕۆشنەوە، ئەندام و جەستەی جوان و حەزی بۆ پۆشینی سویتێرسی ڕێک و پێک لەگەڵ ئەو دەنگدەرانەی کە بەزۆری لە خەڵکی هەژاری کەچووا زمان و هەروەها مێستیزێسەکان کە بە سپانی قسەیان دەکرد پێکهاتبوون، دژ دەکەوتەوە.
بەڕێز “فوجیمۆری” واتە ڕکابەرەکەی بە بەڵگەکردنی ئەمەی کە ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئەو غەیری ئەورووپییە، خۆی وەکوو هاوپەیمانی چینەکانی خوارەوە کە ماوەیەکی زۆر لە ژێر سەروەریی نوخبە سپی پێستەکاندا بوون، پیشان دا. بەشێویەکی هاوتەریب، دژبەرانیشی ئەم پرسیارەیان گەڵاڵە کرد کە ئایا دەکرێت پیرۆیەکی زۆر کاتولیکی ڕۆمی لە لایەن بەڕیز وارگاس یۆساوە بەڕێوە ببرێت لە پاش ئەوەی کە خۆی دانی بەوەدا ناوە کە کەسێکی ئاگنۆستیک و نازانمگەرایە. جەنابی “بارگاس یۆسا” کە لە هەمبەر فوجیمۆری شکستی خواردبوو و لە دەرکەوتنی ناسەرکەوتوانەی لە دنیای سیاسەتدا لارەمل و کزبووبوو، لە نزیکەی ساڵی ١٩٩٠ جارێکی دیکە پیرۆی بەجێ هێشت و کاتەکەی خۆی لە نێوان بنکەیەکی نڤیساری لە لەندەن واتە شوێنێک کە ئاپارتمانێکی هەبوو لە نایتزبێرج و ماڵێک لە مادرید دابەش کرد. ژمارەیەکی زۆر لە پیرۆ ناڕەحەت بوون کاتێک پاشای سپانیا؛ خوان کارلۆس، لە ساڵی ١٩٩٣ فەرمانێکی پاشایەتیی واژۆ کرد کە مافی هاووڵاتیبوونی دەبەخشی بە بارگاس یۆسا، لەگەڵ ئەمەشدا یۆسا هەر پەساپۆرتی پیرۆی لای خۆی هێشتەوە و گەشتکردنی بۆ لیما هەر درێژە پێدا. سەرەڕای خەڵاتی نۆبڵ، لە ناو شانازییەکانی دیکەی یۆسادا، خەڵاتی میگێل دی سێروانتێسی سپانی لە ساڵی ١٩٩٤ و خەڵاتی ئورشەلیمی لە ساڵی ١٩٩٥ پێ بەخشرا. ئەو زیاتر لە ٥٠ ڕۆمان و هەروەها وتاری جۆراوجۆر، شانۆنامە و کۆمەڵێک بەرهەمی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی لە درێژی ژیانی دوورودرێژی خۆیدا بەرهەم هێنا.
هەندێک لە باشترین بەرهەمەکانی دەپەرژێنە سەر هەڵبەز و دابەزە مێژووییەکان لە ئەمریکای لاتیندا؛ بۆ نموونە “شەڕی کۆتایی دنیا” (١٩٨١)، گێڕانەوەیەکی چیرۆکانەیە لە جەژنێکی مەسیحیی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم لە کونودۆس؛ شارێک لە ڕووبەرە وشکانییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی برازیل. “بارگاس یۆسا” لێکۆڵینەوەی ئەم کتێبەی لە ئەرشیڤی ڕیو دۆ ژانیرۆ و سالڤادۆر دەست پێ کرد و نووسینەکەشی لە ناوەندی ویلسۆن لە واشنتۆن لە ساڵی ١٩٨٠ گەیاندە ئەنجام، واتە شوێنێک کە زۆر دوور نەبوو لە مەیدانەکانی شەڕ و ململانێی ناوخۆ، ململانێیەک کە ڕەنگە یارمەتیی ئەوی دا بێت تاکوو دڕندەییەک کە ڕێبەرە ئەریستۆکراتییەکانی برازیل کونودۆسیان بەهۆیەوە تێک شکاندبوو، زەق بکات و بینوێنێتەوە. “بارگاس یۆسا” لە پێشەکی کتێبەکەدا دەنووسێت: “من لە ڕێگەی فڕۆکەکانی فاڵکۆنەوە و لە مەودایەکی بینین لە باڵکۆنەکە کە ئابراهام لینکۆلن لەگەڵ سەربازەکانی یەکەکەیدا لە دەسپێکی شەڕی ماناساسدا قسەی دەکرد، گەمارۆ درام” لەگەڵ ئەوەی کە ئەو دەیتوانی لەبارەی هەر شوێنێک بەشێوەیەکی جوان بنووسێت بەڵام ئەمە پیرۆ بوو کە سەرنجڕاکێشیی تایبەتی هەبوو بۆی، ئەو لە سەردەمێکدا نووسی کە تێکەڵ بە “گومان، خرۆش و تووڕەیی” و تەنانەت ڕقێکی لێوانلێو لە نەرمونیانی بوو. “بارگاس یۆسا” لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٩دا بە ئاماژەدان بە بەشێک لە “موبی دیک” بە گۆڤاری نیۆیۆرک تایمزی گوت: “دەزانن کە هێرمان مێلڤیل، لیمای بە سەیروسەمەرەترین و دڵگرترین شار ناو بردووە.” سەردەمێک کە وا دەهاتە پێش چاو کە تەنانەت لە جەنگەی گەرموگوڕیی کەمپینی سەرۆک کۆمارییەکەیدا ناتوانێت خۆی لە ئەدەب و چوونەوە ناو ناخی خۆی داببڕێت. “بۆچی؟” بارگاس یۆسا وتی. “تەمومژ و نمەی باران.” دواتر بە پێکەنینەوە زیادی کرد: “من زۆر دڵنیا نیم کە تەمومژ و نمەنمەی باران کێشەی گەورەی لیما بێت”.
یۆسا لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری لیما؛ پایتەختی پیرۆ کۆچی دوایی کرد. هەواڵی کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە لە دووتوێی ڕاگەیەنراوێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن منداڵەکانییەوە ڕاگەیەنرا.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز. ١٥ ئاڤریلی ٢٠٢٥، نووسینی سایمۆن ڕۆمیرۆ.
سایمۆن ڕۆمێرۆ هەواڵنێری تایمزە کە ڕووداوەکانی مەکزیک، ئەمریکای ناوەندی و کارائیب ڕووماڵ دەکات. ئەو دانیشتووی مێکزیکۆ سیتییە.
نووسینی :سایمۆن ڕۆمێرۆ
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە؛ عادڵ قادری