“پێشەکی”
ناسنامەی نەتەوەیی یەکێکە لە چەمکە هەرە بنەڕەتییەکانی زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و لە داڕشتنی ڕەفتاری سیاسی، یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان گرووپەکان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. دەروونناسیی ناسنامەی نەتەوەیی (Political Psychology of National Identity) لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە تاکەکان چۆن هەست بە گرێدراوی بە نەتەوەکەیان دەکەن و ئەم هەستە چۆن دروست دەبێت و چ هۆکارێک هەڕەشەی لێ دەکات یان بەهێزی دەکات و چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەت، ململانێ و یەکیەتیی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەم لقە لە دەروونناسیی سیاسی، بەتایبەتی لە چوارچێوەی جیهانگیری، کۆچبەری، فرەچەشنیی نەتەوەیی و گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمدا، گرنگییەکی زیاتری پێ دراوە.
“پێناسەی ناسنامەی نەتەوەیی”
ناسنامەی نەتەوەیی بریتییە لە کۆمەڵێک باوەڕ، هەست و تێڕوانینی هاوبەش سەبارەت بە نەتەوەیەک کە لە مێشکی تاکەکاندا دروست دەبن و دەبنە هۆی گرێدراویی تاک بە کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیییەوە. لە سادەترین پێناسەدا، ناسنامەی نەتەوەیی هەستی گرێدراویی تاکە بە نەتەوەیەک و هەستی هاوبەشی لە توخمە کولتووری، مێژوویی، زمانی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو نەتەوەیەیە. ئەم ناسنامەیە بەشێکە لە پێکهاتەی گەورەتری ناسنامەی کۆمەڵایەتی و دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ڕەفتارە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکاندا بگێڕێت. لە هەلومەرجی ئاساییدا ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕێگەی بنەماڵە، دامەزراوە پەروەردەییەکان، میدیاکان و ئەزموونە مێژوویییە بەکۆمەڵەکانەوە بەهێزتر دەبێت. بەڵام لە کۆمەڵگە داگیرکراوەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیدایە، ئەم پرۆسەیە بەتوندی پەک دەخرێت.
“وشیاریی نەتەوەیی”
وشیاریی نەتەوەیی ئاماژەیەکە بۆ تێگەیشتن و دانپێدانانی تاک یان کۆمەڵە مرۆڤێک لە شوناس و گرێدراوییان بە نەتەوەیەکی دیاریکراو. ئەمە نەتەنیا پەیوەندیی بە لایەنە تاکەکەسییەکانەوە هەیە، بەڵکوو پەیوەندیی بە لایەنە بەکۆمەڵەکانیشەوە هەیە و لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین وشیاریی نەتەوەیی جۆرێکە لە تێگەیشتنێکی بەکۆمەڵ کە ئەندامانی نەتەوەیەک لە ناسنامەی هاوبەشی خۆیان هەیانە. ئەم ناسنامەیە دەتوانێت زمان، خاک، مێژوو، کەلتوور، بەهاکان، داب و نەریت و تەنانەت چارەنووسێکی هاوبەشیش لەخۆ بگرێت کە بە تێپەڕبوونی کات و لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیاوازدا دروست دەبێت.
“لایەنە جۆراوجۆرەکانی وشیاریی نیشتمانی و نەتەوەیی”
– ناسینی مێژوو و كولتوور هاوبەش؛ زۆرجار وشیاریی نەتەوەیی لە وشیاریی مێژوویییەوە سەرچاوە دەگرێت. مێژووی نەتەوەیەک نەتەنیا بریتییە لە ڕووداوە سیاسی و شەڕەکان، بەڵکوو ئەزموونە كولتوور، هونەری، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیش لەخۆ دەگرێت. ئەم مێژووە یارمەتیی مرۆڤەکان دەدات هەست بکەن کە سەر بە ڕابردوو و ناسنامەیەکی هاوبەشن.
– زمان وەک هێمای ناسنامەی نەتەوەیی؛ زمان یەکێکە لە توخمە گرنگەکانی وشیاریی نەتەوەیی. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی مێژوو، کەلتوور و بەهاکانی نەتەوەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو.
– بەهاکان و نەریتەکان؛ هەروەها وشیاریی نەتەوەیی لە ناسینی بەها و نەریتە تایبەتەکانی نەتەوەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم نەریتانە دەتوانن ڕێوڕەسمی نەتەوەیی و نیشتمانی، ڕێوڕەسمی ئایینی و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان لەخۆ بگرن کە مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات پێیانەوە پابەند بوون.
– هەستی گرێدراوی بە خاک و نەتەوە؛ یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەستی گرێدراوی بە خاکێکی دیاریکراوە. ئەم هەستەی مرۆڤ بە زێدی خۆی، نەتەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییە ڕۆژانەیییەکانەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەزموونە هاوبەشەکان، شەڕەکان، ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان و تەنانەت قەیران و تەحەددیاتەکانیشەوە پێک دێت.
– پابەندبوون بە پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاک؛ وشیاری نەتەوەیی و نیشتمانی وا دەکات تاکەکان بەرامبەر بە سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاکی وڵاتەکەیان هەستیار بن و لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکان بەرگری لە وڵاتی خۆیان بکەن.
“پێکهاتە دەروونییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی”
– ئینتما (Belongingness)؛ هەستکردن بە بوون لە گرووپێکی نەتەوەییدا.
– چەمکی خودی نەتەوەیی (National Self-concept)؛ وێنەی زەینی لە “ئێمە” لە بەرامبەر بە “ئەوانی تر”.
– شانازیی نەتەوەیی (National Pride)؛ هەستی ئەرێنی سەبارەت بە دەستکەوتە نەتەوەیییەکان.
– جیاوازی لەگەڵ ئەوی تر (Othering)؛ پێناسەکردنی نەتەوە لە ڕێگەی جیاکردنەوە لە ئەوانی تر.
– یادەوەریی بەکۆمەڵ (Collective Memory)؛ مێژوو، ئەفسانە و هێماکان کە لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا دروست دەبن.
“تیۆرییەکان لە دەروونناسیی ناسنامەی نەتەوەییدا”
– تیۆریی ناسنامەی کۆمەڵایەتی (Social Identity Theory)؛ ئەم تیۆرییە لەلایەن “هێنری تاجفێڵ و جۆن تۆرنەر” پێشکەش کراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە، تاکەکان بۆ بەهێزکردنی بەرزەخۆییی خۆیان، خۆیان وەک ئەندامی گرووپەکان، لەوانە “گەل”، پێناسە دەکەن و مەیلیان هەیە گرووپەکەیان بە باڵاتر بزانن. ئەم مەیلە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسیۆنالیزمی ئەرێنی یان تووندڕەو.
– تیۆریی بەرزەخۆییی بەکۆمەڵ (Collective Self-esteem Theory)؛ ئەم تیۆرییە لەلایەن “کرۆکەر و لوهتانێن ” پێشکەش کراوە. تاکەکان بەرزەخۆییی خۆیان لە هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ ئەو گرووپانە (لەوانە، نەتەوە) وەردەگرن کە سەر بە ئەوانن. لە بارودۆخی هەڕەشەدا، ناسنامەی نەتەوەیی دەتوانێت زیاتر بەرچاو بکەوێت.
– تیۆریی بوونیادگەراییی کۆمەڵایەتی (Social Constructivism)؛ ناسنامەی نەتەوەیی بە دیاردەیەکی سازکراو لەلایەن زمان، مێژوو و میدیا دەزانێت، نەک واقیعێکی جەوهەرگەرایی. دەوڵەتەکان و بلیمەتە سیاسییەکان بۆ بنیاتنان یان دەستکاریکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، ئەم میکانیزمە بەکار دەهێنن.
“پرۆسە دەروونییەکان لە پێکهاتنی ناسنامەی نەتەوەیی”
– دەروونیکردنەوەی هێما نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی؛ وەک ئاڵا، سروود و پاڵەوانە مێژوویییەکان.
– فێربوونی کۆمەڵایەتی؛ وەک پەروەردەی قوتابخانە، زانکۆ، میدیا و خێزان.
– بەراوردکردنی نێوان گرووپەکان؛ ئێمە بەرامبەر ئەوان (جیاوازیی کولتووری، نەتەوەیی و ئایینی)
– وەڵامدانەوەی هەڕەشە؛ لە بارودۆخی شەڕ، داگیرکاری یان قەیراندا، ناسنامەی نەتەوەیی بەهێزتر دەبێتەوە.
“ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسەت”
ناسنامەی نەتەوەیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر سیاسەت هەیە. ئەم کاریگەرییانە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
– زیادبوون یان کەمبوونەوەی بەشداریی سیاسی.
– بەهێزکردنی ڕەواییی دەوڵەتەکان و دامەزراوەکان.
– پشتیوانی یان دژایەتی لەگەڵ کۆچبەران و کەمینەکان.
– ڕۆڵ لە سەربەخۆیی، جیابوونەوە یان یەکیەتیی نەتەوەیی.
هەروەها ناسنامەی نەتەوەیی دەتوانێت ئامرازێک بێت لە دەستی سیاسەتوانان بۆ ئامادەسازیی بیروڕای گشتی، یان تەنانەت پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتی پاوانخوازانە و ناسیۆنالیستیی توندڕەوانە.
“هەڕەشە و قەیرانەکانی بەردەم ناسنامەی نەتەوەیی”
– جیهانیبوون و لەدەستچوونی سنوورە کولتوورییەکان.
– فرەکولتووری و فرەچەشنیی ئیتنۆ- زمانی.
– کۆچ.
– سیستەمی پەروەردەیی نایەکگرتوو.
– مێژووی دژبەیەک یان یادەوەرییە ڕەقیبەکان لەنێو نەتەوەدا.
“ئەنجام”
سایکۆلۆجیای ناسنامەی نەتەوەیی ئەوە دەردەخات کە هەستی گرێدراوی بە نەتەوەیەک، دیاردەیەکی قووڵی دەروونناسی و کۆمەڵایەتییە کە لەگەڵ هێما، یادەوەری، کولتوور، سیاسەت و بنیاتنانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بووە. تێگەیشتنێکی ورد لەم چەمکە کلیلی شیکردنەوەی زۆرێک لە ململانێ نەتەوەیییەکان، پرۆسەکانی بنیاتنانی نەتەوە، سەقامگیریی سیاسی و سیاسەتی ناسنامەیە. بەکارهێنانی ڕێبازە دەروونناسییەکان لە سیاسەتدا دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ بەهێزکردنی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی گرژییە نەتەوەیییەکان.
سەرچاوەکان؛
– Smith, A. D. (1991). National Identity. University of Nevada Press.
– Tajfel, H., & Turner, J. C. (1986). The Social Identity Theory of Intergroup Behavior. In S. Worchel & W. G. Austin (Eds.), Psychology of Intergroup Relations. Nelson-Hall.
– Crocker, J., & Luhtanen, R. (1990). Collective Self-Esteem and Ingroup Bias. Journal of Personality and Social Psychology, 58(1), 60–67.
– Bar-Tal, D. (1998). The Psychological Foundations of National Identity. In D. Bar-Tal & E. Staub (Eds.), Patriotism in the Lives of Individuals and Nations. Nelson-Hall.
– Reicher, S., & Hopkins, N. (2001). Self and Nation: Categorization, Contestation and Mobilization. Sage.