پارە، خێزان، میراتی، ژن، ئایین…هتد. ئەم بابەتانە بوونە ماخۆلانی سەری دۆستۆیڤسکی و ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ”ی لێ بەرهەم هات، کە فرۆید بە باشترین ڕۆمانێک دایناوە نووسرابێـت؛ کردبووی بە لۆژیکی شیکارە دەروونییەکانی.
“فرۆید لێکدانەوە بۆ کەسایەتی دۆستۆیڤسکی دەکات”
فرۆید لەڕێگەی توێژینەوەیەکی بەناونیشانی “دۆستۆیڤسکی و کوشتنی باوک” گرنگیدا بە دۆستۆیڤسکی و “برایانی کارامازۆڤ”، لە ساڵی ١٩٢٦ دەستیکرد بە نووسینی و دوای دوودڵییەکی زۆر لە ساڵی ١٩٢٨ تەواوی کرد. دەقێکە کە چارەسەری بابەتەکانی؛ کوشتنی باوک، گرێی ئۆدیب و هەستکردن بە تاوان دەکات. فرۆید بیرۆکەی کوشتنی باوکەکەی پەیوەست کردووە بە بابەتێکی هاوشێوە: ویستی کوشتنی باوکەکە دەگەڕێنێـتەوە بۆ سەرسامبوونێکی شاراوە لەلایەن کوڕەکەیەوە. ئەو کوڕە تەنیا ڕق هاندەری شوێنگرتنەوەی باوکی نەبوو، بەڵکوو سەرسامیش بوو بە پێگە و کەسایەتی باوکی. فرۆید پێیوابوو کوڕە لە ترسی خەساندندا کشاوەتەوە و ئەم کشانەوەیەش هەستکردن بە تاوانی لای کوڕە گەڵاڵە کردبوو. فرۆید ئەم چەمک و بیرۆکانەی لە نووسەردا کورت کردەوە و بە کەسایەتییەکی تاوانباری لە قەڵەم دا، ئەمەش لەبەرئەوەی کەسایەتی توند و تاوانبار و تێکشکاو و خۆپەرستی وەکوو “دیمیتری و سمردیاکۆڤ و ئیڤان”ی بۆ ڕۆمانەکەی هەڵبژاردبوو. فرۆید بە ژیانی واقیعی دۆستۆیڤسکی پشت ئەستوور بوو، ئەوەش لەبەرئەوەی ئاڵوودەی قومار بوو و لەهەمان کاتیشدا بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسـی تۆمەتبار کرابوو.
دۆستۆیڤسکی ڕاستەوخۆ پڕۆسەی کوشتنی باوکەکەی لە ئەستۆ نەگرت، بەڵکوو ئەم ئەرکەی بە کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە ڕاسپارد. نووسەر تەنیا کارەکەی نەخستە ئەستۆی کارەکتەری سەرەکی، بەڵکوو جگە لە ئالێکسـی کارامازۆڤ وایکردبوو دوو کوڕەکەی تریشـی بە هەمان ئەندازەی تاوانبارە بریندارەکە بەشداربن لەو تاوانەدا و دواتریش کوشتنەکەیان پێ قەبووڵ بێت.
“دۆستۆیڤسکی؛ دروستکەری ژیان لەنێو دەنگە ناڕەزاییەتییەکاندا”
لە ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ” ئاشنای کەسایەتی “ئیڤان کارامازۆڤ” دەبین. گەنجێکی بیست و سێ ساڵی شارستانییە و ڕقی لە باوک و ژیانکردن لە خانووەکەی باوکیەتی. دەیەوێت لە خێزانەکەی و کێشەکانیان هەڵبێـت. بەلایەنی ڕۆحیانەتەوە، گومانی لە بەدیهێنەر هەیە پێی وایە مرۆڤ خۆی شەیتانی لەسەر وێنەی خۆی ئافراندووە. کێشەی عوقدەی فیکری هەیە کە بەدوای چارەسەرکردنییەوەیەتی. چاوەڕێی مەرگی باوکی بوو و زۆریش ڕەزایەت بوو بە مردنەکەی. کوڕە بڕوادارەکەی کە جلێکی سەرتاپا ڕەش دەپۆشێت و لە پەرستگا دەمێنیتەوە، پێچەوانەی ئەوان، وێڕای خراپییەکانی باوکی، باوکی خۆشدەوێـت و هەرکات داوای پهیوهندی لێبکات؛ بێ دوودڵێ ڕازی دەبێـت و دەچێتە سەردانی باوکی. بڕوایەکی قووڵی بە بە بوونی خودا و فریشتەکان و شەیتانەکان هەیە، پێیوایە خودا بەدیهێنەری فریشتە و شەیتانەکانیشە. پیرە پیاوێکی پەرستگای خۆشدەوێت و بڕوای وایە دەتوانێت ببێتە شیفای جووتیارەکان و منداڵەکانیان. هیچ گرێیەکی نییە و بڕوا قووڵەکەی چارەسەری هەموو کێشەکانی کردووە.
لێرەدا خۆمان لەبەردەم دوو کەسایەتی دژ یەکدا دەبینینەوە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، توانای نووسەرە لە کۆکردنەوەی ئەم دەنگە دژیەکانە لەیەک مەودا و دەربڕینی ڕای خۆیان بەشێوەیەکی ئازادانە و بێ سنوور. ئەم خەسڵەتەی دۆستۆیڤسکی، میخائیل باختین ناوی لێناوە خاڵی “فرە دەنگ”
“نووسەر و کارەکتەرەکانی”
ڕۆمانەکە بە دەستبڵاو تاریفی دیمیتری کارامازۆڤی کردووە. هەر ئەم تاریفەش بەسەر خودی دۆستۆیڤسکیدا جێبەجێ دەبێت، چونکە لە قۆناغێکی ژیانیدا هەموو پارەکانی لەسەر قومار دۆڕاند بوو. خودی دۆستۆیڤسکی سەر بە خێزانێکی زەنگین بوو، باوکی خودان موڵکی لادێکەی خۆیان بوو. باوکی دیمیتریش بەهەمان شێوە هەمان خەسڵەتی هەبوو، خاوەنی سەروەت و موڵکەکانی گوندەکەی خۆیان بوو. بە تۆمەتی کوشتنی کارامازۆڤی باوک، حووکمی کاری قورس لە سیبیریا بەسەر دیمیتریدا سەپێنرا. هەمان حوکمیش بەسەر دۆستۆیڤسکیدا بەهۆی بیربۆچوونە سیاییەکانییەوە سەپێنرا. دیمیتری وای بۆ دەچوو کە “جوانی تەنیا لە هەڵە و تاواندا بوونی هەیە.”هەر بۆیە لەنێو هەڵەگەلێکی بێ پەشیمانی دەژیا، بەڵام دۆستۆیڤسکی توانی هەڵە و تاوانەکانی بگۆڕێت بۆ شاکارێکی ئەدەبی. ئەو سەرئێشەیەی بەرۆکی سمردیاکۆڤی کوڕە ناشەرعی گرتبوو و دواتریش بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی بەکاری هێنا، بەرۆکی دۆستۆیڤسکیشی گرتبوو.
لەڕێگەی ئەم خاڵانەوە بۆمان دەردەکەوێت خاڵی هاوبەش لەنێوان ژیانی نووسەر و کەسایەتییەکاندا هەیە و نووسەر ژیانی خۆی تێکەڵ بە ڕۆمانەکە کردووە.
“ڕۆمان وەکوو پرسێکی فەلسەفی”
مرۆڤ ئازادە یان بە چارەنووس مەحکوومە؟ دۆستۆیڤسکی ئەم پرسیارە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی بە ناوی “برایانی کارمازۆڤ” دەوروژێنێت. ئەم پرسیارە نوێ نییە و چەندین جار وەکوو پرسیارێکی ئایینی و فەلسەفی کە ئایا مرۆڤ خۆی بڕیار دەدات یان چارەنووس بڕیاری بۆ دەدات؟ وروژاوە. دۆستۆیڤسکی بەشێوەیەکی تیۆری ئەم پرسیارەی نەوروژاندووە، بەڵکوو وەکوو نووسەرێک وروژاندوییەتی. چارەنووسی کارەکتەرەکانی دەشتنیشان کردووە و ناکۆکییە دەروونییەکانی بەرجەستە کردووە. ڕۆمانەکە بووە بە مەیدانی تاقیکردنەوەی فیکری فەلسەفی و گوزارشتکردنی. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆمان تەنیا گێڕانەوەیەکی واقیع و ڕووداوەکانی نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا لەڕێگەی دووبارە پرسیاری بوونەوە هەوڵێکە بۆ تێگەشتنی پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە. ڕۆمان لەڕێگەی کەسایەتییەکانەوە زمان بە فەلسەفە دەبەخشێت.
کەسایەتی نێو ڕۆمانەکان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ جووڵاندنی ڕووداوەکان، بەڵکوو بەرپەچدانەوەی دۆخێکی فەلسەفی و فیکرییە، هەر بۆ نموونە لە ڕۆمانی “گەمژە”ی دۆستۆیڤسکیدا، شازادە میشیکن نموونەیەکی باڵای مرۆڤێکی پاک و بێگەرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانێکی پڕ گەندەڵ بەرجەستە دەکات. دۆستۆیڤسکی دەپرسێت: دەکرێت بێتاوانی لە بەرانبەر جیهانێکی پڕ خراپە بەرگە بگرێت؟ ئەم کەسایەتییە تەنیا ئامرازێکی گێڕەوە نییە کە دڵەڕاوکێ و خرۆشانی پێدەبەخشـرێت، بەڵکوو بەرجەستەی فیکری خراپە و چاکە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناشرینییەکانی مرۆڤ دەکات. لە ڕۆمانی “هێڵنج” ی ژان پۆڵ سارتەر، کەسایەتی ئەنتوان ڕۆکنتان دەبینین، کە سارتەر کەسایەتییەکەی کردووە بە مەیدانێکی فەلسەفی خودی لەبارەی بوون و نەبوونەوە. بەنێو دەروونی ڕۆکنتان و هەستکردنی بە پووچی ژیان گەشت دەکات. هەوڵدەدات مانایەک بۆ ژیان زیاد بکات. ئەم فیکرە فەلسەفییە هەر بە تەنیا تێڕامانێکی تیۆری نەبوو، بەڵکوو بوو بوو بە شتێکی دەستلێدراو کە پاڵەوانەکە لەگەڵیدا دەژیا.
ئەم خاڵە فەلسەفییە بە ڕوونی لە کارەکانی فرانتز کافکاش دیارە. ناکۆکییە بیرۆقراتییەکان لە ڕۆمانی “دادگایی” یان لەگەڵ سیستەمی شاراوەیی ڕۆمانی “کۆشک” گوزارشت لە پوچێتی مرۆڤ بەرانبەر هێزێکی شاراوە و ناتێگەشتوو دەکات. کافکا چارەسەر و ڕوونکردنەوە بە خوێنەرەکانی نابەخشێت، بەڵکوو لەبارەی بوون و سنووری ئازادی دەیانخاتە گومانەوە. ڕۆمانە فەلسەفییەکان چێژ بە خوێنەر نابەخشن، بەڵکوو وایان لێدەکەن بیربکەنەوە. کاتێک خوێنەر ڕووبەڕووی هەمان پرسیاری ڕۆمانەکە دەبێتەوە، لە پڕۆسەی پرسیار و گەڕانی فەلسەفیدا دەبێتە هاوبەش. وەکچۆن خوێندنەوەی ڕۆمانی “تاوان و سزا” ی دۆستویڤسکی وا لە خوێنەر دەکات دووبارە لەبارەی چەمکی دادپەروەرییەوە پرسیار بکات، خوێندنەوەی “نامۆ” ی ئەلبێرت کامۆش وا لە خوێنەر دەکات پرسیار لەبارەی مانای ژیان لەبەردەم مەرگدا بکەن.
فەلسەفە لە ڕۆماندا تەنیا ئاماژە لە خوێندەواری نووسەر و زیادکردنی فیکرەکانی ناکات، بەڵکوو چوونەژوورەوەیە بۆ جەوهەری بناغەی ڕۆمان. بەجۆرێک کە پرسیارە فەلسەفییەکان دەبێتە ڕەگی گێڕانەوە و خوێنەر دەخاتە بەردەم پرسیار لەبارەی: چاکە و خراپە، داپەروەری و ستەم، ئازادی و چارەنووس، خۆشەویستی و ڕق، بوون و نەبوون. بێگومان ڕۆمان وەڵامی کۆتایی دەدات بە خوێنەر، بەڵام وا لە خوێنەر دەکات درک بەوە بکات گەڕان بەدوای وەڵام کارێکی مرۆڤانەیە و هیچی لە سەرکەشی نیگەرانی کەمتر نییە.
فەواز حەداد:- نووسەرێکی سورییە و لە ساڵی ١٩٤٧ لەدایک بووە. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆیی و ڕۆمانی نووسیوە، بەڵام تا ساڵی ١٩٩١ بڵاوی نەکردووەتەوە. وەکوو دادوەر لە پێشبڕکێی حەننا مینە بۆ ڕۆمان بەشداری کردووە.
یەکەم ڕۆمانی لە ساڵی ١٩٩١ بە ناوی “مۆزاییک، دیمەشق ٣٩” بڵاو بوویەوە، تەنیا یەک کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی “نامەی کۆتا” لە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوبۆتەوە. لەوەوبەدوا گرنگی بە ڕۆمان دا و کۆتا ڕۆمانی بەناوی “ڕۆژی پەسڵان” لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوبوویەوە. ڕۆمانەکانیشـی پاڵیوراو بوونە بۆ خەڵاتی پۆکەری عەرەبی.
سهرچاوه؛
https://www.alaraby.co.uk/culture
دوو وتار لەسەر ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ“:- طارق برکاني و فەواز حەداد
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد