“خوێندنەوەیەک بۆ کتێبى هەستى ئێتنیکى و پرۆسەى سەرهەڵدانى خۆئاگایى نەتەوەیى”
کورد کێیە؟ ئایا کورد نەتەوەیە؟ بۆچى ژمارەى کورد دیار نییە؟ بۆچى بەدرێژایى مێژوو کورد و ناوچە کوردنشینەکان بەردەوام قوربانیى هێرشى دەرەکی بووە؟ توێژەرێکى کورد لە میانى توێژینەوەیەکى دکتۆرادا کە پێشکەشى زانکۆیەکى هەنگاریاى کردووە، بەدواى وەڵامى ئەو پرسیارانەدا دەچێت و دەڵێت: لە سەردەمى مۆدێرندا لەنێو کورددا ئیرادەیەکى سیاسى بەتووندى ئامادەیە بۆ ئەوەى وەک نەتەوەیەک دانى پێدا بنرێت، بەڵام ئاستەنگ و بەربەستى بابەتى و خۆیى لەبەردەمدایە. کتێبى “هەستى ئێتنیکى و پرۆسەى سەرهەڵدانى خۆئاگایى نەتەوەیى”، لە نووسینى “د. دیارى ئەحمەد مەجید”ە. ناوەڕۆکى ئەم کتێبە لە چوار بەش پێکهاتووە، لە بنەڕەتدا وەرگێڕانى تێزى دکتۆراکەیەتى کە پێشکەشى کۆلێجى مێژووى نوێى زانکۆى یۆتڤۆس لۆراندى لە بۆدابێستى پایتەختى هەنگاریا کردووە.
“زمان وەک بنەمایەکى نەتەوە”
لە وەڵامى پرسیارى ئایا کورد نەتەوەیە؟ نووسەر دەڵێت:- بەپێى یەکێک لە پێناسەکانى نەتەوە کە دەڵێت “نەتەوە گرووپێکى گەلە کە دەوڵەتى سەربەخۆى هەیە”، ناتوانرێ کورد بە نەتەوە بزانرێ، چونکە ئەوان هەرگیز دەوڵەتێکى سەربەخۆیان نەبووە، لانیکەم لە سەردەمى نوێدا، بەڵام ئەگەر لە گۆشەنیگاى پێناسەکانى ترى نەتەوە سەیر بکەین، کە زۆرینەیان ئاماژەن بۆ ئەو یەکانەى کە پێیان دەوترێ فاکتەرى بابەتیى وەک زمان، رەگەز، خاک و هتد، ئەوا دەکرێ و دەتوانین بە شێوەیەکى جیاواز بڕیار بدەین”.
لەم توێژینەوەیەدا نووسەر یەک بە یەک رەگەزەکانى نەتەوە تایبەت بە کورد شیدەکاتەوە، لەبارەى فاکتەرى زمانەوە وەک یەکێک لە رەگەزەکانى نەتەوە، دەڵێت:- زۆر کەس و لایەن، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەى کورد بەسەریاندا دابەشکراوە، هەمیشە لەبەر هۆکارى سیاسى هەوڵیانداوە زمانى کوردى وەک زاراوەیەکى زمانى تورکى یان عەرەبى و فارسى بناسێنن، دیارە بەبێگومان بەبێ بەدەستهێنانى هیچ سەرکەوتنێک، بەو پێیەى ناتوانرێت راستیە زانستییەکان بە پاڵنەرێکى سیاسى ساختە و ناڕاست پووچەڵ بکرێن. بۆ نموونە ئێدمۆندز دەنووسێت:- راستە کوردى و فارسى خزمى یەکترن و پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەڵام مەودا و خاڵەکانى جیاوازى لەنێوانیاندا، لەڕووى وشەسازى و ڕستەبەندى و بنیاتنانەوە و بوارەکانى فۆنێتیکدا فراوانن، زمانى کوردى سەر بە زمانەکانى باکوورى رۆژئاواى ئێرانە، لێ فارسى سەر بە زمانەکانى باشورى رۆژئاوایە. بە بڕواى نووسەر فاکتەرى زمان سەبارەت بە کورد وەک نەتەوە، بە پێچەوانەى هەندێ نەتەوە و گەلانى دراوسێى کورد، کە سەر بە خێزانێکى زمانەوانى جیاوازن، ڕۆڵى فاکتەرێکى بەهێز دەبینێت، تاوەکو کورد وەک نەتەوەیەکى جیا سەیر بکرێ و دابنرێ، چونکە بەلاى کوردەوە سەربارى بوونى جیاوازى و بەربەستى زۆر لەنێوانیاندا، بەڵام “زمان و خاک واتە نیشتیمان، بە فاکتەرى بەستنەوە و پەیوەستى و سەر بە یەک نەتەوە بوونى خۆیان دادەنێن”.
سەبارەت بە لوڕ و زازا، کە خۆیان بە کورد نازانن، نووسەر دەڵێت: ئەوانەى کە خۆیان بە نەتەوەیەکى تر دەزانن نەک کورد، لە ناوچەکانى کەنارى سەرزەمینى کوردنشیندا دەژین، واتە لەسەر سنورى نێوان کورد و غەیرە کوردا، بۆیە دەشێت لەژێر کاریگەرى ئەوەدا ئەوانیش خۆیان بە کۆمەڵەیەکى جودا بزانن.. یەکێک لە هۆکارە بەهێزەکانى دیکەش جیاوازى مەزهەبیە، کە لوڕ لە زۆربەى کورد جیادەکاتەوە.
“کوردستان لەمێژوودا”
لەبارەى بەکارهێنانى ناوى کوردستان لە مێژوودا و سنوورەکەى و دانیشتوانەکەى، نووسەر دەڵێت:- کوردستان زاراوەیەکى جوگرافى و کارگێڕییە بۆ ناونانى ناوچەیەکى فراوان، بۆ یەکەمجار لە سەدەى دوانزەهەمدا لە سەردەمى سەلجوقییەکاندا جێگیرکرا. بە دیاریکراوى لە سەردەمى سوڵتان (ئەحمەد سەنجەر بن مەلەکشا 1086 – 1157)ى سەلجوقیدا لە ساڵى (1157) بەفەرمى ناسێندرا، وەک ناوچەیەک کە کوردى تیا دەژیا و سەرزەمینەکانى نێوان ئازەربایجان و لوڕستانى دەگرتەوە. پایتەختەکەى شارى (بەهار) بوو لەنزیک شارى هەمەدانى ئێستا و ئەم ناوچانەى لەخۆگرتبوو: هەمەدان، دینەوەر، کرمانشا و سنە، لە رۆژهەڵاتى زاگرۆسەوە تا رۆژئاواى ناوچەى شارەزور و ناوچەى کۆیسنجاق، کە ئەو کات بەناوى خوفتیان بانگکراوە لەسەر ڕووبارى زاب. نووسەر بۆ مێژوویەکى دێرینتر دەگەڕێتەوە و دەڵێت: لێکۆڵینەوەى شوێنەوارناسى لەمێژە سەلماندویەتى کە ئەو ناوچانەى کە ئەمڕۆ کوردى تیا دەژى، لەدێر زەمانەوە ناوەند و پێگەى گەلێک شارستانیى مێژوویى بوون و مرۆڤ لە سەردەمانێکى زووەوە لەو ناوچانەدا ژیابن. ئەمڕۆش بوونى کورد بەچڕى و ژمارەیەکى زۆر لەو ناوچانەدا، گومان ناهێڵن ئەو خاک و سەرزەمینە شوێنى نیشتەجێى کوردە کە بە کوردستان واتە خاکى کورد ناسراوە و سەرچاوە و لێکۆڵینەوە مێژوییەکان شایەت و سەلمێنەرى ئەوەن”.
هەرچەندە خاک بە یەکێک لە رەگەزەکانى دروستبوونى نەتەوە دادەنرێت، بەڵام لە دێرزەمانەوە خاکى کوردستان بووەتە مەیدانى ململانێى نێوان زلهێزەکان، کەچى ئەو هەڕەشە و مەترسیە هاوبەشانە نەبووەتە هۆى یەکگرتن لەنێو کورددا. لەوبارەیەوە نووسەر دەڵێت: “بەدرێژایى مێژوو کورد و ناوچە کوردنشینەکان بەردەوام قوربانیى هێرشى دەرەکی بوون، بەڵام تەنانەت مەترسى هاوبەش هانى یەکگرتنیانى نەداوە بۆ بەرگرى و بەرەنگاربوونەوە و پارێزگارى لە خۆیان و خاکیان، چونکە بەربەستەکانى بەردەم ئەو هەنگاوانە گەورەتر بوون لە هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسیەکان. بۆیە لەمێژوى کوردا نمونەى زۆر هەیە کە چۆن هەندێک هۆز هاوکارى داگیرکەریان کردوە بۆ ئەوەى بەرژەوەندییەکانیان لەکاتى دەستێوەردانى دەرەکیدا بپارێزن”. نووسەر پێیوایە هەڵکەوتەى جوگرافى خاکى کوردستان یەکێکە لە هۆکارەکانى دواکەوتنى کورد، لەوبارەیەوە دەڵێت: “ئەو خاکانەى کورد تێیدا نیشتەجێبوون لە پەراوێزى دەوڵەتەکاندا بووە، واتە سنوورە دەرەکییەکانى پێکهێناوە نەک ناوەندى دەوڵەتەکە. ئەمەش گرنگە باسى بکەین چونکە لەهەموو جۆرە سیستمێکى دەوڵەتیدا ئاستى گرنگیدان و گەشەسەندن و پێشکەوتنى ناوچە پەراوێزە سنورییەکان لەگەڵ ناوەندى دەوڵەتدا جیاوازە. ئاشکرایە هەڵگیرسانى هەموو جەنگ و پێکدادانەکان یەکەمجار لە سنورەکانەوە دەست پێدەکات و ئەو ناوچانە تووشى وێرانکارى و ڕووبەڕووى کارەساتى مرۆیى مەزن دەبنەوە. بۆیە کورد و شوێنى نیشتەجیبوونى هەمیشە دووچارى ئەو زیانانە بۆتەوە. کاتێکیش پەیماننامەیان بەستووە ناوەڕۆک و لێکەوتەکانى هەمیشە و زۆربەى جار لەسەر حیسابى ناوچە سنورییەکان و دانیشتوانەکەى بووە”.
“کوردستان لە بەرداشى عوسمانى و سەفەوییدا”
یەکێک لەو قۆناغە مێژوویانەى کە نووسەر شرۆڤەى دەکات، قۆناغى دەسەڵاتدارێتى سەفەوییەکان و عوسمانییەکانە، چونکە “لە ساڵى (1514) بۆ یەکەمجار لەمێژووى کورددا خاکەکەى بەفەرمى لەنێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریەتەدا دابەشکرا”. جگەلەوەى لە سەدەى (16 – 19) دوانزە جەنگى وێرانکەرى گەورە لەنێوان عوسمانى و سەفەوییەکان و ئەوانەى دواى ئەوان دەسەڵاتیان وەرگرتوە روویداوە. سەبارەت بە کاریگەرى جەنگ و پەیماننامەکانى نێوان عوسمانى و سەفەوییەکان لەسەر کورد و کوردستان، سەرەتا باس لە حکومڕانى عوسمانیەکان دەکات و دەڵێت: لە ساڵى (1683) عوسمانییەکان شکتسیان هێنا لە داگیرکردنى ڤییەنا، ئەمەش سەرەتاى شکستەکانى دەوڵەتى عوسمانى بوو لە ئەوروپا. لەناچاریدا ڕوویان بەرەو رۆژهەڵات وەرگێڕا، دیارە یەکەمجاریش توڕەیى خۆیان بەرەوڕووى میرنشینە کوردییەکان کردەوە. زۆرێک لە میرنشینەکانیان نەهێشت و بێ دەسەڵات کرد. سنوورى میرنشینەکانیان بەپێى بەرژەوەندى خۆیان و کاربەدەستەکانى سەر بە خۆیان دەگۆڕى بۆ ئەوەى جۆرێکى نوێ لە سیستمى دەوڵەتى دروست بکەن. بۆیە سەرزەمینى کوردیان بەسەر ویلایەتەکانى بەغدا و دیاربەکر و ئەرزەڕۆمدا دابەشکرد، بۆ عوسمانییەکان و تەنانەت بۆ نەوەکانیان لەمڕۆدا، شتێک هەبوو کە لە هەموو ئەوانى تر گرنگتر بوو بۆیان، ئەویش ئەوە بوو کە هەمیشە لەبەرچاویان بێ، نەهێڵن کوردەکان یەکبگرن و تواناى ئەوە بەدەستبهێنن ئاواتەکانیان بهێننەدى و بگەن بە سەربەخۆیى و یەکخستنى کوردستان و کردنى بە دەوڵەت”.
نووسەر رایدەگەیەنێت کورد لەژێر سایەى سەفەوییەکاندا، بارى باشتر نەبووە. لەو بارەیەوە نموونە بە هەڵوێستى “شا ئیسماعیلى سەفەوى” دەهێنێتەوە کە بە سێ خەسڵەت ناسراوەتەوە، ئەوانیش لابردنى میرە کوردەکان و جێگرتنەوەیان بە قزڵباش، هەوڵى گۆڕینى باوەڕی کورد لە سوننەوە بۆ شیعە بەزۆر، پاشان کوشتنى بێ بەزەییانەى ئەوانەى سەرپێچییان لە فەرمانەکانى کردوە. پاشان نووسەر دێتە سەر باسى دەورانى شا عەباسى یەکەم (1571 – 1929) کە لە ساڵى (1588) دەسەڵاتى وەرگرتوە، لەم قۆناغەشدا “سەفەوییەکان بەردەوام خەریکى گۆڕینى دیمۆگرافیى ناوچە کوردنشینەکان بوون، لەو چوارچێوەیەدا هۆزەکانى زەنگەنە و چگنى و کەلهوڕیان لە باکورى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ناوچەکانى دیکەوە بۆ ناوچەى خۆراسان گواستەوە، تاوەکو پارێزگارى سنورەکانى رۆژهەڵات بکەن و بەرانبەر ئۆزبەکییەکان بوەستن. جێگەى ئەو هۆزانەشیان بە هۆزە ئازەرییەکان پڕکردەوە”. نووسەر ئاماژە بە سیاسەتى زەوى سوتماک وەک یەکێک لە سیاسەتەکانى سەفەوییەکان دەدات و دەڵێت: یەکێکى دیکە لە کارەکانى سەفەوییەکان، بەتایبەتى دواى شکستەکانیان لە جەنگدا دژى عوسمانییەکان، سوتاندن و وێرانکردنى سەرجەم ئەو ناوچانە بوو کە لەکاتى پاشەکشەدا لەدەستیاندەدا. سیاسەتى “زەوى سووتماک”يان بەکارهێنا و هیچیان لەدواى خۆیانەوە بەجێنەهێشت، تاوەکو هیچ شتێک نەکەوێتە دەستى دوژمن. ئەم جۆرە سیاسەتە لە سەرجەم جەنگەکانى سەفەوى و عوسمانى پیادەکرا و زۆربەیان لەسەر خاکى کورد ڕوویاندا”.
“بۆچى ژمارەى کورد دیار نییە؟”
لەوەڵامى ئەو پرسیارەدا، نووسەر دەڵێت:- “تائێستا هیچ داتایەکى ورد لەسەر ژمارەى کورد لە هیچ کام لەو وڵاتانەى کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و تێیدا دەژین لەبەردەستدا نییە، هۆکارى ئەمەش زۆرە، سادەترینیان نەبوونى دامەزراوەى دیموکراسى و یاسایى و زانستیى بێلایەنە، سەربارى رێزنەگرتنى مافى مرۆڤ لەو وڵاتانەدا، ئاخر زۆرێک لە کەمایەتیە نەتەوەییەکان، ئێتنیکییەکان، ئایینییەکان یان زمانییەکان، بەهیچ شێوەیەک لە سنورەکانى خۆیاندا دانیان پێدا نەنراوە و نانرێن. حکومەتەکان جیاوازى لەنێوان گروپە هەمەڕەنگەکاندا ناکەن یان ئەنجامى سەرژمیرییەکان ئاشکرا ناکەن، لە ترسى دەرکەوتنى ژمارەى راستەقینە و کاریگەریى بۆ سەر جوڵاندنى داخوازییەکانى ئەو کەمایەتییانە و شەرعیەت وەرگرتنیان و گریمانەى فرسەتى بەدەستهێنانى یەکگرتنى نەتەوەییان”.
“کورد و نەتەوەسازى”
دواى خستنەڕووى کاریگەرى فاکتەرە مێژوییەکان لەسەر دۆخى نەتەوەیى کورد، نووسەر ئاوڕ لە قۆناغى ئێستاى کوردستان و دۆخى کورد دەداتەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت:- “کۆمەڵگەى کوردى لە ڕێگادایە بۆ کۆمەڵگەى “مۆدێرن”، بەڵام بەجێماوى و دواکەوتوویى درێژخایەنى کۆمەڵگەى کوردى لە سیستمێکى خێڵەکیدا و گۆڕان و بەرەو پێشچونى هێواشى بەرەو کۆمەڵگاى “مۆدێرن”، ڕێگرى لە یەکگرتنى نەتەوەیى و گەشەکردنى هوشیارى نەتەوەیى کردووە و دەکات”. بە تێڕوانینى نووسەر، یەکێک لەو هۆکارانەى وایکردووە کورد لە دەرەوەى پرۆسەى نەتەوەسازیی بێت، ئەوەیە “کورد بە درێژایى مێژوو لەژێر زوڵمى بەردەوامدا ژیاوە، نیشتیمانەکەى هەمیشە داگیرکراوە، زۆربەى ژیانى لە جەنگ و لەشکرکێشى زلهێزەکانى ناوچەکەدا بەسەربردوە، تا ئەم سەردەمانەى دوایش هەرگیز سەردەمێکى ئارامیان نەبووە بۆ ڕێکخستن و گۆڕینى کۆمەڵگاکەیان لەژێر بارودۆخى ئاساییدا، بۆیە نەک هەر دەرفەتى پێشکەوتنیان بۆ نەڕەخساوە، بەڵکو شەڕەکان و دۆخى ژێردەستەییان تەنانەت هەڕەشەى لە بوون و شوناسیان کردوە”. هۆکارێکى دیکە کە وایکردووە هەستى نەتەوەیى لاى کورد لاوازبێت، زاڵبوونى هەستى هۆزگەرى و خێڵگەراییە، وەک نووسەر دەڵێت: “لە مێژوى کورددا هەرچەندە لەئێستادا لاوازترە، دڵسۆزى و هاوسۆزى و پەیوەستى و پابەندێتى بۆ هۆز و یەکەکانى ترى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەمیشە لە دڵسۆزى بۆ نەتەوە بەهێزتر بووە”. سەربارى ئەوەى “کورد وەک نەتەوەیەکى جیاواز لە نەتەوەکانى دراوسێى جودا بووە، بەڵام ئەم جیاوازییە زیاتر لەلایەن نەتەوەکانى دراوسێى نەک کورد خۆىەوە، جەختى لەسەر کراوەتەوە”.
نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە لەمڕۆدا دوو فاکتەر ڕۆڵێکى زۆر گرنگ و چارەنووسساز دەگێڕێت بۆ ئەوەى کورد وەک نەتەوە بیر بکاتەوە و وەک نەتەوەش هەژمار بکرێ، ئەوانیش زمان و خاکە، لەگەڵ ویست و ئیرادەدا کە بنەماى هۆشیارى هاوبەش پێکدەهێنن، لەوبارەیەوە دەڵێت: لە سەردەمى مۆدێرندا ئیرادەى سیاسى بۆ ئەوەى وەک نەتەوەیەک دانت پێدا بنرێت، بەتووندى لەنێو کورددا ئامادەیە، بەڵام ئاستەنگ و بەربەستى بابەتى و خۆیى لەبەردەمدایە”. یەکێک لە جیاوازییە دیارەکانى نێوان کورد و نەتەوەکانى دیکە کە نووسەر هێماى بۆ دەکات ئەوەیە، نەتەوەکانى دیکە کاتێک دوچارى مەترسى دەبنەوە، کۆدەنگى و هەماهەنگى و وازهێنان و دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندییە تایبەتەکان لەپێناوى خزمەتى پرسە نەتەوەییە سەرەکى و گەورە و گرنگەکاندا دێتە ئاراوە، بەڵام “کورد بەپێچەوانەوە ئامادەیە دەستکەوتە نەتەوەییەکانى بکاتە قوربانیى بەرژەوەندییە تایبەتى و کاتییەکان”. هەرچەندە وەکو نووسەر روونیدەکاتەوە خاک بەلاى کوردەوە ماناى بوون و ژیانى گەیاندوە، چونکە “کورد تائێستاش لە ناوچەیەکى جوگرافیى پێکەوە گرێدراوى یەکگرتودا دەژى، واتە بە کۆمەڵى جیاجیا و بە پەرش و بڵاوى نیشتەجێى ناوچەى دابڕاو نین لە یەکتر، ئەوە لە سەردەمى زوەوە هەروابووە نەک ئێستا ڕوویدابێ”، بەڵام “دەبێت ئەوەش بڵێین سروشتى جوگرافیى ئەو خاکە لەبەردەم یەکگرتن و دروستبوونى هەستى نەتەوەییدا، ئاستەنگى دروستکردوە”.
“هۆز و حزب و نەتەوایەتى”
یەکێک لەو هۆکارانەى نووسەر وەک لەمپەرێک لەبەردەم پرۆسەى نەتەوەسازى کورددا ناوى دەبات، دیاردەى پابەندبوون و ئینتیمایە بۆ هۆز لەبرى نەتەوە. چونکە هەرچەندە هۆز لە پێکهاتنى میرنشینەکانى کورددا رۆڵى باڵاى بینیوە، بەڵام “میرنشینەکان هیچ کاریگەرییەکى بیرى دەوڵەتدارى و کولتوورى حوکمڕانى و کارگێڕییان لەسەر هۆزەکان دانەناوە، (چونکە) بەپێى بەرژەوەندى هۆز، پەیوەندى و پابەندێتیان گۆڕیوە، لە روانگەى هەستى خۆئاگایى و ئینتیما بۆ یەکەى گەورەتر لە هۆز هیچ گۆڕانێک بەسەر دیدى نە سەرکردە و نە ئەندامەکانیشیاندا نەهاتووە. دەتوانین بەڕاشکاوى بڵێین تا ئەم سەردەمەش ئەوە سیمایەکى دیارى سرووشتیى پێکهاتەى کۆمەڵگەى کوردییە. ئەو سرووشت و هەڵسوکەوتەى هۆز و سەردارەکانى وایکردووە هەمیشە فەرمانڕەوایانى چوار دەوریان بەکاریان بێنن بەرامبەر دوژمنەکانیان و دژى یەکتریش هانیان بدەن، خودى هۆزەکانیش لەبەر گەلێک هۆکار بیریان لە پێکهێنانى فیدراسیۆنى گەورە و یەکگرتن و تێکەڵبوون نەکردۆتەوە”. نووسەر کاریگەرى نەرێنى هۆزگەرى زیاتر رووندەکاتەوە و دەڵێت:- خاڵى سەرنجڕاکێش و گرنگ ئەوەیە، سەرەڕاى شکست و بڕیادرانى هەڵە و دروستکردنى کارەسات لەلایەن سەرکردەکانەوە، هێشتا لایەنگران و دواکەتوانیان هەمیشە بە دڵسۆزى و پابەندێتى بە قسە و فەرمانەکانیانەوە دەمێننەوە”. پاشان دەڵێت: “هۆکارى سەرهەڵدانى زۆربەى ململانێکانى نێوان دەوڵەتى عوسمانى و میرنشین و هۆزە کوردەکان، دواى ئەوەى عوسمانییەکان میرنشینە کوردییەکانیان هەڵوەشاندەوە، بەرژەوەندى میرنشین و میر و هۆزى لەپشتەوە بووە، نەک کێشەى نەتەوەیى”.
لە سەدەى بیستەمدا لەلایەن روناکبیران و خەباتکارانى کوردەوە، چەندین رێکخراو و پارتى سیاسى جۆراوجۆر دروستکران، بەڵام وەک نووسەر هێماى بۆ دەکات ئەم پێکهاتە مۆدێرنانەش نەیانتوانیوە سنورى هۆزەکان تێپەڕێنن، لەوبارەیەوە دەڵێت: “پارت و ڕێکخراو و یەکە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانى کورد وەک هۆز و بنەماڵەکان، نەک تەنیا لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتى و نادەوڵەتییەنکانى دیکە، بەڵکوو لەگەڵ یەکتریشدا پەیوەندییەکى بێسنوور ئاڵۆزییان هەیە و هەمیشە بەرژەوەندیى خۆیان لەسەروو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە بینیوە”. دواجار نووسەر باس لە قۆناغى ئێستا دەکات و دەڵێت: “لە سەردەمى نوێدا سەرەڕاى ئەو هەموو گۆڕانکارییە گەورانەى بەسەر کۆمەڵگاى کوردیدا هاتووە، لەپاش نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە، لێ “نوخبەى سیاسى” بە سروشت ڕاڕا و لە توانادا سنوردارکراو و لە فرسەتیشدا کەم ئەزمونە، بۆیە نەیتوانیوە لەو هەلانە سودمەند بێت کە بۆى هەڵکەوتوە، چونکە هەمیشە بەرژەوەندى حیزبى و کەسێتى و ڕیالیزمى سیاسى بڕیاردەر بوون”.
ئامادەکردن: بارام سوبحى